لە ئێدوارد سەعیدەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان؛
ڕیزێک سەرنج سەبارەت بە دیداری کوردناسیی زانکۆی ئەمریکی – سلێمانیی

شادیار شۆڕش
پێشەکیی:
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە دیاریکراویی لە ڕۆژانی ١١ – ١٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی دووەمین دیداری کوردناسی بەڕێوە چوو، کە ماوەی دوو ساڵە لەو زانکۆیە بەڕێوە دەچێت. ئامادەکارانی ئەم دیدارە بریتین لە کۆمەڵێک لێکۆڵەر، نووسیار و وەرگێڕ لە ناوەندی کەشکۆڵ، هاوڕێ بەمە ڕێکخستنی دیدارەکە لە ئێستادا گرنگیی خۆی هەیە و هەوڵدانێکی یەکجار زۆریش پێویستە بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە دیدارانە کە شایەن بەوەیە دەستخۆشی لە ڕێکخەران بکرێت و دەستی ماندووبوونیان بگوشرێت. بەهیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان.
جیاواز لەمە دەربارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە و ئەو پانێڵانەی کە بەڕێوە چوون، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین سەرنجگەلێکی ڕەخنەیی بخەینە ڕوو، بە هیوای ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە هاوکارییەکی بچووکی پێشخستنی ئەم دیدارە.
دەستپێک هەوڵ دەدەین بە کورتی ڕاوەستە لە سەر ناوەڕۆکی ئەم نووسینە واتا ئەو چەمک و پارادایمە بکەین کە پشتمان پێ بەستووە. لەو پێناوەی ڕەخنەی دیداری کوردناسی پێ بکەین، بەو هۆکارەی دەمانەوێت ڕەخنەکان ڕاگوزەر نەبن و پشتبەستوو بە ڕەهەندێکی زانستی بۆچوونەکانمان بخەینە ڕوو. ئەمەش وای کرد کە ئێمە ناونیشانێكی بەمجۆرە بۆ نووسینەکەمان دابنێین: لە ئێدوارد سەعیدەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان؛ سەرنجگەلێک دەربارەی دیداری کوردناسیی زانکۆی ئەمریکی – سلێمانیی. ئەو تیۆرییانەی بۆ باسکردنی ئەم بابەتە دەخەینە ڕوو، لە ئاستی یەکەمدا پشت بە تێگەیشتن و پارادایمی ئێدوارد سەعید بۆ ڕۆژهەڵاتناسیی و عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ کوردناسیی، دەبەستێت. جار نا جاریش هەندێک لە بۆچوونەکانی فەرهاد پیرباڵ لە کتێبی کورد لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە دەبنە جێی بایەخمان و لێرەدا بەکاریان دەهێنین
دەستپێک:
هاوشان بە پێشکەوتنە جیاوازەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا و بە تایبەت ئەو پێشکەوتنانەی لە ناوەندە ئەکادیمییەکان لەو وڵاتانەی کە کاریگەر بوون بە شەپۆلەکانی بزووتنەوەی ڕێنیسانس، چەمکێک بەناوی ڕۆژهەڵاتناسیی وەک تێگە و هێڵی کارکردنێکی تیۆریی و فەلسەفیی سەری هەڵدا، سەرەتاش لەلایەن ئەورووپییەکانەوە یان تایبەتتر بێژین، لەلایەن ئەو کەسانەی دەیانویست لەسەر ناوچە عەرەبییەکان و بە تایبەت دەربارەی ئایینی ئیسلام لێکۆڵینەوە بکەن، ڕسکا، وەلێ دواتر لە سەدەی حەڤدە و هەژدە بەدواوە لەسەر دەستی میسیۆنەر یان نێردراو یاخود نوێنەری وڵاتە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکانی ئەو کاتە ڕۆژهەڵاتناسیی کرایە ئامرازی سەپاندنی دەسەڵات و هەژموونی هێزە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکان، دیارترین ڕەخنەگری ئەم بوارەش ئێدوارد سەعیدە کە بە ڕەخنەی ئەوەی جیهانی ڕۆژاوا بە بچووکنیشاندان، هەژارخستن، نەزان و مرۆڤی بەربەریی دەرەوەی شارستانییەت وێنای جیهانی ڕۆژهەڵاتی کردووە. لەلایەکی دیکەشەوە دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر کارەکانی ئێدوارد سەعید، وەک تارماییەکی بانگهێشتنەکراو لە هەناوی فاشیزمەوە، تێگە و پارادایمی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەڕسکێت. پارادایمی ئۆجالان بۆ بابەتی کوردناسیی و بە تایبەت ئەم باسەی ئێمە دەکرێت بەم شێوەیە یارمەتییمان دەدات: کورد ”بێمێژوو” کراوە و بە بیانووی ئەوەی لەچوارچێوەی قەوارەیەکی ساختە و لەرزۆکی وەک ”دەوڵەت-نەتەوە” ناژی، ئیدی مافی ژیانی نییە و کۆمەڵگە و مێژووەکەشی لە پەراوێزدا لەسەر یەکێک لە لوتکە بەرزەکانی چیایەکی وەک ئاگری لە گۆڕ نراوە. لە کاتێکدا ئۆجالان بە تێگەیشتن لە هەردوو چەمکی سۆسۆلۆژیای مێژوویی و هەبوونی ئۆنتۆلۆژیی کورد، دیدگایەکی نوێ بۆ کوردناسیی دەخاتە ڕوو کە ئێمەش لەم نووسینەدا پشتمان پێ بەستووە و زیاتر ڕوونی دەکەینەوە. لە سایەی ئەم دوو تێگەیشتنەدا و هەندێک تێگەی دیکە ڕەخنەکانمان سەبارەت بە دیداری کوردناسیی دەخەینە ڕوو، کە پێمان وایە دیداری ئەمساڵ، هەوڵێک بوو بۆ دووبارەکردنەوەی دیدگا ڕۆژهەڵاتناسییە کۆڵۆنیالیستییەکانی سەدەی حەڤدە و هەژدە و نەشیتوانی ببێتە چارەسەرێک بۆ کێشە هەنووکەییەکانی بواری کوردناسیی.
یەک:
لە دوو سەدەی ڕابردوودا هیچ بوونێک هێندەی بوونی ”کورد” هەوڵی سەلماندنی خۆی نەداوە. لەو پێناوەدا بەردەوام لە ڕووی سیاسیی، مەعریفیی، هونەر، نووسین، شۆڕشی چەکداریی و دەیان کاری دیکە بەردەوام لە جووڵە و کارکردنی لەو شێوەیەدا بووە کە بڵێت هەم و بوونم هەیە. لە بەرانبەر ئەمەشدا لە سەدەی بیستدا لە ژینۆسایدەوە بۆ قەدەغەکردنی زمان، کەلتوور، هونەر و شێواندنی مێژوو چارەنووسی سەرڕاسەری کوردان بووە. ئەگەر زێدەتر لەسەر ئەم بابەتە نەڕۆین و هەر تەنێ لەژێر ڕۆشنایی ئەمەدا و بە تێگەیشتن لەوەی سەدەی بیست سەدەی ئافات و قڕکردنی ”کورد” بووە، دەتوانین گوزەرێکی خێرا بە نێو بابەت و باسوخواسەکانی دوو ڕۆژەی دیدارەکەدا بکەین. دەتوانین بە ڕوونی لەوەوە دەست پێ بکەین، گەورەترین کێشەی ئەم دیدارە بریتییە لە زاڵبوونی دیدگای ڕۆژهەڵاتناسیی بەسەر ژینگەی بەشێکی زۆری پانێڵەکاندا. واتا وەهمێک لێرەدا خۆی سەپاندووە کە پێی وایە بە تێگەیشتنێكی پۆست کۆڵۆنیالیستییەوە و لەپێناو پاراستنی بەها کوردییەکاندا دیدارێک بەڕێوە دەچێت، لە کاتێکدا نە تەنێ پۆست – کۆڵۆنیالیزم، بەڵكوو دیدگای زاڵی ئەم دیدارە و مژاری باسەکان هەمان تێگەیشتنی ڕۆژهەڵاتناسە داگیرکەرەکانی سەدەی حەڤدە و هەژدە بوون کە لەپێناو سەلماندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە هەژموونگەراکانیاندا دەهاتنە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەگەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەست پێ بکەین، وەک ڕێکخەرانی دیدارەکە لە بەرنامەی دیدارەکەدا بە شێوەی ئۆنڵاین بڵاویان کردبووە و دواتریش بە شێوەی چاپکراو بەردەست بووە، بەشداربووانی پانێڵی یەکەم دەربارەی ڕەهەندە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردناسیی قسە دەکەن. ئەو کەسانەی بەشدار بوون، دەزانن هیچ وشەیەکی ئەو بەڕێزانە پەیوەندیی بە کوردبوون و کوردناسییەوە نەبوو، بەڵكوو مژارێکی دوورتر یاخود ئەوەی ناوەندە ئەورووپییەکان چی دەخوازن یاخود بە تێگەیشتنە ئۆجالانییەکە، ‘کاست’ـە هاوچەرخەکانی سیستم کە دەستیان بە سەر تەواوی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتووە و ناوەندە مەعریفییەکانیان کردووەتە مەیدانی تەراتێنی بەرژەوەندییەکانیان، ئەوە درا بە گوێی هەموواندا. واتا ئەگەر دەوڵەتە هەژموونخوازەکانی سەدەی حەڤدە و هەژدە مەسرەفێکی یەکجار زێدەیان کردبێت تا ڕۆژهەڵاتناسێك بنێرن بۆ ئێرە و زانیارییان بۆ کۆ بکاتەوە و هێڵی مەعریفیی کۆمەڵگە وێران بکات، ئێستا لە ڕێگەی دیدارگەلێکی وەک دیداری کوردناسییەکەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییەوە ئاسانتر ژەهری ئەورووپاییخوازیی و ئەمریکاییخوازیی و ناسینی کورد لە چاوی ئەوانی دیکەوە بڵاو دەکەنەوە.
هەر لە پێناوی سەلماندنی بوونی ”کورد” لە دووسەدەی ڕابردوودا، هەوڵە ڕۆشنبیریی و مەعریفییەکان لەپێناو هەبوون و درووستکردنی ئەو تێگەیشتنەی کە ئیدی کورد خۆی خۆی بناسێت و پێویستی بە هاوکاریی ڕۆژهەڵاتناسەکان نەمێنێت تاوەکو بۆی دیاریی بکەین کە ”چۆن” بیر بکاتەوە کە ”چۆن” خۆی بناسێت، کە ”چۆن” باس لە خۆی بکات، بە دەیان و بگرە سەدان هەوڵی جیاواز هەبوون. کە بێگومان دواترینیان لە هەوڵە تیۆریی و سیاسییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالاندا خۆی دەبینێتەوە کە لە نوێترین پەرتووکی خۆیدا بە ناوی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیکدا ئۆنتۆلۆژیی کورد لە چوارچێوەی کوردناسیدا فۆرمولە دەکات. واتا ئیدی لێرەوە کورد خۆی دەتوانێت خۆی بخوێنێتەوە و زام و برین و ئێشەکانی بهێنێتە سەر زار و ڕێگەی چارەسەریش بە هەمان شێوە ببینێت. خۆ ئەگەر بەهانەی ئەم جۆرە دیدارانە ئەوە بێت کە لەپێناو ئەوەی پردی کەلتووریی و ڕا و بۆچوون گۆڕینەوە درووست بێت، ئەوا لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین؛ بابەتێک، پانێلێک، نووسینێک، یاخود هەر جۆرە هەوڵێکی دیکە بە دیدگای زانستە کۆمەڵایەتییە ئەورووپا-تەوەرەکان بخرێتە ڕوو نە تەنێ پێویستی بە بڵاوکردنەوەی نییە، بەڵكوو لە هەمان کاتدا بڵاوکردنەوەی زیانێكی مەزن بە ڕەوتی مەعریفیی و ڕۆشنبیریی ئەو کوردناسییە ڕاستەقینەیە دەدات کە کورد خۆی بتوانێت پێشی بخات.
ئەگەر کەمێك بە خێرایی کورد وەک ”دیاردەیەک” تەماشا بکەین، دەتوانین ئەوە بڵێین، کە لە هیچ قۆناغێکدا ناتوانین وەک دیاردەیەکی جێگیر، نەگۆڕ، یان هەقیقەتێكی ڕاوەستاو وێنای بکەین، چونکە بوون و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە. نووسینەوەی مێژووییەکیش لە چوارچێوەی کوردناسیدا پەیوەستە بەم تێگەیشتنەوە. واتا ئەم تێگەیشتنە دەکرێت ببێتە چەقێک بۆ لایەنە تیۆریی و تەنانەت پراکتیکییەکانی کوردناسیی لە ئێستا و داهاتووشدا. کارکردن لە نێو کوردناسیدا ئەگەر خاوەن ڕەهەندێکی ئۆنتۆلۆژیی نەبێت و بە هاوکاریی ئەنسرۆپۆلۆژیا ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم بوونە واتا بوونی ”کورد” شی نەکاتەوە، ئەوا ناتوانێت لە دەرەوەی تێگەیشتنەکانی دەوڵەت-نەتەوە و زانستە کۆمەڵایەتییە ئەورووپا-تەوەرەکان شتێکی نوێ بەرهەم بهێنێت کە ئەمەش بە ڕوونیی لە دیداری کوردناسییدا بینرا و هۆکاری سەرەکیشە بۆ ئەوەی شتێک لەم دیدارە سەوز نابێت.
دوو:
یەکێک لە گەورەترین کێشە گرنگەکانی بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە دیدارانە و بەشێکی دیکەی ئەو چالاکییانەی هەن، بریتییە لە نەبوون یاخود نادیاریی لە هێڵی ئیدۆلۆژیی کارکردندا. واتا لە نێوانی ئەو بابەتانەی کە پێشکەش دەکرێن یاخود بە دیوە ئەبستراکتەکەدا، ئەو هزر و تێگە جیاوازانەی لە ڕووی پارادایم و هێڵی ئیدۆلۆژییەوە دەخرێنە ڕوو، دیار نییە دەیانەوێت بڵێن چی یان بە شێوەیەکی دیکە ناسنامەیەکی هاوبەشی تیۆریی نییە کە هەموویان کۆ بکاتەوە و کەسی بەرانبەر بتوانێت لەسەر ئەو بنەمایە ڕەخنە بکات. هاوڕێ بەمە دیداری کوردناسییش بە هەمان شێوە لە قووڵاییدا بەر ئەم شتە کەوت. واتا ناسنامەی ئەم دیدارە دیار نییە کە ئایا لەسەر کام هێڵی تیۆریی و فکریی دەیەوێت باسی کوردبوون بکات. ئایا ئەو کوردناسییەی کە باسی دەکرێت، کام کوردناسییە. پشتبەستوو بە کام تێگەیشتنی ئەپستمۆلۆژیی ناوەڕۆک و مژار و پانێڵەکانی ئەم دیدارە ڕێک خراوە. ئەمەش یان ئەوەتا بە مەبەست جۆرێک لە پەرشوبڵاویی تیۆریی دروست کراوە یان ئەوەتا ئەو کەسانەی لە بەرپرسیاربوون لە دیاریکردنی بابەت و مژارەکان لە نائاگاییەکی قووڵی فکرییدا بوون و نەیانتوانیوە هێڵی فکریی و یەکێتیی تیۆریی دیدارەکە دیاریی بکەن.
بۆ وێنە دەتوانین زیاتر ڕوونی بکەینەوە؛ لە یەکێک لە پانێڵەکاندا مژاری ئەدەب و هونەری هەورامان باس کرا، دواتر ئاڕاستەی بابەتەکە بەرەو زمانی هەورامیی وەرگەڕا کە نە مافی خوێندنیان بە هەورامی هەیە نە بەگوێرەی پێویست لە جیهانی میدیا و بڵاوکراوەکاندا گرنگی بە هەورامی دەدرێت. لێرەدا ئەگەر کەسێک ئاگاداریی ئەم ڕەوتە بێت، بە سانایی بۆی دەردەکەوێت کە ئەم مژارە پەیوەندیی بە ناوەندگەرایی و زاڵبوونی زیهنییەتی دەوڵەت-نەتەوە و زمانی ستاندارد و ئەم جۆرە باسانەوە هەیە. واتا لێرەدا تۆ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی زیهنییەتی ناوەندگەرایی دەکەیت. بەڵام ڕۆژێك پێش ئەوە یەکێک لە پانێلستەکان لە پانێڵی ڕەهەندە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردناسیدا، نیوە زیاتری باسەکەی بریتیی بوو لە شەڕی غەززە و زیانە مرۆییەکانی ئەم شەڕە، لە کاتێکدا تەنیا چەند سەد کیلۆمەترێک لەولای سلێمانییەوە لە کۆبانێ، جەزیرە و حەسەکە بە دەیان و بگرە سەدان و هەزاران تاوانی جەنگ لە بەرانبەر مرۆڤی کورد دەگرێت بەڵام بە ڕستەیەک بۆ ئەم پانێلستە کە تایتڵی فەیلەسووفیشی هەڵگرتووە، بۆی جێی بایەخ نییە.
لە لایەکی دیکەوە سێ ژنە هونەرمەند کاتێک باسی سینەما دەکەن، هیچ جۆرە ڕەهەندێکی مێژوویی و سۆسۆلۆژیی و مەعریفیی لە باسەکانیاندا ڕەنگ ناداتەوە کە پەیوەستی بکاتەوە بە چەمکی کوردناسیی یاخود لانی کەم پەیوەست بە کوردبوونەوە. کاتێکیش پرسیارمان ئاڕاستە کردن بۆ نموونە بتوانن باسی مێژووی سینەمای کوردیی لە باکووری کوردستان لە دوای هەشتاکانەوە بکەن و ڕۆڵی ژن لەو بوارەدا چییە، بێجگە لە کۆمەڵێک زانیاریی سادە و ڕووکەشی دەربارەی ئەوەی کە لە ئێستادا لە تورکیا چەند ژنێکی کورد کار دەکەن هیچی دیکە باس ناکەن و ناتوانن گفتوگۆیەکی تیۆریی و فکریی لەو بوارەوە بکەن. بۆ نموونە ئایا قۆناغی یەڵماز گونەی تا دەگات بە ڕەوشی زیندانی ئامەد کە سینەما وەک چەکێک لەپێناو شاردنەوەی ستەمکاریی و کاری دڕندانەی کودەتاچییە کەمالیستەکان بەکار دێت، چی کاریگەرییەکی هەبووە نە تەنێ وەڵامت دەست ناکەوێت، بەڵكوو هەر خودی پانێڵێست ئەوەندە ئاگادار نییە کە بتوانێت لەو بوارەدا وتووێژ بکات.
لێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە نەبوونی هێڵی تیۆریی و سیاسیی پەیوەندیدار بە سۆسۆلۆژیای مێژووییەوە، گەورەترین کێشەیە کە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە چالاکییانە دەبێتەوە. هۆکارە سەرەکییەکەش نەبوونی جۆرێک لە ئازایەتیی فکرییە کە ڕوون و ڕەوان بڵێین؛ ئێمە ئەمەین و ئەمە هێڵی بیرکردنەوەمانە و بەم شێوەیە کار دەکەین، پێچەوانەی ئەمەش زیاتر لە هەوڵی ئەوەداین زۆر لیبڕاڵ و نەرم هەرکەسێک لە دەوری خۆمان کۆ بکەینەوە و هەرکەس ڕەزامەند بێت. میناک هەر لە دیدارەکەدا با کەسێک بێت بڵێت ئیشی شعر نییە خەریکی ئەنفال بێت، ئەوە کاری سیاسەتە و یەکی دیکەش بڵێت ڕۆشنبیریی کورد ئەنتی – گوندن، ئیدی لە چەشنی ”چێشتی مجێوور” دیدارێک دروست دەبێت و ناوی دەنێین دیداری ”کوردناسی”.
ئەنجام:
لە چوارچێوە ڕۆژهەڵاتناسییەکەدا ئەوە ڕوونە کە مەعریفە و تێگەیشتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشدا کورد و کوردستان، زانینێک بووە لە خزمەت دەسەڵاتدا، ئەمەش دەمانباتەوە بۆ تێگە فۆکۆییەکە کە مەبەست لێی بایۆ-دەسەڵاتە. لای ئێدوارد سەعید ڕسکانی ڕۆژهەڵاتناسیی لە واتا بەرفراوانەکەیدا بەمەبەستی زیادکردنی هەژموونی دەوڵەتە هەژموونخوازە ئەورووپییەکان بووە کە ئەمەش سەری کێشاوە تاوەکوو کاریگەربوونی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
لەلای ئێمەش سەرەڕای ئەوەی دەکرێت کە لە چەند گۆشەیەکدا بۆ پاراستنی کەلتوور و بە تایبەت لە پرسی فۆلکلۆردا هاتنی ڕۆژهەڵاتناسەکان بۆ کوردستان سوودبەخش بووبێت وەک ئەوەی فەرهاد پیرباڵ لە ”کورد لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە” دەیخاتە ڕوو، بەڵام دواجار بە هۆکاری ئەوەی هەمیشە کورد وەک دیاردەیەک لە گۆڕاندا بووە و زۆربەی کاتیش لە فۆرمە کۆمەڵایەتییەکەیدا خۆی بەیان کردووە، دەبینین خوێندنەوە بۆ کورد و کوردناسیی بە دیدگایەکی ئەورووپیی-تەوەر یان بەرفراوانتر لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە زۆربەی کات ڕیسەکەی کردووەتە بە خوری و نەیتوانیوە کورد وەک هەبوونێكی ئۆنتۆلۆژیی و ئەنسرۆپۆلۆژیی لێک بداتەوە.
دواجاریش لە پارادایمی سۆسۆلۆژیای ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجالاندا ”کورد” وەک هەبوونێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و ئەو دیوە تاریکانەی بە درێژایی دوو سەدەی ڕابردوو بەهۆی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە لەژێر پەردەی دڕندانەی دەوڵەت-نەتەوەدا شاردراوەتەوە، سەرەتاتکێ دەکات تا دەگاتە کەماڵی دەرکەوتنی. کە ئیدی لێرەوە کورد خۆی خۆی دەخوێنێتەوە و خۆی لە بوونی خۆی تێدەگات و شرۆڤە دەکات.
لێرەشدا لەم ساتەدا هەوڵێک بۆ درووستکردنی دیداری کوردناسیی جێی بایەخ و ڕێزە، لێ لەو کەموکوڕتیی و ڕەخنانەش بەدوورنییە کە ببنە هێزێک بۆ ئەوەی ساڵێکی دیکە بە جۆشوخرۆشێکی زێدەتر و بە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندتر، دوور لە دیدگا کۆڵۆنیالیستییەکان، بە دیدگایەک لە هەناوی هەبوونی کورد خۆیەوە هەڵقوڵابێت دیدارێکی باشتر و کاریگەرتر بەڕێوە بچێت.


