ئەدۆنیس: ئۆجالان لە زیندانەوە ئێش و ئازاری کرد بە هەوێنی ئاسۆیەکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی
شاعیر و ڕەخنەگر و ئەکادیمیسیەن و بیرمەند، ئەدۆنیس، بەشداریی لە پلاتفۆرمی کەمپەینی ملیۆنی کرد و ڕایگەیاند پێویستە "مافی هیوا" بۆ ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکرێت، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ فیکری ڕێبەر ئاپۆ دووپاتکردەوە.

دەسپێشخەریی سووریی بۆ ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند کە شاعیر و ڕەخنەگر و ئەکادیمیسیەن و بیرمەند عەلی ئەحمەد سەعید (ئەدۆنیس) بە پەیامێک بەشداربووە لە پلاتفۆرمی کەمپەینی ملیۆنی کە لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە. پەیامی ئەدۆنیس بۆ دەسپێشخەرییەکە بەم جۆرەیە:
“بانگەوازێک بۆ ئازادیی و ئاشتی
لە جیهانێکی پڕ لە ململانێدا، هێشتاش مرۆڤ شاتەوەرە. ئازادیی بیرکردنەوە و شکۆی مرۆڤ و مافی گەلان بۆ ژیانێکی ئاشتییانە، تەنها درووشم نییە؛ بەڵکوو بناغەی هەر ئایندەیەکی دادپەروەرانەیە. ئێمە لەمڕۆدا، وەک دەنگێکی ڕۆشنبیریی و هزریی ئاشتیخواز، بانگەوازی خۆمان بۆ ئازادیی ڕێبەری ئەنتەرناسیۆنال عەبدوڵا ئۆجالان، دووپات دەکەینەوە. ئەو تەنها سیمبولێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو هەڵگری دیدگای پێکەوەژیان و یەکسانی و ڕێزگرتنە لە فرەیی گەلان.
ئازادیی شتێک نییە کەس بیکات بە منەت بەسەرتەوە، بەڵکوو مافێکی سرووشتیی گشت مرۆڤێکە. ئەوەی ئەمڕۆ بیرمەندێکی وەک ئۆجالان دەیخوازێت، مافی هیوایە. مافی باوەڕکردنی هەمووانە بە ئەگەری گۆڕانکاریی لەڕێی فیکرەوە، نەوەک زەبروزەنگ؛ لەڕێی دیالۆگەوە نەوەک پەراوێزخستن.
فیکر زیندانی ناکرێت، چونکە ئایدیاکانی هەردەم دەتوانێت دیوارەکان دەربازبکات. وەختێک داوای ئازادیی وی دەکەین، داوای ئازادیی وشە و پانتایەکی فراوانتر بۆ لێکتێگەیشتنی مرۆڤەکان دەکەین. بەبڕوای ئێمە، ڕێگای ئاشتی بە دانپیانانی هاوبەش و گوێگرتنی قووڵ لە ئەویتر دەست پێ دەکات. گەلان تەنها ئەوکاتەی باوەڕ بەوە دەهێنن کە دادپەروەری دەبێتە بناغەی ئاشتی، ئەوکات دەتوانن ئایندەیەکی نوێ بنیات بنێن.
دۆزی ڕێبەری ئەنتەرناسیۆنال عەبدوڵا ئۆجالان، تەنها پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکوو دۆزێکی مرۆڤایەتییە و گرێدراوە بە جەوهەری شکۆ و فیکر و دادپەروەرییەوە. عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانەوە دیدگایەکی بۆ پێکەوەژیان و یەکسانی پێشکەشکرد، ئێش و ئازاری کرد بە هەوێنی ئاسۆیەکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی.
ئەمە داواکاریی ئێمەیە:
١_ دەستبەجێ ئازادکردنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان.
٢_ بانگەواز لە هەمووان دەکەین بەشداربن لەو کەمپەینە نێونەتەوەییەی کە بۆ ئازادیی ئەو و پشتگیری لە فیکری ئاشتی دەستی پێ کردووە.
٣_ دەستبەجێ “مافی هیوا” وەک مافێکی مرۆیی، بۆ تەواوی ئەو کەسانەی لەپێناو ژیان و شکۆدا تێدەکۆشن، جێبەجێ بکرێت.
ئازادیی تەنها درووشم نییە، بەڵکوو کردەی باوەڕبوونە بە مرۆڤ. هیوا لاوازیی نییە، بەڵکوو هێزی ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان وایە دادپەروەری ڕێی تێ دەچێت و ئەوە گەلانن بڕیار لەسەر مافی هیوا دەدەن”.



