پرسی ژن

ئێمە و فرتوفێڵەکانی دەوڵەتی تورک

هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لوتکەی بەرخودان بوو

نیلووفەر کۆچ

ئەم قۆناغەی ئێستا دەستی پێ کرد لەبەر ئەوەیە تورکیا لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە شەڕی دژی گەلی کورد ئەنجامی نەگرت. بە زۆر ڕێبازی ئەشکەنجە، چەکی کیمیاوی، گرتن، کۆمەڵکوژیی پاریس و ئەشکەنجەی ئیمرالی زۆر شتی کرد. لەبەرانبەر بەوە ڕێبەر ئۆجالان، کورد و دۆستانیان بەرخودانیان کرد، پار مانگی دە دەستبە هەڵمەتێک کرا بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەری سیاسیانەی پرسی کورد. چەندین سەردان بۆ سی پی تی کرا. گەریلا چالاکی بەهێزیان ئەنجام دا و گەل لە کوردستان و ئاستی نێونەتەوەیی بەشداریی هەڵمەتەکانیان کرد.
تورکیا لە پرسی ئۆکرانیا ئەنجامی دوولایەنەی بەدەستهێنا، هەم لەلایەن ئەمەریکا و هەم ڕووسیا، بەڵام دەیویست لە غەزە هەمان سیاسەت بەڕێوە بەرێت، ڕێیان نەدا، وتیان ناکرێت سیاسەتی دووفاقانە، تورکیایان لە غەزە ڕاوەستاند لە شەڕی لوبنایش بە هەمان شێوە. تورکیا ئەندامی ناتۆیە و هیزێکی گرنگە، بەڵام ڕایانگرت، تورکیا ویستی لە سوریایشدا بە هەمان شێوە بکات بەلام ڕایانگرت.
سیاسەتی نێونەتەوەیی بۆ کورد لە ئاست سووریادا باشە،بەڵام لەبەرانبەر تورکیا خراپە. تورکیا دەڵێت ئەوە ئێران و ڕووسیا لە سووریا تێک چوون، من وەک ئەندامی ناتۆ دەتوانم جێی بگرمەوە، بەڵام ڕێیان پێ نەدا. ئەوان پێیانوایە ئەو جێیە هی عوسمانییە و بە هی خۆیان دەزانن. دەڵێن دیمەشق و حەلەب هی ئێمەیە. خۆتان دەزانن ئێستا لە سووریا ئەمەریکا، فەڕەنسا و ئیسرائیلی لێیە.
لە کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە شەڕ هەیە، دەوڵەتی تورک شەڕی هەمەلایەنە و هێرش دەکاتە سەر کوردستان و بە تایبەتی باشوور و ڕۆژئاڤا، هێرشیان کردە سەر جێگە مەدەنییەکان و تەنانەت سەر کۆگای گەنم و فڕنی نان.
دەوڵەتی تورکیا ویستی مۆڵەت لە ناتۆ وەرگرێت بۆ شەڕی کورد ڕێیان پێ نەدا، چووە کۆبوونەوەی برێکس، بەڵام ڕێیان نەدا ببێتە ئەندام، لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە پیلانی چۆکدادانی گەڵاڵە کرد و هیچ نەما نەیکات لە باشوور. گوشاری هێنا بۆ باشوور، هەر لە داخستنی هاتوچۆ لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، تێکدانی ژیانی خەڵکی گوند و دەستوەردانی سیاسەت لە باشوور. بەڵام ئەو سیاسەتە سەری نەگرت و گەریلا تێکی شکاند. دەوڵەتی تورک زۆرینەی بودجەی بۆ شەڕ تەرخان کرد. خەڵک برسییە،پسپۆرانیان هێنا لە ئەمەریکاوە بۆ ئەوەی ئابوورییان داڕێژێتەوە، بەڵام سەری نەگرت. لە هەڵبژردنی دواییدا ئەردۆغان شکا و زۆرینەی لە دەست دا، لەوە کەوت زۆرینەی پەرلەمانی لە دەست بێت. ئەوە ٢٣ ساڵە ئەردۆغان ئیتر سەربەرژێرە  و لە ژێر گوشاری دەرەوەدایە.
کاتێ عومەر ئۆجالان چوو سەردانی ئیمرالی، ڕێبەر ئۆجالان وتی: “من ئامادەم بۆ چارەسەر، هێزی تیۆریی و پراکتیکییم هەیە.”
ئۆجالان زانی کورد هێزی چارەسەری هەیە، چونکە لە ٢٠١٤ شەڕ هیچ ڕانەوەستا، بەڵام کورد هێشتا لەسەر پێنو شەڕ دەکەن.
تورکیا زۆر هەوڵی دا ئەو بابەتە بە توندوتیژیی یەکلابکاتەوە و ئەورووپییەکانیش هاوکارییان کرد، بەڵام نەیتوانی. بۆ ئەوەشە ئەورووپیی و ئەمەریکییەکانیش دەڵێن دەرفەتمان پێ دای و هاوکارییمان کردی، لەوە زیاتر نایانەوێ بەو ستراتیژییە لەگەڵ تورکیا کار بکەن. ڕێبەر ئۆجالان بە تێکۆشان، سایکس بیکۆی هەڵوەشاندەوە و ئامادەیی خۆی بۆ گۆڕانکاریی نیشان دا.
ئەم قۆناغە هێشتا ناوێکی نییە، لەبەرئەوەی مێزی دانوستان نییە، لایەنی سێیەم نییە، گفتوگۆ نییە، بابەتەکەهێشتا دوولایەنە نییە، ئەو کەسەی سەرموزاکەرەیە لە زینداندایە، ئەگەر گۆڕانکاری لە هەلومەرجی ئەودا نەبێت، ئەو پرۆسەیە بەڕێوە ناچێت. کەجەکەش دەڵێ ئەگەر دانوستان بکرێت، ئەوە دەبێ هەلومەرجی ڕێبەر ئۆجالان بگۆڕێت، چونکە ئەو سەردانوستانکارە.
بانگەشەی هاکان فیدان ئەوە بوو لە ڕووی دیبلۆماسیی و ئیستخباراتەوە دەرفەت بە بزووتنەوەی کورد تەنگ بکات. خۆی زۆر بەهێز نیشان دەدات و لە میدیاوە هێرش دەکەن. بەڵام ئەنجامیان نەگرت. هەوڵیان دا قەندیل، سیاسەتی دیموکراتیی  و ئیمراڵیی وەک جیا لە یەک نیشان بدەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. هەروەک چۆن سیاسەتی نێونەتەوەیی هەوڵیان دا بزوتنەوەکە، گەل و ئۆجالان لەیەک دابڕینن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون
دەوڵەتی تورکیا بە بنبەست گەیشتووە، ڕێبەر ئۆجالان دەیەوێت ئەو دەرفەتە بەکار بێنێت بۆ کردنەوەی ڕێی چارەسەر، چونکە گەر تورکیا بگاتە بنبەست، لەگەڵ ئەوەی دەرفەت دەکرێتەوە، بەڵام پێ دەچێت مەترسیی گەورەش لەگەڵ خۆی بێنێت.
لە دوای ١٩٩١ کاتێ باشوری کوردستان بووە خاوەن ستاتۆییەک، پرسی کورد بووە پرسێکی دەرەکیی بۆ تورکیا، کوردانی ڕۆژئاواشی هاتە سەر، بۆ ئەوان بووە مایەی قەیرانێکی ناوخۆیی و دەرەکی. کورد تێکۆشانیان کرد لەو پێناوەدا. دۆخی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هێزی نێونەتەوەیی وێنەیەکی باشە کە کورد فاکتەری ئارامین نەک ئاڵۆزیی، لەو جێیەی کورد هەن، ئارامیی هەیە و چارەسەرییان لە ئاستی گونجاودایە

هەلومەرجی نیونەتەوەیی بۆ کورد باشە، لەبەر ئەوەی گەلی کورد دەیانەوێ پرسەکەیان لەو سنوورەی تێیدان چارەسەر بکەن. کاتێ بەشار ئەسەد کەوت، تورکیا گوشاری هێنا بۆ هەیئەت تحریر الشام کە کورد چەک دانێن، بەڵام هێزە کاریگەرەکانی جیهان ڕازیی نابن، چونکە دەڵێن ئەوە گەلی کوردە ئێمەی پاراست، داعش دەیویست لە ڕەقەوە تا موسڵ دەو:ەتی خەلافەت ساز بکات، بەڵام کورد ئەو پڕۆژەیەی تێکوپێک دا.
وەک داعش لە هەموو جێیەک تەقینەوەی کرد لە جیهاندا،بەڵام کورد داعشیان تێکشاند، کۆبانێ و کورد بوونە سەمبولی ئازادیی. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبەرژەوەندیی کورد لێدوانی دا، کاتێ دیداری لەگەڵ هاکان فیدان ئەنجام دا، دوایی تویتێکی نووسی کە کورد چەک دانێن، بەڵام لە ژێر گوشاردا تویتەکەی ڕاست کردەوە.ڕۆژنامەوانانی ئەڵمانی پێیان گوت؛ “ئەگەر کورد چەک دانێن، داعش دێت، تورکیا و داعش یەکن”، ئەوەش بووە گوشار بۆ سەر حکومەتی ئەڵمانیا.
بێگومان بەرخودانێکی مێژوویی لە ئیمراڵیی هەیە، ٢٣ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دیداری یەکەم ئەنجام درا دوای گۆشەگیرییەکی توندی ٤٣ مانگ. ڕێبەر ئۆجالان وتی؛ “ورەم بەرزە”. شاندی دوایی کاتێ چوون، ئەمجارەیان گوتی؛ ” ئامادەم بۆ چارەسەر و ورە و تەندرووستییم باشە”. ورەی باشە، لەبەر ئەوەی ئاستی ئاگایی هەر چۆن لە بەرگرینامەکانیدا گەڵاڵەی کردووە، پێشبینی بۆ ڕووداوەکانی ساڵانی دواتر کردبوو، هاتە دی. ئەو دەزانێ ڕووداوەکان ئیستا، پێشبینی و هەڵسەنگاندنەکانی پشتڕاست دەکەنەوە. گەلی کوردی ئامادە کرد. ڕێبەر ئۆجالان بۆ کورد دەرفەتێکی گەورەی خوڵقاند، بۆ نموونە پشێبینی دەکرد ئەگەر کورد لەگەڵ عەرەب هاوپەیمانی بکەن ئەنجامەکانی چی دەبێت! ئەگەر لەگەل تورکەکانهاوپەیمانیی بکەن، ئەنجامەکانی چی دەبێت! پڕۆژەی بۆ ژن و چارەسەری پرسی ئازادیی ژن پێش خست. پەرەی بە فکری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی دا کە گوزارەیە لە هەموو ڕەنگ و پێکهاتەکان، بۆ نموونە پێکهاتەی کورد، عەرەب، چەچەن، تورکمان، ئاشووریی و کلدان، تورکمان، جوو، مەسیحیی و موسڵمان، ئێزیدیی و هتد… دەتوانن پێکەوە بژین. مۆدێلێکی دیموکراتیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێش خرا. ستراتیژی هێڵی سێیەمی پەیڕەو کرد.
هەندێک هەن، کە هەمیشە بە کورد دەڵێن ئەوە هەڵیان دەخەڵەتێنن یان پیاوی فڵان و فڵان هێزن، وەک ئەوەی کورد هیچ نەتوانن سیاسەت بکەن. ئەو جۆرە سیاسەتە بۆ بچووککردنەوەی کوردە، بەڵام سەرنج بدە، لە سەردەمی سەرکۆماری تورکیا سڵێمان دەمیرالەوە تا ئیستا ٢٢ حکومەت گۆڕانکارییان بەسەردا هات، هەموو هەمان ئەرگومێنتیان بەکار هێنا. پەنجا ساڵە هەمان شت دەڵێنەوە. سەرەتا گوتیان تێکیان دەشکێنین، دەیانخەڵەتێنین.
ڕاستە لە مێژووی ڕابردوودا کوردیان خەڵەتاندووە، بەڵام ئەوە ٥٢ ساڵە پەکەکە ڕەخنەدان لەسەر ئەو مێژووە دەدات و تێکۆشان بۆ تێپەڕاندنی ئەو سایکۆلۆژیایەی مرۆڤی کوردکردووە. جددیترین تێکۆشان کە ئەو بزووتنەوەی کردوویەتی، لەو بارەیەوە بووە.
پەکەکە لێکۆڵینەوەی کرد و خوێندنەوەی بۆ مێژوو کرد کە هەڵە لە کوێدا کراوە، بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی مێژوو دووبارە نەبنەوە، نەک تەنیا هەڵە لە مێژووی کورددا، بەڵکوو هەوڵی دووبارەنەبوونەوەی هەڵەی بزووتنەوەکانی جیهانیشی دا. کورد گۆڕانکاریی لە خۆیدا کرد، هەموو کەموکوڕییەکانی بە دوژمندا هەڵناواسێت، بۆ ئەوەشە ئەمڕۆ کورد بوونە هێز، بەڵام تورکیا هەر خۆی دووبارە دەکاتەوە.
ئەوەندە سەرۆکی دەوڵەتی تورک هاتن و چوون، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو ئەو دەوڵەتانە تێک دران،ئێراق، سوریا، لیبیا و هتد … بەڵام ئێمە سیستەمی دیموکراتی خۆمان بونیاد نا. وێڕای ئەو هەموو هێرش و پەلامار و داخستنی سنوورە بە سەر کورددا، هێشتاش کورد لە ڕۆژئاڤا بەهێزن.
پەیامی ڕێبەر ئۆجالان چۆن پێک بێت؟ بێگومان گرنگە هەموو کەسێک بۆچوونی دەربڕێت، ڕۆشنبیر، ئاکادیمیی، ڕۆژنامەوان و سیاسەتمەدار، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن،بەڵام ئەوەی پێکی دەهێنێ، کورد خۆیەتی. چونکە ڕێبەرێکی کورد ئەوەی پێش خستووە، دەبێ کورد باوەڕیان بە خۆیان بێ.
با ڕۆشنبیران و تیۆریسیانان لێکۆڵینەوە لەسەر تورکیا بکەن و لە ڕێی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەوە وردکۆڵیی بکەن، تورکیا ئەندامی ناتۆیە، بەڵام گوێ لە ناتۆ ناگرێ، ئەندامی کۆنسەی ئەوروپایە، بەڵام گوێ لە کۆنسەی ئەرووپا ناگرێت،ئەم دەوڵەتە ئەو کێشە قووڵەی هەیە. بەریتانیا و فەڕەنسا بە لۆزان ئەم دەوڵەتانەیان درووست کرد، بەڵام ئەمڕۆ ئەم دەوڵەتانە لەبەردەم سیستەمی نیولیبراڵیزمدا تەگەرەن، چونکە داوا دەکەن کە ئەم دەوڵەتانە ناناوەندیی ببن نەک وەک دەوڵەتی ڕووسیا و تورکیا کە سیستەمێکی ئۆلیگارشییە. سەدام، ئەسەد، قەزافی هەمان کاریان کرد کە نەوتیان دەفرۆشت، بەڵام قۆرغیان دەکرد.

ئەوەی ئەم دۆخەی سیستەمی نیولیبراڵیزم دروستی کردووە، دەرفەت بۆ ئێمەش درووست دەکات، دیارە سیستەمی نیولیبراڵ بۆ ئێمەش مەترسیدارە، چونکە ئێمە بۆچوونمان لە بابەتەکاندا جیاوازە، سیستەمی نیولیبراڵئەگەر بۆ هێزی باڵادەستی نێونەتەوەیی لە پێناوی فراوانکردنی بارزگانی بێ، بۆ ئێمە بابەتی دیموکراسییە. ئەگەر تورکیا تەگەرە بێت لەبەردەم ئەو سیستەمە، ئەوە بۆ ئێمە دەرفەتێکە. دەرفەتێکی مێژووییە و ڕێبەر ئۆجالان پێشەنگی ئەو قۆناغە مێژووییەیە.
کورد دەبێ حسابی بچووک بخەنە لاوە و کۆتایی پێ بێنن، دەبێ وەڵامی ئەو قۆناغە بدەینەوە. ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، کوردستانە.
حزبی سیاسی ڕاستییەکە لە کوردستان، بەڵام هەندێک حزب زیانیان بە کورد گەیاندووە، دەبێ پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن و باسی “ئێمە” بکرێت، نابێ بڵێین “من”. ڕێبەر ئۆجالان ناڵێ “پەکەکە” دەڵێ “کورد”. ڕێبەر ئۆجالان لە ٢٠١٤ نامەی نارد، وتی ئاگر بەرەو کوردستان دێت،دەبێ کورد کۆ ببنەوە و بڕیار لەسەر دوو شت بدەن. یەکەم؛ بەرگریی ڕەوا و دووەم: دیبلۆماسی هاوبەش.
ئێستا لە کاتێکدا جیهان باسی کورد دەکەن، ئەگەر کورد خاوەن گوتارێکی یەکگرتوو بن و بە یەکگرتوویی سەردانی نەتەوەیەکگرتووکان بکەن، ئەوا بارمان سووک دەبێت. بۆ نموونە لەو گۆڕانکارییانەی سوریادا گرنگە کورد یەکگرتووبن. هەندێ پارت هەڵدەستن دەچنە دیمەشق و هەندێ شت دەڵێن کە مایەی شەرمە. چۆن دەکرێت تۆ بچیتە دیمەشق لە دژی ئەو پێگەیەی بە قوربانی گەورە بەدەست هاتووە، قسە دەکەی. دەبێ لە دیبلۆماسیدا یەکگرتوویی هەبێ. ئەگەر لە سووریا ڕەخنەی لە پەکەکەیە، با بچێت خۆی لەگەڵ پەکەکە قسە بکات، ئەگەر نایەوێ پێشنیار دەکەم داوا بکات یەکێتیی نێوانگریی بکات. ئەگەر نیازپاک و ئەگەر لە ئەقڵ دا نیشتمانپەوەرن، دەتوانن لە ماڵی خۆماندا کێشەکەمان چارەسەر بکەن. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەتوانێ ئەو خزمەتە بکات، تەنانەت دەتوانن پلاتفۆرمێک ساز بکەن و کێشەکانیان لەوێدا چارەسەر بکەن.
ئەگەر نامانەوێ کوردستان وەک غەزەی لێ بێت دەبێ کورد یەکگرتوو بن و پێکەوە بن. دەبێ هەموو کەسێک ئەمڕۆ لە خزمەتی پەنجا ملیۆن کەسی خۆیدا بێت. کۆنگرەی نەتەوەیی هەوڵ دەدات لە ڕۆژئاڤا ڕاوێژێکی نەتەوەیی ساز بکات. با بێن و کێ چی دەوێت لەوێ باسی بکات. بۆ نموونە، پەترۆڵ هی حزبێک نییە هی هەموو گەلانە. کەس حساب لە سەر سامانی سرووشتی گەل نەکات و ئەو سامانە هی گەلانە هی گەلێکیش نییە بە تەنیا. ڕاستە ئەو سامانە سرووشتییانە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆسەرییدایە،بەڵام هی گەلانی ئەو هەرێمەیە.
کورد چ ڕەخنەیەکیان هەبێ لە یەک دەبێ لە ماڵی خۆیاندا و لەسەر نێو خۆیاندا بیکەن و چارەسەری بکەن. ئەمڕۆ هەلومەرجی نێونەتەوەیی لە دژی کورد نییە. ئەمەریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا، ئەڵمانیا ، ئەمڕۆ لە دژی کورد نین. هاوسەنگییەکانی پێشوو شکا، لەوانەیە سبەی گۆڕانکاریی تر ڕوو بدات. لەوانەیە و پێ دەچێت ترامپ بڵێ لەگەڵ ئەو سیاسەتە نیم، ئەوە کورد دەبێ خۆی بپارێزێت.
دوای دوو مانگ ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی شێخ سەعیدە. دەوڵەتی تورکیا پڕۆژەی شەرقی ئیسلاحاتی دەست پێکرد. ئەو نەخشەیەش سەدەیەک پڕ دەکاتەوە و دواتر کۆمەڵکوژیی زۆریان لە دژی کورد کرد. دەوڵەت ئەو پڕۆژەیەی لە ئیمراڵیدا تازە کردەوە جارێکی تر و نوژەنیان کردەوە و بە شێوازی جیاواز ئەمجارەیان دەیانویست شەرق ئیسلاحات درێژە پێ بدەن. بە سزادانی ڕێبەر ئۆجالان ویستیان مۆدێلی کورد تێک بشکێنن، بەلام قەدەری شێخ سەعید لە ڕێبەر ئۆجالاندا دووبارە نەبوویەوە. بزووتنەوەی کورد لە ئەورووپا، ئەمەریکا، لە هەموو جیهان پڕۆژەی شەرق ئیسلاحاتی تێکشکاند. لەو هەڵمەتەی لە ساڵی پارەوە دەستی پێ کردووە بینیمان کە چەندە کورد دۆستی هەیە. کورد ئیتر بە تەنیا نییە، لە بەنگلادیش، لە نیجیریا، لە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا، هەموو وڵاتانی ئەورووپا، لە هندستان، نیپاڵ، بروکسل، واشنتۆن، شیلی، بەرازیل، ئەرژەنتین، ژاپۆن و زۆر جێگەی تر، گەلان خاوەندارییان لە ڕێبەر ئۆجالان کرد و داکۆکیان لە چارەسەری دۆزی کورد کرد. بەرخودانێکی هاوچەرخ کرا.
ئەو هەڵمەتە، هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لوتکەی بەرخودان بوو، لەهەمان کاتدا هەڵمەتی خستەڕووی چارەسەری کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی و تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیی بوو بۆ چارەسەری قەیرانەکانی جیهانیش. ئەو گەلانەی بەشداریان لەو هەڵمەتە کرد، ئۆجالان تەنیا وەک ڕێبەری کورد نابینن، بەڵکوو وەک فەیلەسووفێک دەبینن کە چارەسەری بۆ پرسی ئیکۆلۆژیی، ئابووریی، پرسی ئازادیی ژن و پیاو و پرسی ئازادی تەنانەت بۆ منداڵان خستووەتە ڕوو. ئەوانەی داکۆکی لێ یدەکەن، پێیان وایە ئۆجالان دەبێ ئازاد ببێت.
لە میانەی ئەو هەڵمەتەدا گوشارێکی زۆر خرایە سەر کۆنسەی ئەورووپا. مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٤ دەستەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا کە تورکیا خۆشی ئەندامە، ساڵێک دەرفەتیان بە تورکیا دا تا یاسایەک بۆ “مافی هیوا” ڕەچاو بکاتەوە”.

مافی هیوا یاسایەکە بۆ ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەو کەسانەیە وا ماوەیەکی درێژە لە زیندانی یەکێک لەو وڵاتانەی کۆنسەی ئەورووپا دەستبەسەرن، ئەگەر لەو کاتەدا شتێکی نایاساییان نەکردبێت، ئەوە مافی ئەوەیان هەیە ئازاد بکرێن. هەروەها ٦٩ کەسی خاوەن خەڵاتی نۆبل بە نامەیەکی هاوبەش داوای ئازادی ڕێبەر ئۆجالانیان کرد. لە ٢٢ مانگی تشرینی یەکەم کاتێ باخچەلی لە پەرلەمان لێدوانیکی دا، ئەویش باسی لە “مافی هیوا” کرد، چونکە لە ژێر گوشاری کۆنسەی ئەورووپادان. واتە تورکیا دەبێ یاساکانی خۆی بگۆڕێت. ئەو گوشارەی کۆنسەی ئەورووپا بۆ سەر تورکیا لە ئاستی نێونەتەوەیی دا، ئەنجامی تێکۆشانی گەلی کورد و هەڵمەتی دۆستانی کوردیشە.
دەبێ ئەوە بڵێم تورکیا جێی باوەڕ نییە، لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە دانوستان هەبووە، چەندین جار ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە ڕاگەیەنراوە، لە ساڵی ٢٠١٣ دانوستان هەبوو، دیدارەکانی ئۆسلۆ هەبوو. پەکەکە و ڕێبەر ئۆجالان چەندین جار جاڕنامەی ئاشتیان ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا هەمیشە ئەو دەرفەتانەی بۆ شەڕ بەکار هێنا. تورکیا لاواز بووە و دەیەوێ ئەو دەرفەتە بۆ دەرچوون لەو لاوازییەی بەکار بهێنێ و خۆی بۆ هێرشێکی مەزن ئامادە بکات.
ئەو قسەیەی دەوڵەت باخچەلی کردوویەتی و دەوڵەتیشپشتگیریی لێ کردووە کە با دیدار ئەنجام بدرێت، بەڵێنی بە خەڵک دا و زۆر شتی گەورەی گوت، بەڵام عوسمانییەکان بە گەمەی سیاسیی ناسراون و پاشخانێکیان لە گەمەدا هەیە. تورکیا دەوڵەتێکە سەرۆکی کۆماری خۆی کوشت. ئێمە باوەڕمان بەوان نییە، باوەڕمان بە خۆمان هەیە. دەوڵەت دڵخواز نییە لەو هەنگاوەی، بۆ ئەوەشە کە قسە دەکەن، ناکۆک قسە دەکەن. زمانیان نەگۆڕاوە چونکە ناچارییەکە بۆ ئەوان. بەڵام ئەو ناچارەییە دەکرێت بەهۆی گۆڕانکاریی هەلومەجەکەوە بێت. ئێمەی کورد دەبێ دەستمان قایم بکەین، دەبێ ئێمەی کورد ئەم دەرفەتە وەرگەڕێنینە ئەو چوارچێوەیەی ڕێبەر ئۆجالان پەرەی پێ دەدات، ئەمجارەیان ئێمە دەڵێین مافی چارەنووس هی ئێمەیە، نەک دەوڵەت.

ژێدەر:
پوختەی قسەکانی نیلووفەر کۆچ، سیاسەتمەدار و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بەرنامەیەکی تایبەتی ‘ستێرک’ تیڤیدا.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...