گوتار

‎بۆچی جیهان چاوپۆشیی لە شۆڕشگێڕە کوردەکانی سووریا دەکات؟

حکومەتی ئەمریکا هەرگیز پشتی ڕۆژئاوای نەگرتووە تا ببێتە بەشێک لە پێڤاژۆی ئاشتیی لە سووریا، ئەوان هیچ پێگەیەکیان لە سەر مێزەکە نییە، هەرچەندە هەندێک پارتی سیاسیی لەسەر زەوی هەن، بەڵام نوێنەرایەتی هیچ کەس ناکەن

دەیڤد گرەیبەر

لە ئینگلیزییەوە: ئیمان سەلیم

 

داگرتنی فایلی PDF

 

دەیڤد گرەیبەر: بیرمەند و مرۆڤناسێکی چەپی ئەمریکییە، لە ساڵی ١٩٦١ لەدایک بووە، ڕیشەدۆزیی و شیکارییەکانی لەمەڕ سەرمایەداریی و بیرۆکراسیی و ئەو ناودێرکردنەی بە ئانارشیست، هەر دەبوو بیکات بە دۆستی ئەو ئەزموونە خۆبەڕێوەبەرییەی وا بەپێی جیهانبینی ڕێبەر عەبدووڵا ئۆجالان لە ڕۆژئاوا تانوپۆی دەچنرێت و لەچێوە دەدرێت. ئەو ئەم ئەزموونە کوردییەی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵژەنراو لە خوێن بە: ‹ئەزموونێکی دیموکراسی بەهادار و خاڵێکی گەشی نێو دۆزەخی سووریا› ناو دەبات. هەروەها سیستەمی پەروەردەی ئەم ئەزموونە بە ‹لەدایکبوونەوە› ناوبردە دەکات.

گرەیبەر بە یەکێک لە مرۆڤناسە ئابوورییە دیارەکان هەژمار دەکرێت، بە پەڕتووکی ‹کارە پڕوپووچەکان: تیۆریایەک› ڕەخنە لە پەرگاڵی سەرمایەداریی و کار و ڕەنجی ناکامی مرۆی نۆدەم دەگرێت و ڕیزێک کاری نێو جڤاک بە بێسوود و پووچەڵ ناو دەبات. هەروەها ساڵی ٢٠١١ بە پەڕتووکی ‹قەرز:٥٠٠٠ ساڵی سەرەتا›› ناوبانگێکی جیهانیی پەیدا کرد. گرەیبەر هاوکات ئەنترۆپۆڵۆژیستیشە و تا ساڵی ٢٠٠٥ لە زانکۆی ڕیاڵ لە ئەمریکا مامۆستا بووە، بە وتەی خۆشی بە هۆی بیروڕای سیاسییەوە زانکۆکە لە ئەمریکا کاربەدەری کردووە. ساڵی ٢٠٢٠ ماڵئاوایی لەم ژینە کردووە.

پاش ڕووداوەکانی سووریا و ئەزموونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕێبەرێتیی کورد، گرەیبەر یەکێك بوو لە داکۆکیکەرە پێکۆڵەکانی ئەم ئەزموونە و ساڵی ٢٠١٧ـەش سەردانی ئەو بەشەی کوردستانی کرد.

گرەیبەر لە گفتۆگۆیەکدا ژنانی شەڕڤان بە سەرنجڕاکێشترین ڕەگەزی نێو ئەم شۆڕش و پێکداپژانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت و ئەمە بە بیر و ڕامانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە گرێ دەدات.

هەر لەو گفتوگۆیەدا دەڵێت: «ئەوان (ڕۆژئاوای کوردستان) دەڵێن، گەرەکە هەموو ڕێکخستنێک بەرگریی لە خۆی بکات، هەموو شتێک لەم سرووشتەدا دەبێت بەرگریی لە خۆی بکات››، هەروەها لەو دیدارەدا شەڕڤان و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە کەسێتیی و ناوەندی دیموکرات ناودێر دەکات: «ئەوان ڕێبەرەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن و شەوان بۆچوون و ڕەخنەکانیان لەمەڕ مژارەکان دەخەنە ڕوو… کەواتە هەموو ئەمانە تاقیکردنەوە و ئەزموونێکی دیموکراسییە.››[1]

گرەیبەر لە وتارێکدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز یادی مەمەت ئاکسای هەڤاڵی دەکاتەوە، ئەو ڕۆژنامەوان و فیلمسازەی هەمان ساڵ لە ڕەققە شەهید بوو، وتارەکە بە ناوی «دیموکراسیی بۆ سووریا دەگونجێت، هەڤاڵەکەم دەیزانی چۆن››[2]ـە و لێرەدا گرەیبەر شیکاریی بۆ ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵارتی سووریا دەکات و جیاوازیی گۆشەنیگای سیاسیی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەرباس دەدات، ئەویش لە ڕێی هەوڵی باشووری کوردستان بۆ دەوڵەت و پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

هەروەها هاوپەیمانیی ئەمریکا لەگەڵ ئەو هێزانەی لە ئانارشیزمەوە نزیکن (مەبەستی کوردە) بە کارێکی ناچارانە دەزانێت و دەڵێت: «ئەمە دۆخێکی مێژوویی سەیروسەمەرەیە، هەمیشە جەختم لەوە کردووەتەوە ئەمە هاوپەیمانێتییەکی سەربازییە نەک سیاسیی.›› هەروەها لەم بەستێنەدا سیاسەتەکانی ئەمریکا ڕەخنەباران دەکات و دەبێژێت:

«حکومەتی ئەمریکا هەرگیز پشتی ڕۆژئاوای نەگرتووە تا ببێتە بەشێک لە پێڤاژۆی ئاشتیی لە سووریا، ئەوان هیچ پێگەیەکیان لە سەر مێزەکە نییە، هەرچەندە هەندێک پارتی سیاسیی لەسەر زەوی هەن، بەڵام نوێنەرایەتی هیچ کەس ناکەن…››

لە درێژەی شڕۆڤەی ئەزموونی فیکریی و سیاسیی ڕۆژئاوادا دەبێژێت: «ئەوان ئانارشیست نین، بەڵام باوەشیشیان بۆ زۆر بیرۆکەی ئانارشیستیی گرتووەتەوە، ئەوان ئانارشیزم دەخوێننەوە، کەواتە لە پێگەیەکی ئانارشیستییەوە مادام دژەدەوڵەت و سەرمایەداریین، هەر ناوێک لە خۆیان بنێن، گرنگ نییە.››

گرەیبەر ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان بە بزوێنەری شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەزانێت، تەنانەت کاتێک لە ڕۆژئاوا گەڕایەوە لە دیمانەیەکدا وتی: «وێنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە هەموو جێیەکی ئەوێ هەن، ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێشە، چونکە ئەوان بە گشتیی دژی پیرۆزاندنی سەرکردەن، ڕاستییەکەی ئەوان ئۆجالانی لێ بترازێت، وێنەی هیچ کەسێک کە لە ژیاندا مابێت هەڵناواسن، وێنەی شەهیدان لە گشت جێیەکە، بەڵام هەرگیز وێنەی کەسێک هەڵناواسن لە ژیاندا مابێت، چونکە ئەوە نادیموکراسییە و کەسەکە دەکاتە سەرکردەیەکی کاریزمیی.›› هەروەها لە درێژەدا ئاماژە بە پەڕتووکەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان دەکات و دەڵێت: «ئۆجالان بڕیاری دا دوانزە پەڕتووک بۆ خستنەڕووی ئەو تۆمەتانەی ڕەپاڵی خرابوون، بنووسێت.››

سەربار: گرەیبەر ئەم وتارەی لێرەدا بڵاوی دەکەینەوە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ـدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیان نووسیوە.

***

ساڵی ١٩٣٧ باوکم  بۆ بەرگریی لە کۆماری ئیسپانیا خۆبەخشانە لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەجەنگا. ڕاپەڕینی کرێکاران بە پێشەنگایەتیی ئانارشیست و سۆشیالیستەکان بە کاتیی کودەتایەکی فاشیستیی ڕاگرت، سا لە بەشێکی زۆری ئیسپانیا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەی لێ کەوتەوە، ئەمەش بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی دیموکراسییانەی هەندێک لە شارەکان و جڵەوی کرێکاران بە سەر پیشەسازیی و دەسەڵاتی ژنانی لێ کەوتەوە.

شۆڕشگێڕە ئیسپانییەکان بە ئومێدی بنیاتنانی دیدگای کۆمەڵگایەکی ئازاد بوون تا هەموو جیهان پەیڕەوی بکەن. بەڵام زلهێزەکانی جیهان سیاسەتی «دەستێوەرنەدان»ـیان ڕاگەیاند و گەمارۆیەکی توندیان بە سەر کۆمارەکەدا داسەپاند. تەنانەت پاش ئەوەی هیتلەر و مۆسۆلینی واژۆشیان کرد، لێ دەستیان بە ناردنی سەرباز و چەک کرد تا فاشیستەکان گۆشت و خوێن بگرن،  جا دەرئەنجامەکەشی ساڵگارێک شەڕی ناوخۆ، ئەویش بە سەرکوتی شۆڕش و خوێناوڵترین کۆمەڵکوژیی ئەم چەرخە خوێنینەی لێ کەوتەوە.

هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە ببمەوە گۆڤانی دووپاتبوونەوەی هەمان ڕووداو. مسۆگەر هیچ ڕووداوێکی مێژوویی هەرگیز دوو جار ڕوو نادات. هەزاران جیاوازیی هەیە لە نێوان ئەوەی ساڵی ١٩٣٦ـی ئیسپانیا و ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژاوا بە سێ پارێزگای زۆرینە کوردنشینی باکووری سووریاوە ڕوو دەدات. بەڵام هەندێک لێکچوونیان بە ڕەنگێک سەرنجڕاکێش و خەمهێنەرن، هەست دەکەم وەک کەسێکی دەستپەروەردەی نێو خێزانێکی سیاسیی کاریگەر بە شۆڕشی ئیسپانیا، ئەرکی منە بڵێم: ناتوانم گوێی خۆمی لێ بخەوێنم و تا دیسانەوە هەمان ڕووداو ڕوو بداتەوە.

هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکانی ڕۆژاڤا یەکێکە لە ناوچە گەشاوەکان – ڕەنگە زۆر درەەوشاوە-ـی نێو نێو ماڵوێرانییەکانی شۆڕشی سوریا. ڕۆژئاوا بە دەرپەڕاندنی بریکارەکانی ڕژێمی ئەسەد لە ٢٠١١  سەرەڕای دوژمنایەتیی نزیکەی هەموو دراوسێکانی، نەک هەر سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی دیموکراسی ناوازەشی کردووە. ئەنجوومەنی جەماوەریی وەک ناوەندی یەکلاکەرەوەی بڕیار بنیاد نراون، ئەنجومەنەکانیش بە هاوسەنگییەکی وردی نەتەوەیی هەڵبژێردراون (بۆ نموونە لە هەر شارەوانییەکدا لە سێ کاربەدەست، دەبێت کوردێک و عەرەبێک و مەسیحییەکی ئاشووریی یان ئەرمەنیی بێت، و لانیکەم کاربەدەستێکیش لەو سێ کەسە دەبێت ژن بێت). هەروەها ئەنجوومەنی ژنان و گەنجان هەیە، بۆ لە داهێنانەوەیەکی سەرسووڕمێنی (ژنانی ئازاد)ـی چەکداری ئیسپانیا، ‹سوپای فێمینیستیی جەنگی ناوخۆیی›، دەتوانین ئامەژە بە سوپای کۆمەڵگەیی یان ‹YJA-STAR› (یەکێتیی ژنانی ئازاد)، بکەین، لێرەدا «ستار» (ئەستێرەکە ئاماژەیە بۆ عەشتاری خوداوەندی دێرینی میزۆپۆتامیا)، ئەمانە بەشێکی زۆری ڕووبەڕووبوونەوە دژی هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامییان لە ئەستۆیە.

چۆن دەبێت شتێکی ئاوا ڕوو بدات و کۆمەڵی نێودەوڵەتیی و تەنانەت سەرپاکی چەپی نێونەتەوەییش چاوی خۆیان لە ئاستیدا بپۆشن؟

وادیارە هۆکارە سەرەکییەکەی ئەوەیە پارتە شۆڕشگێرەکەی ڕۆژئاوا، پارتی یەکێتیی دیموکراتیی (PYD) هاوپەیمانیی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ـیە، ئەم پارتە پارتیزانە مارکسییە لە ساڵی ١٩٧٠ـوە لە جەنگێکی خەستوخۆڵدایە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ناتۆ و ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاش بە فەڕمیی بە ڕێکخستنیکی «تیرۆريستیی» ناساندوویانە، چەپەکانیش بە ناتۆرەی ستالینیزم کەلایان خستوون. بەڵام ڕاستییەکەی پەکەکە ئیتر ئەو حزبە کۆن و پلەبەندە لینینییە نییە، کە ڕۆژانێک بوو. گۆڕانی ناوخۆیی پەکەکە و بیرگۆڕانی عەبدوڵڵا ئۆجالانی بنیادنەری، کە لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە لە دوڕگەیەکی تورکیا زیندانییە، سەرپاکی ئامانج و تاکتیکەکانی پەکەکەی گۆڕیوە، پارتەکە ڕایگەیاندووە ئیتر دەوڵەتی کوردیی بەئامانج ناگرێت. بەڵکوو پتر سەرسامی دیدگای ئیکۆلۆژیستێکی کۆمەڵایەتیی و ئەنارشیستی وەک مۆرای بووکچینە، دیدگای «خۆبەڕێوەبەریی شارەوانی ئازاد»[3]ـی هەڵبژاردووە و داوا لە کوردان دەکات بەپێی چوارچێوەیەکی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ کۆمەڵگەی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بڕسکێنن، جا پاشان بە دەسنیژی شکاندنی سنوورەکان بچنە پاڵ یەکتری؛ ئەو سنوورانەی هیوادارم لە درێژەی کاتتدا بێواتا بن. بەم شێوەیە پێشنیاری ئەوان ئەوەیە کە دەکرێت بەرخۆدانی کوردان ببێتە ڕێنما بۆ بزووتنەوەیەکی جیهانی ڕووەو ئاسۆی دیموکراسیی ڕاستەقینە و ئابووریی هەرەوەزیی و هەڵوەشانەوەی پلەڕیزی دەوڵەت-نەتەوە بیرۆکراتەکان.

لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە پەکەکە بە سرووشوەرگرتن لە ستراتیژی یاخیبووانی زاپاتیستەکان لە چیاپاس، ئاگربەستی تاکلایەنەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند و هەوڵی خۆی بۆ ڕەنگاندنی دیموکراتیی لە هەرێمەکانی ژێر جڵەویدا چڕ کردووەتەوە، هەندێک جار دەپرسن بەڕاست ئەم هەوڵانە تا چەند ڕژدن. ئاشکرایە هێزە دەسەڵاتگەرەکان زیندوون، بەڵام ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕووی دا شۆڕشی سووریا دەرفەتێک بوو بۆ بە ڕادیکاڵە کوردەکان تا لە خاکێکی پانوپۆڕ و یەکپارچەدا تاقیکردنەوەیەکی بەم چەشنە ئەنجام بدەن، نیشاندەری ئەوەیە ئەمە چاوبەستەکیی نییە. ئەنجوومەن و مەجلیس و شەڕڤانێتیی جڤاکیی پێک هێنران، سامانی ڕژێم درایە دەست بەڕێوەبردنی هەرەوەزیی کرێکاران، تێکڕای ئەمانەش هاوکاتی هێرشی یەکپشووی هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی داعش. هەرچۆن پێناسەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بکەین، ئەوا لەگەڵ ئەنجامەکانی لای سەرێدا جۆر دێنەوە، لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم هەوڵانە باڵکێشن: بە تایبەت پاش ئەوەی هێزەکانی پەکەکە و ڕۆژاڤا دەستێوەردانیکی سەرکەوتووانەیان لە جەنگی داعش لە عێراق کرد، ئەویش بۆ ڕزگارکردنی هەزاران پەنابەری ئێزدیی گیرخواردوو لە چیای شەنگاڵ، ئەمە پاش  ئەوەی پێشمەرگە لە مەیدانەکە هەڵاتن. ئەم هەوڵ و کردارانەش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچەکە بەرز نرخێنران، بەڵام بە نزیکەیی لە ڕۆژنامەکانی ئەورووپا و ئەمریکای باکووردا هچ نرخێکیان پێ نەدرا و ئاوڕیان لێ ندرایەوە.

ئێستا، داعش گەڕاوەتەوە، بە دەیان تانکی درووستکراوی ئەمریکا و تۆپهاوێژی قورسی هێزەکانی عێراقەوە، هاتووە تا تۆڵە لە پارتیزانە شۆڕشگێڕەکانی کۆبانێ بکاتەوە، ئەوان نیازی خۆیان بۆ کۆمەڵکوژیی و بە کۆیلەکردن – بەڵێ، ڕێک بۆ کۆیلەکردنی سەرپاکی دانیشتووانی مەدەنیی ڕاگەیاند. لەم بەستێنەشدا سوپای تورکیا لەسەر سنوور وەستاوە و ڕێگریی لە گەیشتنی هێزی پشتیوانیی و چەک و تەقەمەنیی بە بەرگریکەران دەکات، فڕۆکەکانی ئەمریکاش لە ئاسمانەوە ڤڕەیان دێت و ناوبەناو بۆ نمایش هێرشێک دەکەن، تا بتوانن بڵێن کاتێك دەوڵەتی ئیسلامیی کۆمەڵکوژیی پارێزەرانی دیموکراتیی دەکرد، ئەوان تەنێ سەیرکەر نەبوون.

ئەگەر ئەمڕۆ هاوشێوەیەکی مرۆڤکوژی وەک ڤالانجییەکانی بەڕووکەش لایەنگری فرانکۆ هەبێت، ئەوا جگە لە داعش کێیە؟ ئەگەر هاوشێوەییەک لەگەڵ ژنە ئازادەکانی ئیسپانیا هەبێت، کێیە جگە لەو ژنە بەجەرگانەی بەرگریی لە سەنگەرەکانی کۆبانێ دەکەن؟ داخۆ جیهان، لە هەمووشی ئابڕووبەرانەتر چەپی نێونەتەوەیی – بەڕاستیی بەشدارە لەوەی ڕێ بدات تا مێژووە خۆی دووپات بکاتەوە؟

سەرچاوە:

1.. Why is the world ignoring the revolutionary Kurds in Syria? This article is more than 9 years oldDavid Graeber, The Guardian

٢. چرا جهان کردهاي انقلابي سوريه را ناديده ميگيرد؟ نویسنده: داويد گربر/ مترجم: رحمان بوذري، asranarshism.com

[1]–  سوریه، آنارشیسم و ​​بازدید از روژاوا، znetwork.org

[2]–  Democracy Is Possible in Syria. My Friend Knew How,  David Graeber,  The New York Times

[3]–  Libertarian municipalisڕێکارێکی سیاسییە و مۆرای بۆکچینی تیۆرساز ئانارشیست- سۆسیالیست ڕەنگڕێژی کردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی تانوپۆی ئەنجوومەنی دیموکراتیی هاونیشتمانییان لە شار و گەڕەکەکاندا بچنێت، ئەم ئەنجوومەنانە لە شارە ئازادەکاندا یەک دەگرن تا کۆنفدراسیۆنێکی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ جێ بە دەوڵەت لێژ بکات، سەرەڕای ڕامان و شیکاریی مێژوویی کۆمەڵناسیی و فەلسەفی لەمەڕ پێشینەی کۆمەڵی ئاسۆیی و فرەیی و هەمەچەشنیی چاندیی و جڤاکیی و جوگرافیی کۆمەڵی کوردەواریی و ئەو وێنەیەی بۆ چەمکی (گەلانی زاگرۆس) دەیچنێت، بەڵام هاوکات گۆشەنیگای ئۆجالان بۆ پەرچدانەوەی دەوڵەت نەتەوە هەڵگۆستەی ئەم تیۆرەی بۆکچینە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.