گوتار

ئێرانی نوێ دروستدەکەن یان ئێرانێکی دیکە دەبینین؟

سۆزان حەمەتاتە

 لە هەر لایەکەوە لێی بڕوانی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو فۆرمەی ئێستا نامێنێتەوە، ئەگەری مانەوەشی وەکو ئەوەی ئێستا هەیە لاوازە و دوورە لە پێشبینی سیاسییەوە.

چەندین هۆکار هەیە وادەکات پێماوابێت کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگۆڕێت یان گۆڕانکاریی بەسەردادێت، بو نموونە: یەکەم: بۆ یەکەمینجارە سەرۆکێکی ئەمەریکی بە روون و راشکاوی بڵێت ئێران ئازاد دەکەین، ئەم قسەیە هەروا سادە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی نەوعییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا. دووەم: هەر تایبەت بە ئێران، لێدوانی بەرپرسانی باڵا دەبینین کە باس لەوەدەکەن ناگەڕێنەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران، ئەمەش بۆ ئێران کاریگەریی نەرێنی دەبێت. سێیەم: ئەنالینا بیربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی وڵاتانی G7 رایگەیاند لووتکەکەیان بڕیاریانداوە سزای نوێ و قورستر بەسەر ئێراندا بسەپێنن، ئەوەش گورزێکی دیکەی ئابووریی کوشندە دەبێت بۆ سەر ئێران. چوارەم: بەهۆی بەخشین و فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە رووسیا بۆ شەڕکردن لە دژی ئۆکرانیا، کۆدەنگییەکی نیودەوڵەتی دروستبووە بۆ زیاتر گۆشەگیرکردنی ئێران. پێنجەم: سەرکەوتنی بنیامین نەتانیاهۆ و بوونەوەی بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیسانەوە پێشهاتێکی خراپە بۆ ئێران، چونکە یەکێکە لە سیاسییە هەر تووندەکانی جولەکە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی لە کورە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.

سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێستای خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و فراوانبوونی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کوشتنی خەڵکی مەدەنی و خۆپیشاندەران، چەوساندنەوەی ژنان و نەبوونی ئازادیی سیاسی و رۆژنامەوانی وایکردووە جیهان وردە وردە باس لە ئێرانێکی نوێ بکەن، ئیتر ئێرانێکی بە تەواوەتی نوێ بێت و سیستم و دەسەڵاتی ئێستای ئێران کۆتایی پێبێت و رژێمێکی نوێ جێگەی بگرێتەوە یان لەژێر کاریگەریی فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کۆماری ئیسلامیی ئێران چاکسازیی بنەڕەتی بکات و زۆرینەی خەڵک پێی رازی بن؟   هەندێک بۆچوونی تریش هەن باس لەوەدەکەن کەوا خۆپیشاندانەکان کۆتاییان دێت و جیهان سوور نین لەسەر گۆڕانکاریی لە ئێراندا، خۆ ئەگەر ئەمەش بێتەدی، بەڵام راستیی تر لیرەدا هەیە کە بریتییە لەوەی شۆڕشە مەدەنییەکەی ئێستای ئێران هۆکاری دەرەکیی لەپشتەوە نییە، بەڵکو دەرەنجامی ستەمی دەسەڵات و نەبوونی ئازادییەکان و خراپیی دۆخی ئابووری و وەڕسبوونی خەڵکە لەو جۆرە فەرمانڕەواییە، بۆیە لە هەموو ئەگەرەکاندا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو شێوەیەی پێش کوشتنی ژیان ئەمینی و خۆپیشاندانەکان نامێنێتەوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button