ڕۆژئاوا و چەپەکانی بەرەی مقاوەمە
یازدە ساڵێک لەمەوبەر ژیژەک وتارێکی بەم ناونیشانە نووسی، "سوریا، زڕەخەباتە." ئەم وەسفە، کە ئێستا درووستتریشە لەوسا، سەبارخستنێکی پێویستە: ڕۆژاڤا ئاوارتەی ئەم زڕەخەباتەیە، نوێنەری تاکە خەباتێکی ڕاستەقینەیە بۆ شێوازێکی دیکەی ژیان، سیاسەت و حوکمڕانی لە ناوچەیەکدا کە بووەتە مەیدانی جەنگی بەوەکالەت و ڕقی مەزهەبی و هەژموونی هێزە ناوچەییەکان.
ڕوشدی جەعفەر
یازدە ساڵێک لەمەوبەر ژیژەک وتارێکی بەم ناونیشانە نووسی، “سوریا، زڕەخەباتە.” ئەم وەسفە، کە ئێستا درووستتریشە لەوسا، سەبارخستنێکی پێویستە: ڕۆژاڤا ئاوارتەی ئەم زڕەخەباتەیە، نوێنەری تاکە خەباتێکی ڕاستەقینەیە بۆ شێوازێکی دیکەی ژیان، سیاسەت و حوکمڕانی لە ناوچەیەکدا کە بووەتە مەیدانی جەنگی بەوەکالەت و ڕقی مەزهەبی و هەژموونی هێزە ناوچەییەکان.
ئەمەش لە زڕەململانێی بەرەی تیرۆری نادەوڵەتیی (تیرۆریستە سوننەکانی هەیئەی تەحریر شام و سوپای نیشتیمانیی بەکرێگیراوی تورکیا و هتد…) و تیرۆری دەوڵەتی (ڕژێمی ئەسەد و پاڵپشتی تیرۆریستە شیعەکان)دا. لە سوریادا ئەو گرووپانەی میدیا عەرەبییەکان بە “ئۆپۆزسیۆن” ناویان دەبەن، خراپترن لەو دەسەڵاتەی پێنج دەیەیە حوکمی وڵاتەکە دەکات. بەهەرحاڵ، ئەوە ناڕوونە ئایا ئەم پەلامارەی تیرۆریستە سوننەکان، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت یان نا؟ هێزی سەرەکی ئەم هەیئەیە، بەرەی نوسرەی جاران، ڕاستەوخۆ لە قاعیدە، جیا بووەتەوە. وێڕای ئەوەی لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپایە.
ئەمریکا لە ٢٠١٨ هەیئەی تەحریری شامی وەک تیرۆریست ناساندووە، لە ڕاگەیەنراوی بە تیرۆریست ناساندنی هاتووە، کە ئەمریکا بەم ناوگۆڕینەی بەرەی نوسرە بۆ هەیئەی تەحریر شام ” ناگەوجێنرێت.” چەپەکانی سەر بە میحوەری موقاوەمە، یان ڕاستییەکەی بە وتەی ئەحمەد بەشیر، میحوەری “المفاخذة”، ڕەخنەی ئەوە لە خۆرئاوا دەگرن، گوایە وێڕای ئەوەی هەیئەی تەحریر شامیان بە تیرۆریست ناساندووە، بەڵام بە شاراوەیی لەو ساڵانەی ڕابردوو ڕێگای بەهێزبوونیان بۆ خۆش کردووە. ئەوان پێیان وایە، هەژموونی ئەم هێزانە زیانە بۆ میحوەری موقاوەمە و فەلەستین. هەمان بۆچوون سەرکردەی میلیشیا ئێراقییەکان، له نموونەی ئەکرەم کەعبی و ئەبو ئالا وەلائی دەیڵێن. چەپی موقاوەمە، تا ئەو ڕادەیەش دەڕۆن کە پێیان وایە هەوڵی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی و خۆسەرییەک لە سووریا، زیان بە خەباتی دژەئیمپریالیزم دەگەیەنێت! کاتی خۆی جۆرج تەرابیشی کتێبێکی لەسەر بنبەستەکانی ڕۆشنبیریی عەڕەبی، “نەخۆشکەوتن بە خۆرئاوا”، نووسی، دەکرێت بە ناونیشانێکی نزیک لەوە کتێبێک لەسەر قەیرانی چەپیش بنووسرێت.
کەمپینی گۆڤاری (ئازادیی کۆمەڵگە) و نووسەران و ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان بۆ بەرگریی و بەرخۆدانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوا بەرانبەر چەتەکانی تەحریر شام و سوپای داگیرکەری تورک.