بەبێ تێگەیشتن لە پەکەکە دەسکەوتەکانی نابینرێن
پەکەکە لەبەر ئەوەی وەک حزب و بزووتنەوە تەقلیدییەکانی کوردستان نەکەوتە ناو مەیدانی خەبات، هەمانکات لە هەنگاونان و بەرەوپێشچوونیش بەگوێرەی مۆدێلێک خۆی هەڵیبژاردبوو، بەمشێوەیە بناغەی دانا و بونیادنانی کرد. لای زۆرێک سەیرە کاتێک دەڵێین پەکەکە کەسایەتی کوردی لەنوێوە ئافراندەوە، واتا بەکەسایەتی کۆن خەبات و تێکۆشان مەحاڵ بوو، چونکە کەسایەتی نەریتی کورد، دەستەمۆی دەستی داگیرکەر ببوو.
سەردار ستار
ساڵێکی تریشمان لە تەمەنی پەکەکە پڕ کردەوە، ٤٦ ساڵی بێوچانی تێکۆشان و دەربازبوون بۆ ٤٧ـەمین ساڵ. هەڵبەت ئەگەر ئەو مێژووە لە کۆنگرەی یەکەمەوە بگرینە دەست، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرکەتنی پەکەکە هەمانکات دەرکەتنی ڕێبەر ئاپۆشە، بۆیە لەگەڵ یەکەم هەنگاوی ڕێبەر ئاپۆ بۆ تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، واتا پێویستە لە نەورۆزی ١٩٧٣ـوە بەدەست بگیردرێت.
پەکەکە لەبەر ئەوەی وەک حزب و بزووتنەوە تەقلیدییەکانی کوردستان نەکەوتە ناو مەیدانی خەبات، هەمانکات لە هەنگاونان و بەرەوپێشچوونیش بەگوێرەی مۆدێلێک خۆی هەڵیبژاردبوو، بەمشێوەیە بناغەی دانا و بونیادنانی کرد. لای زۆرێک سەیرە کاتێک دەڵێین پەکەکە کەسایەتی کوردی لەنوێوە ئافراندەوە، واتا بەکەسایەتی کۆن خەبات و تێکۆشان مەحاڵ بوو، چونکە کەسایەتی نەریتی کورد، دەستەمۆی دەستی داگیرکەر ببوو، داگیرکەر بەگوێرەی خۆیان هەڵیاندەسوڕاند. دیسان کاتێک باسی بەرخۆدانی دەکەین لە کونجی زیندان و بە چالاکی مانگرتن تامردن، هەژموونی داگیرکەر تێکدەشکێنرێ. ئەمە زیندانی کردە قوتابخانەی شۆڕشگێڕان، بۆیەش کادیری زیندان لە پەکەکە ئەو کادیرەیە کە بەرخۆدان ژیانە فەلسەفەی تێکۆشانی بووە، ئەمڕۆ دەبینین زۆرێک لە کادیران دوای ٣٠ لە زیندان دەردەکەون، بەڵام دیسان خۆی دەگەێنێتە چیا ئازادەکان و هەمان حەماسەت و گەرمای بەر لە ٣٠ ساڵ دەژی.
ئەوەی کەس لە خەیاڵیدا نەبوو ئەویش بەشداری ژنان بوو بۆ ناو شۆڕش لە یەکەم کۆنگرە ژنانی وەک ساکینە جانسز بەشداربوون، ئەمڕۆ کاتێک دەڵێین شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنە، یان کاتێک دەگوترێ شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیی هێز و ئیرادەی ئەو تێکۆشانەیە کە بەر لە ٤٦ ساڵ دەستی پێکردووە، بەلای زۆرێک لە هێزە تەقلیدییەکان عەقڵییان قەبوڵی ناکا. بۆیە قەوانە کۆنەکەی داگیرکەران لێدەدەنەوە و دەڵێن، پەکەکە بابچێتە باکوور، یان پەکەکە پارتی باکوورە کاری چی بەسەر ئێمەوە!!! ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازیشە، ئەویش لەئاستی تووشی سەرسوڕمان بووە، ئەوان چاوەڕێ بوون ژنی ئازاد و پەشکەوتوو لە ئەورووپا و ئەمریکابێ، بەڵام پەکەکە چەرخی ڕۆژگاری سوڕاند و ژنی ئازاد و پێشکەوتوی لە کوردستان ئافراند. ئەمڕۆ ژنانی جیهان ئیلهام لە ژنی کوردی ئاپۆیی وەردەگرێ، واتا ژنی کورد لە تەڤگەری پەکەکەدا خاوەن ڕێکخستن، هێزی چەکدار، فەلسەفی تێکۆشان و ژیان و ئایدیۆلۆژیا ئازادییە. ئەمە دەستکەوتێکە دەبێ بەئاوی زێڕ بنووسرێتەوە.
لە بەرانبەر داگیرکەری شەڕ، لە دوای دامەزراندنی تورکیای کەمالی، ئیدی هەموو ڕاپەڕین و بەرخۆدانی کوردان و نەتەوەکانیتریش سەرکوتکران، لەوەش زیاتر پرۆسەی نکۆلی کردن و توانەوە بەڕێوە چووبوو، لەولاش زیاتر پرۆسەی ئاسیملاسیۆن (وەک خۆ لێکردن) پیادە کرابوو، بۆیە مرۆڤی کورد لە هەبوون و ڕاستی خۆی نامۆ بوو، بەڵام پەکەکە بەو کوردە بڕیاری شەڕی لە دژی داگیرکەریدا. بۆیە دەڵێن ئەتاتورک گوتوویەتی، من کوردم لەسەر چیای ئاگری لەناو گۆڕێکی کۆنکرێتی لەچاڵناوە، ئیتر ئەوەی خەیاڵی کورد بکات ئەوا لەم چاڵەدا نێژراوە!!
کاتێک پەکەکە یەکەم فیشەکی لە دژی داگیرکەری تورکیا تەقاند، ئیدریس بارزانی بە سەرکردایەتی پەکەکەی گوتبوو، چۆن بەبێی ئێمە شەڕی تورکیا دەکەن، تورکیا ئێمە لەناودەبات!! تومەز پەدەکە بەڵێنیان دابووە دەوڵەتی تورکیا، ناهێڵن هەتا ئەوان هەبن، ڕێگەنادەن هیچ جوڵانەوەیەکی کوردی شەڕی دەوڵەتی تورکیا بکات. نموونەی پەدەکە/تورکیا لەبەرچاوانە، لەبەر ئەوەی بیریان کردەوە لە سەرەتا ساڵانی حەفتا، شەڕ لەدژی داگیرکەری تورکیا بکەن، پەدەکەی بارزانی بەناو و ناتۆرەی جیاواز سەرۆک و جێگرەکەی (سەعید ئەلچی و سەعید قرمزی تۆپراغ) لەناوبرد.
لە ماوەی ئەم ٣٤ ساڵەی ڕابردوو بەتایبەتیش دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، هەموو دەوڵەت و حزب و کەسایەتییە بەناو ڕۆشنبیرەکان گوتیان، باوی شەڕی چەکداریی نەماوە، ئیتر گەریلا پێویست ناکات، بەڵام کاتێک لە ٢٣ـی مانگی ڕابردوو، لەناو دڵی ئەنقەرە هێرشی کارگەی فڕۆکەوانی کرا، هەمانکات کاتێک ڕۆژانە ئەو شەڕەی لە هەرێمەکانی زاپ و مەتینا و خواکوڕک دەبینرێت، ئەوکات زۆرکەس هۆشی دێتەوە و دەڵێن، بەڕاستی لە سەدەی ٢١ پارتیزانی ئازادیی کوردستان بەمشێوەیە شەڕ دەکات!! بۆیە ئەوەی دەست و تفەنگ و لێهاتووی گەریلای پەکەکە ببینێ، ئەوکات دەزانێ گەلی کورد خاوەن هێزی پاراستنی حەقیقییە، واتا هێزی بنەماڵە و حزب و شەخس نییە، وەک خەڵکی ئێمە لە باشوور بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
زۆر هێز و لایەن، هەتا هەندێک لە ڕۆشنبیران وایان دەزانی پەکەکە تەنها هێزی شاخە، دەزانێ لە شاخ شەڕ و تێکۆشان بکات، بەڵام هەمان تێکۆشان ناتوانێ لەشار بەڕێوەببات!! بەڵام لە باکوور، ڕۆژئاوا و ئەورووپا، پەکەکە ئەوەی سەلماند کە لەیەک کات هێزی شاخ و شارە. بۆیە ئەوەی لە پەکەکە تێبگات دەزانێ پەکەکە هەموو ساتێکی هەبوونی دەسکەوتێکی زێڕینە بۆ گەلی کورد و گەلانی جیهان و مرۆڤایەتی، هەمانکات بۆ ژنان و گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکان. سلاڤۆی ژیژەک کاتێک باسی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد گوتی، حەزەکەم لە ئێوە فێربم، دیسان کاتێک چۆمسکی بۆ خوێندکارانی زانکۆ ڕۆژئاوا قسەی دەکرد گوتی، ئەوەی ئێوە دەیکەن لە مەحاڵ دەچێ، ئایا لەم دەسکەوتانە گەورەتر هەیە؟
سەرەڕای ئەوەی ٢٦ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لە کونجی زیندان توند کراوە، وەک خۆی ئەڵێ وەک ئەوەی لە چاڵی مەرگەدابێ. بەڵام هەموومان بینیمان و بیستمان کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ماوەی دوومانگە باسی ئەوە دەکەن چۆن ئاپۆ بێ لە قەیرانەکانیان ڕزگار بکا، بێت لە پەرلەمانیان قسە بکات!! واتا دوای ٢٦ ساڵ دیسان بەئیرادەیەکی لە پۆڵا خۆی لەسەر پێ گرتووە و یەک چرکە لە هێڵی ئازادیی و تێکۆشان لای نەداوە، پێچەوانە داگیرکەرانی ناچارکردووە کە دەبێ بچن بۆ لای بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات. ئەوانە هەمووی بە ڕەنج و خوێن و قوربانیدان بەرهەم هاتوون، نزیکەی ٥٠ هەزار شەهید لەم پێناوە دراوە، بۆیە کاتێک باسی دەستکەوتەکانی ٤٦ ساڵەی پەکەکە دەکەین، پێویستە بە قەد گەورەی پەکەکە بیربکەیتەوە، تاکو دەسکەوتەکانیشی ببینی.