وتووێژ

داخۆ پڕۆسەی ئاشتیی کورد دەکاتە بکەرێکی سیاسیی؟!

گفتوگۆی ئازادیی کۆمەڵگە لەگەڵ مامۆستا ئەحمەدی مەلا، نووسەر و لێکۆڵەر

#تایبەت بە ئازادیی کۆمەڵگە

ئازادیی کۆمەڵگە: ڕۆڵی زمان لە ژیاندنەوەی نەتەوەیی کوردییدا لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەم سەد ساڵەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ وەک دەزانین پێشینەیەکی فۆلکلۆریی دەوڵەمەند بە زاری کرمانجی هەیە، بەڵام لەم سەد ساڵەدا سەرەڕای سیاسەتی خوێناویی دەوڵەت-نەتەوەکان بە ناوی یاسا ئاسینە نەتەوەپەرەستانەکانی تورکە نەتەوەپەرەستەکان و سووریای بەعسییەکان، بەڵام کوردان قۆناغ بە قۆناغ و بە شێوەی شەڕی چەکداریی و ململانێی کەلتووریی و پێداگریی لەسەر ناسنامە، بوونی خۆیان داوەتە ناسین، گەر زمانی کوردیی ببێتە ناوەند و سەرچاوەی بیرکردنەوەی کورد، ئاسۆ و داهاتوو بۆ چاند و کەلتووری کوردیی چۆن شەنوکەو دەکەن؟

  

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، واتە لە دەمی درووستبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ، ڕێفۆرمە زمانەوانییەکانی کەمال ئەتاتورک بە شێوەیەکی ڕوون جەخت لەسەر پاککردنەوە و بژارکردنی زمانی تورکی دەکات، واتە، لە هەژموونی ڕێزمانی عارەبی و فارسی ڕزگاری دەکات و لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا شێلگیرانە هەوڵی بۆ درا. هەروەها مادەی ٤٢ـی دەستووری تورکی پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە خوێندن بە زمانی تورکی دەبێ و هیچ زمانێکی دیکەی دایک لە دامودەزگاکانی پەروەردە جێگەی نابێتەوە. هەروەها لە ماددەی ٣ دەستوودا بە ڕوونی دەڵێت زمانی فەرمی تورکیا، زمانی تورکە. ماددەی ٦٦ لە دەستووری ساڵی ١٩٨٣ کاتێک پێناسەی شووناس دەکرێت، هەر کەسێک سەر بە دەوڵەتی تورک بێت تورکە.

واتە، کاتێک سەیری کۆی ئەم ماددە یاساییانە بکەین، بە ڕوونی ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەپێی یاسا زمانی کورد هیچ بوونێکی یاسایی و شەرعی نییە. ئەوەی هەیە لە پەراوێزدایە.

زمان و پەراوێز کێشە هەرە بنەڕەتییەکەیە. ئەگەر زمان نەگەڕێتەوە بۆ ناوەند، بۆ چەق، واتە بوونێکی یاسایی و دەستووریی نەبێت ناتوانێت بە تەوایی گەشە بکات. چونکە زمان تەنها ئەو دەوڵەمەندییە فۆلکلۆرییە نییە کە ئێمە زۆرجار دڵمان پێی خۆشە، ئەو بەیت و داستان و دیوانە شیعرییانە نییە کە بە درێژایی مێژوو ڕۆحی کوردی پاراستووە، بەڵکوو زمان دەبێ بتوانێت ببێت بەو ئامرازەی کە میللەتێکی دیارییکراو بتوانێت بە ڕەوانیی گوزارشت لە خۆی بکات، گوزارشت لە واقیعی کەلتووری، سیاسیی، یاسایی، پەروەردەیی، هونەری و هتد… بکات. ڕاستە، ئەمە لە پڕێکدا درووست نابێت، چونکە، کامڵبوون و گەشەسەندنی زمان پرۆسەیەکی سستە و کاتی دەوێ، بەڵام دەبێ لە سەر بنەما و بناغەیەکی درووست هەڵچنرێت.

لە تورکیا پرۆسەیەک لە ئارادایە کە دوو ناوی لە خۆی گرتووە : “تورکیای بێ تیرۆر” و ” درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی.” لە هەردوو باردا جەخت لەسەر ڕەگەزی کورد نەکراوە. ڕەنگە ئەمە پەیوەندیی بە بارودۆخی هەستیاریی باکووری کوردستان و تورکیاوە هەبێت، بەڵام، گومانێکی زۆریش لە دەوری ئەم پرۆسەیە درووست بووە کە گومانگەلێکی بەجێ و ڕەوان.

سەبارەت بە ڕۆژئاڤا کە مەبەست لە کوردستانی سووریایە، لە ساڵی حەفتاوە پڕۆژەی “پشتێنەی عەرەبی” لە ئارادایە، پڕۆژەیەکی حیزبی بەعسی سووریایە لە پێناو گۆڕینی باری دیموگرافی پارێزگای حەسەکە، بە درێژایی سنووری تورکیا ئەنجام درا. پڕۆژەکە ناوەکەی بە خۆیەوەیە، بە واتای دابڕینی باکووری کورستان لە ڕۆژئاڤای کوردستان. دەسبەجێ دوای دەرچوونی پڕۆژە یاساکە لە لایەن سەرکردایەتی قوتری حیزبی بەعسەوە، ژمارەی ٥٢١ لە ٢٤ حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٤ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. نزیکەی ٣ ملیۆن دۆنم خاکی بە پیت و بەرەکەتی گرتەوە کە هی هاووڵاتییانی کورد بوون. هەروەها بە درێژایی ٢٧٥ تا ٣٥٠ کیلۆمەتر و بە قووڵایی ١٠ تا ١٥ کیلۆمەتری گرتەوە. بیرۆکەی پشتێنەیەکی لەمجۆرە، لەم دە پانزە ساڵەی دوایی، دەوڵەتی تورک هەوڵی دا بەسەر ئەو ناوچەیە بیسەپێنێت بۆ ئەوەی کوردانی ئەمبەر و ئەوبەر لەیەک داببڕێت.

هەروەها بە درێژایی حوکمڕانی حیزبی بەعس ناوی کورد لە دەستووردا نەهاتووە، تەنانەت لە دەستووری ساڵی ٢٠١٢ بە هیچ جۆرێک ئاماژە بۆ بوونی کورد نەکرا، واتە، کورد هیچ بوونێکی یاسایی نییە. لەم ساڵانەی دوایی، واتە، لەم دە ساڵەی دوایی، لە ژێر قەڵەمڕەویی حوکمی خۆجێیدا، کورد توانای دەزگاکانی پەروەردە بەڕێوەبەرێت و زمانی کوردی ببێ بە زمانی فەرمی، بەڵام، لەم هەنگاوانەی دوایی کە تاکوو ئێستا هێشتا بە تەواویی لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە یەکلا نەبوونەتەوە، ئەمەش، هەڵبەتە کەمترین مافە کە بە کورد ڕەوا ببینرێت، واتە خوێندن بە زمانی خۆی.

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیان، پێویستمان بە وریایی زۆرە لەم ڕووەوە، چونکە، تێرمی “تورکیای بێ تیرۆر” خۆی لە خۆیدا هەڵگری توخمگەلێکن کە پەنجەی خەتا بۆ کوردان درێژکراوە، بەڵام، ئەوەمان لە بیر دەچێت کە بە درێژایی  پەنجا ساڵ، لە ساڵی ١٩٢٥ تاکو ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ سەپاندنی نەخشەی چاکسازیی ڕۆژهەڵات، بەکارهێنانی زمانی کوردی بە تەواویی لە تورکیا و لە باکووری کوردستان قەدەغە کرا، هونەری دەنگبێژیی پاشەکشەی پێ کرا، تەکییە و حوجرەکان داخران، مۆسیقای ئیلاهیات کە بە کوردی دەگوتران قەدەغە کران، واتە قڕکردنێکی بێ چەندوچوونی شووناسی کوردی گرتەوە. بە سەدان، بگرە بە هەزاران گۆرانی کوردی کۆکرانەوە و خرانە سەر لیستی گۆرانی تورکی. ئەمە پێی دەگوترێت لە ناوبردنی کەلتوور و زمان کە بە ژینۆسایدی کەلتووری ئەژمار دەکرێت کە دەوڵەتی تورک بە درێژایی یەک سەدە پیادەی کردووە. بەمە دەگوترێت تیرۆری دەوڵەت کە دەوڵەتێک دژ بە زمانی میللەتێک بەکاری هێناوە. بۆ هێنانەوە یاد، ڕافائێل لێمکین لە ساڵی ١٩٤٤ تێرمی “ژێنۆساید”ـی داتاشی، مەبەست لە ناوبردنی مەنهەجی زمان و کەلتووریشی خستە نێو ئەم تێرمەوە، واتە، لە ڕووی یاساییەوە، دەوڵەتی تورک تاوانی ژینۆسایدی بەرهەم هێناوە دژ بە زمان و کەلتوور و هونەر و مۆسیقای کوردی. هەرچەندە دواتر لە ساڵی ١٩٤٨ نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها ژینۆسایدی فیزیکیی و بیۆلۆژی خستە نێو ئەم تێرمەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ لایەنە کەلتوورییەکەی بکات. بەهەرحاڵ، سڕینەوەی زمان و کەلتوور و بەهاکان، خۆی لە خۆیدا سڕینەوە فیزیکی و بیۆلۆژی ئەژمار دەکرێت.

 

ئازادیی کۆمەڵگە: لە ئێستادا لە سووریا و تورکیا جیاواز لە ململانێ و دانوستانەکانی شاندی کوردیی-تورکیی و کوردیی-سووریی، هەوڵێکی چڕوپڕ هەیە بۆ بە فەرمی ناسینی زمانی کوردیی لە نێو خاڵ و مادەکانی دەستووردا، ئێمە پێشتر لە ئێراقدا دانپێدانانێکی لەو شێوەمان لە دەستووری ئێراقدا لەمەڕ زمان و ناسنامەی کوردیی هەیە، ئەم هەوڵە بۆ جێگیرکردنی زمانی کوردیی لە چوارچێوەی دەستووردا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

وەکوو خاڵی دەسپێک، ناساندنی زمانی کوردی بە شێوەیەکی یاسایی جێی بایەخە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ شتێک ڕووی نەداوە، تەنها گفتێک هەیە لە سووریا، لە تورکیاش بەژێر لێوەوە قسە دەکرێت. مەرسوومی کۆماری لە سووریا هەیە، بەڵام، دۆخی سووریا هەندە جێگیر نییە تاکو ئەم مەرسوومە بە هەند وەربگیرێت. چونکە، لە هەموو بارێکدا، بەشێکی ئەم کێشەیە پەیوەندیی بە نیازپاکییەوە هەیە، نیازیش کە نەبوو بە نووسین و تۆمار نەکرا، هیچ بایەخێکی نابێ، بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین. گومان و وریایی دوو دەستەخوشکن ئێمە دەبێ وەکوو تاج لەسەر خۆمانی دابنێین.

با بگەڕێینەوە بۆ نیازپاکیی دەوڵەتی تورک، لەم چەند ڕۆژەی دوایی، واتە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، بە بۆنەی سەرکەوتنی یانەی مێدسپۆر بەسەر بێشکتاش، منداڵێکی کورد گۆرانییەکی تۆمار کرد و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، پێنج ملیۆن کەسی لە خۆی کۆکردەوە، خێرا دەسەڵاتی تورکی لاپەڕەی ئەم لاوەیان داخست، لاوێک تەمەنی یانزە ساڵ، بە گۆرانییەک دەماری دەوڵەتی تورکی گرژ کرد، ئەی چۆن بیر لەوە بکەینەوە کە یاساکانی دەستوور لە بەرژەوەندی کورددا هەمووار بکرێنەوە؟

بە واتەیەکی دیکە، بە یاساناساندنی زمانی کورد هەنگاوی یەکەمە، بەڵام، دەبێ زۆر بە وریاییەوە سەیری ئەم بەندە یاساییە بکرێت، چونکە، ئەگەر زمانی کوردی تەنها وەکو بابەتێکی ئیختیاری بچێتە بواری خوێندن و پەروەردەوە کارێکی نوقسان و ناتەواوە، چونکە، بۆ ئەوەی زمان بە درووستی و بە شێوەیەکی زانستی گەشە بکات، دەبێ منداڵی کورد بە زمانی دایک بخوێنێت. زمان تەنها بە گۆرانی و شیعر و نووسینی ڕۆمان گەشە ناکات، زمان دەبێ ببێ بە زمانی دامودەزگا، زمانی پەروەردە، زمانی یاسا، زمانی تەکنیک و ئاین و هتد…

 

ئازادیی کۆمەڵگە: ڕێنمایی و پێشنیاری ئێوە وەک لێکۆڵەرێکی کورد بۆ ناوەند و سازییەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەمەڕ پەروەردە و هەڵمەتی خوێندەواریی بە کوردیی و زیندووڕاگرتنی ئەدەبییات و چاندی کوردیی چییە؟

هەروەکو لە سەرەوەش ئاماژەم بۆ کرد، گەشەسەندنی زمان لە پەراوێزدا فەراهەم نابێت. ئەوەی تا ئێستا، لە ڕووی ئەدەبییاتەوە لە باکوور و ڕۆژئاوا هەمان بووە، هەوڵی تاکەکەس بووە، لە پەراوێز گەشەی کردووە، دەستە و ڕێخراوی بچووک بچووک و دەزگای کەمدەرامەت، واتە بە شێوەیەکی پرۆفێسیۆنال نەبووە، بەشێکی زۆری کوردانی ڕۆژئاڤا بە عەرەبی دەیانووسی، وەکوو بەرەکات و جان دۆست و چەندینی دیکە. لە ساڵی ٢٠١٤ گۆڕانی لەبەرچاو هاتە ئاراوە، بەڵام، سووریای ئێستا جیاوازە، دەبێ، هەنگاوی یاسایی لەو ڕووەوە بهاوێژرێت. ئەمە بۆ باکووری کوردستانیش هەروایە.

ئازادیی کۆمەڵگە: وەک دەزانن ئەم پێواژۆیە گرێدراوی پڕۆسەیە کە کورد لە باکوور لە چوارچێوەی دانوستانەکان و پڕۆسەی ئاشتیی لە باکووری کوردستان، دەستی پێ کردووە، بۆ یەکەم جارە کورد لە پرسی تیرۆر و تەلبەندی یاسا ئاسنینەکانەوە، خۆی بۆ ئاستی بکەرێکی سیاسیی و یەکسان لە سەر مێزی دانوستان بەرانبەر هاوتا تورکەکەی هەڵدەکشینێت، عەبدوڵا ئۆجالان (ئاپۆ) لە زیندانەوە دەتوانێت چ هەنگاوێک هەڵگرێت؟ چ کاریگەرییەک لەسەر پێشوەچوونی پڕۆسەکە و نەرمکردنەوەی فاشیزم و ملدانی ڕەگەزپەرەستیی سەدساڵەی تورکیی دابنێت؟ لە پەیامێکدا خۆیشی داوا و بانگەوازی لە ڕۆشنبیران کردووە تا لە دەرەوە دەستی ئەو لە زیندان بەرانبەر گرووپی تورکیی بەهێز بکەن، پاش سەد ساڵ نکۆڵیی، ئێوە وەک زمانەوان و ڕۆشنبیرێک چۆن شڕۆڤە بۆ ئەم مێزەی دانوستانەکانی کورد+ تورک دەکەن؟ هەروەتر پەیامتان بۆ ئەو بانگەواز و پەیامەی ئۆجالان کە ئاڕاستەی ڕۆشنبیران و نووسەر و هونەرمەندانی کردووە، چییە؟

هێشتا بە کردەیی، دەوڵەتی تورک هەنگاوی گرنگی نەهاوێشتووە، زۆر قسە دەکرێت، شەرمنانە دێنە پێشەوە. پرۆسەیەکی ئاسان نییە، چونکە، ئەمە یەک سەدەی تەواوە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، لە پڕێکدا بوونەوەرێکی یاساییان لە پێش قوت دەبێتەوە! چۆن هاوڵاتی تورک ئەمە قەبووڵ دەکات، لە نەبوون و نکۆڵییەوە بۆ هەبوونێکی شەرعی و یاسایی؟ دەوڵەتی تورک کارەکەی لە خۆی زۆر ئاڵۆز کرد، دەبوو، بەپێی بەیاننامەی کۆپنهاگن (١٩٩٠) مامەڵەی لەگەڵ کورد کردبا. بەپێی ئەم بەیاننامەیە، دەبوو مافی کەمینەکان پارێزراو بن، خوێندن بە زمانی دایک فەراهەم بکرێت. ئەگە ئەودەم تورکیا هەنگاوێکی وای نابا، ئێستا، پرۆسەکەی زۆر ئاسانتر دەچووە پێشەوە.

ئۆجەلان مرۆڤێکی دەستبەسەرە، ئەگەر مرۆڤ ئازادی نەبێت، چۆن بڕیارەکانی بە شێوەیەکی ئازادانە دەبن؟ ئەمە پرسیارێکی بنەڕەتییە. پاشان چەکدانان بەرانبەر بە چی؟ هێشتا زۆر ڕوون نییە، چونکە هیچ بەندێک لە یاسای چوارچێوە باسی کورد و زمان و کەلتوور ناکات. بەڵکوو جەخت لەسەر دیموکراسیی زیاتر دەکرێت، ئایا ڕوونیی و شەفافییەت مەرجی پێشوەختە نین بۆ هەموو دیموکراسییەتێک؟

نەرمکردن و خاوکردنەوەی نەتەوەپەرەستیی لە لای تورکان، بە کورد ناکرێت، بەڵکوو دەبێ دەوڵەت بەرنامەی بۆ ئەم مەبەستە هەبێت، لە ماس مێدیا، لە تەلەڤزیۆن، لە قوتابخانەکان، لە مزگەوت و مینبەرەکان، لە هەموو بوارەکاندا باسی ئاشتەوایی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بکرێت. ڕاستە، کاتی دەوێ، بەڵام، بەپێی زانیاری من هەنگاوی وا نەنراوە. کەواتە، حوکومەت و دەوڵەت لەم ڕووەوە لێپرسراویی گەورەیان لەسەر شانە. چونکە چەکهەڵگرتن ئەنجامی کارێکی ناڕەوایە لە بنەڕەتدا. ئەگەر هەموو ململانێیەک بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، کورد هیچ نکۆڵی لەمە نییە، بەڵام کاتێک نکۆڵی لە بوونی تۆ دەکرێت، دیالۆگ چارەسەری هیچ کێشەیەک ناکات. چونکە بۆ ئەوەی دیالۆگ هەبێت دەبێ دوو بکەر هەبن. دەوڵەتی تورک تاکو ئێستا کورد وەک بکەرێکی سیاسی ناناسێت، بەڵکوو وەکو چەکلەشان قسەیان لەگەڵ دەکات.

ئایا ئەو هەموو توموژەی کە لە دەوری پرۆسەی ئاشتیدا هەیە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ سەلماندنی ئەو دیموکراسییەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت؟ چەمکەکانی ئاشتی و ئازادی و دیالۆگ پێویستی بە کەشێکی لەبار هەیە. ئایا تاکو چەند ڕەوایە مرۆڤێکی دەستبەسەر کە مەبەستمان لە بەڕێز ئۆجەلانە، دەتوانێت لە کونی زیندانەوە سەرپەرشتنی ئەم پرۆسەیە بکات؟ لە سەرووی هەمووییەوە، دەوڵەت بە ئاوازێک دەخوێنێت و پەکەکە بە ئاوازێکی دیکە. دەوڵەت جەخت لەسەر چەکدانان دەکات، پەکەکە دەیەوێ باسی ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا بهێنێتە نێو ئەم باسەوە.

لە ڕوویەکی دیکەوە پێویست دەکات ئەم پرۆسەیە لەمە زیاتر بە “شەخسەنە” نەکرێت، چونکە هەموو کێشەیەک، مەسەلەیەک یا دۆزێکی ڕەوا وابەستەی تاقە کەسێک کرا ئەگەری سەرکەوتنی لاوازە و خودی دۆزەکە لاواز دەکات. کێشەی کورد لە باکووری کوردستان کێشەی ملیۆنان کەسە، کێشەی نەتەوەیەکە کە زمان و کەلتوور و شووناسی ئەم نەتەوەیە دەگرێتەوە. دەبێ دینامیکییەت بدرێت بەم نەتەوەیە لە دەرەوەی حیزب و کەسایەتییەکان، چونکە حیزب و کەسایەتییەکان بیچمە کاتییەکانی ئەم دۆزەن و نەتەوە لە ناو پرۆسەیەکی مێژوویی دەبێ حیسابی بۆ بکرێت.

بۆیە، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، هەست دەکەن لاتەرازووی ئەم دیالۆگە زۆر لەنگە، یا بە لایەن کەم لەم قۆناغە وا دەردەکەوێت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.