بەهاری ئێران

ئەردەڵان عەبدوڵا
ماوەیەکە خۆپیشاندانو ناڕەزاییەکان تەواوی ئێرانی گرتۆتەوە، ئەمەش بۆتە وێردی سەر زمانی میدیاکانو هەرکەسە بەپێی تێڕوانینی خۆی قسەی لەبارەوە دەکات. پێش هەموو شتێک گرنگی ئەم خۆپیشاندانە لەوەدایە، هەڵگری مەشخەڵی ئەم خۆپیشاندانانە، “ژن”ە، ئەمەش یەکەمجارە لەئێراندا، ژن ببێتە سیمبوڵی ڕاپەڕین یان شۆڕشێک، خۆی لەخۆیدا ژن مانای ژیاندۆستی دەگەیەنێت، لەپەنا ئەوەشدا تەواوی دروشمەکانی تریش بەهەمانشێوە گوزارشت لەژیاندۆستی دەکەن لەپێش هەمویانەوە “ئازادی” هەربۆیە دروشمەکانی ئەم خۆپیشاندانانە، گوزارشت لەژیاندۆستی دەکەنو موژدەی داهاتوییەکی پرشنگداریشیان پێیە، هەرچەندە بەداخەوە لێرەو لەوێ هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە کراوە، بەتایبەتی بەرامبەر بەهێزە ئەمنییەکان.
گرنگی شەقام لەئێران
بەپێچەوانەی وڵاتانی تری خۆرهەڵاتەوە، هەمیشە شەقامی ئێران ڕۆڵی گرنگی لەمەیدانی سیاسییدا بینیوە، بەتایبەتی لەم 100 ساڵەی پێشودا. سەرەتا پیاوانی ئایینی ڕۆڵی سەرەکییان دەگێڕا لەجوڵاندنو ئاڕاستەکردنی شەقامی ئێرانیدا، بۆ نمونە لەسەدەی 19دا گەورەترین بزوتنەوەی جەماوەری کە بەشۆڕشی “تەباک” ناسراوە، لەلایەن ئایەتوڵڵا شیرازییەوە شەقامی ئێرانی لەدژی دەسەڵاتدارانی ناوخۆییو بیانی جوڵێنرا. پاشانیش لەسەدەی بیستەمدا، چ لەشۆڕشەکەی موسەدەق بۆ خۆماڵیکردنی نەوتو چ دژایەتییکردنی شۆڕشی سپی شای ئێران، پیاوانی ئایینی ڕۆڵی بەرچاوییان هەبوو.
دواجاریش لەشۆڕشی گەلانی ئێراندا دژ بەڕژێمی شاهەنشاییشدا، پیاوانی ئایینی ڕۆڵیان هەبوو، هەرچەندە لەوکاتەدا زیاتر ڕێخکراوە چەپو خوێندکارانو گەنجان ڕۆڵیان هەبوو، بەڵام ئەمجارە بۆ یەکەمجارە شەقامی ئێرانی لەدژی پیاوانی ئایینی دەجوڵێنرێت، ئەمەش جیاوازیییەکی ئێجگار ڕیشەییە لەشەقامی ئێرانیدا. ئەمڕۆ ئەوانەی کە ڕۆژانە دادەبەزن، دژی حوکمی پیاوانی ئایینینو داوای ئازادییو باشترکردنی بژێویی ژیان دەکەن.
کوردو شەقامی ئێران
هەمیشە کورد ڕۆڵی هەبوە لەڕوداوە سیاسییەکانی ئێراندا، بەڵام هیچ کاتێک وەکو ئەمجارە نەبۆتە پێشەنگی هەموو گەلانی ئێرانو مەشخەڵی شۆڕشی گرتۆتە دەست. لێرەدا ژنێکی کورد دەبێتە سیمبوڵی شۆڕشو ڕاپەڕینێک بۆ هەموو گەلانی ئێران، لەهەمانکاتیشدا ئەو دروشمانەی کە ئەمڕۆ بۆتە دروشمی شۆڕشەکە، لەلایەن کوردەوە دانراوە، لەهەموشی گرنگتر حزبە کوردستانییەکانیش لەڕێگەی “ناوەندی حزبە کوردستانییەکان” ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوە لەم ڕوداوە سیاسییە گەورەدا. لەکاتێکدا لەناوچەکانی تری ئێران تائێستا هیچ لایەنێکی سیاسیی ئێرانی ڕۆڵی بەهێزیان نییە.
لێرەدا گرنگە ئەو ناوەندە هەموو حزبو لایەنە کوردییەکان بگرێتەوە، هەروەک چۆن لەسەرەتای ڕاپەڕیندا بەرەیەکی کوردستانی فراوان هەبوو، هەرچەندە بەداخەوە دواتر ئەم بەرەیە نەیتوانی حوکمێکی دادپەروەرانەو ئازادو باش بۆ باشوری کوردستان بەرهەمبهێنێت.
دیاردەی دزێوو خراپ
بەداخەوە وەکو هەموو شۆڕشێک کۆمەڵێک ڕوداوی ناخۆشو دزێویش لەم ڕاپەڕینە جەماوەرییانەدا بینیمان، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەمامەڵەی خراپی خەڵکیە لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانەوە هەیە، ئەم دیاردەی تۆڵەسەندنەوەو ڕشتنی خوێنو ڕقو کینەیە، لەجیاتی سود بەخراپ دەشکێتەوە بۆ سەر بزوتنەوە جەماوەرییەکە، نابێت خەڵكی بۆ لابردنی دەسەڵاتێکی خراپ، شێوازی خراپ بەکاربهێنن، چونکە هەموو دیاردەیەک کە ڕێزو شكۆی مرۆڤ بشکێنێت، بەخراپ بۆسەر بزوتنەوەکە دەشکێتەوە، چونکە سبەی هێزێکی تر دەسەڵات دەگرێتە دەست، شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی بەخۆی دەدات، کە هەموو نەیارانی لەناوبەرێت.
شۆڕش یان چاکسازیی
لێرەدا چ لەناو خەڵکیو چ لەناو دەسەڵاتدارانو دەزگاکانی حکومەتی ئێراندا، قسەو باسی زۆر لەبارەی چاکسازییو گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکرێت. لەناو خەڵکیدا قسەوباس تەنها لەڕوخانی ئەم ڕژێمەیە، هەرچەندە بەشێکیش لەو باوەڕەدان کە دەکرێت چاکسازیی لەم ڕژێمەدا بکرێت، ئەمەش لەترسی دروستنەبونی پشێوییو نائارامی، یان ترس لەداهاتوی خراپتر کە حوکمێکی سەربازییو دیکتاتۆری بێتەسەر دەسەڵات. لێرەدا بەبڕوای من زۆر گرنگە چ خەڵکیو چ دەسەڵاتدارانیش ئەگەر بتوانن هەوڵی چاکسازیی بدەن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بەئازادییە سیاسیو مەدەنییەکانو باشترکردنی بژێویی ژیانە.
بۆ کوردیش گرنگە پێش هەموو شتێک داواکارییە نەتەوەییەکانی لەپێش هەمویان مافە کەلتوورییو سیاسییو ئابورییەکانی لەئێرانی داهاتوو دیاریبکات. لەهەمانکاتیشدا چ لەگەڵ دەسەڵاتو چ لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری ئێران، هەماهەنگییو پەیوەندیی هەبێت.
بەدڵنیاییەوە ئەم خۆپیشاندانانەی ئێران، ڕۆڵو کاریگەری گەورەیان دەبێت بەسەر هەموو گەلانی ئێرانەوەو هەنگاونانیشە بەرەو قۆناغێکی نوێ تر، کە تەواو جیاواز دەبێت لەوەی پێشتر.