خوێندنهوهیهكیی دۆلۆزیی بۆ كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوا
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه بیڵێم ئه‌وه‌یه؛ ئێمه چۆن ده‌توانین به یارمه‌تیی دۆلۆز و له ڕێگای چه‌مكه‌كانییه‌وه، ئاسۆیه‌كی فیكریی جیاوازتر به‌رانبه‌ر ئه‌زموونی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا بكه‌ینه‌وه؟ په‌یوه‌ندیی كانتۆن و ده‌وڵه‌ت، ئینجا ده‌وڵه‌ت وه‌ك فۆرم و تۆڕێکی هه‌ژموونخوازی ستوونیی له‌گه‌ڵ كانتۆن وه‌ك نۆرمێكی ده‌سه‌ڵاتی ئاسۆیی له چیدایه؟
فازڵ مه‌حموود
ژیل دۆلوز بۆ خستنه‌ڕووی بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌كانی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و چه‌مكانه‌ی وا پێشتر له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا لە ئارا بوون، به‌ڵكوو ڕێڕه‌وێكی ته‌واو پێچه‌وانه ده‌گرێته به‌ر. له كتێبی ‘فه‌لسه‌فه چییه؟’ـدا خۆی و گواتاری ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن؛ کاری فه‌لسه‌فه تێڕامان و بیركردنه‌وه نییە له سه‌ر شتێك، هەروەها گه‌ڕانیش نییە به دوای هه‌قیقه‌تدا! به‌ڵكوو چەمکسازییە. لای دۆلوز چه‌مكسازیی په‌یوه‌سته به پێویستییەکی مه‌عریفیی قووڵه‌وه، چهمکهكان نابێت له خۆڕا مشتوماڵ بدرێن و نابێت فه‌یله‌سووف كاتێك چه‌مكێك درووست دەکات، ئه‌و چه‌مكه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كانی پێشووی یان ئه‌وانه‌ی له داهاتوودا درووستیی ده‌كات، دژیه‌ك بێت، به‌ڵكوو ده‌بێت بكه‌وێته سه‌ر یه‌ك هێڵی ئیماناناس و پچڕان دروست نه‌كات، سا كۆی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه وه‌ك ته‌ون پێكه‌وه گرێ بدات.
ڕووته‌ختی ئیماناس یه‌كێكه له چه‌مكه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دۆلوز و باس له‌وه ده‌كات كۆی جیاوازییه‌كان، به‌بێ هیچ مژارێکی ترانسێندتاڵ هەن، ئه‌م چه‌مكه ده‌مانبه‌ستێته‌وه بۆ تێڕوانینێكی ناهیراركییهتی، كه له سیاسه‌تدا دۆلوز به مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی پێكهاته ترادیسیۆنه‌كان ده‌یكات، ئەمەش له پێناو هزرێكی سیاسی، كه له‌سه‌ر بنه‌مایی فره‌یی و داهێنان و جیاوازیی بێت. ڕووته‌ختی ئیمانانس له نێو چوارچێوه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییدا، ناكۆكه له‌گه‌ڵ چه‌مكه ترانسێندتاڵهكانی ده‌سه‌ڵات و بره‌و به فره‌یی و تاقانه‌یی ده‌دات. هه‌ربۆیه له هزری دۆلوزدا ڕووته‌ختی ئیمانانس به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمه سیاسییه ترادسیۆنییهكان خۆی ده‌به‌ستێته‌وه به جۆرێك له به-سیاسی‌بوون و ڕزگاری و هێڵی هه‌ڵاتن، واته جۆرێك له سه‌یرووره‌ی سیاسی، كه له داهاتوودا به‌رده‌وام درووست ده‌بێت و دژ به چه‌ق و سه‌نته‌ره و خۆیشی ناچێته‌وه سه‌ر هیچ جۆر و مۆدێلێكی سیاسی پێشوو. ئه‌مه به واتای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی مۆدێلی ده‌سه‌ڵاته چهقبووهستهكان له به‌رژه‌وه‌ندی سیاسه‌تێك، كه گرنگی به هەمەچەشنیی و ئه‌گه‌ر و جیاوازیی ده‌دات.
له هه‌مانكاتدا دۆلوز پێی وایه؛ ئافراندنی چه‌مك له بنه‌مادا كردهیهكیی ته‌واو سیاسییه، چونكه ده‌بێته هۆی كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ر و ئاسۆی نوێ، كه پێشتر نه‌دۆزراونه‌ته‌وه یان به شێوه‌یه‌ك كپ و سه‌ركوت كراون.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه بیڵێم ئه‌وه‌یه؛ ئێمه چۆن ده‌توانین به یارمه‌تیی دۆلۆز و له ڕێگای چه‌مكه‌كانییه‌وه، ئاسۆیه‌كی فیكریی جیاوازتر به‌رانبه‌ر ئه‌زموونی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا بكه‌ینه‌وه؟ په‌یوه‌ندیی كانتۆن و ده‌وڵه‌ت، ئینجا ده‌وڵه‌ت وه‌ك فۆرم و تۆڕێکی هه‌ژموونخوازی ستوونیی له‌گه‌ڵ كانتۆن وه‌ك نۆرمێكی ده‌سه‌ڵاتی ئاسۆیی له چیدایه؟ په‌یوه‌ندیی ئه‌م كانتۆنانه وه‌ك ئه‌زموون له‌گه‌ڵ شێوازه‌كانی ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی تر له‌م ناوچانه؛ واته ئیمپراتۆریه‌تیی عوسمانیی، نه‌ته‌وه‌گه‌رایی ـ ئیسلامیست، نه‌ته‌وه‌گه‌رایی ــ فاشیست، یان نیۆـ خه‌لافه‌تیی ئیسلامی داعشی له چیدایه؟
له كتێبی ئه‌نتیی ئۆدیپدا دۆلوز باس له‌وه ده‌كات كه هه‌موو شتێك machine ماشێنه. ماشێنه‌كان لای دۆلوز میتافۆر نین، به‌ڵكوو بوونێكی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌یه و ده‌توانن باندۆر بخەنە سەر یەک. بۆ ئه‌و تاك، ده‌وڵه‌ت، جه‌سته، ئاره‌زوو هه‌مووی ماشێنه. بۆیه ماشێنه‌كانی ئاره‌زوو و ده‌سه‌ڵات ئه‌و ماشێنهنان وا ماهیه‌تی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك پێناسه ده‌كه‌ن، به بۆچوونی ئه‌و؛ چه‌ند جۆرێك ماشێنی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ن، وه‌ك ماشێنی قه‌ڵمڕه‌ویی، سه‌ركوتكاریی و سه‌رمایه‌داریی، خاڵی جیاكاریی نێوان ئه‌م ماشێنانه‌ش ڕێژه‌ی كۆنترۆڵكردنی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه.
ماشێنی قه‌ڵمڕه‌ویی، ماشینی كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كانه، له‌م ماشێنی قهڵمڕهوییهی كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كاندا زه‌وی گرنگییه‌كی باڵکێشی هه‌یه. زه‌وی ده‌بێته بابه‌تی سه‌ره‌كیی ئاره‌زوو. میكانیزمی سه‌ره‌كیی ئه‌مجۆره، سیستمی خزمایه‌تییه و له سه‌ر بنه‌مای هێڵه‌كانی كوڕ و باوك و یه‌كگرتنی خێڵ و بنه‌ماڵه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانیان هێڵکێش ده‌كه‌ن. ماشینی سه‌ركوتكاریی یان مڵهووڕیی چینه‌كان ده‌كاته جێگره‌وی یه‌كگرتنه‌كانی پێشوو و شێوازێكی نوێی په‌یوه‌ندیی ده‌خاته ڕوو، كه خه‌ڵكیی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێكی دیكتاتۆر و ملهووڕهوه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ست ده‌بن به خواوه‌نده‌وه، لێره هه‌موو هێڵه‌كانی هه‌ڵاتن [له فه‌لسه‌فه‌ی دۆڵوزدا هێڵه‌كان به واتای ‘شێوازه‌كانی ڕێكخستنه‌وه‌ی فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان’ دێن، كه سێ جۆر هێڵ له فه‌لسه‌فه‌ی دۆڵوز بوونی هه‌یه، واته سێ جۆر ڕێكخستە و ئۆرگانیزه‌كردنی فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان: هێڵه‌كانی مولێر: كه ئیشیان ‘ڕێكخستن و له قاڵبدانه’، هێڵه‌كانی مۆلۆكۆلی: ‘كه شه‌پۆلئاسا و په‌رشوبڵاون’، هێڵه‌كانی هه‌ڵاتنیش كه ڕێڕه‌وی گۆڕان و گۆڕانكاریی شته‌كانه]، ئەمانە وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی موتڵه‌ق سه‌یر ده‌كرێن و هه‌وڵ ده‌درێت سه‌ركوت بكرێن. ماشێنی سه‌ركوتكاریی له‌و كۆمه‌ڵگایه‌نه‌دا لەگۆڕێیە وا ده‌وڵه‌ت له چه‌قی ده‌سه‌ڵاتدایه. ده‌وڵه‌ت له ڕێی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌وه و به یارمه‌تیی سیسته‌میی بۆرۆكوراسیی و تهكنۆكراسیی، ئیشی بریتییه له سه‌ركوتكردن و كۆددانان. بۆیه ڕاستییەکەی کاری ده‌وڵه‌ت بریتییه له بهربهستسازیی له به‌رده‌م ڕه‌وت و بزووتنه نوێكان، ئه‌وانه‌ی به هێڵێكی جیاوازتر ئیش ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتیی ناوه‌نددا یه‌ك ناگرنه‌وه و دژهناوهندن. ده‌وڵه‌ت هاوكات ده‌توانێت خۆی بگۆڕێت بۆ ماشێنی ئه‌بستراكت، واته ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی فه‌زا مه‌ده‌نییه‌كان، فۆرمه‌كانی تری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فۆرمه ستوونییه‌ی وا له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕ ده‌بێته‌وه.
كانتۆنهكانیی ڕۆژئاوا جۆره فۆرمێكی تری په‌یوه‌ندیی درووست دەکەن، یان به زمانێكی دۆلوزی؛ كانتۆن ماشێنێكی تر درووست ده‌كات، ئەم ماشێنە نه له ماشینی قه‌ڵمڕه‌ویی سه‌ره‌تایی / ئیمپراتۆریه‌تیی، یان ئایینیی یان جۆرەکانی تری ماشێنی ده‌وڵه‌تیی تر ناچێت، چونكه كانتۆن نه په‌یوه‌ندیی نێوان باوك/ كوڕ درووست ده‌كات، نه په‌یوه‌ندییه‌كی چینانهیهتیی له ڕێگای كه‌ڵه‌كه‌بوونی سیسته‌می بۆرۆكۆراسیی و سه‌رمایه‌وه، نه په‌یوه‌ندییه‌ك مرۆڤ ببه‌ستێته‌وه به بوونێكی پیرۆز و موقه‌ده‌س و ئیلاهییەوە…. به‌ڵام چۆن كانتۆن ده‌توانێت ببێته ماشێنێك ده‌وڵه‌ت و فۆرمه‌كانی تری نیۆ ـ ئیسلامیزم نه‌توانن كۆنترۆڵی بكه‌ن و كۆدی بۆ دابنێن… یه‌كه‌م شت بۆ ده‌ربازبوون له‌م هێڵه بریتییه له جووڵهیهكیی ڕیزۆماتیك، یان جووڵهیهكیی ئاسۆیی… ڕێزۆم یه‌كێكه له چه‌مكه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی دۆڵوز و له زانستی گیاناسییدا به‌و قه‌د و گیایه ده‌وترێ وا له‌ژێر خاكدایه و گه‌شه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی و په‌رشوبڵاوه به هه‌موو لایه‌كدا. دۆڵوز و گواتاری ئه‌م چه‌مكه‌یان بۆ خستنه‌ژێرپرسیاری پره‌نسیپ و پێوه‌ر و سه‌رچاوه به‌كار بردووه، واته ئه‌و شته‌ی بانگه‌شه‌ی ڕه‌سه‌نێتیی ده‌كات یان ده‌كرێت پاڵپشتێكی ئایینی و ئیلاهیی بۆ خۆی هه‌بێت، یان دامه‌زراندیی ده‌وڵه‌ت به‌پێی بنه‌ما باوه‌كان ئایین، نه‌ته‌وه یان هه‌رجۆره فۆرمێكی تری شه‌رعیه‌تدان به ده‌سه‌ڵاتدارێتی. بیركردنه‌وه و سیستمیی ڕیزۆمیی فه‌زاكان و په‌یوه‌ندییه ئاسۆیی و فره‌لایه‌نه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، به پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه و فه‌زای ستوونیی، كه به‌رده‌وام سه‌رچاوه و پره‌نسیپێكی هه‌یه، كه ملكهچێتیی… جووڵه‌ی ڕیزۆمی جووڵه‌یه‌كی ئاسۆییه، بۆیه له جووڵه‌ی كۆچه‌ره‌كان ده‌چێ و دڵوز له‌مه‌شه‌وه چه‌مكێكی تر درووست ده‌كات به ناوی ‘بیركردنه‌وه‌ی كۆچه‌ریی’ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سانی كۆچه‌ریی به‌رده‌وام له جووڵه دان و به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ستان و سنوورێكی دیاریكراویان نییه. دۆڵوز به هەمانشێوه كه خۆی ده‌یڵێ؛ درووستكردنی چه‌مكه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و و فێلیكس گواتاری به مه‌به‌ستی پیشاندانی هه‌قیقه‌تێك نییه، به‌ڵكوو شێواز و سه‌یركردنێكی تره بۆ جیهان. بۆیه فه‌زای ڕیزۆمی كانتۆكان و درووستكردنی پهیوهندییهكیی نوێی كۆمه‌ڵایه‌تی جیابوونه‌وه‌یه له هه‌موو جۆره فۆرمه كۆن و نوێیهكانیی ده‌سه‌ڵاتداری و له قهڵمڕهوخستنی فۆرمه‌كانی تری ده‌سه‌ڵاتدارییه له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له ڕێگای ماشێنی جه‌نگه‌وه machine de guerre ده‌كرێت، ماشێنی جه‌نگیی لای دۆلوز هه‌م ده‌توانێت بزاوتێكی سیاسی و ئایدۆلۆژی بێت و هه‌م به واتای بزواتێكی هونه‌ریش، ماشێنی جه‌نگیی به واتای جه‌نگ و شه‌ڕ نایه‌ت، به‌ڵكوو ئامانجی گۆڕانه و كه‌ره‌سته‌كه‌ی بریتییه له گۆڕان و گۆڕانكاریی نه‌ك جه‌نگ، بۆیه هه‌ر مۆنتاژ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و له دژایه‌تیی و دژیه‌كیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت یان سیستمی ئیمپراتۆریه‌تیی یان خه‌لافه‌تی ئیسلامیی، كه ده‌سه‌ڵاتێكی ستوونیی هه‌یه، درووست بێت؛ بریتییه له ماشێنی جه‌نگ / گۆڕانكاریی. ئه‌زموونیی ڕۆژئاوا ئه‌زموونێكه كه له سه‌یرووره‌ی به‌رده‌وام دایه، ئاڕاستهكان له سه‌یرووره‌ی نێو فه‌زایه‌كی كۆچه‌ریی ئاسۆییدایه و له‌وێدا ئه‌زموون، ده‌سه‌ڵات، پێشەنگ، سهركهردایهتیی و ژن درووست ده‌بن، نه‌ك ئه‌وه‌ی بوونیان هه‌بووبێت.
مه‌سه‌له‌یه‌كی تر كه ده‌بێت سه‌ره‌نجی بخه‌ینه سه‌ر ڕه‌خساندنی فه‌زایه‌كی تره بۆ ژنان ، فه‌زایه‌ك كه كۆی پێناسه و له‌قاڵبدانی بیۆلۆژیی و نه‌ریتی بۆ ژن ده‌كاته ده‌ره‌وه! لێره‌دا ئێمه شووناسێكی سرك له ژنان به‌دی ده‌كه‌ین، كه به‌رده‌وام له ساته‌وه‌ختی گۆڕان و دروستبوونه. جێهشتنی وێنه‌ی دایك و خێزان و هتد بۆ وێنه‌ی جه‌نگاوه‌ر، سیاسه‌توان، ته‌نانه‌ت هه‌زاران ئه‌گه‌ری جیاوازتر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م شوناسه نوێیه‌ی ژن. لێره ئێمه به واتای دۆلوزییهكهی له گه‌ڵ چه‌مكی “بوونبە ـ ژن” ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه نه‌ك ژن! له ڕوانگه‌ی دۆلوز «بوونبه ـ ژن» ـێك هه‌یه كه ناكرێت له‌گه‌ڵ ژناندا تێكه‌ڵی بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ڕابردوویان و داهاتوویان، ئه‌م سه‌یرووره‌یه بریتییه له‌وه‌ی ژنان دێنه ناوییه‌وه، ئەمەش له پێناو ده‌ربازبوون له ڕابڕدوو و داهاتوویان، له پێناو ده‌ربازبوون له مێژوویان. دۆلووز پێی وایه بوونبه ـ ژن، واته تێكشكاندنی پێكهاته‌ی ئۆدیپی خێزان و لێدانه له سهنتریاڵێكی پیاوانه و باوكانه، بوونبه ـ ژن واته بوونبه هێڵێكی هه‌ڵاتن و وه‌رگرتنی دۆخێكی كه‌مینه‌یی و درووستبوونی ڕیزۆمه جیاوازه‌كان. ئه‌و پێی وایه: “سه‌یرووره ناچێته نێو واتا و ڕێڕه‌وه‌كانی تره‌وه و ئێمه نابینه پیاو، چونكه پیاو وه‌ك فۆرمێكی ده‌ربڕێنی هه‌ژموونیی، ئامادەیی هه‌یه و وا خۆی ده‌رده‌خات خۆی به سه‌ر هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كدا ده‌سه‌په‌نێت، له كاتێكدا ژنان هه‌میشه ڕه‌گه‌زێكی هه‌ڵهاتنیان تێدایه، كه خۆیان له‌و فۆرمانه ده‌دزنه‌وه وا پێی په‌یوه‌ستن. هاوكات كاتێك ژنێك تووشی سه‌یرووره ده‌بێت، ئه‌وا ئه‌و بوونبه ـ ژنی هه‌یه و ئه‌م سه‌یرووره‌یه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به حاڵه‌تێكه‌وه نییه كه ژن توانیبێتی پشتی پێ ببه‌ستێت. سه‌یرووره به‌ده‌ستهێنانی فۆرمێك نییه، واته (ده‌ستكه‌وتنی شووناسێك، كۆپیكهرهوهی كه‌سێك، لاساییكردنه‌وه) نییه، به‌ڵكوو دۆزینه‌وه‌ی زۆنێكی دراوسێیهتیییه، ناكۆپیكراو و جیانهكراوهیی، كه ناتوانین چیتر وه‌ك ژنێك بیناسینه‌وه و جیای بكه‌ینه‌وه: نه دیاریكراوه نه گشتیی، به‌ڵام چاوهڕاوننهكراوه، لەپێشدانەبووی هه‌یه.