بانگەوازییەکی مێژوویی لە کاتێکی مێژووییدا
لە مێژووی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆدا، بەردەوام هەنگاوەکانی ڕادیکاڵ و بە ڕیسک و پڕ لەمەترسی بوونە، هەموو ئەوانەی دەوروبەر شۆک دەکات و دەستیان لەسەر دڵیان دادەنێن.
سەردار ستار
گوێی لێبگرە
دوای زیاتر لە سێ مانگ ڕاگۆڕینەوە و مشتومڕ لەنێوان شاندەکانی دەم پارتی و دەوڵەتی تورکیا، بۆ لای ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی، ئەنجام ئەو پەیامەی ٢٧-٢-٢٠٢٥ـی لێ بەرهەمهات. دەبێت ئەوەش بگوترێت لەماوەی ئەم سێ مانگەدا سەرجەم بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا، لەناویاندا سەرۆککۆمار، سەرۆک پەرلەمان و سەرۆکی پارتی بەرهەڵستکار هەتا دەم پارتی نامەیان بۆ نێردراوە و ڕا و سەرنجیان وەرگیراوە. تەواوی ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادیی لەناویاندا کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە و پاژک، ئەنجوومەنی لەشکری قەسەدە و ئەنجوومەنی کوردانی ئەورووپا. لەولاشەوە بە زارەکی بۆچوون سەبارەت بە قۆناغەکە نێردراوە بۆ سەرجەم پارت و کەسایەتییەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و پژاک لە ڕۆژهەڵات. لەسەروویاندا پەکەکە، سەرجەم هێز و لایەنەکان، پشتگیریی خۆیان بۆ هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە دەستپێشخەرییەک بۆ چانسێک دانەوە بە ئاشتی و چارەسەری دیموکراتییانە دەربڕیوە.
ڕابەری مێژوویی لە قۆناغە مێژووییەکاندا ڕۆڵی خۆی دەبینێت، ئەو قۆناغەی ئەمڕۆ لە هەرێمەکە هەیە کە بە شەڕی سێیەمی جیهان بەناو دەکرێت، پێویست دەکات سەرۆکێک ئەرکی قۆناغەکە بخاتە سەرشانی. بەو فیداکاری و قوربانی و ڕەنج و ماندوبوونەی دەیدات، ئینجا ڕێبەرێکی وەک ڕێبەر ئاپۆ و پارتێکی وەک پەکەکە-پاژک دەتوانن لەم قۆناغە مێژووییە ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن.
گەلی کورد تا ئەم چرکەساتە باوەڕی بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا نییە، چونکە لە گوتار و لە نزیک بوونەکانیان گۆڕانکاری نەکردووە، ئەو دەستپێشخەریەی باخچەلیش وەک هەوڵێکی لەسەرەمەرگدایە. دەسەڵاتدارانی ئەکەپەش زۆر بەرژەوەندیخوازانە لە قۆناغەکە نزیک دەبنەوە. بۆیە ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەکەپە لەسەر بنەمای ئاشتی و چارەسەری دیموکراتییانە نزیک نەبنەوە، ئەوا تا دەچێت بێمتمانەی قوڵتردەبێتەوە و ئەو دەرفەتەش لەدەستدەدەن کە ڕێبەر ئاپۆ ئافراندوویەتی، کۆتایەکەش بە مەرگی خۆیان تەواو دەبێت.
ئەو دەستپێشخەریەی ڕێبەر ئاپۆ تائێستا نموونەی نییە، چونکە زۆرترین بەخشینی تیایە و چاوی لەهیچ دەسکەوتێکیش نییە، بەهەموو هێز و باوەڕیش وەک هەرجارێک بەشداری قۆناغەکەی کردووە. پەیامەکەشی بەخۆی خوێندووەتەوە و بە پێنووسی خۆی نووسیویەتی، لەکۆتایشدا دەڵێ؛ بەرپرسیاریەتی قۆناغەکە دەگرمە ئەستۆی خۆم.
ئەو وێنەیەی لە ئیمرالی دوای ١٠ ساڵ دەرکەوت، هێشتا لە وێنەی ڕابردوو بەهەیبەتتربوو. چونکە لەگەڵ ١٠ کەسیتر لە سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕانی پەکەکەی دابوو، لەناویاندا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پەکەکە حاملی یلدرم و سیاسەتمەداری وەک ئەحمەد تورک و هاوسەرۆکانی دەم پارتی و پارێزەر و شاندی بەناوبانگی ئیمرالی. ئەوانەش هەموویان پێکەوە لەگەڵ ئەوەی جێی متمانەی گەلی کورد و گەلانی تورکیان، بەوپەڕی باوەڕ بەخۆبوونەوە دەرکەوتنە بەردەم ڕای گشتیی و دڵی گەلی کوردیان شاد کرد. زیندان جێگەی لەناوبردنی سەرۆک و ڕێبەرەکانە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ئەوەی ئیمرالی کردە قوتابخانەی شۆڕشی دیموکراتی، هەمانکات کردیە ناوەندی خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی و ڕاگەیاندنیش.
ئەو پەیامەی لەگەڵ ئەوەی وەڵامێکە بۆ بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی کە ٥٠ ساڵە لە دژی کورد و پەکەکە شەڕ دەکات، هەمانکات وەک دەرفەتێکیشی بینی بۆ ئەوەی دەستپێشخەری خۆی تیادا ڕابەگەێنێت. ئەمەش بەشێکیترە لە هونەری سیاسی، ئەویش بتوانیت لە بچووکترین دەرفەت، زۆرترین دەسکەوت بەدەستبخەیت.
ڕێبەر ئاپۆ ئەو دەسکەوتانەی بە فرمێسک و خوێن بەدەستهاتوون خستوونیەتە سەرمێزی گفتوگۆ، ئەوانیش پەکەکە و هەپەگەن. بۆیە دەبێت بزانرێت دەست و قاچی دەوڵەتی تورکیای گرێدا، واتا ئەگەر ئەمجارەش دەوڵەتی تورک بەتایبەت ئەردۆغان لەسەر مێزی گفتوگۆ ڕابکات، ئیتر چانسێک بۆ ئاشتی نامێنێت. دەبێ چاوەڕێ بکەن، ١٠٠ ساڵیتر دەوڵەتی تورکیا لەناو خوێنی خۆیدا بگەوزێت. بۆیە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لەماوەی یەک هەفتەدا وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ نەداتەوە، دەبێ بزانرێت کە هۆکاری پەکخستنی قۆناغەکە دەسەڵاتی تورکیایە، بەتایبەتیش لە گۆڕانی دەستوور لە بابەت مافی هیوا و تا ئازادبوونی، هەروەها سازکردنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا.
لەم بانگەدا پەکەکە ڕێنمای خۆی وەرگرت، دەبێت کۆنگرە بکات و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، واتا ئیتر سەردەمەکەی تەواو بووە و پێویست بە سەرلەنوێ خۆ ئاواکردنەوە هەیە، چونکە لە ٤٧ ساڵی ڕابردوو ڕۆڵە مێژووییەکەی خۆی بینی. ئێستا کە لەوپەڕی هێز و ئیرادەدایە بۆیە کاتی خۆیەتی کە خۆی بگۆڕێت، لە ڕابردووش پەکەکە ئەمەی تاقی کردووەتەوە، بەڵام تەسفیگەرانی ناوخۆ نەیانهێشت بگاتە ئەنجام. بۆ ئەمەش دەبێت پەلە نەکرێت، چونکە ئەگەر پرۆسەکە دەستپێنەکات و زەمینە لەلایەن دەوڵەتەوە نەڕەخسێنرێت، ئەوکات شێوازی خۆگۆڕینی پەکەکە جیاوازدەبێت. ناکرێت کۆنگرەی پەکەکە بەبێ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامبدرێت، هەمانکات پێویستە بەڕێژەیەک بەشداربوونی ئەندام و کادیران لە کۆنگرە هەبێت کە زیاتر بێت لە هەزار ئەندام و کادیر. چونکە ئینجا ڕێبەر ئاپۆ، بە پیلان و پرۆژەکانی دەزانێت چۆن ئاراستەی پەکەکە بۆ قۆناغی داهاتوو بکات، بێگومان بۆ ئەمەش دەبێت ئەویش ئازادبێت و ئامادەبێت.
گەریلای پەکەکە یاخی نەبووە و ئاشقی چەک و شەڕ و کوشتن نییە، بۆیە دەتوانێت تاوتوێی ئەم داواکارییەش بکات، چونکە بۆ چەکدانان لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە گۆڕینی یاسایە لە تورکیا، تا دەگاتە دەرخستنی یاسای لێبوردنی گشتی بۆ سەرجەم ئەوانەی لەژێر ناوی پەکەکە و گەریلا و هەموو ناوەکانیتر لە زیندانەکان ئاخێنراون و ئاوارەن لە دەرەوەی وڵات. هەڵبەت ئەو دوو پرۆسەیە پێکەوە بەئەنجام دەبن، ئەنجامدانی کۆنگرەی پەکەکە چارەنووسی هێزە چەکدارەکانیشی دیار دەکات کە لە قۆناغی داهاتوودا چۆن بەشداری کاروخەباتی سیاسی و دیموکراتی بکەن؟ هەمانکات ئەو چەکەش لەدەست دەوڵەتی تورکیا دەردەخات کە هەموو ڕۆژێک لەناوخۆ و دەرەوە هێرش و پەلاماری ئازادییخوازان و شۆڕشگێڕانی پێبکات و بەناوی تیرۆر خۆی لە چارەسەری کێشەی ڕەوای گەلی کورد گێل بکات.
لە مێژووی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆدا، بەردەوام هەنگاوەکانی ڕادیکاڵ و بە ڕیسک و پڕ لەمەترسی بوونە، هەموو ئەوانەی دەوروبەر شۆک دەکات و دەستیان لەسەر دڵیان دادەنێن. بۆ نموونە کاتێک بڕیاری دامەزراندنی پەکەکە دەدات، یان کاتێک بڕیاری دەستپێکردنی شەڕی چەکداری دەدات لە ١٩٨٤، لەولاوە بڕیار بۆ ئاگربەست و دانووستان دەدات لەگەڵ تورگوت ئۆزال لە ١٩٩٣، هەتا کاتێک بڕیاری گۆڕانی ستراتیژیدا لەناو زینداندا لە ساڵی ٢٠٠٠. تایبەتمەندی شۆڕشگێڕە سۆسیالیستەکان وایە، بەبێ ئەوەی هیچ لە دەوڵەت چاوەڕێ بکات، بەهەموو هێزی شۆڕشگێڕی خۆی بڕیار دەدات و بەشداردەبێت و هیچ سەیری پشتەوەی ناکات. بۆیە دەبێت زۆر کەس و لایەن بەم هەنگاوە نوێیانەی ڕێبەر ئاپۆ شۆکبن و تا ماوەیەکیش نەیەنەوە سەرخۆیان، بەڵام شتێک نییە ڕێبەر ئاپۆ لێی بترسێت، چونکە بەملیۆنان کورد و مرۆڤی ئازادییخواز ئەمڕۆ پشتیوانی لێ دەکات، بۆیە ئەم قۆناغەش وەک قۆناغەکانیتر دەگەیەنێتە سەرکەوتن.
هەموو ئەوانەی پرسیان پێکرا بۆ دەستپێکردنی ئەم دەستپێشخەرییە، هەتا هەموو ئەوانەی لە دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکە پشتگیری خۆیان نیشانداوە، بەبێ سێ و دوو ئەرکی مێژووییان دەکەوێتە سەرشان، ئیدی ئەوانە دەبنە زامنی قۆناغەکە، ئەگەر بە ئەرکی خۆیان هەستن. چونکە وەک زۆربەیان دەڵێن با پەکەکە گوێ لە سەرۆک ئۆجالان بگرێت، کێشەی پەکەکە لە گوێگرتن لە سەرۆک ئۆجالان نییە، بەڵکو کێشە لەلای دەوڵەتی تورکی دۆستییانە کە دەبێت بەبێ دواخستن ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات کە دەرفەت دەرخسێنن بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و بێدەنگکردنی چەکەکان. بۆ ئەمەش دەبێت یاساکانی بگۆڕێت و دەست بەجێبەجێکردنی بنەما یاساییەکانی چارەسەری کێشەی کورد بکات لە دەستووری تورکیا. ئەگەرنا ئەولایەنانە متمانەی خۆیان لەدەستدەدەن و ئەوانیش دەکەونە ڕیزی ئەردۆغان-فیدان و وەک بەشێک لەشەڕ و ماڵوێرانی بەناو دەکرێن. چونکە هێشتا پەکەکە و هەپەگە هیچ شتێکی لەدەستنەداوە بە پێچەوانەوە لە ڕۆژە هەرە بەهێزەکانی خۆیاندان، بۆیەش زۆر بە خەیاڵیی سەیری قۆناغەکە ناکەن و هیچ پەلەشیان نییە.
پێشوازی کردنی ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە لەلایەن ملیۆنان لە خەڵکی کوردستان و دەرەوەی وڵات، ئەمەش باوەڕی ڕێبەر ئاپۆ بە قۆناغەکە بەتینتر دەکات، هیوای سەرەکیشی لەسەر ژنان و گەنجان و گەلی کوردستان و ئازادییخواز و ئەنتەرناسیۆنالیستەکان هەڵچنیەوە، بۆیە لەم قۆناغەدا دەبێت لە هەرکات زیاتر لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ کۆببنەوە. چونکە ئەوان زامن و سەرخەری شۆڕشی دیموکراتین، ئەوانن کە دەتوانن پەیام و هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بگەیەننە هەموو کون و کەلەبەرێکی جیهان، بەوشێوەیەش بانگەوازییەکە ڕۆڵی مێژووی خۆی پێکدێنێت.