ئاوابوون لە خێراییدا
لە ئێستادا خاوبوونەوە دۆخی ئاوارتەیە و بە تەواوی لەگەڵ خێراییدا ڕاھاتووین، لە پێشبڕکێکارێکی ماڕاسۆن دەچین، لە زەمەنێکی خێرادا گەر ھەر قیچێک خاوتر جوڵەمان کرد دەدۆڕێین.

لاودین لوقمان
لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا ھێرمێس بە نێردراوی خوداوەندە ئۆڵۆمپیەکان دادەندرا، ھێرمس کوڕی زیوسی پاشای چیای ئۆڵۆمپی بووە، کە بە خودای خێرایی ناسراوە و بەھۆی پێڵاوە باڵداڕەکەیەوە دەیتوانی بە خێراییەکی زۆر ھەموو سنورەکان ببڕێت، ئەمەش یەکێک بوو لە باشترین تایبەتمەندیەکانی کە پیرۆزی پێ بەخشیبوو.
لە زۆرێک لە ئەفسانەکاندا توانای خێرایی بووە بە پیوەرێک بۆ بە دەستھێنانی پیرۆزیی و وەکوو پەڕجوویەک جودایانی کردۆتەوە لەگەڵ مرۆڤانی ئاسایی.
وەک لە ئەفسانەی نۆرسشدا ھاتووە کە ئۆدینی خوداوەند بە “سلێپنیر” کە ئەسپێکی ھەشت قاچبووە کە خێراتر لە جوڵەی با توانیوێتی گەشت بە نێو جیھانەکاندا بکات کە ئەمەش ھێزێکی خوداوەندی پێ بەخشیبوو.
لە ئەفسانەی ھیندۆسیشدا ھانۆمانی خوداوەند کە بە جەنگاوەری فڕیو گوزارشتی لێدەکرا، دەیتوانی بە خێراییەکی بێ ڕادە بەسەر زەریاکاندا باز بدات.
بە گشتی لە زۆربەی ئەفسانەکاندا ئاماژە بە خێرایی دراوە وەکوو توانایەکی سەروو سرووشتی.
ھیلیۆسی خوداوەندش گالیسکەیەکی باڵداری ھەبووە کە بە خێراییەکی زۆر فڕیووە و بە گالیسکەی خۆر ناسراوە.
لە ئیسلامدا بەھەمان شێوە، محمدی پەیامبەر وەکوو پەڕجویەک بە بوراق بە خێراییەکی بێ ڕادە دەتوانێت گەشتی ئیسرا و میعراج ئەنجامبدات و بگەڕێتەوە.
بەھۆی پێرۆزکردنی خێراییەوە وەکوو ھێزێکی سەروو سروشتی کە تایبەتمەندکراوە بە کەسانی پیرۆز، بۆتە جێگای نیگەرانیی و ترس بۆ مرۆڤانی ئاسایی، مرۆڤانی بێ دەسەڵات بە خاوی لەگەڵ واقعدا مامەڵەیان کردووە و ئەزموونی ژیانیان کردووە.
خێرایی وەک تێپەڕاندنی واقع و بڕینی کات و شوێن، ھێزێکی گەورەترە لەوەی مرۆڤی ئاسایی بەرگەی بگرێت.
بۆ نموونە ھەتا سەدەی نۆزدەھەم، کە بۆ یەکەم جار شەمەندەفەر درووست دەکرێت و سەرنشینەکان دەگوازێتەوە، گەر چی خێراییەکی تەنھا پانزدە مایل بوو لە کاتژمێرێکدا، بەڵام ھیشتا دەنگدانەوەیەک درووست دەکات و وەکوو پەڕجووی تەکنەلۆژیا دەیبینین، وە زۆرێک ترسیان لێ دەنیشێت و پێیان وایە ئەم خێراییە بۆ مرۆڤ بەرگەنەگیراوە و یاساکانی سروشت دەشکێنێت، بۆ نموونە پێیان وابووە ڕەنگە گەشتکردن بەم شەمەندەفەرە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ وردوو خاش بکات و شیردانی مانگاش بوەستێنێت.
لە ئێستادا خاوبوونەوە دۆخی ئاوارتەیە و بە تەواوی لەگەڵ خێراییدا ڕاھاتووین، لە پێشبڕکێکارێکی ماڕاسۆن دەچین، لە زەمەنێکی خێرادا گەر ھەر قیچێک خاوتر جوڵەمان کرد دەدۆڕێین.
پێویستە کاتێکی زۆر لە دەستنەدەین و بینەری ھەواڵە خێرا و بەپەلە بێناوەڕۆکەکانی میدیا بین، ھەروەھا خواردنی خێرا بخۆین و ئەزموونی خێرا بکەین، لە ڕێگەی ئەو ئەپانەوەی کە تایبەتە بە بەستنی پەیوەندیەوە، خۆشەویستی خێرا و سێکسی خێرا ئەنجامبدەین، دەچینە سەر سۆشیاڵ میدیا و لە بری خوێندەوەی دەقێک و بینەربوونی ڤیدۆیەکی درێژ، خۆمان لەگەڵ “ڕیڵەکاندا” دەگونجێنین، گەر سەیری چاوپێکەوتنێکشمان کرد، گوێیەکانمان فێر کردووە بە ٢x گوێی لێبگرین، ئەگەر خەونێکشمان ھەبوو بۆ دوور مەودا دەچین بەشداری ئەو کۆرسانەی مۆتیڤەیشن دەکەین کە لە حەوت ڕۆژدا نھێنی سەرکەوتنمان پێدەڵێن، یاخود وانەیەکی سەرکردایەتیمان پێدەڵێنەوە و فێرمان دەکەن کە چۆن گەنجینەکە یاخود کلیلە ونبووەکە بدۆزینەوە.
لەسەر کارەکانیشمان ئەگەر خێرایی لە دەستبدەین بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەردەکرێین، چونکە ڕێژەی قازانج بۆ ھەر کۆمپانیایەک یاخود کارگەیەک بەستراوە بە کاتەوە، بەرھەم ڕاستەوخۆ ناپێورێت، بەڵکو بەرھەمە لە کاتێکی دیاریکراودا، ئەمەش ھەتا جوڵە و کار خێراتر بێت قازانجێکی باشتر دەکرێت. کەواتە خێرایی بە تەنھا دۆخ نیە، باشتر بڵێین جۆرە ئەزمونێک و کەش و ھەوایەکی بێلایەن نیە کە ئازادانە ھەڵیبژێرین، بەڵکو خێرایی ھەمیشە لایەنگیرە و جۆرە ئەزمونێکی ئاخێندراوە، [خێرایی دەسەڵاتە، چالاکبوونی خێراش گەشەدانە بە دەسەڵات، ھەروەک چۆن دەکرێت خاوبوونەوە و پاسیڤبوونیش ببێت بە جۆرێک لە بەرەنگاری].
ھەڵبەتە ئەمە لە زەمینە ڕامیاریەکەشدا دەبینینەوە، لە مێژووەوە ئەوەی خێراتر دەستی بە ئامڕازەکانی کۆنتڕۆلکردن یاخود بە کەرەستەکانی جەنگدا گەشتبێت، ئەوە بووە بە ھێزی یەکەم و ھەیمەنەی بە دەستھێناوە، ئیتر لە درووستکردنی چەکی پۆڵاین و شمشێر و تیروکەوانەوە بێت یان چەکی بارووت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا و دواترش چەکی ئەتۆمی، ئەمڕۆش کە لە جەنگێکی ئابووری و تەکنەلۆژیداین و چاوەڕێ دەکەین بزانین چاینا یاخود ئەمریکا خێراتر دەتوانێت پۆتینشەڵەکانی ئەی ئای بەرجەستە بکات و بەرھەم ھێنانی تێدا بکات.
ھەڵبەتە لە بەرامبەرشدا ئەو شتانەی کە پەیوەستە بە خاوبوونەوە دەکرێت ببن بەرەنگاریەک، ئیتر خاوبوونەوە خوێندنەوە بێت یاخود مژوولبوون بێت بە ھونەرەوە، یاخود بریتی بێت لە بیرکردنەوە و تێڕامانێک کە لانیکەم ترازانێک بێت لەو ژاوە ژاوەی تەوژمی خێرایی.
تەوژمێک کە ھەموان بە ھەڵەداوان و بەپەلەن بێ ئەوەی شتێکی گرنگیان ھەبێت، دواترش لە ئەستۆپاکی شەپۆلە خێراکانی مۆدێرنەەوە، دەیبەستین بە کاتەوە و دەڵێن کات خێراتر دەڕوات و نازانین ھەفتە و مانگ و ساڵ چۆن دەگوزرێت، لە ڕاستیدا کات وەک خۆی تێدەپەڕێت، بەڵام ئیتر ئێمە وەھا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین وەک ئەوەی بەتەواوی کات لە ڕەھەندێکی تری بووندا بێت، ئێمە لە ناکات و نا شوێندا دەژێن، وە لە بری ئەزموون، دەمانەوێت سێبەری ئەزموون بگرین و بۆمان ناگیرێت.
ھێندە خێراین کە ئیتر سەرنجمان ناتوانێت زیاتر لە پێنچ خولەک لەسەر شتێک بمینێتەوە، ناتوانێین چەند خولەکێک بێ پچڕان گوێ بۆ دۆستێک بگرین کە دەیەوێت شتێکمان بۆ بگێڕێتەوە، یاخود چەند کاتژمێرێک بخوێنینەوە و چەند کاتژمێرێک بێ سکیپکردن سەیری فیلمێک بکەین.
لە مۆدێرنەدا سەرنجەکان خێرا و سادەن، لەگەڵ گۆڕانی بەردەوامی شتەکانی دەورو بەرماندا ڕاھاتوین، ئیتر ئەگەر بیرمەندێکش چاوپێکەوتنی ھەبێت، دەبێت یان لە پێنچ خولەکی یەکەمدا جێی بھێڵین یاخود ئەو لە ھەموو پێرسێکتیڤ و پارادایمەکەی لە پێنچ خولەکدا کۆبکاتەوە ھەڵبەتە ئەگەر پێشکەشکارەکەش بە پرسیاری گەمژانەی میدیایی نەیبڕێت، یاخود ڕیکڵامە درۆ و فریودەرەکان نەمانپچڕێنن.
کاتێک سەرەنجمان لە چەند شوێنێکە و بە خێرایی بە شتەکاندا گوزەر دەکەین مانای ئەوە نیە ئەزموونێکی زیاتر دەکەین، بەڵکوو ئەوە دەگەینێت کە ھیچیان ئەزموون ناکەین، ھەروەک ڕاگوزارێک، یاخود تەنۆلکەیەکین لە نێو ڕەشەبایەکدا بە خێرایی لەم چڵ بۆ ئەو چڵ دەچین و ھەرگیز نانشێینەوە.
لە زانستی فیزیادا تیوری گەشتکردنی کاتمان ھەیە، کە ئەگەر بتوانین بە خێرایی ڕووناکی گەشت بکەین، ئەوە دەتوانین گەشت بکەین بۆ داھاتوو یاخود بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو چونکە یاساکانی کات تێکدەشکێنین، بەڵام ئەوەی ئەستەمە لەم گەشتدا ئێمەین کە بە ھۆی بارستاییمانەوەمەحاڵە بەو چەشنە خێراییەدا تێپەڕین و شی دەبینەوە، لە ڕاستیدا ئەگەر گریمان بتوانین وەکوو فۆتۆنێک ئەو گەشتەش ئەنجامبدەین نە دەتوانێن خاوەندارێتی ڕابردوو بکەین وە نە داھاتووش بەڵکو “ئێستا” لە دەستدەدەین.
ھەر وەک چۆن بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دەستمانداوە، لە پێناو بەردەوامی کۆمەڵگەی نمایش و مرۆڤی بێ سەرەنجدا، ئێستا لە نێو ئەو خێراییەداین و لە نێو فشارەکانی مۆدێرنە و خێرایی تەکنەلۆژیادا وەکوو ڕاگوزارێک خەریکین شیدەبینەوە، لە کۆتاییشدا ئەوەی ڕەسەن دەمینێتەوە ڕەنگە ئەوە بێت کە چوارچێوەیەک، یان پەنچەریەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆی تێدا فەڕێبدات و بڕێک خاو و خلچک ببێتەوە.