هاوار محەمەد
لەم ڕۆژانەدا ڤیدیۆی چالاكوانێكى ژینگەیى لە میدیا و سۆسیال میدیاكانى كوردستاندا زۆر بڵاوكرایەوە(۱). لە ڤیدیۆكەدا گێرێتا تونبێرگى ئەكتیڤیستى ئیكۆلۆژیى، لە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوای کۆپ ۳۱، کە لە شاری ئەنتاڵیای ڕۆژئاوای تورکیا ڕێک خرا بوو، وتەیەک پێشکەش دەکات و تێیدا ڕەخنە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و لە ئەجێندای کۆنفرنسەکەش دەگرێت؛ بەڵام لەو ڕەخنانەشی ڕادیکاڵتر ئەوە بوو کە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی “دادپەروەرى بۆ كوردستان”. ئەم وتەیە لە نێوجەرگەى دەسەڵاتى توركان و لەبەردەم هەموو میدیاى وڵاتەكەدا بۆ زۆركەس هەڵوێستێكى بوێرانە بوو، بۆیە لە ڕووبەرێکی فراوانی پلاتفۆرمەکانی ئێکس و فەیسبووکدا دەنگی دایەوە. وێڕاى دەستخۆشى و پێزانینم بۆ هەڵوێستى گێرێتا، مەبەستم نییە لەم نووسینەدا گێرێتا وەک پاڵەوان وێنا بکەم، بەڵکوو مەبەستەکە شتێكى ترە، ئەوەیە ئەم هەڵوێستە تەنیا وەك نموونەیەكى ئێجگار بچووك بۆ تاقیکردنەوەی بانگەشەیەک وەربگرین كە زڕ-و-تازەناسیۆنالیستەکان بۆ عەوام و ڕەشەخەڵك لە سۆسیال میدیاى كوردیدا بڵاویان كردووەتەوە. ئەویش ئەوەى گوایە “چەپ دژ بە دۆزى كورد”ـە.
بە پێی ئەم بانگەشەیە، دژایەتییەکە تەنیا لەوێدا نەوەستاوە کە ستراتیژی ئینتەرناسیۆنالانەی چەپ لەگەڵ ستراتیژی ناسیۆنالیستی دەوڵەتی نەتەوەدا یەک ناگرێتەوە (کە گوایە ئامانجی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردە!)، بەڵکوو دەپەڕێتەوە بۆ “دژایەتیی کورد” وەک خودی کورد و هەر شتێکی تایبەت بە کورد.
گێرێتا تونبێرگ كێیە؟
چالاكوانێكى ژینگەیى گەنجى سویدییە، بە پلەى یەكەم داكۆكى لە پرسى ژینگە دەكات، ئەندامى بزووتنەوەى Fridays for Futureـە كە بزووتنەوەیەكى ژینگەیى ڕادیكاڵە لە سەرانسەرى ئەورووپادا، ئەندامەكانى تێكەڵن لە چەپ و لیبراڵ، ئەکتیڤیست و سەربەخۆ و مەرج نییە ئەندامى پارتێكى دیاریكراو بن، بەڵام خواستى گشتیى بزووتنەوەكە زیاتر لەسەر هێڵى بەرەنگاریى بارودۆخى هەنووكەیە و مەیلى دژە سەرمایەداریى تێیدا ئێجگار بەهێزە تا ڕادەى بەرزكردنەوەى درووشمى “گۆڕینى سیستەم، نەك گۆڕانى ژینگە”. Systemwechsel statt Klimawandel. لەنێو ئەم بزووتنەوەیەدا گێرێتا ئەندامى هیچ پارتێك نییە، بەڵام چەپەكان لەسەر هێڵى چەپ دەیبینن، واتە دواجار گێرێتا بەرەنگاریى كاپیتاڵیزم، نیولیبراڵیزم، فاشیزم، دەبێتەوە و هەر واشى كردووە. لەم ساڵانەى دواییدا گێرێتا بەرانبەر زایۆنیزمیش دەنگی هەڵبڕی و پشتیوانى خۆى بۆ دۆزى فەلەستین دەربڕی. کەواتە گێرێتا لەو چەپانەیە كە بە قسەى هەندێ زڕەناسیۆنالیست دژ بە جووەکانی ئیسرائیلن و دژەسامییەكى هاوپەیمانى “ئیسلامیزم”ـن! لەم بانگەشەیەدا “گەلی جوو=زایۆنیزم”/”گەلی فەلەستین=حەماس”. ئەم وەکیەکسازی و هاوشووناسکردنە، ئەم کورتکردنەوەگەرایی و هاوشێوەلێکردنە شێواندنی هەقیقەتە. شێواندنی هەقیقەتیش جۆری زۆرە، یەکێکیان ئەوەیە کە ژان-لوک نانسی باسی دەکات “دەستکارییەکی بچووک لە حیکایەتەکەدا بۆ شاردنەوەی تەواوی ڕاستیی ڕووداوەکە.” ئەو ئەمە بە جۆرێک لە “درۆ” دادەنێت. درۆ تەنیا پێچەوانەی “ڕاستگۆیی” نییە، بەڵکوو وەک دێریدا بۆی چووە پەیوەستە بە تۆڕێک چەمکی دیکەوە، وەک بەلاڕێدابردن، فێڵکردن، وەهم، چاوبەست، هەڵخەڵەتاندن. دێریدا بیری چووە ئەمەشی بۆ زیاد بکات: گاڵتەجاڕی.
بەهرەی موهەریجەکان
ئەوەی کە چەپەكان پشتیوانى دۆزى فەلەستینن درۆ نییە، بەڵام درۆكە لێرەوە دەست پێ دەكات کە ڕووداوەکان بەم جۆرە ڕیوایەت دەکرێن: چەپەکان پشتیوانی فەلەستین و حەماسن، ئیسلامییەكانیش پشتیوانی فەلەستین و حەماسن؛ کەواتە چەپەکان و ئیسلامییەکان هاوپەیمانن؛ تورکیای نیوئیخوانی و ئەردۆگانیش پشتیوانی دۆزی فەلەستین و حەماسن، کەواتە چەپەکان و ئیسلامییەکان شوێنکەوتەی توركیا و ئەردۆگانن. درۆكە بەردەوام دەبێت: ئەم چەپە هاوپەیمانانەى دۆستی ئیسلامیزمی توركیا و دژەجوو، “دژە كورد”ـیشن. بە مانایەكی تر: چۆن چەپ و ئیسلامیزم هاوپەیمانن، ئاوایش دژایەتیى جوو و دژایەتیى كوردیش پێکەوە گرێدراون. هەركەس دژى ئیسرائیل بێت، دژى كوردیشە! درۆکە بەردەوام دەبێت: ئەوەی لە سەدەی بیستەمدا کۆسپی لەبەردەم خەباتی کورد بۆ “بوون بە
دەوڵەت”ـدا درووست کردووە، چەپەکان بوون. ئەمە لە درۆکەی ئەم دواییەی ئەلیس ڤایدل ئەچێت کە وتی “هیتلەر ڕاستڕەو نەبووە، چەپڕەو بووە.” ئیدی بەم جۆرە درۆکە بوو بە نوکتەش..
ئەمە تێكەڵەیەكە لە نمایشی درۆ و قەشمەریات، واتە هونەرى ئاستنزمى موهەریجەكان. ئەو فیگورەی کە بەهرەکەی ئەوەیە بێبەهرەیی خۆی دەربخات. لە حیکایەتی “پینۆکیۆ”ـدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان “درۆ” و “لووت”ـدا هەیە؛ پینۆکیۆ بە درۆکردن لووتی درێژ دەبێت، واتە درۆ دەبێتە شتێک لە کاتی کردنەکەیدا ئاشکرا دەبێت و دەردەکەوێت، ئەم ئاشکرابوونەیشی جۆرێک لە تەریقبوونەوەی بۆ دروست دەکات بە جۆرێک کە حەز بکات ڕوخساری بشارێتەوە، یان هەڵبێت.
لە هونەری موهەریجەکانیشدا “لووت” ڕۆڵێکی دیاری هەیە؛ بەڵام لەبەرئەوەی درۆی موهەریج نوسخە کۆمیدییەکەی درۆیە و هەر لە سەرەتاوە دەرکەوتووە و هیچ تەریقبوونەوەیەک لەخۆی ناگرێت، بێ ئەوەی شتێکی ئەوتۆ حاڵی بووبێت، هەر بە قەشمەریات و خۆدەرخستنەوە خۆی بەنێو شانۆکەدا کردووە، بۆیە لووتی موهەریج لەبری ئەوەی درێژ بێت، ناقۆڵا لە جێی خۆیدا هەڵدەئاوسێت و سوور هەڵدەگەڕێت.
موهەریج ناهارمۆنییەتێکی زەقە؛ لەنێوان ستایلی جووڵە، لەشولار، پۆشاک و تەسریحەی موهەریجدا “ناڕێکی” نا، بەڵکوو بێ سەلیقەیی هەیە؛ لووتی سوور شتێک لە تەبایی دەخاتەوە نێوان ڕەگەزەکانی ئەم ناهارمۆنییەتە، بەڵام تەباییەکی تورپیسی (پۆلی پێچەوانەی ئێستاتیکی). ئەو لاساییکەرەوەیەکی ناشییە؛ لاسایی پۆست مۆدێرنیست دەکاتەوە شکست دێنێت، لاسایی مارکسیست دەکاتەوە و شکست دێنێت، لاسایی کۆمۆنیستی کرێکاری دەکاتەوە و شکست دێنێت، ماوەیەک هەر بۆ خۆشی خوو ئەیاتە پۆست کۆلۆنیالیزم، بە بڕوانامەی ناوەندییەوە خۆی وەک ئەکادیمییەکی نێو زانکۆکان دەردەخات، بەڵام لووتە سوورەکەی خۆی بۆ ناشاردرێتەوە، ئەبێتە ڕاستڕەو، دەبێتە ناسیۆنالیست، دواجار ئەبێت بە زایۆنیست و لەوانەشدا هەر دەبێتە جێگای پێکەنین. موهەریج هونەری گاڵتەوگەپ نازانێت، جۆکەر نییە؛ بەوە لە جۆکەر جیا دەبێتەوە کە ئەم خۆیەتی دەبێتە گاڵتەجاڕ. موهەریج لە سێرکدایە و کەچی هیچ ڕۆڵێكى سەرەكیى لە شانۆ یان سێركەكەدا نییە، تەنیا بۆ پشووی جەماوەر بە ڕەفتارى زەق و شپرزە و گێلانە دەتوانێت سەرنجى ئەوانیتر بۆ خۆى ڕابكێشێت، دەتوانێت پرسی جددى بگۆڕێت بە قەشمەریات، خەڵك بخاتە پێكەنین بەوەى خۆى بكات بە بابەتى پێكەنینەكە.
ئایا شتێك بە ناوى دژایەتیى كورد بوونى هەیە؟
بەڵێ بوونى هەیە. پێش چەند ساڵێک لە وتارێکدا باسم لە “دژایەتیی کورد” کردووە، ئەو تێزەم خستە ڕوو کە “بۆ فاشیستە دژەکوردەکان، هەموو کوردێک بەهۆی کوردبوونەکەیەوە تاوانبارە”. هێندە بەسە هەر کوردێک تەنیا لەبەرئەوەی وەک کورد بوونی هەیە، تاوانبار بێت. ئەمە تەنانەت لە دژایەتیی خاک و دەوڵەتیش ڕیشەییترە. فاشیزم دژ بە “بوون”ـە. دژایەتیی کورد بەرلەوەی دژایەتیی “دەوڵەتی کوردی” بێت، دژایەتیی “بوونی کورد”ـە، هەر بەو جۆرەی کە ئیمانوێل لێڤیناس دەڵێت دژایەتیی جوو، دژایەتیی “جووبوونی جوو” بوو. ئەوان هۆلۆکۆستیان بینی لەبەر ئەوەی جوو بوون. جووەکان هیچ دەوڵەتێکیان نەبوو، لەبەر ئەوەش کۆمەڵکوژ نەکران کە داوای دەوڵەت دەکەن؛ بە پێچەوانەوە، وەک ئارێنت لە “ئایشمەن لە ئۆرشەلیم”ـدا باسی دەکات، نازیزم لەگەڵ دەوڵەتدا بووە بۆ جووەکان، وەک جێگەیەک بۆ کۆکردنەوەیان و پاککردنەوەی ئەورووپا لێیان (گەرچی لە سیاقی تردا داواکردنی دەوڵەت دەشێت هۆی کافی بێت بۆ کۆمەڵکوژیی هەر گەلێک). لە سەدەی بیستەمیشەوە دژایەتیی کورد، فاشیزم بەرانبەر بە کورد، کۆڵۆنیزەکردنی خاکەکەی بوونی هەیە.
لە ڕوانگەى منەوە و بەپێى مێژووی نوێى كورد، سەنتەری ئەم دژایەتییە توركیای نوێ بووە لە ئەتاتورکەوە تاوەکو ئەردۆگان. تورکیا دەوڵەتێكى فاشیستى دژەكوردە، دژایەتیى كورد لە بناغەى دامەزراندنى دەوڵەتەكە و پرۆسەى نەتەوەسازیى توركدایە. دژایەتیى توركیا بۆ بوون و زمان و خاكى كورد، شتێكى واى كەمتر نەبووە لە دژایەتیى نازیزم بەرانبەر جوو.
لەم ساڵانەى دواییدا شتێكى ئێجگار كەم لەم مەیلە گۆڕاوە، بەڵام هێندە كەم و ناچیزە هێشتا شایەنى باس نییە. مەیلى دژایەتیى كورد لەنێو وڵاتانى دیكەى دراوسێدا هەن، لەوانە سووریاى پێشوو و ئێستا، ئێران و ئێراق كە بە پلەى یەكەم دەوڵەتەكانیان ئەم دژایەتییەیان پێك هێناوە و ڕایانگرتووە. بەگوێرەى درۆ نوێیەكەى موهەریجەكان چەپەكانیش بەهەمان شێوە دژەكوردن، پشتیوانى توركیا و دەوڵەتانى ترن دژ بە دۆزى ڕەواى كورد.
كەواتە گێرێتاى پشتیوانى دۆزى فەلەستین (كە لە نوكتەى موهەریجەكاندا بە واتاى پشتیوانى حەماسە) دەبوو دژە كوردیش بێت، دەبوو لە كۆنگرەكەى ئەنتاڵیادا بڵێت “بەڵێ بۆ پاككردنەوەى توركیا لە تیرۆریستانى كورد”، یان بڵێت “توركیا هەر یەك وڵاتە، كوردستان خەیاڵاتە”،بەڵام ئەو وتى “دادپەروەرى بۆ كوردستان”، تەنیا بۆ “كورد”ـیش نا، بەڵكوو بۆ نیشتمانەكەیشى، بۆ “كوردستان” كە توركیا دەڵێت بوونى نییە. گێرێتا بە پێچەوانەوە وتى “كوردستان بوونى هەیە و ئێمە دەیناسین”، لە ڕێگەی موهەریجەکانەوە نا، لە ڕێگەی ڕۆژئاڤا و کۆبانێ و خەباتی گەریلاوە.
ئایا چەپ دژى كوردە؟
بێگومان لە بزووتنەوە، پارت، ڕێكخراوە چەپەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەشێت لێرەولەوێ كەسانێك، نووسەرانێك، چالاكوانانێك هەبن بەهۆى هەستى نەتەوایەتییانەوە یان بە هەر هۆكارێكى دیكە مەیلى دژەكوردیان هەبێت. گەر ئەم مەیلە ببێتە پشتیوانی لە هەر فۆڕمێکی چەوساندنەوەی کورد، ئەوا هەڵگری ئەم مەیلە خۆی هەر لە بنەڕەتەوە دژ بە بیركردنەوە و مۆڕاڵى چەپە. چەپ هاوپشتیى ستەملێكراوانە نەك ستەمكاران.
هەر چەپێك پشتیوانى ستەمكار بێت، هەر خۆى چەپبوونى خۆى پووچەڵ كردۆتەوە.
ئەوەی کێشە بۆ ئەم پرەنسیپە درووست دەکات، ئەوەیە کە سنوورى نێوان ستەمكار و ستەملێكراو هەمیشە یەکلایی نییە؛ بگرە هێندە تەنك و باریكە کە هەندێجار لەگەڵ یەكتردا تێكەڵ دەبن، بەڵام نابێت ئەمە وەک دەرفەت بقۆزرێتەوە بۆ شوێنگۆڕکێی ستەمکار و ستەملێکراو یان هاوشێوەلێکردنیان. ئەلیسۆن ویڵی لە تیۆرى “پێرسپێكتیزم”ـەكەیدا وتى؛ كە مەرج نییە ڕوانگەى ستەملێكراو ئۆتۆماتیكى “لەسەر هەق” بێت، بەڵام ئەوە ئەزموون و ژیانە لەنێو دۆخى ستەملێكراویدا كە بێ هیچ گومانێك دەیسەلمێنێت ستەمكار “لەسەر ناهەقە”. هەر ئەو ئەزموونەشە زەمینەى ئەوە دەڕەخسێنێت گۆڕینى سیستەمى ستەمكار داوایەكى ڕەوا بێت.
كورد ستەملێكراوێكى نێو مێژووى نوێیە؛ چەپ كەمتازۆر پشتیوانى دۆزى كورد بووە(۲)، تەنانەت گەر ئەم پشتیوانییە بە تەواوى بەپێی خواستی موهەریجەكان و زڕەگوتارى درووستكردنى دەوڵەتی کوردیش نەبووبێت. “دەوڵەت” پرۆژەیەكە كە خەباتى ڕزگاریخوازیى نەتەوەیى و هێزى ناوخۆ و لۆبى و دانانى بناغەى مێژوویى ڕۆڵى سەرەكیى لە درووستكردنیدا دەگێڕن، کە ئەمە ڕەخسا، دەشێت بە بڕیارى نێودەوڵەتى ڕابگەیەنرێت، واتە بڕیارى ئەو سیستەمەى كە “دەوڵەت” ئایدیاڵى سەروەرى و ڕێكخستنەكەیەتى، كە ئەمە دواجار دەوڵەت نەتەوەكانى ئەورووپا و جیهانن.
گەر كورد دەوڵەتى نییە، ئاساییە تازەناسیۆنالیستەكان گوناهەكەى بخەنە ئەستۆى چەپەكان. ئەمە ئاسانترین ڕێگایە بۆ سەلماندنى “كوردایەتى”. هەموو نەزۆكیى ناسیۆنالیزمی کوردیی، خێڵگەرایی، گەندەڵى، ڕانتخۆریی و پەرتەوازەیی خۆت بخەرە ئەستۆى چەپ و خۆت لە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستیە تاڵەکانی نێو مێژووەکەت، دەسەڵاتە ستەمکارە ناوخۆییەکەی ئێستات، گوناهی پاسیڤبوونەکەت پاک بکەرەوە. گەر میرنشینە نیولیبراڵە نێوخۆییەکان دارستانەکانیشت بفرۆشن، تۆ هەر چەپ گوناهبار بکە و بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆی خۆت بتەکێنە. پێشتر “گوناهباركردن” كارى كاهینەكان بوو، ئێستا بووە بە كارى دەوڵەتپەرستەکان. وا دیارە موهەریجەكان نوسخەیەكى قەشمەریان لە كاهینەكانیش گرتۆتەوە. نیچە لە کۆتایی یەکەمین بڕگەی بەشی کۆتایی کتێبی “ئەمەیە مرۆڤ”ـدا ئاوا باس لە کاهین و موهەریج دەکات: “نامەوێت ببم بە کاهین هێندەی ئەمەوێ بم بە موهەریجێک.. ڕەنگە من هەر بە ڕاستیی گاڵتەجاڕێک بم. لەگەڵ ئەوەشدا یا با بڵێین وێڕای ئەوەش… -کە تا ئێستا نەبووە لە کاهینەکان درۆزنتر-، ئەوە هەقیقەتە لە منەوە دەدوێت”. مەبەستی نیچە لە بەرهەمەکانێتی. دەڵێت دەتوانن نوسخەی گاڵتەجاڕانەیان لێ دەربهێنن و تەفسیری قەشمەرانەیان بۆ بکەن، بەڵام پیرۆزیان مەکەن. بۆ نیچە ببیت بە موهەریج لەوە باشترە ببیت بە کاهین، چونکە موهەریج هێندەی کاهین درۆزن نییە. نیچە بیری بۆ ئەوە نەچووە، چیی دەبێت گەر موهەریج لاسایی کاهینەکانیش بکاتەوە! درۆی گاڵتەجاڕانە.
هەڵوێستەكان
گەر کەسێک بیەوێت بە وردیی بزانێت هەڵوێستی چەپ بە شێوەیەکی کۆنگرێتی بەرانبەر بە پرسی کورد چۆنە، ڕەنگە تووشی هەندێک زەحمەتی ببێتەوە، چونکە چەپ فرەیە و بە جیاوازیی ڕێبازە چەپەکان و سەردەمەکان هەڵوێستەکانیش جیاواز دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا سەدان هەوڵی هاپشتیی و هاوسۆزی بۆ کورد هەبووە. هەر دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی پارتی سۆسیالیست و چەند سەرکردەیەکی دیکەی سیاسی لە تورکیا لەسەر داوای مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کورد، دەستگیرکران. ئەمە ئەگەر باسی هەوڵەكانى حزبى شیوعى ئێراقی ساڵانى پەنجاكانی سەدەی بیست و دواى كودەتاى كۆمارى نەکەین، باسى هەڵوێستى ئەم ساڵانەی دوایی حزبى شیوعى كوردستان ناكەین كە لە پرسە نیشتمانییەكاندا جێگاى ستایشە. با باسی كۆمینتێرنی یەکەم، پشتیوانییەکانی دانیال میتەران، پشتیوانیى چەپەكانى ئەورووپا لە كۆبانێ و بەشدارییی دەیان خۆبەخشییان لە خەباتى چەكدارى دژ بە داعش نەکەین. با پشوانییەكانیان بۆ كورد لە پەرلەمانى ئەورووپا، بەیاننامە پشتیوانییەكانیان بۆ ڕۆژئاڤا لە میدیا فەرمییەكان و سۆسیال میدیاكانیانەوە هەر لە جەنگى داعشەوە تا هەڵمەتى ئەنفالى حكومەتەكەى جۆلانیش بخەینە لاوە. با باسى كەژاوەى بەرەو ڕۆژئاڤا و لەسەر سنوورمانەوەى دەیان خۆبەخشى چەپ بۆ چوونە نێو ڕۆژئاڤا ناكەین. با هەر تەنیا ئەم نموونەیەى گێرێتاى پشتیوانى فەلەستین وەڵام بێت بۆ زڕەبانگەشەکە. گێریتا لە بەردەم میدیا تورکی و جیهانییەکاندا بە ئاشكرا هاوپشتیى خۆی بۆ كورد دەربڕی و لەگەڵیشیدا درۆی موهەریجە زایۆنییەکانی کوردی بەدرۆ خستەوە. بۆیە ئەم هەڵوێستە نموونەیەكی گونجاوی ڕوونکردنەوەیە, چونكە پتر هاتە نێو میدیاى كوردییەوە و خەڵکی کوردستان بینییان. هەڵوێستەكەى گێرێتا وەك دەرزییەك بوو كە بە ئاستەم بەر میزەڵدانێكى فووتێكراو دەكەوێت، ئیتر یان دەتەقێت یاخود بە شێوەیەكى شەرماوەر فش دەبێتەوە. بەڵام ئاخۆ موهەریج شەرمی هەیە؟ وەڵامەکە لە بڕگەکانی پێشتردایە.
پەراوێزەکان
۱ـ https://www.facebook.com/share/r/1FLnSf4dwk/?mibextid=wwXIfr
۲-لەم ڕوژانەدا دكتۆر هێدى مێدە، مامۆستا لە زانكۆى سۆربۆنى پاریس، كەسێكى پتر لیبراڵ و بە مەیلى ناسیۆنالیستییەوە بۆ كورد، لە پۆستێكى كورتى فەیسبووكدا نووسیبووى “یهكێك له كاندیدهكان بۆ سهرۆكایهتی فهرهنسا، كه من ڕێزێكی بێپایانم بۆی ههیه و پێم وایه به ڕاستی نوێنهرایهتی چهپ دهكات، دهڵێت: <گهر بووم به سهرۆك، ریفراندۆمێك دهخهمه سهرپێ كه ڕێگه به لابردنی سهرۆكی دهوڵهت بدات، پێش ههڵبژاردنی داهاتوو>. ئامرازێكی دیموكراتی زۆر گرنگ و بێهاوتایه.
ئهم كاندیده ناوی ژۆن مێلۆنشۆیه، كه تاكه بکەری سیاسییه له فهڕهنسا داوای دهوڵهت بۆ كورد دەكات“. منیش بە دەرفەتم زانى شاهیدییەكى لێ وەربگرم، لە كۆمێنتدا كەمێك بە ئایرۆنى بۆم نووسى: “میلانشۆ چەپە. بە قسەى ڕاستڕەوە كوردەكانى ئەڵمانیا بێت، چەپەكانى دنیا دژ بە كوردن. لە فەڕەنسا “دژایەتیى كورد” چۆنە؟“. ئاوا وەڵامى دامەوە” “تەنها چەپەكان دۆستى كوردن. دەنا ڕاستڕەوەكان هەموو كورد بە بەرمیلى نەوت دەفرۆشن”. بەڵێ، ڕاستڕەوەكان یان ڕاسیستن، یان هەلپەرستن. ئەوان هیچ هاوسۆزییەكیان بۆ كارەسات و ژانى گەلانى تر نییە



