گوتار

 قەیران و ناکۆکیەکانی حیزبەکانی هەرێم

عادل عوسمان

کۆمەڵێک حیزبی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا هەن، کە بەناو حیزبە فەرمیەکانی هەرێمن. ئەو حیزبانە کایەی سیاسی هەرێمی کوردستانیان داگیرو قۆرخ کردوەو لەسەر بنەمای پاوان سیاسەت دەکەن و چەمکی دەسەڵاتخوازی خۆخاوەنییان بە سیاسەت داوە!. مێژووی دروستبوونی ئەم حیزب و پارتانەی هەرێم (باشور)ی کوردستان مێژوویەکی دورودرێژ و پڕ لەهەڵەت و قەیران و نسکۆو تێکشکان و هەستانەوەو دروستبونەوەی کەمێکی دیاریکراوی پارت و حیزبی دڵخوازبوە. وەک ئەوەی بڵێیت دایکە دوو پشک کۆتایی دێت و نەوەکانی خۆی لەپشتیەوە دێنە دەرەوە!. ئەم پارت و ڕێکخستنانە لەسەر یەک شێواز لەدایک دەبن و بەردەوامی بەخۆیان دەدەن. ئەویش کاردانەوەی دژە داگیرکاری کۆمەڵگەو دەستبەسەرداگرتنی ئەم کاردانەوەیەیە بۆ نەبونە هێڵ و هێزی سیاسی کاریگەرو ئازادی بەخش و ڕزگاری. هەروەها نەخوێندنەوەی دۆخی داگیرکاری و نەتەوەیی کوردانە بەقوڵی، بەڵکو بەرهەمی کاردانەوەو دەست بەسەردا گرتنە.

ئەم پارت و حیزبانە بەگوێرەی ئەوەی پاوانخوازن و عەشرەت، دەرەبەگ و بنەماڵە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان دەست ڕۆیشتوویان هەیە تێیدا، هەڵگری ناکۆکی و قەیران و خۆسەپاندنن. بۆیە ناتوانن پارت و حیزبی تەباو یەکگرتوو لەخۆدا گونجاوبن.

بەهۆی ئەو ناکۆکی و جیاوازیانەوە هەمیشە لە ناویەکدا ناکۆک و پڕقەیران و لەپێکداداندابوون. تاکارگەیشتوە بەوەی لەدژی یەکتر شەڕو خوێنڕشتن دروست بکەن و ببنە هۆکاری جیابونەوەو کەرتبوون و بەوهۆیەوە دروستکردنی هێزگەلی نوێ.

پەدەکە لەمێژووی خۆیدا چەندین جیابونەوەو ناکۆکی لەخۆیدا جێگە کردوەتەوە. یەکێتی بەهەمان شێوە. شیوعی و چەپەکان، هەمان ڕێچکە. حیزبە ئیسلامی و ئایینگەراکان هەروەک ئەوان. بەوپێیەش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە مەدەنیەکان، ژنان و ئافرەتانیەکان، ئایین و خزەتگوزاریەکان. ڕێکخستنە پیشەییەکانی مامۆستایان، تەندروستکاران، پیشەوەران، ژینگەییەکان، قوتابیان بەسەر هەمەجۆر پارت و لایەنگریدا دابەشبوون.

قەیرانەکانی ئێستەیان ئەوەندە قوڵبوەتەوە، توانای ڕێگری و چارەسەریان پێ نیەو گۆڕەپانی حیزبەکانیشیان بوەتە مەیدانی دەستێوەردانی دەرەکی و حیزبەکانیشیان بوەتە کۆمپانیای پەیداکردنی پارەو چنینەوەی. پارچەبونەکانی ناوخۆی هەر حیزب و پارتێک بوەتە لایەنی دەستێوەردانی هێزێکی دەرەکی و چارەسەرەکەشی هەر ئەو هێزە دەرەکیانە بۆیان دادەنێن و ڕێکدەخەن. تەنانەت وای لێهاتوە جوڵەی هێزو شەڕەکانی ناوخۆو بەرامبەر یەکیان لە پایتەختەکانی داگیرکەرانەوە بۆیان ڕەنگڕێژ دەکرێت. ڕێگەنیشاندانەکانیش ئەوەندە شاگەشکەیان دەکات! تەنانەت ناتوانن دوو مەتر لەناوەندەکانی ڕێنماییەوە دوربکەونەوە، هەر لەناو تەکسیەکەوە! پەیامی فەناکردنی یەکتر ڕادەگەیەنن. بێ ئاگا لەو گەمەیەی کەپێیان دەکرێت!.

نەخوێندەواری ئەم هێزو پارت و کەسانە بەئاستێک گەیشتوە کە هەنگاوێک ئەولاتری بەرپێی خۆیان نابینن. بۆیە سیاسەتیان لە پەیوەندیە مافداری و حقوقیەکان دابڕیوەو بە چەمکی بازرگانی و بەرژەوەندی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن و لەو پێناوەشدا ئامادەن بۆ دەسکەوت و بەرژەوەندی و لەچوارچێوەی قازانجدا چی پێویست بێت بیکەن و لەدەرەوەی بەها ئەخلاقیەکان پەیڕەوو بەڕێوەی ببەن.

جیاوازی نیشانەی هەبون و دەوڵەمەندیە، بەوهۆیەشەوە ناکۆکی و پێکدادانیش دەبێت. بەڵام بونی پێکدادانی سڕینەوە لەدەرەوەی بەهای ئەخلاقی سروشتیە. چونکە خودی بەها کۆمەڵایەتی سروشتیەکان بەرهەمی نیشاندانی جیاوازی ناکۆکیە پێکەوەییەکانن. لە کۆمەڵگەی ئەخلاقیدا ناکۆکی بەرهەمەکەی پێشکەوتن، ڕاوەستەکردن لەسەر پێشکەشکردنی باشترینەکەیەو ئەگەریش کەموو کوڕیەک هەبێت، پۆتانسێڵ ( هێز)ی بیرکردنەوەو هۆشمەندی ڕێگە لەچارەسەری پرسی ناکۆکی دەکاتەوەو نایکاتە پێکدادان! بەڵکو دەبێتە هۆکاری پێشکەوتن، نوێبونەوەو جوانی. بەڵام لەکایەی سیاسی بازرگانیدا، ناکۆکی چونکە لەسەر پاوان دامەزراوە، دەبێتە سەپاندن، لێدان و ئەگەر کرا سڕینەوە.

خودی کۆمەڵگە هەڵگری بەهای ئەخلاقی سیاسیە بۆیە قبوڵ ناکات ئەو چوارچێوە تەسکە بازرگانی بەرژەوەندپەرستیەی بەبەردا بکرێت. بۆیە پارت و حیزب و بازرگانە کەسیەکانی باشور هەمیشە ناکۆک و ناتەباو لەپێکدادان و ناکامیدان! چونکە هێزی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی سیاسی ئەخلاقیان نیەو ناتوانن لە پرسی دەسەڵاتخوازی، دەسکەوت و بەرژەوەندی خۆیی داببڕێن، کاتێک هێزی خۆییشیان تێری بەلاداخستنی ناکۆکیە ناوخۆیی و فیرقەییەکانیان نەکات! ئەوا بەناچاری پەنا دەبەنە بەر هێزە دەرەکیەکان! ئەو هێزانەش نەک لەودیوەوە ئامادەن، بەڵکو بونیان بەشێکە لەبون و مانەوەی ئەو هێزانەو خۆشیان!.

کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سیاسی و ئەخلاقی کەلەسەر ناسین، یەکترقبوڵکردن و بونی جیاوازی دامەزراوە دەبێتە ڕێگەچارەی ئەم دۆخە دەستبەسەرداگیراوەی کۆمەڵگەی سیاسی پاوانخوازی دەسەڵاتدارو کۆتایی هێنەر بەدۆخی دەستێوەردان و ناکۆکی و پێکدادان. کۆمەڵگەی ئەخلاقی، لەسەر بەرژەوەندی قازانج، تێکدانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی دانەمەزراوە. بۆیە کۆمەڵگەی ئەخلاقی سیاسی، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک پێکەوەیی و بێ تەنگژەو قەیرانەو ئەگەریش کێشەیەک هەبێت، خودی کۆمەڵگە هێزی چارەسەری کێشەکەی هەیە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button