چاند

ئیسماعیل خەیات؛  ڕەنگسازی نێوان جەنگ و ئاشتی

ئارام سدیق

 

رۆژی 20ی مانگی ڕابردوو هونەرمەندی شێوەکار “ئیسماعیل خەیان” بۆ دواجار چاوەکانی لێکنا و ماڵئاوایی لە کەسوکار و جیهانی ڕەنگەکان کرد. ئەم هونەرمەندە بە درێژایی چەند دەیەیەک هاونشینی ڕەنگ و فڵچە بوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ژیانی ئێمە چۆنە؟ ئەوەی ئەو دەیویست بیڵێت هەمیشە و لە ئەوپەڕی ڕەشی ژیان و ئاوابوونی خۆردا، ئەو بۆ تروسکەیەک دەگەڕا تا تۆوی ئومێدێک بچێنێت و ئازارێک لە دڵی ئێمەدا کەم بکاتەوە و چێژێک بە دەروونمان ببەخشێت. ئەوەی ئەم ڕەنگسازە لە چەند دەیەیەکدا پیشانیداین ئازارەکانی مرۆڤبوون بوو کە چەندە سەختە و لەنێو ئەو ئازارانەشدا کوردبوون چەندە سەختترە.

یەکەم بەرکەوتنم بەم هونەرمەندە و کارەهونەرییەکانی لە ڕێی پرۆژەی “ئاشتی”یەوە بوو، کە لەنێوان شاری کۆیە و هەولێردا وەکو پرۆژەیەکی ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی نێوان “پارتی و یەکێتی” دژ بە شەڕی براکوژی پێشکەشی کرد و لەو جێگەیەی کارەکەی تێدا کرد، کە دەکەوێتە شوێنێکەوە پێی دەڵێن “پیرەر”. لەوێ ئەم هونەرمەندە و چەند هونەرمەندێکی هاوکاری دیکەی، دەیان تلەبەردیان لە کێوێکدا ڕەنگ کرد و وشەی “ئاشتی”یان لەسەر نووسی و نەفرەتیان لە جەنگ کرد و دەیان کۆتری سپی کە دیسان ڕەمزی ئاشتییە لەو کێوە قاقڕەدا بە ڕەنگ و فڵتە خستە سەر فڕین. ناسینی من بۆ ئەم هونەرمەندە لەم سەرەتایەوە بوو، کە هەر کاتی خۆیشی پەخشانە شیعرێکم بەناونیشانی “باوکی ئاشتی” نووسی و بڵاوکردەوە. لەو ساتەوە خەیات لای من باوکی ئاشتی و ڕەنگسازی نێوان دوالیزمە دژیەکەکانی چەشنی مەرگ و ژیان و جەنگ و ئاشتییە.

دوای ساڵانێکی دیکە و بە نزیکەیی 15 ساڵ لەمەوبەر لە گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی بینەری پێشانگەی کۆمەڵە نیگاری ماسییەکانی خەیات بووم، کە ئەم نیگارانە یەکێک بوو لە پرۆژە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندە و ساڵانێکی زۆر خەریکی کارکردن بوو تێیدا. ماسییەکان تەنها فیگۆرێکی ڕێکەوت نەبوون لەنێو نیگارەکانیدا، بەڵکو ماسییەکان هێمابوون بۆ بەردەوامی ژیان، هەرچەندە لە بەشی هەرە زۆری نیگارەکاندا ڕەنگی ڕەش زاڵ بوو، بەڵام ئەمە ئەو دژ وەستانەوەیە بوو، کە لە هەر نیگارێکدا هونەرمەند زیرەکانە هەڵی بژاردبوو. ماسی لە هەر جێگەیەک بێت نیشانەی وزە و جوڵە و بەردەوامی و ژیانە. بوونی ماسی لە تابلۆکاندا بە قەبارەی جیاواز و لە فۆڕمی جیاواز و بەکاربردنی جیاواز و ڕەنگی جۆراوجۆردا نیشانەبوون بۆ ئەوەی ئەگەرچی ژیان وەکو پێویست پێشوازیمان لێ ناکات، بەڵام وەکو (کورد/ مرۆڤ) لە جوڵە و ژیان بەردەوامین. ڕەنگەکانی نێو تابلۆکان پێیاندەوتین هەرچەندە ژیان دوکەڵ و ڕەش بێت، هەرچەندە تاریکی بیەوێت خۆری ئاسوودەیی ئاوا بکات و ئیتر نەیبینینەوە. بەڵام ماسییەکان جوڵەیەک دەخەمە بوونەوە، کە نیشانەیە بۆ بەردەوامی و ڕەواندنەوە ڕەشی ئاسمان و داگیرساندنی نوورێک لەم ژیانە تارەدا.

کۆنیگاری ماسییەکان بۆ من گەلێک پڕ دەلالەت بوو، کە تا هەنووکەش بیریان لێ دەکەمەوە و ئەگەر بەهۆی کۆچی دواییەوە ئەم هونەرمەندەوە نەبوایە ڕێگەم بەخۆم نەدەدا قسەیان لەبارەوە بکەم و ئەم چەند ڕستەیەش بنووسمەوە، چونکە ئەوەی وترا گەلێک کەمترە و ناشایستەترە لە ئاستی نیگارەکانی ئەم هونەرمەندەدا. ڕۆحت شاد ڕەنگسازە بوێرەکەی ژیان، کە بەر لە هەموان بوویتە باوکی ئاشتی و نەفرەتت لە جەنگ کرد.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...