خۆهەڵدانە ناو پاس
سەرسووڕهێنەریی عەبدوڵا ئۆجالان لەوەدایە کە تەنانەت وەک سەرکردەیەکیش توانیویەتی بیرکردنەوەی بگۆڕێت، سەرلەنوێ واتا و ئەگەرێکی نوێ بدات بە شۆڕش و قەناعەت بە چواردەوری خۆی بێنێت کە لەو پرۆسەیەدا لەگەڵیدا بن. ئەمە نیشانەی توانا و هەستیارییەکی ناوازەیە بەرانبەر بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.
جۆن هاڵۆوەی
لە ئینگلیزییەوە؛ باسان قەرەداغی
ئەم وتارە بە پەلە دەنووسم، چونکە زۆر درەنگم خست، بەڵام دەمەوێت بەشدار بم. دەمەوێت لە ناو ئەو کتێبەدا بم. من خۆ دەهاوێمە ناو ئەو پاسە بەر لەوەی بڕوات. داوام لێ کرا پێشەکییەک بۆ کتێبێکی ئۆجالان بە ناونیشانی «سۆسیۆلۆژیای ئازادی» بنووسم، کە بۆ من شانازییەکی گەورەیە، بەڵام ناتوانم لە کاتی خۆیدا تەواوی بکەم. بۆ ئەوەش، بەم پێشەکییە بۆ ئەم کتێبە کە ناونیشانەکەی «دیالۆگ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان»ـە، بەشداری دەکەم. ئەم تێبینییە بەپەلەیە دەنووسم بۆ دەربڕینی سەرسامیم بە ئۆجالان و دەمەوێت بڵێم کە بیرۆکەکانی و بەرخۆدانی کوردان چەند بۆ ئێمە گرنگن. سەرەتا، سەرسامبوون. لە ڕوانگەی کەسێکی ئاسوودە بە مێزە پسپۆڕییەکەیەوە، دەتوانم بڵێم کە لەڕادەبەدەر سەرسامم بەو کەسانەی کە لەپێناو جیهانێکی باشتردا گیانیان بەخت دەکەن. هەندێکیان ساڵانێکی زۆر لە زینداندا دەبەنە سەر و هەندێک جاریش لەو پرۆسەیەدا گیانیان دەبەخشن. هەزاران کەس بەرامبەر دڕندایەتییەکانی ئەو سیستەمە هەڵەیە تێ دەکۆشن.
وێڕای جیاوازییە سیاسییەکان و مشتومڕە تیۆرییەکان، دەتوانین بڵێین: شتێکی ناوازەیە کە بتوانیت ژیانت بۆ باشترکردنی جیهان تەرخان بکەیت. لەم بارودۆخەکەدا، لەوەش زیاتره. مەترسیی نیشاندانی هەڵوێستێکی سیاسی لەوەدایە کە مرۆڤەکان دەق دەگرن و لە دەرەوەی ئەم هەڵوێستەوە توانای بیرکردنەوەیان نامێنێت. ئەمە لە هەمووی زیاتر لە خودی سەرکردەکاندا ڕوو دەدات. سەرسووڕهێنەریی عەبدوڵا ئۆجالان لەوەدایە کە تەنانەت وەک سەرکردەیەکیش توانیویەتی بیرکردنەوەی بگۆڕێت، سەرلەنوێ واتا و ئەگەرێکی نوێ بدات بە شۆڕش و قەناعەت بە چواردەوری خۆی بێنێت کە لەو پرۆسەیەدا لەگەڵیدا بن. ئەمە نیشانەی توانا و هەستیارییەکی ناوازەیە بەرانبەر بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان. تاکە هێڵی هاوتەریب کە بتوانم بیری لێ بکەمەوە، زاپاتیستەکانن. بەڵام تەنانەت لە گەرمەی شۆڕشیشدا، ئەو هێز و کراوەییەیان هەبوو کە بە خۆیان بڵێن: “ئیمە هەڵەین، ناتوانین بەم شێوازە دونیا بگۆڕین. دەبێت دیسان بیر بکەینەوە و ئاڕاستەمان بگۆڕین.”
لە هەردوو دۆخی زاپاتیست و کوردەکاندا، سەرلەنوێ بیرکردنەوەیان زۆر قووڵ و ئەنجامگیر بوو، ئەوەش لهبەر ئەوەی توانیویانە گوێبیستی ئەو هزر و کردارە یاخیبوانە بن کە لە دونیادا ڕوو دەدهن و بیانکەنە گۆڕانکاریی تیۆری و پراکتیک. ئێمە لەم کات و ساتەدا پێویستییەکی زۆرمان بەو تێکۆشانانە هەیه. ئەمە بابەتی ئەوە نییە کە ئایا ئێمە پێویستمان بە پێشەنگێکە یان مۆدێلێکە بۆ شۆڕش، بەڵکو لە شەوانێکدا کە هەتا دێت تاریک و تاریکتر دەبن، پێویستمان بەم جۆرە تەقینەوە ڕووناكکەرەوانەیە لە ئاسماندا. بزووتنەوەی کوردی زۆر گرنگە بۆ ئێمه. کاردانەوەمان کاردانەوەیەکی پشتگیرییه، بەڵام لەوەش واوەترە. کاردانەوەیەکی تینوو، برسی و ئارەزوومەندە. بزووتنەوەی کورد و زاپاتیستەکان جۆشمان پێ دەبەخشن، لهبەر ئەوەی ئێمەش بەدوای شتێکی وادا دەگەڕێین، پێویستمان بە ڕووناکییەکە ئاسمان ڕووناک بکاتەوه، ڕووناکییەکی هیوابەخش. هێزی بزوێنەری سەرمایەداری تا دێت خێراتر دەبێت و بیرۆکە ڕێگرییەکانی تا دێت قورستتر دەبن.
قڕکردنی مرۆڤایەتی ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە کارنامەدایە. لە هەر جێگەیەک بزووتنەوەی خۆڕاگر دروست دەبن و بناغەی دنیایەکی نوێ دادەنێن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین چۆن زۆرینهیان پارچە دەبن و لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا دەتوێنەوە. ئەمەش وا لە ئێمە دەکات متمانە لە دەست بدەین. تێكشکاندنی سەرمایەداری و دروستکردنی شتێکی نوێ زۆر گرنگە و بە زووترین کاتیش پێویسته، بەڵام چۆنێتیی پراکتیزەکردنی قورسە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، کاتێک بزووتنەوەی کورد لە سەختترین کاتدا ئەم کارە دەكەن، دەمانەوێت یارمەتییان بدەین و پێیان بڵێین “سوپاستان دەکەین” و هاوار بکەین “بەڵێ، بەڵێ، بەڵێ، بزووتنەوەی ئێوە هیی ئێمەیە و بزووتنەوەی ئێمەش هیی ئێوەیه.” هەر بۆ ئەوەش، ویستم خۆم هەڵبدەمە ناو ئەو پاسە و هیوادارم شۆفێرەکه/سەرنووسەرەکە ڕێگەم پێ بدات.
جۆن هالۆوەی – John Holloway پرۆفیسۆری کۆمەڵناسییە لە مەکسیک و پلەی پرۆفیسۆری شانازیی پێ دراوە لە زانکۆی ڕۆدس لە ئەفریقای باشوور. چەندین کتێبی دەربارەی تیۆری مارکسیست، بزووتنەوەی زاپاتیستەکان و شێوەی نوێ بۆ تێکۆشانی دژەسەرمایەداری نووسیوە. کتێبەکانی بوونەتە مایەی مشتومڕێکی زۆر لە ئاستی نێونەتەوەییدا و تا ئێستا بۆ یازدە زمان وەڕگێڕراون. کتێبەکانی بە ناونیشانی: گۆڕینی جیهان بەبێ چوونە دەسەڵاتەوە و سەرمایەداری هەڵبوەشێننەوە.