گوتار

بۆچى پێویستە هاوپشتى ڕۆژئاڤا بین؟

مۆدێلى هەسەدە هەم جیاوازە لە مۆدێلى توركیا كە دەوڵەت/نەتەوەگەرایە تا ئاستى پیرۆزكردنى دامەزراوەى دەوڵەت، هەم جیاوازە لە مۆدێلى هێزە تیرۆریستەكان كە خەلافەت/ئوممەت/شەریعەتە و هەمیش جیاوازە لە مۆدێلى میلیشیاكان كە كۆمارى ئاخوند/تەشەیوع/مەهدییە. هەڵبەت هەر بەم جۆرە مۆدێلى هەسەدە جیاوازە لە ئیسرائیلیش كە هەندێجار دەوڵەتى ڕەگەزپەرستى نەتەوە و هەندێجار دەوڵەت پلەس (ئیسرائیلى گەورە)/ گەلى هەڵبژاردە/مەسیحایە. مۆدێلى هەسەدە خۆسەرى/خەبات/ نەتەوەى دیموكراتى/ فرەییە؛ لەبەر ئەمەیە كە هەم توركیا و هەم تیرۆریستان هێندە دژ بە ڕۆژئاڤان و دەیانەوێت بە هەر نرخێك بووە ئەو ئەزموونە لەنێو بچێت.

هاوار محەمەد

ئەو هێزانەى لە سووریا لە جەنگدان لایەنیكەم ئەمانەن: ئەمریكا، ڕووسیا، توركیا، ئیسرائیل، ئێران، میلیشیا ئێرانییەكان، تیرۆریستانى ئەحرار شام، سوپاى نیشتمانیى سووریاى دژەكورد، هێزەكانى سووریاى دیموكراتیى كورد و دەوڵەتى سووریا خۆى بە سەرۆكایەتى ئەسەد. هەریەك لەمانە بەرژەوەندىی و پلانى خۆیان هەیە. ئەمریكا و ڕووسیا نێودەوڵەتین، توركیا و ئیسرائیل و ئێران دەوڵەتى و هەرێمین، تیرۆریستان و میلیشیاكان و هێزەكانى سووریاى دیموكرات نادەوڵەتین. ڕووسیا و ئەمریكا كەمێك دوورتر و توركیا و ئێران و سووریا و ئیسرائیل ڕاستەوخۆتر بەشدارن. لە سووریا تا ئەم ساتە هێزە نێودەوڵەتییەكان جەنگى ڕاستوخۆیان لەگەڵ یەكتر نەكردووە، بەڵام داڕیژەرى سەرەكیى ئەو نەخشانەن كە بە دەقیقى بۆیان جێبەجێ ناكرێت. لە بەرانبەردا بەشى سەرەكى پێكدادانە ڕاستەوخۆكان لەنێوان هێزە دەوڵەتى و نادەوڵەتییەكانن: داعش دژ بە سووریا و ئێراق، ئیسرائیل دژ بە میلیشیاكان، توركیا دژ بە كورد، تیرۆریستان دژ بە سووریا؛ ئینجا لەنێوان هێزە نادەوڵەتییەكان خۆیاندا بووە: تیرۆریستان دژ بە میلشیاكانى ئێران، ئەمانیش دژ بەوان، هەردووكیان دژ بە كورد و داعشیش هەر دژ بە كورد.

بەڵام ئەم جەنگانە چیتر دیالەكتیكى نین کە لە هەر قۆناغێکدا کۆتاییەکیان هەیە. لە فیكرى هیگڵدا ئاغا و كۆیلە لە بنەڕەتدا دوو “من”ـن كە لەسەر ئوبێكتێك (با بڵێین لەسەر خاوەندارێتیى پارچە زەوییەك) دەبێت بە جەنگیان. ئەم ململانێیە تا ڕیسكى مەرگ درێژ دەبێتەوە، بەڵام یەكێك لەمانە لەم سنوورەدا دەوەستێت و ناوێرێت یاریى بە ژیانى خۆیەوە بكات، بەڵكوو بۆ پاراستنى ژیانى خۆى ڕادەست دەبێت و دان بە سەردەستیى بەرانبەرەكەیدا دەنێت، بەمەش دەبێت بە كۆیلە و براوەكەش بە ئاغا. وەك دەبینین ئەمە بە تەواوی کار ناکات: ‎لای تیرۆریستەکان مەرگ پرسەکە یەکلا ناکاتەوە، چونکە خۆیان مەرگن، بەڵام خەباتگێڕانیش مەرگ نایابنەزێنێت چونکە خۆیان ژیانن. تەنانەت لە جەنگى ئەمریكا-تاڵیبان و ڕووسیا-ئۆكرانیاشدا ئەمە

ڕووی‌ نەدا. پوتین هەڕەشەى ئەتۆم دەكات و ناتۆش هێڵى سوورى زیاتر دەبەزێنێت. ماوەى چەند ساڵێكە هەر یەك لەم هێزانە لە ململانێدان تاوەكو گەر نەیشیبەنەوە، نەدۆڕێن و بەشێكى ئەم گرەوانەش لە مەرگدا یەكلا نابنەوە؛ ئەم دۆخى پێكدادانە زۆرانە وایان كردووە بۆچوونەكەى ئەنتۆنیۆ نێگرى و مایكڵ هارت لە كتێبى “مەڵتیتیود”دا تەواو ڕاست بێت: “جەنگى نوێ كۆتاییەكى نییە، پێویستە هێز و توندوتیژیى بە بەردەوامى و بێ پچڕان بەكار بهێنرێن. هیچ لایەنێكیان ناتوانن ئەم جۆرە جەنگانە ببەنەوە، یان با بڵێین پێویستە هەموو ڕۆژێك بیبەنەوە”.

هەموو ڕۆژێك بردنەوەى جەنگ بە واتاى بردنەوەیەكى یەكلاكەرەوە نییە، واتاى ئەوەیە ئەمڕۆ بۆ من و سبەى بۆ تۆ؛ بەم جۆرە براوە و دۆڕاوى شێوازى جەنگى كۆنى نێوان دەوڵەتان نییە، كە لایەك دەیبردەوە و ئەویتر دانى بە دۆڕانى خۆیدا دەنا، بەڵكوو تەنانەت گەر دوو دەوڵەتیش بەیەكدا بدەن (وەك ئێستاى ڕووسیا و ئۆكرانیا/ئەمریكا) جەنگى بێكۆتاییە كە لاوازبوون و باڵادەستى هەر لایەنێك كاتییە و دیسانیش دەست پێ دەكاتەوە. لەبەر ئەمەیە ململانێى ئیسرائیل و فەلەستین، تورك و كورد، ڕووس و ناتۆ، سووریا، ئەفریقا، ئێراق و هتد هەر بەردەوام دەبێت و پێ دەچێت بەم زووانە بە وێرانبوونى تەواوەتیى شارستانیەتیشدا تێپەڕێت. لە ڕۆژئاڤاى كوردستان هێزەكانى هەسەدە هەم بەرانبەر دەوڵەت (توركیا) و هەم بەرانبەر هێزە نادەوڵەتییەكان (داعش، تیرۆریستان، میلیشیاكان، عەشیرەتەكان) بەرگرى لە خۆیان دەكەن.

هیچ هێزێكیان وەك ئەوان نەخراوەتە ژێر فشار، چونكە هێزە نادەوڵەتییەكانى دیكە یان خۆیان بریكارى هێزە دەوڵەتییەكانن، یانیش ڕاستەوخۆ پاڵپشتى و هاوكارییان لێ وەردەگرن. بەڵام هەسەدە ئەو هاوكارییانەى كە لە ئەمریكا وەری گرتوون، هەم كەمن و هەمیش واى لێ نەكردوون ببن بە پرۆكسى ئەمریكى لە ناوچەكەدا؛ هەر لەبەر ئەمەیشە تا ئێستا ئەمریكا دەستەبەریى ئەمنیى بە ڕۆژئاڤا نەداوە و پێ ناچێت بیشیدات. لەمەش قووڵتر مۆدێلى هەسەدە هەم جیاوازە لە مۆدێلى توركیا كە دەوڵەت/نەتەوەگەرایە تا ئاستى پیرۆزكردنى دامەزراوەى دەوڵەت، هەم جیاوازە لە مۆدێلى هێزە تیرۆریستەكان كە خەلافەت/ئوممەت/شەریعەتە و هەمیش جیاوازە لە مۆدێلى میلیشیاكان كە كۆمارى ئاخوند/تەشەیوع/مەهدییە. هەڵبەت هەر بەم جۆرە مۆدێلى هەسەدە جیاوازە لە ئیسرائیلیش كە هەندێجار دەوڵەتى ڕەگەزپەرستى نەتەوە و هەندێجار دەوڵەت پلەس (ئیسرائیلى گەورە)/ گەلى هەڵبژاردە/مەسیحایە. مۆدێلى هەسەدە خۆسەرى/خەبات/ نەتەوەى دیموكراتى/ فرەییە؛ لەبەر ئەمەیە كە هەم توركیا و هەم تیرۆریستان هێندە دژ بە ڕۆژئاڤان و دەیانەوێت بە هەر نرخێك بووە ئەو ئەزموونە لەنێو بچێت.

بەم مانایە ئەم دژایەتییە تەنیا لەبەر ئەوە نیە ئەوان كوردایەتیی دەکەن، بەڵكوو لەبەر مۆدێلەكەشیانە كە خودى بوونەکەیان (واتە كوردبوون)ـەكەیشیانە؛ كورد وەك ئیمكانى بوونێكى سەربەست و فرە و پێكەوەیى كە جەنگ و سەركوت بنەماكەى پێك ناهێنن. ڕۆژئاڤا یەك لێكبەستنە: لێكبەستنى كوردبوون و مۆدێلى دیموكراتى؛ نەك وەك دوو ڕەگەزى جیاواز، بەڵكوو وەك یەك تاقم كە تێیدا بوونى كورد لە مانا بەرتەسكە ناسیۆنالیستى و تاكڕەوانە دەوڵەتگەراكەى بۆ بوونێكى دیموكرات و پێكەوەیى و خۆسەر تێدەپەڕێت. ئەمەیش لەبەرئەوەى مۆدێلى دەوڵەت بە واتای “قۆرخكردنى توندوتیژیى ڕەوا”ـیە كە كورد بە درێژایى مێژووى نوێ خۆى قوربانیى ئەم تووندوتیژییە بووە. ڕۆژئاڤا نایەوێت توندوتیژیى قۆرخ بكات، نایشیەوێت چیتر قوربانیى ئەم توندوتیژییە بێت. دەیەوێت یەك “ئاوارتەى ڕاستەقینە” بێت لەنێو دۆخى ئاوارتەى هەمیشەیى جەنگدا. دەیەوێت “خەبات” لە “جیهاد” (كە ئیسلامییەكان ستایشى دەكەن)، بەرگرى لە “كۆمەڵكوژیى” (كە ئیسرائیل بە درۆ ناوى بەرگرى لێ ناوە)، “بەرەنگارىی” لە “مەزهەبگەرایى” (كە ئێران بە درۆ ناوى میحەوەرى مقاوەمەى لێ ناوە) جودا بكاتەوە. هەر بەم جۆرەشە “ئاشتى” و “جەنگ”ـیش (كە لاى ئەمریكا و ڕووسیا تێكەڵ كراون) لێك جیا دەبنەوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...