پێشەكیی بۆ نەخشەڕێ
كەم دەوڵەت دەتوانێت لە دەرەوەی سنوور (سەرسنوورەكان) بەرگریی لە خۆی بكات، دەوڵەت زیاتر جەخت لە بەرگریكردن لە خۆی لە ناوەوە دەكاتەوە، دژی داخورانی ناوخۆ كە داوای دەسەڵات و سەروەریی دەكەن. كۆماری توركیا دەكەوێتە ناو ئەم پۆڵێنەی دواییەوە، هەرچەندە، بێگومان كۆماری توركیا بە تەنیا نییە، ئەمە بارودۆخی زۆربەی زۆری سیستەمی نوێی جیهانە.
ئیمانوێل واڵەرستین
لە ئینگلیزییەوە؛ شیرین موراد – کەمال حەمەعەلی
(نەخشەڕێگا) “چارەسەر بۆ پرسی كورد لە توركیا” پێشكەش دەكات، بەڵام ئەو پرسانە پێشنیاز و شرۆڤە دەكات وا بەرفراواتر و گشتگیرترن لە پرسە تایبەتییەكانی زانستی مێژوو كە باس و لێكۆڵینەوەی لەسەرە. لێرەدا بۆ من چوار جیاوازیی دەردەكەون، ئەگەرچی بە قووڵی بەیەكدا چوون، ناكۆكن لە نێو كار و چالاكییەكانی سیستەمی نوێی جیهاندا، كە ئەویش ئابووریی سەرمایەداریی جیهانییە، ئەوانیش ئەم جیاوازییانەی خوارەوەن: ١– لێگەڕینی سەروەریی (دەسەڵاتداریی) لەلایەن دەوڵەتان. ٢– هاندان و فشارهێنان بۆ هەموو دەوڵەتێك بۆ بوون بە نەتەوە. ٣– داواكاریی لە هەموو دەوڵەتیك كە دیمۆكراتیی بن. ٤– ئەو ڕێگهیانەی سەرمایەداریی هاوسەنگییەكانی خۆیی پێ دەپارێزێت.
هەر یەكێك لەم ناكۆكییانەی دەستنیشانمان كردن، پێویست دەكات کتێبێکی دوورودرێژی لەسەر بنووسرێت بۆ ئەوەی بە درووستیی باسی هەریەكەیان بكات و مامەڵەیەكی درووستیان لەگەڵ بكرێت. لێرەدا دەتوانم تەنها بە شێوەیەكی كورت پرسەكە ڕوون بكەمەوە. ١– سەروەریی (دەسەڵاتداریی): پێكهاتەی فەرمیی سیستەمی نێودەوڵەتییە، جا وەک بەشێك لە سیستەمی نوێی جیهان ئاوا كراوە و دامەزراوە، هەر دەوڵەتێك سەروەریی و دەسەڵاتداریی خۆیان هەیە. سەروەریی لە ڕووی تیۆرییەوە مانای ئەوەیە كە دەوڵەت خۆبەخۆی خۆی بڕیار دەدات، بەبێ ئەوەی دەوڵەتانی تر دەست بخەنە كاروباری ناوخۆیەوە، یاخود هەر پێكهاتەیەكی دامودەزگاكانی ناو سنووری دەوڵەت. بێگومان ئەمە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەم تایبەتمەندییە تیۆرییە، ئەوەی ئاشكرایە تەنها تاكە دەوڵەتێك نییە بەم پێوانەیە سەروەریی هەبێت. ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە كە بانگەشەكردن بۆ سەروەریی دەوڵەت تەنهاوتەنها بانگەشەیە، خواست و ئاواتە، دەگونجێت دەوڵەتێك لە دەوڵەتێكی تر سەروەریی زیاتری هەبێت، بەڵام دەوڵەتێك نییە بە سەروەریی تەواو گەیشتبێت. سەرەڕای ئەوەش، تێبینیی ئەوە دەكرێت كە داواكاریی بە دوو ئاڕاستەدایە – ئاڕاستەیەك بۆ دەرەوەی سنووری دەوڵەت و ئاڕاستەیەكی تر ڕووەو ناوخۆ بەرەو ڕووی دەستە و كۆمەڵەكانی ناوخۆی وڵات.
كەم دەوڵەت دەتوانێت لە دەرەوەی سنوور (سەرسنوورەكان) بەرگریی لە خۆی بكات، دەوڵەت زیاتر جەخت لە بەرگریكردن لە خۆی لە ناوەوە دەكاتەوە، دژی داخورانی ناوخۆ كە داوای دەسەڵات و سەروەریی دەكەن. كۆماری توركیا دەكەوێتە ناو ئەم پۆڵێنەی دواییەوە، هەرچەندە، بێگومان كۆماری توركیا بە تەنیا نییە، ئەمە بارودۆخی زۆربەی زۆری سیستەمی نوێی جیهانە. ٢– دەوڵەت–نەتەوە میكانیزمێكی بنەڕەتییە و دەوڵەتان داواكارین، پێویستیانە و بەدوایدا دهگهڕێن بۆ بەرگریی لە دەسەڵات و سەروەریی خۆیان دژی دەستە و كۆمەڵی ناوخۆ یاخود ڕێكخراوەكانی ناوخۆی وڵات، واتە ناوەوەی سنوور؛ ئەمەش ئەوەیە وا ئێمە پێی دەڵێین (جاكۆبینیزم).
هەریەك دەتوانێت بە ئاسانیی جاكۆبینیزم پێناسە بكات كه بریتییە لە دوو شت: یەكەم:– بریتییە لەو داواكاریی و پێویستییەی هەموو (هاووڵاتییەك)ـی وڵات ئەندامبوونی خۆی لە تاكه نەتەوەیهكدا بناسێنێت، هەرچۆنێك بێت، ئەو نەتەوەیە پێناسەكراو بێت. دووەم:– ئەو داواكارییە كە هەر هاووڵاتییەك مافی لەپێشینەیی بۆ نەتەوە (یاخود وەفاداریی و دڵسۆزیی هەبێت بۆ نەتەوە و لە سەروو هەموو شتێكیەوە دابنێت، هیچ شتێك نەبێت لە نەتەوە بە گرنگتری بزانێت)، واتە وەفاداریی و دڵسۆزییەكهی بۆ (نەتەوە) دەكەوێتە پێش و سەروو هەموو دڵسۆزیی وەفادارییەكانی ترەوە، وەك بۆ (هاووڵاتیی، چینایەتیی، ڕەگەزیی، كۆمەڵە ئایینییەكان، كەمەنەتەوەییەكان، كۆمەڵە ناسنامەیی و خۆبەخشەكان)؛ بە كورتیی، بۆ هەر گرووپێك جگە لە (نەتەوە) كە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشان کراوە.
لە كاتێكدا ئەم فشار و گوشارە كەشێك بۆ وەفاداریی و دڵسۆزیی نیشتمانیی دەئافرێنێت (دەتوانرێت بە نیشتیمانپەروەریی بناسێنرێت، ناوزەند بكرێت یاخود پێناسەی نیشتیمانپەروەریی بە دەست بهێنێت)، كە وا دەردەكەوێت و پیشان دەدرێت دەوڵەت لە دەرەوەی سنوور بەهێزە، جەخت لە سەروەریی و دەسەڵاتی دەكاتەوە، ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە، ئەمەش گرژیی و ئاڵۆزیی ناوخۆیی گەورە دەورووژێنێت و دەخوڵقێنێ. هەموو كۆمەڵە و ڕێكخراوە جۆربەجۆرەكان و بەرگریكارەكان دەكەونە قۆناغێكی بەرگریی لاوەكییەوە بۆ نەكەوتنە خزمەتی ئەو داواكارییەی وەفاداریی نەتەوەییانە. هەندێ جار، هەتاوەكو زۆر جاریش، بەرگریییەکە دەبێتە توندوتیژیی. لەم چەند دەییەی دواییەدا جاكۆبینیزم ماناكەی خۆی لە دەست داوە، لە زۆرێک لە وڵاتەكان داوا دەكەن دەوڵەت خۆی پێناسە بكات كە (فرەنەتەوەییە)، هەندێ شت بكات تا بتوانێت دامەزراوە و دامودەزگا و چەند شێوازێكی جیاواز لەخۆ بگرێت. كێشە لێرەدا ئەوەیە كە شێوەی دامودەزگا جیاوازەكان و سنووری فرەنەتەوەیی چۆن پێناسە بكرێن. بە تهنها پێداگیریی لهسهر فرەنەتەوەبوونی دەوڵەت، كێشەكان چارەسەر ناكات.
٣– دیموکراسیی یەکێک لە سەرمایە مەزنەكانی شۆڕشی فەڕەنسا ئهوه بوو ڕەوایەتییەكی جیهانیی بە چەمكی سەروەریی بەخشی کە خەڵک (خەڵک) گەلی لێ بترازێ نە موڵکی دەسەڵاتدارانە و نە موڵکی یاسادانەرانێتی. کێشە لێرەدا ئەوەیە ئەم چەمكە لە كاتێكدا ڕەوایی و یاساییە، كەچی ئەو كەسانەی خاوەن دەسەڵات و هەژموونی پلەوپایە و زێدەمافیان هەیە، بوونەتە هۆی ترسان و تۆقاندنیان لێی، ئەوانە بە هەڵەداوان کەوتنە بانگهشه بۆ بێبایەخكردن و کەمکردنەوەی گرنگیی و کاریگەرییهکانی. هەر وەک چۆن لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا بە دەگمەن وڵاتێک دەبینیت بانگهشه بۆ دیموکراتبوونی خۆی نەکات.
ئەم بانگهشهکردنە بە ڕاشكاوانە پشت بە بوونی هەڵبژاردنی نیشتمانیی سیستەمی فرەحزبی دەبەستێت. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی لەم جۆرە هەر چەند ساڵێك جارێك و ڕێگەدان بە دەسەڵاتی نوێنەرایەتیی، ئەگەر دەستاودەستی دەسەڵاتیش بێت، بۆ ئەو حیزبانەی تەنها جیاوازییەکی كەمیان لە بەرنامەكانی خۆیاندا هەیە، بە دەگمەن بەشی بیرۆكەی دەسەڵاتداریی و سەروەریی خەڵك دەکات. من وەك خۆم بڕوا ناکەم ئەمڕۆ بەپێی ئەو شرۆڤە و پێناسەی من بۆ دیموكراسیی هەمە، وڵاتێک هەبێت گەیشتبێتە دیموكراسیی، هەرچەندە هەندێکیان لەوانی تر خراپترن. لە نیوەی دووهمی سەدەی پێشوودا تێكۆشانی دیمۆكراسی بەهێزتر و بەربڵاوتر بووە، لەگەڵ سووربوونی زۆر دەستە و كۆمەڵ لە بەشداریی بەرفراوان لە بڕیاردان، ئەم كار و چالاكییانە بە ڕاستیی دڵخۆشكەر و پۆزەتیڤن، بەڵام كارەكە تازە دەستی پێ كردووە، سەرەتامان تێ پەڕاندووە، ڕێگە بەردەوامە و زۆری ماوە.
٤– سەرمایەداریی سیستەمی نوێی جیهانەکەمان، سیستەمێكی سەرمایەدارییە، لەسەر بنەمای وەگەڕخستن و پێشخستنی ناكۆتای كەڵەکەكردنی سەرمایە دامەزراوە. بەپێی ئەم پێوانەیە، ئەم سیستەمە لە پێنجسەد ساڵی ڕابردوودا زۆر سەركەوتوو بووە. بەرەوپێشچوونی بەردەوام لە سەرمایە و بەردەوامیی جێگیر و ناوەندپارێزیی دامەزراوی بەردەوام، گەشە و بەرەوپێشچوونێكی جێگیر لە سەرمایە و جەختكردنەوەی ناوەندپارێزییەكی بەردەوام لە كەڵەكەكردنی سەرمایەدا هەیە. هەروەک هەموو سیستەمە جیاوازەكان، ئەم سیستەمە لە پرۆسەی گۆڕانێكی ڕێکوپێک – دەوریدایە. هۆکاری ڕزگاربوونی ئەم سیستەمانە ئەو جۆرە لە میکانیزمە درووست کراوە جێگیرکراوەیە لە ناخیدا کە دەبێتە پاڵهێز بۆ ئەو گۆڕانكارییانە (هەڵکشان و داکشان) کاتێک هەست بە لەدەستدانی ئەو هاوسەنگییە بکات و دەیگەڕێنێتەوە دۆخی هاوسەنگیی. جووڵەی ئەم هاوسەنگییە زۆر خاو و لەسەرخۆیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش سوورە لە سەری و بەردەوامە، تا ئاڕاستە ستوونی و ئاسۆییەکانی ئەو پرۆسەیە دەگەنە خاڵی نزیکبوونەوە.
کاتێک ئاڕاستەی ئابووریی یان بازاڕ دەگاتە خاڵی وەرچەرخان (هەڵکشان و داکشان)، دەکەونە مەودایەكی دوور لە هاوسەنگیی، ئەو کاتە سیستەمەکە ئەگەر لاوازیش بێت، ناتوانێت ژینگەیەکی جێگیر فەراهەم بکات و خۆی خۆی پێ چاک ناکرێتەوە. کاتێک ئەمە ڕوو دەدات، بەرەو قەیرانی ناوخۆیی سەردەکێشێت، دابەش دەبێت و دەبێتە گێژاو، ئەو کاته خەبات ناکات بۆ مانەوەی سیستەمەکە لە ژیاندا، بەڵکوو خەباتی کێشمەکێشی نێوان دابەشبووەکانە تا یەکێکیان سەردەکەوێت و دەبێتە جێگرەوەی سیستەمە کۆنەکە. ئێمە لە ئێستادا لە قۆناغی گواستنەوەیی سیستەماتیکیداین و بەرەو ڕووی ٢٠ تا ٤٠ ساڵ لە خەبات دەبینەوە، پێش ئەوەی هەموومان بە هەرەوەزیی بڕیار بدەین. هەروەها بە هیچ شێوەیەک ناتوانین پێشبینیی ئەنجامەکانی بکەین؛ بەڵام دەتوانین بەهۆی تاکەکانمانەوە یان كارو چالاكیی گرووپەکانەوە کاریگەریمان هەبێت. یەکێک لەو دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوانە سیستەمێكی نوێیە و ڕەوشتە قێزەونەکانی سیستەمی سەرمایەداریی دووپات دهكاتهوه. ئەو سیستەمە قووچەکییەی چەوسانەوە و جیاکاریی (جەمسەرگیریی) لەگەڵ ناسەرمایەدارەکان (non capitalist) کە لەوانەیە لەوان خراپتر بن.
یەکێکی تر لە دەرئەنجامەکان ئهوهیه لەوانەیە سیستەمێک بخوڵقێنێت کە بە ڕێژەیەک دیموکراتیک و بە ڕێژەیەکیش یەکسان بێت، ئەو جۆرە سیستەمە لە دنیادا ئەزموون نەکراوە، بەڵام تا بڵێی پراكتیكییە. دەرئەنجام ئێمە ناتوانین بایەخ و سوودی چالاکیی سیاسیی ناو کۆمەڵی کوردیی لە تورکیا هەڵبسەنگێنین و بنرخێنین، مەگەر ئهوهی شرۆڤە و شیکارییەکانمان بخەینە چوارچێوەی ئەو چوار ناكۆكیی و بیرۆکە دژبەیەکەی باسمان كردن: بەردەوامیی دەوڵەتی تورکیا بۆ بردنەپێش و بەهێزكردنی سەروەرێتیی خۆی (سیادە)؛ پاڵهێزی زۆر و فشاری دەوڵەتی تورکیا لەسەر خەڵكی توركیا بۆ بەكاربردن و خستنەگەڕی بژاردەی جاکۆبین (jacobin)؛ پاڵهێزی زۆرێک بۆ بەدەستهێنانی دیموکراتیزەکردنێکی مەزنتر؛ لەگەڵ ڕێگهکانی ئەو چەشنە لە چالاکیی سیاسیی کە کاریگەریی لەسەر خەبات و تێكۆشانی جیهانیی هەبێت، دەربارەی ئهوهی چ جۆرە سیستەمێک دەبێتە جێگرەوەی ئهو سیستەمە سەرمایەدارییەی ئێستا چارەنووسهكهی تێداچوونە.
ئەم دەقە لە بنەڕەتدا لە پێشەكیی (نەخشەڕێ بۆ گفتوگۆكردن)ـی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا بڵاو کراوەتەوە (نیوز – مێزۆپۆتامیا، ساڵی ٢٠١٢). پرۆفیسۆر ئیمانوێل واڵهرستین: ناوبانگێكی زۆری لە پێشخستنی شیكاری سیستەمەكانی جیهان هەیە، شارەزایی لە مایكرۆ–مێژووناسیی هەیە بۆ شیتەڵی سەرمایەداریی. مامۆستایەكی دیار و پرۆفیسۆری سۆسیۆلۆژیی (كۆمەڵناسیی) بووه لە زانكۆی بینگهامتۆن لە نیویۆرک – ئەمەریكا ساڵی ١٩٧٦ تا ئهو كاتهی لە ساڵی ١٩٩٩ خانەنشین بووە و سەرۆكی ناوەندی (فێرناند برۆدێل) بووە، ئەم ناوەندە ناوەندێكی خوێندن و لێكۆڵینەوەیە بۆ ئابووریی و مێژووی سیستەمە شارستانییەكان تا ساڵی ٢٠٠٥. لە ساڵی نەوەدەكانی سەدەی پێشوودا سەرۆكایەتیی (کۆمیسیۆنی گولبینكیان)ـی كرد بۆ ڕێكخستنەوەی زانستە كۆمەڵایەتییەكان. ئامانجی ئەو كۆمیسیۆنە دیاریكردنی ئاڕاستەی پێویستی زانستی كۆمەڵگەیه بۆ پهنجا ساڵی ئاییندە. ساڵی ٢٠٠٠ وەك توێژەرێكی بەئەزموون پەیوەندیی بە زانکۆی یهیڵ (Yale)، بەشی کۆمەڵناسیی (زانستە كۆمەڵایەتییەكان)ـەوە كرد. پڕۆفیسۆر ئیمانوێل واڵەرستین لە ٣١ـی ئابی ٢٠١٩ کۆچی دوایی کرد.