دەربارەی ئەو دۆخانەی تیایدا چالاکیی سیستەمەکە خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە
دوو حیزبە سەرەکییەکە، حیزبی دەسەڵاتداری ڕاستڕەو (P.O.T.R.) و بەرهەڵستکارە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکەیان (P.O.T.M.) – لە ترس و خۆفدان، لە کاتێکدا حیزبی چەپی (P.O.T.L.) کڵۆڵانە پشتگوێخراو شیکارییەک بەرهەم دەهێنێت و ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەنگە بەتاڵەکان لە بنەڕەتدا دەنگدانە بە ئەجێندا پێشکەوتنخوازەکەیان.
سلاڤۆی ژیژەک
لە ئینگلیزییەوە؛ دەرسیم فایەق
[..] لە دواجاردا، وانەی پەیوەندیی لێکچنراوی نێوان توندوتیژیی سوبێکتیڤ و سیستەمی، ئەوەیە کە توندوتیژیی خاوەندارێتی ڕاستەوخۆی هەندێک لە ئاکتەکان نییە، بەڵكوو لە نێوان ئاکتەکان و نێوکۆییەکانیاندا و لە نێوان چالاکێتی و ناچالاکێتییدا پەرش بووەتەوە. هەمان ئاکت دەکرێت وەک توندوتیژ یاخود ناتوندوتیژ، بەپێی نێوکۆییەکانیان دەربکەوێت؛ هەندێک جار دەکرێت پێکەنینێک بەڕێزەوە زۆر توندوتیژتر بێت لە هەڵچوونێکی دڕندانە. ئاماژەدانێکی کورت بە فیزیای کوانتەم دەکرێت لێرەدا یارمەتیدەر بێت؛ یەکێک لە چەمکە هەرە ناسرەوتگرتووەکانی فیزیای کوانتەم بواری هیگز(Higgs Field)ـە. گەر لەناو ئامێرەکانیاندا لە ژینگەیەکدا جێ نەهێڵدرێن کە بتوانن تیایدا وزەکانیان بگوازنەوە، هەموو سیستەمە فیزیاییەکان دەکەونە دۆخی هەرە کەمی وزەوە. گەر بە شێوەیەکی دیکە دایبڕێژینەوە، تا زیاتر بارستایی لە سیستەمەکە بکەینەوە، ئەوا زیاتر وزەکەی نزم دەکەینەوە، تا دەگاتە دۆخی بۆشی vacuum کە تیایدا وزە سفرە. بەڵام دیاردەگەلێک هەن و ناچارمان دەکەن گریمانەی ئەوە بخەینە ڕوو کە شتێک (هەندێک مادە/جەهەر) هەیە بەبێ بەرزکردنەوەی وزەی ئەو سیستەمە ناتوانین لایبەرین – ئەم “شت”ـە بواری هیگزە: کاتێک ئەم بوارە لە دەفرێکدا دێتەگۆڕێ، کە بەتاڵکراوەتەوە و پلەی گەرمییەکەی تا توانرابێت دابەزێنراوە، ئەوا وزەکەی زیاتر دادەبەزێت. بەم شێوەیە ئەم “شت”ـە کە وەک شتێکە وادەردەکەوێت لە هیچ کەمتر وزەی هەبێت. بە کورتی، هەندێک جار سفر “هەرزانترین” دۆخی سیستەمێک نییە، بۆیە بەمشێوە پارادۆکس و لێکدژانەیە “هیچشتێک” خەرجی و تێچووی زیاترە لە “شتێک”. لە لێكچواندێکی بەراییدا “هیچشتێک”ـی کۆمەڵایەتی (دۆخی متبووی سیستەمەکە و دۆخی وەبەرهێنانەوەی بێگۆڕانکاری) “لە شتێک زیاتر تێچووی هەیە” (لە گۆڕانکارییەک)، واتە پێویستی بە وزەیەکی زۆرە؛ بەمشێوەیە بۆئەوەی ژێستی یەکەمی دنەدانی گۆڕانکارییەک ئەنجامبدرێت، دەبێت خۆبگیرێتەوە لە چالاکی و هیچ نەکرێت.ڕۆمانی بینینی خۆزێ ساراماگۆ (وەرگێڕانی حەرفی ناونیشانە ئەسڵیەکە دەبێتە: وتارێک لە سەر ڕوونوڕەوانی)١ دەکرێت بە کردەیی وەک ئەزموونێکی زەینی سیاسەتی بارتێڵبیانە سەیر بکرێت.٢ چیرۆکی ڕووداوێکی سەیری پایتەختێکی ناونەهاتووی وڵاتێکی دیموکراتیی دیارنەکراو دەگێڕێتەوە. کاتێک ڕۆژی هەڵبژاردن بەهۆی باوبۆران و لێزمەوە ئاستەنگ بووە، ڕێژەی دەنگدان بە شێوەیەکی نیگەرانکەر نزم دەبێت، لێ لە دوانیوەڕۆدا کەشوهەوا خۆش دەکاتەوە و خەڵکە بە حەشاماتەوە دەچنە بنکەکانی دەنگدان.
بەڵام حکومەت ماوەیەکی کورت دڵی بە دۆخەکە خۆش دەبێت، چونکە هەژماردنی دەنگەکان دەری دەخات لە سەدا ٧٠ـی ڕێژەی دەنگدان بەکارنەهێراون و بەتاڵن. حکومەت سەری لە ڕوواڵەتی ئەم بۆشاییە کۆمەڵایەتییە دەسووڕمێ و هەلێک دەداتە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی لە هەفتەی دواتردا لە ڕۆژێکی دیکەی دەنگدا ئەمە چاک بکەنەوە، ئەنجامەکان خراپتر دەبن: ئێستاکە %٨٣ دەنگەکان بەتاڵن. دوو حیزبە سەرەکییەکە، حیزبی دەسەلاتداری ڕاستڕەو (P.O.T.R.) و بەرهەڵستکارە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکییەکەیان (P.O.T.M.) – لە ترس و خۆفدان، لە کاتێکدا حیزبی چەپی (P.O.T.L.) کڵۆڵانە پشتگوێخراو شیکارییەک بەرهەم دەهێنێت و ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەنگە بەتاڵەکان لە بنەڕەتدا دەنگدانە بە ئەجێندا پێشکەوتنخوازەکەیان.
ئایا ئەمە گەلەکۆمەکییەکی ڕێکخراوە، نەک تەنیا بۆ لابردنی حکوومەتی حاکم، بەڵکوو هەروەها بۆ لابردنی کۆی سیستەمی دیموکراتیی؟ گەر وایە کێ لە پشتیەوەیەتی و چۆن توانیان سەدان هەزار کەس ڕێک بخەن و بێ ئەوەی سەرنجیان بچێتە سەر ئەم کارە هەڵتەکێنەرە بکەن ؟ کاتێک پرسیار لە خەڵکی ئاسایی دەکرا چۆن دەنگیان داوە، ئەوان بە سادەیی وەڵامی ئەوەیان دەدایەوە کە ئەم زانیارییانە تایبەتین، جگە لەوەش ئایا جێهێشتنی کارتی دەنگدان بە بەتاڵی مافی خۆیان نییە؟ حکوومەت، بەوەی قەلەقە لەوەی چۆن وەڵامی ئەم پرۆتێستە نەرمە بداتەوە، بەڵام دڵنیاشە لەوەی جۆرێک گەلەکۆمەی دژەدیموکراتی لە ئارادایە، بە خێرایی بزواتەکە بە “تیرۆریزم و پەتی و بێخەوش” لە قەڵەم دەدات و دۆخی لەناکاو ڕادەگەینێت، بەم شێوەیە ڕێ بە حکوومەت دەدات هەموو زامنە دەستوورییەکان هەڵپەسێرێت.
پێنجسەد هاووڵاتی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیر دەکرێن و لە جێگەی ڵیپێچینەوەی نهێنیدا شوێنبزر دەکرێن؛ دۆخیان بە کۆدی سووری نهێنی دەستنیشان دەکرێت. خێزانەکانیان لە ستایلێکی ئۆریەلیانەدا ئاگادار دەکرێنەوە کە خەمیان نەبێت، چونکە بەڵگەی پێویستیان لە سەر کەسەکانیان نییە، لەبەرئەوە “خاڵی سەرەکی گەرەنتیکەری پارێزراوی کەسێتیان لە بێدەنگیاندایە”. کاتێک ئەم هەنگاوانە هیچی لێ سەوز نابێت، حکوومەتە ڕاستڕەوەکە زنجیرە هەنگاوێکی ڕژد دەگرێتە بەر، هەر لە ڕاگەیاندنی دۆخی ئابڵۆقەوە بۆ پلانگێڕی تێکەلەولێکە بۆ ناوەنەوەی ئاژاوە و بۆ کشانەوەی پۆلیس و حکوومەت لە پایتەخت و توندکردنی دەروازەکانی هاتنەوە و چوونەدەرەوەی، لە کۆتایشدا درووستکردنی خودی بازنەی سەرەکی تیرۆریستی. کۆی شارەکە بەردەوام بە کارکردنی ئاسایی خۆی، خەڵکی خۆی لە هاودەنگی فشاری ناڕوونی حکوومەت، بە ئاستێکی تەواوی بەرگری گاندیانەی ناتوندوتیژی، بەدوور دەگرێت.
مایکل وود لە ڕانانێکی تیژبینانەدا لەسەر ڕۆمانەکە ڵێکچوونە برێختییەکانی دەخاتە ڕوو:
برێخت لە شیعرێکی بەناوبانگیدا کە لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٥٣ـدا نوسیویەتی، ئیقتیباسێک لە کەسێکی هاوسەردەمی خۆیەوە دەهێنێتەوە و دەڵێت؛ خەڵک متمانەی خۆیان بە حکوومەت لەدەست داوە. برێخت بە شێوەیەکی لاقرتێئامێزەوە دەپرسێت ئایا باشتر نییە حکوومەت خەڵک هەڵبوەشێنێتەوە و دانەیەکی تر هەڵبژێرێتەوە؟ ڕۆمانەکەی ساراماگۆ گێڕانەوەی دۆخێکە تیایدا نە حکومەت و نە خەڵکیش ناتوانرێن هەڵبوەشێنرێنەوە.
هەرچەندە چوونیەکی هەیە، بەڵام خەسڵەتگیری سەرئەنجامی شکستی دەهێنێت: پەیامی ناڕەحەتکاری ڕۆمانی بینین هێندە لەسەر هەڵنەوەشێنراوەیی هەردوو خەڵک و حکوومەت نییە، بەڵکوو زیاتر لە سەر سرووشتی ناچارکەری سرووتی ئازادی دیموکراتییە. ئەوەی ڕوو دەدات ئەوەیە خەڵك لەڕێی خۆگرتنەوە لە دەنگدانەوە، بە شێوەیەکی کردەیی حکوومەتیان هەڵوەشانەوە – نەک لەو واتا سنووردارەی ڕووخاندنی حکوومەتێکی هەبوو، بەڵكوو بە شێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵتر. بۆچی حکوومەت بەهۆی خۆگرتنەوەی دەنگدەرانەوە کەوتە ناو وەها ترس و خۆفێکەوە؟ ناچار بووە کە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببێتەوە کە شتێکی وا هەیە و فشار درووست دەکات، گەر لە لایەن سوبێکتەکانییەوە قبووڵ بکرێت – قبووڵ بکرێت تەنانەت گەر لە فۆرمی ڕەتکردنەوەشدا بێت. خۆگرتنەوەی دەنگدەران زۆر زیاتر لە نەفی نێو-سیاسی و دەنگدەرانی بێ بڕوا دەڕوات: خودی چوارچێوەی بڕیاردان ڕەت دەکاتەوە.
بە چەمکە دەروونشیکارییەکان خۆگرتنەوەی دەنگدەران شتێکی وەک Verwerfung ـی (وەدەرنان، ڕەتکردنەوە/ناڕەزایبوون) دەروونپەشێویـە، کە جووڵەیەکی زۆر ڕادیکاڵترە لە چەپاندن (Verdrängung). بەگوێرەی فرۆید، چەپاندن لە زەینی سوبێکتدا قبووڵ کراوە، چونکە ناولێنراوە و لە هەمان کاتیشدا نەفی کراوەتەوە، لەبەر ئەوەی سوبێکت نایەوێت دانی پیادا بنێت و ڕەتی دەکاتەوە لە خۆیدا بیناسێتەوە. بە پێچەوانەی ئەمەوە، وەدەرنان دەستەواژەی ڕەمزی حوکمی بێچەندوچوونی دادگای باڵا tout court ڕەت دەکاتەوە.
بۆ کێشانی چوارچێوەکانی شەقلی ئەم ڕەتکردنەوە ڕیشەیی و ڕادیکاڵە، کەڵکەڵەی ئەوە دەکەوێتە سەرەوە، تێزە دنەدەرەکەی بادیۆ بخرێتە ڕوو: “زۆر باشترە هیچ نەکرێت وەک لەوەی لە ڕێگەی داهێنانی شێوازی فۆرمیانەوە، یارمەتیدەر بیت ئەو شتانە بخەیتە بەرچاو کە پێشوەختە ئیمپراتۆرییەت دانی بە بوونیاندا ناوە” باشترە هیچ نەکەیت تا ئەوەی تەڤلی ئاکتێکی ناوچەیی ببیت کە کارکردی دواینی ئەوەی سیستەمەکە بێخەوشتر بەڕێوە بچێت (کردەی وەک دابینکردنی فەزا بۆ فرەیی سوبێکتیڤیتە نوێیەکان). ناچالاکی و پاسیڤیتی هەڕەشەکەی ئەمڕۆکە نییە، بەڵکوو ئەوە زڕەچالاکی و کەڵکەڵەی “چالاکبوون” و “بەشداریکردن”ـە، کە هیچێتی ئەوە دەگوزەرێت و بەردەوامە پەردەپۆش دەکات. خەڵک بەردەوام بەشدار دەبن “شتێک بکەن”؛ ئەکادیمییەکان لە گفتوگۆ و دیبەیتی بێمانا هتد.دا بەشداریی دەکەن. شتە قورسەکە ئەوەیە هەنگاوێک بۆ دواوە هەڵبگیرێت و خۆبکێشێنرێتەوە؛ کەسانی ناو دەسەڵات زۆربەی جار تەنانەت بەشدارییەکی “ڕەخنەیی” دیالۆگییان پێ باشترە لە بێدەنگی – تەنها بۆ ئەوەی تەڤلی “دیالۆگ”ـمان بکەن و دڵنیای بدەنەوە کە ناچالاکییە پڕمەترسییەکەمان تێک بشکێنرێت. بەم شێوە خۆگرتنەوەی دەنگدەران ئاکتێکی سیاسی ڕاستەقینەیە: بەهێزەوە ڕووبەڕووی بێناوەڕۆکی دیموکراسی ئەمڕۆمان دەکاتەوە…
پەراوێز:
١. Jose Saramago, Seeing, New York: Harcourt, 2006.
٢. ” Bartlebian” بە دڵنیایەوە مەبەست لە بارتێڵی هێرمان مێلڤیلە، ڕوونوسکارێکی ناچالاکی نەناسی نیۆرکە. بارتێلبی بۆ هەر داوایەک کە سەرۆکەکەی لێی دەکات تاوەکو شتێک بکات، بە شتێکی وەک “پێم باشترە نەیکەم” وەڵام دەداتەوە.
[ئەم کارە بە کوردی بەردەستە: بارتێلبی ڕوونووسکار، هێرمان مێلڤیل؛ وەرگێڕانی ئازادە ڕەحمانی ٢٠١٧]٣. Michael Wood, “The Election With No Results,” http:// www.slate.com/id121395191
وودس سەرنج دەداتە سەر ڕەهەندێکی برێختی دیکە لە ڕۆمانەکەدا، کە دەربڕی کتێبەکانی ساراماگۆشە: “ئەمانە ڕۆمانن نەک وتار، بەڵام لە شێوەی وتاردا لێی دەڕوانرێت. خەڵکانی ناو ئەم کارانە ناویان نییە، بەڵکوو تەنیا ڕۆڵیان هەیە: وەزیری داد، ژنی دکتۆر، پۆلیس، ئەفسەری بنکەی دەنگدان هتد. ئاڵوگۆڕێ ئاخاوتنیان تەنها بەهۆی کۆما و پیتی کاپیتالەوە دیاریی دەکرێت؛ هیچ کەوانەیەک بوونی نییە. هەردوو کارەکتەر و دیالۆگەکە پەرژاونەتە ناو فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وەک بڵێی هەموو کۆی کلتوور بەهۆی نواندنەوەی دەستنیشانکراوە قسەیان لە سەر دەکرێت و دەجووڵێنەوە.” ئایا ئەمە بە تەواوەتی هاوچوونی “شانۆی فێربوون”ـی خۆگرەوەی برێخت نییە کە تیایدا خەڵکەکە هیچ ناوێکیان نییە لە ڕۆڵ زیاتر (سەرمایەدار، کرێکار، شۆڕشگێڕ، پۆلیس)؛ بۆیە وەک بڵێی “کۆی کلتوورێک [یاخود ئایدۆلۆژیایەک] بەهۆی نواندنەوەی دەستنیشانکراوە قسەیان لە سەر دەکرێت و دەجووڵێنەوە؟”
٤. Alain Badiou, «Fifteen Theses on Contemporary Art,” /acanian ink 23 (Spring 2004), p. 119.
سەرچاوە:
Violence: Six Sideways Reflections, Slavoj Žižek, 2008, p. 213-17
ئەمە چەند لاپەڕەیەکی کۆتایی کتێبەکەیە، کۆی گشتی کتێبەکە لە ئایندەییەکی نزیکدا بڵاودەکرێتەوە.