چۆن لە ئۆجالان و کۆمەڵناسیی کۆمەڵگای ئازاد تێبگەین؟
مێژوو چییە؟ بەگوێرەی ئۆجالان، مێژوو لە 'ئێستا'ـدا شاراوەیە، بە جۆرێکی تر 'ئێستا'ـی مێژوویی، داهاتوو بنیاد دەنێت.

ئاوارە پیرۆت
ئەگەر لە کۆمەڵناسیی ئازاددا، مێژوو سوودبەخش بوو، هەروەتر لە بواری سیاسییدا بەرهەمهێن بوو، ئەوا دەتوانێت کۆمەڵگای ئازاد بنیاد بنێت، یاخود میکانیزمە ناوەکییەکانی بۆ درووست بکات، بەڵام جۆرێکی ڕەوتی مێژوو، کە مێژووگەراییە، سەرسەختترین دوژمنی نەتەوە و کۆمەڵگای ئازادە، بۆچی؟ گێڕانەوەی مێژوو بە ئاڕاستەی ئەوەی ئێمە لە ڕابردوودا نەتەوە بووین، تا ئەمڕۆ لە سیاسەتدا نەیتوانیوە هیچ بەرهەم بهێنێت، چونکە نەتەوە پێویستی بە سەلماندن، یاخود حکوومەت و دەزگای دەوڵەت نییە، چونکە پێش دەزگاکان، زۆر پێش حکومەتەکان، نەتەوەکان هەر هەبوون، بەڵام لە فۆڕمی گەلدا. ئاشکراشە دواتر گەل دەبێت بە جەوهەر و ناوکی نەتەوە، بەڵام ‘دەستوور’ گەلانی خاوەن نەتەوەی لە یاساکانی دەوڵەتدا، بێهێز و بێ ستاتۆ کردووە. کاتێک ئۆجالان فۆکەسی خستووەتە سەر دەستووری تورکیا، دوو ئامانجی هەیە، یەکەم/ بۆ گێڕانەوە و دەستەبەرکردنی هاوسەنگیی سیاسیی نێوان گەلان، ئەوەش مەرجی تاکی ئازاد لە کۆمەڵگای ئازاددا فۆرمولە دەکات، دووەم/ بۆ درووستبوونی نەتەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێن هاوسەنگیی هێزەکان درووست دەکات، نەک نەتەوەی مێژوویی، چونکە نەتەوەی مێژوویی هیچ قورساییەکی سیاسیی نییە و ناتوانێت جووڵاو و بەرهەمهێن بێت. لە کۆمەڵناسیی کۆمەڵگای ئازاددا، گەل ناوکی نەتەوەیە، گەل چییە؟ گەل لە کۆمەڵگای ئازاددا کۆبوونەوەی ئاپۆڕا و خڕبوونەوەی ملیۆنان مرۆڤ نییە کە لە جوگرافیایەکی هاوبەشدا بە زمانێکی هاوبەش قسە دەکەن، بەڵکوو گەل گوتار و بیرکردنەوەی ئازادانە و هاوبەشە. هێگڵ گوتوویەتی: ئێمە لە مێژووەوە فێر دەبین، کە لە مێژوو فێر نابین. ئەوەش بریتییە لەو مێژووگەراییەی وا لەسەر کەوڵی کۆن دەژیی و دژی هۆشیاریی و بە ئاگاهاتنەوەیە لە نێو کۆمەڵگادا.
ئۆجالان، گوتاری هاوبەش و ئاگایی کۆمەڵایەتیی نامێژووگەرایی بە فاکتەری گۆڕانی کۆمەڵایەتیی دەزانێت، کە دەتوانێت هاوسەنگیی هێزەکان بەبێ جەنگ و ململانێ لە کۆمەڵگای ئازاددا بپارێزێت، (گۆڕانکاریی لە دەستووردا، کە لە ئێستادا مەرجی قۆناغی ئاشتییە، گۆڕەپانی ڕاستیی ئەو تێزەیە)، کاتێک ئەم هاوسەنگییە درووست بوو، دەوڵەت ئیشی چییە؟ هیچ. بۆچی؟ چونکە دەوڵەت سرووشتێکی دەسەڵاتخوازانەی هەژموونگەرایانەی هەیە و هاوسەنگیی هێزەکان تێک دەدات و لە بەرژەوەندیی لایەنێکی دیکە دایدەشکێنێت، بەڵام کاتێک کۆمەڵگا لەباری هاوسەنگییدا بوو، زەمینەیەک بۆ ژیانی دەوڵەت نامێنێتەوە. چەمکی ئینتگراسیۆن، ئەرکێکی ئاوای هەیە.
کەوابوو، مێژوو چییە؟ بەگوێرەی ئۆجالان، مێژوو لە ‘ئێستا’ـدا شاراوەیە، بە جۆرێکی تر ‘ئێستا’ـی مێژوویی، داهاتوو بنیاد دەنێت، بەو شێوازەی تا چەند گرێدراوی ئاگاییە. فۆکۆ لە وانەی ‘١٠’ـیەمی ١٩٧٦ـدا دەڵێت: چیتر بناغە ساتی بنەڕەتی نییە، هەروەها چیتر خاڵی دەستپێک ‘شیاوی تێگەیشتن’ توخمەکانی دێرین نییە، بەڵکوو دەستپێکی شیاوی تێگەیشتن، ‘ئێستا’ـیە، ئێستا ساتێکی نێگەتیڤە، ئێستا قووڵایی شەپۆلەکان و ساتێکی ئارام، بەڵام لەبیرکراو بووە. تێگەیشتنی ئێمە بۆ مێژوو، تاکوو قۆناغی ئۆجالان، زۆر ترسناک و ماڵوێرانکەر بووە، دەمانگوت: مێژوو لە بنەڕەتی ‘لەمێژە’ لە ڕابردوودا هاتووە و وەرگیراوە، بە واتای ڕووداێک کە لەمێژە ڕووی داوە و لە ئێستادا بووەتە چیرۆک و گێڕانەوەی بن ئاگردانی شەوانی پاییز و زستان، ئەم مێژووە چی بۆ ئێمە، گەلی ئێمە، نەتەوەی ئێمە کرد؟ چی بەرهەم هێنا؟ کیمیاباران و ژینۆساید، غافڵکوژیی و نائاگایی.
ئۆجالان، لە ‘ئێستا’ـی لەبیرکراودا، دەمانجووڵێنێت، ئێستا لە پێکهاتەی کۆمەڵناسیی کۆمەڵگای ئازاددا، تا دواڕادە گرنگە. لە بواری پراکتیک و تاکتیکی سیاسییشدا، بەرهەمهێنە. ‘بوون’ـی ئێمە لە ‘ئێستا’ـی کۆمەڵگەی ئازاددا، مێژوو لە ئێستا و ئێستاش لە ئاییندەدا دەبینێت. مێژوو لێرەدا هەم هونەری ئاگایی بەڕێوەبردن و زیندوێتیی گەلە، هەم زانستێکی گرنگی نێو کۆمەڵگای ئازادیشە. لە قووڵایی خۆشیدا هەر ئەوە دەتوانێت، کۆتایی بە دەسەڵات و دەوڵەت بهێنێت.



