پرسی ژن

“من ساکینە جانسزم!”

"تایبەتمەندی داپیرەم هەمیشە سەرنجی ڕادەکێشام، خۆزگەم پێدەخواست و سەرنجم لە هەموو هەڵسوکەوتەکانی بوو... هەرگیز ئاگری نەدەکوژاندەوە. بە شەو بە خۆڵەمێش دایدەپۆشی و لە بەرەبەیانیشەوە دەستی بە کردنەوەی ئاگرەکەی دەکردەوە.

نەجیبە قەرەداغی

 

مرۆڤ هەر لە درککردنی بە بوونی خۆی وەک ئیرادەیەک، بەردەوام هەندێ پرسیاری بنەڕەتی لە خۆی کردووە، بەڵام هەمیشە بە دوای باشترین و ڕازیکەرترین وەڵامدا گەڕاوە، کە واتا بە ژیانیبدات، هەم لە واتای تاکەکەسیدا و هەم لە واتای کۆمەڵگەییدا. پرسیاری؛ “من کێم ؟”، پرسیاری زۆربەی گەڕیدەکانی حەقیقەت، فەیلەسوف، پێغەمبەر و ڕێبەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بووە. ” من کێم؟” لەوانەیە یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکانی ژیانی هەموو مرۆڤێکی سادەش بێت، بەبێ جیاوازی ڕەنگ، ئەتنیک، ڕەگەز، ئایین، ئاینزا، زمان و کولتوور. ئەو پرسیارەش لای ئەو کەس و گروپە کۆمەڵایەتیانەی نکۆڵی لە(ناسنامە، بوون، کولتوور و مێژوویان) دەکرێت، یان لەوەش زیاتر ڕووبەڕووی قڕکردنی جەستەیی و کولتووری دەبنەوە، واتایەکی قوڵتری هەیە و پاڵنەرێکە بۆ وەجوڵەکەوتنێکی جیاوازتر لە کەسانی تر. ئەمە سەرەتا لە ئاستی تاکدا دەستپێدەکات، دەبێتە پاڵنەرێکی لە خود پرسینەوە و دواتر دەگۆڕێت بۆ وشیاریی. لەو پرۆسەیەدا، ئەو مرۆڤانە، خودئاگاییانە بە دوای یەکتردا دەگەڕێن، بۆ خۆگەیاندنە ئاستی گروپێکی خودبەرگری و بونیاتنانی نوێ و فۆرمێکی تری ژیان، لە بەرامبەر ئەو هێزانەی نکوڵیان لێدەکەن، چ وەک تاک و چ وەک گروپ. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەی پرسیار و وەڵامە، بەندە بە قاڵبوونەوەی تاکەکان لە یادەوەری مێژووییان. یادەوەرییەک کە لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکدا هەم ڕیشەی ناسنامەی خۆی بپارێزێت و هەم نوژەنی بکاتەوە و ڕۆژانە لە دایکبێتەوە.

ئەم پرۆسەیە پێویستی بە پاڵنەری دیکەش هەیە؛ وشیاریی، لە قوڵایی یادەوەرییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە، بوێری و بەردەوامی وێرای بەربەستەکان، سەرچڵیی بۆ هەموو هەنگاوەکان بە گیانبەخشینیشەوە، هێزی تێکۆشان لە بەرامبەر هەموو ناشیرینییەکان و پابەندبوون بە بەڵێن لەگەڵ ئەوانەی لە هەنگاوی بەراییدا بە دوای یەکدا گەڕاون و یەکیان لە نێو بازنەی ئەو لێگەڕینەدا دۆزیوەتەوە. بێ ئەوەی ئەم پێشەکییە درێژ بکەمەوە، باسی هەنگاوگەلێک دەکەم کە ئاماژەیە بۆ لە دایکبوونێك. کە تەنیا لە دایکبوونێکی جەستەیی نییە، بەڵکو پرۆسەی لە دایکبوونی ناسنامەیەکی نوێ، واوەتر لەو بێناسنامەیی و واوەتریش لەو ناسنامەیەی کە ئایدۆلۆژی و مەعریفەی دەسەڵاتدارەکان بە درێژایی مێژوو سەپێنراون، بە تایبەتی بەسەر ژندا، واتە هەنگاوگەلێکی لە دایکبوونەوە و خۆبونیادنان.

یەک لەو کەسانەی بە زیادەوە ئەو پرۆسەیەی لە قۆناغی درککردنی بە خۆی تا ٥٦ ساڵ تەمەنی پڕاوپڕ واتادارکرد، ساکینە جانسز ناسراو بە (سارا)بوو. ئەو ٢٠ ساڵ دوای گەورەترین کۆمەڵکوژی سەدەی ٢٠ (کۆمەڵکوژی دەرسیم ـ ١٩٣٨) لە١٢ شوباتی ١٩٥٨ دا له‌ زستانێکی سارد و سۆڵه‌ی گوندی(ته‌ختی خه‌لیل) سه‌ر به‌ شاری دێرسیمی باکوری کوردستان لە دایک دەبێت. دایک و باوک و داپیرە و بەشێکی زۆر لە کەسوکارەکەی ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژی دەرسیمن. لەو شاڵاوی قڕکردنانەی دەوڵەتی تورکیا، تەنیا کوردبوون و عەلەویبوون تاوان نەبوو، بەڵکو ژنبوون لە دۆخی کۆمەڵگەی کوردستان، لە قەتیسبوونی لە نێوان داگیرکاریی دەوڵەت و بازنەی پەیوەندی خێڵەکیدا لە دۆخێکی پارادۆکسدابوو. لە لایەک ئەڵقەیەکی لاواز و بندەستی و چەند هێندە داگیرکراویی و لە لایەک تر خاوەن ماتەوزەیەک کە هەمیشە ئامادەیە بۆ یاخیبوون. ساكینه‌‌، كچی گه‌وره‌ی ماڵ بووە، بەرپرسیارێتییەکی زۆری ماڵی لەسەر شان بووە. دایكیی، ژنێکی یاخی. باوكیشی، پیاوێكی له‌سه‌رخۆ و ئارام بووە. بەگشتیش لە خێزانەکەیاندا بەهۆی کاریگەری کولتووری عەلەوێتی، لە ئاست ژن، ڕێزداربوون. ساکینە بە زۆری لە ژێر کاریگەری داپیرەیدا بووە. ساکینە جانسز لە بەرگی یەکەمی کتێبەکەیدا “ژیانم هەمووى تێکۆشان بوو” وەها باسی داپیرەی دەکات؛

“تایبەتمەندی داپیرەم هەمیشە سەرنجی ڕادەکێشام، خۆزگەم پێدەخواست و سەرنجم لە هەموو هەڵسوکەوتەکانی بوو… هەرگیز ئاگری نەدەکوژاندەوە. بە شەو بە خۆڵەمێش دایدەپۆشی و لە بەرەبەیانیشەوە دەستی بە کردنەوەی ئاگرەکەی دەکردەوە. لای ئەو گوناح بوو کە بچیتە ماڵێکی تر ئاگر بێنی یان ئاگریان پێبدا. ئەگەر یەکێک داوای ئاگری بکردایە خۆى لێ توڕە دەکردن و ئامۆژگاریدەکردن، کە لە شەوەوە ئاگری خۆیان لە ژێر خۆڵەمێشدا بشارنەوە… ژیان لای ئەزێ هەڵگرتنی ئاگر، پاڕانەوە لە كاتی گیرانی مانگ و خۆر و پەیوەستبوون بە خاكەوە بوو”[1].

لەو قسەیەی کە دەڵێ مامۆستای یەکەمی مرۆڤ سروشتە، ڕێک پڕ بە پێستی داپیرەی ساکینەیە. چۆن لەوەوە ڕۆحی وڵاتپارێزی و پەیوەستبوون بە خاک و کۆمەڵگەوە فێر نابێت! کاتێ ڕۆژانە ڕوو لە خۆر دۆعا و نزا بکات بە بەرچاوییەوە؛

“ئەی فریشتەی بەرەبەیانی، کە زەوی و ئاسمانت خوڵقاندووە

خێری ئێمە، مرۆڤی هەژار و بێ گوناح بنووسە

ئەی دایە فاتمە، یا حەزرەتی عەلی، حەسەن و حسێن شمشێرەکەی خۆت هەڵگرە و

بۆ گەنجەکانمان ببە قەڵغان، بیانپارێزە و ڕزگاریان بکە… جوامێری خۆت نیشانبدە

کوردستان و دەرسیم ڕزگار بکە. ئەی خزر، خزری گەورە”[2]

دوورنیە هەر ئەو(خدری زینەیە) نەبێت کە بە گوێى ئێمەش ئاشنایە لە زاری داپیرانمانەوە. ساکینە لە(خۆزات) دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی هەر لەوێش خوێندنی ناوەندی تەواو دەکات. خوشکەکەی باس لە ساتەوەختێکی سەرنجڕاکیش دەکات لەو قۆناغەدا لەسەر باوکی و دەڵێت؛ “ئەو کاتە دایکم لە ئەڵمانیابوو، بابەمان بەیانی زوو هەڵدەستا قژی فەریدە و نەسیبەی شانە دەکرد، دوایی ساکینە ئامادەی دەکردین و دەیناردین بۆ خوێندنگە و دوایی خۆشی دەچوو”. ئەو، سەرەتا تەنیا دملکی( زازاکی) دەزانی لەبەرئەوەی خێزانەکەی بەو زاراوەیە لە نێو خۆیاندا قسەیان دەکرد. ساكینه‌ لە خوێندنگە، بەهۆی سیستەمی خوێندنەوە، زمانی تورکی فێردەبێت، چونکە زمانی کوردی قەدەغەبوو، هەر لە دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تا بە ڕۆژی ئەمڕۆ دەگات. بەڵام دایکی هەمیشە پێی دەڵێت؛ “شه‌رم له‌ كوردبوونی خۆت مه‌كه‌”. لە ساڵی ١٩٦٨، ئەو کاتەی هەموو دونیا بە ڕاپەڕینی خوێندکاران و شۆڕشی٦٨ وشیار دەبووینەوە، لە تورکیا و کوردستانیش بە گشتی ساڵی گەشەی گروپە چەپەکان بوو، لەو سەروبەندەدا ساکینەش یەکەمین خودپرسینەوەی لە قۆناغی خوێندنگەوە، لە پرسی زمانەوە دەستپێدەکات. دواتر لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی قڕکردنی دەرسیم لە زاری گەورەکانەوە، گوێی بەو ستەمە ئاشنا دەبێت کە لە کۆمەڵگەی کورد دەکرێت. بیستنی ئەو ستەمە، ڕۆژانە دڵۆپ، دڵۆپ هەم پرسیار و گەڕان بە دوای وەڵامدا، لە لای ساکینە کۆدەکاتەوە. وێرای ئەوەی گەورەکان بە چرپە و لە ترسان باسی ڕووداوەکانیان دەکرد، بەڵام ئەو لەو بێدەنگییە تۆقێنەرەدا، پەرۆشی بۆ زانینی زیاتر و سەرکێشیەکانی دەستپێدەکات. ئەی ئەوە نیە دەڵێن؛ “ئازادی لە منداڵیەوە دەستپێدەکات”[3]. ئەو، لەو قۆناغە بەدواوە و سەرچڵییەکانی نیشانی دەدات، کە ترسی گەورەکان لە جێی بێدەنگی بوێری لەلا دروست کرد، لەجێی پاشەکشە، پەرۆش و لێپرسینەوەی دروست کرد، لە جێی ئەوەی وەک سەیرکەرێک بێت، بە هەر چوارپەلەوە خۆی فڕێدایە نێو ناکۆکی و پرسیارەکانەوە و بەدوای وەڵامدا گەڕا.

لەسەر ساتەوەختی یەکەمی ئاشنابوونی بە ژیانی شۆڕشگێڕیی ساکینە، (عەلی حەیدەر قەیتان) (هەڤاڵ فوئاد) کە دواتر لە گروپی یەکەمی دامەزرێنەرانی پەکەکەدایە دەڵێت؛ ساڵی 1974 بوو، لە دەرسیم ماڵیان لە گەڕەکی داغ(چیا) بوو. لە تەنیشت ماڵەکەیانەوە ماڵێکی گەورە هەبوو. ئێمە بە زۆری لەوێ دەماینەوە، بەڵام جاروبار سەردانی ئەو ماڵەی خوێندکارانمان دەکرد کە نزیکی ماڵەکەی هەڤاڵ سارا بوو. بەو شێوەیە ئەو هەڤاڵانە کاریگەریان لەسەر هەڤاڵ سارا کرد”

(مەتین جانسزی) برای، باسی هەمان ئەو ساتەوەختانە دەکات و دەڵێت؛ “ساکینە بە زۆری مەیلی بەلای چەپەکانەوەبوو. بەشداری ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکانیانی دەکرد. دەیپرسی، بەڵام نەدەبووە ئەندامی هیچ گروپێکی ئایدۆلۆژی. دوای ئەوەی ساکینە شۆڕشگێڕانی کوردستانی ناسی زۆر چالاک بوو”. کچە پورەکەشی(نورجان یڵدرم) کە ئاشنای ئەو قۆناغەی ژیانی ساکینەبوو، دەڵێت؛ ساڵانی ١٩٧٤- 1975 بوو، باسی کوردستانی دەکرد. لەو شارە بۆ یەکەم جار وشەی کوردستانم لەو ژنەوە بیست. لە لای من باسی هەڤاڵانی خوێندکاری خۆی دەکرد، هەروەها لەسەر دیوارەکەی وێنەیەکی(لەیلا قاسم) کێشرابوو، دەیگوت “ئەوان کێشاویانە و کردوویانەتە دیاری بۆ من”. هەڤاڵە خوێندکارانیشیی(کە گروپی یەکەمی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوون) دەیانزانی کە مەیلی ئازادیخوازانەی وەک ژنێک، سەرنجی ئەوانیشی ڕادەکێشا و سەرسامی ساکینەیان بە لەیلا قاسم دەزانی.

ساکینە جانسز لە بەرگی یەکەمی یادەوەرییەکانیدا دەنوسێت؛ “ئه‌و ئیلهامه‌ی شێوازی كاری سیاسی و شۆرشگێڕی ده‌یانبه‌خشی، منی خسته‌ سه‌ر ڕێیه‌كی كه‌، سه‌رتاپای ژیانی منی گۆڕی. من چه‌ند پیاوێكم ده‌ناسی، كه‌ نزیك له‌ ماڵمان ده‌ژیان، شێوازی ژیانیان، دانوستاندنیان و هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر نرخ و به‌هاكان كاریگه‌ری له‌ من كرد و مه‌شخه‌ڵی ئازادی دەرسیمم له‌واندا ده‌بینییه‌وه‌”.

دوای كوده‌تای سه‌ربازی ١٩٧١ لە تورکیا پەیوەندی به‌ گه‌نجانی شۆرشگێڕه‌وه‌ ده‌كات و له‌ شاری(ئه‌لعه‌زیزی) باكوری كوردستانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ڕیزی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌وه‌. لەسەر خولیاکانیشی دەڵێت؛ “زۆر كتێبم ده‌خوێندەوە، ئەوەش ده‌بووه‌ هۆی خۆ‌شحاڵی و فێربوون. باسی ئیدیۆلۆژی ده‌كرا، ئه‌و كه‌سانه‌ی داکۆکیان لەم ئیدیۆلۆژیه‌یانە دەکرد، مرۆڤی ئاسایی نه‌بوون. خاوه‌نی كه‌سایه‌تی به‌ كاریگه‌ربوون و پەرۆشیان لە ده‌وروبەریاندا دروست ده‌كرد. سه‌ره‌تا هه‌ركه‌س گاڵته‌ی پێدەکردن و ده‌یانگوت ٤ – ٥ کەسی کوردپەرستی یاخیین. دوای ئه‌وه‌ ناویان گۆڕی به‌ شۆرشگێڕانی كوردستان و ئاپۆچیشیان[4] پێدەگووتن”. ئیتر چالاکانە بەشداری دەکات و ئاماژەی یەکەمین کۆبونەوەی شۆرشگێڕان دەبێت له‌ شاری‌ دێرسیم، له‌ کۆتایی ١٩٧٦دا.

ساکینە هەمیشە ناکۆکی هەبوو لەگەڵ هەڵوێستی دواکەوتوو، سەپێنەر و نەریتیدا. ئەو ژنێکی یاخیبوو لە داب و نەریتەکان. چالاکبوونی ساكینه‌، دایکیی توڕە دەکرد. هه‌میشه‌ له‌ شه‌ڕدابوون. ساکینە لەسەر کەسایەتی دایکی دەڵێت؛ “له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ركه‌شی گه‌یاندم، فێری شه‌ڕكردنیشی كردم! به‌و هۆیه‌وه‌ زۆر قه‌رزدارییم”. چونکە واتای بە هەموو جموجوڵێکی دەوروبەری خۆی دەدا، لە جێی ئەوەی ڕایەڵەی پەیوەندییەکان ببڕێت، لەو تەمەنی گەنجێتیەدا هەوڵی تێگەیشتنی دەدا. ئەوەش ئەو تایبەتمەندییەبوو کە هەر لە سەرەتاوە سەرنجی یەکەمی گروپی شۆڕشگێڕانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بۆ ئەوەش بە زیادەوە حەقی بەو ناونیشانەدا کە دواتر بوو بە ناوی یادەوەرییەکانی لە سێ بەرگی کتێبەکەیدا بە ناوی “ژیانم هەمووی تێکۆشان بوو!”.

لە زستانی ١٩٧٦- 1977دا یەکەم کۆبونەوەی فراوانی شۆڕشگێڕانی کوردستان لە دەرسیم دەبەسترێت، بۆ یەکەم جار دەستەواژەی “کوردستان داگیرکراوە” لە عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری گروپەکەوە دەبیستێت لەو کۆبونەوەیەی کە سەرەتا ٦٠ کەس بەشداری تێدادەکەن، لەو ماڵەی کە لە دەرسیم پێیان دەگووت” کۆشکی سپی” لەبەرئەوەی بیناکە بە بۆیاخی سپی بۆیاخکرابوو. بۆ یەکەم جار بە وردی لە ناکۆکی نەتەوەیی و چینایەتی ئاشنا دەبێت و دەکەوێتە سەر ڕێیەکی دوور و درێژ کە وەک خۆی دەڵێت؛ “ژیانم هەمووی تێکۆشان بوو!”. ئەو، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو ژنان له‌ تێکۆشانی ڕزگاری نه‌ته‌وەییدا ڕۆڵیان هه‌بێ و به‌ شێوه‌یه‌كی چالاك به‌شداربن. بۆ ئەوەش یەکەمین ژنە لە نێو بزوتنەوەکەدا کە بۆ هەر کوێیەک چووبێت ژنانی ڕێكخستووە.

ساکینە جانسز لەو سەردەمەدا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات، ئیتر ناتوانێ وه‌كو ژنێكی ئاسایی بەردەوامی بە ژیانی ڕۆژانەیبدات و بەدوای ئەلتەرناتیڤێکدا دەگەڕێت کە بتوانێ ئازادانەتر لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕییدا جموجوڵ بکات. ساکینە دەیویست ببێتە شۆرشگێڕ و چارەسەری لە چوونە دەرەوەی ماڵدا دەبینی و بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕا و دۆزییەوە، کە هاوسەرگیریی بوو. ئەو ڕێبازە بۆ بەشێکی زۆر لە شۆڕشگێڕانی ئەو کاتە، وەک بیانوو و ڕێبازێک بوو، چونکە چوونە دەرەوەی ماڵ هەروا کارێکی ئاسان نەبوو بۆ ژنان. ساکینە ئەو کاتە، ڕوو لە دایکی و خێزانەکەی دەڵێت؛ “باقی پۆلات، کوڕی ماممە، خۆشم دەوێت. پێشتر داوایکردم ئێوە ڕازی نەبوون. ئەو شۆڕشگێڕە و لەگەڵ ئەو دەچم، ئەو ڕێ لە شۆڕشگێڕییم ناگرێت”. دواتر لەگەڵ باقی هاوسەرگیری دەکات و دەچێتە(ئیزمیر). بەڵام ساکینە ئیتر لە ماڵ دەرچووبوو و گەیشت بە بەشێک لە ئاواتەکەی خۆی، پەیوەست نابێت بە ژیانی هاوسەرگیرییەوە، چونکە ئامانجەکەی جیاوازبوو، هەم کار دەکات لە کارگەیەکی چوکلێت بۆ بژێوی ژیانیی و هەم ژنان بەگشتی و بە تایبەتی ژنانی کرێکاری پەنابەری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە کارگەکەدا ڕێکدەخست.

لە دوای ناکۆکیەکانی لەگەڵ خێزانەکەی و بەتایبەتی لەگەڵ دایکیی، ناکۆکی دووەمی ساکینە لەگەڵ باقی دەستپێدەکات لە دوای هاسەرگیرییەکەیەوە، لە لایەک باقی ئەندامی(ڕزگاری گەل) بوو کە خۆشی و رێکخراوەکەشی، کوردستانیان وەک داگیرکراو نەدەبینی و لە لایەکی تر باقی پۆلات دەیویست ساکینە وەک ژنێکی نەریتی تەنیا و تەنیا پابەندبێت بە ژیانی خێزانییەوە، ئەوەش بۆ ساکینە مەحاڵ بوو. لەو کارگەیەی کاری لێدەکرد ژنان و گەنجانی ڕێکدەخست، بەو هۆیەوە لەگەڵ چەند کەسی دیکە لە کار دەرکران. کرێکارەکان دەستیان بە خۆپیشاندان و مانگرتنکرد. ساکینە بەهۆی ئەوەی لافیتەی “کوردستان داگیرکراوە”ی هەڵگرت دەستگیردەکرێت و دەبرێتە دادگا لەوێش لە دادگا دروشمی “بڕوخێ داگیرکەر” دەڵێتەوە. ئەو ڕازینەبوو کە دروشمەکانی تەنیا دروشم بۆ(نان و کار و ئازادی) بڵێتەوە، چونکە پێیوابوو لە وڵاتێکی داگیرکراو و کۆمەڵگەیەک، کە نکوڵی لە ناسنامە، مێژوو، کولتوورەکەی بکرێت، بە تەنیا کار و نان مانایەکی نییە، سۆسیالیزمی ڕاستەقینەی لە کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی و تێکۆشانی هاوبەشی گەلاندا دەبینی، بۆ ئەوەش بە بێ جیاوازی، کرێکارانی ڕێکدەخست.

ئەوەی کەمێک شارەزایی لە ژیانی ساکینە هەبێت، دەزانێ کە ئەو هەمیشە دەستی بۆ کاری زەحمەت بردووە. کاتێ دەگەڕێتەوە کوردستان لە موحافەزەکارترین دەڤەری باکوری کوردستان لە(چەولیگ) دەست بە ڕێکخستنی ژنان دەکات. لە جێیەک کە تەنانەت دەترسان بڵێن ئێمە کوردین، چەندین گروپی ژنانی دامەزراند کە لە ٣ بۆ ٥ کەس پێکدەهاتن و بوێری خۆڕێکخستنکردنی بە ژناندا. وێرای بەربەستی خێزان و کۆمەڵگە، ژنان لە دەوری دروشمەکانی یەکەمین گروپی شۆڕشگێڕان کۆدەبوونەوە وخۆیان تێدا دەبینیەوە. ساکینە کاریگەریەکی گەورەی لەسەریان هەبوو.

ساکینە لەسەر ئەو قۆناغە دەڵێت؛ “دەمانگوت دەبێ ژنان بەشداری شەڕی رزگاری نەتەوەیی بکەن، مەگەر ئەوان بەو شێوەیە دەتوانن ئازادببن، بەرەو ئازادی ڕاستەقینە هەنگاو بنێن”. یەکەمین وانەکانی بۆ ژنان، لەسەر کاریگەری سیستەمی سەرمایەداری بوو لە سەر ژن و هەمیشە دەیگووت؛ “ژن وەک کاڵا، لێی دەڕوانرێت”. ژنەکان سەرەتا بەو دەستەواژەیە بێزاردەبوون، بەڵام ئەو بە نەفەسدرێژییەوە بۆی شیدەکردنەوە، کە مەبەستی بە کاڵاکردنی ژن چییە. ئەو تێکۆشانەی ساکینە جانسز لە نێو ژنان لە چەولیگ و (خارپێت) و دەڤەرەکانی تر، جۆشی بە شۆڕشگێرانی کوردستان دەبەخشی. ئەو تەنیا لە نێو ژناندا نا ، بەڵکو لە نێو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەدا کاری ڕێکخستنی دەکرد. متمانە، باوەڕیی، هیوای لا دروست دەکردن، کە بە کۆمەڵکوژی هەوڵی کوشتنی درابوو.

ئیتر بەری ڕەنجی ئەو چەند ساڵەی دوایی، گەیشتبووە ئاستی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان. قۆناغی هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی پارتێکی شۆڕشگێڕ، کە وەڵامی پێویستییەکانی ئازادی و سەربەخۆیی بداتەوە بۆ دەستەواژەی “کوردستان داگیرکراوە”. لە کۆتا هەفتەی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ له‌ گوندی(فیس) سه‌ر به‌ ناوچه‌ی (لیجه‌)ی شاری ئامه‌د کۆنگرەی یەکەمی بزوتنەوەکە بەسترا. ساكینه‌ جانسز(سارا) لە پاڵ کەسیرە یڵدرم ( فاتمە) یه‌كه‌مین ژن بوون كه‌ له‌ كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی(پەکەکە)دا به‌شداربوون. زۆر خۆ‌شحاڵ بوو. لەبەرئەوەی خۆیان بۆ قۆناغێکی مێژوویی و پڕکردنەوەی بۆشاییەکی گەورە دەکرد لە کوردستان.

مانیفێست و بەرنامە گەڵاڵە دەکرێ، ساکینە لەو کاتەدا ئامادەکاری بۆ خەباتی ژن دەکرد و تەنانەت پلانیان هەبوو ناوی بنێین” گروپی کچان”[5] کە هەموویان لە کادر و لایەنگران پێک دەهاتن. لێکۆڵێنەوە لە تێکۆشانی ژن دەکەن، تەنانەت ئامادەکاری بۆ نووسینی نامیلکەیەکدەکەن. دواتر ساکینە بە کوردستاندا دەگەڕێ و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ژنان دەکات و شیکردنەوەیان لەسەر دەکات. لە(مانیفستی یەکەمی بزوتنەوەکە)دا شرۆڤەیەکی بەو شێوەیە لەسەر ژن هەیە؛ “چارەنوسی ژن وەک چارەنوسی گەلی کورددە. دەبێ ژنان ڕێکخستنی جەماوەری خۆیان دامەزرێنن. ئەگەر ئامانج بونیادنانی کوردستانێکی دیموکرات بێ، ئەو کاتە پێویستە گوشاری خێڵەکی، کۆمپرادۆر و هتد… لە ئارادا نەمێنێ. بێگانە ویستوویان کاریگەری لەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکەن، بەڵام ژن ئەو بەشەی کۆمەڵگەن کە ناتوانن کاریگەری لێبکەن. ژن لە سەردەمی چینایەتیەوە کۆیلەکراوە”[6]. ئاماژەی ژن لە سەردەمی چینایەتیەوە کۆیلەکراوە، ئاماژەیەکە، کە دواتر دەبێتە هەوێنی پارادایمی نوێی مۆدێرنیتەی دیموکراتی کە لە بەرگرینامەکانی ئۆجالان لە ساڵانی ٢٠٠٠ بە دواوە بە گەڵاڵەی دوایی گەیشت.

ساڵی ١٩٧٩ دوای کۆنگرە ئەرک بە ساکینە جانسز دەدرێت کە بچێتە ئەلعەزیز(خارپێت) ژنان ڕێکبخات بکات، ئامادەکاری بۆ ئەوەش بکات ژنان پەروەردە بکرێن. لەسەر ڕێنمایی ڕێکخستن، ژنان دەست بە خوێندنەوەی یاسای ڕۆما و لێکۆڵینەوەکانی سەر ژنانی جیهان دەکەن. بۆ سازکردنی بناغەیەک بۆ خەباتی ژنان لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە دەست بەو خەباتە دەکەن. جارێک لە دەرسیم هەشتا ژن کۆدەبنەوە. لە دۆخی ئاساییدا هەرگیز کۆبونەوەیەکی بەو شێوەیە نەدەکرا، نەخاسمە کاتێ پیاوی لێبووایە نەیاندەتوانی باسی کێشەکانیان بکەن. بەڵام دەبوو خۆسەرییانەش ڕاوەستانیان لەسەر کێشەکانی خۆیان بکردایە کە ژن چ ڕۆڵێک ببینێ.

دەوڵەت بەو هەنگاوەی زانیبوو، لە هەموو جێیەک ئۆپەراسیۆنی لە بەرامبەر شۆڕشگێران، گروپە چەپ و سۆسیالیستەکانی تر ئەنجام دەدا. ساكینه‌ لەسەر ئەو قۆناغە دەڵێت: “زۆر خۆشه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ ڕق و قین به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنی خۆی شه‌ڕ بكات و بژی. هه‌میشه‌ به‌ خۆمم ده‌گوت ئه‌گه‌ر هه‌بوونی ئێمه‌ ئه‌وان چاوترسێن ده‌كات، پێویسته‌ هه‌میشه‌ وه‌كوو به‌ڵایه‌كبم بۆیان”.

له‌ ١٨ ئایاری ١٩٧٩دا له‌ ئه‌نجامی كوده‌تا، ساكینه‌ له‌گه‌ڵ زۆر له‌ هه‌ڤاڵانی له‌ خارپێت(ئەلعەزیز) ده‌ستگیركران. له‌ دوای گیرانی، هەڵوێستێکی به‌رخو‌دانی نیشاندا لەپاڵ هەڤاڵەکانی تریدا ، هەم بەرامبەر بە مەیلی خۆبەدەستەوەدان لە نێو بزوتنەوەکە لە زینداندا و هەم بەرامبەر کاربەدەستانی دەوڵەت، کە ڕادەستبوونیان دەسەپاند. دەوڵەت، بۆ تێكشكاندنی مەیلی بەرخودانی له‌ زینداندا، هەموو جۆرە ئه‌شكه‌نجه‌یەکیان به‌ڕێوەده‌برد. هه‌ڵواسین، كاره‌با، خستنه‌ ژووری تاكه‌كه‌سی ته‌نگ، تاریك و سارده‌وه‌، ڕووتکردنەوە، دەرخواردانی پیسایی و هتد[7]… بەرخودانی ساكینه‌ هەموو بەرپرسانی زیندانی توشی سەرسوڕمان کردبوو. زۆر به‌ جەساره‌ت و بوێریه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئەشکەنجەکارانی ڕاوه‌ستا. زیندانی بەدناوی دیاربەکرد(ئامەد) کە لەو ساڵانەدا بە ناوی ئەشکەنجەکارێکی وەک”ئه‌سه‌د ئوكتای” ناسرابوو، یه‌ك له‌وانەبوو، کە زۆر چێژی له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی ساكینه‌ ده‌بینی و ئاواتی ده‌خواست كه‌ جارێك له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا بقیژێنێ و هاوار بكات، به‌ڵام ئه‌و نەیکرد.

ساكینه‌ به‌رامبه‌ر به‌م دۆخه‌ له‌ زینداندا‌ وه‌ها ده‌ڵێ: “مرۆڤایه‌تی له‌ كامپی نازیه‌كاندا لاشه‌یه‌كی بێده‌نگ و بێشه‌رم بوو، جەستە ڕووت و ئاشكرابوو. له‌ نیگای ئه‌و چاوه‌ بێ واتایانه‌دا هیوا كوژرابوو. ته‌نیا كاتێك نۆرەی مه‌رگیان ده‌هات، ئه‌و لاشانه‌ ده‌كه‌وتنه‌ جووڵه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ندەبوو. كاتێك پرسیاربكرێت، ئایا له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی جێگایه‌كی به‌م ڕه‌نگه‌ هه‌یه‌؟ پێویسته ناكات زۆر له‌ جێگایه‌كی دووردا به‌ دوایدا بگه‌ڕ‌ێین، (ئامه‌د) هه‌یه‌”. ئەسعەد ئۆکتای، بە تایبەتی بۆ ئەشکەنجەدان ڕەوانەی ئەو زیندانەکرابوو، ڕووبەڕووی ساکینە دەبێتەوە و دەڵێ؛ “ئەو شتانەی دەگوترێت دەبێ قبوڵی بکەی، چەند کەس هاتن و چوون، دەزانی من کێم؟” ساکینە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت، “ئەی تۆ دەزانی من کێم؟ منیش شۆڕشگێڕم، دیارە کە تۆ شۆڕشگێر ناناسی” هێرش دەکاتە سەر ساکینە، ساکینەش تف لە ڕووی ئەسعەد ئۆکتای دەکات!.

ئەو تفکردنە لە ڕووی ئەسعەد ئۆکتای وەک ئەفسانە زار بە زار دەگێڕرایەوە، لە زیندان و دەرەوەی زیندان. هه‌ڵوێستی ساكینه‌، بوو به‌ هۆكاری ئەوەی كه‌ هه‌م له‌ قاوشی ژنان و هه‌م سەرتاپای زیندانەکە وه‌كوو سیمبولێكی خۆڕاگری بناسرێت. بەرخودانی ساكینه‌ و هەڤاڵەکانی لە مانگرتنی تا مردن، له‌ زیندانی ئامه‌د وه‌ك لەدایکبوونێکی نوێ بوو بۆ ژنان و گەلی کورد بە تایبەتی. جەسارەت و بوێری لە زیندان هەموو ژنانی نێو زیندانەکەی سەرسام کردبوو، بەوانەی کە سیاسی بوون و ئەوانەشی کە سیاسی نەبوون. ڕۆژێک لە کونی دیواری قاوشەکەیانەوە هەست بەوەدەکەن کە پاسەوانی زیندانەکە ڕۆژانە لەو کونەوە سەیری ژنەکان دەکات. ژنە زیندانییەکان ئەوە بۆ ساکینە دەگێڕنەوە. ئەویش ڕۆژێک وەک بۆسەنانەوە، شیشی خوری چنین دەکات بە چاوی پاسەوانەکەدا، پاسەوان هاواری لێبەرز دەبێتەوە، دواتر لەسەر ئەو هەڵویستەی ساکینە جارێکی تر دەیبەنەوە بۆ ئەشکەنجە.

شارەداری زیندانیکراوی هەدەپی ئامەد(گوڵتەن کشاناک) کە لەو سەردەمەدا، لە هەمان زیندان لەگەڵیدابوو وەها باسی دەکات؛ “لەگەڵ هەموو زیندانیان پەیوەندی هەبوو. ئەوەی ئەشکەنجە کرابوو، ئەوەی لێی درابوو و دەستی شین و مۆر ببۆوە، تیماری دەکرد. دەیشێلا بۆ ئەوەی کە خوێنی تێدا نەمەێت لەبەرئەوەی کە بە کوتەک و کێبڵ لێیان دەداین”.

بەهۆی ئەو کاردانەوانەی کە لە بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی و پاسەوانەکانی زیندانی ئەنجامی دەدات، ساکینە جانسز دەگوازنەوە بۆ زیندانی(ئەماسیا). لەوێ دەیبەنە بەردەم بەڕێوەبەری زیندانی ئەماسیا بەناوی(شوکری). مشتومڕی نێوان ئەو و شوکری بەرگرییەکی کراوەیە لە داکۆکیکردن لە ناسنامە سیاسییەکەی. بەڕێوەبەرەکە دەیەوێ خۆیی پێ بناسێنێت و ئاماژە بەوە بکات، کە ئەو لە ئەسعەد ئۆکتای کەمتر نییە. دەڵێت ؛ “ناوم شوکری-یە، من هێندە لەم گرتوخانەیە ئەرکم بەڕێوەبردووە، جگە لە فەرمانی من هیچ شتێکی تر لێرە بەڕێوەناچێت”. ساکینەش دەڵێت؛ “منیش ناوم ساکینە جانسزە، دامەزرێنەری(پەکەکە)م، من ئێستا لێرەم و منیش پێوەری خۆمم هەیە! جگەلەوە هیچی تر ناناسم”. لەوێ زۆر هەوڵی هەڵهاتنیدا، بەڵام سەرکەوتوونەبوو و بەهۆی زانیارییەوە پێیانزانی. بەهۆی ئەو هەوڵانەیەوە، هاوڕێکانی لە زیندان پێیاندەگووت؛ “پەپولە”[8].

هەڵوێست لە بەرامبەر کودەتای ١٢ ئەیلولی ١٩٨٢ کە ئامانجی شکاندنی ئیرادەبوو، تەنیا دەلاقەیەک مابوویەوە بۆ چاندنەوەی هیوا، ئەویش بەرخودانی زیندانییانی شۆڕشگێڕبوو. ئەوانەی ڕۆڵیان لەو بەرخودانەدا بینی، ڕۆحێکی نوێ و ژیانەوەیەک بوو بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە لێواری مردندابوو. شۆڕشگێڕانی کوردستان لە درکی چەند خاڵێکدابوون. یەکەم؛ چارەنوسی ئازادی کوردستان وەک پرسێکی نەتەوەیی، لەلایەک پەیوەستە بە گۆڕانکاری زهنیەتی قڕكەر و نکوڵیکاری دەوڵەتەوە، بەڵام لەوەش زیاتر پەیوەستە بە ڕابوونی گەلی کورد خۆیەوە. دووەم؛ بەرخودان و بەرگری لە ناسنامە و بەهاکانی کۆمەڵگەیەک لەو بزوتنەوەیەدا تەنیا بە باڵای پیاو نەبڕابوو، بەڵکو بەشداری ژن لەو بەرخودانە زەمینەی بۆ گۆڕانکارییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی دەکردەوە. ئەو بەرخودانەی ساکینە جانسز ڕێی لەسەر ئازادی ژن و کۆمەڵگە دەکردەوە. بۆ ئەوەش دروشمی “ژن ئازاد نەبێت ، کۆمەڵگە ئازاد نابێت”[9] لێ بەرهەمهات. ئەوەی هێزی لە کۆمەڵگەی کورد بڕیبوو، تەنیا کاریگەریەکانی داگیرکاریی نەبوو، بەڵکو ئەو نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و دواکەوتووییەبوو کە داگیرکاریی لە کەسایەتی کورد دا ناوەکیی کردووە.

ئه‌و یه‌كه‌مین ژن بوو له‌ مێژووی توركیادا، كه‌ له‌و ئاسته‌دا بەرخودانی كردووه‌ و بوو به‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تیەكی نموونەیی لە قارەمانێتیدا. ساكینه‌ هیچ كات دۆخی ژیانێكی ئاسایی قبوڵ نه‌ده‌كرد و به‌رامبه‌ر به‌ دۆخێكی وه‌ها تێدەکۆشا و چۆکی دانەدەدا. ئەو بەشێکی زۆری لە سەردەمی گەنجێتی، له‌ گرتووخانه‌كانی(ئه‌لعه‌زیز، مه‌لاتیا‌، بورسا، ئامه‌د و چاناقه‌ڵا) دەستبەسەر دەبێت. له‌ ساڵی ١٩٩١دا، ئازاد ده‌كرێت. له‌دوای ده‌ركه‌وتنی ده‌چێته‌(ئاكادیمیای مه‌عسوم قۆرقماز) له‌ (دۆڵی بیقاعی) لوبنان و به‌شداری په‌روه‌رده‌ی ئایدۆلۆژی ده‌بێ، كه‌ له‌ لایه‌ن ع.ئۆجالانەوە ده‌درا. هه‌ر له‌ویش به‌شداری لە یه‌كه‌مین كۆنفرانسی زیندانیانی سیاسیدا ده‌كات و دواتر له‌(فه‌له‌ستین، سوریا و ڕۆژئاڤا) كار و خه‌باتی ڕێكخستن به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

ساكینه‌ له‌ دوای ئه‌و خولی په‌روه‌رده‌یه‌، داخوازی ڕۆیشتن بۆ چیاكانی كوردستانی ده‌كات. ئۆجا‌لان به‌ ده‌نگدانی هه‌ڤاڵانی ئاكادیمی هاوڕابوو، كه‌ ساكینه‌ ڕوو لە چیاکانی کوردستان بکات، چونکە پێیوابوو کە وەک ئەو له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌وه‌ ڕۆڵی هه‌یه‌، ناتوانێ بڕیاری لەسەر بدات. كاتێك زۆرینه‌ی هەڤاڵانی ژن لە ئاکادیمیایەکە لەگەڵ ڕۆیشتنی ساكینەبوون، ئۆجالان پێی ده‌ڵێت؛ “سارا تۆ بردتەوە” ساكینه‌ زۆر خۆشحاڵ بوو و لەو بارەیەوە ده‌ڵێت:

“من زۆر سەرچڵ و کەلەڕەقبووم، ئه‌گه‌ر بڕیارم دابایه‌ به‌دڵنیایی پێكم ده‌هێنا. ئه‌و شتانه‌ی دەمویستن، یه‌ك به‌ یه‌ك پێكده‌هاتن. من رێبه‌رایەتیم بینی، نیوه‌ی كوردستانم بینی، من ئه‌وینی ئازادی گه‌لیشم بینی و هه‌ستم پێكرد، به‌ خۆمم ده‌گوت ئه‌گه‌ر بڕۆمه‌ چیا و خه‌یاڵم بۆ گه‌ریلایەتی پێك بێت، ئه‌و كاته‌ هه‌موو شت به‌ دڵی من ده‌بێت”.

ساكینه‌ دواتر به‌ حه‌سره‌تێكی مه‌زنه‌وه‌ ڕوو له‌ چیاکانی كوردستان ده‌كا و به‌شداری له‌ تێكۆشان و چالاكیه‌كانی گه‌ریلا ده‌بێ و وه‌ك ئه‌ندامێكی چالاك ڕۆڵی خۆی له‌ كۆنگره‌ و كۆنفرانسی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی ژنانی کوردستان و بزوتنەوەکە بە گشتی ده‌گێرێت و لە هەموو کۆنفرانس و کۆنگرەکاندا ڕۆڵی یەکلارەوەی هەبووە. له‌ بواری وێژه‌ییشه‌وه‌ خاوەن قەڵەمێکی بەهێزبووە و بۆ ئەوەش ئۆجالان پێشنیاری بۆ دەکات کە ژیانی خۆی و یادەوەرییەکانی بنوسێتەوە.

سه‌ره‌ڕای بارودۆخی سەخت و زەحمەت چیاکانی کوردستان زۆر خاوێن و ژیانی به‌ دسپلین بوو. وەرزش یەکێک بوو لە خولیاکانی و خووی ڕۆژانەییی. به‌یانیان زوو له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستا و لەناو کەشوهەوای چیادا و تەنانەت لە کاتی بەفر بارینیشدا وەرزشی دەکرد، گیای بەهارانەی کوێستانەکانی كۆده‌كرده‌وە. زۆر حەزی لە نوسینەوەی بیرەوەرییەکانی بوو، بۆ ئەوەش هەمیشە دەفتەرەکەی لە هەگبەکەیدابوو، لە هەر کوێ دەرفەتی ببینایە، دەفتەری بیرەوەرییەکانی دەردەهێنا و ده‌ینووسی.

ئۆجه‌لانیش له‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی ساكینه‌ لە دیالۆگێکی سەرسامی خۆی لە کەسایەتی ئەو ناشارێتەوە و پێی دەڵێت؛ “كچێكی زۆر خۆراگره‌، زۆریش خستمانه‌ زه‌حمه‌تی، به‌ڵام بێگومان ئه‌مه‌ بێواتانه‌بوو. چی بكه‌ین؟ جەنگاوەرێتی و تێكۆشانی ئێمه‌یه‌، كه‌ گه‌یاندنی‌ به‌م ئاسته… تۆ ده‌توانی خاوه‌ن كه‌سایەتیەکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بیت. جه‌ساره‌ت و فیداكاریت سه‌د قات زیاتر له‌ من، هێزی پێبەخشیت”.

کاتێ لە ساڵی ١٩٨٧دا یەکەمین ڕێکخستنی خۆسەری ژن(یەکێتی ژنانی وڵاتپارێزی کوردستان) لە نێو بزوتنەوەکەدا لە دەرەوەی وڵات لە شاری(هانۆڤەر) دادەمەزرێت، ساکینە لە زینداندا دەبێت. لە کۆنگرەی دووەمیشدا کە لە ساڵی ١٩٨٩ دەبەسترێت ساکینە جانسز ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت. لە زیندانەوە نامەیەک وەک ڕێنمایی دەنێرێت لە کۆنگرەکەدا دەخوێنرێتەوە. لەو کۆنگرەیەدا بابەتی سەرەکی لەسەر خۆسەرێتی(ڕێکخستنی تایبەت و سه‌ربه‌خۆ) و ئۆتۆنۆمی ژنە، کە چۆن پەرەی پێبدرێ. لە چیاکانی کوردستانیشەوە وێنەی ٥٠ گەریلای ژن بە فەرمانداری(هەڤاڵ عەزیمە) ڕەوانەی کۆنگرەکەدەکرێن، ئەو وێنەیە جۆشێکی گەورەی لای ژنان دروستکرد و بۆ هەمووان دیمەنێکی نوێ بوو[10]. کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی ژنانی وڵاتپارێزی کوردستان لە ئابی ١٩٩١ لە ئەوروپا، بەبەشداری نزیکەی ١٥٠٠ نێردە بەسترا. لە کۆنگرەکەدا بڕیار دەدرێ پەروەردەی خۆسەر بۆ ژنان بکرێتەوە بە زمانی کوردی، ئەوەش لە بەرامبەر پاکتاوی نەژادیدا هەڵوێستێک بوو. هەروەها بڕیاری دەرکردنی گۆڤاری”ژنا سەربڵند ” دەدرێ و دەبێتە یەکەمین گۆڤاری ژن.

ساکینە جانسز دوای گەڕانەوەی بۆ چیاکانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٤دا لە(بۆتان) دەمێنێتەوە. بەڵام ئەو ساڵە شەڕ بە چڕی ڕوویدا و ئەو لە نێو یەکینەی گەرۆکدا بوو، کە شەڕکەرترین یەکینەبوو زیاترین شەڕی ڕووبەڕووبۆوە. لە ساڵی ١٩٩٥ دا بڕیاردرا کۆنگرەی ژن لە چیاکانی کوردستان ببەسترێت. ساکینە جانسز ڕۆڵی سەرەکی لە کۆمیتەیەکی ئامادەکاردا هەبوو بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان(YAJK) . پەیڕەو و پرۆگرام و راپۆرتی بزوتنەوەی ژنیان ئامادەکرد، کە لە(مەتینا) لە گوندی(بەشیری) لە ئەشکەوتێکی گەورە و مێژووییدا بوو، وەک سەمبولێک بەو جێگەیەیان دەگووت” پەرستگای ژن”[11]. کۆنگرەکە هەموو هەرێمەکانی گرتەوە. ٣٥٠ نێردەی ژن بەشداریدەکەن. یەکەمین ئەزموون و هەنگاوە مێژوویی بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد بوو لە چیاکانی کوردستاندا.

ئەو هەنگاوە مێژووییە دوای بەسوپابوونی ژنی کورد دەنرا. سوپایەک دڕ بە هەموو نایەکسانیەکان ببات، دیواری ترسی دەشکاند، ژنانی لە ماڵ دەهێنایە دەرەوە و ڕووی لە تێکۆشان دەکردن. سوپایەک کە لە لایەنە سەربازییەکەی واوەتر، زهنیەتی کۆنەپەرستی لە کوردستاندا لە بنەوە هەڵدەتەکاند و پێوەری نیشانی پیاو دەدات، کە ژن دەیەوێ لەگەڵ چۆن پیاوێک بژی. لە هەموو ئەو هەنگاوانەدا ساکینە جانسز پێشەنگێکی کۆلێکتیڤ بوو. ئەو لە ناخی دڵ و مێشکیەوە درکی بەوەکردبوو، کە ئۆجالان دەستی بۆ قووڵترین ناکۆکی مێژوو بردووە و بەو ڕێبازە ڕادیکاڵە شۆڕشگێڕییە نەبێت گۆڕانکاری دیموکراتیانە مەحاڵە.

ساکینە جانسز لە سەر ئەو هەنگاو دەڵێت؛ “بە ئەرتەشبوونی ژن تەنیا واتایەکی بەرتەسکی نەبوو، کە تەنیا هێزێکی چەکداری بێت. بەڕاستیش خوڵقاندنی سوپای ئازادی، هەم لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە هەم سیاسیەوە، هەم چالاکی و هەم ئیرادە و خوڵقاندنی هێز و ورە بوو. هەروەها فەراهەم کردنی زەمینەی یەکانگیربوونەوە لەگەل گەل. بە ڕۆژەڤکردنی داخوازییە سەرەکییەکانی گەل، بەپێی داواکانی گەل ڕێکخراوەبوونێکی هاوبەش، ڕێکخراوەبوونێک کە هەموو ئەوانە لەخۆبگرێت”.

لە دوای پراکتیکێکی پڕ لە ئەزمون لە چیاکانی کوردستان ساکینە جانسز بە هەگبەیەکی پڕ لە ئەزموو و زەمینەی تیۆرییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاکادیمیای پێگەیاندنی کادران، کە پێویستی بە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوی نوێ هەیە. ڕێک لەو کاتەی کە دەوڵەتی تورکیا و هێزە نێودەوڵەتیەکان لە ئامادەکاری تۆڕێکی پیلانگێڕیدا دەبن بۆ وەردەرنانی ئۆجالان لە سوریا، لەو سەروبەندەدا لە پانێڵێکی(میدیا تیڤی)دا، کە عەبدوڵا ئۆجالان و ساکینە جانسز و ژمارەیەک لە کادرانی ژن بەشداربوون، ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن ڕادەگەیەنێت، کە بەیەکێک لە بناغەییترین و گرنگترین قۆناغەکانی تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان لە قەڵەم دەدرێت، ڕێک لەو کاتەدا بوو، کە بە پڕوپاگەندەی شەپۆلی نیولیبرالیزم لە جیهاندا، ئایدۆلۆژیا بێواتا دەکرا.

ئەو قۆناغە بناغەکەی لە ساڵانێکی درێژەوە داڕێژرابوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری “چۆن بژین” کە پێویستیەکی مێژوویی سەرلەنوێ دارشتنەوەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بوو. لەو پەیوەندیەی کە ڕۆژنامەوانی تورک(ماهر سایان) لە دیدارێکی لەگەڵ ئۆجالان وەک”ئاگر و بەنزین” پێناسەی دەکات، واتە لە پەیوەندییەکی نەریتی و کۆیلایەتی نێوان پیاوێکی سەردەست و ژنێکی نەریتی بۆ پەیوەندییەکی ئازاد، کە بە پێی ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن پایەکانی لە سەر پرەنسیپەکانی وڵاتپارێزیی، تێکۆشان، ڕێکخستن، ئیرادە و هزری ئازاد، ئێتیک-ئێستیتک دامەزراوە. ئەم هەنگاو چارەنووسی بە تەنیا کۆمەڵگەی کوردنا، بەڵکو چارەنوسی هەرێمەکەی دەگۆڕی، کە ئێستا لە ئاستی گەردوونیدا ڕەنگدانەوەی هەیە. ئەو دیالۆگە مێژوویی و فەلسەفیی و پراکتیکی بوو لە نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و ساکینە جانسز.

دوای ئەوە مەشقەی ئاکادیمیای کادران، ساکینە جانسز(هەڤاڵ سارا) له‌ ساڵی ١٩٩٨ دەچێتەوە‌ ئاكادیمیا و له‌ دوای دیالۆگێکی نوێ و شیکردنەوەی نوێی سۆسیۆلۆژی لە لایەن ئۆجا‌لانەوە، گۆڕەپانی تێکۆشانی دەگوازێتەوە ئەوروپا و له‌وێ درێژه‌ به‌ خه‌باتی ڕێكخستن دەدات و ده‌روازیه‌كی فراوانتر له‌سه‌ر(خەباتی لۆبی) ده‌كاته‌وه‌. هه‌م له‌ نێو دۆستانی گه‌لی كورد و هه‌م له‌ خه‌باتی دیپلۆماسیدا هه‌نگاوی به‌رچاو ده‌نێ. ساڵی ٢٠١٨ کاتێ (یەکەمین کامپی ژنۆلۆژییمان لە وڵاتی باسک)، لە(بلباو) ئەنجامدا، لەو کامپەدا بۆمان دەرکەوت کە ساکینە جانسز یەکەمین ژنی کوردبووە، کە لە هاتنی بۆ ئەوروپا لە ساڵی ١٩٩٨ دا بۆ خەبات ڕووی لە بلباو دەکات و دیداری لەگەڵ ژنانی باسکی ئەنجامداوە. ژنانی چالاکوان و ئاکادیمیی باسک ئاماژەیان بە بەهێزی کەسایەتی ساکینە و فراوانی ئاسۆی بیرکردنەوەی دەکرد.

ساكینه‌ سەردانی هەر ماڵێکی بکردایە، بیرەوەرییەکی بەهێزی بەجێدەهێشت و کاریگەریەکی گەورەی لە گەشەی ڕۆحی وڵاتپارێزی ئەوان دەکرد. نەک تەنیا ماڵە کوردەکان بەڵکو لەگەڵ کەسایەتیە چەپ، سۆسیالیست و ئینتەرناسیۆنالیستەکاندا پەیوەندی هەڤاڵێتی دەبەست و ده‌روازیه‌كی فراوانی بۆ خه‌بات و تێكۆشان و پێکەوەکارکردن، دەكرده‌وه‌. کوردستان و بزوتنەوەی ئازادی پێدەناساندن و پاڵپشتی بۆ تێکۆشانی ئازادی دەبینیەوە.

بە تایبەتی لە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ئۆجالان و دیلگرتنی لە زیندانی تاکەکەسی ئیمرالی، ساکینە جانسز وڵات بە وڵات لە لایەک کاری لۆبی دەکرد و لە لایەکی تر قۆناغی سەختی دوای پیلانگێڕیەکەی لە نێو بزوتنەوەکە و لە نێو کۆمەڵگەدا ڕوون دەکردەوە. بە تایبەتی گۆڕانکاری لە پاردایمی تێکۆشاندا کە(پاردایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە)، هەم هەنگاوێکی ستراتیژی بوو و هەم ڕسکی خۆی هەبوو. بۆ ئەوەش ساکینە جانسز شەو و ڕۆژی لە سەر یەک دادەنا، بۆ ئەوەی یەکێتی ڕێکخستن بپارێزێت و ئەو ڕۆڵەی کە بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کوردستان لە ڕووی ستراتیژیەوە لە ئەستۆی گرتبوو لە چارەسەری پرسە مێژووییەکان بەجێبێنێ، پێشەنگییەکی ڕاستەقینەی بۆ ژنان دەکرد لە نێو بزوتنەوەکە و لەهەمانکاتدا ڕۆڵی پاراستنی بزوتنەوەکە و پرۆسەی بە کۆمەڵگەییکردنی شۆڕشی کوردستانی لە ئەستۆگرتبوو. بۆ ئەوەش لە هەموو کۆنگرەکانی دواتری بزوتنەوەکەدا لە پاڵ کادرانی تری پێشەنگدا و لە خاڵە وەرچەرخێنەرەکانی بزوتنەوەکەدا هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو.

ساکینە زۆر لەوە دڵنیا بوو کە لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردستاندا قۆناغێکی گرنگ بڕێوەیە، زۆر بە خۆباوەڕانە لە بەرنامەیەکی(ڕۆژتیڤی)دا لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨دا دەڵێت؛ “تێکۆشانێک لەئارادایە کە لە پێشکەوتندایە. تێکۆشانێک کە ئیتر بۆتە هی گەلی کورد. ڕێی ئازادی بۆ گەلەکەمان کردۆتەوە، ڕێی لەسەر ڕێکخستنی گەلی کورد و یەکێتی گەلی کورد کردۆتەوە، بۆتە زەمینەیەک بۆ بە ئیرادەبوونی گەل”.

ساکینە جانسز لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی ٢٠١١دا، کە لە گۆڤاری(نەوایا ژن) بڵاویکردەوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانی ژنان دەڵێت: ”ئێمە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی نەبینە ئەو ژنەی هیچی لە دەستنایەت و دەگری، تێدەکۆشین تا نەبینە ئەو ژنانەی ڕەش دەپۆشن و بۆ ئازارەکانیان دەلاوێنەوە، بۆیە ئێمە لە چیاکانین… ئەو ئازار و ستەمەی کە کۆمەڵگە و ژنان لە مێژوودا تێیدا ژیاون و لەمڕۆشدا بەردەوامە، هەستکردنە، ئافراندنی وشیارییە، هزر و ئاسۆیە و ئامرازی تێکۆشانە، ئێمە تەنها دەتوانین بە ڕێکخستنێکی بەرفراوان ئەم دۆخە تێپەڕێنین”.

كاتێك له‌ ئه‌وروپا له‌ سه‌ر كردنه‌وه‌ی(وه‌قفی ژنان) و ناوەکەی، گفتوگۆدەکرێت، پێشنیارده‌كرێت، کە ناوی وه‌قف بە ناوی ساكینەوە‌ بێت، وه‌كوو چۆن ناوی(رۆزا لوکسەمبورگ) لە زۆر جێگە دامەزراوە بە ناوییەوەکراوە، ساكینه‌ له‌و كاته‌دا‌ ده‌ڵێ: بۆچی بڕیاره‌ من بكوژن؟. دیاره‌ هه‌ستی به‌وه‌ كردووه‌ ئەوانەی له‌ زیندان، له‌ چیاكانی كوردستاندا نه‌یانتوانی لەناویبەرن، تا ئه‌وروپا دوای کەوتن. لەو ناوەندەی کە وەک ‘ مافی مرۆڤ و ‘ دیموکراسی’ ناسراوە، پیلانگێڕێیەکەیان لە بەرامبەری سەرخست.

لە ٩ی کانونی دووەەمی ٢٠١٣دا لە ناوەندی زانیاری کوردستان لە قەرەباڵغترین شەقامی پاریس، ساکینە جانسز(سارا)، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(فیدان دۆغان) (ڕۆژبین) و (لەیلا شایلەمەز) (ڕووناهی) ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان لە لایەن ئەندامێکی دەزگای هەواڵگری تورکیا-میت تیرۆرکران. دواتر بکوژەکە لە زیندانێکی فەرەنسا لەدۆخێکی تەمومژاویدا بۆ داخستنی کەیسەکە مرد.

داگیرکەر ویستی بە تیرۆرکردنی ئەو و ژنانی دیکەی پێشەنگ، دەنگی ژنی کورد و گەلی کورد کپبکەن و گورزێكی كوشنده‌ له‌ مێشكی بزوێنه‌وه‌ر و ئیلهام به‌خشی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بده‌ن، به‌ڵام ساكینه‌ هه‌ر وه‌ك چۆن فێری سه‌ركه‌وتن ببوو، هه‌م له‌ به‌رامبه‌ر مردن و هه‌م له‌ به‌رامبه‌ر بکوژەکانیدا بووه‌ ده‌نگ و ڕۆحی ملیۆنان كه‌س، كه‌ بۆ ده‌ربڕینی هەستیان لەبەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییە ڕژانه‌ مه‌یدانه‌كان. ئەو خەونی بە گوڵبارانکردنی خۆیەوە دەبینی کە لە کوردستان پێشوازی لێبکرێت وەک گەریلایەک. ئەو ئێش، ئازار و تراژیدیای گەلەکەی خۆی لە هەگبەکەیدا هەڵگرت و شار بە شار، چیا بە چیا، وڵات بە وڵات گۆڕی بە ئومێد، وزە، وشیاری و ڕێکخستن. بەڵام ئەو لە درکی ئەوەشدابوو، کە ڕێی ئاشتی ڕێگایه‌كی درێژه‌.

ئۆجالان ئەو کۆمەڵکوژیەی هەڵسەنگاند و وتی؛ “لە ڕاستیدا ویستیان بەو کۆمەڵکوژیە، ڕێ لە هەوڵەکانم لە پێناوی ئاشتیدا بگرن. واتە ئەوانەی نێو دەوڵەت، کە نایانەوێ پرسەکە بەڕێبازی دیموکراتیانە چارەسەر ببێت، ویستیان پرۆسەکە تێکبدەن. ژیانی ساکینه‌ نموونه‌یه‌. ئازادی ژنان، تێكۆشانی ساكینه‌یه‌. من حیسابی سا‌كینه‌ دەپرسمەوە، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كه‌م…”

سەرچاوە، گۆڤاری تەوار

[1]  ـ بەڵگەفیلمی سارا https://www.youtube.com/watch?v=oLiq0p6T1x4.

[2] ـ هەمان سەرچاوە.

[3]  ـ ع.ئۆجالان، بەرگریکردن لە گەلێک.

[4]  وشەی ئاپۆجی، وشەیەکە کە بۆ کورتکراوەی وشەی مامە بە بەکاردەهێنرێت و ئەو وشەیان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان بەکارهێنراوە کە ڕێبەری گروپی یەکەمی شۆڕشگێڕانی کوردستان بووە.

[5]  دەلال ئامەد، کتێبی “وانەی مێژووی ژن لە نێو بزوتنەوەی ئازادی کوردستاندا”.

[6]  هەمان سەرچاوە.

[7]  بەڵگەفیلمی سارا https://www.youtube.com/watch?v=oLiq0p6T1x4.

[8]  ـ (پەپولە یان پاپیلۆن) فیلمێکە لە ژیانی زیندانییەک لە ساڵی ١٩٧٣ لە دەرهێنانی(فرانکلین جەی شافنەر). سیناریۆکەی لە لایەن (داڵتۆن ترۆمبۆ و لۆرێنزۆ سێمپڵ جونیۆر) نوسراوە و ژیانی زیندانییەکی فەرەنسی بە ناوی(هێنری چاریر) لە ساڵی ١٩٦٩ دەگێڕێتەوە.

[9] ـ عەبدوڵڵا ئۆجالان، بەرگی یەکەمی کتێبی ” چۆن بژین”.

[10]  ـ (دەلال ئامەد)، کتێبی “وانەی مێژووی ژن لە نێو بزوتنەوەی ئازادی کوردستاندا”.

[11]  ـ هەمان سەرچاوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...