پرۆسەی نوێ، کۆنسێپتی کۆن؛ داماڵین لە ڕێبەرێتیی!
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، وەک کۆنسێپتێک بخوێندرێتەوە نەک پرۆسەیەک. وادیارە چۆنییەتی داڕشتنی ئەم کۆنسێپتەش، زیاتر بەوەوە بەستراوەتەوە کە کورد مشتومڕە ناوخۆییەکانی خۆی لە چ ئاستێکدا و بە چ متمانەبەخۆبوونێکەوە بەڕێوە دەبات.

یوکسەل گەنج
لەو کاتەوەی لە تورکیا ڕاگەیەندراوە کە پرۆسەیەکی نوێ لە نێوان دەوڵەت و عەبدوڵڵا ئۆجالاندا دەستی پێ کردووە، لە کایەی سیاسییدا نەک تەنیا ئەکتەرەکان، بەڵکوو خودی زمانەکەش ناچار بە گۆڕانکاریی دەکرێت. ئەم زمانە گۆڕاوە و لە کۆتایی پڕۆسەکەدا دەیەوێت بگاتەوە هەمان شوێن.
پێش ئەم “پرۆسە نوێیە”ی لە تورکیا دەستی پێ کرد، بۆ چەندین ساڵ داواکاریی بنەڕەتیی لە سیاسەتی کوردیی ئەوە بوو کە؛ “مەودا بخەنە نێوان خۆتان و ئۆجالان و پەکەکە”. ئەمڕۆ ئەم داواکارییە ئاشکرایە جێگەی خۆی بۆ پێشنیارێکی ناڕاستەوخۆ بەڵام زۆر ئاڕاستەکارانە چۆڵ کردووە. ئەم نزیکبوونەوەیەی کە دەکرێت وەک “مەودای نێوانتان لەگەڵ ئۆجالان کەم بکەنەوە” وەسف بکرێت، ڕاستییەکەی لە کۆتایی ڕۆژەکەدا ئارەزووی ئەوە دەکات بگات بەو دابڕانە مێژووییەی کە مەبەستییەتی.
ئەم گۆڕانکارییە لە ئاڕاستەدا، هەرچەندە لە ڕووکەشدا وێنای “پرۆسەیەکی نوێ” درووست دەکات، بەڵام لە مەیدانی کاردا ئاماژە بۆ تابلۆیەکی تەواو جیاواز دەکات. چونکە هەرچەندە خودی بانگەوازەکە گۆڕاوە، بەڵام کاتێک سەیری شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ئەو مشتومڕانەی درووستی کردووە، دەکەین، دەردەکەوێت دەوڵەت هێشتا کاریگەریی و ڕەنگدانەوە کلاسیکییەکانی خۆی لەسەرە. ڕێک بەم هۆیەشەوە، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، نەک تەنیا وەک پرۆسەیەک، بەڵکوو وەک کۆنسێپتێکی نوێ دەردەکەوێت.
ناوی ناوەندیی کۆنسێپتەکە: دەوڵەت باخچەلی؟
وادیارە دەوڵەت باخچەلی ئەو ناوەیە کە لە ناوەندی ئەم کۆنسێپتە نوێیەدا جێ دەگرێت. ئەو زمانەی باخچەلی لەم دواییانەدا سەبارەت بە ئۆجالان بەکاری دەهێنێت، لە لایەکەوە ئاماژە بە ئۆجالان دەکات وەک لایەنی گفتوگۆ (بەردەنگ) ی پرۆسەکە، لە لایەکی دیکەشەوە هەنگاوی وای تێدایە کە کاریگەریی بڕیار و ڕەوایەتیی ئەو دەخاتە ژێر پرسیارەوە…
ڕاستییەکەی ئەم دوو هێڵە دژایەتیی یەکتر ناکەن؛ بە پێچەوانەوە، وەک دوو توخمی تەواوکەری هەمان ستراتیژ دەردەکەون. زمانی باخچەلیی، لە کاتێکدا ئۆجالان وەک ناونیشانی پرۆسەکە قەبووڵ دەکات، چوارچێوەیەک بەرهەم دەهێنێت کە ویستی ئەوەی هەیە وەک لایەنێکی گفتوگۆی ڕاستەقینە دووری بخاتەوە.
کات و بەڕێوەبردنی تێڕوانین: ڕێککەوت نییە، بەڵکوو دەستێوەردانە.
زەقکردنەوەی فەرشێک (گڵیمێک) کە مانگونیوێک لەمەوبەر وەک ئاماژەیەکی هاندەر بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە درابوو؛ هەروەها بڵاوکردنەوەی کۆنووسەکانی پەرلەمان کە هی مانگی تشرینی دووەمن و شوێنەواری سیاسەتی پراگماتیکییان پێوەیە، بە تایبەت لەو کاتەی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا چڕ بوونەتەوە، تەنیا کارێکی سیمبولیک نییە، بەڵکوو هەڵبژاردنێکی هۆشیارانەی کاتیشە.
ئەم هەنگاوانە وەک کۆمەڵێک ئاڕاستەی دەروونیی و تێڕوانین کار دەکەن و دەست دەخەنە سەر هەستیارترین ناوچەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد. دەکرێت ئامانجەکە بەم شێوەیە پێناس بکرێت: دادۆشینی ئەو متمانەیەی لە دەوری ئۆجالان کۆ بووەتەوە، لەگەڵ تێکدانی تێڕوانینی سەرکردایەتیی و توانای بوون بە ناوەندی سیاسیی!
ڕێبەرایەتیی لە سیاسەتی کوردییدا: واوەترە لە تاکەکەسێک
هەمووان دەزانن لە مێژووی سیاسیی کورددا، فیگۆری ڕێبەر/سەرکردە، تەنیا کەسایەتیی و سیمبولێکی سادە نییە. ڕێبەرایەتیی؛ گۆڕینی یادەوەریی بەکۆمەڵ، بەردەوامیی مێژوویی و توانای بەرگرییە. بۆیە داینامیکی بنەڕەتیی سیاسەتی کوردیی بەم زنجیرەیەدا تێدەپەڕێت: متمانە بە ڕێبەر/سەرکردە بەرەو متمانە بە ڕێکخستن و بزووتنە بەرەو ئیرادەی تێکۆشان.
وادیارە ئەو زمانە سیاسییەی ئەمڕۆ داڕێژراوە و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن، ڕێک ئامانجیان پچڕاندنی ئەم زنجیرەیەیە. کاتێک ڕێبەرایەتیی دەخرێتە بەر باس و مشتومڕ، تەنیا ناوێک ناکرێتە ئامانج، بەڵکوو توانای کورد وەک بکەرێکی سیاسیی دەکرێتە ئامانج.
ڕاستییەکەی دەوڵەت، کاتێک پرۆسەکە دەست پێ دەکات و لەسەر زمانی باخچەلییەوە لایەنی گفتوگۆ دیاریی دەکات، هاوکات ڕێگاکانی باجدانی ئەو لایەنەش خۆش دەکات. لە کاتێکدا ئەگەری پەیوەندیی لەگەڵ ئۆجالان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، لە هەمان کاتدا دەست بە داماڵێنی سیستماتیکی شەرعییەتی ئەو دەکات!
کوردیش بە هۆشیارییەوە دەخرێتە نێو فشارێکی دوولایەنەوە؛ کاتێک خاوەنداریی لە ئۆجالان دەکەن، وەک “هاوکاریکەری دەوڵەت” و کاتێک خاوەندارییشی لێ ناکەن، وەک لایەنێک کە “متمانەی بە سەرکردەکەی نییە” وێنا دەکرێن. واتە دۆخی بنبەستێکی سیاسیی درووست دەکرێت کە بە هیچ شێوەیەک ڕێککەوت نییە؛ کایەی سیاسیی کورد هەم بێمتمانە دەکرێت و هەمیش لە ناوەند دادەماڵرێت.
بۆیە وتەکانی باخچەلیی کە بۆ کاتێکی دیاریکراو هەڵبژێردراون، تەنیا وەک لێدوانی تایبەتیی و سیاسەتی ڕۆژانە نامێننەوە؛ بەڵکوو وەک بەشێک لە کۆنسێپتێکی ستراتیژیی دەبینرێن. ئەم کۆنسێپتە بە کورتیی ئەمەیە:
داماڵینی ڕۆڵی ڕێبەرایەتیی ئۆجالان و شکاندنی تێڕوانینی متمانە.
خستنە ژێر پرسیاری ڕێکخستنی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کورد لە چوارچێوەی ناوەندێتیی و دیسپلیندا.
خستنی باری پرۆسەکە بۆ سەر شانی کورد لە ڕێی فشاری دەروونیی و دید و تێڕوانینەوە.
درووستکردن و هەڵکشاندنی سەرلێشێواویی کۆمەڵایەتیی بۆ ئەوپەڕی خۆی لە ڕێگەی زانیاریی چەواشەکەر و هەنگاوی کاتییەوە.
بە کورتیی، باخچەلیی و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش دەوڵەت، لە کاتێکدا ئۆجالان وەک لایەنی فەرمیی پرۆسەکە دەناسن، هاوکات بە تەڵەنانەوەی پێناسەکەی لەو کارەدا، هیوای ئەوە دەخوازن مانۆڕ لە پرۆسەکەدا بکەن. ئەگەر وابێت، ئەوا ئەوەی ڕوو دەدات؛ نەک تەنیا لە چوارچێوەی مەترسییە سەربازیی و سیاسییەکانی ڕۆژئاڤادا، بەڵکوو لە ڕووی یادەوەریی بەکۆمەڵ و بکەری سیاسیی کوردییشەوە، شایانی ئەوەیە وەک دەستێوەردانێکی مەترسیدار بخوێندرێتەوە.
کلیلی گۆڕینی کۆنسێپت بۆ پرۆسە: مافی هیوا
ڕێکاوڕێک لەم خاڵەدا بەربەستێکی هەستیار دەردەکەوێت. ئەگەر دەوڵەت بە ڕاستیی بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆنسێپتێکی وەک “بێناوەندکردن” و داماڵینی شەرعییەت لە ئارادا نییە، ئەوا ڕێگەی سەلماندنی زۆر ڕوونە.
ئەم ڕێگەیە، بە شێوەیەکی ناکۆک-پارادۆکساڵ، بە ناو ئەو وتانەدا تێدەپەڕێت کە خودی دەوڵەت باخچەلی لە سەرەتای پرۆسەکەدا وتی: پێویستە “مافی هیوا” بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان بناسرێت. ئەمەش بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە تەندرووستیی بڕواتە پێشێ، دەبێت زەمینە خۆش بکرێت تا ئۆجالان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ڕێکخراوەکە و لایەنە سیاسییەکان و گەلەوە بکات، گەرەکە ئۆجالان نەک وەک فیگۆرێکی سیمبولیک، بەڵکوو وەک لایەنێکی ڕاستەقینەی گفتوگۆ قەبووڵ بکرێت.
ئەگەر ئەمانە جێبەجێ نەکرێن، ئەوا ئەو گومانە دەبێتە ڕاستیی کە ئەم مشتومڕانەی ئەمڕۆ، “پرۆسەیەکی نوێ” نین، بەڵکوو نوێکردنەوەی ئەقڵییەتی کۆنی دەوڵەتن.
لە کۆتا قۆناغدا، ئەوەی خراوەتە بەر باس تەنیا پێگەی ئۆجالان نییە. کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کورد تا چەند دەتوانێت خاوەنداریی لە ئیرادەی سیاسیی، ڕێبەرایەتییو یادەوەریی تێکۆشانی خۆی بکات.
بۆیە زۆر زیاتر جێی تێڕامانە کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، وەک کۆنسێپتێک بخوێندرێتەوە نەک پرۆسەیەک. وادیارە چۆنییەتی داڕشتنی ئەم کۆنسێپتەش، زیاتر بەوەوە بەستراوەتەوە کە کورد مشتومڕە ناوخۆییەکانی خۆی لە چ ئاستێکدا و بە چ متمانەبەخۆبوونێکەوە بەڕێوە دەبات. با لەبیر نەکرێت ئەو دەوروبەرە فراوانەی لە ڕابردوودا ئۆجالانیان وەک سەرکردە قەبووڵ کردووە، ئەزموونی زۆریان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم خوێندنەوە چەواشەکارانەیە لە دەستە.
ت: یوکسەل گەنج ئەندامی گرووپی یەکەمی ئاشتیی لە چیاکانی کوردستانەوە لە ساڵی ١٩٩٩ بۆ نیشاندانی نیازباشیی لەگەڵ گرووپێکی گەریلا گەڕانەوە تورکیا، بەڵام هەر بە گەیشتنەوەیان دەستگیر کران و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندان کران.



