گوتار

فشارو گوشارەکانی توندوتیژی و پارە

عادل عوسمان
جیھان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیارو پڕ لەقەیران و بێ چارەیی و بەرەو پێشچوندا، دەگوزەرێت. جیھانی فەرمی قەیرانەکانی وێرانکەرو کوشندەیە، بۆی چارە ناکرێت و کێشەکانی خۆی ڕەوانەی دەرەوە دەکات و لەڕێگەی دابینکردنی خۆشگوزەرانی ناوخۆییەوە، گەل و کۆمەڵگەکانی خۆیان دەخەڵەتێنن. ئەم دۆخە بە گوشارو دزی و گەندەڵی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیاو ئەفریقا دەستەبەر دەکەن. بۆئەوە ھەلومەرجێکیان لەم وڵاتانە دروست کردوە کەمرۆڤ، خاوەنی خۆی نەبێت، خۆی نەناسێت و ئاستی گوزەرانێکی مرۆیی بەخۆی ڕەوا نەبینێت. ئەم ھەلومەرجە لەڕێگەی کۆمەڵێک، چەقۆ کێش، بەڵتەجی، بەکرێگیراوو بکوژەوە لەم ناوچەیەدا بەڕێوەدەبەن.
دەوڵەت، حکومەت، حیزب، سەرۆک و بەرۆکەکان لەچوارچێوەی ئەو خواستەی دەوڵەتە زلھێزو بەناو پێشکەوتوەکاندا ئامادەو تەربیەت دراون. ھەرچی پێشکەوتنخوازی، سیاسەت و کاریانە بەپێی ڕێککەوتن و کارنامەکانیان، بۆ ئازادی بازاڕی دەسکەوتەکانی ئەوانە!. بازاڕی ئازاد، واتە دزی، گەندەڵی و ناردنەدەرەوەی سەرمایە، واتە دەست ئاواڵایی ئەوان بۆ دەستگەیشتن بە سەرمایەی سروشتی و مرۆیی و تاڵان و بڕۆ، واتە تایبەتی کردنی پیشەسازی، بازرگانی، واتە کردنەوەی بازاڕ بۆ خستنەڕوو فرۆشتنی کاڵا پڕ لەدەردو نەخۆشیەکانی ئەوان، واتە کردنەوەی ڕێگە بۆ لێسەندنی باج و گەورەکردنی بازاڕی باج و سەرانەی کوشندە، واتە گرانی و بۆسەرەوەبردن و بەرزکردنەوەی نرخ و بەھای کاڵاکان، واتە ھەڕاج کردنی خاک و نیشتیمان و خانووبەرە، واتە کوشتن و خۆکوژی وڵات و پێدانی باشترین سەرچاوەکانی سروشتی و خاکی بەپیت بەوڵاتانی زلھێزو بڕیاربەدەست لەپێناوی مانەوە لە کورسی و دەسەڵات و سەرۆکی حیزب، واتە نەگبەتی و نەھامەتی بۆ کۆمەڵگەو خەڵکەکەی و سودمەندبوونی مشتێک خزمەتچی بۆ خزمەتی زلھێزانی دەرەکی.
ئەم دۆخە بەقەیرانێک گەیشتوە کە دوو ھۆکاری ھەیە: یەکیان؛ ناکۆکی ناو وڵاتانی زلھێزی خاوەن ھێز بۆ تەمەعکاری زیاترو قازانج و دەسکەوتی زیاتر. ئەویتریشیان؛ بەخۆدا ھاتنەوەی گەلانی ژێردەست، لە خراپکاریەکانی بڕیار بەدەستتان لە ڕێگەی سەپاندنی ژیانێکی نەشیاو. ھۆکاری دوھەم کێشەکانی ناو سیستەمی تاڵان و گەندەڵی ئەوەندەی تر قوڵ و ناڕەحەت تر کردوە. ناکۆکیەکان بەئاستی ھوشیاری کۆمەڵایەتی و پرسیاری ژیانێکی ئازادو مرۆییانە گەیشتوە. کۆچ کە جاران ھۆکارێکی چارەسەری کێشەکان بەڕاکردن لەدۆخی سەپاوبو و پێویستیەکی پڕکردنەوەی بۆشایی پێویستی ھێزە مرۆییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوی ڕۆژئاوایی بوو. ئێستە ئەویش بوەتە بەڵایەکی گەورە. ئەمەش ھۆکارێکی تری بەخۆداھاتنەوەی ناوچەکەیە. وڵاتان ھەمویان بونەتە شوێنی قەیران و تەقینەوەی ناکۆکیەکان. کودەتا، ڕاپەڕینی جەماوەری ھەڵبژاردن و ھەڵبژاردنی پێش وەخت، ڕێک نەکەوتن لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دۆخی دەوڵەت و حکومەتەکانی نائاسایی و لەرزۆک کردوە. دەوڵەتی قوڵ نەبێت، دۆخەکە بەکەس ڕاناگیرێت. ئەمەش ھێندەی تر قەیران و ناکۆکیەکانی فراوانترو بێچارەتر کردوە.
ڕاپەڕینەکانی لوبنان، عیراق، تونس، مەغریب، ئێران، تورکیا و وڵاتانی تری ئەوروپی و قوڵبونەوەی کێشەکان، ھێرشی ڕوسیا بۆ ئۆکرانیاو ئامادەکاری چینی بۆ تایوان بەدوای خۆیدا ھێناو ھەڕەشەکانی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی قوڵتر کردەوە. سەرمایەی دەسەڵاتدارو فینانس گەیشتوەتە ئاستێک لەبەرامبەر قازانجدا دەیەوێت ژیانی مرۆڤایەتی تەفروتونابکات. ئەمەش ناڕەزایەتی و ھوشیاریەکی کۆمەڵایەتی جیھانگیری لەگەڵ خۆیدا ھێناوە.
توندوتیژی و گوشار لەڕێگەی دامودەزگای سەرکوتکارو بەھۆی پارەوە بەرھەمی ئەم ھەلومەرجەی سەرمایەی قۆرخکار، دزو گەندەڵە. ئەم سیستەمە لەدەرەوەی زەبرو زەنگ و فریو توانای درێژەدان بەخۆی نەماوە. بۆیە بەرھەمھێنەری باشترین دامودەزگاکانی توندوتیژی و فشارە. توندوتیژی لەبنچینەدا دروستکراوو لەدایکبوی ھاوکاتی سیستەمی دزو گەندەڵە. بۆیە لەھیچ قۆناغێکدا بەبێ توندوتیژی، جا چ ئاست نزم، مام ناوەند یان بەرزبوبێت، نەیتوانیوە درێژە بەژیانی خۆی بدات.
لەئەنجامی قوڵبونەوەو گەورەبونی چاوچنۆکی سیستەمە قازانجپەرستەکاندا، کێشەگەلەکانی سەر کۆمەڵگە بەھەموو چین و توێژو پێکھاتەکانیەوە زیادی کردوەو بوەتە گوشارێکی کوشندە. کۆمەڵگەش بەھۆی زیندوییەتی و ھوشیاریەکەیەوە، گەیشتوەتە ئاستی قبوڵ نەکردنی ھەلومەرجی خراپی سەپاو. لەناوچەکەدا بەخۆھاتنەوەیەکی ھوشیارانە دروستبوە، کە بنچینەکەی ئەو زوڵم و ستەمە بێ پایانەیە کە لە کوردو ڕەگەزی ژن دەکرێت. ئەم دوانە بونەتە دوانەیەکی تێکۆشانی پێکەوەیی لەناوچەکەدا کە کاریگەری لە زھنیەتی گشتی کردوە. ئەم دوانەیە، کورد – ژن یەکیەتیەکی تێکۆشەرانەیان خوڵقاندوە، کەبونەتە ھیوای ھەستانەوەی تێکۆشان و ژیانێکی ئازاد.
لەئەنجامی بەدەستھێنانی ھوشیاری دوانەی کورد – ژندا تێکۆشانی کورد – ژن بەئاستێک گەیشتوە، کە ناوەندەکانی سیاسەتی فەرمی جیھانی قسەو گفتوگۆ لەسەر ئەو دوانەیە بکەن و کورد و ژنی ئازاد مۆری خۆیان لە تێکۆشانی سەردەم بدەن. توندوتیژی و گوشار ئەگەر بەرھەم و کاردانەوەی سیستەمی دەسەڵات دەوڵەتە، ئەوا تێکۆشان و بەرخۆدان وەڵامی بەرامبەر ئەو ھێرش و توندوتیژی و گوشارەیە. لە کوێ گوشار ھەبوو بەرخۆدان ھەیە. لەکوێش بەرخۆدان ھەبوو توندووتیژی ھەیە. بۆیە بەرخۆدێران توندوتیژ نین، بەڵکو تێکۆشەرانی تێکشکاندنی توندوتیژین. لێرەوەیە ھاوکێشەی پەیوەندیەکان، جێگەو پێگەکان دەردەکەون و بەرەکان جیادەبنەوە. سیستەمی فەرمی زۆرکات توندوتیژی نابێتە فریاد ڕەسی، بۆیە مۆڵگەیەک لە ڕۆشنبیرانی فەرمی و پێنوس بەدەستان دەخاتە گۆڕێ و لەڕێگەی خۆشگوزەرانی، تەخشانی پارەو ڕابواردنەوە مەستیان دەکات و دەیانکاتە کۆیلەی بەدیھێنەری ئامانجە فەرمی و شاراوەکانی خۆی و بەکاریان دێنێت.
کاتێک تێکۆشانی ئازادی دەگاتە ئاستی بەدەستھێنانی دەسکەوت و بەرھەمھێنانی ڕۆحیەتی سەرکەوتن و ژیانەوە، ئەم چەپکە ڕۆشنبیرە فەرمیە! بۆئەوەی ئەم دەسکەوت و سەرکەوتنانە نەبنە ھوشیاری و دەسکەوت و لەڕۆحی مرۆڤەکاندا جێگیرنەبێت، دەکەونە حەملەی ڕاگەیاندن، نوسین و کۆڕو سیمینار گرتن. لەڕێگەی ئەو کارانەوە ژەھری پاراستنی سیستەمی فەرمی دەڕێژن و ڕۆژەڤی دروستکراو بەرھەم دێنن و لەڕێگەی تیڤی، شاشەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەیکەنە ھەڵڵاو حەملە و ھێرشی ڕاگەیاندنی.
ئەم ڕۆژانە کە شۆڕشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر چەمکی “ژن، ژیان، ئازادی” دا، دەنگی ھەڵبڕیوەو بوەتە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی و کەریگەری لەسەر ئێران و ناوچەکەو جیھان کردوەو ھەرچی دەچێت گەورەو قوڵ دەبێتەوە پشتیوانیە جیھانیەکانیش گەورەو فراوانتر دەبنەوە. لەھەرێمی کوردستانەوە بە دەسەڵات، پارت و ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنە ئاشکراو سێبەرەکانیانەوە کەوتونەتە شەڕێکی نەشیاوو دروستکردنی ڕۆژەڤگەلێکی دروستکراو بۆ لابردنی سەرنجی خەڵکی باشور لەسەر پێشکەوتن و دەسکەوتەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
لەبەر ئەوەی کاریگەریەکانی ئەو شۆڕشە زھنیە لەباشو دروست نەبێت و نەبێتە پشت و پەنا بۆ تێکۆشانی ژنی ئازادی ڕۆژھەڵات. چونکە ھەرکاتێک کورد لەباشور ببێتە ھێزو پشت و پەنا ئەوا قیامەتی مەرگی داگیرکەرە. بۆیە تەواوی ھێزەکان کەوتونەتە خراپ بەکارھێنانی تواناو ھەبونەکانی سیستەمی فەرمی لەدژی کۆمەڵگە. کامەڵگە لەژێر فشارو گوشارێکی ڕێکخراوو بە ئامانجدایە. بەڵام تاکۆتایی ناڕازی و خۆ خۆرەوەیە، بۆئاستی کڵپەو تەقینەوە ھەڵدەکشێت. ئەم ناوەندە ناوەندێکی ھەرە خراپی گوشارو فشارەو ھێزی گوشاریش خۆ بەڕێکخستن کردوە. بەڵام بێ بنەماو بێ ھاوپشتی جەماوەریە، پشت بە ھێزو توندوتیژی دەبەستێت. ھێزەکەشی لە پەرتەوازەیی کۆمەڵگەی ناڕازی وەردەگرێت. کاتێک ئەو کۆمەڵگەیە بە ئاستی ھوشیاری یەکگرتن گەیشت، زەنگی مەرگی سیستەم کۆتایی دێت و لەگەڵ خۆیشیدا وەسیلەو توندوتیژیەکەی بە ڕەفەکانی مێژوی ڕەش دەسپێرێت. کۆمەڵگەی یەکگرتوو، پێکەوەیی و ئاشتەوا ھێزی چارەسەری تەواوی کێشەو ناکۆکیەکانی ھەیەو دەشی کات و لە ھەڵکشانی ئەو چارەسەریە کۆمەڵایەتی دیموکراتیکەدایە. بەوە کۆمەڵگە وەردەچەرخێتە سەر کۆمەڵگەیەکی ھوشیار، پڕ لە وزەی گفتوگۆو چارەسەی و بەشداری. ئیتر سیاسەت ئیشی بەڕێوەبردن، چارەسەری، بەشداری و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی ئازادە، کە ھەموان پێکەوە بنچینەکەی پێکدێنن و بەوە توندوتیژی و سیستەمەکەی و وەسیلەکەی کەپارە دەسەڵاتە لەگۆڕ دەنرێت.
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button