ڕووبەڕووبوونەوە لە ئۆفیسەکەی ترامپ لەگەڵ زیلینسکی؛ دیبلۆماسییەتی کوشت
بە واتایەکی تر، ڕێککەوتنی کانزاکان نرخێک بوو بۆ گەرەنتییەکانی ئاسایش. ڕێککەوتنی کانزاکان بێ گەرەنتی ئاسایش بۆ ئۆکراینا بێواتایە. کاتێك هەموو مژارەکە لەگەڵ داواکارییەکانی ترامپ و ڤانس بۆ سوپاس تێکەڵ دەکەین، زیاتر ناشرین دەبێت: دەبێت ئۆکراینا بۆ یارمهتیی بڵێت "سوپاس!" و پاشان پارەشی بۆ بدات.

سڵاڤۆ ژیژەک
لە ئینگلیزییەوە؛ شیلان کوردستانیی
ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ئۆفیسی قووچهكیی لە ٢٨ی فێبریوەری، تەواوی جیهانی حەپەساند، بەڵام لە جیاتی شیکردنەوەی کاریگەرییە سیاسییەکانی، با چاو لە وردەکارییەکانی ڕەوشت و ئاماژەکان بکەین، کە بهڕواڵهت هێندهی كێشه سەرەکییەکان گرنگ نین، كهچی هەڵوێستی بنەڕەتیی ژێرهوانكێ زیاتر دهردهخهن.
یەکەم شت کە بەرچاو دەکەوێت، ههڵسوكهوتی دوو سیاسەتمەداری خۆبەزلزان و دڵنیای ئەمریکایە لەگەڵ ڕێبەری ئۆکرانیا – کە لەژێر فشارێکی یەکجار زۆردا بوو، لە لێواری ڕووخاندا – كه بە شێوەیەکی یەکجار بێڕێزانە و دڕندانە ڕەفتاریان کرد. وڵاتێک نوێنەرەکانی زمانێکی ئاوا دڕندانە بەکار دەهێنن، من بزانم تەنها ڕووسیایە.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا نووسیویەتی: “چۆن ترامپ و ڤانس توانییان بهر به خۆیان بگرن و لەو گەندەڵە نەدەن، ئهمه موعجیزەی دانبهخۆداگرتنە.” وەکوو چاوەڕوان دەکرا، دیمیتری مێدڤێدێف، سەرۆکی پێشووی ڕووسیاش تێههڵچوو و زێلێنسکی بە “قهشمهری کۆکایین” ناو برد. بەڵام ئەو دەربڕینانە لەلایەن فیگەری ڕیزی دووەمەوە دەکرێن، هەرگیز لەلایەن ڕابەرە باڵاکانەوە ناکرێن.
لە ئاستی دیپلۆماسی گشتییدا، ترامپ و جەی. دی. ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێشێلی ئەو یاسایانەیان کرد وا تەنانەت کەسانی وەک ئەدۆڵف هیتلەر، جۆزێف ستالین و مائو زێدۆنگیش ڕێزیان لێ دەگرت. تاکە ڕژێمێکی تر کە هەندێک جار پەنا دەباتە بەر دڕندەییەکی بەم ڕەنگە، کۆریای باکوورە – سهیر نییە كه ترامپ بە ئاشکرا ستایشی کیم جۆنگ ئوونی دیکتاتۆری کۆریای باکووری کردووە وەک ڕابەرێکی باش، تەنانەت بە هاوڕێش ناوی بردووە.
پێش ئەوەی زێلێنسکی بێتە ژوورەوە، کارمەندانی کۆشکی سپی ڕەخنەی ئەوەیان لێ گرت گوایە بێڕێزی نواندووە و جلێکی گونجاوی نەپۆشیوە. ههموو مامەڵەكه لەگەڵ زێلێنسکی بێڕێزانە بوو. ئەوەی کارەکە خراپتر دەکات ئەوەیە ترامپ، پیاوێک كه پێوەری نوێی لە قسەی ناشرین و ڕژددا بهزاندووه، ئێستا دێت و بێشەرمانە سەرزەنشتی کەسانی دیکە دەکات بۆ بێڕێزیی. شوورهییترین شت سەركۆنهكردنی کەسێکە له بهر بێڕێزیی بە شێوەیەک کە سهركۆنهكه، خۆی لە خۆیدا، کردەیەکی ئاشکرای بێڕێزییە. تەنانەت ژیریی دەستکردی سادەی وەک چات-جی-پی-تی لە گفتوگۆدا ڕەوشتیێکی باشتر لە ترامپ و ڤانس دەنوێنێت.
هەروەها، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کاردانەوەی زێلێنسکی بۆ دهركرانی بە میتافۆرێکی بێتام وەسف کرد: “وەک ئهوهیه خۆشەویستێکی پێشوو، لە جیاتی ئەوەی پەیوەندییەکە بەرەو پێش ببات، بیەوێت مشتومڕ لەمەڕ هەموو ئەو شتانە بکات وا نۆ ساڵ لەمەوبەر وتووتە.”
کەواتە، ئایا ناکۆکی ئاشکرا لە ئۆفیسی قووچهكیدا تەقینەوەیەکی خۆڕسک بوو؟ لانیکەم ئەم ئاڵوگۆڕە قڕێژه لە ژێرەوە چەپۆکانی بوو، چاوەڕێی تەقینەوە بوو. دەبێت لە بیرمان بێت لە ئاستی ناوەڕۆکی جهوههرییدا، هیچ شتێکی نوێ ڕووی نەدا. بە دەربڕینی هیگڵی، ئەمە گوزەر بوو لە “ئان زیش” (لە-خۆیدا) بۆ “فور زیش” (بۆ-خۆی) – لە بوونی ڕووتی پشتەوەڕا برهو نواندنی ڕاشكاوی ناوەڕۆک.
ئەم گۆڕانە هەموو شتێک دەگۆڕێت: کاتێک شتێک ڕاستەوخۆ وترا، ناتوانرێت پووچەڵ بکرێتەوە. لەوانەیە هەموو کەسێک لە گرووپێکدا شتێک بزانن کە تەنها لە خۆیدایە و دەکرێت وەک هەڵەتێگەیشتنێک لێکی بدەنەوە، بەڵام کاتێك بە ئاشکرا دەرکەوت، بابەتەکە جیاوازە. لە ڕەوشی کۆبوونەوەی ئۆفیسهكهدا، هەرچەندە گرژیی هەمیشە هەستپێکراو بووە، بەڵام کاتێک شتەکان گرژ بوون کە ڤانس فشاری خستە سەر زێلێنسکی بۆ ئەوەی نرخی یارمەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە شەڕی ئۆکراینا دژی ڕووسیا نەزانیوە.
ئەوەی ڕووی دا کێبڕکێیەکی ئاشکرای هاواركردن بوو١ — ئەم شتە لە دیپلۆماسیدا بێوێنەیە، جێگایەک کە ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆ و دڕندانەی ئاوا بە شێوەیەکی تایبەت بۆ پشت دەرگا داخراوەکان دەهێڵرێتەوە. وەک هەندێک شرۆڤەکاران ئاماژەیان پێ کرد، دیپلۆماسی لە ئۆفیسی قووچهكییدا مرد. ئەوەی بینیمان شتێک بوو زیاتر لە چەشنی دانوستانێکی ئاستنزمی نێوان سەرۆک مافیاکان.
باسەکەی ڤانس، کە دوای ساڵانێک هەوڵدان بۆ شکاندنی ڕووسیا بە چەک، کاتی دیپلۆماسی هاتووە، هێندە پڕە لە کونوقوژبن ناتەبایی لێ دهچۆڕێت. شەڕ (دەستدرێژی ڕووسیا) دوای ساڵانێک هەوڵی دیپلۆماسی بێکاریگەر ڕووی دا — کاتێک ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤ کریمیای داگیر کرد، دیپلۆماسی هیچی بەدەست نەهێنا. ئەو بەرخۆدانە قارەمانانەی ئۆکراینییهكان، وا لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانیی لێ دەکرا، شکستی نەهێنا؛ بەڵکوو بارودۆخی بۆ دانوستانی گونجاو درووست کرد. بێ ئەم بەرخۆدانە، ئۆکراینا وەک دەوڵەت نەدەما.
وەک پێشتریش بینیمان، ترامپ و ڤانس کێن تا پاش شکاندنی گشت یاساکان، بێن باسی دیپلۆماسیی بکەن؟
ساویلکانەیە گەر بانگەشەی ئەوە بکەیت دەرخستنی گرژییەکان بارودۆخەکە ڕوون دەکاتەوە. یەکەم، وەک بینیومانە، دەکرێت ئاشکراکردنی شتەکان ڕێگریی لە چارەسەری گونجاو بکات، ئەویش لە سۆنگەی هەڵکشاندنی دەستدرێژیی و سووکایەتیی.
دووەم، و گرنگتر، ئەوەی لە ئۆفیسهكهدا ڕووی دا، پرۆسەیەک نەبوو بۆ دەرخستنی گرژییە ڕاستەقینەکان: بارودۆخەکە تاریک مایەوە، بە تووڕەیی ئاشکرای ترامپ لە ئۆکراینا و ئەورووپا، زێلێنسکیش لە بارودۆخێکی مەحاڵدا هێڵرایەوە — دەبوایە بەرگریی لەو بەرژەوەندیە مان و نهمانییانهی ئۆکراینا بکات وا ئەمریکا پشتگوێی خستبوون، هاوكاتی نیشاندانی ڕێز و سپاسیش، مادام دەیزانی مانەوەی ئۆکراینا پشت بە پشتیوانی ئەمریکا دەبەستێت. ئایا دەبێت لۆمەی زێلێنسکی بکەین؟ نەدەکرا زیاتر ئاگاداری پێویستیی یارمەتیی ئەمریکا بوایە و بە ڕەچاوکردنی زیاترەوە ڕەفتاری بکردایە؟ جیاوازییەکە ئاشکرایە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، بەتایبەت کیر ستارمەری سەرۆک وەزیری بەریتانیا، کە، وەک ئۆوێن جۆنز ئاماژەی پێ کرد، لە کاتی دوایین سەردانیدا بۆ واشنتۆن نزیک بوو تەواو بچێته نێو کۆمی ترامپەوە.
پێم وایە نەک هەر نابێت سهركۆنهی زێلێنسکی بکرێت — بە پێچەوانەوە، دەبێت تەواو نرخی بارودۆخە تراژیدییەکەی بزانین. بە ڕوونیی بەرگریی لە خۆی کرد و بهرپهرچی دایهوه، بەڵام دەبوو ئەمە لەگەڵ ڕێزنواندنێکی سووکایەتیئامێز بۆ ترامپ تێکەڵ بکات، ترهمپێك کە پشتیوانی ئەجێندای ڕووسیا دەکات.
بانگەشەکەی ترامپ گوایە زێلێنسکی ئاگربەستی ناوێت و له شەڕێکی بەردەوام دهگهڕێ، درۆیەکی ڕووت بوو: بێگومان زێلێنسکی ئاشتی دەویست، بەڵام بە تێگەشتنێکی تەواوەوە — ئاشتییەک کە تەنها ئاگربەستێك نەبێت كه دەرگا بۆ ڕێکخستنەوە و هێرشی نوێی ڕووسیا بکاتەوە. بۆ داڕشتنەوەی پێناسە ناسراوەکەی کارل ڤۆن کلاوزەڤیچ سەبارەت بە شەڕ وەک بەردەوامبوونی سیاسەت لە ڕێگای دیکەوه، ئاگربەستێکی بەم ڕەنگە دەبێتە بەردەوامیی شەڕ بە ئامرازی ئاشتیخوازانه.
میتافۆرە دووپاتەکەی ترامپ سەبارەت بە کارتەکان چەواشەکەریشە — وەڵامەکەی زێلێنسکی ڕاست بوو، “من یاریی کارت ناكەم.” جوولەکەکان لە ئەڵمانیای نازییدا هیچ کارتی باشیان بەدەستەوە نەبوو، بە تایبەت پاش ساڵی ١٩٣٨، بەڵام ئایا دەبوو پێمان بگوتنایە، “ببوورن، ئێوە کارتی باشتان نییە — ئێوە پشتیوانی تەواوی ئێمەتان دەوێت، بەڵام ئهمه دەکرێت ببێتە هۆی شەڕێکی جیهانیی نوێ”؟ چۆن دەتوانرێت دژی ئەو لۆژیکە قسەوباس بکرێت؟
پاش ئەوەی ترامپ و ڤانس سووکایەتییان به زێلنسكی كرد كه گوایە وەک پێویست پێزانینی نیشان نەداوە، ئهویش پەیامێکی کورتی لە ئێکس بڵاو کردەوە: “سوپاس ئەمریکا، سوپاس بۆ پشتیوانیتان، سوپاس بۆ ئەم سەردانە. سوپاس @POTUS، کۆنگرێس، و گەلی ئەمریکایی. ئۆکراینا ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوامی دەوێت و ئێمە تەواو کار بۆ ئەوە دەکەین.”
ئایا ئەم دووپاتکردنەوە نزیک به ناچارییهی “سوپاس” مەبەستی نیشاندانی سوپاسێك بوو کە ترامپ و ڤانس ڕەخنەیان لە نەبوونی گرت یان ڕەگەزێکی تانە لەم پەیامەدا هەبوو، جا چ بە ئەنقەست بێت یان نا؟
کاتێک ترامپ باسی هۆکاری مرۆڤدۆستانە دەکات، هەمیشە ترسناکییەکی شاراوەی وا لە پشتەوە. بیرتان بێت بانگەشەی ئەوەشی کرد دەبێت غەززە لهبهر هۆکاری مرۆڤدۆستانە چۆڵ بکرێت، بەڵام نە لە غەززە و نە لە ئۆکراینا پرسیاری ئاشکرای نەکرد: کێ بەرپرسیارە لە وێرانکاریی؟ هەم لە غەززە و هەمیش لە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیاوە، [درووشمی] “سهرهتا ئەمریکا” بە ڕوونیی به مانای بازرگانییە.
مارکۆ ڕوبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی “هەلە دهگمەنهکان، ههلی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی کرد كه گوایە ئەمریکا و ڕووسیا دەتوانن پاش دامرکانەوەی شەڕی ئۆکراینا بیانقۆزنهوه.” ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر بازرگانی نەک هەر ئایدیۆلۆژیی نییە بەڵکوو تەواو ئاوێتەی هەڵبژاردنە دیاریکراوە ئایدیۆلۆژی-سیاسییەکانە. بازرگانی پێشگریمانەی کۆمەڵێک یاسای نەنووسراو دەکات کە دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت — متمانەی بنەڕەتی بنچینەییە. ترامپ ئەم یاسایانە پێشێل دەکات و بازرگانیی دەکاتە گەمەیەکی دڕندانەی باج ستاندن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنە سیاسییەکان: بۆچی چین وەک دوژمنی سەرەکی سەیر بکرێت و هەر “هەلێکی دهگمهن” بۆ هاوکاریی لەگەڵ چین پەرچ دەدرێتەوە؟ بۆچی بە تایبەتی ترامپ بەردەوام ئەورووپا وەک دوژمنی سەرەکیی ئەمریکا پێناسه دەکات، لەگەڵ بانگەشەی گاڵتەجاڕانەی ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ “فێڵکردن” لە ئەمریکا درووست کرا؟ چیرۆکەکە بە باشی ناسراوە، کەواتە پێویست ناکات لێرەدا دووبارەی بکەینەوە.
پێویستیش ناکات ئاماژە بەوە بکرێت ئەورووپا دەبێت چی بکات: ئەگەر ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە یەکێتی ئەورووپا بۆ فێڵکردن لە ئەمریکا درووست کرا، ئەوا دەبێت ئەورووپا وەڵامێکی ڕوون بداتەوە — سیاسی، ئابووریی و سەربازی — دەبێت هەموو بژاردەکان لەسەر مێز بن، لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکی نوێ لەگەڵ چین و له برەوخستنی دۆلار. بە کورتیی دەبێت ئەورووپا تا پێی دەکرێت یەک بگرێت و دۆخی ناكاو ڕابگەیەنێت.
ئەوەی ترامپ لە کردەوە قڕێژهكانیدا دەیکات، جێبەجێکردنی ئهو هەڵوێستە سیاسییانهیه وا ساڵانێک پێش ئێستا بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوون.
ترسناکیی ئهم جۆره کردهوانه زۆر لە باجگیریی ئابووری و پێشێلکردنی نۆرمە دیپلۆماسییەکان دوورتر دەڕوات. کاتێک کەسێک بە یاسایی ڕەفتار دەکات، کردەوە دەرەکییەکانیان پێشێلی هیچ قەدەغە و ڕێسایەکی یاسایی ناکەن. بەڵام ڕێزداریی و ڕەوشت و جوامێریی و هتد… لە گوێڕایەڵیی بۆ یاسای دەرەکیی زیاترە. ئەمە بوارێکی دیارینهكراوی لێڵه [تێییدا] نازانی مهجبووری چی بكهی (كهچی چاوەڕێی دهكرێ بیکەیت). ئەمە بەشێکە لە نەریت و چاوەڕوانییە نەوتراوەکانمان، شتێک كه ڕەگی لە جهوههری ناونشینی ئاكاری کۆمەڵایەتیماندایە.
هەر بە هەڵکەوت ئەمە خۆڕووخاندنی بنبهستی سیاسهتی-درووسته: هەوڵ دەدات ڕەوشت فۆرمولە و یاسایی بكات. ترامپ و ڤانس، پێشڕهوانی گەورەی سیاسهتی درووست، ڕێک بەم شێوەیە ڕەفتاریان کرد، ئەویش کاتێک زۆریان لە زێلێنسکی کرد تا هەڵوێستێکی مەحاڵ بنوێنێت، واته بە داواکردنی ئەوەی بە ئاشکرا بڵێت “سوپاس.”
گوتاری ترامپییانە (بە مانای وردی لاکانیی وەک پێوهندیی کۆمەڵایەتی کە بە ئاخاوتن ڕادهگیرێت) رێك هەڕەشەیە بۆ سەر جهوههری ژیانی کۆمەڵایەتیمان. ئەمە ڕاستەوخۆ بەشداری دهكات له نا-ئاوێزانیی کۆمەڵایەتییدا، زۆر شیکەرەوە ئاماژەیان بەمە کردووە. نەبوونی ڕەوشت ئەوانی دیکە لە پەیوەندیکردن وهلادهنێ: وا دەنوێنم کە گوێ لە بەرانبەرەکەم دەگرم، بەڵام له ڕاستیدا گوێم لێی نییە. ئەم هەڵوێستە خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی بەکۆمەڵ.
ئەمەیە ئەوەی لیندسی گراهامی سێناتۆری کۆماریخواز پاش کۆبوونەوەكه وتی: “ئەوەی لە ئۆفیسهكهدا بینیم بێڕێزانە بوو، نازانم ئیتر هەرگیز دەتوانین لەگەڵ زێلێنسکی بازرگانی بکەین. پێم وایە زۆربەی ئەمریکاییەکان کەسێکیان بینی کە نەیاندەویست لەگەڵی بچنە نێو بازرگانییەوە، به هۆی جۆری بهڕێوهبردنی کۆبوونەوەکه.”
دیسانەوە، دەستەواژەی “بازرگانی” لێرەدا زۆر بەرچاوە. گراهام دواتر داوای لە زێلێنسکی کرد تا زیاتر گرنگیی بدات به ڕێککەوتنێکی کانزاکان لەسەر گەرەنتی ئاسایش یان ئاگربەست لەگەڵ ڕووسیا — شوورهییهكی بێوێنه. ڕێککەوتنی کانزاکان دۆخێکی ڕوونی باجگیری بوو لەلایەن ئەمریکاوە: یارمەتیی ئێمە وەردەگریت ئەگەر پارەی بۆ بدەیت — کە لەلایەن ترامپەوە بە ٣٥٠ ملیار دۆلار مەزەندە کراوە، ئەمە زیاترە لە کۆی ڕاستەقینە زیاترە — ئەمەش لە سۆنگەی ڕێگەدان بە ئەمریکا تا سەرچاوە سروشتییەکانتان بۆ دەیان ساڵی داهاتوو بەکار بهێنێت.
بە واتایەکی تر، ڕێککەوتنی کانزاکان نرخێک بوو بۆ گەرەنتییەکانی ئاسایش. ڕێککەوتنی کانزاکان بێ گەرەنتی ئاسایش بۆ ئۆکراینا بێواتایە. کاتێك هەموو مژارەکە لەگەڵ داواکارییەکانی ترامپ و ڤانس بۆ سوپاس تێکەڵ دەکەین، زیاتر ناشرین دەبێت: دەبێت ئۆکراینا بۆ یارمهتیی بڵێت “سوپاس!” و پاشان پارەشی بۆ بدات.
نموونەیەکی کلاسیکی “واقیعگەرایی” سیاسی — ترامپ و پێڕەکەی حەزیان لێیە خۆیان وەک “واقیعگەرا” نیشان بدەن، بە دووبارەکردنەوەی ئهم وێردهی گوایە تەنها دەیانەوێت ڕێگریی لە ئازاری بەرهەست و وێرانکاریی و مردنی خەڵکی ئاسایی بکەن. بەڵام وەک جۆن گانز ئاماژەیەکی باشی پێ کرد، ئەو بۆچوونە “واقیعگەرا”ـیانە (کە بۆ نموونە لەلایەن هێنری کیسینجەرەوە پراکتیزە کراون) ئازاری دیاری سەدان هەزار تاک پشتگوێ دەخەن.
زێلێنسکی بە ڤانسی وت؛ سەبارەت بە هەڕەشەی ڕووسیا: “ئێوە ئۆقیانووسێکی جوانتان هەیە و ئێستا هەستی پێ ناکەن، بەڵام لە داهاتوودا هەستی پێ دەکەن.” ترامپ دەستبەجێ خۆی هەڵقورتاند: “پێمان مەڵێ ئێمە هەست به چی دەکەین!”
لووتبەرزیی، ترامپی بۆ خوێندنەوەی زێلێنسکی هەڵفریواند: “هەستی پێ دەکەن”ـەکەی پەیوەندیی بە هەستی خودییەوە نەبوو؛ ئاماژە بوو بۆ فشاری سیاسیی و سەربازیی. بهڵام ترامپ وا تێدهگهیی زێلێنسکی فەرمانی پێ دەدات چۆن هەست بکات — [له كاتێكدا لای ترهمپ] ئهو کەسەی دەبوو فەرمانی پێ بکرایە هەست بە سوپاسگوزاریی بکات، ئەوا زێلێنسکی بوو. لە ئاڵوگۆڕێکی ئاسایی نێوان هاوپەیماناندا، دەبوو زێلێنسکی وەڵامی بدایەتەوە کە ئەوە ئۆکراینایە شایستەی ڕێز و سوپاسگوزارییە بۆ بەرگریی نەک تەنها لە سەروەریی خۆی، بەڵکوو لە ئازادیی هەموو ئەورووپا و ئەمریکاش.
https://www.youtube.com/watch?v=f8QhZYTg6Es1.