گۆشەی ئازد

فەلسەفە و ئایدیای ناکۆتا

لە هەقیقەتدا، کەسی بیرکەرەوە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ڕاستییەکی جیاواز لە خۆی، جگە لە خۆی، لەگەڵ دەرەوەی خۆی- "ئەویتری ڕەها"، دەپارێزێت

ئیمانوێل لێڤیناس

وەرگێڕان: شەهلا نەجمەدین

 

 

١- خودتەوەریی (Autonomy) و ئەویترتەوەریی (Heteronomy)

هەموو فەلسەفەیەک بەدوای هەقیقەتدا دەگەڕێت، زانستەکانیش بە هەمان شێوە دەکرێت بەم گەڕانە پێناسە بکرێن بەوەی لە ئیرۆسی فەلسەفییەوە، ڕاستەوخۆ یان تا ئاستێک، سەرگەرمیی و ئارەزووی مەزنیان هەڵدەهێنجێنن. گەر ئەم پێناسەیە زۆر گشتیی و بگرە بێمانا دەربکەوێت، بەڵام دەرفەتی ئەوەمان پێ دەدات دوو ئاڕاستە جیا بکەینەوە کە ڕۆحی فەلسەفی دەیگرێتە بەر و ئەمەش خوێندنەوە ڕوواڵەتییەکەی ڕوون دەکاتەوە. ئەم ئاڕاستانە لەناو ئایدیای هەقیقەتدا بەیەک دەگەن.

یەکەم: هەقیقەت پێشنیاری ئەزموون دەکات. لە هەقیقەتدا، کەسی بیرکەرەوە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ڕاستییەکی جیاواز لە خۆی، جگە لە خۆی، لەگەڵ دەرەوەی خۆی- “ئەویتری ڕەها”، دەپارێزێت، بەپێی ئەو دەربڕینەی کە جارێکی دیکە لەلایەن ژۆنکلیڤیچەوە (Jankelevitch) هەڵگیراوەتەوە. تەنیا ئەوکات ئەزموون شایستە بە ناوەکەی دەبێت ئەگەر بمانگوێزێتەوە بۆ ئەودیوی ئەو شتەی کە سرووشتی ئێمە پێک دەهێنێت. ئەزموونی ڕاستەقینە دەبێت تەنانەت بەرەو ئەودیوی ئەو سرووشتەشمان ببات کە لە دەورمانە، کە ئیرەیی نابات بەو نهێنییە سەرسوڕهێنەرانەی هەڵی گرتوون، پتر لەوەش بەشداری پێ دەکات لەگەڵ مرۆڤ، و ملکەچ بە هۆکار و داهێنانەکانی دەبێت؛ هەر لەناو ئەویشدا مرۆڤ هەست بەوە دەکات لە ماڵەوەیە. بەمەش هەقیقەت دەرئەنجامی جووڵەیەک دیاری دەکات ئەو جیهانە جێ دەهێڵێت کە لەنێویدایە و پێی ئاشنایە، تەنانەت گەر هێشتاش بە تەواوەتیی کەشفمان نەکردبێت، ڕووەو غەریبە هەنگاو دەنێت، ڕووەو ئەودیو، بەرەو دەرەوە، بەو شێوەیەی ئەفڵاتوون (لە دایالۆگی فایدۆدا) ئاماژەی پێ دەدات. هەقیقەت زیاتر لەدەرەوەیەتیی دەگرێتەوە: ترانسێندێنس (Transcendence). فەلسەفەیەک کە پەرۆشی ئەویتری ڕەها بێت، دەبێتە خودی ئەویترتەوەریی. بوارمان دەدات زۆر دوورتر بڕۆین. تەنیا مەودا بەس نییە بۆ جیاکردنەوەی ترانسێندێنس لە دەرەوەیەتیی. هەقیقەت، کچی ئەزموون، جەختکردنەوەی ئێجگار باڵای هەیە؛ بەسەر خودی ڕەهەندی ئایدیاڵدا دەکرێتەوە. بەم شێوەیە فەلسەفە واتا مێتافیزیک، مێتافیزیکیش پەیوەستە بە پرسی خوداوە.

 

دووەم: بەڵام لە هەمان کاتدا هەقیقەت واتا پابەندبوونی ئازاد بە بیروبۆچوونێکەوە، بە دەرئەنجامی بیرکردنەوەیەکی ئازادەوە. ئازادی کەسی لێکۆڵەر، ئازادی ئەو بیرکەرەوەیەی کە هیچ ڕێگرێک لەبەردەمیدا نییە، لە هەقیقەتدا دەربڕراوە. ئەم ئازادییە چی ترە جگە لەوەی بیرمەند ئەوە ڕەت دەکاتەوە نامۆ بێت لە پابەندبوون و پارێزگاریکردن لە سرووشتی خۆی، لە شووناسی خۆی، سەرکەوتن لە مانەوە وەک خۆی، وەک هەمان، بەو شێوەیەی کە هەیە، سەرباری هەموو ئەو پێدەشتە نەناسراوانەی کە دەشێت بیرکردنەوە بمانباتە ناویان؟ بەم تێگەیشتنە، فەلسەفە بەشدار دەبێت لە بچوککردنەوە یاخود کورتکردنەوەی هەر شتێک بۆ هەمان/من (same) کە وەک ئەویتر(other) لە بەرانبەریدا ڕادەوەستێت، بەرەو خود-تەوەری هەنگاو دەنێت، بەرەو قۆناغێک کە چیتر هیچ شتێکی کورتنەکراوە بیرکردنەوە سنووردار ناکات و لە ئەنجامدا بیرکردنەوە، با بڵێین نا-سنوورداریی، ئازاد دەبێت. بەم شێوەیە فەلسەفە، بەدرێژایی مێژوو، بەشدارە لە دەستبەسەرداگرتنی بوون لەلایەن مرۆڤەوە.

ئازادیی، خۆسەری، کورتکردنەوەی ئەویتر بۆ هەمان/من، ئەم هاوکێشەیە پێک دەهێنێت: دەستبەسەرکردنی بوون لەلایەن مرۆڤەوە بەدرێژایی مێژوو. ئەم کورتکردنەوەیە نوێنەرایەتی جۆرێک لە وێنەی ئەبستراکت ناکات؛ بەڵکوو ئیگۆی مرۆڤە. بوونی ئیگۆ وەک شووناسی هەمەجۆر جێگیر دەبێت، چەندین ڕووداوی بەسەردا دێت، چەندین ساڵ دەخایەنێت، بەڵام هێشتاش ئیگۆ وەک خۆی دەمێنێتەوە! ئیگۆ، خود، شووناس [بەوجۆرەی کە لە ئەمڕۆماندا ئاماژەی بۆ دەکرێت]، لە ناوەڕاستی ئەو گۆڕانەدا، وەک بەردێک کە شەپۆلەکان لەگەڵ خۆیاندا بیبەن [کە هەر شتێکە جگە لە جێگیر] بە جێگیری نامێنێتەوە؛ ئیگۆ، لەڕێی کردنی ڕووداوە جیاوازەکان بە مێژوو- بە مێژووی هەمان- وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئەمەش دۆخی بنچینەیی شووناسوەرگرتنی هەمان/منە، کە پێش شووناسی بەرد و پێش دۆخی ئەو شووناسە دەکەوێت.

خودتەوەری یان ئەویترتەوەری؟ فەلسەفەی ڕۆژئاوا تا ڕادەیەکی زۆر لایەنگیری ئازادی و هەمان/منی کردووە. ئایا فەلسەفە لە خاکی یۆنان بۆ ئەوە نەهاتەکایەوە تا بیروڕا لە قەڵەمڕەوی بخات، کە لە سایەیدا هەموو ستەمەکان داڵدە دەدرێن و دەبنە هەڕەشە؟ لەگەڵ ڕووانین و بۆچووندا تاڵترین و خراپترین ژەهر دەڕژێتە ناو ڕۆحەوە و لە قووڵاییدا دەیگۆڕێت، شتێکی دیکەی لێ درووست دەکات. ئەو ڕۆحەی “لەلایەن ئەوانی ترەوە هەڵدەلوشرێت،” بەو شێوەیەی تێستێ (Monsieur Teste) لەبارەیەوە دەدوێت، هەست بە جیاوازی و غەریبێتی خۆی ناکات، بەمەش ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەکرێتەوە. بەڵام ئەم کاریگەری و شکۆمەندییەی بیروڕا، پێشگریمانەی قۆناغی ئەفسانەیی بوون دەکات، کە تیایدا ڕۆحەکان بەشداری یەکتر دەکەن، بەو شێوەیەی لێڤی-بروهڵ (Levy-Bruhl) ئاماژەی پێ دەدات. لە بەرانبەر ئەو بەشدارییە ناڕوون و وەڕسکەرەی بۆچوون پێشگریمانی دەکات، فەلسەفە ئیرادە بە ڕۆحە دابڕاو و بە مانایەک نەگیراوەکان دەبەخشێت. بیرۆکەی هەمان/من، بیرۆکەی ئازادی، زۆرترین گەرەنتی وەها دابڕانێک پێشکەش دەکەن.

بەم شێوەیە فیکری ڕۆژئاوا تا ڕادەیەکی زۆر ترانسێندێنس دەکاتە دەرەوە، هەموو ئەویترێک دەخزێنێتەوە ناو هەمان/من و مافی سەرەتایی فەلسەفییانەی خودتەوەری ڕادەگەیەنێت.

٢- خۆپەرستیی (نارسیسیزم)، یاخود باڵادەستی هەمان/من (Same)

خودتەوەری، ئەو فەلسەفەیەی کە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئازادی، یاخود شووناسی بوونەکانە، ئەوە دەکات بە پێشمەرج کە خودی ئازادی لە ماف و ڕەوایەتی خۆی دڵنیایە، بێ پشتبەستن و گەڕانەوە بۆ شتێک لە دەرەوەی خۆیدا، ڕەوایەتی خۆی تەنیا لە خودی خۆیەوە وەردەگرێت، لە خودی خۆیدا خۆخوازە، وەک خۆپەرست. کاتێک، لە ژیانێکی فەلسەفیدا کە دان بەم ئازادییەدا دەنێت، زاراوەیەک سەرهەڵدەدات نامۆیە بە ژیانی فەلسەفی، ئەویتر- ئەو سەرزەمینەی پشتیوانیمان دەکات و ڕەنجەکانمان بەفیڕۆ دەدات، ئەو ئاسمانەی هەڵماندەگرێت و فەرامۆشمان دەکات، ئەو هێزانەی سرووشت کە هاوکاریمان دەکەن و دەشمانکوژن، ئەو شتانەی کە دەبنە مایەی بارگرانی بۆمان یاخود لە خزمەتی ئێمەدان، ئەو مرۆڤانەی خۆشیان دەوێین و دەمانکەن بە کۆیلە – ئەم ئەویترە دەبێتە بەربەستێک؛ پێویستە دەستی بەسەردا بگیرێت و لەگەڵ ئەم ژیانەدا یەک بخرێت. بەڵام هەقیقەت تەنیا ئەم سەرکەوتن و یەکانگیرکردنەیە، ئەم کردن بە یەکەیە. لە بەڵگەدا توندوتیژیی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نا-من دا (غەیرە-مندا) بە کۆتا دێت. مامەڵەکردن لەگەڵ هەقیقەتی دەرەکیدا بەو جۆرەی لە ناسینی ڕاستەقینەدا دەکرێت، دژ بە ئازادی نییە، بەڵکوو لەگەڵیدا هاوکاتە. بۆ بوونێکی ئازاد، گەڕان بەدوای هەقیقەتدا وەک هەناسەدانی لێ دێت، ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەرەکییانە دەبێتەوە کە داڵدەی دەدەن و دەشبنە هەڕەشە بۆ سەر ئازادییەکەی. لە سایەی هەقیقەتدا لەم واقیعانەی کە وا بوونم دەخەنە مەترسییەوە، تێدەگەم.

“من بیر دەکەمەوە” لە کەسی یەکەمدا بیر دەکاتەوە، ڕۆح لەگەڵ خودی خۆیدا لە گفتوگۆدایە(١)، یان، لە ڕۆڵی بیرەوەرییدا جارێکی دیکە ئەو فێرکارییانە کەشف دەکاتەوە کە وەریاندەگرێت، بەمەش پێگەی ئازادی بەرز دەکاتەوە. ئازادی سەردەکەوێت کاتێک مۆنۆلۆگی ڕۆح دەگاتە یونیڤێرساڵیتی، تەواوی بوون گەمارۆ دەدات، گشتگیری بوون دەگرێتە خۆی، تەنانەت ئەو تاکە ئاژەڵەش کە ئەم بیرکردنەوەیە جێگیر دەکات(٢). هەموو ئەزموونەکانی جیهان، توخمەکان، شتەکان، خۆیان ڕادەستی ئەم دیالێکتیکەی گفتوگۆی ڕۆح لەگەڵ خودی خۆیدا دەکەن، دەچنە ناویەوە، بۆ ئەو دەگەڕێنەوە و سەر بە ئەون. شتەکان دەبنە بیرۆکە و دەستیان بەسەردا دەگیرێت، داگیر دەکرێن، خاوەندارییان لێ دەکرێت، لە ڕەوتی مێژووی ئابووریی و سیاسییدا دەرگا بەسەر ئەم بیرکردنەوەیەدا دەکرێتەوە. بێگومان لەبەر ئەم هۆکارەیە دیکارت دەڵێت پێدەچێت ڕۆح سەرچاوەی ئەو بیرۆکانە بێت کە پەیوەندییان بە شتە دەرەکییەکانەوە هەیە، بەمەش واقیع ڕەچاو دەکات(٣).

خودای نەناسراو، بەڵام لەناو ئەوەدا کە -ناسراوە، دەبێت ئاشکرا بکرێت یان ئازادانە لەناو خوددا دابهێنرێت، ئەم خودایەی هەموو شتێکی نەناسراو دەگرێتەوە، لە بنەڕەتدا پێچەوانەی خودایەکە کە خۆی دەردەخات. فەلسەفە بێباوەڕییە (atheism)، یاخود بە مانایەکی تر نادینییە، نکوڵیکردنە لە خودایەک کە خۆی ئاشکرا دەکات و هەقیقەت لەناو ئێمەدا دادەنێت. ئەمە فێرکاریی سوکراتییە، کاتێک مومارەسەی گفتوگۆی سوکراتییانە تەنیا بۆ کەسی لێهاتوو جێ دێڵێت: هەر وانەیەک کە بە ڕۆح دەناسێنرێت خۆی پێشتر لە ڕۆحدا بووە. شووناسی من (I)، خۆسەپاندنە بێزارکەرەکەی، شێوەسازی سرووشتی توخم گۆڕینی ئەویترە بۆ هەمان/من. هەموو فەلسەفەیەک -بە بەکارهێنانی نیۆلۆجیزمی هۆسرێڵ– ئیگۆلۆجییە(٤). کاتێکیش دیکارت دێت تەنانەت لە ئەقڵانیترین هەقیقەتدا ڕەزامەندی ویست جیا دەکاتەوە، تەنیا ئەگەری هەڵە ڕوون ناکاتەوە، بەڵکوو ئەقڵ وەک ئیگۆ و هەقیقەتیش وەک وابەست بە جووڵەیەک کە ئازادە، ڕێک دەخات، بەمەش باڵادەست و ڕەوایە(٥).

ئەم شووناسمەندییە پێویستی بە نێوەندگیری هەیە. لێرەوە دووەم خەسڵەتی فەلسەفەی هەمان/من: پەنابردنە بۆ نادیار. پێویستە لەڕێی بوونێکەوە، جەوهەرێکی ئەبستراکت کە هەیە و نییە لە نا-من تێبگەین. لەناو ئەمەدا غەیرییەتی ئەویتر دەتوێنرێتەوە. بوونە غەریبەکە، لەبری ئەوەی خۆی لەناو سەنگەری نەبەزێنراو و داگیرنەکراوی تاقانەیی خۆیدا بپارێزێت، لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕوو ببێتەوە، دەبێتە تێما و بابەتێک، دەچێتە ناو چوارچێوەی تێڕوانینێکی پێشوەختەوە، یانیش لەناو پەیوەندییەکاندا دەتوێتەوە، بەردەبێتەوە نێو تۆڕی بیرۆکە لەپێشینەکانەوە کە من لەگەڵ خۆمدا هێناومن بۆ ئەوەی بیگرم. زانین واتا هەژان لەوتاکەدا کە ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئەم بەردە بیمارکەرە، ئەم سنەوبەرە قووچە، ئەم شێرە نەڕنەڕکەرە، کە هەر تاکێک نییە، ئەم غەریبە، کە هەر لە سەرەتاوە پشتی لێکراوە و بەوەش ئیرادەی ئازاد وەچنگخراوە کە لە هەموو یەقینێکدا ئامادەیە، سەروەری لێ دەکرێت، دەگیرێت و بیری لێ دەکرێتەوە، دەخرێتە ناو چەمک و تێگەیشتنەوە. ناسین بریتییە لە تێگەیشتن لە تاک، لە گرتن و دەستبەسەرداگرتنی تاک، کە تەنیا وجودی هەیە، ئەمەش نەک لە تاقانەیی خۆیدا کە ناپێورێت، بەڵکوو لە گشتێتییەکەیدا کە تەنیا زانستە.

ئیدی لێرەوە هەموو دەسەڵاتەکان دەست پێدەکەن. ڕادەستکردنی شتە دەرەکییەکان بە ئازادی مرۆڤ لەڕێی گشتێتییەکەیانەوە هەر وا بێتاوان تەنیا بە مانای تێگەیشتنیان نایەت، بەڵکوو دەست بەسەر بوونیاندا دەگیرێت، ماڵی دەکرێن و خاوەندارێتییان لێ دەکرێت. تەنیا لە خاوەندارێتیدا من(I) کۆتایی بە شووناسی هەمەچەشن دەهێنێت. بێگومان خاوەندارێتیکردن، واتا هێشتنەوەی واقیعی ئەم ئەویترەی کە وا خاوەندارێتی لێ دەکرێت، بەڵام ئەم هێشتنەوەیە بە لێسەندنەوە و هەڵپەساردنی سەربەخۆییەکەی ئەنجام دەدرێت. لە شارستانییەتدا کە فەلسەفەی هەمان/من دەنوێنێتەوە، وەک سامانێک لە ئازادی دەڕوانرێت. بیرکردنەوە، کە ئەوی دیکە کورت دەکاتەوە، سازاندن و دەسەڵاتە.

بەڵام ئەگەر شتەکان بەرهەڵستی فرتوفێڵەکانی بیرکردنەوە نەکەن، و فەلسەفەی هەمان/من پەسەند بکەن، بێ ئەوەی هەرگیز ئازادی من(I) بخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەمە بۆ مرۆڤەکانیش ڕاست دەردەچێت؟ ئەوان وەک شتەکان بە من دەدرێن؟ ئەوان ئازادی من ناخەنە ژێر پرسیارەوە؟

بەڵێ، ئەوان دەتوانن ئازادی من بخەنە ژێر پرسیارەوە. سەرەتا، بە ڕێگریکردن لەڕێی دژایەتیکردنیانەوە بە هێزێک زیاتر لە هێزی ئەوان – ئازادییەکانیان، جەنگ هەڵدەگیرسێنن. جەنگ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بێ خەوشی هێزەکان نییە؛ ڕەنگە بتوانرێت وەک پەیوەندییەک پێناسە بکرێت کە تەنیا هێز لەخۆ ناگرێت، ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەکانی ئازادی – لێهاتوویی، بوێریی و داهێنان – ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. بەڵام ڕەنگە لە شەڕدا ئیرادەی ئازاد شکست بهێنێت بێ ئەوەی بخرێتە ژێر پرسیارەوە، بێ ئەوەی دەست لە ماف و تۆڵەی خۆی هەڵگرێت. ئازادی لەلایەن ئەویترەوە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، نادادییەکەی ئاشکرا دەبێت، تەنیا کاتێک خۆی بزانێت نادادپەروەرە. زانینی ئەوەی کە نادادپەروەرە شتێک نییە بۆ هۆشیاری خۆڕسک و ئازاد زیاد بکرێت، لە بەردەمی خۆیدا ئامادە بێت وبزانێت خۆی، سەرەڕای ئەوەش، تاوانبارە. دۆخێکی نوێ دێتە ئاراوە؛ حزووری هۆشیاری خۆی لە خۆیدا ڕەوشێکی جیاواز دەخاتەوە؛ پێگەکانی دادەڕمێت، گەر تەنیا لە تێرمێکی فەرمیدا بیخەینە ڕوو، هەمان/من جارێکی دیکە پێشینەیی خۆی بەسەر ئەویتردا نادۆزێتەوە، بە خۆیەوە ناگیرسێتەوە، ئۆقرە لەسەر خۆی ناگرێت، چیتر پرەنسیپ نامێنێت. هەوڵ دەدەین ئەم هاوکێشانە ڕوونتر بکەینەوە. گەر هەمان/من ئاشتییانە لەسەر خۆی جێ بە خۆی نەگرێت، پێ ناچێت فەلسەفە بە دانەبڕاوی پەیوەست بێت بە سەرکێشییەکەوە کە هەموو ئەوانیتر لە هەمان/مندا جێ بکاتەوە.

کەمێکی تر دەگەڕێینەوە سەر ئەمە؛ با سەرەتا سەرنج بخەینە سەر ئەم باڵادەستییەی هەمان/من بەسەر ئەویتردا کە بەناو فەلسەفەی هایدگەردا درێژ دەبێتەوە، کە دیارترینی سەردەمی ئێمەیە. کاتێک هایدگەر ڕێگەی گەیشتن بە هەر تاقانەیەتییەکی ڕاستەقینە لەڕێی بوون (Being)ـەوە دەگرێتە بەر، کە نە بوونێکی دیاریکراوە و نە توخمێکیشە هەموو تایبەتمەندییەکان بگرێتەخۆی، بەڵکوو خودی ئاکتی بوونە ، نەک بنەڕەت، کە دەردەبڕێت(٦) [لەگەڵ M. De Waelhens، بوون (Being) بە (B) کاپیتاڵ دەنووسین]، بەناو نادیاردا دەمانباتە سەر تاقانەیەتییەک کە بیرکردنەوە ڕۆشن دەکاتەوە و فەرمانی پێ دەکات، دەیکات بە بابەتی تێگەیشتن(٧). کاتێک وا دەبینێت ئازادیی خاوەندارێتیی لە مرۆڤ دەکات نەک مرۆڤ خاوەنی ئازادیی بێت، تێرمێکی شاراوە بەسەر مرۆڤدا دەدات کە تیشک دەخاتە سەر ئازادیی بێ ئەوەی ئەم ئازادییە بخاتە ژێر پرسیارەوە. بەمەش کۆی ڕەوتی فەلسەفەی ڕۆژئاوا مشتوماڵ دەکات، نەک تێکی بشکێنێت.

ئەو دازاین (Dasein)ـەی هایدگەر لە شوێنی ڕۆح، هۆشیاریی، یاخود ئیگۆ دایدەنێت، دیسان هەیکەلی هەمان/من دەهێڵێتەوە. سەربەخۆیی- تاکڕەوی- دەچێتەوە سەر ڕۆحی ئەفڵاتوونیی [و هەموو نوسخە ساختەکانیشی] لە مەملەکەتەکەیدا، جیهانی ئایدیاکان؛ لە فایدۆدا، ڕۆح سەر بەو جیهانەیە، و لە ئەنجامیشدا ناتوانرێت لە بەرانبەر هیچ شتێکی نامۆ بەو جیهانەدا دابنرێت. ئەقڵ، دەسەڵاتی پاراستنی ئایدێنتیکاڵی خود، لە سەروو جیاوازییەکانی بوونبەیەتیی (becoming)ـەوە، فۆڕمی ڕۆحی ئەم ڕۆحەی پێک هێناوە. هایدگەر کێبڕکێ و مشتومڕ لەسەر ئەم پێگە زاڵە دەکات بۆ مرۆڤ، بەڵام دازاین لە هەمان/من دا جێ دەهێڵێت، ڕووەو مەرگ. لە ڕاستیدا ئەگەری لەناوچوون پێکهێنەری دازاینە، بەوەش چییەتییەکەی دەپارێزێت. ئەم عەدەمییەتە مەرگە، مەرگی منە، حەتمییەتی من [لە مەحاڵێتی](٨) دەسەڵاتی من. هیچ کەسێک ناتوانێت لەبری من بمرێت. باڵاترین ساتی یەکلابوونەوە بە تەنیا و کەسییانەیە.

بە دڵنیاییەوە، بۆ هایدگەر، ئازادیی مرۆڤ بەندە بە ڕووناکیی بوون (Being)ـەوە، ئەمەش پێ ناچێت پرەنسیپێک بێت. بەڵام ئەمە هەمان دۆخی ئایدیاڵیزمی کلاسیکیشە کە تێیدا ویستی ئازاد بە نزمترین فۆڕمی ئازادی دادەنرێت و ئازادی ڕاستەقینە پابەندی ئەقڵی یونیڤێرساڵی دەبێت. ئازادیی هایدگەریی ملکەچییە، بەڵام ملکەچێتی وا دەکات ئازادی بەدی بێت و نەخرێتە ژێر پرسیارەوە، نادادییەکەی ئاشکرا نەبێت. بوون (Being)، هاوتا لەگەڵ سەربەخۆیی و نامۆیی ڕاستییەکاندا، هاوتا لەگەڵ درەوشانەوە، لەگەڵ ڕووناکی، دەگۆڕێت بۆ تێگەیشتن. “لوغز” بنەڕەتی ئەم “ڕووناکییە تاریکە” شێوازێکی ئەم گۆڕانەیە. سەربەخۆیی لە ڕووناکیدا کۆتایی دێت. بوون و کات، یەکەمین و سەرەکیترین بەرهەمی هایدگەر، پێدەچێت بەردەوام یەک تێز دووبارە بکاتەوە: بوون (Being) لە تێگەیشتن لە بوون (Being) جیانابێتەوە؛ هەر خۆی بوون (Being) ئاماژەیە بۆ سەبجێکتیڤیتی. بەڵام بوون (Being) مەبەست لە بوونەوەر (being) نییە، بەڵکوو نادیارێکە بیرکردنەوە و هەبووەکان ڕێک دەخات، بەڵام لەبری ئەوەی ئیرادە شەرمەزار بکات، بە پێچەوانەوە بەهێزی دەکات. ئاگامەندبوونی مرۆڤ بە کۆتادارییەکەی لە ئایدیای ناکۆتاوە سەرچاوە ناگرێت، وەک ناتەواوییەک ناخرێتە ڕوو(٩)، ئاماژە نییە بۆ چاکە(١٠)، خۆی بە تاوانبار نازانێت. فەلسەفەی هایدگەر بە وردودرشتی ترۆپکی بیرکردنەوەیەک دیاری دەکات کە کۆتادار سەر بە ناکۆتا نییە؟ [درێژکردنەوەی مەیلی دیاریکراوی فەلسەفەی کانتی: جیابوونەوەی  نێوان تێگەیشتن و هۆکار (ئەقڵ)، تێما هەمەچەشنەکانی دیالێکتیکە ترانسێندێنتاڵەکان]، کە هەموو کەموکورتییەک لاوازییە و هەموو هەڵەیەک دژ بە خود ئەنجام دەدرێت – دەرئەنجامی نەریتی درێژخایەنی شانازیی، پاڵەوانخوازیی، باڵادەستیی و دڕندەیی و وەحشیگەرییە.

ئۆنتۆلۆژیای هایدگەریی پەیوەندیی لەگەڵ ئەویتر ملکەچ بە پەیوەندیی لەگەڵ نادیاردا دەکات، بوون (Being)، بەمەش بەردەوامیی بە بەرزڕاگرتنی ویستی دەسەڵات دەدات کە تەنیا ئەویتر دەتوانێت ڕەوایەتییەکەی لێ وەربگرێتەوە، ویژدانی باش کێشەدار بکات. کاتێک هایدگەر ئاوڕ لە لەبیرکردنی بوون (Being) دەداتەوە، کە بەو ڕاستییە هەمەجۆرانەی دەیخاتە بەر ڕۆشنایی پەردەی بەسەردا دراوە، لەبیرکردنێک، کە گەشەسەندنی فەلسەفە لە سوکراتەوە تاوانبار دەکات کاتێک ڕەخنە لە ئاڕاستەی ئەقڵ ڕووەو تەکنەلۆژیا دەگرێت، بەردەوامیی بە ڕژێمێکی دەسەڵات دەدات کە لە میکانیزم نامرۆڤانەترە [ڕەنگە هەمان سەرچاوەی وەک ئەویش نەبێت؛ دڵنیا نین کە سۆشیالیزمی نەتەوەیی لە بەکاڵابوونی میکانیکی مرۆڤەوە سەرهەڵدەدات و پشت نابەستێت بە ڕیشەداکوتانی جووتیار و پەرستشی فیوداڵی مرۆڤە ژێردەستەکان بۆ سەردەست و لۆردەکانیان کە فەرمانیان لێوە وەردەگرن]. ئەمە بوونێکە خۆی بە سرووشتیی دادەنێت، شوێنەکەی، زەمینەکەی، پێگەکەی، هەموو شتێک ئاڕاستە دەکات – وجوودی بتپەرستانە. بوون بەرەو بنیادنان و کشتوکاڵ ئاڕاستە دەکات، لە ناوەڕاستی سرووشتێکی ئاشنادا، لەسەر زەوی دایک. نەناسراوێک، نادیارێک، لەڕووی ئەخلاقییەوە بێباک و خەمسارد، وەک ئازادییەکی نەبەردانە، لە دەرەوەی هەموو تاوانێک لە پەیوەست بە ئەویترەوە، ئاڕاستەی دەکات. بێگومان ئەم زایینگەیەتییەی- یاخود شیانەی-زەوی تەواوی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی لە موڵکایەتیی، چەوساندنەوە، ستەمی سیاسی و جەنگ نەخشەڕێژ دەکات. هایدگەر قسە لەسەر دەسەڵاتی خاوەندارێتیی بەر لە تەکنەلۆژیا ناکات کە کاریگەریی لەسەر بنچینە و ڕەگوڕیشەی تێگەیشتن داناوە [کە هیچ کەس وەک ئەو بلیمەتانە باسی لێوە نەکردووە]، کە تێیدا ئەبستراکتترین فەزای ئەندازەیی لە دوایین شیکردنەوەدا جێگیر دەبێت، بەڵام ناتوانێت پێگەیەک لەناو هەموو ناکۆتای هاوکێشەی ماتماتیکیدا بدۆزێتەوە. شیکردنەوە هایدگەرییەکان بۆ جیهان لە بوون و کاتدا لەسەر بنەمای هەبووەکان یان شتە دەستکردەکان دامەزراون، جا لەم فەلسەفەیەدا لە دیمەنە دیارەکانی سرووشتەوە، لە تایبەتمەندیی ناکەسییانە (impersonal)ـەوە، لە شەبەنگی بوونە تایبەتەکانەوە، لە ماتەری دوایینەهاتووی شتەکانەوە هەڵگیراونەتەوە.

هایدگەر تەنیا تەواوی گەشەی فەلسەفەی ڕۆژئاوا کۆپوختە ناکات، بەڵکوو ستاییشی دەکات، بە شێوەیەک کە جێی بەزەییە، نیشانی دەدات جەوهەرە دژەئاینییەکەی بە پێچەوانەوە دەبێت بە ئایین. تێگەیشتنی سانای ئەوانەی خۆیان بە هاوڕێی هەقیقەت و دوژمنی بیروڕا ناو دەبەن ئیدی درێژبوونەوەیەکی لوغزاویی دەبێت! لای هایدگەر، بێباوەڕیی یاخود ئەتاییزم، واتا پەیگانیزم (الوثنية)، تێکستەکانی پێش سوکرات دژەکتێبی پیرۆزن. هایدگەر بێهۆشی ئاشکرای فەیلەسوفەکان پیشان دەدات کە ژەهر تا بینەقاقایان ڕۆیشتووە (پارمەنیدس، هیراکڵیتس، ئەفڵاتوون).

بە کورتیی، تێزە هەرەناسراوەکانی فەلسەفەی هایدگەر – پێشەنگی بوون (Being) بەسەر بوونەوەرەکاندا (beings)ـدا، و ئەولەوییەتی ئۆنتۆلۆژی بەسەر مێتافیزیکدا – دواجار نەریتێک پشتڕاست دەکەنەوە کە هەمان/من بەسەر ئەویتردا زاڵ دەکەن، کە تێیدا ئازادیی، تەنانەت ئەو ئازادییەی لەگەڵ ئەقڵدا دێتەوە، بەر بە دادپەروەریی دەگرێت و دەبێتە پێشمەرج. دادپەروەریی بریتی نییە لە پابەندبوون بەرانبەر بە ئەویتر بەر لە پابەندبوون بەرانبەر بە خود؟ دانانی ئەویتر بەر لە هەمان/من؟

٣– ئایدیای ناکۆتا

بە هەڵگێڕانەوەی ئەو زاراوانە لەو باوەڕەداین پەیڕەوی لە نەریتێک دەکەین، لانی کەم وەک نەریتێکی دێرین، کە ڕاست و دروست لە هێزدا ناخوێنێتەوە و هەموو ئەویترێک کورت ناکاتەوە بۆ هەمان/من. دژ بە هایدگەرییەکان و هیگڵییە-نوێیەکان کە پێیان وایە فەلسەفە بە بێباوەڕیی (ئەتاییزم) دەست پێ دەکات، دەبێت بڵێین؛ نەریتی ئەویتر مەرج نییە ئایینیی بێت، بەڵکوو فەلسەفییە. ئەفڵاتوون سەر بەم نەریتەیە کاتێک چاکە لە سەروو بوون(Being)ـەوە دادەنێت و لە دایالۆگی فایدرۆسدا گفتوگۆی ڕاستەقینە بە گفتوگۆ لەگەڵ خوداوەندەکاندا پێناسە دەکات. بەڵام ئەوەی کە زۆرترین جیاوازی تێدا بەدیی بکەین، شیکاری دیکارتییە بۆ ئایدیای ناکۆتا، ئێمە تەنیا نەخشەی سەرەکیی ئەو هەیکەلە دەهێڵینەوە وا دیکارت دایڕشتووە.

من(I)ـی بیرکەرەوەی دیکارتیی، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ناکۆتادا دەپارێزێت. ئەم پەیوەندییە، پەیوەندییەک نییە لەخۆگر بە لەخۆگیراو(ناوەڕۆک)ـەوە گرێ بدات، بەوپێیەی من(I) ناتوانێت ناکۆتا لەخۆ بگرێت، ئەوا نابێتە پەیوەندییەک لەخۆگیراو (ناوەڕۆک) بە لەخۆگرەوە ببەستێتەوە، لەبەر ئەوەی من(I) جیا بووەتەوە(دابڕاوە) لە ناکۆتا. ئەم پەیوەندییەی بە شێوەیەکی نەرێنیی باسی لێوە کرا، ئایدیای ناکۆتایە لە ئێمەدا.

بێگومان ئێمە بیرۆکەمان لەبارەی شتەکانەوە هەن؛ ئایدیای ناکۆتا لەوەدا هەڵاوێرد و ناوازەیە کە خودی ئەو شتەی بیری لێ دەکاتەوە بیرکردنەوەکە تێدەپەڕێنێت. دووریی نێوان بیرۆکە و بیرلێکراوە هەمان ئەو دوورییە نییە وا کردەی ناوەکییانە لە نوێنەرایەتیکردنەکانی دیکەدا لە بابەتەکەی جیا دەکاتەوە (دەپچڕێنێت). ئەو مەودا درێژبووەوەیەی کە پچڕانێک لەنێوان کردەیەکی ناوەکیی و بابەتەکەیدا درووست دەکات بایی ئەوەندە قووڵ نییە کە وا لە دیکارت بکات نەتوانێت بڵێت ڕۆح لە توانایدا هەیە لەڕێی خۆیەوە بیر لە بیرۆکەکانی شتە کۆتادارەکان بکاتەوە. ئەو مەبەستمەندییەی ئایدیای ناکۆتا دەنەخشێنێت بە هیچ شتێکی دیکە بەراورد ناکرێت؛ ڕوو لە شتێکە ناتوانێت لەخۆ یگرێت و هەر بەم مانایەش ناکۆتایە. گەر پێچێک بەو هاوکێشەیەی سەرەوە لێ بدەین، دەتوانین بڵێین ئەویترێتی ناکۆتا ڕەت نەکراوەتەوە، لەو بیرکردنەوەیەش جیا نەکراوەتەوە کە بیری لێ دەکاتەوە. بیرکردنەوە لە ناکۆتا، من(I) لە سەرەتاوە زێدەتر لەوەی بیری لێ دەکاتەوە بیر دەکاتەوە. ناکۆتا ناخزێنرێتە ناو بیرۆکەی ناکۆتاوە، ناگیرێت: ئەم ئایدیایە کۆنسێپت نییە، تێڕوانین نییە. ناکۆتا، ئەویتری ڕادیکاڵ، ئەویتری ڕەهایە، ئەویترە. ترانسێندێنسی ناکۆتا لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئیگۆیەک کە لێی جیا بووەتەوە (قەتع بووە) و بیری لێ دەکاتەوە، یەکەمین ئاماژەی ناکۆتادارییەکەی پێک دەهێنێت.

لێرەوە ئایدیای ناکۆتا چیتر تەنیا ئەو شتانەمان فێر ناکات وا لێی بێئاگاین، بەڵکوو لەناو ئێمەدا دانراوە. وەبیرهێنانەوە یاخود یادەوەریی نییە، ئەزموونە بە مانا هەرە ڕادیکاڵەکەی وشە: پەیوەندییە لەگەڵ دەرەوە، لەگەڵ ئەویتر، لەگەڵ غەیری من، بێ ئەوەی بتوانرێت ئەم دەرەوەیەتییە بخزێنرێتە ناو هەمان/من(same)ـەوە و بکرێت بە ‘یەک’. ئەو بیرکەرەوەیەی هەڵگری ئایدیای ناکۆتایە لە خودی خۆی زیاترە، ئەم بەرزبوونەوەیە، ئەم زیاترییە، لە ناوەوە نایەت بەو جۆرەی لە پڕۆژە بەناوبانگەکانی فەیلەسووفە مۆدێرنەکاندا دەیبینین کە تیایدا سوبێکت، لەڕێی داهێنانەوە خۆی تێدەپەڕێنێت(١١).

چۆن دەکرێت پێکهاتەیەکی لەم شێوەیە هێشتا فەلسەفییانە بێت؟ ئەو پەیوەندییە چییە، کاتێک یەکێک لە زۆر لە کەمدا(more in the less) دەمێنێتەوە، ناگۆڕێت بۆ پەیوەندییەک، وەک ئەوەی لە عیرفانییەتدا هەیە، ئەو پەروانەیەی ئاگر ڕاکێشی دەکات، دەیسووتێنێت؟ چۆن وا بکرێت بوونە دابڕاوەکان بپارێزرێن و بە پچڕاویی بهێڵرێنەوە، لەناو بەشداریپێکردن(کردەی بەبەشکردن)ـدا نەسڕدرێنەوە، دژ بەو شتەی فەلسەفەی هەمان فەزڵی ئەبەدیی هەیە لە بانگەشەبۆکردنیدا؟

٤- ئایدیای ناکۆتا و ڕووخساری ئەویتر

ئەزموون، ئایدیای ناکۆتا، لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئەویتردا ڕوو دەدات. ئایدیای ناکۆتا، پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە.

ئەم پەیوەندییە لەبەردەم بوونێکی دەرەکیی ڕەهادا دادەمەزرێت. ناکۆتای ئەم بوونە، کە ناوەڕۆکێکی نییە، کە ناتوانرێت لەخۆگر بێت، ئەم دەرەوەیەتییە پێک دەهێنێت و گەرەنتی دەرەکێتییەکەی دەکات. ئەمەش هەمان مەودای نێوان سوبێکت و ئۆبێکت نییە. ئەو ئۆبێکتەی (بابەت- ئەوی دیکە)ـەی ئێمە دەیناسین، توێنراوەتە ناو شووناسی خۆ/هەمان- من(same)ـەوە؛ تێماکەی لەلایەن من(I)ـەوە دیاریی دەکرێت، پاشان خاوەنداریی لێ دەکرێت، تاڵان دەکرێت، دەکرێت بە نێچیر و قوربانیی. دەرەوەیەتیی بوونی ناکۆتا لە بەرەنگاربوونەوەی ڕەهادا بەرجەستە دەبێت، لەڕێی ئاشکرابوونی ڕووخسارییەوە ڕووبەڕووی هەموو هێز و دەسەڵاتەکانی من دەبێتەوە. سیمای ئەو بوونە دەرەکییە ناکۆتایە تەنیا بەدیارکەوتنی فۆڕمێک نییە لە ڕووناکیدا، شتێکی هەر وا ئاسان هەستپێکراو نییە، یان شتێک نییە بتوانین لێی تێبگەین، بەڵکوو هەر لە بوونییەوە جێی دەسەڵاتی تێدا نابێتەوە؛ فەرمانەکەی بریتییە لە: “مەکوژە.

بێگومان، ئەویتر لەبەردەم هەموو دەسەڵاتەکانی مندا خۆی ئاشکرا دەکات، ئیتر یان ئەوەتا خۆی بەدەستەوە دەدات و ملکەچی فرتوفێڵ و تاوانەکانم دەبێت، یان ئەویتر بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرەنگارییم دەکات و بە تەواوی سەرچاوە پێشبینینەکراو و چاوەڕواننەکراوەکانی ئازادییەکەیەوە ڕووبەڕووم دەبێتەوە. خۆم لە بەرانبەر ئەودا دەبینمەوە. بەڵام ئەو دەشتوانێت- لێرەدا کە ڕووخساری خۆی بۆ من دەردەخات- بەدەر لە هەموو پێوەرێک، بە هەموو دانەپۆشراویی و ڕووتێتیی چاوە بێ بەرگرییەکانییەوە، ڕاستەوخۆ و ڕاستگۆیانە، بێ پەردە و ڕاشکاوی ڕەهای نیگاکانی، ڕووبەڕووم ببێتەوە. پەشێویی خۆپەرستانەی ویژدان کە لە هەموو سەرکێشییەکیدا خۆی وەک یەخسیری خۆی دەبینێت، لێرەدا بە کۆتا دێت: دەرەوەیەتیی ڕاستەقینە لەم نیگایەدایە کە داگیرکردنم لێ قەدەغە دەکات، نەک ئەوەی داگیرکاریی لە دەرەوەی کەمتوانایی دەسەڵاتەکانی منەوە بێت، بەڵکوو چیتر من توانای هەبوونی دەسەڵاتم نییە(١٢). ئەمەیە ئازادی من پێک دەهێنێت. دەبێت دوورتر پێ هەڵبنێین، ئازادیی من بە تەواوەتیی ڕوو بە ئەویترە. لێرەوە پەیوەندییەک دادەمەزرێت کە لەگەڵ بەرەنگارییەکی گەورەتردا نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەویتری ڕەهادایە، لەگەڵ بەرەنگاریییەک، کە چەکی بەرەنگاریی پێ نییە، هیچ بەرەنگارییەکی نییە، پەیوەندییە لەگەڵ بەرەنگاریی ئەخلاقییدا. ئەم بەرەنگارییە ئەخلاقییەی ئەویتری ڕەها، خودی ڕەهەندی ناکۆتا دەکاتەوە، ئەو ناکۆتایەی ئیمپریالیزمی بەرپێنەگیراوی هەمان (same)  و من (I) ڕادەوەستێنێت. بە ڕووخسار دەڵێین دەرکەوتە و سیمای ئەو شتەی کە دەتوانێت ڕاستەوخۆ و دەرەکییانە خۆی بۆ من (I) دەربخات.

ڕووخسار فۆڕمێکی پلاستیکی نییە هەمیشە و هەر لە سەرەتاوە بەتاڵ بێت و توڕ درابێت و جێ هێڵرابێت، بە بوونی شتێک دەربخات، وەک ئەو پەیکەرانەی مانیفێستی خوداکان دەکەن و هەر لە بنەڕەتەوە غیابی خوداکان دەنوێننەوە. جیاوازە لە سەری ئاژەڵێک کە بوونەوەر لەوپەڕی بێزمانیی خۆیدا، لە پەیوەندیدا نییە لەگەڵ خۆی. لە ڕووخساردا دەربڕەر (کەسێک کە دەدوێت) لە دەربڕینەکەیدا ئامادەیە و حزووری هەیە، خۆی خۆی دەردەبڕێت، ئەوە دەردەبڕێت کە دەیەوێت دەری ببڕێت، هەمیشەش وەک سەروەریی ئەو مانایە دەمێنێتەوە وا دەیگەیەنێت. “کردەی پەتیی” لە خودی خۆیدا بەرەنگاریی شووناسسازیی دەبێتەوە، ناچێتە ناو زانین و ناسینی لەپێشترەوە، خۆی چارەسەر دەکات، وەک ئەفڵاتوون (لە فایدرۆس)ـدا ئاماژەی بۆ دەکات، دەئاخفێت.

ڕوواڵەت و سیمای ڕووخسار بە تەواوەتیی ‘زمانە’.

بەرەنگاری ئەخلاقیی حزووری ناکۆتایە. گەر بەرەنگاربوونەوەی کوشتن، کە مۆرکی ڕووخسارە، ئەخلاقیی نەبێت، بەڵکوو واقیعییانە بێت، ئەوا یان دەگەینە واقیعێکی زۆر لاواز، یاخود دەگەینە واقیعێکی زۆر بەهێز، کە بە ئەگەری زۆرەوە لە ئیرادەمان دەخات. بەمەش حوکمی نائەقڵانیی و کوێرانە بەسەر ئیرادەدا دەدرێت، بەڵام بواری دەستڕاگەیشتنیشمان بە بوونێکی دەرەکیی نابێت کە هەرگیز نە دەگیرێت و نە داگیردەکرێت و نە خاوەندارێتیی لێ دەکرێت. کاتێک ئازادییمان دەستبەرداری ئیمپریالیزمی ئیگۆ دەبێت، هەر تەنیا بێبنەما و ئارەزوومەندانە دەرناکەوێت، بەڵکوو نادادپەروەرانەشە. بەڵام ئەویتر هەر ئازادییەکی دیکە نییە زانیاریم لەبارەی نادادپەروەرییەوە پێ بدات، دەبێت نیگای ئەو لە ڕەهەندی ئایدیاڵەوە بانگهێشتی من بکات. پێویستە ئەویتر لە خوداوە نزیکتر بێت وەک لە من (I). بێگومان ئەمە فەیلەسوف داینەهێناوە، بەڵکوو یەکەمین پێدراوی هۆشیاریی ئەخلاقییە و دەتوانرێت وەک ویژدانی ئەو فەزڵە پێناسە بکرێت وا ئەویتر بەسەر منەوە هەیەتی. دادپەروەریی ڕاستەقینە لە ئەویترەوە دەست پێ دەکات.

٥- ئایدیای ناکۆتا ئارەزووە (Desire)

پەیوەندیی ئەخلاقیی موتوربە ناکرێت لە پەیوەندیی زانینی پێشوەخت؛ پەیوەندیی ئەخلاقیی بناغەیە نەک هەیکەل. جیاکردنەوەی ئەم پەیوەندییە لە زانین، مانای کورتکردنەوەی نییە بۆ هەستێکی سوبێکتیڤانە. ئایدیای ناکۆتا، کە تیایدا بوون بیرۆکە تێدەپەڕێنێت، ئەویتر هەمان/من تێدەپەڕێنێت، لەگەڵ گەمەی ناوەکیی ڕۆحدا دەشکێت و تەنیا شیاوی ئەزموونی ناوەکەی دەبێت، پەیوەندییەک لەگەڵ دەرەوەدا، لەگەڵ غەریبێکدا، لە خودی زانین درکپێکراوترە و پێویستە هەموو بابەتییەکان (objectivity) بەشداریی تێدا بکەن.

دیدی نیکۆلاس مایڵبرانچ (Malebranche) بۆ خودا [دووەم وتاری مێتافیزیکیی] ئاماژە بەوە دەدات ئایدیای ناکۆتا سەرچاوەی هەموو زانینێکە و لە هەمان کاتیشدا ئەو ڕاستییە دەردەبڕێت کە ئایدیای ناکۆتا وەک ئەو زانینە نییە وا ئاماژەی پێ دەکات. کەس ناتوانێت بەرگریی لەوە بکات کە خودی ئەم ئایدیایە بەتێماکردن یاخود بەئۆبێکتکردنێکە بێ کورتکردنەوەی بۆ بوونی ئەویتر لە هەمان/مندا، بوونێک کە لە ڕاستیدا جیاوازە لێی و دژایەتیی دەکات. لای دیکارت، ناڕوونییەکی تایبەت لە پەیوەست بەم خاڵەوە دەمێنێتەوە، بەوپێیەی کۆجیتۆ لە شوێنێکی دیکەدا لەسەر پرسی خودا دەوەستێت، بوونی خودا دەدۆزێتەوە: پێشەنگێتیی ناکۆتا ملکەچ بە پەیڕەوکردنی ئازادانەی ویست دەکرێت و هەر لە سەرەتاوە خۆی سەروەریەتی(١٣).

ئێمە خۆمان لە پێناسەی دیکارتیی جیا دەکەینەوە، لە جەختکردنەوە لەوەی جووڵەی ڕۆح کە لە زانین زانراوترە، دەتوانێت پێکهاتەیەکی جیاوازی لە تێڕامان هەبێت. ناکۆتا بابەتی بیرکردنەوە نییە، لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەیەدا ناڕەخسێت کە بیری لێ دەکاتەوە. ئایدیای ناکۆتا بیرکردنەوەیەکە لە هەموو ئانوساتێکدا زیاتر لەوەی بیری لێ دەکاتەوە، بیر دەکاتەوە. بیرکردنەوەیەک زیاتر بیر دەکاتەوە لەوەی بیری لێ دەکاتەوە، بریتییە لە ئارەزوو (Desire). ئارەزوو، ناکۆتای ناکۆتا “دەپێوێت”.

ئەو زاراوەیەی ئێمە هەڵمانبژاردووە بۆ نیشاندانی پاڵنەری یان بەرزبوونەوەی ئەم چوونە ئەودیوەوەیە، ئەم تێپەڕاندنە و پێچەوانەی کاریگەریی ئەشق و خواستی پێویستیییە (need)، لە دەرەوەی برسێتیدایە کە مرۆڤ تێری دەکات، لە دەرەوەی تینووێتیدایە کە دەشکێنرێت، لەودیو هەستەکانەوەیە کە دادەمرکێنرێنەوە، ئەویتر، ئەویتری ڕەها، لەودیو ئەم خۆشنوودییانەوە و لە سەروو ئەم تێربوونانەوە ئارەزوو دەکرێت، ئەوکاتەی جەستە هیچ ژێستێک نازانێت بۆ هێورکردنەوەی ئارەزوو، لەو شوێنەدا ناتوانرێت هیچ نەوازش و موغازەلەیەکی نوێ دابهێنرێت (پێشەکیی کتێبی گشتگیریی و ناکۆتا ی ئیمانوێل لێڤیناس). ئەم ئارەزووە دانامرکێنرێتەوە، ئەم ئارەزووە ناڕەوێتەوە، نەک لەبەرئەوەی وەڵامی برسێتییەکی لەکۆتابەدەر یان ناکۆتا دەداتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی خواستی لەسەر خواردن نییە، داوای خواردن ناکات. ئاوەها ئەم ئارەزووە بەبێ تێربوون ئەویتربوونێتیی ئەویتر دەناسێنێت، ئەویتر لە ڕەهەندی بەرز و ئایدیاڵدا دادەنێت، کە لە بووندا دەکرێتەوە.

ئەو ئارەزووانەی مرۆڤ دەتوانێت تێریان بکات، تەنیا بە شێوەیەکی کاتیی، لە فریوەکانی تێربووندا، یاخود لە زیادبوونی بەتاڵاییدا کە نیشانەی ئارەزووخوازێتییەکەیانە (voluptuousness)، لەم ئارەزووە دەچن. بە شێوازێکی هەڵە بۆ جەوهەریی ئارەزوو دەڕۆن. ئارەزووی ڕاستەقینە ئارەزوویەکە کە ئارەزووکراو ئارەزووخواز تێر ناکات، بەڵکوو تێیدەپەرێنێت. ئەم ئارەزووە ڕاستەقینەیە چاکەیە، ئاماژەیەک نییە بۆ زێدی باوکانەی لەدەستچوو، بۆ پڕێتیی و کامڵێتیی؛ سۆزیش نییە بۆ ماڵ، نۆستالژیاش نییە. ئەم ئارەزووە نەقسە لە بوونێکی تەواودا. بوونێک کە لە هیچی کەم نییە. داخۆ دەتوانرێت ئەفسانەی خۆشەویستیی ئەفڵاتوون، کوڕی زۆرینەیی و نەداریی، وەک گەواهیدەری بێبەشبوونی ئارەزوو لە خۆشیی ڕاڤە بکرێت؟ کەموکورتیی لەو شتەدا کە خۆ-بەسە؟ ئایا ئەفڵاتوون لە کۆڕەخوان (Symposiumدا، لەگەڵ ئەفسانەی بوونێکی جووتڕەگەزدا، سرووشتیی نانۆستالیژیکیی ئارەزوو، پڕێتیی و کەیفخۆشیی ئەو بوونەی ئەزموونی دەکات، پشتڕاست ناکاتەوە؟

٦- ئایدیای ناکۆتا و ویژدان

چۆن ڕووخسار لە دەسەڵاتی خۆسەرپشکێتیی ئەو ویستە هەڵبێت وا مامەڵە لەگەڵ بەڵگەدا دەکات؟ نەناسینی ڕووخسار وەدەستخستنی هۆشیارییە بەرانبەری؟ بەدەستهێنانی ئاگاییە بۆ پابەندبوونی ئازادانە؟ ئایدیای ناکۆتا، وەک بیرۆکە، بە شێوەیەکی حەتمیی ئاماژە بە تانوپۆی هەمان/من ناداتەوە کە ئەویتر کورت دەکاتەوە؟ – مەگەر تەنیا ئایدیای ناکۆتا خاپوورکردنی ویژدانی باشی هەمان/من بدات بەدەستەوە. هەموو شتێک بە جۆرێک ڕوو بدات وەک ئەوەی حزووریی ڕووخسار، ئایدیای ناکۆتا لە مندا، ئازادیی من بخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەوەی ویستی ئازاد سەرپشکییە و دەبێت مرۆڤ ئەم قۆناغە سەرەتاییە جێبهێڵێت، یەقینی کۆنی فەیلەسوفەکانە. بەڵام لای هەموو فەیلەسوفەکان، ئارەزوومەندێتیی ئاماژە بە بناغەیەکی ئەقڵانیی دەدات، ئەمەش ڕەوایەتیدانە بە ئازادیی لەلایەن خودی ئازادییەوە. بناغەی ئەقڵانیی ئازادیی تا ئێستاش هەر لە باڵادەستکردنی هەمان/من بەردەوامە.

وێڕای ئەمە، زەروورەتی پاساودان بە ئارەزوومەندی تەنیا لەو شکستەوە دێت کە بەهۆی دەسەڵاتێکی کوێرانەبژێرەوە دووچاری دەبێت. سەرپشکێتیی ئازادیی ناخرێتە ژێر پرسیارەوە – دیارە ئەمەش نەریتی زاڵی فەلسەفەی ڕۆژئاوایە، تەنها سنووردارکردنی ئازادیی دەکاتە شتێکی تراژیدی یاخود مایەی شەرمەزاریی. ئازادیی دەبێتە کێشەیەک تەنها لەبەر ئەوەی خۆی خودی خۆی هەڵنەبژاردووە. دەوترێت شکستی عەفەوییەتەکەم بۆ بەئاگاهێنانەوەی ئەقڵ و تیۆرە؛ دەگوترێت ئازار دایکی داناییە، شکست وا لە من دەکات دەست لە توندوتیژییەکانم هەڵبگرم و ڕێکخستن و نەزم بهێنمە نێو پەیوەندییە مرۆییەکانەوە، لەبەرئەوەی هەموو شتێک ڕێپێدراوە جگە لە مەحاڵ. تیۆرە سیاسییە مۆدێرنەکان، بەتایبەت لە دوای هۆبزەوە، نەزمی کۆمەڵایەتیی لە شەرعییەتی ئازادیی و مافی گومانهەڵنەگری ئازادییەوە دادەڕێژن.

ڕووخساری ئەویتر ئاشکراکردنی سەرپشکێتیی و بڕیارمەندیی ئیرادە نییە، بەڵکوو دەرخەری نادادپەروەریی ئیرادەیە. هۆشیاربوون بە نادادییەکەم کاتێک بەرهەم دێت کە من سەرم لەبەردەم ئەویتردا نەوی بکەم، نەک لەبەردەم فاکتەکاندا. لە سیمایدا، ئەویتر وەک بەربەستێک لەبەردەم مندا دەرناکەوێت، ناشبێت بە هەڕەشەیەک و من بکەومە هەڵسەنگاندنی، بەڵکوو وەک ئەوەی کە پێوانەم دەکات لە بەردەممدا دەردەکەوێت. بۆئەوەی هەست بە نادادیی خۆم بکەم، دەبێت خۆم بە ناکۆتا بەراورد بکەم، دەبێت خۆم بە ناکۆتا بپێوم. دەبێت مرۆڤ ئایدیای ناکۆتای هەبێت، وەک دیکارت کە دەزانێت، کە بیرۆکەی کامڵییە، بۆ ئەوەی ناکامڵێتیی خۆم بزانم. ناکۆتا وەک هێزێک کە ڕێگریی لە هێزی من بکات، من ڕاناوەستێنێت؛ بەڵکوو مافی بێهەڵوێستیی دەسەڵاتەکانی من، سەرپشکییە شکۆدارەکەم وەک بوونێکی زیندوو، “هێزێک لە جووڵەدا”، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەم شێوازە لە بەراوردکردنی خود بەرانبەر کامڵێتیی ناکۆتا، لێکدانەوەیەکی تیۆری نییە کە تیایدا ئازادیی بە شێوەیەکی خۆبەخۆ دیسان مافەکانی وەربگرێتەوە، بەڵکوو شەرمە، ئازادیی شەرم لە خۆی دەکات، خۆی بە بکوژ و دەستدرێژیکار دەبینێتەوە لە مامەڵەکردندا. ڕاڤەکاری سەدەی-دووەم پتر نیگەرانی ئەوەبوو کە دەبوو چی بکات وەک لەوەی دەبوو هیوا بۆ چی بخوازێت، لەوە تێنەگەیشتبوو بۆچی کتێبی پیرۆز بە باسی پەیدابوون دەست پێ دەکات لەبری ئەوەی لە سەرەتاوە بمانخاتە بەردەم یەکەمین ڕاسپاردەکانی دەرچوون (ڕەو). زۆر بە زەحمەت گەیشتە ئەوەی دان بەوەدا بنێت بابەتی پەیدابوون بە هەمان ئەندازە پێویستبوو بۆ ژیانی مرۆڤی دادپەروەر: لەبەر ئەوەی گەر زەوی بە مرۆڤ نەبەخشرایە، بەڵکوو هەر وا دەستی بەسەردا بگرتایە، ئەوا تەنها وەک دەرکراوێک خاوەندارێتیی لێ دەکرد. خاوەندارێتیی خۆکرد و بێ هەڵوێست ناتوانێت لەڕێی فەزیلەتی سەرپشکێتیی خۆیەوە ڕەوایەتی وەربگرێت.

وجوود (existence) مەحکوم نییە بە ئازادیی، بەڵکوو داوەریی دەکرێت و وەک ئازادییەک بەرهەم دەهێنرێت. ئازادیی ناتوانێت بە تەواویی ڕووتییەوە ئامادە بێت. ئەم پلەبەرزکردنەوەیەی ئازادیی خودی ژیانی ئەخلاقیی پێک دەهێنێت، کە لەناو و بەناو ئەویترتەوەرییدا تێدەپەڕێت.

ئەو ویستەی لە بینینی ئەویتردا داوەریی دەکرێت، ئەو حوکمە ناگرێتەوە کە پێشوازیی لێ دەکات، ئەمەش دیسان گەڕانەوەیە بۆ هەمان/من کە بڕیار لەسەر ئەویتر دەدات، لە کۆتا شیکردنەوەدا – ئەویترتەوەریی لەناو خودتەوەرییدا هەڵدەمژرێت. پێکهاتەی ویستی ئازاد دەبێتە چاکە، وەک شکۆمەندی و خۆ-بەسبوونی سەرپشکی من(I) و بەختەوەریی نییە کە دەبێتە بنچینەی جووڵەی بوون؛ ئەمە، وەک بڵێی، پێچەوانەکەیەتی. ژیانی ئازاد کە خۆی بە نادادپەروەر دەبینێت، ژیانی ئازاد لە ئەویترتەوەرییدا، لە جووڵەی لەکۆتابەدەری ئازادیی پێک دیت و لە هەرکات زیاتر خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەم شێوەیە ناوەکیترین ناوەوەگەریی ڕووەو دەرەوە دەکرێتەوە. زیادبوونی زەروورەت کە لە پەیوەست بە خودی خۆمەوە هەمە، ئەو حوکمە قوورستر دەکات وا لە سەر منە، ئەمەیە بەرپرسیارێتیی من. سەختی  بەرپرسیارێتیەکەم ئەم پێویستییانە زیاتر دەکات. لەم جووڵەیەدا، ئازادیی من کۆتا وشەی نییە بۆ وتن؛ هەرگیز جارێکی دیکە تەنیاییم نادۆزمەوە- یان، ڕەنگە بتوانین بڵێین؛ ویژدانی ئەخلاقیی لە بنەڕەتدا تێر نەکراوە، یاخود دیسان، هەمیشە ئارەزووە.

ناقایلێتیی ویژدان هەر ئازاری ڕۆحە هەستیار و وردبینەکان نییە، بەڵکوو چوونەوەیەک و مەودا و کشانەوەیە بۆ ناو خۆی، و بەرزبوونەوەی هۆشیارییە بەم ئاستە. لەم ڕوونکردنەوەیەدا، خودی هۆشیاریی ئەخلاقیی وەک “بەتایبەت پێشنیارکراو”ـی هەمەجۆر هۆشیاریی بانگەشەی بۆ ناکرێت، بەڵکوو وەک فۆڕمێکی کۆنکریتیی جووڵەیەکی بنچینەییتر لە ئازادیی، ئایدیای ناکۆتا، دەخرێتە ڕوو. ئەوە فۆڕمی کۆنکرێتیی ئەو شتەیە وا پێش ئازادیی دەکەوێت، بەڵام نامانگەڕێنێتەوە بۆ توندوتیژیی، نامانباتەوە سەر دەستبەسەرداگرتنی ئەو شتەی دابڕاوە، پێویستێتیی، یاخود کوشتن.

لێرەدا، لە سەروو هەموو شتێکەوە، دۆخێک ئامادەیە و مرۆڤ تیایدا بە تەنیا نییە. بەڵام گەر ئەم دۆخە بەڵگەی بوونی ئەویتر دووپات نەکاتەوە، ئەوە بەهۆی ئەوەوەیە کە بەڵگە جووڵە و پابەندبوون بە ویستی ئازادەوە دەکات بە پێشمەرج، یەقین. لێرەوە ئەو دۆخەی کە ئیرادەی ئازاد بەرهەم دەهێنێت، پێش بەڵگە دەکەوێت. هەموو یەقینێک کاری ئازادییەکی تاکەکەسییانەیە. وەک پێشوازییەک لە واقیع بۆ ناو بیرۆکە پێشوەختەکانم، چەسپاندنی ویستی ئازادی خۆم، دواژێستی زانین ئازادییە. ئەم دۆخی ڕوو-بە-ڕووەی ئازادیی وەک نادادیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، دەری دەخات سەروەریی و دادوەریی لێ دەکات، بەر لە یەقین بەدیی دێت و بگرە پێش نایەقینیش دەکەوێت.

ئەم دۆخە ئەزموونێکە بە هەرە بەهێزترین مانای زاراوە: پەیوەندیی لەگەڵ ڕاستییەکدا، کە بە هیچ کلۆجێک ناکرێتە چوارچێوەی هیچ بیرۆکەیەکی لەپێشینەوە، هەموو بیرۆکە لەپێشترەکان تێدەپەڕێنێت – و هەر لەبەر ئەم تاکە هۆکارەشە کە ئێمە توانیومانە قسە لەسەر ناکۆتا بکەین. هیچ جووڵەیەکی ئازادیی ناتوانێت خۆی لەگەڵ ڕووخساردا بگونجێنێت، یاخود بشێت “پێکی بهێنێت”. ڕووخسار خۆی پێشتر لەوێیە، ئامادەیە، ئەو کاتەی چاوەڕێ دەکرێت یاخود لە پەیوەندیی ڕوو-بە-ڕوودا بەشدار دەبێت؛ هاوبەشی لەو کارەدا دەکات، خۆی دەردەبڕێت. ڕووخسار ئەزموونی بێگەردە، ئەزموونی تێڕوانین هەڵنەگرە. تێگەیشتنی زەینیی بەپێی ئەو زانیارییانەی هەستەکانمان لە ئیگۆدا پێکیانەوە دەبەستتێتەوە، لەبەردەم ئەویتردا، بە فریودان(de-ception) و لێسەندنەوە و لەخاوەندارێتیخستن کۆتایی دێت و هەموو نیازەکانمان بۆ گەمارۆدانی ئەم ڕاستییە خەسڵەتمەند دەکات. بەڵام تێنەگەیشتنی نەرێنیی بێ خەوش لە ئەویتر، کە بە ویستی خراپی ئێمەوە بەندە، پێویستە لە تێنەگەیشتنی جەوهەریی لە ناکۆتا جیا بکرێتەوە، کە دیوێکی ئەرێنیی هەیە، کە ویژدان و ئارەزووە.

توانای تێرنەبوونی ویژدان، فریوخواردن لەبەردەم ئەویتردا، هاوکات لەگەڵ ئارەزوودا – یەکێکە لە خاڵە بنەڕەتییەکانی ئەم باسە. ئارەزووکردنی ناکۆتا، لەخۆڕازیبوون و کەمتەرخەمیی هەستبزوێنەرانەی عەشق ناگرێتەوە، بەڵکوو ناچار بە زەروورەتی ئەخلاقییە. هەروەتر پێداگریی و چەسپاندنی پێویستیی ئەخلاقیی ئاشکرایانە نەسەپێنراوە، بەڵکوو ئارەزوویەکە بەهۆی ڕاکێشان و جازبییەت و ڕەهەندی ناکۆتای بوون خۆیەوە، لەپێناو ئەوەی پراوەی چاکە بکرێت، خۆی فەرز دەکات. خودا تەنها لەڕێی مرۆڤەوە فەرمان دەکات.

هۆشیاریی، بوونی خود بۆ خود، دەپەڕێتەوە سەر تێمای کۆتایی ڕەنگدانەوە یاخود بیرکردنەوە. ویژدان، وەک جۆرێک لەم تێمایە، وەک جۆرێک لە هۆشیاری وەردەگیرێت کە پرسی نۆرم و بەهاکان زیاد دەکرێتە سەری. لەم بارەیەوە چەند پرسیارێک دەورووژێنین: ئایا خود دەتوانێت بە لەخۆڕازیبوونی نائاگایانەی سرووشتی خۆیەوە حزووری  بۆ خۆی هەبێت؟ خود دەتوانێت لە چاوی خۆیدا بێ شەرمکردن دەرکەوێت؟ خۆپەرستیی مومکینە؟

ویژدانی ئەخلاقیی ڕەخنە و پرەنسیپی بوونی خود بۆ خود نییە؟ دواتر، گەر جەوهەری فەلسەفە بریتی بێت لە گەڕانەوە لە هەموو یەقینەکانەوە بەرەو پرەنسیپ، گەر فەلسەفە لەسەر ڕەخنە بژی، ڕووخساری ئەویتر دەبێتە خاڵی دەستپێکی فەلسەفە. ئەمە تێزی ئەویترتەوەرییە و لەلایەن نەریتی مەزنی بیرکردنەوەوە تێک شکێنراوە. بەڵام، لە لایەکی دیکەوە، ئەو دۆخەی مرۆڤ بە تەنیا نییە، لە بینینی چێژبەخشی ڕۆحە برادەرەکان، هاوڕێکان، سڵاو لە یەکترکردن و گفتوگۆکردندا کورت نابێتەوە. ئەم دۆخە ویژدانی ئەخلاقییە، ڕووبەڕووکردنەوەی ئازادیی منە بۆ حوکمی ئەویتر، لادانێکە ڕێمان پێ دەدات ڕەهەندی باڵا و ئایدیاڵ لە نیگای ئەویتردا ببینین کە بەدیهێنەری دادپەروەرییە.

پەراوێزەکان:

(١) کۆجیتۆی دیکارت و “دایالۆگی ڕۆح لەگەڵ خودی خۆیدا” لە سۆفیستی ئەفڵاتووندا.

(٢) بەپێی پێناسەی ئەرستۆ بۆ مرۆڤ: “ئاژەڵێکە لۆگۆسی هەیە”.

(٣) تێڕامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم، دیکارت.

(٤) قەیرانی زانستی ئەورووپیی و فینۆمینۆلۆجی ترانسێندێنتاڵ، هۆسرێڵ.

(٥) تێڕامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم، دیکارت.

(٦) لێڤیناس ئەم چالاکییە ناو دەنێت “trasitivity”ـی بوون؛ بوون کە وا لە بوونەکان دەکات ببن، جەوهەر نییە، بەڵکوو چالاکی ئاشکراکردن و دەرخستنە.

(٧) تێکشکاندنی مێژووی ئۆنتۆلۆژی، بوون و کات، مارتن هایدگەر.

(٨) حەتمییەتی مەحاڵێتیی، بوون و کات، مارتن هایدگەر.

(٩) بە پێچەوانەی دیکارت، کە ئێمە تەنیا بە کۆتادارییەکەمان ئاگامەند دەبین، لەبەر ئەوەی ئاگایی ئێمە بیرۆکەی پێشوەختی دەربارەی ئایدیای ناکۆتا هەیە، تێڕامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم، دیکارت.

(١٠) کۆمار، ئەفڵاتوون.

(١١) مرۆڤ وەک پڕۆژەیەک لە بوون و کاتی هایدگەردا، هەروەها projet and pro-jeter لە بوون و نەبوونی سارتەردا.

(١٢)”مرۆڤ ‘دەتوانم’ـێکە” Man is an ‘I Can’  مێرلۆپۆنتی، دواتر هۆسرێڵ و پاشان هایدگەر.

(١٣) تێرامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم/ تێڕامانی سێهەم و چوارەم، دیکارت.

 

 

 

تێبینی وەرگێڕی کوردی:

لەم وەرگێڕانەدا وشەی (Same)ـی ئینگلیزیمان بە هەمان/من وەرگێڕاوە کە بە واتای خود، هەمان بوون، یەک، هەر خۆی، وەک خۆی، یەکڕەنگ، هەمان چەشن، هەمان پێناس، هەمان شووناس دێت. لای لێڤیناس، ئەم هەمان/منە سەرگەرمی کورتکردنەوە و سازاندن و داتاشین و تواندنەوەی “ئەویتر” “Other”ـە.

“ئەویتر” “Other” کێیە؟ ئەویتر هەر ئەوی تر نییە، هەر ئەوی دیکە نییە لە بەرانبەر مندا، بەڵکوو ئەویتری ڕەهایە، ئەویتری ترانسێندێنسە، ئەویترێکە و لە ئەوی تر زیاترە، ئەویتری ناکۆتایە، لەودیو فۆڕمەوەیە، من نە دەتوانم لێی تێبگەم، نە دەتوانم بیگرم، نە دەتوانم خاوەندارێتی لێ بکەم. ئەویترە لەوپەڕی ڕەهایی خۆیدا و لە دەرەوەی هەموو دەسەڵات و ئازادییەکانی منەوە دەکەوێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ مندا. ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و هاوتا نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی ئەخلاقییە، ئەویتر لە ڕەهەندی ئایدیاڵەوە دەسەڵات و ئازادیی من دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بانگهێشتم دەکات بۆ بەرپرسیارێتیی.

 

سەرچاوە:

Emmanuel Levinas/ Philosophy and the Idea of Infinity/ Chapter 4/ Collected Philosophical Papers/ Translated by Alphonso Lingis.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.