گوتار

پاش سەرکەوتنی ترامپ: لە بزووتنەوەی مەگاوە بۆ مێگا

ئایا ئەردۆغان کاتێک لە هەڵچوونێکی پارانۆییدا، ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی بەرانبەر کوردەکان بە ناپاک و پیاوی بێگانە ناوبرد، لە بەرچاوی بواری گشتیدا خه‌ریكی پیساییکردن نه‌بوو؟ ئایا پوتین کاتێک لە جووڵەیەکی حیسابکراو و سووکدا بە مەبەستی زیادکردنی خۆشەویستی لە ناوخۆی وڵاتدا، ڕەخنەگری سیاسەتەکانی خۆی به‌رانبه‌ر چیچان به‌ هەڕەشەی خەساندنی پزیشکی ده‌ترساند، داخۆ لە بەرچاوی گشتیدا ئەمیش خه‌ریكی پیساییکردن نه‌بوو؟ بۆریس جۆنسۆن جا باسی مەکە..

سلاڤۆی ژیژەک

لە ئینگلیزییەوە؛ شیما.ح.كوردستانی

سەرکەوتنی ترامپ، چەپ (یان ئەوەی لێی ماوەتەوە) بەرەو کوێ دەبات؟ “لێرەدایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوو” – ساڵی ١٩٢٢، کاتێک بۆلشەڤیکەکان ناچار-مان  بۆ ئابووریی بازاڕ و موڵکایەتی تایبەت مل بە “سیاسەتی ئابووری نوێ” بدەن، لینین دەقێکی نووسی بە ناونیشانی “ده‌رباره‌ی هەڵگەڕان به‌ لووتکەیەکی بەرزدا”. ئەو شاخەوانێک وەسف دەکات کە لە یەکەم هەوڵی بۆ بڕینی لووتکەیەکی نوێ، ناچار دەبێت بگەڕێتەوە خاڵی سفر، بۆ دامێنی چیا – “ئەمەش ڕێک ئەو دۆخەیە” کە ئەمڕۆ تێیدا گیرمان خواردووە.

لینین نموونەی ئەم شاخەوانە بەکار دەهێنێت بۆ پیشاندانی ئه‌وه‌ی چۆن دەکرێت پاشەکشە بکەیت، بەبێ ئەوەی به‌هۆی هەلپەرستیەوە خیانەت لە ئامانجی خۆت بکەیت. بە وتەی ئەو، ئەو کۆمۆنیستانەی “تەسلیمی نائومێدیی نابن و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەرکێکی زۆر دژواردا توانا و نەرمیی خۆیان بۆ ‘دەستپێکردنەوەیەکی دووبارە و دووبارە’ دەپارێزن، مەحکوم نین بە شکست.” – “لێرەدا چەند جوان لەگەڵ وتەی بێکێت هاوئاواز دەبێت”: “دیسان هەوڵ بدە. دیسان شکست بخۆ. باشتر شکست بخۆ.”

ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستمان ڕوانگەیەکی ئاوا لینینی هەیە – “ئەمەش دژوازیی سەرەکیی چیرۆکەکەیە” – لە دۆخێکدا کە کۆمۆنیزم زیاتر لە هەمیشە تاکە ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی به‌رده‌ممانه‌ (لە قەیرانی ژینگەییەوە تا جەنگ و هۆشی دەستکرد)، چەپ (یان ئەوەی لێی ماوەتەوە) زیاتر لە پێشوو توانای جووڵاندنی خەڵکی لە دەوری بەدیلێکی کردەیی لەدەست دەدات. بە سەرکەوتنی ترامپ، چەپ گەیشتووەتە خاڵی سفری خۆی.

پێش ئەوەی لە کڵێشە باوەکاندا دەربارەی “سەرکەوتنی شکۆدارانەی ترامپ” نوقم ببین – “ئەوەی میدیای لیبراڵ دەیەوێت” – دەبێت باری سەرنج بخەینە سەر چەند خاڵێکی گرنگ. یەکەم؛ ئەمجارە ترامپ بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ (کە به‌ بایدنی دۆڕاند) دەنگی کەمتری بەدەست هێنا؛ ئەوە کاماڵا بوو بە بەراورد لەگەڵ بایدن نزیکەی دە ملیۆن دەنگی لەدەست دا! کەواتە پرسەکە “سەرکەوتنی گەورەی ترامپ” نییە؛ شکستی کاماڵایە، ڕەخنەگرانی چەپڕەوی ترامپ دەبێت کاره‌كه‌ لە ڕەخنەی ڕادیکاڵی خۆیانه‌وه‌ دەست پێ بکەن.

لەو خاڵانەی جێی تێڕامانن ئەم ڕاستییە ناخۆشە خۆی دەردەخات کە کۆچبەران، بە تایبەت ئەوانەی لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینەوە دێن، بە شێوەیەکی نزیک لە جه‌وهه‌ریی پارێزگارن – “لێرەدایە دژوازییه‌ سەرەکیه‌كه‌”: ئەوان نەک بۆ گۆڕینی ئەمریکا، بەڵکوو بۆ سەرکەوتن لە سیستەمی ئێستادا دێنە ئێرە. یان بە وتەی تۆد ماکگۆن: “ئەوان دەیانەوێت ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و خێزانەکانیان درووست بکەن، نەک ئەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتیی باشتر بکەن.”

هەر بۆیە پێ، وانییە شکستی کاماڵا پەیوەندیی بە ژنبوون و سپیپێستنەبوونییەوە هەبێت. با لە بیرمان نەچێت هەر دوو هەفتە لەمەوبەر، کێمی بادنۆک، ژنێکی ڕەشپێست، بە سەرکەوتنێکی بەرچاو بۆ ڕابەرایەتیی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا. بە بۆچوونی من هۆکاری سەرەکیی شکستی کاماڵا ئەوەیە؛ ترامپ نوێنەری سیاسەت بوو – ئەو و (لایەنگرانی) وەک سیاسەتمەدارانێکی دەستبەکار کاریان دەکرد – لە کاتێکدا کاماڵا نوێنەری دژەسیاسەت بوو.

زۆربەی هەڵوێستەکانی کاماڵا قەبووڵکراو بوون: لە تەندرووستیی و دەرمانەوە تا لەباربردنی کۆرپەلە… بەڵام لە کاتێکدا ترامپ و لایەنگرانی بەردەوام هەڵوێستە “توندڕەوەکان”ـی خۆیان بە ئاشکرا دەردەبڕی، کاماڵا لە خۆبواردن لە هەڵبژاردنە دژوارەکان و پەنابردن بۆ درووشمی بەتاڵ نه‌ده‌پرینگایه‌وه‌. لەم ڕووەوە، کاماڵا لە کیر ستارمەر لە بەریتانیا دەچێت. ئەوە بەسە وەبیر خۆمانی بهێنینەوە ئەو چۆن لە هەڵوێستی ڕاشکاو دەربارەی شەڕی غەززە خۆی بوارد و نەک تەنها دەنگی سەهیۆنیستە توندڕەوەکان، بەڵکوو دەنگی زۆرێک لە دەنگدەرانی گەنجی ڕەشپێست و موسوڵمانیشی لەدەست دا.

ئەو وانەیەی دیموکراتەکان لە ترامپییەکان فێری نەبوون ئەوەیە کە لە شەڕێکی سیاسی پڕجۆشدا، “توندڕەویی” کاریگەرە. کاماڵا لە وتاری شکستی خۆیدا وتی: “بەو گەنجانه‌ی تەماشا دەکەن دەڵێم، خەمباریی و نائومێدیی پەشم نییە، بەڵام بزانن هەموو شتێک ڕێک دەبێت.” نا، هەموو شتێک ڕێک نابێت – “ئەمەش ئەو ڕاستییەیە کە دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە” – نابێت دڵ بە مێژووی داهاتوو خۆش بکەین گوایە بە جۆرێک هاوسەنگیی دەگەڕێنێتەوە. بە سەرکەوتنی ترامپ، ئەو ڕەوتەی ڕاستڕەوی پۆپۆلیستی نوێی لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا گەیاندە ئاستانەی دەسەڵات، گەیشتە چڵەپۆپە.

بۆ ترامپ، کاماڵا خراپتره‌ لە بایدن، نەک تەنها سۆسیالیست بەڵکوو تەنانەت کۆمۆنیستیشه‌. “ئەمەش ئەو خاڵە ئازاردەرەیە” – ئەوەی هەڵوێستی ئەو بە کۆمۆنیزم تێکەڵ دەکەن، نیشانەیەکی خەمهێنەری ئەو شوێنەیە وا ئەمڕۆ لێی وەستاوین. ئەم سەرلێشێواوییە لە بانگەشەیه‌كه‌ی باوی دیکەی پۆپۆلیستەکانیشدا دەردەکەوێت: “خەڵک لە حکومەتی چەپی توندڕەو بێزار بوون.” ئەگەر گاڵتەجاڕییەک هەبێت، هەر ئەمەیە. پۆپۆلیستە نوێیەکان، سیستەمی لیبراڵی (هێشتا) زاڵ بە “چەپی توندڕەو” ناو دەبەن. نا، ئەم سیستەمە، چەپی توندڕەو نییە؛ تەنها ناوەندی لیبراڵ-پێشکەوتنخوازە و زۆر زیاتر لە خەبات دژی ڕاستی نوێ، خولیای شەڕه‌ لەگەڵ (ئەوەی لە) چەپ (ماوەتەوە). ئەگەر ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوا هەمانە “حکومەتی چەپی توندڕەو”ـە، کەواتە ئورسولا ڤۆن دێر لاینیش کۆمۆنیستێکی مارکسیستە (هەروەک ڤیکتۆر ئۆربان لە ڕاستیدا بانگەشەی بۆ دەکات)!

پۆپۆلیزمی ڕاستڕەوی نوێ، کۆمۆنیزم و سەرمایەداریی کۆمپانیاکان وەک یەک دەبینێت. بەڵام “ئەمەیە خاڵی سەرەکیی” – ناسنامەی ڕاستەقینەی دژەکان لە شوێنێکی تردا شاراوەیە. نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوبەر کاتێک گوتم ترامپ لیبڕاڵێکی ڕەسەنە، ڕەخنەم لێ گیرا – چۆن دەتوانم پشتگوێی بخەم کە ترامپ دیکتاتۆرێکی فاشیستە؟ ڕەخنەگرانم خاڵەکەیان لەدەست دا:

لەوانەیە باشترین وەسفی ترامپ ئەوە بێت ئەو لیبڕاڵە، واتە فاشیستێکی لیبڕاڵ، کۆتابەڵگە لەسەر ئەوەی لیبڕاڵیزم و فاشیزم پێکڕا کار دەکەن، دوو دیوی یەک دراون. ترامپ تەنها دیکتاتۆر نییە؛ خەونی ئەوەیە ڕێگە بە بازاڕ بدات بە کاولکارترین شێوە ئازادانه‌ کار بکات، لە قازانجی بێبەزەییانه‌وه‌ تا ڕەتکردنەوەی هەموو سنوورە ئەخلاقییەکانی میدیا (بۆ نموونە دژی ڕەگەزپەرستیی و نەژادپەرستیی) وەک شێوەیەک لە سۆشیالیزم.

لێرەدا دەبێت لە ڕەخنەی دژبەرانی ترامپەوە دەست پێ بکەین. بۆریس بۆدێن ئه‌و ڕاڤە باوە ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دەرکەوتنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو وه‌ك پاشەکشەیەک لە شکستی مۆدێرنیزەیشن دەبینێت. بە بۆچوونی بۆدێن، ئایین وەک هێزێکی سیاسی، ئەنجامی هەڵوەشانەوەی پۆست-سیاسی کۆمەڵگایە، ئەنجامی هەڵوەشانەوەی ئەو میکانیزمە نەریتییانەیە وا پەیوەندییە بەردەوامە کۆمەڵایەتییەکانیان دەپاراست. ئایینی بناژۆخواز نەک تەنها سیاسییە، بەڵکوو خودی سیاسەتە؛ واتە فەزا بۆ سیاسەت دەپارێزێت.

“سەیری ئەم دژیەکییە بکەن” – تەنانەت لەمە کاریگەرتر ئەوەیە چیتر تەنها دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو چنینی خودی کۆمەڵگایە، بە جۆرێک خودی کۆمەڵگا دەبێتە دیاردەیەکی ئایینیی. کەواتە چیتر ناتوانرێت تەنها لایەنی ڕۆحی ئایین لە سیاسیبوونی جیا بکرێتەوە: لە جیهانی پۆست-سیاسیدا، ئایین ئەو فەزا زاڵەیە وا هەموو جۆشە دژبەرەکان بۆی دەگەڕێنەوە. کەواتە ئەوەی ئه‌م دواییانە لە شێوەی بنەڕەتخوازیی ئایینیدا ڕووی داوە، نەک گەڕانەوەی ئایین بۆ سیاسەت، بەڵکوو تەنها گەڕانەوەی خودی بابەتی سیاسییە. کەواتە پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەمەیە: بۆچی بابەتی سیاسی بە مانا ڕادیکاڵە سێکیولارەکەی، ئەو دەستکەوتە گەورەیەی مۆدێرنیتەی ئەورووپیی، توانای شێوەپێدانی خۆی لەدەست دا؟

دەیڤید گۆڵدمان دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گوتی: «بابەتەکە ئابوورییە، گێلە!» – بەڵام نەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ. نیشاندەرە سەرەکییەکان پیشان دەدەن لە سەردەمی بایدندا ئابووری تا ڕاده‌یه‌ك باش کاری دەکرد، هەرچەندە هەڵاوسان گورزێکی هەناوتەکێنی لە زۆربەی خەڵکی هەژار دا. کەڵکەڵەی زیادبوونی کەلێنی نێوان هەژار و دەوڵەمەند لە سی ساڵی ڕابردوودا ڕەوتێکی جیهانی بووه‌ لە ڕۆژئاوا. بەڵێ، نرخی بەرزی بەرهەمە ڕۆژانەییەکان (بەتایبەت خۆراک)، کرێی بەرزتر و تێچووی پزیشکیی بەرزتر ملیۆنەها کەسی بۆ ڕیزی هەژاریی پەلکێش کرد، بەڵام بێگومان بایدن لە سیاسەتە ئابوورییەکانیدا چەپترین سەرۆک بوو لە کاتی فرانکلین دی. ڕۆزڤێڵتەوە کە کاری زۆری بۆ مافی کرێکاران، ژنان و خوێندکاران كرد. کەواتە بە تەنها هەڵاوسان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم مەتەڵە بەس نییە: بۆچی زۆرینەیەکی بەرچاو دۆخی ئابووریی خۆیان بە کارەساتبار دەبینی؟ لێرەدایە ئایدیۆلۆژیا دێتە گۆڕێ.

ئێمە لێرەدا تەنها باسی ئایدیۆلۆژیا بە مانای بیرۆکەکان و پرەنسیپە ڕێنیشاندەرەکان ناکەین، بەڵکوو باسی ئایدیۆلۆژیا بە مانایەکی بنەڕەتیتر دەکەین: چۆن گوتاری سیاسی وەک بەستەرێکی کۆمەڵایەتی کار دەکات. ئارۆن شوستەر تێبینی کرد کە ترامپ «ڕێبەرێکی زیادە ئامادەیە کە دەسەڵاتەکەی لەسەر ئیرادەی خۆی دامەزراوە و بە ئاشکرا زانین بەکەم دەزانێت – هەر ئەم نمایشە دژەسیستەم و یاخیبووەیە  دەبێتە خاڵی خۆبەهاوشێوەزانینی خەڵک.»

هەر بۆیە سووکایەتییە بەردەوامەکان و درۆ ئاشکراکانی ترامپ، تەنانەت ئەو ڕاستییەش کە ئەو تاوانبارێکی حوکمدراوە، بە قازانجی کار دەکات. سەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیی ترامپ لەوەدایە شوێنکەوتووانی گوێڕایەڵیی بۆ ئەو وەک جۆرێک لە بەرەنگاری شۆڕشگێڕانە ئەزموون دەکەن، یان بە وتەی تۆد ماکگۆوان: «دەکرێت به‌ گوێڕایه‌ڵیی ته‌واوه‌وه‌ پشتگیری لە ڕێبەرێکی فاشیستی نوێ بکرێت و ئه‌م گوێڕایه‌ڵییه‌ش له‌ هەمان کاتدا وه‌ك هه‌ڵوێستێكی سەرپاک ڕادیکاڵ هەست پێ بکرێت، هەڵوێستێک کە تا ڕادەیەک خۆبەخۆ بۆ زێده‌كردنی فاکتەری چێژ دیزاین کراوە.»

لێرەدایە دەبێت چەمکی فرۆیدیی «دزینی چێژ» بەکار بهێنین: ئەو چێژەی ئەویتر وا بۆ ئێمە دووره‌ده‌سته‌ (چێژی ژن بۆ پیاوان، چێژی گرووپێکی ئیتنیکی تر بۆ گرووپی ئێمە…)، یان چێژی ڕەوای ئێمە کە ئەویتر دزیویەتی یان هەڕەشەی لێ دەکات. ڕاسڵ ئیسبریلیا تێگەیشت چۆن ئەم ڕەهەندەی «دزینی چێژ» لە شەشی ژانیوەری ٢٠٢١ ڕۆڵێکی گرنگی لە هێرشی لایەنگرانی ترامپ بۆ سەر کۆنگرێس گێڕا:

ئایا دەتوانرێت نموونەیەکی باشتر لە لۆژیکی «دزینی چێژ» بدۆزرێتەوە لەو درووشمەی لایەنگرانی ترامپ لە کاتی هێرشکردنە سەر کۆنگرێسدا هاواریان دەکرد: «ڕێگری لە دزیی بکەن!»؟ سرووشتی چێژخوازانە و کەرنەڤاڵی هێرشکردنە سەر کۆنگرێس بۆ «وەستاندنی دزیی» تەنها لایەنێکی لاوەکیی شۆڕش نەبوو؛ تا ئەو جێگەیەی هەموو شتێک دەربارەی وەرگرتنەوەی چێژێک بوو کە (بە ڕواڵەت) ئەوانی تری نەتەوە (واتە ڕەشپێستەکان، مەکسیکییەکان، موسوڵمانەکان، هاوڕەگەزخوازەکان و هتد) لێیان دزی بوو، توخمی کەرنەڤاڵ تەواو پێویست بوو.

ئەوەی لە ٦ـی ژانیوەری ٢٠٢١ لە کۆنگرێس ڕووی دا، نەک کودەتا بەڵکوو کەرنەڤاڵێک بوو. ئەم بیرۆکەیەی کەرنەڤاڵ دەتوانێت نموونەیەک بێت بۆ بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پێشکەوتووەکان – ئەو بزووتنەوانەی نەک تەنها لە فۆرم و فەزادا (نمایشە شانۆییەکان، درووشمە گاڵته‌جاڕییه‌كان)، بەڵکوو لە ڕێکخستنە ناناوەندییەکەشیاندا کەرنەڤاڵئاسان – بە قووڵی کێشەدارە: سا ئایا هەر خودی دواین واقیعی کۆمەڵایەتیی سەرمایەداریی کەرنەڤاڵیی نییە؟

ئایا شەوی کریستاڵی بەناوبانگ لە ١٩٣٨ – ئەم ڕاپەڕینە نیمچەڕێکخراو و نیمچەخۆڕسکەی توندوتیژەکان بۆ سەر ماڵەکان، کەنیسەکان، بازرگانییەکان و خودی جوولەکەکان – ئەگەر نموونەیەکی کەرنەڤاڵ هەبێت، ئەوە نییە؟ لەوەش زیاتر، ئایا “کەرنەڤاڵ” ناوێکی تر نییە بۆ ڕووی شاراوە و ناشیرینی دەسەڵات، لە دەستدرێژیی بەکۆمەڵەوە تا لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ؟ با لەبیرمان نەچێت میخائیل باختین چەمکی کەرنەڤاڵی لە کتێبەکەیدا دەربارەی ڕابلێ، کە لە دەیەی ١٩٣٠ نووسی، بەکار هێنا، واته‌ وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ کەرنەڤاڵی پاکتاوکردنەکانی ستالین.

دژایەتیی نێوان پەیامی ئایدیۆلۆژیی فەرمی ترامپ (بەهاکانی پارێزگاریی) و شێوازی جێبەجێکردنی گشتیی ئەو (گوتنی تا ڕاده‌یه‌ك هەرچی بە مێشکیدا دێت، سووکایەتیی بە خەڵکی تر و پێشێلکردنی هەموو یاساکانی ئەدەب…) دەربارەی دۆخی ئێمە زۆر گوزارشتکەرە: داخۆ وا لە چ دونیایەکدا دەژین کە خەڵكی و ڕای گشتی بە سووکایەتیی و قسەی ناشرین بۆردومان دەکرێن وئەمەش خۆی وەک دواهەنگاو بەرەو سەرکەوتنی کۆمەڵگایەک پیشان دەدرێت کە تێیدا هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە و بەها کۆنەکان لەناو دەچن؟ هەروەک ئالێنکا زوپانچیچ دەڵێت، ترامپ پاشماوەیەکی پارێزگاری زۆرینەی ئەخلاقی کۆن نییە؛ ئەو زیاتر وێنەیەکی کاریکاتێری و پێچەوانەی خودی “کۆمەڵگای ڕێگەپێده‌ر”ی پۆست-مۆدێرنە، بەرهەمی دژیەکییەکان و سنوورە ناوەکییەکانی ئەم کۆمەڵگایە.

ئادریان جانستۆن “وه‌رسووڕانێكی تەواوکەر لەسەر وتەی ژاک لاکان کە دەڵێت ‘سەرکوتکردن هەمیشە گەڕانەوەی سەرکوتکراوە'” پێشنیار دەکات: “گەڕانەوەی سەرکوتکراو هەندێک جار کاریگەرترین شێوەی سەرکوتکردنە.” ئایا ئەمە پێناسەیەکی کورتی کەسایەتی ترامپ نییە؟ هەروەک فرۆید دەیگوت، لە لادان هەموو شتێکی سەرکوتکراو، هەموو ناوەڕۆکی سەرکوتکراو، بە هەموو سووکایەتییەکەیەوە دەڕژێتە دەرەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوەی سەرکوتکراوە تەنها سەرکوتکردن بەهێز دەکات – هەر بۆیەشە هیچ شتێکی ڕزگارکەر لە سووکایەتییەکانی ترامپدا نییە. ئەوان تەنها ستەمی کۆمەڵایەتی و چەواشەکاری بەهێز دەکەن. نمایشە ناشیرینەکانی ترامپ بەم شێوەیە درۆی پۆپۆلیزمەکەی پیشان دەدەن: بە زمانێکی سادە، لە کاتێکدا وا پیشان دەدات نیگەرانی خەڵکی ئاساییە، سەرمایەی گەورە بەرەوپێش دەبات.

چۆن دەتوانین ئەم ڕاستییە سەیرە ڕوون بکەینەوە کە دۆناڵد ترامپ، کەسێکی لاسار و بێئەخلاق، دژی پاکیزەیی مەسیحی، دەتوانێت وەک پاڵەوانی هەڵبژێردراوی پارێزگارە مەسیحییەکان کار بکات؟ ئەو ڕوونکردنەوەیەی بە گشتی دەیبیستین ئەوەیە هەرچەندە پارێزگارە مەسیحییەکان لە کەسایەتی کێشەداری ترامپ ئاگادارن، بڕیاریان داوە ئەم لایەنە پشتگوێ بخەن، چونکە ئەوەی بەڕاستی گرنگە بۆیان ئەجێندای ترامپە، بە تایبەتی هەڵوێستی دژەلەباربردنەکەی. ئەگەر ئەو لە دامەزراندنی دادوەریی پارێزگاری نوێ لە دادگای باڵادا سەرکەوتوو بێت، کە دواتر بڕیاری ڕۆ دژی وەید هەڵدەوەشێننەوە، ئەم کردەوەیە هەموو گوناهەکانی پاک دەکاتەوە… بەڵام ئایا مژارەکە بەم سادەییەیە؟

چی دەبێت ئەگەر هەر ئەم دووفاقییەی کەسایەتی ترامپ – هەڵوێستی ئەخلاقیی بەرزی لەگەڵ لاساریی و سووكییه‌ شه‌خسییه‌كه‌ی – ئەو شتە بێت وا ئەو بۆ پارێزگارە مەسیحییەکان له‌بار و سه‌رنجڕاكێش دەکات؟ چی دەبێت ئەگەر ئەوان بە نهێنی لەگەڵ هەمان ئەم دووفاقییە خۆیان هاوشووناس بكه‌ن؟ هەڵبەت ئەمە مانای ئەوە نییە دەبێت وێنە زۆرەکانی میدیاکانمان بۆ ترامپێکی نموونەیی، وەک توندڕەوێکی قرێژ زۆر ڕژد وەربگرین. نا، زۆرینەی زۆری دەنگدەرانی ترامپ خەڵکی ئاسایین، کە نەجیب دیارن و بە شێوەیەکی ئاسایی، هێمن و ژیرانە قسە دەکەن. هەر وەک ئەوەی شێتیی و قرێژیی خۆیان لە ترامپدا نیشان دەدەن.

چەند ساڵ لەمەوبەر، ترامپ بە شێوەیەکی ناخۆش لەگەڵ پیاوێک بەراورد کرا کە لە سووچی ژوورێکدا کە تێیدا ئاهەنگێکی ئەشرافی لە ئارادایە، بە دەنگ و هەراوه‌ خه‌ریك بوو‌ پیسایی دەکات – بەڵام بە ئاسانیی دەتوانین ببینین کە هەمان شت لەسەر زۆرێک لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی جیهان ڕاستە. ئایا ئەردۆغان کاتێک لە هەڵچوونێکی پارانۆییدا، ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی بەرانبەر کوردەکان بە ناپاک و پیاوی بێگانە ناوبرد، لە بەرچاوی بواری گشتیدا خه‌ریكی پیساییکردن نه‌بوو؟ ئایا پوتین کاتێک لە جووڵەیەکی حیسابکراو و سووکدا بە مەبەستی زیادکردنی خۆشەویستی لە ناوخۆی وڵاتدا، ڕەخنەگری سیاسەتەکانی خۆی به‌رانبه‌ر چیچان به‌ هەڕەشەی خەساندنی پزیشکی ده‌ترساند، داخۆ لە بەرچاوی گشتیدا ئەمیش خه‌ریكی پیساییکردن نه‌بوو؟ بۆریس جۆنسۆن جا باسی مەکە…

ئەم ئاشکرابوونەی پاشخانی قرێژی فەزای ئایدیۆلۆژیی ئێمە (بە زمانێکی سادەتر: ئەم ڕاستییە کە ئێستا دەتوانین زیاتر لە پێشوو بە ئاشکرا دەربڕینی تایبەت – ڕەگەزپەرستی، جێندەریی و هتد – دەربڕین کە تا ئەم دواییانە سەر بە بواری تایبەت بوون) بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە سەردەمی چەواشەکاریی کۆتایی هاتووە و ئێستا ئایدیۆلۆژیا کارتەکانی بە ئاشکرا دەخاتە ڕوو. بە پێچەوانەوە، کاتێک قرێژیی دەچێتە ناو بواری گشتییەوە، چەواشەکاریی ئایدیۆلۆژیی لە بەهێزترین دۆخی خۆیدایە: بەرژەوەندییە ڕاستەقینە سیاسیی، ئابووریی و ئایدیۆلۆژییەکان لە هەمیشە نادیارترن. قرێژیی گشتی هەمیشە به‌ ئەخلاقگەرایی شاراوە پارێزراوە. بکەرەکانی بە نهێنیی باوەڕیان وایە بۆ ئامانجێک دەجەنگن، لەم ئاستەشدایە دەبێت هێرشیان بکرێتە سەر.

بیری بهێنەوە چەند جار میدیای لیبڕاڵ ڕایانگەیاند؛ ترامپ دەستی ئاشکرا بوو و خۆکوژیی سیاسی کرد (بە گاڵتەکردن بە دایک و باوکی قاره‌مانێكی کۆچکردووی جه‌نگ، بە لافلێدان دەربارەی دەستدرێژیی بۆ سەر ئەندامی تایبەتی ئافرەتان و هتد…) شرۆڤەکارە لووتبەرزە لیبڕاڵەکان لەوە شۆک بوون هێرشە توندوتیژە بەردەوامەکانیان بۆ سەر سەرکێشییە پیس و قرێژه‌ ڕەگەزپەرستانه‌ و جێندەرییه‌كانی ترامپ، هێرش بۆ سه‌ر هەڵە ڕاستەقینە و پڕوپووچە ئابوورییەکانی نەک هەر زیانی پێ نەگەیاند، بەڵکوو ڕەنگە تەنانەت خۆشەویستیی جەماوەریشی زیاد کرد. ئەوان تێنەگەیشتن هاوشووناسیی و خۆبینینه‌وه‌ چۆن کار دەکات:

ئێمە بە گشتیی خۆمان لە لاوازییەکانی ئەوانی تر دەبینینەوە، نەک تەنها، یان تەنانەت نەک بە بنەڕەتیی، لە بەهێزییەکانیاندا. کەواتە هەرچەند زیاتر گاڵتە بە سنوورداریەکانی ترامپ دەکرا، خەڵکی ئاسایی زیاتر خۆیان له‌گه‌ڵی هاوشووناس ده‌كرد و خۆیان تێدا دەبینییەوە و هێرش بۆ سه‌ر تره‌مپیان وەک هێرشی سووککەرانە بۆ سەر خۆیان دەبینی. بۆ خەڵکی ئاسایی، پەیامی ناخودئاگای سووکییەکانی ترامپ ئەوە بوو “من یەکێکم لە ئێوە!”، لە کاتێکدا لایەنگرە ئاساییەکانی ترامپ بەردەوام لە هەڵوێستی لووتبەرزانەی نوخبەی لیبڕاڵدا هەستیان بە سووکایەتیی دەکرد بەرانبەر خۆیان. وەک ئالێنکا زوپانچیچ بە کورتی دەریبڕی، “هه‌ره‌ هەژارەکان بۆ هه‌ره‌ دەوڵەمەندە دەجەنگن، وەک لە هەڵبژاردنی ترامپدا ڕوون بوو. چەپیش سەرکۆنە و سووکیاتیی لێ بترازێت، هیچ ناکات.” یان، دەبێت ئه‌مه‌ش زیاد بکەین، چەپ شتێکی خراپتر دەکات: بە لووتبەرزییەوە له ‌”سەرلێشێواویی و کوێریی” هەژارەکان “تێدەگات”… ئەم لووتبەرزییە چەپ-لیبڕاڵە لە پاکترین شێوەی خۆیدا لە ژانری نوێی بەرنامەکانی گفتوگۆی کۆمیدی-ڕای سیاسی (جۆن ستیوارت، جۆن ئۆلیڤەر…)ـدا دەتەقێتەوە، کە زۆربەی جار تەنها لووتبەرزیی پەتیی نوخبەی ڕۆشنبیری لیبڕاڵ پیشان دەدەن. وەک ستیڤن مارش لە لۆس ئەنجلس تایمز نووسی:

ڕابواردن به‌ ترامپ لە باشترین حاڵەتدا لادانێکە لە سیاسەتی ڕاستەقینەی؛ لە خراپترین حاڵەتدا هەموو سیاسەت دەکاتە گاڵتەجاڕیی. ئەم پرۆسەیە هیچ پەیوەندییەکی بە پێشکەشکاران یان نووسەران یان هەڵبژاردنەکانیانەوە نییە. ترامپ کاندیدبوونی خۆی لەسەر بەجێهێنانی ڕۆڵی شەڕانگێزێکی کۆمیدی بنیات نا – بۆ دەیان ساڵ ئەمە کەسایەتیی کولتووریی گشتیی ئەو بووە. بە سادەیی ناکرێت پیاوێک کە بە ئاگاییەوە خۆی-پاڕوودی دەکات و لەسەر بنەمای ئەم نمایشە بووە بە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کاریگەر گاڵتەی پێ بکرێت.

لە کارەکانی پێشوومدا، نوکتەیەکم لە سه‌ر ڕۆژگاری خۆشی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە گێڕایەوە، کە لە نێو نەیاراندا خۆشەویست بوو. لە ڕووسیای ژێر داگیرکاریی مەغۆل لە سەدەی پازدەیەمدا، جووتیارێک لەگەڵ ژنەکەی بە ڕێگایەکی خۆڵاویدا دەڕۆیشتن. جەنگاوەرێکی مەغۆل بە سواری ئەسپ لە تەنیشتیان دەوەستێت و بە جووتیارەکە دەڵێت؛ ئێستا دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنەکەی. پاشان  سەرباری دەخات: “بەڵام لەبەر ئەوەی زەوییەکە پڕە لە تۆز و خۆڵ، تۆ دەبێت لە کاتی دەستدرێژیکردنم بۆ سەر ژنەکەت، گونی من بگریت تا خۆڵاوی نەبێت!” دوای ئەوەی مەغۆلەکە کارەکەی تەواو دەکات و دەڕوات، جووتیارەکە دەست دەکات بە پێکەنین و لە خۆشیدا هەڵبەزودابەز ده‌كات. ژنەکەی بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت:

“ئه‌و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌ت له‌ چییه‌ له‌ کاتێکدا لە بەردەمی تۆدا دەستدرێژیم کرایە سەر؟” جووتیارەکە وەڵام دەداتەوە: “بەڵام من تۆڵەم لێ کردەوە! گونەکانی بوون بە خۆڵه‌وه‌!” ئەم نوکتە خەمهێنەرە دۆخی نەیارەکان دەگێڕێتەوە: ئەوان پێیان وابوو زەبری گەورە لە نۆمێنکلاتۆرای حیزب دەدەن، بەڵام تەنها کارێک کە دەیانکرد ئەوە بوو، تۆزێک خۆڵیان دەکرد بەسەر گونی نۆمێنکلاتۆرادا، لە کاتێکدا نۆمێنکلاتۆرا بەردەوام بوو لە دەستدرێژیی بۆ سەر خەڵک… و ئایا ناتوانین ڕێک هەمان شت دەربارەی جۆن ستیوارت و هاوڕێکانی، کە گاڵتە بە ترامپ دەکەن بڵێین – ئایا ئەوان تەنها خۆڵ بەسەر گونەکانی ئەودا ناکەن، یان لە باشترین حاڵەتدا برینداریان ناکەن؟

کێشەکە ئەوە نییە ترامپ گێلە. کێشەکە ئەوەیە لە پشت هاندانەکانییەوە پلانێک هەیە، شێوازێک لە شێتییەکەیدا هەیە. سووکایەتییە گشتییەکانی ترامپ و ئەوانی تر بەشێکن لە ستراتیژی پۆپۆلیستییان بۆ فرۆشتنی ئەم پلانە بە خەڵکی ئاسایی، پلانێک (لانیکەم لە درێژخایەندا) دژی خەڵکی ئاسایی کار دەکات: باجی کەمتر بۆ دەوڵەمەندان، چاودێریی تەندرووستیی و پشتگیریی کەمتر بۆ کرێکاران و هتد. بەداخەوە، خەڵک ئامادەن زۆر شت قووت بدەن ئەگەر لە ڕێگەی پێکەنینی سووک و هاوپشتی درۆینەوە پێشکەشیان بکرێت.

گاڵتەجاڕی کۆتایی پڕۆژەی ترامپ ئەوەیە کە MAGA (با ئەمریکا دووبارە گه‌وره‌ بکەینەوە) لە ڕاستیدا دەبێتە دژی خۆی: گۆڕینی ئەمریکا بۆ بەشێک لە BRICS، هێزێکی زلهێزی ناوچەیی کە لەگەڵ زلهێزە ناوچەییە نوێیەکانی تر (ڕووسیا، هیندستان، چین) لە ئاستێکی یەکساندا مامەڵە دەکات. دیپلۆماتێکی یەکێتیی ئەورووپا ڕاستی دەکرد بە سەرکەوتنی ترامپ، ئەورووپا چیتر “خوشکە بچووکە ناسکەکەی” ئەمریکا نییە. ئایا ئەورووپا ئەو هێزەی دەبێت بەرانبەر MAGA شتێک دابنێت کە دەکرێت ناوی بنرێت MEGA: “با ئەورووپا دووبارە گەورە بکەینەوە”، لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی میراتی ڕزگاریخوازی ڕادیکاڵی خۆیه‌وه‌؟

وانەی سەرکەوتنی ترامپ پێچەوانەی ئەو شتەیە وا زۆرێک لە چەپە لیبڕاڵەکان بانگەشەیان کردووە: (ئەوەی لە) چەپ (ماوەتەوە) دەبێت لەو ترسە ڕزگاری بێت کە ئەگەر زۆر توندڕەو دەر بکەوێت، دەنگدەرانی ناوەند لەدەست دەدات. دەبێت خۆی بە ڕوونیی لە ناوەندی لیبڕاڵی “پێشکەوتنخواز” و کۆمپانیاسالاری وشیاری جیا بکاتەوە. بێگومان ئەم کارە مەترسیی خۆی هەیە: حکومەتێک دەکرێت بە دابەشبوونێکی سێ لایەنە کۆتایی بێت کە هیچ هاوپەیمانێتییەکی گەورەی تێدا مومکین نەبێت. لەگەڵ ئەوەش قەبووڵکردنی ئەم مەترسییە تەنها ڕێگەی به‌رده‌مه‌.

هیگڵ نووسی ڕووداوی مێژوویی لە ڕێگەی دووبارەبوونەوەیه‌وه‌، پێویستی خۆی دەسەلمێنێت. کاتێک ناپلیۆن لە ١٨١٣ شکستی هێنا و بۆ ئێلبا دوور خرایەوە، ئەم شکستە دەکرا وەک شتێکی ڕێککەوت دەر بکەوێت: بە ستراتیژی سەربازیی باشتر دەیتوانی سەرکەوتوو بێت. بەڵام کاتێک دووبارە گەڕایەوە دەسەڵات و لە واتەرلۆ شکستی هێنا، ڕوون بووەوە کاتی بەسەر چووە و شکستەکەی لە پێویستییەکی مێژووییدا ڕەگی داکوتابوو. هەمان شت بۆ ترامپیش ڕاستە: دەکرا سەرکەوتنی یەکەمی بدرێتە پاڵ هەڵە تاکتیکییەکان، بەڵام ئێستا دووبارە سەرکەوتووە، دەبێت ڕوون بێتەوە پۆپۆلیزمی ترامپی دەربڕی پێویستییەکی مێژووییە.

زۆرێک لە شرۆڤەکاران چاوەڕێن حوکمی ترامپ ڕووداوی کارەساتباری هەژێنەری نوێی له‌گه‌ڵ بێت، بەڵام خراپترین ئەگەر ئەوەیە هیچ شۆکێکی گەورە ڕوو نەدات: ترامپ هەوڵ دەدات جەنگە بەردەوامەکان کۆتایی پێ بهێنێت (سەپاندنی ئاشتیی لە ئۆکرانیا و هتد)، ئابووری به‌ جێگیریی دەمێنێتەوە و ڕەنگە گەشەش بکات، گرژییەکان دادەکشێن و ژیان بەردەوام دەبێت… لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵێک هەنگاوی فیدراڵی و ناوخۆیی بە بەردەوامی پەیمانی کۆمەڵایەتی لیبڕاڵ-دیموکراتی هەنووکەیی لاواز دەکات و ئەو چنینە بنەڕەتییە دەگۆڕێت وا ئەمریکای پێکەوە بەستووە – ئەوەی هیگڵ پێی دەڵێت Sittlichkeit، کۆمەڵێک نەریت و یاسای نەنووسراوی ئەدەب، ڕاستگۆیی، هاوپشتیی کۆمەڵایەتی، مافەکانی ئافرەتان و هتد… ئەم دنیا نوێیە وەک نۆرمێکی نوێ دەردەکەوێت و بەم مانایە حوکمی ترامپ لەوانەیە کۆتایی جیهان تۆمار بکات، کۆتایی ئەوەی لە شارستانیەتی ئێمەدا بەنرخترین بوو.

با وەک گاڵتەیەکی هەژارانە و بێبەزەییانە کۆتایی پێ بهێنین، کە بە تەواویی بارودۆخەکەمان دەردەخات. دوای ئەوەی مێردی ژنێک نەشتەرگەرییەکی درێژخایەن و مەترسیداری بۆ دەکرێت، ژنەکە دەچێتە لای دکتۆرەکە (کە هاوڕێیەتی) و دەربارەی ئەنجامەکە دەپرسێت. دکتۆرەکە دەڵێت: “مێردەکەت زیندووە، لەوانەیە لە تۆ زیاتر بژی. بەڵام چەند کاریگەرییەک هەیە: چیتر ناتوانێت ماسولکەکانی کۆمی کۆنترۆڵ بکات، کەواتە بەردەوام پیسایی لە کۆمییەوە دەچۆڕێت. هەروەها شلەیەکی زەردی بۆنخۆشی بەردەوام لە چووكیه‌وه‌ دەڕژێت، کەواتە پەیوەندی سێکسی ئیمکانی نییە.

لەوەش زیاتر دەمی خراپ کار دەکات و خواردن لێی دەڕژێتە دەرەوە…” بە بینینی نیگەرانیی و ترسی زیاتر لە ڕوخساری ژنەکەدا، دکتۆرەکە دۆستانە دەست دەخاتە سەر شانی و پێ دەکەنێت: “نیگەران مەبە! گاڵتەم دەکرد! هەموو شتێک باشە، ئەو لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا مرد.” ئەگەر دکتۆرەکە بە ترامپ بگۆڕین، کە بەڵێن دەدات دیموکراسییەکەمان چارەسەر بکات، ئەو ئەنجامی حوکمڕانییەکەی بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: “دیموکراسییەکەمان زیندوو و ساغە، تەنها چەند گرفتێك هەیە: دەبێت ملیۆنان کۆچبەر دەرپەڕێنین، لەباربردن سنووردار بکەین هەتا کردەیی نەکرێت، گاردی نیشتمانی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەکار بهێنین… نیگەران مەبن، گاڵتەم دەکرد، دیموکراسی لە سەردەمی حوکمڕانی مندا مرد!”

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...