گوتار

ئێزیدییەکان؛ “تا گەیشتن بە خەڵکێتی”

بیسمیلا، بەناوی مەلەک‌تاووسی مەزن

 

بڵند ئێزەدی

١– پاش چەند دەیەیەک لە حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان ئێزەدییەکان بە دەیان جۆری جینۆساید و سڕینەوەخوازییدا تێپەڕیون و ئێستایش بەوجۆرەی خۆیان “ڕایدەگەیەنن” گوزارشت لە خەڵکێتیی خۆیان دەکەن. ئەم مۆدێلە لە خەڵک‌بوون لەپاش شکستی ئەو نوێنەرایەتییەی ئیسلامیزم دێت کە لەژێرناوی دەنگدەرانی “هەرێمی کوردستان” و کاریگەرییان بەسەر هۆشیاری و پەروەردەی کۆمەڵگاوە، خۆی وەکوو “زۆرینە” پێناسە دەکات. چیتر شەنگالییەکان و ئەوانەی خەڵکانی پەراوێزخراو و تووڕدراون[١]، دەیانەوێ بەو درووشم، ڕێکخستن و جۆری بوونەوە درێژە بە خەبات و جۆری هەبوونی خۆیان بدەن کە توانای گوزارشتی لە خەڵکێتیی خەڵکانێک هەبێت کە سێ دەیەیە لەناو کۆمەڵگە و حکومڕانییدا تووڕ دەدرێن و دەکرێنە دەرەوە. بەڵام بەقەولی ئالێن بەدیۆ، دەیانەوێت ئیمکانێکی دیکەی “خەڵکێتی” تاقیی بکەنەوە.

٢– دەبێت ئەو بوێرییەمان هەبێت دان بەوەدا بنێین ئەوەی لەمڕۆدا پێی دەگوترێت هەرێمی کوردستان و ئەو بینا بەرز و پڕۆژەی نیشتەجێبوونانەی بۆ “خەڵکانێک” بەرهەم دێن، ناتوانن و توانایان نییە نوێنەرایەتیی “خەڵک”ـی ئەو ناوچەیە بکەن و مەوداکانی ئەو خاوەندارێتییە تا دێت بەرتەسک دەبنەوە. لە سەدەی بیستدا و لەو خەباتە نەتەوەییەی “گەلی کورد/خەڵکی کورد” لە باشووری کوردستاندا سەرپێخرا، پاشناوی خەڵکی باشووری کوردستان ئەو ڕەوایەتییەی هەبوو کە لە ئازادیخوازیی نەتەوەیی[٢] شێوازی بوونی خۆی ڕێک خستبوو. ئالێن بەدیۆ لە یەکێک وتارەکانی نێو کتێبی “خەڵک چییە؟” بەناوی (بیست و چوار سەرنج دەربارەی بەکارهێنانی وشەی “خەڵک”)[1] پێی وایە وشەی خەڵک لەو سیاقانەی کە دەبنە سیاقی ئازادییخوازی نەتەوەیی وەکوو “گەلی ڤێتنام” لە سەردەمی جەنگی ئازادییخوازیی نەتەوەییدا[٣] دۆخێکی چالاکانەی وشەی “خەڵک”ن ئەویش بەڕووی ستەمکارێکی کۆلۆنیال یاخود داگیرکەردا. لەم ئاستەدا ئەم ڕەوایەتییە لە چەمکی خەڵکدا ئەوکاتە حەقیقیی بوو کە مافی دانپێدانانی لێ زەوت کرابوو، یان وەک ئالێن بەدیۆ ئاماژەی پێ دەدات: “لە ڕاستییدا “گەلی ڤێتنام” تەنها بە مانای بوونی خەڵکێک دێت درووست لەو کاتەی مافی دانپێدانانی وەک نەتەوەیەک لێ زەوت کرا.”[2]

٣– پاش درووستبوونی حکومڕانیی کوردی لەژێرناوی “هەرێمی کوردستان”دا چوارچێوەیەکی “دانپێدانراو” بەناوی گەلی کورد یاخود خەڵکی کورد وەکوو بەشێک لە ستاتوسێکی سیاسیی دامەزرا. ئەم دامەزراوەیە وەکوو هەرێمێک لەناو دەوڵەتێکی فیدراڵییدا گەلێ ساڵ هەژموونی بەسەر ناوەندیشدا هەبووە. پاش دامەزرانی ئەم حکومڕانییە، چیدی دەربڕینی “گەلی کورد/خەڵکی کورد” بێڕەواج و هەڵگەڕاوەی خۆی دەبێت. بەقەولی ئالێن بەدیۆ، هەرکە دامەزراوەکە پێک هات و “ڕێکخرا و خرایە نێو “کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”ـیەوە”[3]، ئەو خەڵکەی دەوڵەتەکە بانگەشەی لێپرسراوێتیی دەکات، لە سوژەی سیاسیی دەکەوێت.” بەمجۆرە چیدی گەلی کورد لە باشووری کوردستان ناوێک نییە بۆ هەمووان، بەڵکوو ئامادەیی گوتاری ئیسلامیزم لە ساڵانی ڕابردوودا و تێکەڵبوونی لەگەڵ خێڵگەراییدا دەسەڵاتێکی پێک هێناوە کە ئێزیدییەکان و دەیان پۆلی دیکە پەراوێز دەخەن و ئەو “خەڵکە”ی مۆری دەسەڵاتی لێ دەدرێت دەبێت بە حەشاماتێکی ناچالاک[٤]. بەکورتی لای بەدیۆ کاتێک چەمکی خەڵک هاوەڵێتیی دەکرێت لەلایەن هاوەڵناوێکی نەتەوەییەوە، تەنها دەکەوێتە نێوان دوو چوارچێوەوە: یان لە دۆخ و سیاقەکانی جەنگی ئازادیخوازیی نەتەوەییدایە، یانیش لە پاشتردا دەبێتە کاتیگۆرییەکی ناچالاکی دەوڵەتەکان، وەکو گەلی فەڕەنسی و ئاڵمانی و هتد…

٤– بەڵام هەمیشە وشەی خەڵک ئەو ئیمانێنتە ئاوارتەیە[٥] درووست دەکات کە دەتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بە سوژەیەکی سیاسی[٦]. شایەتیدان بەوەی کە لە باشووردا خەڵکانێک لە گۆڕەپانی سەرا دەیانویست ئەم خەڵکە بن. ئەو خەڵکانەی لەوێ بوون دەیانویست مانای خەڵکێتیی لە کۆبوونەوەی سەرادا بەدەست بێنن. یانیش وەک لە نامیلکەی تێزەکانی سەرادا هاتووە، “…حەڤدەی شوبات دیسان دەبوا لەسەرا ڕوو بداتەوە، چونکە تەنیا ئەوێ مابوو کە خەڵکی لێ مابێت، خەڵک بە مانای ئەوانەی دەرکرابوون، ئەوانەی کە نە لە چینەکانی سەرەوەی بۆرژوازیی بوون، نە کاربەدەستی حیزبی، نە بەرهەمهێنەری کەلتووریی و نە کارمەندی حزب و حکومەت.”[4]، بەڵام لە دواتردا دووبارە پانتایی سیاسی و تێکۆشینی “خەڵک” لە ڕێگەی پەرلەمانتاریزم و بردنی ئەم ئیرادەیە بۆ نێو ژوورەکانی پشت پەردە و تاوەرە بەئاسمانچوووەکاندا لە دوو بەرزاییەوە کە لە خەڵکانێکی پەراوخێزراو دەڕوانن: دەباشان و سەری ڕەش. ئەم حکومدارییە لە بەرزاییەکانەوە لێسەندنەوەی مانای سیاسی بوونە لەسەر شەقامەکان، لەو شوێنانەی کەوا پەراوێزخراون. ئەم خەڵکانەی وا لە دەوروبەری سەران خەڵکانێکن تەنانەت بەکەڵکی سەرمایەش نایەن، هەر بۆیە بوون لە “سەرا” هاوکات خواستیش بوو بۆ نەبوون بە سەرمایەکراو[٧].

٥–  لە دۆخی ئەمڕۆدا شەنگالییەکان (ئەوانەی لەلایەن هەمووانە و بەتایبەت ئیسلامیزم، ڕەمزییانە و واقعییانە قڕ دەکرێن) مانای خەڵکێتیی خۆیان لە دەرەوەی ئەو ستاتوسەوە بەدەست دێنن کە دەتوانێت ئەو گۆڕەپانەی دەیانەوێت سیاسەتی تێدا بکەن، دوانەخرێت بۆ نادیار، بەڵکو وەکوو بەدیۆ ئاماژەی پێ دەکات، ڕێک لێرەدا[٨] و بەبێ دواخستنی بۆ نادیار دەبێت ڕوو بدات و ئەوان بوونی خۆیان بەدەست بهێنن. بۆیە زۆرجاران سەرلێشێواویی درووست دەبێت کە دەگوترێت “گەلی ئێزیدی.” وشەی گەل/خەڵک لێرەدا چالاک کراوە بۆ دۆخی بزووتنەوەیەک و ڕێکخستنێکی سیاسی و کەلتوریی بە واتای ئەو ئیمکانەی کوردبوونە کە جۆرێکی تایبەت و سەربەخۆ و دابڕاوە لەو “چەقبەستووییە دەستوورییە”ی دەربارەی چارەنووسی هەیە. ئەوەی لە شەنگالدا ڕوو دەدات خواستە بۆ بەخەڵکبوونەوە بەرانبەر ئەو ستەمەی ساڵانێکە بەنوێنەرایەتی شەریعەتی ئیسلامیزم لەسەر ئێزیدییەکان هەیە. خۆ ئەگەر بڕیار بێت مافی ئەمان دواخرێت بۆ دەوڵەتە “دواخراو”ەکەی “ناسیۆنالیزمی ئیمۆجی”، ئەوا شتێکی سەیر نییە؛ ئەوان هەر سەر بە هەمان ئەپستمەی خوێنڕێژ و جینۆسایدچییەکانی دەوڵەتە قیامەتگەراییەکەی[٩] زایۆنیزمن.

٦– پێویستە بوێریی ئەوەمان هەبێت دانی پێدا بنێین ئیسلامیزم لە باشووری کوردستان لەنێو زیهنییەتی سیاسییدا، چەند دەیەیەکە جینۆسایدی ئێزەدییەکان بە جۆری تایبەتمەندی خۆی بەڕێوە دەبات. هەر لەوەوە کە خەڵکانی پەراوێزخراو و دەرکراون، تا دەگات بە نەفرەتلێکردنیان لە سەرلەبەری ژیانی ڕۆژانە، تا ئەو ڕادەیەی لەدایکبوونی دەربڕینی “نانی دەستییان حەرامە.” دەبێت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تێبگات و بزانێت کە لەناوبردنی فرەیی، تاکڕەوێتی و هەرجۆرە ئایدۆلۆژیایەکی “یەکخواز” دەرئەنجامی ڕەتکردنەوەی دەبێت لەلایەن ئیمانێنتێک کە هەمیشە بریتییە لە کۆمەڵگەیی‌بوون[١٠]، ئەم مۆدێلی دەرکردنە و درووستبوونی خەڵکێک کە گوایە جەماوەری گەلی کوردن وشەیەکی فریودەرە و بەشێکە لە میکانیزمەکانی سەرکوتکاری. بۆیە ئەو خەڵکانەی دەکرێنە دەرەوە مافی ئەبەدیی خۆیانە مۆدێلێکی جیاواز بدۆزنەوە تا بڵێن ئەوە ئێمەین خەڵکانی حەقیقی[١١] بەقەولی ئالێن بەدیۆ. ئەم خواستە نابووتەی کە ئەمڕۆ لە شێوەی “ناسیۆنالیزمی ئیمۆجی”دا خۆی نمایش دەکات، پێویستی و خۆراکی ئەو ستەمەیە کە تەنها لەنێو یەکشێوە و یەکشێوازی حکومدارییدا ئەوانی دیکە قەبووڵ دەکات، بەڵام لەقییەکەی ئەوەیە کە کوردبوون خۆی ناوکێکی بەهێزی ئەم فرەییەیە – هۆکاری ئەم ناوکە بەهێزە پەیوەندی بە ڕیشەی بەهێزی کۆمەڵگەیی‌بوونەوە هەیە کە ڕەهەندێکی مێژوویی-کەلتووریی هەیە لەم ناوچەیەدا. ئەم خواستی یەکخستن و یەکجۆری و یەک‌شێوەیی لێکردنە ڕێشەیەکی دژەخەڵکانەی هەیە و هەر مۆدێلێک کە خواستی بەهێزکردنی فرەیی لە شێوەی خۆبەڕێوەبەرییەکی دیموکراتییانەدا هەیە ڕەت دەکاتەوە.

٧– هەمیشە لەناو ئەم ستەمەدا لە “خەڵک” و ئەم  ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی نێو ژوورە نهێنییەکان دژ بە چەمکی “خەڵک”، ئەوانەی هەڵدەگەڕێنەوە و بە خیانەتکار ناو دەبرێن ئەوانەن کە ناکەونە ژێرباری ئەم “یەک‌لێکردنە” و هەبوونە ستاتوسپەرستییە، بەڵکوو ئەو ناوکە بەهێزەی خەڵکێتیی شێوە و ڕێگەی دیکە دەدۆزنەوە کە بوونی خۆیانی تێدا مسۆگەر بێت؛ خۆ ئەگەربێتوو ئەم هەنگاوە هەڕەشە درووست بکاتەوە، خەبات لە شوێنی دیکەوە خۆی سەرهەڵدەداتەوە. بە تایبەت لە شەنگالێکی برینداردا کە بۆنی خوێن هێشتا لە گۆڕستانەکانی دێت. هاوتا لەگەڵ ئەو ڕێکخستنە نوێیەی خەڵکانی شەنگال دەیخوازن، ڕێکخستنی ژنان و دیموکراتیزەی ئایینی و کۆمەڵایەتی لەم سوژە سیاسییە نوێیەدا بەشدارە. لەبیرمان بێت کە تیرێژ شەنگالی، ئەندامی فەرمانداری گشتیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)، لەچاوپێکەوتنێکدا گوتی کە “ئێزیدییەکان پێویستییان بە گرەنتی مانەوە و بەردەوامی و پاراستن هەیە، بەڵام هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لێرە نییە.”[5]

٨– لە دەستپێکی وتارەکەیدا و لە ڕاگەیاندنی فەرمیی هێزەکانی یەبەشە لەناو سوپای ئێراق، تیرێژ شەنگال بە “بیسمیلا، بەناوی مەلەک‌تاووسی مەزن” دەستی پێ کرد. لەمڕۆدا دوو بیسمیلا گوزارشت لە سەرهەڵدانێکی نوێ و سوژەیەکی نوێی سیاسیی دەکەن، یەکێکیان لە بیسمیلا، تاریکییە “Bismillah, c’est les ténèbres” و بیسمیلاکەی تیرێژدایە. بیسمیلا ڕۆژئاواییەکە لە دەرکراو و فڕێدراوەکان و یاخیبووەکان و هەموو ئەو تانەوتەشەرانەی دیکە پێک دێن کە پەنابەران و خەڵکانی کرێکاری فەڕەنسا و وڵاتە ڕۆژئاواییەکانن، لە بزووتنەوەی خوێندکارانی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵاتی و هەموو ئەوانەدان کە دەخوازن خەڵکێتیی بەدەست بهێنن. بەڵام لە ڕۆژئاوا ئەو خەبات و ڕەهەندە خەباتگێڕییانەی نابینرێت، بەڵکو هەرشتێک کە سەر بە زۆرینە Majority نەبێت، ئەوا دەبێتە جێسەرنجی ماس‌میدیا و سکانداڵسازیی ڤێرچواڵ. لەلایەکی دیکەوە بیسمیلاکەی دیکە لە شەنگالەوە، بیسمیلایەکە لەسەر بنەمای بانگهێشتی پێکەوەیی و پێکەوەژیان کە دەخوازێت ئەو چەقبەستوویەی لەژێرناوی حەشاماتێک لە “خەڵک” درووست بووە تێک بشکێنێت. ڕەهەندە فرەییەکەی ئەم ئینتیگراسیۆنە ئامادەیی هێزی یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە)یە هاوشانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە).

[١] Marginalized People

[٢] National Liberation

[٣] The war of national liberation

[٤] Passive mass

[٥] Immanent exception

[٦] Political subject
[٧] Capitalized
[٨] Right here

[٩] Apocalyptic

[١٠] عەبدوڵا ئۆجالان وشەی “کۆمین” بەکار دەبات، دەستەواژەکە لە وەرگێڕانی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیک، لەلایەن نەجیبە قەرەداخییەوە بەکار براوە. لە ڕووی ئیتمۆلۆژییەوە وشەکە ڕیشەیەکی کوردی هەیە و بەمانای کۆبوونەوە لەیەکەمین شێوەی فۆڕمی کۆمەڵگەییدا دێت.
[١١] True people

[1] Alain Badiou, “Twenty-Four Notes on the Uses of the Word ‘People’,” in What Is a People? (New York: Columbia University Press, 2016).

[2] Alain Badiou, “Twenty-Four Notes on the Uses of the Word ‘People’,” in What Is a People? (New York: Columbia University Press, 2016). P. 25

[3] Alain Badiou, “Twenty-Four Notes on the Uses of the Word ‘People’,” in What Is a People? (New York: Columbia University Press, 2016). P. 25-26

[4] مەنسوور تەیفوری – هاوار محەمەد، تێزەکانی سەرا، نامیلکەی ئەلیکترۆنی، ٢٠١٧، ل.٨.

[5] https://www.youtube.com/watch?v=PCfX7R5oDg0

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.