گوتار

غیابی جوانیی

 

ئاره‌شی قوربانیی

و؛ فازڵ مه‌حموود وه‌لی


له‌ پشت ئه‌م په‌نجه‌ره‌وه‌

په‌نجه‌ره‌یه‌كی تر خۆی داشاردووە!

بۆ من وه‌ك شاعیرێك، ‘مه‌رگی نووسه‌ر’ چیتر ئه‌و غیابه‌ نییه‌ كه‌ ژیانی ده‌ق درووست ده‌كات، شیعر چیتر ئه‌و سرووشە نییه‌ وا به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌زیۆد ده‌یوت؛ له‌لایه‌ن خوداوه‌ دێت یان ته‌نانه‌ت گەمەی سه‌رخۆشانه‌ی هێماكان، به‌ڵكوو هه‌ر جارێك پێ بۆ کردەی نوسینه هەڵدێنم، تێده‌گه‌م من له‌ ‘غیابی شیعر’ـدا، شیعر ده‌نووسم و ده‌خوێنمه‌وه‌.
ڕاستییەکەی شیعر غیابی شیعره‌، غیابی كرداری شاعیرانه‌یه‌، ئه‌مه‌ش نهێنییه‌كی گه‌وره‌یه‌، نهێنییه‌ك، كه‌ چه‌ند شاعیرێكی گه‌وره‌ی وه‌ك مالارمێ ده‌یزانن. مالارمێ یه‌كه‌مین شاعیری گه‌وره‌ بوو كه‌ ئه‌زموونی نووسینی له‌ غیابی شیعردا كرد. ئه‌و شته‌ی ئه‌و به‌بێ ویستی خۆی ئاشكرای كرد، نه‌ك ئاخێزێكه‌ بۆ شیعر یان ئه‌و شته‌ی سه‌باره‌ت به‌ چه‌مكی شیعری ئازاد و ئاونگارد باسی ده‌كرێت، به‌ڵكوو نواندنی غیابی شیعر و نواندنی كرداری شاعیرانه‌ بوو. مالارمێ غیابی شیعری له‌ چه‌ند ساتێكی كورتدا له‌ شیعری خۆیدا به‌رجه‌سته‌ كردبوو، ڕێك بە هەمان شێوەی ئاكتێ ئۆن، كه‌ لق و پۆپەكانی لادا تاوه‌كوو جه‌سته‌ی ڕووتی ئارتیمیس له‌ كاتی مه‌له‌وانییدا باشتر ببینێت.
به‌ڵام چاره‌نووسی شاعیر (كه‌ هاوكات تووشی گرێی ئاكتێ ئۆنیزم هاتووه‌)، پاش مالارمێ چی ده‌بێت؟ ئایا شاعیریش هه‌مان چارەنووسی ئاكتێ ئۆنی ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر وا بێت، ئه‌وا مه‌رگی نووسه‌ر ئاماژه‌ بۆ غیابێكی سه‌ره‌كیی تر ده‌كات. چۆن ده‌كرێت به‌ خه‌ڵكی و ڕه‌خنه‌گران بوترێت شاعیره‌ گه‌وره‌كان به‌رده‌وام له‌ ‘غیابی شیعر’ـدا شیعر ده‌نووسن، له‌ كاتێكدا شاعیره‌ مامناوه‌نده‌كان زۆر به‌ كاڵفامییه‌وه‌ لاسایی کردەی شاعیرانه‌ی نموونه‌ئاسا و ئوستوره‌ئاسایان كردووەته‌وه‌ و ته‌قدیسیان كردووه‌و و سه‌باره‌ت به‌ به‌رجه‌سته‌بوونی مه‌رگ و ده‌ركه‌وتنی ئه‌و غیابه‌ی به‌رگرییان كردووه‌، چ كه‌سێك بڕوا به‌ قسه‌كانی ئێمه‌ ده‌كات! پرسیاری سه‌ره‌كیی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌: ئایا غیابی نووسه‌ر، خۆی سیمایه‌ك نییه‌ له‌ غیابێكی هه‌مه‌كیی تر، واته‌ غیابی شاعیر، یان له‌ بنه‌مادا غیابی جوانی نییه‌؟ غیابی شیعر، غیابێكی هاوكاتی نووسه‌ر و بەردەنگ و هه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌بییاته‌. تیۆری مه‌رگی نووسه‌ر، هیوایه‌ك بوو بۆ ئاخێزی بەردەنگ و ئه‌ده‌بییات. مه‌رگێكی گه‌شبینانه‌ كه‌ دیكتاتۆرییەتی نووسه‌ری ئاوه‌ژوو ده‌كردەوە و دیكتاتۆری بەردەنگی له‌ غیابی نووسه‌ر ده‌خسته‌ ڕوو. به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه،‌ نووسه‌ر بووه‌ قوربانیی تاوه‌كوو شتێكی تر به‌ زیندوویی بمێنێته‌وه‌؟ به‌ڵام چی شتێك؟ ئایا ئه‌ده‌بییات؟ ئایا ئه‌م ئه‌ده‌بییاته‌ پیرۆز نییه،‌ كه‌ هه‌روه‌ك ئارتیمس له‌ پێناو شاردنه‌وه‌ی غیابی خۆیدا، بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕووتییه‌كه‌ی هیچ پێویستییه‌ك جگه‌ له‌ غیاب و ته‌نانه‌ت كوشتنی نووسه‌ریش له‌ به‌رچاو ناگرێت؟ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت پیرۆز و خه‌رمانه‌ئاسا بێت و هاوكات ڕه‌خنه‌گران ستایش و گه‌مژه‌یی و ئایدۆلۆژی شیعر و داخران و په‌ره‌پێدانی بڕه‌خسێنن و په‌روه‌رده‌ی بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر وه‌ها بێت، ئه‌وا به‌رده‌وام به‌ هه‌ڵه‌ له‌ مه‌رگی نووسه‌ر گه‌یشتوون: مه‌رگی نووسه‌ر خوازه‌ی مه‌رگ و غیابی خودی ئه‌ده‌بییاته‌، به‌ دڵنییایه‌وه‌ ئه‌ده‌بییات له‌ شوێنێكدا مردووه‌، له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ ئێمه‌ نایزانین، ڕێك وه‌ك ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی كاتێك شه‌وقی ده‌گاته‌ چاوی ئێمه،‌ كه‌ ملیۆن ها ساڵ به‌ سه‌ر مردنیدا تێپه‌ڕیووه‌ و ئێستا ئه‌ده‌بییات، ئه‌ده‌بیاتێكی به‌تاڵه‌، غیابی ئه‌ده‌بییاته‌ (ته‌نیا ئه‌ده‌بییاتی لاوازه‌ كه‌ ئه‌ده‌بییات پیشان ده‌دات، به‌ڵام ئه‌ده‌بییات له‌ نواندنه‌ به‌هێزه‌كه‌ی خۆیدا، ته‌نیا له‌ كاتی به‌تاڵیی خۆیدا، ته‌نها غیابی خۆی پیشان ده‌دات). بە هەمان شێوە كه‌ وتمان، غیابی شیعر ئه‌م باسه‌ ده‌باته‌ سه‌ره‌وه‌ی ‘مه‌رگی نووسه‌ر’ بۆ جێگایه‌ك كه‌ بەردەنگ، پێش ئه‌وه‌ی بەردەنگی شیعرێك بێت، بەردەنگی غیابی ئه‌ده‌بییاته‌. به‌م شێوه‌یه‌، بەردەنگ له‌ كاتی شیعر خوێندنه‌وه‌دا، غیابی شیعر ده‌خوێنێته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كۆتایی ئه‌ده‌بییات، كۆتایی کردەی جوانیی، كۆتایی بەردەنگ وه‌ك به‌كارهێنه‌ری کردەی جوانیی. ‘نیچه‌’ له‌ ئه‌نجامی مه‌رگی یەزدانەوە ملکەچی ئازار و واقیعی جیهانیی بوو، ‘كێرگه‌گۆردیش’ له‌ ئه‌نجامی ئامادەیی یەزدان. به‌ڵام كامیان ڕاسته‌؟ ئایا ده‌كرێت ئه‌م ڕاڤه‌كردنانه‌ قەبووڵ بكه‌ین؟ چونكه‌ هیچ واتایه‌ك بوونی نییه‌، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مانایه‌ك هه‌یه،‌ ده‌بێت له‌ پێناویدا ئازار و ئه‌و هه‌موو ڕاڤه‌ جۆراوجۆرانه‌ (واته‌ غیابی واتا) قەبووڵ بكه‌ین؟ نوسه‌ری مۆدێردن، به‌ قەبووڵكردنی كام له‌مانه‌ ده‌نووسێت؟ ده‌كرێت بڵێین هه‌ر دووكیان، چونكه‌ هه‌ر دووكیان ئاماژه‌ بۆ غیابێكی سیستماتیك ده‌كه‌ن: كێرگه‌گۆرد به‌ شێوه‌یه‌كی دژواز به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت؛ له‌ پێناو دادپه‌روه‌ری غیابی دادپه‌روه‌ریی قەبووڵ بكه‌، هه‌روه‌ها له‌ پێناو واتاش غیابی واتا قەبووڵ بكه‌. ئایا ئه‌م دژوازییەی كێرگه‌گۆرد هیچ شتێكی تر ده‌گه‌یه‌نێت جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ واتا، غیابی واتایه‌. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ مالارمێ شیعری گۆڕی بۆ غیابی شیعر، كافكا له‌ غیابی ئه‌ده‌بییاتدا ده‌ینووسی و بێكت و ڤۆڵفیش هه‌روه‌ها. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م غیابه‌ سیستماتیكه‌شه‌ كه‌ شیعر ده‌توانێت شێوه‌یه‌كی تازه‌ی خۆی بخاته‌ ڕوو و شۆڕشگێڕانه‌ بێت. ئه‌مه‌ش نه‌ك ئاماده‌بوونی و حوزوری شیعره‌، به‌ڵكوو گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی شیعره‌ كه‌ هیچ شیعرێك بوونی نییه‌ و هاوكات هیچ ڕه‌شنووس و پێشینه‌یه‌ك بۆ لاسیكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی بوونی نییە.

به‌ مه‌رگی خودا ــ ده‌قی هه‌ر ئه‌ده‌بییاتێك ڕه‌وایی پێ دراوه،‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئه‌ده‌بییات گۆڕان درووست ده‌كات، ده‌مامك ده‌گۆڕێت و مه‌رگی خۆی ده‌شارێته‌وه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌ ئاوانگارده‌كان یه‌ك له‌ دوای یه‌ك به‌ داده‌وریی له‌ سه‌ر ئه‌ده‌بییاتی ڕابردوو ده‌رده‌كه‌ون. له‌ بنه‌مادا دادوه‌رییه‌كی وه‌ها بۆ هیچ شتێك جگه‌ له‌ غیابی ئه‌ده‌بییات ناگه‌ڕێته‌وه‌، چ جای به‌بێ غیابێكی وه‌ها، ئه‌و ڕێزبه‌ندییه‌ ناكۆتایه‌ی دادوه‌ریی ئه‌ده‌بییات، كه‌ هه‌موو ڕۆژێك وەردەگەڕێتە سەر ئه‌ده‌بیاتی ڕابردوو ناموكین ده‌بوو. ‘ئه‌ده‌بییات ئه‌وی تره‌’ (ئه‌م وشه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و ڕیسایه‌ی ڕامبۆی شاعیر؛ ”من ئه‌وی تره‌”). ئه‌ده‌بییات غیابی ئه‌ده‌بییاته‌، هه‌رگیزیش خۆی نانوێنێتەوە، به‌ڵكوو نوێنەرەوەی (ئه‌وی تره‌). ئێستا ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وه‌ك بەردەنگ، شاعیر و یان نووسه‌ر سه‌رسام ده‌كات، هه‌مان ئه‌م مه‌رگه‌ ژیانبه‌خشه‌یه‌، ئه‌م غیابه‌ ‘به‌رجه‌سته‌كه‌ر’ و ئه‌م مه‌رگه‌ سه‌رخۆشكه‌ره‌یه‌ وا ناچارین ناوی لێ بنێین ‘غیابی شیعر’ و یان ته‌نانه‌ت ناوی بنێین خودی شیعر.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.