بەدبینی و ئەدەبیات: حەفت سەرنجی زۆر سادە
خۆکوژی و ئازاری دەروونیی و قوڕبەسەرییان زەق دەکرایەوە، خوێنەر زۆر ئاسان دەیتوانی وا لێک بداتەوە نووسەر تا بەدبینتر و نەخۆشتر و وێرانەماڵتر بێ، نووسەرترە. واتە پێوەرەکە وای لێ دەهات: گەر دەتەوێت ببیە نووسەرێکی باش، دەست لە خۆت بەردە یا خۆت بفەوتێنە یا دەرگەی حەوشەتان لە ڕەگەوە دەربێنە و دەست بکە بە خواردنی.

ڕێبین خدر
– کاتێک من دەستم بە خوێندنەوە کرد، لە بڵاوکراوە کوردییەکان بە شەپۆل بایەخ دەدرایە نووسەرانێک کە خۆیان کوشتووە یا نەخۆش بوون یا هەر شێوەیەک بێ نووسراوەکانیان ڕەنگدانەوەی ئازارە قووڵەکانیان بووە. بە نموونە (کافکا) ، (کامو)، (هێمنگوەی)، (دۆستۆیفسکی) و هی دیکە…
– بە شێوەیەک خۆکوژی و ئازاری دەروونیی و قوڕبەسەرییان زەق دەکرایەوە، خوێنەر زۆر ئاسان دەیتوانی وا لێک بداتەوە نووسەر تا بەدبینتر و نەخۆشتر و وێرانەماڵتر بێ، نووسەرترە. واتە پێوەرەکە وای لێ دەهات: گەر دەتەوێت ببیە نووسەرێکی باش، دەست لە خۆت بەردە یا خۆت بفەوتێنە یا دەرگەی حەوشەتان لە ڕەگەوە دەربێنە و دەست بکە بە خواردنی.
– بەو هۆیەی کەمترین سەرچاوە (نازانم ئێستا) لەسەر ژیننامە و باکگراوندی فیکری ئەم نووسەرانە هەبوون، وا دیار بوو کەسیش بەلایەوە گرنگ نەبوو بایەخ بەمە بدات، ئەدەبیات و نووسین کورت دەکرانەوە بۆ (خۆکوژی) و (خۆفەوتاندن)، (بەدمەستی و کوێرەوەری)، لایەنی هونەریی نووسین، جیاوازی ڕوانین و دنیابینیی نووسەران دەخرانە لاوە. جا پێوەرەکە دەکرا وای لێ بێتەوە؛
کافکا لە [تۆماس مان] نووسەرترە، هەر چونکە کافکا دەردوئازاری پتر بووە! /ئارسەر ڕامبۆ لە واڵت ویتمەن شاعیرترە، هەر چونکە ڕامبۆ هەرچی قوڕبەسەری هەیە دیویەتی، واڵت ویتمەن نا…
– کەس پێموانییە نکۆڵی لەوە بکات نووسەرانێکی مەزن هەبوون و هەن بەهۆی قووڵبینی و هۆکاری دیکە لە ژیان ناهومێد بوون و ئەمە کاری لە نووسینەکانیان کردووە. کەسیش ناتوانێ ئەدەبیات لەم کاریگەریانە ڕەها کا و پێی وابێ پێویستە کتێبەکان پڕ بن لە باسی هیوا و گەشبینی و هتد، بەڵام دەبێ ئەوەش بگوترێت کەسانێکیش هەبوون زۆر زیاتر لەو نووسەرانە لە ژیان ناهومێدتر، بەڵام لە نووسیندا هیچیان لەباردا نەبووە.
– لەم ساڵانەی دوایی وەرگێڕان لە کوردستان چەند هەنگاو چۆتە پێشەوە و ژمارەیەک وەرگێڕ هەن چاوەڕێی کاری زۆر باشیان لێ دەکرێت. زۆر خۆش، زۆر باش، زۆر ئەرکێکی مرۆڤانە، لێکۆڵەرانە دەبوو گەر هاتبا لەپاڵ کارە ئەدەبییەکان بایەخ درابا بە وەرگێڕانی ژیننامەی نووسەران، هەروا ڕاڤەی تێکستەکانیان، ڕای جودا لەبارەیان. باشتر لەوەش؛ ناساندن و وەرگێڕانی نووسەرانێک کە تەنها بەهۆی ئەوەی لەناو ئەو ڕەوت و شەپۆلانەی وا باسم کردن جێیان نەبۆتەوە، دەنا ئەوانیش نووسەری مەزن و داهێنەرن.
– ئەم کارە هەم پێوەری (تا بەدبینتر و مۆنتر بی، نووسەرتری) تێک دەشکێنێت، هەم ڕەسەنایەتی بۆ نووسەران دەگەڕێنێتەوە و وایان لێ دەکات وەک خۆیان دەرکەون، نەوەک خۆیان ناهومێد و ماڵوێران نیشان دەن و لە واقیعیشدا وا نەبن، هەمیش دیدی خوێنەران ڕۆشنتر دەکاتەوە کە: نووسەر گەر هونەرمەند و داهێنەر نەبێ، چەندە ئازار و مەینەتی و بەدبینی بەسەر کاغەزاندا پەرش کاتەوە، نووسینەکانی نابن بە دەگمەن و ناوازە و…
– کافکا چەند فیکر و ئەندێشەی نوێیە، ئەوەندەش هونەری نووسین و گێڕانەوەی. ئەوەی بیەوێت لە ئەدەب بدوێت، نابێ ئەوەی دووەمیان فەرامۆش بکات.