ئایا کۆنگرەی (شرم الشیخ) زەوی ڕزگاردەکات؟
حسێن مهحمود
وابڕیارە لەڕۆژانى 6 تا 18ى نۆڤەمبەری ئەمساڵ کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بەکەشوهەوا لەهاوینەهەواری (شرم الشیخ)ی میسر ببەسترێ.
دیاریکردنی میسر بەپێی سیستەمێکی بەنۆرەیە کە لەنێوان کیشوەرە جیاوازەکاندا دیاریدەکرێتو هەرساڵەی لەوڵاتێک دەبەسترێ. لەم کۆنگرەیەدا نوێنەری 197 وڵاتی جیاواز بەشداریدەکەن کەتایبەتە بەگفتوگۆکردنی کەشوهەواو ئەو مەترسیانەی ڕوبەڕوی جیهان بونەتەوە لەئەنجامی گۆڕانی ئاووهەوا. گۆڕانی ئاووهەوا بەیەکێک لەمەترسیدارترین پرس دادەنرێ کە ڕوبەڕوی مرۆڤایەتی بۆتەوە. ئەم کۆنگرەیە بەشێکە لەڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی ipcc کە زۆبەی وڵاتان تێیدا بەشدارنو ئامانج لێی سنوردارکردنی چالاکی مرۆییە بەسەر ئاوو هەواوە. کۆنگرەی شرم الشیخ بەبیستو حەوتەمین کۆنگرە دادەنرێ کە لەم بوارەدا سازدەکرێ.
جیهان چی لەم کۆنگرەیە دەوێ؟
یەکێک لەمەترسیە هەرە سەرەکیەکان کە ڕوبەڕوی مرۆڤایەتی بۆتەوە بریتیە لەگۆڕانی ئاوو هەواو کاریگەری ڕاستەوخۆی کردۆتەسەر بەشێکی زۆر لەدانیشتوانی سەرگۆی زەوی. شەپۆلی وشکەساڵی توندو کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، وشکبونی ڕوبارەکانو دابەزینی ترسناکی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، زیادبونی گەردەلولە خولگەییەکانو لافاو لەدەرکەوتەکانی گۆڕانی ئاوو هەوان، ئەم مەترسیانە مەترسی گلۆبالینو هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤایەتی.
هۆکاری سەرەکی گۆڕانی ئاووهەوا بەپلەی یەکەم بریتیە لەچالاکی پیشەسازیی وڵاتە پێشکەوتوەکان کەبڕێکی زۆر لەگازە گەرمی پارێزەکانی وەک دوانەئۆکسیدی کاربۆنو میثانو دوانەئۆکسیدی نیترۆزو چەندین گازی تر فڕێدەدەنە ناو بەرگەهەواوە. ئەم گازانە دیاردەی قەتیسبونی گەرمی دروستدەکەنو دەبێتە هۆی گۆڕان لەڕەگەزەکانی کەشوهەوا، کە سەرەکیترینیان بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمیە، ئەم کۆنگرەیە دەیەوێ پلەکانی گەرمی چیدیکە بەرزنەبنەوەو سنورێک بۆ چالاکیە مرۆییو پیشەسازیەکان دابنرێ. ئامانجێکی تری کۆنگرەکە هاوکاری مادی وڵاتانی هەژارە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاکامەکانی گۆڕانی ئاوو هەوا.
ئەوەی جێگهی سەرنجە وڵاتە پیشەسازیە گەورەکان بەرپرسیاری یەکەمن لەفڕێدانی گازە گەرمی پارێزەکان بۆ بەرگەهەوای زەوی وەک ئەمریکاو چینو وڵاتانی تر، بەڵام ئەو وڵاتانە ئامادەنین ئەو بەرپرسیاریەتە لەئەستۆ بگرن، چونکە دژی بەرژەوەندیە ئابوریەکانیانە، هەربۆیەش ئامادەنین ڕاسپارەکانی کۆنگرەکە جێبەجێبکەن، لەسۆنگەی پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوریو کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە پێناچێ هیچ کام لەم وڵاتانە ئامادەبن هیچ هەنگاوێک لەم بوارەدا بنێن کە لەبەرژەوەندیی ژینگەو زەویدابێت، کار وابڕوا نەک ژینگە ناپارێزرێ، بەڵکو زەوی پێویستی بەهەناسەدانی دەستکرد دەبێت.