گۆشەی ئازد

دەسەڵات و پەیوەندیی لەگەڵ دیسپلیندا

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیه‌کمان هەبێت سەبارەت بە مژاری دیسپلین و پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدا لە ڕوانگەی میشێل فوکۆی فەیلەسووفی فەڕانسییەوه‌. ئەو لە ڕوانگەی بنه‌چەناسییەوە هەوڵی داوە ڕەوتی مێژوویی ئەمە تاوتوێ بکات. دەقی لێکۆڵینەوەکانی خۆی لە کتێبی چاودێری و سزادا کۆ کردووەتەوه‌. هەرچەنده‌ ئه‌مه‌ بابەتێکی تێروتەسەلە، به‌ڵام لێرەدا هەوڵ دراوە دەست بخرێتە سەر چەند خاڵی سەرەکی.

دڵشاد هۆرامی

پێشەکی

مرۆڤ پێکهاتەیه‌کی کۆمەڵایەتییە و بۆ ئەم پێکەوەژیانە نۆرم و یاسای تایبەت بە خۆی دروست کردووە. لە کۆمەڵگەی سروشتیدا مرۆڤ لە چوارچێوەی کۆمۆنەکاندا لەسەر بنەمای ئاکار و ڕەوشت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێک دەخست. تێپەڕینی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی سروشتییه‌وه‌ بۆ کۆمەڵگەی باژێروانی و پێشکەوتنی سیستەمی هیرارشی وەهای کردووە لە جێگه‌ی ئاکارەکان، زۆرتر یاسا زاڵ بێت. دیارە یاساش نەك بەپێی پێداویستیی کۆمەڵگە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژه‌وەندیی هێزی دەسەڵاتدار داڕێژراوه‌. یەکەم یاساکان لە سەردەمی حامووڕابیدا فەرمی دەبن و لەوێدا باس لەوە کراوە کە گەل دەبێ چۆن لە بەرامبەر دەسەڵاتدا هەڵسوکەوت بکات. باس لەو نۆرمانەیە کە گەل دەبێ خۆی لەگەڵیاندا بگونجێنێت. دەرچوون لە یاسا بە واتای دەرچوونە لە بەرامبه‌ر خودا. ئەم جۆرە تێڕوانینە، بە درێژایی مێژوو، وای کردووە بۆ سزادانی کۆمەڵگە ڕێگه‌ و ڕێبازی جیاواز بگیرێتە بەر. ئێمە شاهیدی ئەوەین کە چۆن دەسەڵات خۆی خستووەتە جێگه‌ی خودا و یاساکانی بە ناوی دەقی پیرۆزه‌وه‌ جێگیر کردووە. خودا و پاشا تا ئەو ڕادەیە هاوتەریب لەگەڵ یەکتر بەکار هێنراون. چەندەش ئەم دەستەواژانە نەرم کرابنەوە، پاشا بووە بە سێبەری خودا لە سەر زەوی. هەبوونی دەسەڵاتی ڕەهای پاشا لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا کە وەك ئۆبژەیه‌ک سەیر دەکرێ، وەهای کردووە هەر چەشنە بەرهەڵستکارییه‌ک لە بەرامبەر ئەم خودایەی سەر زەوی و یاساکانی بڤەیه‌کی گەورە بێت و تاوانبار تووشی گەورەترین سزا ببێتەوە. بە پێشکەوتنی باری کۆمەڵایەتی و شێوازی به‌ڕێوەبردنی کۆمەڵگە، بە تایبەت دوای ئەوەی دەسەڵات پارچه‌پارچە دەبێت و لە دەستی تاک دەردەچێ و دەسەڵات دەبێت بە سازی (نهاد) و سیستەمی یاسادانەر و دادوەری و پۆلیسی بۆ دروست دەبێت، گۆڕانکاری لە شێوازی تێڕوانین بۆ تاوان و سزا دروست دەبێت. بەکارهێنانی هێز لە شێوازی ڕووته‌وه‌ دەگۆڕرێ بۆ شێوازی نەرم و شاراوە. ئەم جارە ناوەندەکانی پەروەردە و تەندروستی و لەشکری لە ڕێگه‌ی قوتابخانە، سەربازگە و خەستەخانە و… هەوڵ دەدەن کەسایەتی بەپێی نۆرمەکانی دەسەڵات بار بێنن. بە واتایه‌كی دیکە، تاوانبار چیدی وەك کەسایەتیی یاخی سەیر ناکرێت، بەڵکو نەخۆشێکە کە دەبێ لە پرۆسەی پەروەردە و سزاداندا تیمار بکرێت.

لە ڕاستیدا ئەم ڕوانگەیە هیچ گۆڕانکارییه‌ک لە ڕەوتی مرۆڤێکدا کە بە ئۆبژە کراوە، دروست ناکات، بە پێچەوانەوه‌، ئۆبژەبوون قووڵتر بووەتەوە. ئەگەر پێشتر تەنها لە ئاستی جه‌سته‌دا بوو و کاریگەرییان لەسەر هزر نەبوو، کەچی ئەمڕۆ هەوڵ دەدەن هزری مرۆڤ دەستەمۆ بکەن، ئەمەش لە ڕێگه‌ی دەزگا ڕاگەیاندنییەکان و سازییەکانی پەروەردە و… کاری بۆ دەکرێت و پێش دەخرێت.

بەڵام لە پاڵ هەوڵەکانی سیستەمی دەسەڵاتدا بۆ گەیشتن بەمە، بەو ڕەنگەی کە ده‌یەوێ، نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت و کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئەم ئۆبژەییەدا بەردەوام بەرخودانی کردووە. ئەم سەرکێشییانە بوون بە بەشێک لە مێژووی سەرهەڵدانی گەلان لە بەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتدا. ئەگه‌ر بێت و لەم ڕوانگەوە بنه‌چەناسی (تبارشناسی) بکەین، ده‌بینین ئەمەش مێژوویه‌کی درێژی تۆمار کردووە.

کورتەیه‌ک

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیه‌کمان هەبێت سەبارەت بە مژاری دیسپلین و پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدا لە ڕوانگەی میشێل فوکۆی فەیلەسووفی فەڕانسییەوه‌. ئەو لە ڕوانگەی بنه‌چەناسییەوە هەوڵی داوە ڕەوتی مێژوویی ئەمە تاوتوێ بکات. دەقی لێکۆڵینەوەکانی خۆی لە کتێبی چاودێری و سزادا کۆ کردووەتەوه‌. هەرچەنده‌ ئه‌مه‌ بابەتێکی تێروتەسەلە، به‌ڵام لێرەدا هەوڵ دراوە دەست بخرێتە سەر چەند خاڵی سەرەکی. یەکەم؛ پەیوەندیی دەسەڵات لەگەڵ سیستەمی چاودێریدا، چون دەسەڵات به‌بێ دەستوپێوەندەکانی ناتوانێت هەبێت. بە واتایه‌کی دیکە، لە ڕێگه‌ی پەرگالی چاودێرییەوە کۆمەڵگە کۆنترۆڵ دەکات و دەیخاتە بن ڕكێفی خۆی. دووەم، بەگۆڕەپانبوونی جه‌سته‌ی مرۆڤ وەك ناوەندی نواندنی دەسەڵات. مێژوو نیشانی دەدات کە دەسەڵات چۆن بۆ مانەوەی خۆی، جه‌سته‌ی مرۆڤی کردووە بە شانۆی نیشاندانی هێزی خۆی. سێیەم، باس لە دیسپلین و سازییەکانی وەك پەروەردە، بەندیخانە، سەربازگە و خەستەخانە و… لە سەپاندنی ئەم دیسپلینەدا دەکرێت؛ بە تایبەت ڕۆڵی بیناسازی لە بەکرداریکردنی تیۆری سەرانسەربیندا چۆنە، چون ئامانجی سەرانسەربین ڕووتکردنەوەی تاکە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا. لەم وتارەدا هەوڵ دراوە ئەم مژارانە بخرێنە بەر باس.

وشە سه‌ره‌كییه‌كان: دەسەڵات، سەرانسەربین، دیسپلین، چاودێری، سزا، بیناسازی

پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و پەرگالی چاودێری و سزا

وزە بەو مانایەی کە ئێمە بەکاری دێنین، چییە؟ دەشێت لە چەند ڕوانگەوە سەیری بکەین. کاتێک دەڵێین وزەی ئاو یان وزەی ئاگر، مەبەستمان چییە؟ ئاخۆ هەمان هێزی ئەم ماددەیە نییە کە وەك ماتەوزە لە نێویدا کۆ بووەتەوە؟ دەشێت باس لەوه‌ش بکەین کە هەر دڵۆپێک ئاو یا پریشكێکی ئاگر توانای خۆی هەیە و کاریگەریی لەسەر ژیانی گەردوون دەبێت و پێویستە. دیارە هەبوو لە سەر ئەم هەساره‌یە به‌بێ ئاو ناژی. بەڵام کاتێک باس لە وزە دەکەین یان هەمان هێز، مەبەستمان وزەی لافاوێک یان شەپۆلێکی ئاوە کە دەتوانێت شارێک وێران بکات، یان بە پێچەوانەوە، دەتوانێت پەڕەکانی تۆربینێک بسووڕێنێت و کارەبامان بداتێ.

لێرەدا فوکۆ سەبارەت بە هێز باس لە دوو تایبەتمەندی دەکات:

١- هێز تەنها گرێدراو نییه‌ بە سەرچاوەیه‌کی تایبەتەوه‌. لە ڕاستیدا ئێمە هێزێکمان نییە کە لە لایەن تاکەکەسێکەوە پیاده‌ بکرێت، بەڵکو هەر هێزێک دەرکەوتەی دامودەزگایه‌کە. ئەو پێکهاتەیەیه‌ کە وەك دەزگایه‌کی گرێدراو لەگەڵ یەکدیدا کۆمەڵە پەیوەندییه‌کی ناوخۆیی دروست کردوون، ئەمەش دەبێت بە هۆی دروستبوونی ئۆرگانێکی گەورەتر کە توانای زاڵبوونی بەسەر بەرامبەرەکەی خۆیدا هەیە.

٢- هێز تەنها بابەتێکی نێگەتیڤ نییە کە وەك دەسەڵات خۆی دەسه‌پێنێ، بە پێچەوانەوە، هێز دەتوانێت بابەتێکی پۆزەتیڤ بێت و بکەوێتە خزمەتی کۆمەڵگە و بوونی گەردوون. لێرەدا باس لەوەیە کە هێز بە تەنها دروست نابێت.

ئەو جاڵجاڵۆکەیه‌ی هێز کە بە شێوەی تۆڕێک لە یەکدی ئاڵاوه‌، وەها دەکات تاکی ناو کۆمەڵگە لە لایه‌کەوە ببێت بە سۆبژە و کەسانی دیکە کۆنترۆڵ بکات، لە هەمان کاتدا خودی ئەو کەسەیش لە لایەن کەسانێکی دیکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. گەورەترین هۆکاری بەهێزبوونی مرۆڤ لە نێو گەردووندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەی نێوان مرۆڤ وەك بوونەوەرێک. بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، هەر یەکە له‌ هەبووەکانی دیکەی گەردوون خاوەن ئاوەزن و دەشێت بڵێین لە بواری توانایی و فیزیکیدا لە مرۆڤ کەمتر نین. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئەو و هاوڕەگەزەکانی خۆی لاوازە، توانای گواستنەوەی ئەزموونەکانیان بۆ یەکدی نییە، بە پێچەوانەی مرۆڤه‌وه‌ کە ئەم بەشەی پێش خستووە و توانای پلانداڕشتنی هەیە، ئەوان خاوەن ئەم توانایە نین.

فوکۆ لێرەدا دەست دەخاتە سەر هەمان خاڵ و باس لە هەبوونی هێزێک دەکات کە دەرکەوتەی ئەم پەیوەندییانەیە. لەم ڕوانگەیەشەوە مرۆڤ توانیویەتی دامودەزگای تایبەت بەمە دابمەزرێنێت. دەشێت پەیوەندیی نێوان هێز و سیستەمی چاودێری و سزا دروست بکەین. چۆن سیستەمی چاودێری دەبێت بە هۆی دروستکردنی هێز؟ لەگەڵ دەزگایه‌کدا ڕووبەڕووین کە بە شێوەی هەرەمی لە ژێر بۆ ژوور و لە هەردوو لایەنەوە توانیویەتی دەستوپێوەندەکانی خۆی دروست بکات و ڕێكیان بخات. بەم شێوازە، ئەوه‌ی کە چاودێری دەکات، خۆیشی دەکەوێتە ژێر چاودێرییەوە. پێشتر لە سەردەمی ئیمپراتۆریی هەخامەنشیدا کە دەسەڵات خۆی تۆکمە کردبوو بۆ چاودێریکردنی کۆمەڵگە، دەزگای چاودێریی پێک هێنابوو کە هەمان دەزگا لە لایەن دەزگایه‌کی دیکەوە چاودێری دەکرا. ئەم سیستەمە پێی دەوترا “چاو و گوێی پاشا”، هەمان سیستەم دواتر بوو بە بەشێکی گرنگ لە سیستەمی به‌ڕێوەبەری، هەمان دەزگاش بوو کە زانیاریی لەسەر هەموو کۆمەڵگە کۆ دەکردەوە و ئەمەش بۆ پاشا دەبوو بە هۆی دەستخستنی هێز. ئەم ڕوانگەیە بوو بە هۆکاری یەکێتی و دروستبوونی هێز. ناتوانین به‌بێ کۆڵینەوە لەم مەکینەیە کە هێز دروست دەکات، باس لە هێزی تاک بکەین. ئەم مەکینەیە کە کاری چاودێرییە، دەبێت بە هۆکار کە گۆشە و کەنارە تاریکەکانی ژیانی تاک نەمێنن و تاک لە بەرامبەر دەسەڵاتدا ڕووتوقووت بێته‌وه‌. ڕووتوقووتبوونه‌وه‌ی ئەو کەسەی کە کەوتووه‌تە ژێر چاودێرییەوە، وەها دەکات لە بەرامبەر ئەو کەسەی کە چاودێریی دەکات، بێهێز بێت، بە پێچەوانەوە، چاودێریکار دەبێت بە خاوەنی هێز. خاڵی سه‌ره‌كییش لەم شوێنەدا شاراوەیە. واته‌ ڕووتکردنەوەی تاکی کۆمەڵگە و ڕەواندنەوەی لایەنە تاریکەکانی و ڕاکێشانی بۆ ژێر تیشکی دەسەڵات، کە خۆی وەك هێز دەنوێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە سیستەمی هێز یەکلایەنەیە و لە ژوور بۆ ژێرە. بە واتایه‌کی دیکە، ژێر لە بن چاودێریدایە و شتێکی بۆ شاردنەوە نییە، بە پێچەوانەوه‌، ژوور شاراوە و تاریکە و بەردەوام دەبێت بە هۆی ترسان و تۆقین. دەسەڵات قەڵەمڕەوێکی تاریکە بۆ کۆمەڵگە، هەر ئەمە وەها دەکات کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئەم ناڕوونییەدا بترسێت و نەتوانێت بەو جۆرەی کە دەیەوێ، هەڵوێست وەربگرێت.

فوکۆ لەو باوەڕەدایه‌ کە سیستەمی چاودێری و سزا بە ڕێ و ڕێبازی جۆربەجۆر هەوڵی داوە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت و لێکۆڵینەوەی کردووە، بۆ ئەمەش شێواز و ئامێری جیاوازی بەکار هێناوە. «ئەم دامودەزگایە تەنها کاتێک گاڵتەجاڕ دێتە بەر چاومان کە ڕۆڵی ئەم وردەئامێرە بێکەموکورتییە لە بەئۆبژەکردنی بێسنوور و تۆڕبەندی زۆر وردی توانا کردارییەکانی تاکەکەسەکاندا لە بیر بکەین. ئەو سازییانەی کە چاودێری دەکەن، وەك میکرۆسکۆپێکی کرداره‌کان هەڵسوکەوت دەکەن.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ص ٢١٧)

فوکۆ کاتێک باس لە هێز دەکات، ئەم مژارە به‌ ده‌رهه‌ست و ئه‌بستکرات نابینێت. ئەو سەرنجمان دەخاتە سەر بەستەرە کۆمەڵایەتییەکان کە لە پێكهێنانی هێزدا نەخشیان هەیە. وەك پێشتر ئاماژەی بۆ کراوە، هێز لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت و خۆی بەسەر تاکدا فەرز دەکات. بۆیه‌ باس لە پەیوەندیی هێز و زانست دەکات. «لە ڕوانگەی فوکۆوە، زانست بە شێوەیه‌کی چڕوپڕ لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا تێک ئاڵاوە و هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنیدا کردەوەکانی هێز پێش دەکەوێت. بە واتایه‌کی دیکە، لە هەر شوێنێ دەسەڵات پیاده‌ بکرێت، زانستیش بەرهەم دێت. لەم ڕوانگەوە، زانستە مرۆییەکان لە نێو تۆڕی دەسەڵاتدا شێوەیان گرتووە و لە هەمان کاتدا خۆشیان دەستیان هەیە لە هاندانی پێشکەوتنی ته‌کنۆلۆژیی هێزدا. لە ڕاستیدا هەوڵی فوکۆ بۆ ئەوه‌یە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان دەسەڵات و زانست نیشان بدات، تا بەم شێوازە تایبەتمەندیی دەسەڵاتگەرایانەی زانستی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن و سیسته‌مەکانی [ڕژێمه‌كانی] حەقیقەت ڕوون بکرێنەوە.» (باقر العلوم ١٣٨٣، ص ٢٠)

جه‌سته‌ وەك شوێنێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات

لێرەدا لەگەڵ سیستەمێکدا ڕووبەڕووین کە دەیەوێت تاک بخاتە بن ڕکێفی خۆیەوە. بەپێی مێتۆلۆژییەکان، مرۆڤ بەرهەمی خوداکانە و لە بن ڕکێفی ئەواندا نەبێ، ناتوانێ بژی. یانی خودایە کە خاوه‌نی بێچه‌ندوچۆنی مرۆڤە و چیی بوێت دەتوانێت بیکات. باوەڕە ئێبراهیمییەکان بەردەوام باس لەوە دەکەن کە ئەگەر مرۆڤەکان سەرپێچیی دەستوورەکانی خودا بکەن، تووشی ئەشکەنجە دەبن و ئەم ئەشکەنجانەش بە شێوەی سووتاندن و کوشتن ڕوو دەدەن کە زۆرتریان لەسەر جه‌سته‌ی مرۆڤ پیاده‌ ده‌كرێن، چاو لە بەرامبەر چاو، دەست لە بەرامبەر دەست، ئەمانە هەموو شێوازی سزاکانی خودان بۆ بەندە سەرکێشەکان کە لە دەقە پیرۆزەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە. لێرەدا باس لە خاوه‌نێتیی ڕەهای خودا لەسەر جه‌سته‌ی مرۆڤ دەکرێت. فوکۆ کاتێک باس لە مێژووی سیستەمی چاودێری و سزا دەکات، باس لەو ڕەوتە دەکات کە چۆن بە درێژایی مێژوو، جه‌سته‌ لە ناوه‌ندی سه‌پاندنی دەسەڵاته‌وه‌ کە بابەتێکی فیزیکییه‌، خۆی گۆڕیوە بۆ بابەتێکی هزری. فوکۆ هەوڵ دەدات ئه‌وه‌ نیشان بدات لەم ڕەوتەدا هەرچەند شێوازەکانی سه‌پاندنی دەسەڵات گۆڕانکارییان بەسەر دا هاتووه‌، بەڵام ناوەرۆکی ئەم دەسەڵاتە نەگۆڕاوە.

«ئێستا تا ئاستێک داخواز لەسەر ئەوەیە كه‌ ونبوونی ئەشکەنجە [وەک شانۆیه‌کی گشتی] شاراوە بێت. بەڵام لەوانەیە ئەم شاراوەبوونە لە کاتی خۆیدا بە شێوەیه‌کی بەرفراوان قسەی لەسەر کرابێت، دەنگ و فەنگی زۆر بووە و زۆرتر لە ئاستی خۆی گەورە کراوە. هەروەها گرێ دراوە بە ڕەوتی هیومانیستبوونه‌وه‌ کە ڕێگه‌یه‌ک بووە بۆ شیکردنەوەی ئەو بابەتە. لە هەمان کاتدا ئەگەر ئەم شاراوەبوونە لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکاندا کە بە سازی کراون، یاسا ڕوون و گشتییەکان و یاسا یەکدەستکراوەکانی دادگاکان، هەروەها بە هەبوونی کەم تا زۆری دەستەی دادوەری، بە پێناسەکردنی تایبەتمەندیی بنەمایی بۆ چاکسازیی سزا و هەبوونی مەیل بۆ هاوتەریبکردنی سزا لەگەڵ تاوانبارانی جۆربەجۆردا کە لە سەدەی نۆزدەیه‌م بەدواوە زۆرتریان کردووە، بەراورد بکەین، ئەو کاتەیە کە گرنگیی ئەم شاراوەبوونەمان بۆ دەردەکەوێ.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ص ١٦)

ئێمە ئێستا لەگەڵ شاراوەبوونی توندوتیژیدا ڕووبەڕووین. ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی زەخت و زۆری دەسەڵات لەسەر کۆمەڵگە نییە، بە پێچه‌وانەوە، تەنها ڕووپووشی وەرگرتووە و شارراوەتەوە. فوکۆ لە نێو لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسەدا وێڵە و دەیەوێت وەڵامێکی بۆ بدۆزێتەوە سەبارەت بەو هەڵسوکەوتانەی کە لەگەڵ تاوانبار و سزادا ڕوویان داوە. بە ڕاستی، بۆچی گۆڕانکارییه‌کی وەها پێویست بوو؟ پێشتر کارایی ئەم جۆرە سزایە کە بە شێوازێکی ڕووتوقووت بە ڕێوە دەبرا، چی بوو؟ ئاخۆ ئەمڕۆ کارایی خۆی لە دەست داوە؟

لەم بوارەدا گەڕانەوە بۆ ئەو جۆرە سزایانە کە لە وڵاتانی ئێسلامیدا بە شێوەیه‌کی ڕووتوقووت لە چوارچێوەی به‌ردبارانكردن و قامچی و تەنانەت له‌سێدارەدانی تاوانباران لە بەر چاوی خەڵکی جێبه‌جێ دەکرێن، دەشێت بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە کە فوکۆ باسی دەکات، بەرچاوڕوونیی باشترمان پێ بدات. له‌سێدارەدان لە بەر چاوی خەڵک لە ئێران و بڕینی دەست و لاقی تاوانباران لە عەرەبستان و ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵبان، ئاخۆ شانۆیه‌ک نییه‌ بۆ نیشاندانی هێز؟ ئەمە هەمان پرسە کە بابەتی بەر باسی فوکۆیە سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی مێژووی تاوان. ئەو هەوڵی داوە ئەم بابەتە لە ڕوانگەی پەیوەندیی نێوان یاساکان و ڕەوایی سیستەمی دەسەڵاتداره‌وه‌ پێکەوە گرێ بداتەوە کە ئەم یاساگەلەیان داڕشتووە.

نابێ ئه‌وه‌ لە یاد بکەین کاتێک فوکۆ ئەم بابەتە دەخاتە بەر باس و توێژینەوە و مێژووەکەی شرۆڤە دەکات، هەوڵی داوە پەیوەندیی دەسەڵاتی پاشا و جه‌سته‌ی مرۆڤ نیشان بدات. ئەو لەوێدا دەست دەخاتە سەر ئەم خاڵە کە سزا بەپێی تاوانەکە دەستنیشان ناکرێت. بە پێچەوانەوە، چەندە هەیمەنەی پاشا زۆرتر بێت، ئاستی دەسەڵاتداری لە قەڵەمڕەوەکەیدا بەرفراوان دەبێت. بۆیه‌ هەر تاوانێک کە ڕوو دەدات، بە واتای دەستبردنە بۆ هەیمەنەی پاشا. ئەمه‌ش وا دەکات سزاکان بەپێی ئاستی تاوانەکان نەبن، واته‌ دادوەری جێگه‌ی باس نییە و سزادان بۆ گەڕانەوەی شکۆی پاشایە. چەندە ئازاردانی جه‌سته‌ی تاوانبار مەترسیدارتر بێ، بە واتای گەڕانەوەی شکۆی زۆرترە. پاشا هەموو کەس بە مۆڵکی خۆی دەزانێت و دەسەڵاتی خۆی به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی بێسنوور نیشان دەدات، ئەمە دەبێت بە هۆکاری ئه‌وه‌ی وا بکات لە شانۆی گەڕانەوەی شکۆ بۆ دەسەڵاتی پاشا، کۆمەڵگەیش بکات بە بەشێک لەو شانۆیە و گەل لەو تۆڵەسەندنەوەیەدا بەشدار بکات. ئەمە بە دوو ئامانج دەکرێت: یەکەم، هاوتەریبکردنی گەل لەگەڵ پاشادا کە هاوکاری بکەن لە تۆڵەسەندنەوەدا و بەم جۆرە، گەلیش بەشداری بکا لەوەی کە هەر چەشنە هێرشێک بۆ شکۆی پاشا، بە واتای هێرشە بۆ شکۆی ئەو خەڵکە و ئەوانیش بەرپرسیارن کە تۆڵە بکەنەوە.

دووەم، لەم نمایشەدا ئامانجه‌كه‌ دروستکردنی ترسە لە دڵی کۆمەڵگەدا. واته‌ لێره‌دا جه‌سته‌ی کەسی تاوانبار شوێنێکە بۆ نیشاندانی چڕنووکی ئاسنینی دەسەڵات، کە هەمان پاشایە، بۆ ترساندنی دوژمنان. بەم جۆرە، پێیان ڕادەگەیه‌نێ کە ئەگەر ئێوە هێرش بکەنە سەر هەیمەنەی پاشا، تووشی سزایه‌کی وەها دەبن. چەندە شێوازی نمایشەکە درێژ و پڕ لە ئازار بێت، بە هەمان شێوازیش کاریگەریی زۆرتر دەکاتە سەر گەل، تا خۆیان لە كردنی هەر تاوانێک دوور بگرن.

فوکۆ لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەم ڕەوتەدا چۆن بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات. ئەوەی لێرەدا بەدی دەکرێت، سەرنجدانە لە ڕوانگەی کارکردگەراییه‌وه (ئه‌ركگه‌رایی)‌. فوکۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات کە شانۆی سزادانی کەسی تاوانبار لە بەر چاوی گشتی، چیدی وەك پێشتر کارکردەکەی نەماوە کە دەبوو بە هۆی نمایشكردنی دەسەڵاتی پاشا. بە پێچەوانەوە، ئەو توندوتیژییەی کە دژی کەسی تاوانبار دەکرا، وەهای دەکرد لە نێوان جەلاد و تاوانباردا جێگۆڕکێ بکرێت. بە واتایه‌کی دیکە، لەم شانۆیەدا قارەمانی گۆڕەپانەکە دەبوو بەو کەسەی کە تاوانەکەی کردبوو، بە جۆرێك، هاوسۆزیی کۆمەڵگە بۆ تاوانبار دروست دەبوو و لە کەسایەتیی جەلاددا خودی پاشایش دەکەوتە بەر نه‌فرەت و غەزەبی گەل.

ئامانجی تیۆری کارکردگەرایی، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی نییە، ئەو دەیەوێت لەسەر ئەم بابەتە ڕاوەستە بکات کە هەر سیستەمێک یان سازییه‌ک چ کاریگەرییه‌کی لە مانەوەی ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییە دەبێت. لە هەمان کاتدا لە بواری سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی سیاسی بۆ پاراستنی خۆی چۆن هەوڵ دەدات بەپێی کارکردێك کە ڕێبازەکانی به‌ڕێوەبەری هەیانە، هەڵسوکەوتی سیاسیی خۆی ڕێک بخات.

«ئەم ڕوانگەیە لە بواری تیۆریدا لەسەر ئەو هزرەیە کە ڕووداوەکانی کۆمەڵگە بە باشترین شێوە بەپێی کارکردێك کە پێکی دێنێ، بە واتایه‌کی دیکە بەپێی کاریگەرییه‌ك کە بۆ بەردەوامیی کۆمەڵگە پێویستە، پێناسە دەکا.» (آنتونی گیدنز، ص ٨٠٠).

فوکۆ بە ئاماژەکردن بۆ تەواوبوونی کارکردی شانۆی سزادانی تاوانبار، ئەو ئەنجامەی لێ دەرناخات کە تاوانباره‌کان چیدی وەك پێشتر بە بەر چاوی گەله‌وه‌ ئه‌شکەنجە نادرێن، دەست و لاقیان نابەستن بە ئەسپەکانەوە و چوار شەقیان ناکەن، بەڵام ئەمەش بە واتای دروستبوونی گۆڕانکاری نییه‌ لە ڕوانگەی دەسەڵاتدا بۆ کۆمەڵگە. ئەمە بە واتای کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤەکان نییە، بە پێچەوانەوە، ئەمە تەنها گۆڕانکارییە لە شێوازی ئەم کۆنترۆڵکردنەدا. ئەو پێی وایە لە سەدەی هەژدەیه‌می زایینیدا ڕووبەڕووی گۆڕانکاریگەلێک دەبین لە شێوازی سزاداندا، ئێستا سزادانێك هەیە کە لە ئاستی جه‌سته‌ی مرۆڤ فراوانترە، ئیدی تەنها جه‌سته‌ نابێت بە ناوەندی سزادان. بە واتایه‌کی دیکە، پێشتر جه‌سته‌ دەخرایە بەر لێپرسینەوە و داگیر کرابوو، بەڵام ئێستا تەنها جه‌سته‌ گرنگ نییە و سزادان بە شێوازی جیاوازتر دەسەپێنرێ. زیندانیکردن بە واتای سنووردارکردنی جه‌سته‌یه‌، لە ڕاستیدا ئاستەنگکردنی ئازادیی هەڵسوکەوتە کە مافی سەرەکیی مرۆڤە کە لە ڕێگه‌ی به‌ندكردنی لە بەندیخانە ئەم مافەی لێ زەوت دەکرێت. بەم جۆرە، جه‌سته‌ بە شێوەیه‌کی ڕاستەوخۆ ناکەوێتە بەر ئەشکەنجە و لێدان، لێرەدا ئەو شتەی کە ‌ بە مرۆڤەوه‌ گرێ دراوه، ئه‌وه‌یه‌ زۆرتر بابەتێکی هزری دەگرێتە خۆی، واته‌ ئازادیی لێ زەوت دەکرێت. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەوەی بەند ده‌كرێ، خودی هزرە کە ئەشکەنجە لە شێوازی ئۆبژێکتیک یان عەینیبوونەوەدا جێگۆڕکێ دەکات و ڕوانگەیه‌کی سۆبژێکتیکبوون کە هەمان هزرمەندییە، بە خۆیەوە دەگرێت.

«لەم بوارەدا پەیوەندیی سزا – جه‌سته‌ جیاوازە لەگەڵ ئەو سزا – جه‌سته‌یه‌ی کە لە ڕابوردوودا جه‌سته‌ی دەدایە بەر ئەشکەنجە و پێکەوەش هاوسەنگ نین. ئیدی جه‌سته‌ تەنها ڕۆڵی ناوبژیوانێک دەگێڕێت: ئەگەر بەندکردنی جه‌سته‌ بە واتای مەجبوورکردنی بێت بۆ کارکردن، ئەو شتەی کە لەسەری پیاده‌ دەکرێت، بۆ ئەوەیە کە تاک لە ئازادیی خۆی بێبه‌ش بکرێت، لەو ئازادییەی کە مافیەتی و وەك موڵکی ئەو پێناسە دەکرێت.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ص ٢١)

جۆرجۆ ئاگامبێن یەک لەو بیرمەنده‌ ئیتالییانه‌یه‌ کە لەژێر کاریگەریی فوکۆدا بووە و لە بوارە جۆربەجۆرەکانی سیاسی، ئاکار، یاسا، تیۆری ئەدەبی و… کاری کردووە. ئەو باس لە “هۆمۆ ساکه‌ر” دەکات و هەوڵ دەدات لە ڕوانگەی هانا ئاڕێنت و فوکۆوە ئەو مژارە بخاتە بەر باس. بە کتێبی “هۆمۆ ساکه‌ر: دەسەڵاتی سەردەست و ژیانی ڕووت” دەست پێ دەکات و بە “بەکارهێنانی جه‌ستەکان” لە ساڵی ٢٠١٧دا کۆتایی پێ دێنێت. ئەو لەم کتێبانەدا ڕوانگەکانی ئاڕێنت و فوکۆ سەبارەت بە بابەتی گرنگی جه‌سته‌ دەخاتە بەر باس. ئاگامبێن دەیەوێت ئۆردووگاکانی ئاوشڤیتس و ئەو شوێنانەی کە یەهوودییەکانیان لێی زیندانی دەکردن و بەرەو کوورەکانی سووتان دەیانبردن شی بکاتەوە، لە هەمان کاتدا لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا سەبارەت بە زیندانەکانی گوانتانامۆ، بۆ دەستنیشانکردنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و ڕەنگدانەوەی ئەم دەسەڵاتە لەسەر جه‌سته‌ی ئەو کەسانەی کە وەك تاوانبار دەستنیشان دەکران، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی بنه‌چەناسیی فوکۆ. «قسەکانی من سەباره‌ت بە بارودۆخی ئێستای دیلەکانی گوانتانامۆیە، ئەگەر بە ڕاستییش بمانەوێ بە زمانێکی یاسایی قسە بکەین، دەشێت بارودۆخی ئەوان لەگەڵ دۆخی دیلکراوانی ئۆردووگای نازیدا بەراورد بکەین. دەستبەسەرکراوانی سیاسیی گوانتانامۆ لە پێگەی گیراوانی شەڕیش بێبه‌ش کراون؛ لە ڕاستیدا هیچ چەشنە پێگەیه‌کی یاسایی بوونی نییە. لە ئێستادا ئەمانە تەنها ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی ڕووت نابنەوە، هیچ چەشنە یاسایه‌کیان نییە. لە ئۆردووگاکانی نازیدا، سەرەتا پێویست بوو یەهوودییەکان لە هەر چەشنە ماف و یاسای نەتەوەیی و هەموو یاسای شارۆمەندی کە پاشماوەی یاساکانی «نورێنبێرگ» بوون، بێبه‌ش بکەن. لەمە بەدوا یەهوودییەکان چیدی دانیشتوانی یاسایی نه‌بوون و لە بازنەی یاسای تاوانەکان پاک کرابوونەوه‌.» (چاوپێکەوتن لەگەڵ جۆرجۆ ئاگامبێن لە لایەن ئۆلریش ڕائۆلف، سەرنووسەری ڕۆژنامەی زوددویچە، مارسی ٢٠٠٤).

لێرەدا بە ڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن دەسەڵاتی سیاسی کاریگەریی تەواوی هەیە له‌سەر جۆری سزادان و سیستەمی سزادان بە ئاسانی دەتوانێ یاساکان بەپێی بەرژه‌وەندیی خۆی بگۆڕێت. فوکۆ هەوڵی داوە پێمان بڵێت کە سزا بەپێی کارکردێك کە بۆ مانەوەی دەسەڵات هەیەتی، جێبه‌جێ دەکرێت، لێرەشدا بە هەمان شێوازە. فوکۆ لە کتێبی چاودێری و سزادا کاتێک بنکۆڵی سزا دەکات، دەست دەخاته‌ سەر هەمان خاڵ و پێی وایە سزا و یاساکان پێکەوە هاوسەنگ نین. بە پێچەوانەوە، پەیوەندییه‌کی تۆندوتۆڵ هەیە لە نێوان مانەوەی دەسەڵات و سیستەمی سزادا. ئەگەر ئەمڕۆیش سەیر بکەین، ده‌بینین لە نێو ڕژێمە دەسەڵاتدارەکاندا هەمان فۆرمووڵ پەیڕەو دەکرێت. بۆ نموونە، لە نێو کۆمەڵگەدا تاوانی زۆر گەورە دەکرێن، بەڵام دەشێت چاوپۆشییان لێ بکرێت، چون نابن بە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ دەسەڵات. بەڵام بە پێچەوانەوە، کاتێک کەسێک کارێک بکات کە لەوانەیە کۆمەڵگە ئەو کارە بە تاوانیش نەزانێت، بەڵام چون دەسەڵات بە مەترسیی دەزانێت، ئه‌و كه‌سه‌ ڕووبەڕووی خراپترین سزای سیستەمی دەسەڵاتدار دەبێتەوە.

«ئەم مژارە لە پشتی هەر سیاسەتێکی ئاسایشیدا جێگه‌ی گرتووه‌: دەسەڵاتداری لە ڕێگه‌ی بەڕێوەبەری، لە ڕێگه‌ی ئیدارەدانه‌وه‌. میشێل فوکۆ لە زنجیرەوانه‌كانی کۆلێژ دو فرانس لە سالی ١٩٦٨، نیشانی دا کە چۆن ئاسایش لە سەدەی هەژدەیه‌مدا پارادایم یان وێنایه‌ک بوو بۆ دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات. بۆ فرانسوا كینێ و ژان تۆرگۆ و سیاسەتمەدارە فیزیۆکراته‌کانی دیکە، ئاسایش بە واتای پێشگرتن لە نەبوونی و وشکەساڵی نییە.» (چاوپێکەوتن لەگەڵ جۆرجۆ ئاگامبێن لە لایەن ئۆلریش ڕائۆلف، سەرنووسەری ڕۆژنامەی زوددویچە، مارسی ٢٠٠٤).

ئاگامبێن دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بیروڕای فوکۆ کە پێی وایە دەسەڵات بابەتێکی تاکەکەسی نییە کە خاوەن سەرچاوەیه‌کی تایبەت بێت. بەڵکو دەسەڵات گرێدراوی تۆڕێکی پەیوەندییە کە هێز دروست دەکات. بەم جۆرە، دەتوانین بڵێین کە دەسەڵات لە چوارچێوەی پەرگالێکدا دروست دەبێت و بەم جۆرە کۆمەڵگەیه‌ک بە ڕێوە دەبات. ئێستە چ دەسەڵات یان هێز، مەبەستمان لە دیوە باشەکەی بێت یان لە دیوە دڕەندەکەیه‌وە سەیری بکەین «بەم شێوەیه‌، فوکۆ دەتوانێت لەگەڵ ئاسایش و نەزمی داسەپاو و یاسادا وەك وێنای دەسەڵات دژبەری بکات. ئێستا بە ڕای من دەبێ دووقەرانییەکمان کەوتبێ کە هەردوو مژار -واته‌ هەم یاسا و هەم نەبوونی یاسا- و شێوازکانی به‌ڕێوەبەری دژبەری ئەوان -دەسەڵاتداری لە ڕێگه‌ی یاسا و دەسەڵاتداری لە ڕێگه‌ی بەڕێوەبه‌رییه‌وه‌- بەشێکن لە پێکهاتەی دوولایەنە یان پەرگالێکی هەمەلایەنە. هەوڵدانی من بۆ تێگەیشتن لە چەندوچۆنی کاری ئەم پەرگالەیە. دەزانن بۆ؟ وتەیه‌کی فەڕانسی هەیە کە کارل شمیت بە زۆری باسی دەکات؛ پاشا دەسەڵاتە، بەڵام دەسەڵاتداری ناکات. ئەمە هەمان دوالیزمی (دوانه‌یی) خاوەن دەسەڵات بوون و دەسەڵاتدارییە. واڵته‌ر بنیامین دوانەی فەرماندان و ئیدارەدانی خستووەتە نێو دووتوێی ئەو بابەتەوە. بۆ تێگەیشتن لە دابڕانی مێژوو، پێویستە بەر لە هەموو شتێ لە پەیوەندیی ئەم دوانەیە تێ بگەین.» (چاوپێکەوتن لەگەڵ جۆرجۆ ئاگامبێن لە لایەن ئۆلریش ڕائۆلف، سەرنووسەری ڕۆژنامەی زوددویچە، مارسی ٢٠٠٤).

ڕوانگەی سەرانسەربین و بەرتەسککردنەوەی خۆبوونی تاک

فوکۆ لێرەدا باس لە مژارێکی گرنگ دەکات؛ ئەویش چۆنێتیی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤە. لەوانەیە لێرەدا بتوانین باس لەوە بکەین کە چۆن سیسته‌مەکان هەوڵ دەده‌ن مرۆڤ بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوه‌. ئەگەر پێشتر تەنها فیكری مرۆڤ دەکەوتە خزمەتی سیستەم و کاری لێ دەکێشرایەوە، ئێستا ئەو تێگەیشتنە دروست بووە کە مرۆڤ خاوەنی وزەی هزرە و چۆن دەشێت ئەم وزەیە دەستەمۆ بکرێت و لەپێناو ئامانجێکدا بەکاری بهێنرێت. ئەمە یەک لەو بابەتانەیە کە فوکۆ هەوڵی داوە لەسەر بنەمای ڕەوتی مێژوویی کە ئەو گۆڕانکارییە دروست دەبێت، بیخاتە بەر باس و قسەی لەسەر بکات. «سەرانسەربین وەك تاقیگەیه‌ک هەڵسوکەوت دەکات.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ص ٢٥٥) «سەرانسەربین بە هۆی ئەو دەستوپێوەندانەی کە سەبارەت بە چاودێری هەیەتی، دەتوانێ کاریگەریی باش و بەهێزی هەبێت لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان؛ پەرەسەندنی زانست بەسەر هەموو پێشکەوتنەکانی دەسەڵاتدا زاڵە و لە هەموو ئاستەکانی دەسەڵاتدا دەسەپێنرێ، بابەتگەلێک بۆ ناساندن بە دەست دەخات.» (مراقبت و تنبیە، ص ٢٥٥) لە ڕاستیدا سەرانسەربین سیستەمێکە کە لەوێدا تاکی به‌ندکراو بە شێوازێکی بەردەوام لە بن چاودێریدایە، بەڵام ئەو ناتوانێت پاسەوانەکان ببینێ. بەو شێوازە کە دیارە، سەرانسەربین بە جۆرێک کۆنترۆڵی دوایین ڕادەی مرۆڤە. لەم دۆخەدا تاک فەزای تایبەت بە خۆی نییە. دەسەڵات بە شوێن ئافراندنی تاکێکی ڕووتەوه‌یه‌. وەك توێكارناسی کە هەموو جه‌سته‌ی مرۆڤ دەخاتە بەر شیکردنەوەوه‌. لێرە دەتوانین بچینەوە بۆ ڕوانگەی بنه‌چەناسیی فوکۆ. واتە ئێمە لێرەدا سەروکارمان تەنها لەگەڵ جه‌سته‌دا نییە. لە بەرامبەر ئێمەدا مرۆڤێک هەیە کە «خۆبوون»ی لە دەست داوە و ئەم مرۆڤە بە تەواوی بووەتە فەزای گشتی و ڕووت بووەتەوە. تایبەتمەندیی تاکه‌كه‌سیی خۆی نەماوە و تەنانەت هەڵسوکەوتی و هزری خراونەتە بن کۆنترۆڵەوە. ئێمە لێرەدا لەگەڵ ئه‌شکەنجەی جه‌سته‌ییدا ڕووبەڕوو نین. فوکۆ سەباره‌ت بەمە دەپرسێ: «ئەگەر سزادان لە دژوارترین شێوازی خۆیدا ڕووبەڕووی جه‌سته‌ ناکرێت، ئەودەمە چڕنووکی لە چی گیر کردووە…؟ بە واتایه‌كی دیکە، لە جێگه‌ی ئازاردانی جه‌سته‌، ده‌بێ سزایه‌ک دەستنیشان بکرێت کە کاریگەریی لەسەر قووڵایی دڵ و هزر و ئیرادە و حەزەکان هه‌بێت، بە وتەی مابلی: ئەگەر بتوانین بەم شێوازە قسە بکەین، سزایه‌ک کە زۆرتر کاریگەری لەسەر ڕۆح دادەنێت تا جه‌سته‌.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ص ٢٧).

لێرەدا کاتێک بمانەوێ ڕوانگەی سەرانسەربین بخەینە بەر توێژنەوە، ناتوانین ئاماژە بۆ جێرمی بێنتام نەکەین کە لەسەر بنەمای سەرانسەربین، بەندیخانەیه‌ک ساز دەکا و ئەمە هەمان مژارە کە فوکۆ ئاماژەی بۆ دەکات. بەندیخانەیه‌ک کە جێرمی بێنتام باسی دەکات، جیاوازە لە بەندیخانەکانی دیکە کە سێ تایبەتمەندیی سەرەکییان هەیە:

١- شاراوەبوون

٢- بێبەشکردن لە تیشکی خۆر

٣- زنجیرکردنی دەست و پێ

بۆ بێنتام، تەنها تایبەتمەندیی یەکەم گرنگە کە هەمان شاراوەبوونە. لێرەدا بەندیخانەیه‌ک دەبینین کە لە ڕێگه‌ی تاوەرێکی ناوەندییه‌وه‌ دەخرێتە بن چاودێرییەوە. ئەم تاوەرە هەموو شانەکانی بەندیخانە دەبینێت، بەڵام به‌ندییه‌كان پاسەوانەکان نابینن. ئەمە کۆنترۆڵی نەبینراوە. بە قەولی ژیل دولۆز: «سەرانسەربین وێنایه‌کە لە دەسەڵات و ماشینێکی وەهمی. سەرانسەردیتن وێنای دەسەڵاتە لە فۆرمی یۆتۆپیاکەیدا.» (سوژە، استیلا و قدرت، پیتر میلر، ص ٢٣٩)

ئەم شێوازەی چاودێری زۆر هاوتەریب بووە لەگەڵ ئەو مێتۆلۆژییەی کە بە «چاوی خودا» ئاماژەی بۆ دەکرێت. ڕێكه‌وت نییە تەواوی سیستەمە هه‌واڵگرییەکانی جیهان هەمان ئاماژەی تاک چاویان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووه‌. واته‌ چاوی خودا پەیوەندییه‌کی زۆری لەگەڵ بەدەوڵەتبووندا هەیە. چەندە دەوڵەت بەهێز دەبێت، بەو ڕادەیەش کۆمەڵگەبوون نامێنێ و تاکیش واتای نابێت. تاک ئەو کەسەیە کە لە کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە.

ئەوی کە فوکۆ دەیەوێ بە چڕی باسی بکات لە سیستەمی مۆدێرندا، چۆنێتیی گۆڕانی شێوازی تەسخیر و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤە لە شێوازی توندوتیژیی ڕووته‌وه‌ بۆ توندوتیژیی شاراوە. لێرەدا باس لەو سازییانە دەکرێت کە بوونەتە هاوکاری سیستەمی دادگایی بۆ ئافراندنی تاکێک کە بۆ سیستەم پێویستە. سه‌ربازگه‌، قوتابخانە، بەندیخانە، نه‌خۆشخانه‌ و… ئەو سازییانەن کە تاکی نوێ دەئافرێنن. دروستکردنی ئەو مرۆڤەیە کە ملکەچی سیستەم بێت. بە وتەیه‌کی دیکە، لە ڕێگه‌ی ئەما و ئەگەرەکانه‌وه‌ کە دەستنیشانی کردوون، ئەم تاکە گۆش دەکات.

»ئۆردووگا شوێن و جێگه‌ی دەسەڵاتە، ئەوه‌مان پێ نیشان دەدات کە چۆن بەسەر چەکدارەکاندا زاڵی دەکەن، چاودێرییه‌کی زۆرتر لە هەمان کاتدا؛ زۆریش به‌تێبینییه‌، کارایە و توانایی پێشگیریی زۆرتریشی هەیە.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ص ٢١٥)

پێشتریش ئاماژە بۆ ئه‌وه‌ کرابوو کە دەسەڵات سازییەكە کە توانیویەتی خۆی ڕێك بخات. ڕێکخستن پەیوەستە بە تۆڕێک پەیوەندیی نێوان سازییەکان. فوکۆ لێرەدا دەست دەخاتە سەر ئەم خاڵە کە سیستەمی دەسەڵاتداری چۆن خۆی ڕێك دەخات. دیسپلین یەک لەو خاڵانەیە کە وەك سەرچاوەی دروستکردنی هێز سەیر دەکرێت. دیسپلین دەتوانێت ببێت بە هۆی کۆکردنەوەی وزە پژگاوەکان لە یەک شوێن و بەم جۆرە هێزێک پێک بێنێت کە ڕەنگ و بۆنی دەسەڵاتی پێوەیە. فوکۆ هەنگاوێک لەمە دەچێتە پێشەوە و پێی وایە ئه‌وه‌ دیسپلینە کە دەسەڵات پیاده‌ دەکات. «ناکرێت دیسپلین تەنها وەك سازییه‌ک یان دەزگایه‌ک هەڵبسەنگێنین؛ دیسپلین جۆرێک لە دەسەڵاتە، ڕێبازێکە بۆ پیاده‌کردنی دەسەڵات، هەڵگری کۆمەڵەیه‌کی تەواوە لە ئامێرەکان، تاکتیکەکان، شێوازەکان، ئاستی کارایی و ئامانجەکان؛ دیسیپلین “فۆرم” یان “پەیکەرناسی”ی دەسەڵاتە، ته‌کنۆلۆژییە، لەوانەیە داسەپاندنی ئەم دیسپلینە لە ئەستۆی سازییە پرۆفیشناڵه‌كانی دیکەدا بێت؛ شوێنی پەروەردەکردنەوە، شوێنی حەوانەوە کە لە سەدەی نۆزدەیه‌مدا لە ئەستۆی سازیگەلێكدا بوو کە وەك ئامێر دەستنیشان کرابوون. وەک: سازییە پەروەردەییه‌كان، خەستەخانەکان؛ یان لە ئەستۆی سازیگەلێکە کە پێشتر هەبوون و دیسپلین وەك ئامێرێک بۆ بەهێزکردن یا ڕێکخستنه‌وه‌ی دامودەزگا ناوخۆییه‌كانی دەسەڵات خۆی دەنواند.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ٢٦٨)

ڕۆڵی بیناسازی لە پێشخستنی دیسپلیندا

بۆ باسکردن لە دیسپلین وەك وزە، دەبێ باس لەو سازییانە بکەین کە هەوڵ دەدەن ببن بە ناوەندی دروستکردنی دیسپلین، هەروەها ئەم سازییانەش بۆ خۆیان شێوازێک لە بیناسازییان دروست کردووە. هەر هزرێک بەپێی خولیاکانی خۆی و ئامانجگەلێك کە هەیەتی، شێوازی بیناسازی و تەلارەکانی خۆی دروست دەکات. لە چاخی ناویندا ئێمە لە ئەورووپا ڕووبەڕووی ڕوانگەی هزری فیۆداڵین. شێوازی هزراندنی دینی لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژوودا کاریگەریی لەسەر ستایلی بیناسازی هەبووە. بە هەمان شێوە، بیناسازی گشتگیری کە لەسەر بنەمای سازی دروست دەبن، خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن، یەکێتی و یەکپارچەبوونی ئەم جۆرە بیناسازییانە بنەمای سەرەکیی بەرهەمهێنانی پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییە. ئەم یەکێتییە دەبێت بە هۆی یەکدەستی و خێرایی لە هێنان و بردنی زانیارییەکاندا، بە جۆرێک، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کەسایەتییه‌کی تایبەت و بەدیسپلین. ڕوانگەی فەلسەفه‌ی پۆزه‌تیڤیستی وەک چۆن لە سه‌دەکانی هەژدەیه‌م و نۆزدەیه‌مدا کاریگەریی خۆیان بەسەر ڕوانگەی کۆمەڵناسی و لە هەمان کاتدا بەسەر ڕوانگەی سیاسیدا سەپاند، به‌بێ هیچ ئەملا و ئەولایه‌ک کاریگەرییان هەبوو لە پێشخستنی دیسپلین وەك سەرچاوەی هێز، بە ڕێگه‌ی یەکڕەنگکردن و پێکهێنانی کۆمەڵگه‌یه‌کی تاک تیپ کە کۆنترۆڵکردنی لە ناوەندێکەوە زۆر ئاسانترە.

سه‌ربازگه‌، بیمارستان و قوتابخانە ئەو دەزگایانەن کە فۆرمێک دەسەپێنن. «[کتێبی] چاودێری و سزا [نووسینی فوکۆ] وا وێنا دەکرێت کە [لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە] بەرفراوانکردنی چەندایەتیی جوگرافیای بەندیخانە و ئەو دەستەواژانەیە کە ئەورووپای سه‌ده‌ی هەژدەیه‌م و نۆزدەیه‌م له‌بەرچاوی گرتوون. بەڵام ئەم کتێبە بە زۆری لێکۆڵینەوەیه‌کە سەباره‌ت بە سیستەمەکانی ڕابوردوو کە پەیوەست بوون بە دەسەڵاتی تووژ و گەیشتن بە پێوانەکانی دەسەڵاتی مۆدێرن، دەسەڵاتێك کە تا ئاستێک لە سەرکوت دوور كه‌وتووەتەوە و هەوڵ دەدات بە نەرمی سەرکوت بکات، بەڵام کاریگەرە و دەسەڵاتی گەمەکردنە لە نێوان دەوڵەت و تاکدا.» (مقالە تبارشناسی تاریخ آلترناتیو در پراکنش فیزیکی هندسە منفی. نوشتە کریس فیلو. ترجمە آرش بصیری) هەروەها فوکۆ دەست دەخاتە سەر ئەم خاڵە کە «دانیشتوانی شوێنە دروستکراوەکان، هەم سازییە داخراوەکان و ئەو سازییانەی کە بە ڕووی دەرەوە بەستراون، هەروەها ئەو شوێنانەیش کە هاوتەریب لەگەڵ پێداویستییەکانی داهات و بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتیدا کە مەبەست هزر و جه‌سته‌ دەستەمۆکراوەکانن، تەنزیم کراون (مقالە تبارشناسی تاریخ آلترناتیو در پراکنش فیزیکی هندسە منفی. نوشتە کریس فیلو. ترجمە آرش بصیری).

فوکۆ لە ساڵی ١٩٧٠دا دەست بە لێکۆڵینەوه‌ سەبارەت بە دەسەڵات دەکات. ئەمە دوای ئەو ڕووداوانەی ١٩٦٨ بەرجەستە دەبێت کە وەك شۆڕشی خوێندکارانی ئەورووپا دژی سیستەمی مۆدێرنیتە دەناسرێت، بە تایبەت ئەو سیستەمەی کە دەیەوێ لە ڕێگه‌ی قوتابخانە، کارخانە و سه‌ربازگه‌کان و خەستەخانەکان هەروەها شوێنە گشتییەکانه‌وه‌ کۆمەڵگە بخەنە بن کۆنترۆڵی خۆیان. خوێندکاران لەم سەردەمەدا دژی سیستەم بەرهەڵستی دەکەن و تووڕەبوونی خۆیان لەو دیسیپلنە قەبەیە نیشان دەده‌ن کە تەنانەت دەستوەردان له‌ ستایلی پۆشین و خواردن و ڕابواردنیاندا دەکات. لێرە هەڵسانەوەیە دژی هەمان دیسپلین کە فوکۆ وەك دەسەڵات ناوی لێ دەنێت، ئەو لەمە بەدواوە هەوڵ دەدات بنه‌چەناسی بۆ دەسەڵات بکات. لە فۆرمی ئەو سازییانە بكۆڵێته‌وه‌ کە لە داسەپاندنی دەسەڵاتدا کاریگەرییان هەیە. هەروەها دەست دەخاتە سەر بیناسازیی قوتابخانەکان، سه‌ربازگه‌کان و خەستەخانەکان و… کە بە چ شێوازێک ساز بوون و چۆن قوتابی، نەخۆش یان سەرباز چاودێری دەکرێت و هەوڵ دەدەن فۆرمی پێ بدەن. هەر لێرەوه‌یە کە فوکۆ باس لە تێکەڵبوونی سووژە لە نێو تۆڕەکانی چاودێریدا دەکات.

فوکۆ دەستەواژەی دیسپلین بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کە لە سەدەی نۆزدەیه‌م بۆ ئەو ڕوانگەیە کە سەبارەت بە مرۆڤ ساز بووە، بەکار دێنێ. پێشکەوتنی زانیاری سەبارەت بە ڕوانینی مرۆڤ، چۆنێتیی کارتێکردن لەسەر ئەم ڕەوانەیە، بە جۆرێک، کە گوێڕایەڵی ئەو دیسپلینە بێت کە لێی دەخوازرێت. فوکۆ لێرەدا باس لە ئەندازیاریی هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەکات و ناوی دەنێت «ئۆرتۆپێدی تاک». چیدی تاوانبار وەك دوژمنی کۆمەڵگە سەیر ناکرێت، بەڵكو کەسایەتییه‌کە کە لە ڕووی دەروونییه‌وه‌ تووشی لادان بووە و دەبێ هەوڵدانەکان بۆ ئەوه‌ بن کە چۆن دەشێت سەرڕاست بکرێتەوە. «ئێمە لە کۆمەڵگەدا مامۆستا – دادوەر، پزیشک – دادوەر، ڕاهێنەر – دادوەر و هاوکاری کۆمەڵایەتی – دادوەرمان هەیە؛ ئەمانە هەموویان پێکەوە گشتگیربوونی دەسەڵاتی نۆرمەکان زاڵ دەکەن.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ص ٣٨٢).

وەک دەردەکەوێ، ئامانج لەم میكانیزمانە ئەوه‌یە کە کەسایەتییه‌کی گوێڕایەڵ دروست بێت. سیستەم بۆ خۆی ئەم سازییانەی دروست کردووە و بەپێی نۆرمەکانی خۆی هەوڵ دەدات کەسایەتی ساز بکات. بۆیه‌ چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ئەو کەسانەی لە بەندیخانەکان، قوتابخانەکان، نه‌خۆشخانه‌ و… دەردەکەون، خۆیان بەپێی ئەو نۆرمانە ڕێک بخەن.

ئه‌وه‌ش لە یاد نەکەین ئەمڕۆ ئەم شێوازەی چاودێری زۆر بەرفراوانتر بووەتەوە. بە هۆی پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژییه‌وه‌ چیدی بیناسازی بە شێوازی قەبەی خۆی لە چوارچێوەی بەندیخانە، قوتابخانە و خەستەخانە و… وەك جاران ڕۆڵی نەماوە. بەڵام سیستەمی چاودێری زۆر بەرفراوانتر بووەتەوە. لە ڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە، تاک نەك تەنها لە نێو شانەکانی بەندیخانەدا لە بن چاودێریدایە، لە نێو کووچە و کۆڵانەکاندا بە هەمان شێواز چاودێری دەکرێت، لە هەموو شوێنێك، لە نێو ماڵ، لەسەر کار و… دەخرێتە بن چاودێرییەوه‌. ئەمە ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵمان بیر دەخاتەوە سەباره‌ت بە سیستەمی دیکتاتۆری. لەوێدا لە ڕێگه‌ی کامێرا و مۆنیتۆر و باندەکانەوە تاک بە تەواوی لە بن کۆنترۆڵدایە.

ئەنجام

تێکه‌ڵاویی دەسەڵات و تاوان، دەسەڵات و دیسپلین، وەها دەکات گۆڕانکارییەکان لە دەزگای داددا سەبارەت بە پێناسەکردنی تاوان و چۆنێتیی سزادانی، بەپێی ئەو پێش بکەوێت. ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی دەزگایه‌کین کە هەوڵ بۆ زاڵکردنی دەسەڵاتی خۆی دەدات. جیاوازی نییە لە نێوان ئەوەی کە ئاخۆ ئەم دەسەڵاتە بە شێوازی نەرم پەیڕەو دەکرێت یان بە شێوازی تووژ. ئامانجه‌كه‌ دروستکردنی تاکێکی گوێڕایەڵی سیستەمە؛ بە واتایه‌کی دیکە، تاکێکی بەئۆبژەکراو. فوکۆ هەوڵ دەدات لە ڕێگه‌ی بنه‌چەناسییه‌وه‌ پێناسەیه‌کی ئەم دۆخە بکات. دەرکەوتەکە ئەوه‌یە هەرچەند لە ڕەوتی مێژوودا ئێمە شاهیدی گۆڕانکاری لە جۆری ئەشکەنجە و مامەڵەکردن لەگەڵ به‌ندییەکانداین، بەڵام ئەوەی کە لە بەر چاوە، پێمان دەڵێت گۆڕانکارییه‌ک لە ڕەوتی ئازادیی مرۆڤدا ڕوی نەداوە. نەرمبوونەوه‌ی جۆری ئەشکەنجەکان گرێدراوی تێڕوانینە بۆ خودی مرۆڤ. لە سەردەمانێکدا جه‌سته‌ وەك ناوەندی تاوان سەیر کراوە و ئەشکەنجەکانیش بە هەمان شێواز بە زۆری لەسەر جه‌سته‌ جێبه‌جێ كراون. لە هەمان کاتدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی پاشا لەگەڵ چەمکی دادگەری وەهای کردووە هەر تاوانێک کە ڕوو دەدات، چەندەش بچووک بێت، بە واتای تێکشکاندنی هەیمەنەی پاشا پێناسە بکرێت و ڕووبەڕووی تووژترین توندوتیژی ببێتەوە.

گۆڕانکاری لە ڕوانگەی مرۆڤبوون، هەروەها پێشکەوتنی زانیارییەکان سەبارەت بە سایکۆلۆژیی مرۆڤ، گۆڕانکاری لە شێوازی بەرهەمهێنان و بەرفراوانبوونی چینی بۆرژوازی و گرنگیی مرۆڤ لە سیستەمی بەرهەمهێناندا، هه‌موو ئه‌مانه‌ وایان کرد پەیوەندیی نێوان تاوان و سزا بگۆڕرێ. پێشتر لە سیستەمی دادگەریدا هەوڵ دەدرا لە ڕێگه‌ی ئەشکەنجە و سزاوه‌ کارێک بکەن ببێت بە دەرسێک بۆ کۆمەڵگە کە بازنەکانی دەسەڵاتی پاشا تێ نه‌پەڕێنێت. شانۆی چاوترساندنی کۆمەڵگە تەنها لە بازنەی سیستەمی سزادا نەماوەتەوە، بەڵکو دواتر لە شێوازی داڕشتنی شار و بیناسازیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. دروستکردنی سه‌ربازگه‌كان لە نزیکی شارەکان، ئەو سه‌ربازگه‌یانەی کە بە قەوارەیه‌کی گەورە و بیناسازییه‌کی تایبەت دروست دەکرێن، هەروەها سازکردنی بەندیخانە و نه‌خۆشخانه‌كان لە نێو شارەکاندا، بەو ئامانجەیە کە بەردەوام بیری کۆمەڵگە بخەنەوە، ئەگەر پابەندی نۆرمەکان نەبن، ئەو شوێنانە هەیە کە دەتوانن تاک لەوێ ڕاگرن تا ئه‌و كاته‌ی گوێڕایەڵی نۆرمەکان دەبێت. ئامانجی بەندیخانەکان ئەوەیە کەسایەتیی سەرکێش فێر بکەن کە چۆن گوێڕایەڵ بێت. بە هەمان شێواز، ناوەندەکانی دیکەی وەك پەروەردە و نه‌خۆشخانه‌كان بە گشتی هەمان ڕۆڵیان گەیە. گۆڕانکاری لە سزا بە واتای ئازادی نییە، بە پێچەوانەوە، دەسەڵات تاکی به‌ئۆبژەبووی دەوێ، «لای کێ کار دەکەن؟ بە واتایه‌کی دیکە، چون ئاغا نین، دەبێ خزمەتکار بن، ئێستا لە بن هەر بارودۆخێکدا بێت؛ مژاره‌كه‌ ڕەزامەندیی تاک نییە، به‌ڵكو ئەو دیسیپلینەیە کە دەبێ بپارێزرێت.» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ٣٦٦)

فوکۆ لەم لێکۆڵینەوه‌یەدا دەست دەخاتە سەر خاڵێکی گرنگ، ئەویش ئەوەیە کە چۆن بەشەکانی دیکەی دەسەڵات دێنە گۆڕەپانەکە و لەگەڵ دەزگای دادوەریدا دەبن بە هاوکار. بەم جۆرە، بابەتێک پێش دەکەوێت لەسەر ناوی چۆن دەشێت تاکەکانی کۆمەڵگە بەپێی نۆرمەکان ڕابهێنرێن؟ بۆ ئەمە، زانستە پزیشکیی، دەروونناسی و کۆمەڵناسییه‌كان دەبن بە هاوکاری سازیی دادوەری. لە هەمان کاتدا، باس لەوه‌یە کە تاوانەکان بەپێی کات و شوێن دەگۆڕرێن. واته‌ هه‌ندێ تاوان کە سزای قورسیان هەبووە، ئێستا وەك تاوان سەیر ناکرێن. ئەمەش پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە. بۆ وێنە، سەردەمانێک «زینا» وەك تاوانێک سەیر دەکرا و کەسی تاوانبار بەردباران دەکرا. بەڵام ئێستا ئەمە لە زۆر شوێن لە قاڵبی لەشفرۆشیدا یاسایی بووە و بووەتە بەشێک لە بازرگانیی سێکسی. دیارە ڕاماڵینی تاوان لەم کرده‌و‌ەیە و دەیان کردەوەی دیکە، گرێدراوە بە دەسەڵاتەوە.

دیسپلین کە لە ڕێگه‌ی قوتابخانە و بەندیخانە و سه‌ربازگه‌کان و… دەسەپێنرێت، دیسپلینی دەسەڵاتە. چون ئەو سازییانە لە پێکهاتەی دەوڵەتدا هیی کۆمەڵگە نین، دەزگاگەلێکن پەیوەست بە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات. لێرەدا ئەو کەسەی نۆرمەکانی سیستەم پەسەند ناکات، وەك وەحشێک سەیر دەکرێ کە زنجیرەکانی قرتاندووه‌. تاکە ئامانج لە سازیی دادوەری، گەڕاندنەوەی ئەم وەحشەیە بۆ نێو قەفەسەکەی. ئەمه‌ بەردەوام بووە بە هۆکاری ململانێی نێوان دەسەڵات و گەل. وەك کۆتایی، خراپ نییە لایه‌ک لە وتەکانی «لافالانژ» بکەینەوە کە وتەکانی دواتر بوون بە مانیفێستی ئانارشیستەکان: «ئەو بە باشی هەست دەکات کرێکار و شاگرد کۆیلەن و کۆیلایەتییه‌کی تاڵ… ئەو بە باشی دەزانێ کە لەو دیسپلینەی کە بە ڕێوە دەچێ، چیدی لەو ئازادییە و لەو پێداویستییە و ئەو جووڵەیە کە هەیەتی، شتێک بەدی ناکرێت… ئەو ئازادی هەڵدەبژێرێ…» (مراقبت و تنبیە، فوکو، ص ٣٦٦)

وەک دەبینین بە درێژایی مێژوو تا ئێستا سیستەم هەوڵی داوە کۆمەڵگە و تاک بەپێی ئەو شتەی خۆی دەیەوێ، دیسپلینە بکات؛ چەندە توانیویەتی ئەمه‌ پێش بخات، بەو ئاستە بەهێز بووه‌. بۆ ئەمەش ڕێ و ڕێبازی جۆربەجۆری بەکار هێناوە، لە هەمان کاتدا هەوڵی داوە ئەم دیسپلینە وەك دابڕانی مرۆڤ لە وەحشیبوون بۆ شارستانییەت پێناسە بکات. لە بەرامبەر ئەمەشدا، کۆمەڵگە بۆ پاراستنی سروشتی بوونی خۆی، بەرخودانی کردووە.

سەرچاوەکان:

١- فوکو، میشل، مراقبت و تنبیه (تولد زندان)، ترجمه‌‌ی نیکو سرخوش و افشین جهاندیده، تهران، نشر نی، ١٣٧٨ هجری شمسی.

٢- گیدنز، آنتونی، جامعه شناسی، منوچهر صبوری، تهران، نشر نی ، چاپ بیست و دوم، ١٣٧٨ هجری شمسی

٣- میلر، پیر، سوژه استیلا و قدرت (در نگاه هورکهایمر، مارکوزه، هابرماس و فوکو)، نیکی سرخوش و افشین جهان دیده، نشر نی.

٤- فصلنامه‌ی آموزشی، باقر العلوم (علوم سیاسی) ١٣٨٣ هجری شمسی، سیر اندیشه‌های سال هفتم، شماره ٢٨.

سەرچاوەی ئێنتەرنێتی:

٥- مقاله تبارشناسی تاریخ آلترناتیو در پراکنش فیزیکی هندسە منفی. نوشتە کریس فیلو. ترجمە آرش بصیری.

٦- چاوپێکەوتن لەگەڵ جورجۆ ئاگامبێن لە لایەن ئۆلریش ڕائۆلف، سەرنووسەری ڕۆژنامەی زودویچە، مارسی ٢٠٠٤.Htt: //meden.me/ealCJ

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...