شۆڕش، دیاردەیەکی ژنانەیە
درووشمی ژن، ژیان، ئازادیی چۆن ڕێی پێوا و گەیشتە سەقز؟ بۆچی ئەم درووشمە لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا بووە شادرووشم و بە پنتاوپنتی ئێراندا خاڵکوت بوو؟ گەر تەماشایەکی مێژوویی ڕیشەکانی ئەم درووشمە بکەین، چ واتا و دەرەنجامێکی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی لێوە هەڵدەهێنجین؟ لەم تێچنە کورتەدا، گەنگەشەیەکی کورتی ئەم پرسیارانە دەکەین.
سۆمەییە ڕۆستەمپوور
بۆ کوردیی: سوورێن ئیبراهیم
ئەم وەرگێڕانە بۆ؛
شەهید ڤیان سۆران
زەینەب جەلالییان، کە لە کەسێتیی خۆیدا واتایەکی بۆ زیندان نەهێشتووەتەوە.
وەرگێڕ
پێشەکیی: پاش کوشتنی ژینا ئەمینیی، زۆری نەبرد درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی»، بووە گرنگترین و شادرووشمی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەی وا پاش کوشتنی ژینا سەرپاکی ئێرانی داگرت. یەکەم کەڕەت ئەم درووشمە ڕۆژی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینیی، لەلایەن خەڵکی تووڕەی سەقزەوە بانگی لێ هەڵدرا، ئەوان لەو سپێدە مێژووییەدا هاتبوون تا پاڵپشتیی خۆیان بۆ خێزانەکەی دووپات بکەنەوە، هەروەتر وەک ناڕەزایەتییەکی گشتیی تا پلانی فەرمانڕەوا بۆ بەخاکسپاردنی نهێنیی ژینا لە بێدەنگییدا هەڵوەشێننەوە، ئەمەش بەو واتایە دەهات کە ئەو خەڵکەى ئەو لێشاوە شەهیدەیان داوە، فێری ئەوە بوون تا پێشوازیی لە شەهیدانی خۆیان بکەن، تا مەرگیش وەک ژیان بکەنە چەکی بەرخۆدان .لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی ژینادا، هەمووان هاوڕێ لەگەڵ «ئەو ژنە» بە کۆ و یەکدەنگ چریکاندیان: «ژن، ژیان، ئازادیی»، درووشمێک، بە قسەی یەکێک لە ژنە ئامادەبووەکانی مەڕاسیمەکە؛ یەکەوجێ خەڵکەکە دووپاتیان کردەوە، چون ڕوون و ئاشنا و خۆشبێژ و ئاسانفام بوو، چونکە قسەی دڵی هەمووان بوو، جا پاشان ئەم درووشمە لە سنە سەری هەڵدا، ئیتر خوێندکارانی زانکۆ لە تاران وتیانەوە، دواجار تەرزی بۆ سەرپاکی شارەکانی ئێران کوتا، لێ ئەم درووشمە چۆن ڕێی پێوا و گەیشتە سەقز؟ بۆچی ئەم درووشمە لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا بووە شادرووشم و بە پنتاوپنتی ئێراندا خاڵکوت بوو؟ گەر تەماشایەکی مێژوویی ڕیشەکانی ئەم درووشمە بکەین، چ واتا و دەرەنجامێکی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی لێوە هەڵدەهێنجین؟ لەم تێچنە کورتەدا، گەنگەشەیەکی کورتی ئەم پرسیارانە دەکەین.
چاوگەى دیرۆکیی درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی»
وەک چۆن بابەتەکانی ئەم ڕۆژانەى دوایی لە خولگەى شۆڕشی ژینادا هەڵدەخولێن، بەم ڕەنگەش ئەم درووشمەی «ژن، ژیان، ئازادیی»، وا ئەمڕۆ بووە بە هێمای شۆڕشی ژیان، بەرهەمی هەڵکەوتێکی لەناکاو نییە، بەڵکوو لە دڵی دیرۆکێکەوە فیچقە دەکات، سا ئەمڕۆ ڕایەمان ناکەوێت چاوپۆشیی لەمە بکەین، ئەم درووشمە بەری ڕەنجی ژنانی کوردە لە کوردستانی تورکیا، ئەو ناوچەیەی کوردان بە «باکوور»ـی ناودێر دەکەن، ئەم بزووتنەوەیە و بیرۆکە سەرەکییەکەی، لە بن باندۆری فەلسەفەیەکی سیاسییدایە، کە عەبدووڵا ئۆجەلانی دامەزرێنەر و ڕابەری کاریزماتیکی پارتی کرێکارانی کوردستا(PKK) ، مشتوماڵی داوە.
ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە تا ئێستا لە زیندانی ئیمراڵی دوڕگەیەکی نزیکی ئەستەنبووڵ لە زیندانی (تاکەکەسیی و گشتیی)ـدایە، ساڵی ١٩٧٨ ئەم پارتەی لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی کەم دامەزراند، ئەم پارتە ساڵی ١٩٨٤ (پاش کودەتا سەربازییە سەرکوتکەرەکەى ساڵی ١٩٨٠) دەستی بە خەباتی چەکداریی کرد، لەو کاتەوە گرنگترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، ئۆجەلان لە سەرەتای بیچمگرتنی پارتەکەیدا، وەک تیۆرسازی پارتێکی مارکسیستیی- ناسیۆنالیست، پەیجووری ئەوە بوو ئایدیاکانی ماو و فانۆن، لە چێوەی بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستیی یەکگرتوودا بۆ ڕزگاریی کوردستان، پیادە بکات، لەم پێڤاژۆیەدا، بانگی لە ژنان کرد تا تەڤلی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بن، جا ئەم درووشمە باڵکێشەی چەسپاند: «تا ژن ئازاد نەبێت، کوردستان ئازاد نابێت.»
لەم بەستێنەدا، هەرچەندە پرسی ژن لە نێو پەکەکەدا پێچەوانەى بزووتنەوە چەپڕەوەکانی تری ئەوێ دەمێ، پێداگریی لێ دەکرا، لی ئەم مژارە لە چێوەی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کوردییدا چێوەمەند دەکرا، ئەم پێناسەیە گرێدراوی نیشتمان و پاراستنی زمان و فەرهەنگی کوردیی بوو. جا پارتەکە سەربەخۆیی بە مژاری ڕەگەزیی نەدابوو. بەڵام پەکەکە پاش ساڵی ١٩٩٥ و بە تایبەت لەگەڵ کەوتنی یەکێتیی سۆڤێت و کاریگەریی هەلومەرجە جیهانییەکە، تووشی وەرچەرخانێکی فیکریی هات: لەگەڵ تێپەڕاندنی مارکسیزم و دەستبەردان لە داخوازیی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و خەونی کوردستانی گەورە، ئەم پارتە لەو بزووتنەوە فیکریی و سیاسییانە نزیک دەبێتەوە کە سەرەتا «دیموکراسیی» چەمکە بنچینەیەکەیان بوو نەک «چین»، پاشانیش، چالاکانی پێشڕەو، کرێکاران نەبوون، بەڵکوو توێژێکی فراوان و هەچەشنی خەڵکی دەگرتەوە، وەک: ژنان و چالاکانی بواری ژینگەپارێزیی. ئەم تایبەتمەندییە پاش گرتنی ئۆجەلان و لەڕێی ئەو دەقانەى لە زیندان وەک پارێزنامەی دادگا بڵاوی دەکردنەوە، گەیشتە چڵەپۆپە، ئەم پەڕتووکانە لە هەلومەرجێکی زۆر دژوار و تایبەتدا دەنووسران و لە ڕێی فاکس و بریکارەکانییەوە دەگەیشتنە دەست لایەنگرانی. ئۆجەلان بە چەشنە خۆبەڕێوەبەرییەکی شوورایی، بە ناوی «کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیی»، گەیشت، جا سێکوچکە بنەڕەتییەکى بریتیین لە: «کۆمۆنەکان، ژنان و ژینگە». لەم هەنگاوە تازەیەدا، پرسی ژن بۆ ڕێکخستن، بە ڕوونیی وەردەگەڕێتە سەر پرسێکی بنچینەیی. جا بزووتنەوەى ژنانی پەکەکە بۆ ئاستێکی باڵاتری سەربەخۆیی تیۆریی و پراکتیکیی هەڵدەکشێ، (پێچەوانەی بانگەشەی هەندێک ڕەوتی ناسیۆنالیستیی کوردیی، کە ئەم ڕۆژانەى دوایی دەیانگوت: دیرۆک و نێواخنەکەى بۆ پەکەکە کورت ناکرێتەوە).
ئەم پێشەکییە یارمەتییمان دەدات تا درک بەو داڵانە بکەین وا درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» پەی کردووە، ڕاستییەکەى لە هەنگاوی یەکەمدا ڕامانی ناسیۆنالیستیی و مارکسیست لینینیستیی باندۆری خستبووە سەر پەکەکە، ئۆجەلان لە سۆنگەى گەڕانەوە بۆ ئوستوورەکانی میزۆپۆتامیای دێرین (دۆڵی دووئاوان)[1] و پاڵپشت بەوەی ئەم ناوچەیە چەرخی دایکسالاریی ئەزموون کردووە، جۆرە ڕابردوویەکی شکۆدار بۆ کوردان ڕەنگڕێژ دەکات.
ئەم بیرۆکەیە لە زۆرینەی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی ئەوێ دەمێدا دەبینرێتەوە، بۆ نموونە، هند، ئۆجەلان بە دەساوێژی ئاوڕدانەوە لەو ئوستوورە ژنتەوەرە خۆجێیانە ڕووبەڕووی ئەو مێژووە دەبێتەوە وا ئەو بە ئیمپریالیستیی و کۆڵۆنیاڵیستیی (داگیرکەریی) و پیاوسالارانەى دەزانێت، گەر وردتر بڵێین؛ لە ڕێی ئاماژە بە ململانێی نێوان خواپیاو (ئەنکیدۆ)، کە لە دەوڵەتدا دەگاتە چڵەپۆپە و خواژن (عەشتار) وەک هێمای ئازادیی ژن، کە لە ژنەگەریلاکاندا ڕەنگڕێژ دەبێت، دەکۆشێت تا ژنان هان بدات تەڤلی خەباتی چەکداریی بن. هاوکات لەم پۆڵێنبەندییە تیۆرییەدا، بەرگریی لەم بۆچوونە دەکرێت، گوایە ژنان یەکەمین کەس بوون ژیانیان ئافراندووە و ئەو زانین ئامڕازانەیان داهێناوە وا بۆ ژیان پێویستن (لە ئوستوورەکاندا بە «میت» ناودێر دەکرێن)، ئەو زانینەى پاش سەردەمی کۆمەڵگەی دایک، پیاوان بۆ خۆیان پاوانیان کردن.
ئەو لەم چوارچێوە تیۆرییەدا وزەی ئافرێنەرانەى ژنان بە تایبەتمەندیی ئەوانەوە گرێ دەدات وەک دایک و ئافرێنەر. سەبارەت بە دایکێتیی و ئافراندنی ژنانەیان دەڵێت: ژنان، تەنانەت گەر بۆ پاراستنی ڕۆڵەکانیشیان بێت، ڕوو بۆ داهێنانی ئامڕازەکانی زانین و ژیریی هەر وەردەگێڕن، ئا لێرەدایە بەشێک لە پۆڵێنی سوبێکتی باڵاتری ژنان بۆ جیاوازیی جەستەکیی ئەوان دەگەڕێنێتەوە، لەو مێژووە ڕەگەزییەی ئەو دەیگێڕێتەوە، گۆشەنیگای ئوستوورەیی و ناماددیی جێ بە گۆشەنیگای ماتریالیستیی لێژ دەکات، بەڵام ئامانجی ئەو لەم بڕگەیە نەختوپوخت سیاسییە. خۆی واتەنی ئامانج گەڕانەوەى متمانەی دەروونییە، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە مێژوو هەمیشە ئاوا پیاوانە نەبووە، بۆیە ئەتوانین دیسان بەراوەژووی بکەینەوە. بە واتایەکی تر، مادام جیهانێکی پاڵپشت بە یەکسانیی ڕەگەزیی لە میزۆپۆتامیا (دۆڵی دووئاوان) لەگۆڕێ بووە، ئەوا دەتوانین لە نوێ کردەیی بکەینەوە. جا بەم ڕەنگە ئۆجەلان لە کۆتایی نەوەتەکان و بە تایبەت لە ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ چەندین جار ژن و ژیانی هاوتەرازی یەکتر بەکار بردووە، لەبەر ئەوەی چاوگی (ژن) و (ژیان) لە کوردییدا هاوڕیشەن، بۆیە ئاسان پەژرێنرا و پەرەی سەند، لەم ڕوانگەوە درووشمی «ژن، ژیان» زۆر لە درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» دێرینترە، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٩٤ پەکەکە نامیلکەیەکی بە ناوی «ژن و ژیان» چاپ کرد، لە ساڵانی پاش ٢٠٠٠ـیشەوە بزووتنەوەی ژنان لە باکوور هەندێک کەمپینیان ساز کرد، جا لە درووشم و نێواخندا درووشمی ژن و ژیان بە تەنیشتی یەکترەوە دەهاتن.
ئازادییش یەکێکە لە شاچەمکەکانی پەکەکە لە گۆڕەپانی ڕەگەزییدا، ڕاستییەکەی ئازادیی ژن لە خەباتی سیاسیی و چەکدارییدا بیرۆکەی سەرەتایی ڕێکخستنیان بووە، واتای ئەمە لە فیکری پەکەکەدا ئازادیی ژنە لە بواری دەسەڵات و بە تایبەت مژاری سەرمایەداریی و دەوڵەت و باوکسالاریی (بە تایبەت دەزگای خێزان). هەر بەم ڕەنگە لە یەکەمین کۆبوونەوەى ژنانی لایەنگری پەکەکە (پارتی دیموکراتی گەل)، کە لە ساڵی ١٩٩٧ لە ئەستەنبووڵ بەڕێوە چوو، درووشمی «ژنی ئازاد، نیشتمانی ئازادە»، گرنگییەکی زۆری بۆ چێ بوو. هەرچەندە ئەم سێ چەمکە لە نەوەتەکانەوە تا ئێستا بەشێکی سەرەکیی ئایدۆلۆژیای پەکەکە بوون، لێ وا دیارە (بە ڕەچاوکردنی ئەو پێدراوانەی ڕەنگە سەردەمێک پێچەوانەکەی بسەلمێ) ئۆجەلان تا پێش گرتنی، بە شێوەیەکی چێوەمەند، هەرسێ چەمکی ژن، ژیان، ئازادیی وەک درووشمێک بە تەنیشت یەکەوە، بەکار نەهێناوە، یەکەم جار ئەم سێ درووشمەی لەژێر کاریگەریی بیرگۆڕانەکانی زیندان و لە بەرگی چوارەمی پارێزنامەکانیدا، بە ناوی «قەیرانی شارستانییەت لە خۆرهەڵاتی ناویین و ڕێگەچارەی شارستانێتی دیموکراتیی» بە تەنیشت یەکەوە سوود لێ دەبینێت، لێ تەنانەت تا ساڵانی ٢٠٠٨ و بە تایبەت تا پێش ٢٠١٣ سوودێکی زۆر سنوورداری لێ بینراوە.
ئۆجەلان لە نامەیەکدا لە ساڵی ٢٠١٣ و بە پێداگریی لە سەر هێزی «ژن، ژیان، ئازادیی» وەک لێگەڕین بۆ «ژیانێکی باڵا» و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یۆتۆپیی، ئەم درووشمە بە «ڕێچارەیەکی جادوویی» بۆ شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناویین دەزانێت. پێی وایە دەبێت ببێتە وێردی سەر زاری بزووتنەوەى ژنانی ڕۆژاوا و سەرپاکی ڕۆژهەڵاتی ناویین، تەنانەت لە سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا پاوەجێ بێت. لە پاش ئەمە ئەم درووشمە بە ڕەنگێکی باڵکێش لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان، تەنانەت لە زۆر شاری ئەمریکای لاتین و ئەورووپا و ئەمریکاش، دەژنەفرێت.
جا بەم ڕەنگە نە مێژووی پەکەکە و نە مێژووی ژنانی ئەم بزووتنەوەیە و دیرۆکی ئەم درووشمەش بۆ ڕێبەرەکەى کورت دەکرێتەوە. پەکەکەش وەک زۆرینەی بزووتنەوە ملیۆنییەکانی تر، وەک بزووتنەوەیەک کە توانیوێتی باندۆرێکی باڵکێش و ڕیشاژۆ بخاتە سەر ژیانی ڕۆژانە و ژیانی چەندین نەوە، ناتوانێت وەک ئەوەی لە ئاسۆی ڕوانینییەتی، جڵەوی ئایدۆلۆژیی و پراکتیکی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بکات. چونکە دواجار ئەوە جووڵەی سووژەی سیاسییە کە چارەنووسی ئایدیاکان و قەبووڵکردن و چەسپاندن و پێشخستن و پەرچدانەوە و سڕیینەوەی هێڵکش دەکات.
ژنانی پەکەکە (هەم گەریلا و هەمیش چالاکە سیاسیی و مەدەنییەکانی) کۆمەڵێک سووژەن و پێبەپێ «ژن، ژیان، ئازادیی»ـان وەرگەڕاندۆتە سەر شادرووشمی ئەم بزووتنەوەیە، هاوکات بەرخۆدانیان بەرانبەر پیاوسالاریی نەتەوەپەرەستیی دەوڵەتی تورکیا و باوکسالاریی ناوخۆی پارتەکە، دەستکەوتێکی مێژوویی مەزنە، جا ئەم ژنانە بە تایبەت پاش ساڵی ١٩٩٥، بە کۆششێکی بەردەوام و بەرخۆدانێکی پانوپۆڕ، لە داڵانێکی پڕ ئەزموون و هەڵەدا، ئەزموونێکی سیاسییان وەک سەرچاوەیەکی فیکریی ئازادییبەخش، هەم بۆ خۆیان و هەمیش بۆ ئێمەى ژنانی کورد و ناوچەکە و جیهانیش بەجێ هێشتووە، لەم تێچنە کورتەدا ئەو دەرفەتەمان نییە وردەکارانە بۆ ڕێڕەوی مێژوویی بزووتنەوەى ژنانی پەکەکە داچین. بەڵام بێگومان ئەوە ژنان بوون لە ساڵی ٢٠٠٠ بەرەژوور، هاوکاتی خواستی پەکەکە بۆ خەباتی سیاسیی و مەدەنیی شانەوشانی خەباتی چەکداریی و بەشداریی لە هەڵبژاردنی تورکیا و کرانەوەی ڕێژەیی وڵات بە گوشاری یەکێتیی ئەورووپا (وەک مەرجی پەژراندنی تورکیا لەم یەکێتییە)، بە شێوەیەکی نایاب ئەم هەلەیان قۆستەوە، تا سیاسەت لە کوردستان ژنانە بکەنەوە و تایبەتمەندییەکەشی بە شێوەیەکی ڕیشەیی لە سەرپاکی وڵاتدا بگۆڕن.
مسۆگەر ئەو ئایدۆلۆژیا تازەیەی پارتەکەش وا ژنانی لە ناوەنددا پاوەجێ دەکرد، کاریگەر بوو، لێ ئەوە جووڵەی هۆشیارانەی ژنان و بەرخۆدانی فرەپەلیان بوو دژی دەوڵەت و باوکسالاریی لە کوردستان و سەرمایەداریی، کە درووشمەکانی چەسپاند (دەوڵەت لە فیکری پەکەکەدا هێمای پیاوسالارییە)، وای کرد دووپات بکرێنەوە و گەشت بکەن و لە سنوورە خۆجێیەکانی خۆیان ئەولاتر بچن، لەم بەستێنەدا ڕۆڵی ئەو چالاکانەى وا ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژییانە دەبوونەوە کە لە باکوور دژی ژنان دەنوێنران، جێی ڕێزە. ئەم ژنە بەرخۆدێرانە کۆمەڵێک ناوەندیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زەبروزەنگ پێکەوە نا، بە کۆمەڵ شانیان وەبەر تابووتی ئەو ژنانەوە دەنا وا لە سۆنگەی زەبروزەنگەوە دەکوژران، بە وتنەوەى درووشم و سروود و هەڵهەڵەکێشانەوە ئەسپەردەى خاکیان دەکردن. ماڵەوماڵ و کۆڵانەوکۆڵان ژنانی ئاسایی جڤاکیان بەسەر دەکردەوە، لەڕێی ڕەخنەگرتن لە فیمینیزمی نوخبەگەراوە، بە کردەیی و تا سنوورێک پرسی ژنیان کردە پرسی سەرپاکی چینەکانی کۆمەڵ، هەر بۆیە وەک یەکێک لەوانەى گفتوگۆم لەگەڵ کرد پێی وتم؛ ساڵی ٢٠٠٢ لە مەڕاسیمێکی چالاکانی ژنی لایەنگری پەکەکە، کە بۆ بەخاکسپاردنی یەکێک لەو ژنانەی بە پاساوی نامووس کوژرا بوو، ژنان لەگەڵ بەخاکسپاردنی، درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی»ـان بێژا. تەنانەت هەندێک لە چالاکان ئەم ژنە قوربانییانەیان بە شەهید ناودێر دەکرد. دواتر ئەمە بووە نەریتێکی سەرتاپاگیری نێو لایەنگرانی پەکەکە. لەم ساڵانەى دواییدا لە باکوور و بە تایبەت لە ڕۆژاوا ژنانی قوربانیی توندوتیژیی و شەهیدانی دەستی تورکیا و داعشیان بە درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» دەنێژا. بۆیە ئەوەی لە ١٧ـی ئەیلوول لە سەقز ڕووی دا، هەڵکەوتێکی سەیر و تازە نەبوو، بەڵکوو بەردەوامیی ئەو نەریتە سیاسییەیە وا چاوگەکەى بۆ پەکەکە دەگەڕێتەوە. جا بووە بە نەریت و سرووتێکی شۆڕشگێڕیی باڵکێشی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، بەم ڕەنگە تابووتی ژنان و بۆ نموونە ژینا، بە درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» لەلایەن ئاپۆڕایەکەوە ماڵئاوایی لێ دەکرا. مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ژینا لە گۆڕستانی سەقز، بوو بە خۆنیشاندان و بەرهەڵەستیی گەل. چونکە ئەم نەریتە سیاسیی و ڕێبازە کردەییە ئاپۆڕاییەی باکوور و بە تایبەت ڕۆژئاوا سرووشیکی فرەی بە کوردانی ڕۆژهەڵات بەخشیوە و ساڵگارێکە شوێنپێی هەڵدەگرن.
دایکانی سیاسیی ئاشتیی کوردستانیش ڕۆڵێکی باڵکێشیان لە بڵاوکردنەوەى درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» لە باکوور دیت، جا توانیان ژن و ژیان لە ڕەهەندی تاکێتیی ڕاپسکێنن و واتایەکی سیاسییتری پێ ببەخشن، ئەوان خەڵکانێک بوون وەک یادەوەریی کوردستان و دژی بیرچوونەوە و مەرگ خەباتیان کرد، ئەوان لە سۆنگەی پرسیار لە «مەرگ»ـی ئازیزانیان و پێداگریی بۆ چنگخستنی داد و یەکسانیی، وەرگەڕانە سەر کۆمەڵێک سووژەی سیاسیی و پەیامهێنی «ژیان». لە نێو ئەو بزووتنەوەی وا دژی دەوڵەتی تەسکبینی تورکیا (کە ڕەگەزی تورک بە باڵاتر دەزانێ) پتر لە چل هەزار کەس کوژراون، ژنان بە درووشمی ژیان، لە ڕیزی پێشەوەى ئاشتیی و دیموکراسیخوازییدا پاوەجێ بوون. بە تایبەت زۆرینەی ئەو دایکانەى ئاشتیی وا ڕۆڵەکانیان لە جەنگی دژی تورکیا لەدەست دابوو، تەنانەت تەرمی ڕۆڵەکانیشیان پێ نەدراوەتەوە.
لە نموونەى گرووپی دایکانی ئاشتیی لە باکووری کوردستان، دەتوانین ئاماژە بە خەباتی «دایکانی شەممە» بکەین، ئەوان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥ تا ١٩٩٩ بۆ ماوەى ٢٠٠ هەفتە یەکپشوو ڕۆژانی شەممە لە گەڵەتەسەرای ئەستەنبووڵ بۆ چارەنووسی ڕۆڵە ونبووەکانیان (ئەمانە نزیکەی حەڤدە هەزار کەسن) هاوڕێ لەگەڵ چالاکانی مافی مرۆڤ، خۆنیشاندانی ناڕەزاییان وەڕێ دەخست. پاش سەرکوتکردنیان، «دایکانی ئاشتیی» لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدوا بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بۆ چارەسەری ئاشتییانەى پرسی کورد، شوێنپێی ئەوانیان هەڵگرت. ئەوان کۆمەڵێک ژنی نێو چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بوون، فرەتر بە خوێندنێکی کەمەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان چالاکییان دەکرد. بۆ نموونە یەکێک لە ئەندامانی «دایکی ئاشتیی» (مەکبوولە) بوو، ئەم ژنە منداڵەکانی لەدەست دابوو. تەنانەت لە کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکانیشدا چالاکانە بەشدار بوو. نەچووبووە خوێندنگە، هەم دایکانی شەممە و هەمیش دایکانی ئاشتیی بە شێوەی هەمەچەشن درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی»ـیان لە چالاکییەکانی خۆیاندا بەکار دەبرد. ساڵی ٢٠٠٦ بە دوا ئەم درووشمە لە ڕێی ئەوانەوە نەختەنەختە خۆی خزاندە نێو خۆنیشاندانەکانی هەشتی مارس لە تورکیا، ساڵی ٢٠١٢ـش تانوپۆی لە ڕۆژاوا چنی.
ئەو هەزاران دایکەى وا لە سۆنگەى سەرکوتکارییەوە لە باکووری کوردستان دەبنە سیاسیی، لێکدالێکدا هەم ژیانی ڕۆژانە و هەمیش ژینگەی تایبەتیی و گشتیی سیاسیی دەکەنەوە، ئەمە پێکچوونێکی ترە لەگەڵ ئێران: هەر خودی ژیانی ڕۆژانە و کاروباری تایبەتیی ژێر چەپۆکی دڕی فەرمانڕەوایەکی ستەمکار، گێژاوێکی سەربەگێژ و دۆخێکی ئاواراتەی هێناوەتە گۆڕێ، سا ئەمە باندۆری خستووەتە سەر فەزای گشتیی و دەیگۆڕێت. لە نێواخنی ئەم پێکچوونەوە دەتوانین شوێنپێی واتا دەرەسنوورییەکانی درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» هەڵگرین. بەرهەمی دایکانی ئاشتیی ئەوە بوو کە لە ناڕەزاییەکاندا، بە تایبەت ناشتنی تەرم، بە ڕێبازی هەڵهەڵەکێشان و شادیی و هەڵپەڕکێی کوردیی، ژینگەی گشتییان دەلەرزاند، جا ژینگەى ناسیاسیی پیاوانەیان وەردەگەڕاندە سەر ژینگەیەکی سیاسیی ژنانە.
تێکۆشانی دایکانی ئاشتیی بۆ ئەودیو سنوورەکانی تورکیا پێی لێ هەڵگرت، ئەم درووشمە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژاوا لە ٢٠١٢ و شەهیدکردنی سێ ژنەکادری پەکەکە لە پاریس لە ساڵی ٢٠١٣، پتر تەرزی کوتا. یەکێک لەو سێ ژنەى لە پاریس تیرۆر کرا، ساکینە جانسز بوو، ئەو یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان. گرنگترین کاراکتەری ژنی مێژووی پەکەکە، پتر لە هەشت ساڵی لە زیندانەکانی تورکیا بەسەر بردبوو، لەوێ لە ژێر ئەشکەنجەدا مەمکەکانیان بڕی بوو. تیرۆری ئەم سێ کادرە ژنەى پەکەکە هاوکاتی ئامادەیی چالاکانی ژنان لە «شۆڕشی ژنانەى ڕۆژاوا»، پرسی ژن و بە تایبەت ژنکوژیی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان تۆختر کردەوە. بە سەرەنجدان لەو ڕۆڵە گرنگەى گۆڕانکارییەکانی ڕۆژاوا لە بەستێنی گشتیی کوردستان چێی کرد، بە شەهیدبوونی ئەو ژمارە زۆرەی ژنانی ناوچەکە، بەکاربردنی درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) لە بەخاکسپاردنی ژنانی بەرخۆدانی دژی داعش، ئەم درووشمەی کردووە بە هێمای بەرخۆدان و فیداکاریی و تێکۆشان بۆ درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ بە ڕێبەرێتیی ژنان، لەم ساڵانەى دواییدا، لەگەڵ هەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە ژنکوژیی سیاسیی لە کوردستان، ئەم درووشمە بووە چەشنە درووشمێکی بەرگریی بەرانبەر هەموو چەشنە توندوتیژییەک، بە تایبەت بەرەنگاربوونەوەی کوشتاری ڕەگەزیی ڕۆژانەى ژنان.
بۆ نموونە لە بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژاوا لە عەفرین، لە نێوان کانوونی دووەمی ٢٠١٨ تا نیسانی ٢٠١٨ «ژن، ژیان، ئازادیی» یەکێک بوو لە درووشمە سەرەکییەکان[2]، جا بەم ڕەنگە ئەم درووشمە بەرهەمی چوار دەیە خەباتی نەپساوەى ژنانی کوردە بەرانبەر هەموو جۆرەکانی چەپۆکسالاریی و سەرمایەداریی و کۆڵۆنیالیزم و دەستێوەردانی دەرەکیی دەوڵەتە نەتەوەپەرەستە نیمچە کۆڵۆنیالیستیەکان و ئیسلامی سیاسیی و تاکڕەویی ئایینیی و توندوتیژیی ڕەگەزیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی. ئێستاش توانیویەتی وەک بەهایەکی جیهانگر سنوورە ناوچەییەکان بدڕێ و ببێتە سرووشی ئەو ژنانەى لە شوێنی تر هەمان هەلومەرجی ژنانی کوردیان هەیە و هەمیش ئەو چالاکوانە چەپانەى وا گرنگیی بە بەرخۆدانی ئەم ژنانە دەدەن. تەنانەت ساڵی ٢٠٢٠ ئەو ژنە کەتەلۆنیایی و ئیسپانییانەی وا ڕۆشتبوونە ڕۆژاوا، پەڕتووکێکیان دەربارەی بزووتنەوەى ژنانی کورد لە ناوچەکە، بە ناونیشانی «ژن، ژیان، ئازادیی» Mujer, Vida y Libertad بڵاو کردەوە.[3]
نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ئەم درووشمە هەم درێژە بە ژیانە سەربەخۆکەى دەدات و هەمیش لە شوێنە جیاوازەکان واتا و سەرخستەی خۆی ڕسکاندووە، تەنانەت لە بڕێ جێ گۆڕاوە، چونکە هەموو شوێنێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆ نموونە لە ٢٠١٤ وە تا ئێستا درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی»، لە نێو هەندێک ڕەوتی چەپی خۆنیشاندانەکانی هەشتی مارسی فەڕەنسا دەبینرێتەوە .لەگەڵ تێپەڕینی کات، ئەم درووشمە لایەن هەندێک فیمینستەوە بۆ سێینەی نوێی «ژنان، بەرخۆدان، ئازادیی» گۆڕا، تا سەرتاپاگیرتر و فیتاوفیت بێت، «ژنان» لەبری «ژن» بە مەبەستی ئاوێتەکردنی هەمەچەشنییە ڕەگەزییەکان و «بەرخۆدان» لە جێی «ژیان»، چونکە بەپێی هەندێک ڕاڤە دەکرێت چەمکی ژیان، ژنان لە چێوەی هەندێک ڕۆڵی بایۆلۆژیی و سرووشتگەرایانەدا کۆت بکات، هەندێکی تر پێیان وایە ئەم درووشمە تەنیا گوزارشت نییە لە داواکارییەکانی ژنان، چونکە چەوسانەوەى چینایەتیی لەم درووشمەدا ناونیشن نەبووەتەوە و ئەمەش جۆرێکە لە یەکسانسازیی.
سەرەڕای ئەو ڕەخنە و سەرخستانەی بەرهەمی جۆرێک لە کۆژیریی هاوسۆزانە بوو، ئەوا ئەم شادرووشمە لە وڵاتانی تریش شانەوشانی درووشمەکانی تر دەوترایەوە، لە شۆڕشی ژیناشدا بانگەشە و بیرهێنانەوەی ڕەگوڕیشەکانی ئەم درووشمە لە ڕەهەندێکی فیمینیستییەوە هەنووکەییە، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ژنانەی پەکەکە بخەینەوە ڕوو وا ئەم درووشمەیان ڕەنگڕێژ کردووە و و شادەزگای ناسیۆنالیزمی دەوڵەت و نادەوڵەتیی و دژبەرانی پەکەکە بۆ پەراوێزیان داکشاندوون. جا بەرخۆدانە فیمینیستییەکەیان بە ڕەسمیی بناسین و باشتر هەوڵی بەرەی ڕاستڕەو (جا کورد بن یان نا) بۆ پاوانی درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» پووچەڵ بکەینەوە.
پێداگریی لە سەر ڕیشەکانی ئەم درووشمە، واتا پێداگریی لە سەر دیرۆکی جیاوازیی ژن و پیاوانی پەکەکە لەم ڕێکخستنەدا، جیاوازییەک، کە زۆرێک لە دژبەرەکانی پەکەکە لە کوردستان (بە گشتیی ڕێکخستنە پیاوسالارەکان) و بزووتنەوە سیاسییەکانی دەرەوەى کوردستان لە ئێران، حەز بە دیتن و بیستنی ناکەن، چونکە مژاری ئەوان دژبەریی سیاسییە نەک ڕزگاریی ژنان و یەکسانیی ڕەگەزیی. هەروەها ئەم نکۆڵییە دەبێتە کۆسپ تا لە دەرەوەی چالاکیی ڕێکخراوەیی- حزبیی، لە نزیکایەتیی نێوان ژنانی پەکەکە و ژنانی تری کورد و ناوچەکەش تێ بگەین. ڕاستییەکەى ئەزموونی هاوبەشی ستەمى پیاوسالاریی دەوڵەتە چەپۆکسالار و کۆمەڵگە باوکسالارەکان، ئەو پردەیە کە بە شێوەیەکی ڕەگئاژۆ بزووتنەوەى ژنانی کورد لە باکوور و ڕۆژاوا و درووشمەکەیان «ژن، ژیان، ئازادیی» بە خەباتی ژنانی ناوچەکانی تر، ئەمڕۆ لە ئێران و سبەی لە وڵاتانی تر پێکەوە گرێ دەدات. فیت هەر لەبەر هەمان هۆ لەم ڕۆژانەى دوایی پاش شۆڕشی ژینا گۆڤانی یەکێتییەکی باڵکێشی ژنانی باکوور و ڕۆژاواین لەگەڵ ژنانی ئێران.
نابێت بیرمان بچێتەوە گەر هاووڵاتییانی تورک تورکیا دەوڵەتێکی چەپۆکسالار نازانن، ئەوا کوردان هێشتا بە فەرمانڕەوایەکی چڕووسێنەری دەبینین. تەنانەت لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە تا ئەم دواییانە بەکاربردنی وشەی «کورد» و «کوردستان»، یان بەکارهێنانی ئەو پیتانەى لە ئەلفبێی کوردیی هەن و لە ئەلفبێی تورکیی نین: (Q, W, X)، تاوان بوو. جەمال گورسەل شارەداری ئامەد (کە بە پایتەختی باکووری کوردستان دادەنرێت) پاش دەستێوەردانەکانی ١٩٦٠ وتی: «لەم وڵاتەدا کوردییمان نییە، هەرکێ بێژێت کوردم، تف دەکەمە نێو چاوی.» ئەم نموونە بچکۆلانەیە نیشانی دەدات، ئەو ستەمکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان، کە هەمیشە کوردانی لە ژێر چەقۆی گەلکوژیی و ڕەشەکوژییدا ڕاگرتووە، تا چ سنوورێک لەگەڵ هەلومەرجی دیکتاتۆریی ئێرانی دەسەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆرییدا وێک دێتەوە، ئەمە بێ لەوەى کە لەگەڵ هاتنەسەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان، هەوڵدان بۆ ئیسلاماندنی سەرپاکی ئەو گۆڕەپانانەى وا گرێداوی ژنن، ئەم پێکچوونەى زیاتر کردووە.
یەکتربڕی چەوسانەوەى ڕەگەزیی و چینایەتیی و ئەتنیکیی «کاتی هاتووە»
گەر سیاسەتی هاوبەش بۆ زۆر بزووتنەوە و چالاکوان تەنیا درووشمێکی پێشکەوتنخوازانە بووبێت، ئەوا بۆ ژنانی پەکەکە لە باکوور و ڕۆژئاوا ئەم ڕێبازە هەمیشە کردە و جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بووە؛ هەرچەندە ئەم ڕێکخستنەش وەک هەموو پێڕێکی سیاسیی تر تەڵەزگە و سنووردارێتیی تایبەتیی خۆی بۆ وەدیهێنانی ئەمە هەبووە، لە هەلومەرجێکدا کە نەژادپەرەستانی تورکیا (دەوڵەت و بزووتنەوە سیاسییەکان) و نکۆڵییان لە پرسی کورد دەکرد، ناسیۆنالیستە کوردەکانیش پرسی ژنیان بە پلەدوو دادەنا، پەکەکە لە هەشتاکان و نەوەتەکاندا، بە درووشمی «تا ژن ئازاد نەبێت، نیشتمان ئازاد نابێت»، لە ڕێی گرنگییدانی هەنووکەیی و لە پێشینەیی پرسی ژن و پاشنەخستنی بۆ دوای ڕزگاریی سۆسیالیستیی کوردستان، کۆشا تا خەباتی خۆی لە هاوتا چەپە تورکەکانی و ناسیۆنالیستە کوردەکانی پێش خۆی هەڵبوێرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە پەکەکە لە ساڵانی هەشتادا ڕەخنەیەکی باڵکێشی لە پیاوسالاریی و بە تایبەت دەزگای خێزان و پەرگاڵی نامووس و دەربەگایەتیی لە کوردستان گرت، هاوکات چەپی تورکی تۆمەتبار کرد کە چاوی لە ئاست داگیرکاریی نێوخۆیی سەر ڕاسەری ئەو کوردانە نووقاندووە وا بیست لە سەتی وڵاتەکە پێک دێنن.
ئەمە لە کاتێکدا بوو ئەو دەمە زۆرینەی بزووتنەوە چەپەکانی تورکیا پێیان وابوو دەبێت خەباتی ئازادیی ژن بۆ پاش شۆڕشی چینایەتیی کەلا بخرێت، بۆ زۆرێک لە ڕێکخستنە سۆسیالیستەکانی وەک مەلەکەپە (MLKP) پرسی خەباتی ژنان لە نێو ڕێکخستنەکەدا لە ناوەڕاستی دووهەزارەکانەوە دەستی پێ کرد، زۆرینەی پارتەکانی وەک DHKP-C و TIKB پێیان وابوو کێشەی ڕەگەزییان نییە، سا بۆیە پێویست ناکات بەو بیرەوە خۆیان بگنخێنن، ئەم پارتانە لە هەشتاکان و نەوەتەکاندا کاریگەریی ڕامانێکی زۆر بەهێزی دژەئیمپریالیستییان بە سەرەوە بوو، ئەمە هەندێک کەڕەت دژایەتییەکی پێکۆڵی فیمینیزمی لێ دەکەوتەوە. سا دەبووە هۆی کۆسپی سەرەڕێی پێشکەوتنی چالاکیی سەربەخۆیانەی ژنان. لەم بەستێنە سیاسییە نەتەوەییەدا پەکەکە بۆ خۆجیاکردنەوە لە بیری چەپی پاوانخوازی تورک، ڕادیکاڵانە ئەو هەڵێنجانە کلاسیکییەی چەپی پەرچ دایەوە وا پێی وابوو «دەبێت تا سەرکەوتنی سۆسیالیزم، پرسی ژنان کەلا بخرێت.» یان گوایە «لە سۆنگەی سەرکەوتنی سۆسیالیزمەوە کێشەی ژن چارە دەبێت.» ئەم ڕێکخستنە ئێستاش ئەو باوەڕە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە سۆسیالیزم لە ڕابردوودا کێشەکانی ژنی چارە کردووە.
لە ڕەوشێکی بەم ڕەنگەدا ژنانی کورد لە کۆتایی هەشتاکاندا پێنگاڤیان بەرەو سیاسەتێکی خۆبەڕێوەبەرانەی ژنان لە نێو پەکەکەدا هاوێشت، جا ئەمە ئەوانی لە بزووتنەوە باڵکێشە فیمینیستییەکانی تورکیا و پیاوانی نێو ڕێکخراوە شۆڕشگێڕییەکان هەڵدەبوارد، نابێت چاوپۆشیی لەوە بکرێت کە سەرباری ئەو پێداگرییەی وا پەکەکە بەرانبەر مژاری ڕەگەزیی نیشانی دەدا، لێ تا ساڵانی ١٩٩٥ ئەم پارتە پێکهاتەیەکی پیاوانەى هەبوو، ڕێبەرەکەى پیاوێکی بەهێز بوو، نایەکسانیی ڕەگەزییش لە نێو پارتەکەدا بە شێوەی هەمەچەشن ڕەنگی دەدایەوە، فیتاوفیت لەبەر ئەمە لە سەرەتای نەوەدەکاندا ژنانی ئەم حزبە پاش ئەزموون و لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەیان بەو دەرەنجامە گەیشتن کە ڕزگاریی ئەوان تەنیا گرێدراوی ڕزگاریی کوردستان نییە، بەڵکوو تەنانەت گەر کوردستانیش ئازاد بێت، ئەوان هێشتا کۆتی دەسەڵاتی پیاوانەن. جا تێکڕای کۆششی خۆیان بەکار هێنا تا ئۆرگانی حزبیی نەختوپوخت ژنانە لە نێو پەکەکەدا بساچێنن، ئەمە بۆ ئەوەی گۆشتوخوێن بگرن، جا لەم سۆنگەوە بڕیاری سەربەخۆ بۆ پرسی ژن بدەن و هاوتەرازی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان خۆبەڕێوەبەریی ژنان بۆ پێشێ ببەن، بە دەربڕینێکی وردتر، لە ١٩٩٥ـەوە بە تایبەت، جۆرە بەرخۆدانێکی یەکتربڕیان گرتە بەر، لە چوارچێوەیەدا پرسی ژن و ڕزگاریی کوردستان و چینایەتیی و ژینگە گرنگییەکی یەکسانیان هەیە.
ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە بانگەشەیان بۆ دەکرد: «ئیتر کاتی هاتووە» تا پرسی ژن هەر ئێستا و لەم شۆڕشەدا، بێ هەڵپەساردن، چارە بکەین. جا شانەوشانی شۆڕشی سیاسیی و خەباتی چەکداریی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییش بۆ یەکسانیی ڕەگەزیی لە پێناو ڕسکاندنی کوردستانێکی سۆسیالیستیی بۆ پێشێ ببەین. لەم ڕوانگەوە ئەوان زۆر پێش سەردەمەکەى خۆیان کەوتبوون و سیاسەتێکی زۆر پێشکەوتنخوازانەیان بە سەر سەرپاکی پارتەکەدا سەپاند. گەر ئەمڕۆ پەکەکە بەو گرنگییە دەناسرێتەوە کە دەیداتە مژاری ڕەگەزیی، ئەوە لە سۆنگەی چالاکییە بەردەوامەکانی ژنانی ئەم پارتەیە، کە لە لایەن گەریلاکانەوە لە چیا (زنجیرە چیاکانی قەندیل) بزیسکەى داوە، هەروەتر پێکۆڵانە لایەنگرە فیمینیست و فرەڕەگەزەکانی لە شاردا پەیڕەوییان لێ کردووە.
گرنگیی ئەم ڕێبازە ئەو کاتە ڕوون دەبێتەوە کە پەکەکە لەگەڵ هاوتا چەپەکانی، بە تایبەت ئەو ڕێکخراوە سیاسییانەی لە نەوەدەکانەوە هەن، بەراورد دەکەین، بۆ نموونە؛ تا ئەم دواییانەش لە بزووتنەوە چەپڕەوەکانی فەلەستیندا، پرسی ژن هەر وا لە پەراوێزدا بوو، گەر بمانەوێت نموونەیەکی بەرجەستەتر بێنینەوە، ئەوا دەتوانین ئاماژە بۆ کەمپینی «تاڵعات»ـی ژنانی فەڵەستین بکەین، ئەم کەمپینە لە ساڵی ٢٠١٨ و پاش کوشتن ژنانی فەلەستینیی لەلایەن خێزانەکانییانەوە، بە بیانووی گوایە «شەرەف» ڕێک خرا، ئامانجەکەشی ئەوە بوو کە هاوشانی پرسی داگیرکاریی ئیسڕائیل، هەڵوەستە لە سەر توندوتیژیی دژی ژنانیش بکرێت، ژنانی فەڵەستینی بە درووشمی «تا ژن ئازاد نەبێت، نیشتمان ئازاد نابێت»، ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەو درووشمەى سی ساڵ پێش ئەوە لە باکووری کوردستان بانگی لێ هەڵدرابوو، بەڵام ئەم ژنانە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی چالاکوانانی پیاوی فەلەستینی بوونەوە، جا تاوانباریان دەکردن گوایە ئێستا شامژار ئیمپریالیزمی ئیسرایلییە و «کاتی نییە» ژنان خۆنیشاندانی ئاوا وەڕێ بخەن، چونکە ژنان بەم کارەیان وێنایەکی دڕندانە بۆ پیاوانی فەڵەستینی دەکێشن، ئەمەش پاساو دەداتە دەست ڕاستڕەوە ئیسرایلییەکان، ئەمە لە کاتێکدا ئەوە دەوڵەتی ئیسرایلە دڕندەیە و هۆڤانەترین زەبروزەنگ لە سەر گەلی فەلەستین بەڕێوە دەبات.
بەڵام ئەم ژنانە کۆڵیان نەدا و پێیان وابوو؛ کاتی هاتووە چارەسەری پرسی ژنان بۆ پاش دەربازبوون لە چەپۆکی هێزەکانی ئیسڕایل دوا نەخرێت، ئەم کەمپینە کەڵەبازێک بوو، نزیکەی هەشت مانگ بە هەوراز و نشێوەوە بەردەوام بوو، جا لە ٢٠١٩ بووە دەستنێژی ناڕەزایی هەمەچەشن لە وڵاتە عەرەبییەکان. تەنانەت بەیاننامەیەکیان بۆ ژنانی دەروەوەى فەلەستینی نیشتەجێی ئۆردوگاکانی لوبنان و وڵاتانی تر بڵاو کردەوە و داوایان لێ کردن دەستەک بدەنە ئەم کەمپینە. سا ساڵی ٢٠١٨ بۆ یەکەمین جار گۆڤانی خۆنیشاندانی ژنانی کامپەکانیش بووین، تەنانەت ژنە نافەڵەستینییە کۆچبەرەکانی هەندێک وڵاتیش چوونە نێو کەمپینەکە. ئەو ژنانەشی پەناهەندەی وڵاتە ڕۆژاواییەکان بوون و هاتنە نێو کەمپینەکە، کۆهەستێکی ناودژیان هەبوو: پێیان وابوو گەر ئاوا ڕاستەوخۆ و سەرتاپاگیر لە زەبروزەنگی خێزانیی بدوێن، ئەوا بیانوو دەدەنە دەست ڕاستڕەوە دژەکۆچبەرکانی ڕۆژاوا.
ئێمەى ژنانی کورد و تورک و بەلووچ و عەرەب و هتد… لە ئێران بۆ ساڵگارێک گیرۆدەى هەمان تەڵەزگە بووین: هێشتاش بەهۆی لەپێشینەیی بەرخۆدان بەرانبەر ئەو دەوڵەتە ناوەندییە سەرکوتکەرەی وا وەک شادوژمن نیشتمانەکەمانی سەربازاندووە و بە داسەپاندنی جۆرە ناسیۆنالیزمێکی دەوڵەتیی ناوچە «پەراوێزەکان»ـی وڵاتی لە دۆخی ناکاوی هەمیشەییدا هێشتووەتەوە، هەندێک لە چالاکانی ناسیۆنالیستی تورک و کورد و عەرەب و بەلووج پێمان دەڵێن: بە ناڕەزایەتییەکانمان دژی توندوتیژیی دژی ژنان و نیشاندانی وێنەیەکی تاریکی پیاوانمان، ئاو لە ئاشی دیکتاتۆرییەت و ناوەندگەرایی و ناسیۆنالیستەکان نەکەین، ئەوان بە ناڕاستەوخۆ پێیان وتین: «ئێستا کاتی ئەم قسانە نییە.» ئێستا گەرەکە بۆ ئازادکردنی خەڵکەکەمان بجەنگین، پاش ئەمە هەلێک بقۆزینەوە تا پرسی ژنان بکەینە شاپرس. واتە دیسانەوە پرسی ژن لەبەر پرسی گوایە گرنگتر، کە پێیان وایە گرنگییەکی باڵکێشتری هەیە، بووەتە قوربانیی، جا هەڵپەسێردراوە یان سڕاوەتەوە.
لێ لەم ساڵانەی دواییدا، ژنانی ئێرانیش وەک ژنی زۆر وڵاتی تر لایان سەلما و ڕوون بوویەوە کە گەرەکە خەبات دژی پیاوسالاریی و چەوسانەوەی نەتەوەیی و چینایەتیی پێکڕا بەڕێوە بچن، گەرنا وەک نموونە مێژووییەکان نیشانمان دەدەن، ڕەنگە پاش ئازادیی نەتەوە و نیشتمان و سەرکەوتنی شۆڕشە سۆسیالیستییەکان بنێردرێنەوە ماڵێ و لە بەستێنی گشتیی بسڕدرێنەوە و پرسەکانیان بە گرنگ نەبینرێت، ئەمە ئەو وانە گرنگ بوو کە ژنانی کوردی باکووری کوردستان لە مێژووی سۆسیالیستیی پێش خۆیانەوە هەڵگۆستەیان کردبوو، بەم هۆکارە لەوێڕا و لەگەڵ هەڵێنجانی ئەزموون، ئازادیی ژنانیان هاوڕێ لەگەڵ ئازادیی کوردستان و ڕزگاربوون لە سەرمایەداریی کرد، بە ڕێبازی سیاسیی خۆیان، جا بەم دەساوێژە ڕیزێک درووشم لەمەڕ ژن و گرنگییان لەم بزووتنەوەیەدا ڕەنگا. ئەوان هەوڵیان دا تا پرسی یەکسانیی ڕەگەزیی لە کاری سیاسییاندا جێ بکەنەوە، هەروەسا هاوکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ناسیۆنالیزمی پیاوسالارانە، دژی دەوڵەتی سەرکوتکەر و پاکتاوکەریش بجەنگن و گرنگییەکی فرە بە ژنانی چینەکانی خوارێ بدەن، تەنانەت کاریان لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی و سیاسییش کرد. کۆزەینیان لەمەڕ ژنێتیی گۆڕی و پارتە کوردییە نەریتییە پیاوانەکانیشیان ناچار کرد تا گرنگییەکی فرەتر بە مژاری ڕەگەزیی بدەن.
هەرچەندە ئەم ڕێکخستنە مەودایەکی تیۆریی لە ڕەوتی مارکسیزم گرتبوو، سا لەو سەردەمەوە پرسی چینایەتیی بە تەمومژاویی بەرباس دەدرا، لێ لە کردەوەدا گۆڕەپانێکی هەراوتری بە ژنانی «ئاسایی» کۆمەڵ، بە تایبەت ژنانی چینە هەژارەکان دا، بۆ نموونە یەکێک لە شارەوانەکانی شاری ماردین کە ئەم پارتە بەربژێری کرد، ژنێکی چلساڵە بوو بە ناوی (Sürgücü)، ئەو هەشت منداڵی هەبوو، ئاستی خوێندنیشی زۆر کەم بوو. ئەم پارتە لە سۆنگەی پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ ژنی چینە جیاوازەکان، توانی چالاکوانی سیاسیی ژن وەک «ئاوارتە» وەرگەڕێنێتە سەر مۆدێلێکی باوی کوردستان. بەم ڕەنگە لەم بزووتنەوەیەدا ژنان نەک تەنێ بەشدار بوون، بەڵکوو پێشڕەو و پەیامهێنی ژیانێکی ئازادیش بوون، لە هەلومەرجێکدا کە سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ژیانی ڕۆژانەی بۆ خەرەندێک لێژ کردبووەوە و مەرگی لێوە دەزا، ئەوا لەم ڕەهەندەوە لە درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی»ـدا ئەم کاکڵەواتا گرنگە پاوەجێیە کە «ئیتر کاتییەتی»، هەر ئەمڕۆ بە مەبەستی ڕەخساندنی ژیانێکی باشتر و ئازادتر، هاوشان و هاوئاستی پرسەکانی تر، بپەژرێینە سەر پرسی ژنیش، جا ئازادیی ژنان بە ئاییندەیەکی تەمومژاویی نەسپێرین و بە لەپێشینەدانانی چەوسانەوەی چینایەتیی و نەتەوەیی، چەوسانەوەی ڕەگەزیی بۆ پەراوێز دانەکشێنین.
نابێت بیرمان بچێتەوە ساڵانێک چەپە کرێکارییەکان پاڵپشتییان لە فیمینیزم و چەوسانەوە ڕەگەزیی نەدەکرد و چاویان لێ دەپۆشی، ناسیۆنالیستە کوردەکانیش هەوڵیان دەدا خۆیان بەو ئەفسانەیە پاساو بدەن؛ گوایە پیاوسالاریی لە کوردستان لە گۆڕێ نییە، جا ئەگەر زەبروزەنگێکیش دەبینرێت، ئەوە ڕیشەکەی پێش گشت شتێک بۆ ئەو دەوڵەت-ناوەندییە کۆڵۆنیاڵیستە دەگەڕێتەوە وا نکۆڵیی لە بوونی کورد دەکات، تەنانەت ئەم دواییانە و لە شۆڕشی ژینادا چالاکانی کوردی ئێران ڤیدۆیەکیان بڵاو کردەوە، لەو ڤیدۆیەدا ژنانی کورد دەڵێن: «حیجاب پرسی ژنانی کورد نییە!» ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژانە ڕاپۆرتەکان باسی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنی کورد لەگەڵ خێزان و پێکهاتەی پیاوسالاریی کۆمەڵگە دەکەن دژی باڵاپۆشیی و جڵەوی جەستە و سێکسواڵیتە، هەروەسا لە ناوچەکانی تری وڵاتدا ئەمە ڕاستییەکە و نکۆڵیی لێ ناکرێت.
جا درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی»، سەرەنجامی بەرخۆدانی ئەو ژنانە بوو وا هاوکات لە چەندین سەنگەردا بەری خۆیان دەدا؛ ئەوان پاش چەند دەیە بەرخۆدانی پتەو، ژنانیان لە پشتی پەردەکەوە خستە سەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان. ڕەگەزیان لە ئاییندەوە بۆ ئێستا، لە بەستێنی تایبەتەوە بۆ بەستێنی گشتیی هێنا و خستیانە سەر گۆڕەپانی هەنووکەیی سیاسەت. هەرچەندە ڕەنگە لە نیگای یەکەمەوە ئەم بابەتە ئاسایی بێتە بەر دیدە، بەڵام لە گۆڕەپانی خەباتدا ئەم پرسە تا هەنووکەش ئەوەندە پەژرێنراو نییە. وەک مانگی لای ئێوارێ ڕوونە ڕاستڕەوەکان چۆن بیر دەکەنەوە، چونکە بە گشتیی ڕەگەزگەران و گرنگییەکی وا بە پرسی ژنان نادەن، بەڵام هێشتانەکێش چەپێکی زۆر وا بیر دەکەنەوە گوایە گرنگیدان بە چەوسانەوەی ڕەگەزیی، ڕیزەکانی چینی کرێکار لێک دەترازێنێت و پێیان وایە چەوسانەوەی ڕەگەزیی هێندەی چەوسانەوەی چینایەتیی گرنگ نییە، هەرچەندە ئەم دوانە لە بنەوەڕا ئاوێتەی یەکترین و سەرمایەداریی لە سۆنگەی نایەکسانییەکی قووڵی ڕەگەزیی و نەژادیی و ئەتنیکیی و …ـەوە خۆی دەژێنێتەوە، بەڵام بۆ پێڕێکی زۆری چالاکوانان پەیوەندیی ئەم دووانە گردەبڕ نییە، تەنانەت پەیوەندیی نێوان چەوسانەوەی نەتەوەیی و چەوسانەوەی ڕەگەزیی و چینایەتیی ئاڵانگارییەکە و خانەگومانیی فرەی لێوە شین بووە، بەڵام لە هەلومەرجێکدا خەڵکی نافارسی ئێران پتر لە سەدەیەکە دووبەرابەر وەبەرهێنانیان لە سەر دەکرێت و داگیر دەکرێن، هەروەها لە ژێر چەپۆکی دەزگایەکی هۆڤانەی سەرکوتکەردان، کە لە ناوچەکانی ناوەند پتر دەیانچڕووسێنێتەوە، (نموونەی هەر بچکۆلەش هەینیی خوێناویی زاهیدان و شەممەی خوێناویی سنە و کوشتاری فەلە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ناوچە پەراوێزەکانی وڵات) گەر هەموو چەشنە جیاوازەکانی چەوسانەوە بەپێی پۆڵێنێکی وردی شیکاریی سیاسیی پۆڵێن نەکرێن، ئەوا باسکردنی ئاییندەیەکی ئازاد لە دۆڵێکە و دیموکراسیی و یەکسانییش لە دۆڵێکی تر. تا ئەو دەمەی چالاکوانانی ئێران نەتوانن وەک «پرس»ـێک لە «چەوسانەوەی نەتەوەیی» بدوێن و نکۆڵیی لێ بکەن و پەردەی بەسەرا داکێشن، ئەوا نادڵنیایی خەڵکیی پەراوێزیی ئێران لەمەڕ یەکگرتن لەگەڵ دیموکراسییخوازانی ناوەند تەشەنە دەسەنێت و درزی نێوانیان هەراوتر دەبێت، جا ئەمە ئەوان پتر بۆ ئاسۆی «جیابوونەوە» پاڵ دەنێت (لە ڕووی مێژووییەوە تا ئەمڕۆ هیچ کاتێک ئەمە داخوازیی کورد و بەلووچ و …. نەبووە)، چونکە ناتوانن چاوەڕێ بن تا ناوەند بە ڕەسمیی دانیان پێدا دەنێت و بیانناسێنێت، جا لەم بەستێنەدا پێویستە خۆیان بیر لە گۆڕینی بارودۆخیان بکەنەوە (چەندین کەڕەت ئەمەم لە چالاکوانانی کورد بیستووە) ئەم ڕێکارە بۆ ئاییندەی ئێران زۆر سەربەگێژ دەبێت، ئەمەش سووچی نکۆڵیکەرەکانە نەک ئەتنیکەکان، وەک چۆن پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامیی و ڕاستڕەوە ئێرانییەکان دەیڵێن، چونکە پێڕی دووەم بە مەرجی سیاسیی گونجاو هەمیشە دەستی یەکێتییان بۆ ناوەند درێژ کردووە.
تەنانەت ئەو پێشوازییە گەرمەی لە درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» دەکرێت، تا سنوورێک پێویستیی ئەم سیاسەتە ئاسۆییە بۆ ئێرانی ئەمڕۆ دەڕەنگێنێتەوە، چونکە ئەم درووشمە بووە بە ئەلتەرناتیڤێکی بەهێز دژی کۆماری ئیسلامیی، ئەویش لە سۆنگەی ململانێی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پێکهاتەی پیاوانە و مەرگبار و سەرکوتکەری ڕژێم کە هەموو ئازادییەکی لە سەرپاکی پێڕەکان، بە تایبەت ژنان و فرەڕەگەزەکان و چالاکانی کرێکاریی و ئەتنیکیی و ژینگەپارێزیی و چینەکانی خوارێ پاوان کردووە. «ژن، ژیان، ئازادیی» ئەلتەرناتیڤێکی یەکێتییسازە و چەوسانەوە هەمەچەشنەکان دەڕەنگێنێتەوە، فیتاوفیت بەم هۆکارەش ڕاستڕەوە ناسیۆنالیستە ڕەگەزگەراکانی نزیک لە شاخوازەکان، کەڵکەڵەیەکی باڵکێشیان هەیە تا درووشمی تری لە جێ دانێن، بە تایبەت درووشمی پیاوتەوەری شۆڤێنیست، جا بەپێی ئەو کاریگەرییە سیاسییەی درووشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» لەم پێڤاژۆ مێژووییەی ئێراندا هەیەتی، کۆشش بۆ پاراستن و زیندووێتییەکەی هەنووکەییە، هەر یەکگرتنێکیش گەر نەبێتە هەوێنی نواندنەوەی هەمەچەشنییەکانی نێو ئەم درووشمە، ئەوا پیلانێکی تەڵەکەبازانە و هەڵپەرەستانەی دەسەڵاتخوازیی یەکساز و پاکتاوکەری لێ بترازی بۆ ئاییندەی ئێران، هیچی تر نییە، ژنان و کەمینە ئەتنیکییەکان ڕێگایەکی درێژ و دژواریان پەی کرووە تا کۆمەڵگە بەو خاڵە بگەیەنن کە چەوسانەوەی ڕەگەزیی و ئەتنیکیی نەک تەنیا پرسی ئەوانە، بەڵکوو پێویستییەکی گردەبڕە بۆ دیموکراسیی و یەکسانخوازیی لە سەرپاکی وڵاتدا، سا ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی چینایەتیی پەیوەندییەکی ڕیشاژۆی بە چارەسەری ئەو چەوسانەوانەوە هەیە وا هەندێکی «کەمینە»ـیەکی (نەک زۆریش کەم)ـی بۆ «پەراوێز» ڕاماڵیوە، بە گوزارشتێکی وردتر واتای ڕاستەقینەی «ژن، ژیان، ئازادیی» ئەوەیە نابێت تێکۆشان دژی چەوسانەوەی ڕەگەزیی و ئەتنیکیی و دەسەڵاتەکانی تر بۆ پاش هەڕۆژانی کۆماری ئیسلامیی هەڵپەسێرین، وەک چۆن ئەم درووشمە بۆ ژنانی باکووری کوردستان واتای ئەوە بوو کە نابێت پرسی ژنان بۆ پاش ڕزگاریی کوردستان و ڕووبەووبوونەوەی سەرمایەداریی هەڵپەسێرین، ئەمە ئەو کاکڵە گرنگەیە وا دەتوانین دڵسۆزانە لەگەڵی بین و ئاگامەندانە بۆ گەشەپێدانی بجەنگین، تا پاشەکەکشێ لەم درووشمە ناوازە و بنەڕەتییە نەکرێت.
تەنانەت گەر پتر پێکۆڵ بین و بمانەوێت قریشکەی چەپێنراوی ژنانی نەتەوە پەراوێزخراوەکان بین، زمانە سەرکوتکراوەکانی ئەوان بە ڕەسمیی بناسین، ئەوا دەتوانین وەک چالاکییەکی هێمایی درووشمە کوردییەکەی «ژن، ژیان، ئازادی»، کە ئەمڕۆ هەمووان تێی دەگەن و دەتوانن دووپاتی بکەنەوە، پتر لە درووشمە فارسییەکەی گرنگیی پێ بدەین، ئێستا ئەو چرکەساتە هەستیارەیە کە دەکرێت ئەو «یەکێتیی»ـەی ئەمڕۆ لە گشت شتێک پتر گەرەکمانە، گەشە پێ بدەین و زەمینە بۆ ڕسکاندنی چەشنە متمانەیەکی دوولایەنە، کە تا ئەمڕۆ لەرزێنراوە، بساچێنرێت.
چەندین کەڕەت درووشمە فارسییەکان لە هەرێمە نافارسەکاندا وتراونەتەوە، کاتی ئەوەیە هەرێمە ناوەندییەکانیش باشتر گوێ بۆ دووپاتکردنەوەی درووشمە نافارسییەکان ڕادێرن، بە هەمان شێوە پێداگریی لە بەکارهێنانی ناوی کوردیی ژینا لەبری مەهسا، پەردە لە سەر ئەو ستەمە هەڵدەماڵێت وا ساڵگارێکە خەڵکی ناوچە نافارسەکان لە دەستی وەزاڵە هاتوون: ستەمی بێبەشیی لە بەکارهێنانی زمانی دایک لە بەستێنە جڤاکیی و ئاستە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، بۆ نموونە ناونانی مناڵەکانمان. ژینا هەر نەبوو بە هێمای بەرخۆدانی شۆڕشی ئێران، بەڵکوو خودی ناوەکەشی بوو بە هێمای تێکۆشان بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە ناسیۆنالیستە ئێرانییەی وا بە ڕەنگێک گەلانی نافارسی تاوانکێش کردووە، تەنانەت ناوە نافارسییەکانیش بە هەڕەشەی سەر بوون و (دەسەڵات)ـی خۆی دەزانێت. هەرچەندە تا ئێستا ڕوون نییە ژینا بۆچیی دوو ناوی هەیە، بەڵام بە گشتیی لە کوردستان خەڵک دوو ناویان هەیە، یەکێکیان فارسیی بۆ سەر ناسنامە و دووەمیش کوردیی بۆ نێو خێزان، چونکە هەندێک لە تۆمارەکان بە ساڵ و شوێنی لەدایکبوون و هەندێکیشیان بە ئارەزووی کارمەندانەوە بەندە، جاس بەو پاساوی «ئەم ناوە ئێرانیی نییە»، خۆیان لە تۆمارکردنی ناوە کوردییەکان دەبوێرن، خێزانەکانیش لە ترسی ئەوەی بەهۆی ناوی کوردییەوە منداڵەکانیان هەڵاوێردە و سووکەسار بکرێن، ناوی فارسیی بۆ ناسنامەکانیان هەڵدەبژێرن.
لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییانەوە، هەرچەندێک خێزانەکەی ژینا گازی دەکەن، بەم ناوە شینی بۆ دەکێشن، دایکی بە ناوی ژیناوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆی دەنووسێ، لە سەر گۆڕەکەى نووسراوە «ژینا»، لێ «مەهسا ئەمینیی» دەبێتە وێردی سەر زار و زۆرینە دەیبێژنەوە؛ لەوە ناچێت ئەمە هەڵکەوتێکی هاکەزایی بێت، لە ڕەوشێکی بەم ڕەنگەدا ناوی ژینا لە وێنەی مەرگەکەی، ئەو ستەمە هێماییانە پەرچ دەداتەوە وا وەک ژنێکی نافارس دەیچێژێت. گەر ئێستا ڕایەی نەکەوێ بڵاو بێتەوە، ئەوا بۆ داهاتووش دژوارە سمەسایەک بۆ گەنگەشە و ڕاڤە بدۆزێتەوە. گەر یەکێک لە پەیامەکانی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی بە بەرجەستەکردنی شێوازە جیاوازەکانی چەوساوەیی بزانین. ئەوا ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت لە سۆنگەى ناساندنی ڕەسمیی جیاوازییەکان و گرنگیپێدانیان، هەر ئێستا و بێ دواخستن، ئەویش بە مەبەستی ڕسکاندنی ئەلتەرناتیڤێکی یەکگرتوو، بەڵام سەرتاپاگیر، یەکێتیی خۆی مسۆگەر و کردەنیی بکاتەوە. هەموو دژوارییەکی بەرخۆدان بۆ چەپ و هێزە پێشکەتووخوازەکان ئەوەیە کە دەبێت لە سەنگەرێکی بەم ڕەنگەدا شانەوشان بجەنگن، بە پێچەوانەى ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوەوە، کە بە پاساوی چەتری درۆینی «یەکێتیی»ـەوە، خۆی لەم بەرپرسیارێتییە دزیوەتەوە و هەر لە ئێستاوە سیاسەتی نەرمی نکۆڵیی لە نەخشەڕێی خۆیدا هێڵکێش کردووە.
[1] ناوی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناویین و ئەو نیشتمانەى وا کوردانی لێ ژیاون. تێبینیی نووسەر
[2] لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢١ و لە ماوەى سێ ساڵدا، لە عەفرین بەهۆی چەپاوی تورکیای داگیرکەرەوە ٨٣ ژن کوژراون، ٢٠٠ ژن ڕفێنراون، ٧٠ ژن دەستدرێژییان کراوەتە سەر. (نووسەر)
[3] زۆر سوپاس بۆ نەجیبە قەرەداغیی، ژنەچالاکوانێکی پەکەکە لە باشووری کوردستان، ئەو زانیاریی لە بارەی ئەم کتێبەی ژنانی کەتەلۆنیا و ئیسپانیاوە پێ دام. (نووسەر)