گوتار

ڕۆژئاڤا؛ لە نێوان شێواندن و وێنە ڕاستەقینەکەیدا

(تا هەقیقەت بەخۆ دێتەوە و پێڵاوەکانی لەپێ دەکات، درۆ دەتوانێت بەدەوری زەمیندا بسووڕێتەوە.)

یوسف عزەدین  

(تا هەقیقەت بەخۆ دێتەوە و پێڵاوەکانی لەپێ دەکات، درۆ دەتوانێت بەدەوری زەمیندا بسووڕێتەوە.) ‘مارک تۆین’

 

ئەولیا چەلەبیی، لە نێوان ساڵانی١٦١١-١٦٨٢ـدا ژیاوە، نووسەری دە بەرگی کتێبی (سیاحەتنامە)ـیە، کە قەولە؛ ڕاستییەکان وەک خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام پێ ناچێت کاتێک باس دێتە سەر کورد، وای کردبێت؟! دەبینین؛ بەڕۆحییەتێکی ڕێسیستیی و شۆڤێنیی، لەبارەیانەوە دەدوێت، هەروەها هیچ درێغییەکیشی لە شێواندنی وێنەی ڕاستەقینەی کەسایەتیی کورد نەکردووە!

وەک لە کتێبی سیاحەتنامەکەیدا کە لە وەرگێڕانی سەعید ناکامە، لەبارەی کوردەوە، دەڵێت:

”زاریان یەک تاکە کاڵەی پێوە دەچێ و ددانیان وەک ددانی ئەسپە، منداڵیان هەتا دەگاتە دە ساڵی کۆرپە و ساوایە… منداڵیان یەک ساڵ لە زگی دایکیدا دەمێنێتەوە، جا دەزێ، کە منداڵیان بوو، لە پێش هەموو شتێکدا شیری سەگی ڕەشی دەرخوارد دەدەن. لەناو ئەمانەدا هەر کەس بەرد بۆ سەگێک ڕاوەشێنێ، دەستبەجێ دەکوژرێ، وردودرشتیان یەکی سەگێکیان هەیە، کە هاتنە سەر نانخواردن، لە پێشدا زوو سەگەکەی دادەنێن کە ئەو تێر بوو، جا خۆیان دەست پێ دەکەن، سەگەکانیان لەگەڵ خۆیان دەنوێنن. سەگێکی ڕەش بەهەزار قرۆش و بە دە ئێستر سەودا دەکرێ.”(١)

”شتێکی سەیری دیکە؛ ئەگەر جغزێک بە دەوری کوردێکدا بکێشی، بشمرێ؛ لەو جوغزە نایاتە دەرێ هەتا یەکێک نەیەت، لایەکی جغزەکەی بۆ تێک نەدا!”(٢)

ئەم باسوخواس و وەسفە دزێوانە، سەبارەت بە مرۆڤی کورد و چەندینی لەوانە خراپتریش، بە مەبەست بۆ شێواندنی وێنەی کوردە و وێناکردنییەتی بە شێوەی کافرێک، واتە ڕێگەخۆشکردنە؛ تا لەو میانەوە، داگیرکردنی ماڵ و موڵکی، کوشتنی نێرینەکانی، سەربڕینی منداڵانی، بەکەنیزەککردنی مێینەکانی؛ حەڵاڵ بکرێت. چەند فێڵبازانە، هەموو ئەو شتانەی موسڵمانانی سادەوساکاری پێ هان دەدرێت، دژ بە کورد، دەیخزێنێتە نێو گێڕانەوەکانییەوە! باسوخواسی سەگ لای کورد و هەروەها ئاماژەدانی بە قودسییەتی سەگی ڕەش و هەموو ئەوەی تریش کە لە کتێبەکەی چەلەبیدا هاتووە، هەم بۆ ڕازیکردنی دەسەڵاتداران و هەم بۆ هاندانیشیانە؛ تا زووتر پەلامار و شاڵاوبردنیان بۆ سەر شوێنجێگە و مەنزڵ و خاکی کوردان ئەنجام بدەن.

ئیدی لەو دەمەوە تا ئەمڕۆ؛ هەمیشە درۆ و حیکایەتە هەڵبەستراوەکانی ئەوان و هاوشێوەکانیان، سەبارەت بە کورد، مارک تۆین وتەنی؛

 (تا هەقیقەت بەخۆ دێتەوە و پێڵاوەکانی لەپێ دەکات، درۆ دەتوانێت بە دەوری زەمیندا بسووڕێتەوە)

هەموو ئەو حیکایەتە ناڕاستانەشیان سەبارەت بە ئێستای ڕۆژئاڤا، بەشێکە لە دێژکراوەی ئەو شێواندن و وێناکردنە دزێوانەیان. بوونی کورد (ئەودەمەی دەیەوێت خۆی بێت!؟) هەمیشە لای ئەو ئەقڵییەتە ڕێسیست و شۆڤینییەی، سەران و داڕێژەرانی سیاسەتی تورکیی و هاوشێوەکانیان، مەترسییە.

هاوکێشەی ئەمجارەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەش، بەچەشنێکی ناتەقلیدیی و نائاساییە؟! لە هیچ ئاڵوگۆڕێکی کلاسیکیی و کۆنی پێشووتری ناوچەکە ناچێت، بە خێرایی دیمەنەکان دەگۆڕێت و گەورەهێزەکانی دنیاش، بۆ گەیشتنە مەرامەکانیان، سڵ لە بەکارهێنانی هیچ شتێک ناکەنەوە؟!

لە ئێستادا، ئەو پرسیارانەی نێو مێشکی زۆرمانی تەنیوە، وەک؛ ئاخۆ ڕۆژئاڤا لە هاوکێشەی گەورەهێزەکانی دنیا لەکوێدایە؟! یان لە پشت کەوالیسەوە باسوخواسەکان چییە؟ یاخود هەر یەک لەو وڵاتانەی دەستیان لە خستنی ڕژێمی ئەسەددا هەبووە، هەر یەکەی بە چی قایل دەبن!

دەشێت لە جێی وەڵامدانەوەی یەکە یەکەی ئەو پرسیارانە و قووڵبوونەوە لە شرۆڤە و ڕاڤەکاریدا؟! فۆکس بخەینە سەر چەشن و چۆنێتیی یەکدەنگیی کورد و داکۆکیی دەستەجەمعیمان لە ڕۆژئاڤا. چەند سەیر و ناخبزوێن و تراژیدییە، ببینە سەلمێنەری ئەو وەسفەدیمەنەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، واتە ئەوەی چەلەبیی دەڵێت، کورد کاتێک لەنێو جغزێکدا قەتیسی دەکەیت، تا یەکێک نەیەت و جغزەکەی بۆ تێک نەدات، ئەوە ناتوانێت بێتە دەر!

بۆیە دەبێت بە هەر چەشن و شێوازێک بێت؛ ڕۆژئاڤا لەم ئابڵووقە و گەمارۆ ناوچەیی و جیهانییە بێتە دەر. هەموو ئەمەش پەیوەستە بە هەموومانەوە، واتە هەر یەکێک لە ئێمە، ناکرێت بێهوودە و بێدەسەڵات، تەنها چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕەکانی چواردەوری خۆمان بین و وابزانین هیچمان لەگەڵ ئەو دیزاینە پێشتر بڕیارلێدراوەی هێزە بەشداربووەکانی خستنی دەسەڵاتەکەی ئەسەد، سەبارەت بە ڕۆژئاڤا؛ پێ ناکرێت! ناشێت پاش ئەو هەموو قوربانیدانە، هەروا بە سانایی؛ کوشتار و جینۆسایدێکی هاوشێوەی شەنگال؛ ڕووبەڕووی کوردانی ڕۆژئاڤا ببێتەوە؟!

بێدەنگیمان… هیچنەوتنمان، نەجووڵانمان، قڕوکپیمان، سەرەتایەکە؛ بۆ کۆتاییەکی تراژیدیی. دەبێت نەهێڵین ئەو کۆتاییە تراژیدییەی دوشمنانی کورد دەیخوازن، بێتە دی. هەر بۆیە دەبێت، هەموو ئیرادەیەکمان، بە هەموو جیاوازییەکانییەوە، لە پێناو گۆڕینی ئەو سیناریۆ ڕەشەدا بخەینە گەڕ.

سەرچاوە:

سیاحتنامەی ئەولیا چەلەبیی /و: سەعید ناکام/ چاپەمەنی مانگ

١. لاپەڕەکانی ٧٥-٧٦

٢. لاپەڕەکانی ٧٦

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...