ئاڵای یەپەژە و شێخ عیزەددین و ئیسرایل
تورکیا ئارامیی لە کوردەکان دەوێ، هەمان شت ئیسرایل ئارامی کوردەکانی دەوێت، چونکە جوگرافیای کوردەکان هێزە، دەیانهەوێت گەورەترین فەیلەسووف و بزووتنەوەکەی بخەڵەتێنن، ئەی ئەوە گەمژەیی نەبێ چییە؟
ئاوارە پیرۆت
جوگرافیای سیاسیی کوردستان جگە لە کوردەکان بۆ هیچ لایەنێک و جیهان بە گشتی بایەخ و گرنگییەکەی لەدەست نادات، لە ململانێی نێوان دەوڵەتی سەفەوی و دەوڵەتی عوسمانی، کوردستان گرنگترین ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی یەکلاییکەرەوەی نێوانیان بوو، ئەمە وایکرد سوڵتان داوا لە میرە کوردەکان بکات دژی شاعەباس یەک بگرن، هاوکات شاعەباس هەندێکیانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، ئەنجامی ئەو ململانێیە ئەوەبوو کوردەکان وەک خووی هەمیشەییان نەبوون بە یەک هێزی یەکگرتوو، پاشان لەناو چوون و کوردستانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد، جگە لە فەوتاندنی ئەم دەرفەتە، لە ساڵی ١٩٤١، یەکێتی سۆڤییەت کە هاتە ناو ئێران، سەدان جار سەردانی نهێنی و ئاشکرای بۆ مهاباد کرد، داخوا هەر بەڕاست کورد نوێنەری هەیە قسانی لەگەڵ بکەن؟
لەدوای هەموو هاتووچۆیەکانی نوێنەری سۆڤییەت، گەیشتنە ئەو تێڕوانینەی کورد هێشتا قۆناغی چاڵدێرانی تێپەڕ نەکردووە، بۆیە بەگوێرەی واقیع لەدوای “سی” کەس لە ڕیشسپی، پیاو ماقوڵ، زانای ئاینیی و ئاغا و شێخی ناوچەکەیان نارد بۆ باکۆ، وەک قەرەنی ئاغا و قازی و هەندێ مەنگوڕ و پیاوانی دیوەخاندار، ئامانجیان ئەوەبوو یەک بگرن، پاشان هیچ شتێک نەکەن لەبەر ئەوەی وا باشە بۆ سیاسەتیی سۆڤییەت و ئینگلیز، قازی محەمەد تا ڕۆژی لەسێدارەدان لەژێر کاریگەریی ئەو سەفەرەی باکۆدا مایە و هەمان ئەو بیرووڕایە لە سێدارەی دا، بۆچی؟ چونکە توانی باوەڕ بە هەیئەی ڕیئاسەی میللیی و حەمە ڕەشیدخان و فەرماندەی ناوەندیی حیزب بکات، شەڕ دژی ئێران نەکەن، بەڵام نوێنەری سۆڤییەت و سەفەری باکۆ، هیچ نەبوو جگە لەوەی قازی بکەن بە گەورەی هەموو گەورەکان”میری میران”ـی سەردەمی سوڵتان و شاعەباس، تاکوو لەم ڕێگەیەوە کوردەکان بە ئارامی بهێڵێتەوە و هیچ نەکەن تاکوو ئەنجامی بەرەی ناوەند لە جەنگدا ڕوون دەبێتەوە، کاتێک ئەنجامی جەنگی دووەم بە تێکشکانی ئەڵمانیا کۆتایی هات، ئیدی هێمن و هەژار نەیاندەزانی چی لەو شیعرانە بکەن کە بۆ سوپای سووریان نووسی بوو! ئێستا زایۆنیزم و دەوڵەتە بەدفەڕ و فیتنەکەی ئیسرائیل، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا خەریکن هەمان سیناریۆ دووبارە دەکەنەوە، بەڵام بۆچی هەمان سیناریۆ؟
چونکە کورد مێژوو ناخوێنێتەوە، هەروەها جووڵاندنی لایەنی سۆزداریی و نەتەوەیی خاڵی لاوازی گەمژەکانی ناسیۆنالیزمە، هەربۆیە تورکیا پڕوپاگەندەی گەڕێکی نوێی دانووستان لەگەڵ ئۆجالان دەکات و لە ئیسرایل ئاڵای یەپەگە و یەپەژە دەشەکێننەوە، بەڵام ڕێک لەو خاڵەدا، تورکیا و ئیسڕایل، زۆر گەمژەن، بۆچی؟ چونکە دانوستان دەست پێ دەکاتەوە بەو مەرجەی کوا ساکینە جانسز؟ قەینا ئاڵای یەپەژە بەرز دەکەنەوە، بەڵام ئەی کوا ئەو فڕۆکەیەی بە هەڵە ڕۆیی بۆ کینیا و لە نایرۆبی نیشتەوە؟ تورکیا ئارامیی لە کوردەکان دەوێ، هەمان شت ئیسرایل ئارامی کوردەکانی دەوێت، چونکە جوگرافیای کوردەکان هێزە، دەیانهەوێت گەورەترین فەیلەسووف و بزووتنەوەکەی بخەڵەتێنن، ئەی ئەوە گەمژەیی نەبێ چییە؟ ئاڵای یەپەگە و یەپەژە وەک شاقەلی مامۆستا مەلا شێخ عیزەدینی حوسێنی وایە بە دەستی ئایەتوڵڵا، کە گرتبوویی و گوتبووی، مامۆستا ئارامیی کوردستانم لەتۆ دەوێت. ” وەک دواتریش ئارامییەکە فتوای حەڵاڵی خوێنی کوردەکانی بەدودا هات”. ئارامیی بۆ تیژکردنەوەی تیغی شمشێرە، و ئازادیش بۆ کۆمپانیاکانی نەوت، بۆیە میری میران و سەفەری باکۆ و ئاڵای پەیەدە، دەبنە ڕۆژەڤ، بەڵام، چاکترین شت ئەوەیە، ئۆجالان هەیە، مادام ئۆجالان هەیە، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ: ئێمە لە مێژوووە فێر دەبین کە مێژووی گەمژەیی، ئیسرایل پێشەنگایەتیی دەکات.