توندڕەوی سیاسی لە هەرێمی كوردستان
د. شۆخان مەحمود
توندڕەوی سیاسی بریتییە لە ڕەفتاری سیاسیانەی ناباو، كە تاك بەشێوەیەكی پەڕگیرو توندوتیژ بەشداری سیاسی دەكات و هەڕەشەو مەترسی بۆسەر هزرو بیركردنەوەو تێڕوانینی بەرامبەر دروست دەكات و توانای قبوڵكردن و گفتوگۆی بیروڕای جیاوازی نییە، لەلایەكی دیكەشەوە تاك بەمەبەستی بەدیهێنانی چاكسازی و گۆڕانكاری ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسیدا، پەنا بۆ كاری توندوتیژی و زیانگەیاندن بە دامودەزگا حكومەییەكان و سوتاندنی بارەگای حزبەكان دەبەن.
ئەوەی لەم هەرێمە هەستی پێدەكرێت و بەرچاودەكەوێت بوونی توندڕەوی سیاسیە بەئاست و هۆكاری جیاواز، هەربۆیە بە گرنگی دەزانم هەڵوەستە لەسەر دەركەوتنی ئەم ڕەفتارە بكەم وەك زەنگێكی ئاگادار كەرەوەبێت بۆ دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار تاوەكو هەموو پێكەوە لەسەر ئاستی تاك و كومەڵ و كۆمەڵگا هاوكارو یارمەتی دەربین بۆ بوژانەوەو گەشەپێدانی هەستی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردن لە پێناو بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشی دەروونی و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان. بەرمەمبنای ئەم ڕاستیەش سەرنجێكی كورت دەربارەی هۆكارو ئاستەكانی توندڕەوی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دەخەینە ڕوو : –
بارودۆخی سیاسی بەگشتی و ململانێی سیاسی بەتایبەتی زەمینەی بۆ چاندنی تۆوی رق و تۆڵەسەندنەوەو ناوزراندن و بێڕێزیكردنی لەنێو ئەندام و لایەنگری حزبی و تەنانەت لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگەشدا چاندووە، بەجۆرێك حزبە سیاسیەكان لە چوارچێوەی ململانێكانیاندا چ لەسەر ئاستی نوخبە یاخود لەسەر ئاستی ئەندام و كادرەكانیان، بۆ شكستپێهێنانی نەیارەكانیان دەمارگیرو توندڕەو بوون، سڵیان لە بەكارهێنان و گرتنەبەری زمانی زبرو هزرو ئامرازی توندوتیژ نەكردۆتەوەو تاڕادەیەكی زۆر بەرامبەر بەیەكتر دڵڕەق و دەمارگیربوون، ئەمەش بەپێی قۆناغی ململانێكان ئاست و شێوازی توندڕەوییەكەیان جیاوازبووە، بەجۆرێك لەماوەی شەڕی ناوخۆدا، حزبە سیاسیەكان جگە لە بەكارهێنانی چەك و پەنابردن بۆ هێزی بێگانەو بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن، لەهەمانكاتدا لەرێگەی كەناڵا و دامەزراوەكانی وەك( خێزان، پەروەردە، مزگەوت، راگەیاندن، ئەدەبیاتی حزبەكان)ەوە كولتوری رق و دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوەیان لە دەروونی تاكەكاندا چاندووە، لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی ناوخۆش لە رێگەی كەناڵا و پەیج و پێگە ساختەكانیانەوە شكۆو پیرۆزییەكانی یەكتریان تێكشكاندووە. هەموو ئەم دیاردانەش بەئاشكرا لە ژینگەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیەو شوێنەوارو ئەنجامی نەرێنییان لەسەر كەسێتی و ئایندەی كەسێتی تاكی كورد درووست كردووە.
لەلایەكی دیكەوە نەبوونی موچە و شایستەی دارایی و بێبەشبوون لە پێداویستی سەرەتایی، نایەكسانی و نادادپەروەری، بەدامەزراوەیی بوونی گەندەڵی، لاوازبوونی دام و دەزگاكانی حكومەت، بێ هیوایی، هەژاری، بێكاری، دەركەوتنی گروپی ئاینی پەرگیر، بەچەكداركردنی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی، نەبوونی ئازادی و (دیموكراسی ) دەستاودەست نەكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، دەركەوتنی كاریزمای خاوەن ئایدۆلۆژی، دەستێوەردانی دەرەكی،..هتد) زەمینەی بۆ جۆری دووەمی ڕەفتاری توندڕەوی سیاسی ڕەخساندووە ، بەجۆرێك جگەلە بە بەپەرۆشی تاك بۆ رەتكردنەوەو هەڵگەڕانەوە لەحزب و حكومەت و دەسەڵاتدارە حزبی و حكومییەكان، تاكی كورد بەتەنگ پاراستنی مافی گشتی و دامەزراوەكانی حكومەت نین و لە بچوكترین خۆپیشاندان وناڕەزایەتی دەربڕنیدا پشێوی و ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوەو هەندێكجاریش پەنا بۆ گرتنی ڕێگای گشتی وهاتوچۆی هاوڵاتیان و سوتاندن و لەناوبردنی كەلوپەل و باڵەخانە حزبی و حكومیەكان بردووە.