Uncategorizedگوتار

ڕۆژئاوا؛ دەرچەی ڕزگاربوون لە کۆمەڵگە وەهمزەدەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین

دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین ئەم فاشیزمە نەتەوەیی-ئایینییەی تورک، ئیخوانییەکی پۆپۆلیستیی سەرکێشی وەک ئەردۆگان پێشەوایەتیی دەکات. قووڵایی ستراتیژییەتی خۆی لە ھەناوی خاکی کورداندا دەبینێتەوە. ئەم سوڵتانە لە ڕووی ئەخلاقەوە سەر بەھەمان پەروەردەی بەربەریەتی یەنیچەری و ئینکیشاریی عوسمانلییە، بە لایەوە ئاسایی و بگرە ڕەوای هەقە لە پێناو ئەم خەونە حوشتریەیدا، خەون و ھیوا و ئومێد و ژیان و شەرەفی چل ملیۆن کورد لەگۆڕ بنێت.

وریا ئەحمەد

”سوڵتان بە ڕووتیی لە ڕۆژئاڤا”

ئەم دەستاڕە زەبەلاحەی فاشیزمی نەتەوەیی-ئایینیی تا کەنگێ مەرگ و تەرم و خوێنی دەوێت؟” پێویستە پێشھات و ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا و ئەستوورەی کیژ و کوڕە شەڕڤانەکانی، لە چنگی ژۆرنالیستیی ھەواڵ+مەسرەفکەر ڕزگار بکرێت. درووستە، لە دونیایەکی خێرا و ئاڵۆزدا دەژین، کە تێیدا لەگەڵ جووڵەی ھەر پێشھاتێکدا بە جۆرێک سەگوەڕی ژۆرنالیستیی و ماکینە زەبەلاحەکەی شاشەکان دەکەونە گەڕ و بە جۆرێک ماھییەتی واقعییانەی پێشھات ھەڵدەلوشرێت، دواجار کەس نازانێت چی بوو؟ چی ڕووی دا؟ چۆن ڕووی دا؟ نابێت کەفوکوڵی ژۆرنالیستیی، ماھییەتی ئەو ئیرادە و پەروەردە و فیکرەمان بیر بباتەوە وا گیانی بە بەر شەڕەڤاناندا کردووە. ئەم ئیرادەیە لە کوێوە دێت؟ ئەم چیرۆکە چۆن دەستی پێ کرد.

دەردی بیھرەنگی سەدیقیی، نووسەری فارس دێژێت: “ئەو دەمەی ئۆجەلانی لاو کتێبی ‘ئەمەیە ئاین’ـی سەید قوتبی خستە لاوە و کتێبی ‘ئەلفوبای سۆشیالیزم’ـی ھۆبەرمان و ‘چی بکەین’ـی لنینی ھەڵگرت، ئەم چیرۆکی بەرخودان و ژیانەوەیە دەستی پێ کرد. ھەر کە گەورەتیرۆریستەکەی ڕۆژھەڵاتی ناویین، واتە ئەردۆگان، کە نوێنەرایەتیی بەربەرییەتی ئایینیی+فاشیزمی تورکیی دەکات، لەگەڵ گەورە ستیوپیدە پۆپۆلیستەکەی دونیای بازاڕگەریی، واتە ترامپ، کە نوێنەرایەتیی ڕۆحییەتە داوەشاوەکەی لیبراڵیزم دەکات، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەنجام دا و ھەر کە جووڵەی دووەم زلھێزی سەربازیی ناتۆ، لەژێر درووشمە عەوامفەریبییەکانی وەک (جەیشی موحەمەدیی) و (اللەاکبر) بەرەو غەزوی ڕۆژئاڤا دەستی پێ کرد، دەمودەست سۆپەر ئیمپراتۆریتەکانی ڕاگەیاندن و شاشە ژۆرنالیستییەکان و سیستەمە تۆڕئاساکەی پانتایی مەجاز کەوتنە گەڕ. گرنگ نییە لەوێدا چی ڕوو دەدات، چۆن و بۆ ڕوو دەدات؟ گرنگ ئەوەیە کێ زووتر و خێراتر و بە خواستی خۆی ئەم ڕووداوە فڕێ بداتە سەر پانتایی شاشە و بۆ ڕستێک وێنە و سیناریۆ بیگۆڕێت. ئەم ڕستە وێنە و سیناریۆ شاشەییانە، بەدوای خۆیاندا ڕق و ھەست و سۆزی نائەقڵانیی پەنگخواردوی کۆمەڵگا وەھمزەدەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوینی تەقاندەوە و دەمودەست پانتایی مەجاز لە ڕستەی وەک “ئەمریکا خیانەتی لەکورد کرد” و “کورد بێکەسە” و”ئەی بۆ پەکەکە لە قەندیل دانابەزێت و سواری تورک نابێت” و دەیان ڕستەی سۆزداریی تر، پڕ کرد. تەفرەدراوانی دەست وەھمی زیندووبوونەوەی دەسەڵاتی ئالی عوسمانیش، پانتایی مەجازیان لە ڕستەی وەک “کورد کافرە” و “ڕۆژئاڤا پرۆژەی زایۆنیزمە” پڕ کرد. بەڵام ئەم تەمەتومانی ھەستە فووتێکراوانە، ھیچمان لەسەر ماھییەتی ئەوەی ڕوو دەدات، پێ ناڵێت. دواجار ئەم چڕەدووکەڵەی ھەست و سۆزی دنەدراوی سەر پانتایی مەجاز دەڕەوێتەوە، بێ ئەوەی کەسێک تێگەیشتبێت ڕۆژئاڤا چییە و دونیابینی شەڕڤانەکانیان چۆنە؟ بێ ئەوەی کەس لە ئازاری دایکانی شەھید، لە تراژیدیای تەرمەکان و لە ترسی منداڵەکان تێگەیشتبێت.

بێ ئەوەی کەسێک بە وردیی سەرنجی ئەم شێرپەنجە مەترسیدارەی وا تێهەڵکێشێکە لە فاشیزمی تۆرانیزم و بەربەریەتی ئیخوانیزم، تێگەیشتبێت. ھەڵای ژۆرنالیستیی، ماھییەتی ڕاستەقینەی بەربەریەتی ئایینیی+فاشیزمیی تۆرانیزم و خەونە حوشترییەکەی ئەردۆگان ڕوون ناکاتەوە. تەپڵی ناسازی ژۆرنالیستیی، ھیچ تێگەیشتنێکی ئەقڵانیی و مێژووییمان لەسەر ماھیەتی وەھمی نوێ عوسمانیزم، کە داود ئۆغلو لە کتێبی ‘ستراتیژییەتی قوڵ’ ھێڵە گشتییەکانی دیاریی دەکات، بۆ درووست ناکات. پێمان ناڵێت دیموکراسییەتی جەنەڕاڵەکان و فاشیزمی گورگە بۆرەکانی تۆرانیزم چییە؟ ئەردۆگان وەک دووڕوویەک بە ئەنقەست لە تویتە عەرەبییەکەدا دەستەواژەی ‘سوپای موحەمەدیی’ و بەئەنقەسەت لە تویتە ئینگلیزییەکەدا دەستەواژەی ‘سوپای نیشتمانیی تورکیی’ و ‘چەسپاندنی ئاشتیی’ بەکار دەبات. ئەو بە دوو زمانی بەربەریەتی ئایینیی و فاشیزمیی تۆرانیی بانگ لە موسڵمانی تورکیی و ڕەگەزپەرەستی تورکیی دەکات. ئەم بانگکردنە بانگکردنێکی ئیدۆلۆژیی/ڕاسیزمانەیە و دەمودەست گەورە و بچووک و سەرباز و ھونەرمەند و پیاوی ئایینیی و جەنەڕاڵی سیکۆلاری تورکچی ‘لَبَيك’ـیان بۆ ئەم بانگەوازە کرد و خۆیان بۆ کەرنەڤاڵی خوێن و دڕندەیی و کوشت و بڕ ئامادە کرد. بۆچی ھەردەم تورکیا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ناوەکییەکانی خۆی و دەرچوون لە زەلکاوی ناوخۆ، دەمودەست پەلاماری کورد دەدات؟ تا کەی کورد دوژمنە وەھمییەکەی ناو سەری بەتاڵی تۆرانیزم و ئیخوانەکان بێت؟ بۆ دەبێت کۆمەڵگا پاتاڵە ناخ‌بریندارەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕێی بەقوربانیکردنی کوردەوە برینی خۆبەکەمزانینیان ساڕێژ بکەن؟ بۆچی ناسنامەی تۆرانیزم بەبێ دوژمناندنی کورد، ناتوانێت لە بوونی خۆی دڵنیا بێت؟

دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین ئەم فاشیزمە نەتەوەیی-ئایینییەی تورک، ئیخوانییەکی پۆپۆلیستیی سەرکێشی وەک ئەردۆگان پێشەوایەتیی دەکات. قووڵایی ستراتیژییەتی خۆی لە ھەناوی خاکی کورداندا دەبینێتەوە. ئەم سوڵتانە لە ڕووی ئەخلاقەوە سەر بەھەمان پەروەردەی بەربەریەتی یەنیچەری و ئینکیشاریی عوسمانلییە، بە لایەوە ئاسایی و بگرە ڕەوای هەقە لە پێناو ئەم خەونە حوشتریەیدا، خەون و ھیوا و ئومێد و ژیان و شەرەفی چل ملیۆن کورد لەگۆڕ بنێت. لە ڕۆژھەڵاتی ناوییندا پێ ناچێت ھیچ نەتەوەیەک ھێندەی نەتەوەی تورک برینی قووڵی خۆبەکەمزانین و پاتاڵییەتی ناخی تەنیبن. ھەر ئەم برینەش بەرەو وەھمی تۆرانیزم و خەونی حوشتریی ‘نوێ عوسمانیزم’ دەیانبات. شکستی حەیابەرەی عوسمانییەکان لە جەنگی ‘کرێما’ و داوەشانی ئەم ئیمپراتۆریەتە نەخۆشە لە جەنگی ‘یەکەمی جییھانیی’ بەرانبەر خۆرئاوای مۆدێرن و سەپاندنی پەیمانی ‘سیڤەر’ بەسەریاندا، بە قووڵیی ناخی تورکەکانی بریندار کرد. لەم برینەوە، ڕق و بوغزاندن و کینەدۆزیی ڕۆژهەڵاتیی ھەڵقوڵا و دواتر لە بەستێنی فاشیزمی نەتەوەییەوە بە فۆرمی دەزگای دەوڵەت-نەتەوە پاتاڵەکانی ڕۆژھەڵای گەیشت.

ئەم دەوڵەت نەتەوانە ھەنووکە ڕۆژھەڵاتی ناویینیان بۆ دۆزەخێک گۆڕیوە کە جگە لە جەنگ و تەرم، ڕق و بوغزادنی ئەوی تر، ھیچ دەرفەتێک بۆ ژیان نەماوەتەوە. تورک، دەبێت ھەمیشە کوردێک ھەبێت بۆ ئەوەی بیبوغزێنێت، ڕقی خۆی بە سەردا بەتاڵ بکاتەوە، فیشەکی پێوە بنێت و زیندانی بکات. چونکە تورک تەنھا لەم ڕێگەیەوە دەوای ناخی کرمڕێژکراوی تۆرانزمیانەی خۆی دەدۆزێتەوە. بەهەق پێ دەچێت گرفتی سەرەکیی جەنگەکانی ئەم دەڤەرە لەودا بێت کە جەنگن لەمپێناو بینینی خوێنی قوربانییەکەدا. کاتێک ئیدۆلۆژیای دەوڵەت-نەتەوە فاشیلەکانی ئەم دەڤەرە ھیچ نەبێت جگە لە ڕێکخستن و فۆرمپێبەخشینی جنوون و ڕقی پەنگخواردوو و کینەدۆزیی پۆپۆلیستییانە، کەواتە ئەو گەلانەی بەم ئیدۆلۆژیایە گۆش دەکرێن، جیا لەوەی دووچاری خودئەڤینییەکی موزمین دەبن، جیا لەوەی دەبن بە کارخانەی بەرھەمھێنانی ڕق و بوغز و کینەدۆزیی، جەنگ وەک ستراتیژێک بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ھێشتا دوژمن ماوە و پێویستە بیکوژن، وێنا دەکەن. فارسێک، عەرەبێک و تورکێک، لە ھەمبانەی فاشیزمی نەتەوەیی خۆیاندا ھیچ ئارگۆمێنتێک بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەی خۆیان شک نابەن جگە لەو کۆجیتۆ ڕقاوییە نەبێت کە یەژێت: “من دوژمنم ھەیە، کەواتە من ھەم.” گرفتی سەرەکیی ‘خۆبەسەنتەربینین’ و ‘خود ئەڤینیی’ ڕۆژهەڵاتیی لەوەدایە بەبێ بوونی ئەوی تری دوژمن، ھەڵناکات. ھەمیشە دەبێت ئەوی ترێکی شەیتان و بەد و خراپەکار ھەبێت، تاکوو گەنەپاڵەوانە خودئەڤینەکانی فاشیزمی ڕۆژهەڵاتیی، ژێستی نیشتیمانپەروەریی و ئایینپارێزیی لە بەرانبەردا وەربگرن. سەدان ساڵە دەوڵەت-نەتەوە فاشیلەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی بەربەریەتی ئایینیی و فاشیزمی قەومییەوە بەرەو نەفیکردنی کورد مل دەنێن. داخۆ تاکەی کورد چەشنی مەسیح بەسەر ئەم خاچەوە ھاوار بکات: “خودایە بیانبوورە چونکە نازانن چی دەکەن.” ھەردەم ئەم دەساڕی فاشیزمی ڕۆژهەڵاتییە بە موبارەکەی لۆژیکی بازاڕگەریی سیستەمی لیبراڵیزم گەڕاوە. کەواتە کورد بەرانبەر ئەم ڕووتێتیی و پاتاڵێتییەی جییھانێک کە ترامپ و ئەردۆگان تێیدا فەریادڕەسن، چی بکات؟ بەختیار عەلی لە نووسینێکیدا دەربارەی بەرخودانی کۆبانی، خەباتی ڕۆژئاڤا و ئەستوورەی کیژ و کوڕەکانی ھەسەدە، وەک داستانی بەرگریی لە خودی ژیان وێنا دەکات.

ڕۆژئاڤا کە دەجەنگێت، لە دەرەوەی بەستێنە دۆزەخییەکانی فاشیزمی ڕۆژهەڵاتیی و بەربەریەتی ئایینییەوە، شەرعییەت بۆ ئەم جەنگە دەدۆزێتەوە، ڕۆژئاڤا لە پێناو خودی ژیان و لە پێناو کۆمەڵگای ئازادی خۆسەر دەجەنگێت. ئەم جەنگە، جەنگی تێکشکانی تەوقە وەھمییەکانی ڕۆژهەڵاتە، کە سەدان ساڵە ھەم مرۆڤ بۆ مەرگێکی ڕووت ئامادە دەکەن، ھەم بوونی ژن دەھاڕن. بەرخودانی ڕۆژئاڤا و سیستەمی ئیکۆلۆژیای ئازاد، تاقانە دەریچەیەکن کە بشێت لێوەی مرۆڤ لە فاشیزمی نەتەوەیی و ئایینیی کە، وەک کارخانەیەک ناوچەکەیان پڕ کردووە لە بەرھەمی مەرگ و مەرگدۆستیی، ڕزگاری ببێت. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆژئاڤا و ئەوەی چی ڕوو دەدات، دەبێت دوور لەم چڕەدووکەڵە ژۆرنالیستییە، بچینەوە بۆ لای پەڕتووکی ‘ئیکۆلۆژیای ئازاد’ و ‘شارنشینی بەبێ شار’ـی مۆری بۆکچین و پەڕتووکی ‘مانیفیستۆی کۆمەڵگای ئازاد’ و پەڕتوووکی ‘لە دەوڵەتی ڕاھیبی سۆمەرەوە بەرەو شاستانییەتی دیموکراسییانە’ـی ئۆجالان. دواجار ڕۆژئاڤا فیکر و فەلسەفە و قوتابخانەیە، دەشێت شەرەفی ئەوەمان پێ نەبڕدرێت لە پاڵ ھەڤاڵان دژ بە ئەھریمەنی مەرگخوازیی ڕۆژهەڵاتی بجەنگین، بەڵام خۆ دەتوانین بە خوێندنەوەی فەلسەفەی کۆمەڵگای خۆسەریی یەکسانخواز و ئیکۆلۆژیای ئازاد، سەری خۆمان لە نێو وەھمە دۆزەخییەکانی ڕۆژھەلاتی ناویین ڕزگار بکەین.

 

تێبینیی: مەبەستم لە بەربەریەتی ئایینیی، قسەکردن نییە لەمەڕ ئایینی ئیسلام، بەڵکوو مەبەستم ئەو ھێڵە جیھادییە شەڕانگێزە دینییەیە وا لە سەرەتای سەدەی بیست وەک کاردانەوە بە ڕووی ڕۆژئاوادا سەر ھەڵدەدات و جگە لە مەرگ و ڕق و بوغزادن و وێرانە، ھیچی تری شین نەکرد.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...