گۆشەی ئازد

هێزی پارە لە كۆمەڵگەی بۆرژوازییدا

پارە بیستوچوار پێم بۆ دابین دەكات. لەبەر ئەوەش، شەل نیم. من خراپم، ڕاستگۆ نیم، بێویژدانم، گەمژەم؛ بەڵام پارە ڕێزدارە، هەروەها خاوەن پارەكەش.

كارل ماركس

وەرگێڕانی؛ ئەكبەر حەسەن

 

 

ئەگەر هەست و سۆزەكانی… مرۆڤ تەنها دیاردەیەكی ئەنترۆپۆلۆجی نەبن بە مانا (بەرتەسكەكەی)[1]، بەڵكو سەلماندن[2]ی ئۆ‌نتۆلۆجیی ڕاستەقینەی بوون (ی سروشت) بن، ئەگەر سەلماندنی ڕاستەقینەی ئەم هەست و سۆزانە بەو هۆیەوە بێت كە ئۆبژەی ئەم هەست و سۆزانە وەك ئۆبژەی هەستەكی بوونیان هەیە بۆیان، ئەوا ڕوونە كە:

١– هەرگیز بە یەك شێوازیان ناسەلمێنرێن، بەڵكو مۆركە تایبەتەكەی بوونیان و ژیانیان لە شێوازی تایبەتی سەلماندنیان پێك دێت. شێوازی بوونی ئۆبژەكەش بۆ ئەو، شێوازە تایبەتەكەی تێركردنیەتی.

٢– كاتێك سەلماندنە هەستەكییەكە هەڵوەشاندنەوە[3]‌ی ڕاستەوخۆی ئۆبژەكەیە لە فۆرمە سەربەخۆكەیدا (وەك خواردن و خواردنەوە و كاركردن لەسەر شتەكان…)، ئەوا ئەمە سەلماندنی ئۆبژەكەیە.

٣– چەند مرۆڤ و لێرەشەوە هەستەكانی… مرۆییانە بن، ئەوا سەلماندنی ئۆبژەكە لە لایەن كەسێكی ترەوە هاوتەرازی خۆتێركردن[4]یەتی.

٤– تەنها لە میانەی پیشەسازیی پێشكەوتووەوەیە –واتە لە میانەی میدیەمەكانی خاوەندارێتیی تایبەتەوە– كە جەوهەرە ئۆنتۆلۆجییەكەی سۆزی مرۆیی، لە گشتێتی و مرۆییبوونەكەیدا، دێتە بوون. لەبەر ئەمەشە خودی زانستی مرۆڤ بەرهەمی چالاكییە پراكتیكییەكانی مرۆڤ خۆیەتی.

٥– مانای خاوەندارێتیی تایبەت (بە لەبەرچاوگرتنی نامۆبوونەكەی) بوونی ئۆبژە سەرەكییەكانە بۆ مرۆڤ، چ وەك ئۆبژەی چێژوەرگرتن و چ وەك ئۆبژەی چالاكی.

پارە لەبەر دوو سیفەت، كە دەتوانێت هەموو شتێك بكڕێت و دەتوانێت ببێت بە خاوەنی هەموو شتێك، ئۆبژە دیارەكەی خاوەنێتیبوونە. یونیڤێرساڵبوونی سیفەتەكەی هەمەتوانابوون[5]ی بوونەكەیەتی. لەبەر ئەمەیە پارە بە بوونێكی هەمەتوانا دادەنرێت. بەم شێوەیەش، پارە وەك بوونێكی هەمەتوانا هەڵدەسووڕێت. پارە دەڵاڵی نێوان پێویستیی مرۆڤ و ئۆبژەیه، نێوان ژیانی و كەرەستەكانی ژیانی مرۆڤە. بەڵام ئەو شتەی لە نێوان ژیانم و خۆمدا نێوەندگیری دەكات، لە نێوان بوونی ئەوانی تریش و مندا نێوەندگیری دەكات. پارە بۆ من كەسەكەی ترە.

“بۆچی؟ ئاهـ! دەست و پێت

سەر و پشتت… هەموو هیی تۆن

ئەوانەی به ‌دەستیان دێنین تا ئەو كاتەی ژیان جوانە

ئاخۆ كەسێك هەیە بڵێت هیی ئێمە نین؟

با بڵێین دەتوانم شەش ئەسپ بكڕم

ئاخۆ هێزی ئەسپەكان هیی من نین؟

من خێرا ڕێ دەكەم و لە ڕاستییشدا مرۆڤم

وەك ئەوەی بیستوچوار پێم هەبێت”

گۆتە، فاوست، مفیستۆفلیس[6]

شكسپیر لە “تیمۆنی ئەسینا”دا [دەڵێت]:

“زێڕ؟ زێڕی زەردی درەوشاوەی گرانبەها؟ نەخێر خودایان، من زاهیدێكی تەمەڵ نیم… بڕێك لەم زێڕە ڕەش سپی دەكات، ناشرین جوان دەكات، هەڵە دەكات بە ڕاست، كەسانی بێ پلەوپایە دەكات بە خاوەنی پلەوپایە، پیر گەنج دەكاتەوە، ترسنۆك دەكات بە ئازا. هۆ خودایان، بۆچی شتە چكۆلە؟ چییە ئەمە خودایان؟ بۆچی ئەم زێڕە كاهین و خزمەتكارەكانتان لێ دوور دەخاتەوە، بۆچی سەرینی ‌ژێر سەری پیاو دەدزێت؟ ئەم كۆیلە زەردە ئایینەكان یەك دەخات و تێكیان دەشكێنێت، نەفرەتییەكان موبارەك دەكات، گەڕوگولان دەكات بە كەسانی خۆشەویست و دزان دەكات بە هاوپێگەی نەجیبزادان، زێڕە وا دەكات بێوەژنێكی پیر شوو بكاتەوە. ژنێكی ناشیرینی بڵح، كە تەنانەت قێزەونترین پیاوانیش كە هەموو گیانیان دوومەڵە و ڕەتی دەكەنەوە، گەنج دەكاتەوە‌ و وەك ڕۆژانی بەهار دڵگیر و بۆنخۆشی دەكات.

وەرە ئەی خاكی نەفرەتی، ئەی قەحبەی هاوبەشی مرۆڤایەتی كە ناكۆكی لە نێوان یەكپارچەیی میلەتاندا دروست دەكەیت، خۆم تا ئاستی تۆ نزم دەكەمەوە، بۆ ئەوەی تۆڵەت لێ بكەمەوە.”

دواتر دەڵێت:

“تۆ ئەی پادشاكوژی ئازیز… كە دەشتوانیت درز بخەیتە نێوان كوڕ و باوك… تۆ كە دەتوانیت تەختی نوستنی هایمەن پیس بكەیت، تۆ ئەی مارسی ئازا، تۆ كە هەمیشە گەنج، تەڕوبڕ، خۆشەویست و موجامەلەچییەكی نەرمونیانیت، كە سیمای سوورداگەڕاوت سەهۆڵبەندانی پیرۆزی نێو زێی دیانا دەتوێنێتەوە، تۆ ئەی خواوەندی قەشەنگ كە مەحاڵەكان لێك دەدووریتەوە و وایان لێ دەكەیت یەكتر ماچ بكەن، كە دەتوانێت بە هەر زمانێك قسە بكات بۆ هەر مەبەستێك بێت، تۆ كە دەست لە دڵ دەدەیت، بیر بكەوە، كۆیلەكەت لە دژت یاخی دەبێت، بە هێزی خۆت تووشی ململانێی بكە لەگەڵ خۆی، ئەوكات ڕەنگە وەحشییەكان فەرمانڕەوایی جیهان بكەن.”[7]

شكسپێر بە جوانی سروشتی ڕاستەقینەی پارە وەسف دەكات. بۆ ئەوەی لێی تێ بگەین، با سەرەتا بە ڕاڤەكردنی بڕگەكەی گۆتە دەست پێ بكەین.

ئەوەی كە لە ڕێگەی میدیەمی پارەوە هیی منە –ئەوەی كە دەتوانم لە بەرامبەریدا پارە بدەم (واتە ئەوەی كە پارە دەتوانێت بیكڕێت)– ئەوە خۆمم، خاوەن پارەكە. ڕادەی هێزی پارەكە ڕادەی هێزی منە. سیفەتەكانی پارە سیفەتی من و هێزە جەوهەرییەكەی منن – سیفەتی خاوەنەكەی و هێزەكەی. بەم شێوەیە، من و ئەوەی لە توانای مندایە، بە هیچ جۆرێك لە ڕێگەی فەردییەتی منەوە دیاری ناكرێت. من ناشیرینم، بەڵام دەتوانم جوانترینی ژنان بۆ خۆم بكڕم. لەبەر ئەوە، من ناشیرین نیم، چونكە پارە كاریگەریی ناشیرینی –هێزە سڵەمێنەرەوەكەی– بەتاڵ دەكاتەوە. من –وەك تایبەتمەندیی تاكەكەسی– شەلم، بەڵام پارە بیستوچوار پێم بۆ دابین دەكات. لەبەر ئەوەش، شەل نیم. من خراپم، ڕاستگۆ نیم، بێویژدانم، گەمژەم؛ بەڵام پارە ڕێزدارە، هەروەها خاوەن پارەكەش. پارە چاكەی باڵایە، لەبەر ئەوە، خاوەنەكەشی چاكە. پارە لە گرفتی ڕاستگۆنەبوون ڕزگارم دەكات، بەو جۆرەش، وا دادەنرێت ڕاستگۆ بم. من بێمێشكم، بەڵام پارە مێشكی ڕاستەقینەی هەموو شتەكانە. كەواتە چۆن دەبێت خاوەنەكەی بێمێشك بێت؟ هاوكات، دەتوانێت خەڵكانی زیرەك بۆ خۆی بكڕێت. یاخود، ئاخۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر خەڵكانی زیرەكدا هەیە[8]، چۆن دەشێت زیرەكتر نەبێت لە زیرەكەكان؟ ئاخۆ من، كە بە هۆی پارەوە دەتوانم هەموو ئەو شتانە بكەم كە دڵی مرۆڤ بۆیان لێ دەدات، خاوەنی هەموو توانا مرۆییەكان نیم؟ كەواتە، ئاخۆ پارە هەموو بێتواناییەكانم ناگۆڕێت بۆ توانایی؟

ئەگەر پارە ئەو میدیەمە بێت كە دەمبەسێتەوە بە ژیانی مرۆییەوە، كۆمەڵگە بە منەوە دەبەسێتەوە و منیش بە سروشت و مرۆڤەوە دەبەسێتەوە، ئاخۆ ئیتر پارە میدیەمی سەرجەم میدیەمەكان نییە؟ ئاخۆ ئەوە پارە نییە كە دەتوانێت هەموو گرێكان بكاتەوە و ببەستێتەوە؟ كەواتە، ئاخۆ بكەرە یونیڤێرساڵەكەی دابڕان نییە؟ پارە بكەری ڕاستەقینەی دابڕینە، وەك چۆن بكەری ڕاستەقینەی بەستنەوەیە. […][9] هێزی كیمیایی كۆمەڵگەیە.

شكسپیر بە تایبەتی پێداگیری لەسەر دوو سیفەتی پارە دەكات:

١– پارە خواوەندی بینراوە – گۆڕینی سیفەتە مرۆیی و سروشتییەكان بۆ دژەكانیان، تێكەڵوپێكەڵكردنی گشتگیر و شێواندنی شتەكان: پارە مەحاڵەكان یەك دەخات.

٢– پارە سۆزانیی هاوبەش و دەڵاڵی هاوبەشی خەڵك و نەتەوەكانە.

شێواندن و تێكەڵوپێكەڵكردنی سەرجەم سیفەتە مرۆیی و سروشتییەكان، یەكخستنی مەحاڵەكان – [واتە] هێزی خواوەندئاسای پارە– لە مۆركەكەیدایە، بەو پێیەی [ئەم مۆركە] سروشتی جۆرە بێگانەبوو و نامۆبووەكەی مرۆڤە. پارە توانا نامۆبووەكەی خەڵكە.

ئەوەی وەك مرۆڤێك ناتوانم بیكەم و هەموو هێزە تاكەكەسییە جەوهەرییەكەم لە ئاستیدا بێتوانایە، دەتوانم بە هۆی پارەوە بیكەم. بەم شێوەیە، پارە هەریەكە لەم هێزانە دەگۆڕێت بۆ شتێك كە خۆیان نین، واتە گۆڕینیان بۆ دژەكانیان.

ئەگەر حەزم لە خواردنێكی تایبەت بێت، یان بمەوێت گالیسكەیەكی پۆست بگرم، لەبەر ئەوەی ئەوەندە هێزم تێدا نییە بتوانم بە پێی خۆم بڕۆم، ئەوا پارە خواردنەكە و گالیسكەكەم بۆ دەستەبەر دەكات: واتە پارە خواستەكانم لە جیهانی خەیاڵەوە دەگۆڕێت [بۆ جیهانی واقیع]، لە بوونە لێڕامێنراو و وێناكراو یان خوازراوەكەیانەوە دەیانگۆڕێت بۆ بوونە هەستەكی و‌ واقیعییەكەیان، لە وێناكردنەوە بۆ ژیان، لە بوونی وێناكراوەوە بۆ بوونی ڕاستەقینە. پارە، بە هۆی ئەم میدیەمبوونەوە، بە ڕاستی هێزێكی داهێنەرە.

بێگومان، كەسێك كە پارەی نییە، هەمان ئەم خواستانەی هەیە. بەڵام خواستەكانی ئەو تەنها وێناكردنن و هیچ كاریگەری یان بوونێكیان بۆ من، بۆ لایەنی سێیەم و بۆ ئەوانی تریش نییە. بەم شێوەیەش، خواستی ئەو بۆ من خواستێكی ناڕاستەقینە و بێبابەتە. جیاوازیی نێوان خواستی كارای پشتئەستوور بە پارە و خواستی ناكارای پشتئەستوور بە پێویستییەكانم، ئارەزووەكانم و هیواكانم… جیاوازییە لە نێوان بوون و بیركردنەوەدا، لە نێوان ئەوەدا كە تەنها وەك ئایدیایەك لە نێو مندا هەیە و ئەو ئایدیایەی كە وەك بابەتێكی ڕاستەقینە لە دەرەوەی من هەیە.

ئەگەر پارەم نەبێت بۆ سەفەر، ئەوا پێویستم بە سەفەر نییە –واتە پێویستییەكی ڕاستەقینە و قابیلی بەدیهێنان‌–. ئەگەر بەهره[10]‌ی خوێندنم هەبوو، بەڵام پارەم نەبوو، ئەوا بەهرەی خوێندنم نییە – واتە بەهرەیەكی كارا، بەهرەیەكی ڕاستەقینەم نییە. لە لایەكی ترەوە، ئەگەر بەهرەی خوێندنم نەبێت، بەڵام ئیرادە و پارەم هەبێت، ئەوا بەهرەیەكی كارام بۆ خوێندن هەیە. پارە، وەك میدیەمێك و توانستێكی دەرەكی و یونیڤێرساڵ (كە لە مرۆڤەوە وەك مرۆڤ و كۆمەڵگەی مرۆیی وەك كۆمەڵگە سەرچاوە ناگرێت) بۆ گۆڕینی وێنە بۆ واقیع و واقیعیش بۆ تەنها وێنەیەك، هێزە جەوهەرییە ڕاستەقینەكانی مرۆڤ و سروشت دەگۆڕێت بۆ تەنها وێناكردنی ئەبستراكت و بەم پێیەش [بۆ] كەموكورتی و وەهمی ئازاردەر، ڕێك وەك چۆن كەموكورتی و وەهمی ڕاستەقینە –واتە ئەو هێزە جەوهەرییانەی كە بە ڕاستی لاوازن و تەنها لە وێناكردنی تاكدا هەن– دەگۆڕێت بۆ هێز و توانستی ڕاستەقینە. له ‌بەر ڕۆشنایی تەنها ئەم تایبەتمەندییەدا، [بۆمان دەردەكەوێت] پارە شێواندنە گشتییەكەی فەردییەتەكانە كە دەیانگۆڕێت بۆ دژەكانی خۆیان و سیفەتی دژ بۆ سیفەتەكانیان سەربار دەكات.

بەم جۆرەش، پارە وەك ئەم هێزە شێوێنەرە دەردەكەوێت، چ دژی تاك بێت یان دژی پەیوەستییەكانی كۆمەڵگە كە [ئەم پەیوەستییانە] بانگەشەی ئەوە دەكەن خۆیان لە خۆیاندا جەوهەرن. پارە وەفاداری دەگۆڕێت بۆ بێوەفایی، خۆشەویستی بۆ ڕق و ڕق بۆ خۆشەویستی، فەزیڵەت بۆ ڕەزیلەت و ڕەزیلەت بۆ فەزیڵەت، خزمەتكار بۆ ئاغا و ئاغا بۆ خزمەتكار، دەبەنگی بۆ زیرەكی و زیرەكی بۆ دەبەنگی.

لەبەر ئەوەی پارە، وەك چەمكە كارا و هەبووەكەی بەها، شتەكان تێكەڵوپێكەڵ دەكات و تێكیان دەشێوێنێت، خودی خۆی تێكەڵوپێكەڵكەر و تێكشێوێنەرە گشتییەكەی سەرجەم شتەكانە –جیهانی سەراوژێربووە–، تێكەڵوپێكەڵكەر و تێكشوێنەری سەرجەم سیفەتە سروشتی و مرۆییەكانە.

ئەو كەسەی دەتوانێت ئازایەتی بكڕێت، ئازایە، هەرچەندە ترسنۆكیش بێت. لەبەر ئەوەی پارە تەنها لە بەرامبەر سیفەتێكی دیاریكراو، لە بەرامبەر شتێكی دیاریكراو یان هێزێكی مرۆیی تایبەتدا ئاڵوگۆڕ ناكرێت، بەڵكو لە بەرامبەر هەموو جیهانە بابەتییەكەی مرۆڤ و سروشتدا ئاڵوگۆڕ دەكرێت، ئەوا لە ڕوانگەی خاوەنەكەیەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی هەموو سیفەتێك لە بەرامبەر هەموو سیفەتێك و بابەتێكدا بەكار دێت، هەرچەندە دژیش بن: پارە یەكخستنی مەحاڵەكانە، وا دەكات دژەكان ئامێز بەیەكدا بكەن.

گریمانە بكە مرۆڤ مرۆڤ بێت‌ و پەیوەندییشی بە جیهانەوە پەیوەندییەكی مرۆڤانە بێت‌: ئەو كاتە دەتوانیت خۆشەویستی تەنها بە خۆشەویستی و متمانە تەنها بە متمانە ئاڵوگۆڕ بكەیت… ئەگەر بتەوێت چێژ لە هونەر وەربگریت، دەبێت كەسێك بیت پەروەردەیەكی هونەریت هەبێت. ئەگەر بتەوێت كاریگەریت لەسەر كەسانی تر هەبێت، دەبێت كەسێك بیت كاریگەرییەكی هاندەرانەت لەسەر خەڵكانی تر هەبێت. دەبێت هەر یەك لە پەیوەندییەكانت بە مرۆڤ و سروشتەوە تەعبیرێكی تایبەت بێت كە لەگەڵ ئۆبژەی ئیرادەكەتدا، لەگەڵ ژیانە تاكەكەسییە ڕاستەقینەكەتدا هاوتەریب بێت. ئەگەر كەسێكت خۆش بوێت بەبێ ئەوەی بتوانیت خۆشەویستیی ئەو به ‌دەست بهێنیت –واتە خۆشەویستییەكەت وەك خۆشەویستی، خۆشەویستیی دوولایەنە بەرهەم نەهێنێت، ئەگەر لە ڕێگەی تەعبیركردنێكی زیندوو لە خۆت وەك كەسێكی عاشق خۆت نەكەیت بە مەعشوق، ئەو كاتە خۆشەویستییەكەت لاوازە – بەدبەختییە.

[1] ئەم وشەیە ناخوێنرێتەوە. و. ئینگلیزی.

[2] Affirmation, Bejahung.

[3] لە دەقە ئینگلیزییەكەدا نووسراوە (annulment)، كە بە واتای هەڵوەشاندنەوە یان ڕەتكردنەوە بێت، بەڵام پێ دەچێت زیاتر مەبەست بەكاربردن یان گۆڕینی شێوە بێت. و. كوردی.

[4] gratification

[5] omnipotence

[6] گۆتە: فاوست، بەشی یەكەم، ژوورەكەی فاوست، گفتوگۆی نێوان فاوست و مێفیستۆفلیس.

[7] ماركس ئەم دوو پارچە شیعرەی شكسپیری لە تیمۆنی ئەسینا (Timon of Athens) وەرگرتووە، هەردوو پارچەكە لە دوو شوێنی جیاوازی ئەكتی چوارەم، بەشی پێنجەوە وەرگیراون. لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەی وەرگێڕانی شیعرەكە لە ئینگلیزیی كلاسیكەوە سەخت بوو، بە ناچار سوودمان لە وەرگێڕانە مۆدێرنەكەی دەقەكە وەرگرت و پەیڕەومان لە وەرگێڕانێكی كەم تا زۆر ئازاد كرد. و. كوردی.

[8] لە دەقە ئەڵمانییەكەدا: دەسەڵاتە بەسەر… و. ئینگلیزی.

[9] لە دەستنووسە ئەڵمانییەكەدا وشەیەك ناخوێنرێتەوە. و. ئیگلیزی.

[10] لە ڕاستیدا لە دەقە ئەڵمانییەكەدا نووسراوە “beruf” و لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەكەدا “vocation” دانراوە. “beruf” لە زمانی ئەڵمانیدا بە شێوەیەكی سەرەكی بە مانای پیشە دێت، بەڵام چەندین مانای دیكەشی هەیە و بەپێی كۆنتێكستەكان دەگۆڕێت. وشەی “vocation”یش لە زمانی ئینگلیزیدا جگە لە مانای پیشە، بە مانای بەهرە و بانگهێشتكردنیش دێت. ئێمە بەپێی كۆنتێكستە، پێمان باش بوو “بەهرە” دابنێینەوە، بە تایبەتیش لەو باوەڕەوە كە زۆر بەهرە دەبێتە دیاریكەری پیشە و مرۆڤ لە ڕێی بەهرەكەیەوە پیشەكەی هەڵدەبژێرێت. و. كوردی.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.