گۆشەی ئازد

ڕۆژاڤا: ڕێزمانێکی نوێ لە سیاسەت

لە بەرانبەر ئەم هێرشە گشتگیرەدا، بەرخۆدان دەبێتە شێواز و ستایلی ژیان.

محەمەد خدر

لە بەرایی سەردەمێکداین، کە مۆدێلە سیاسییە گەورەکان و ئایدۆلۆژیا شۆڕشگێڕییەکان کاریگەریی خۆیان لەدەست داوە. زۆربەی گوتارەکان لە چوارچێوەی واقیعێکی سادە و بێ بەدیلدا دەخولێنەوە. لە گۆشەیەکی پەراوێزخراوی ئەم هەسارەیەدا، ئەزموونێک هەیە کە کۆی یاساکانی ئەم یارییە بەراوەژوو دەکاتەوە: ڕۆژاڤا. لەوێ، بەرخۆدانی شەڕڤانان و خەڵکی مەدەنیی بۆ ئاخ و کەرامەتی خۆیان، لە کردەیەکی بەرگریی ڕووت دەرچووە و بووەتە بەشێک لە شێوەژیان و تێهزرینیان.

لە ٦ـی مانگەوە لە ساڵی نوێ و پێشتریش، هێرشەکان بۆ سەر ئەم مۆدێلە سیاسییە-مرۆییە مەزنە چڕتر بوونەتەوە. ئەوان وێڕای پشتتێکردن و فەرامۆشکردنیان، کەچی خەڵکی بە هەموو پێکهاتە و دەنگە جیاوازەکانەوە، دووبارە دەیانەوێت لە ڕێگەی لوولەی تفەنگەوە ئیرادەی خۆیان بسەلمێنن و بە جیهان بڵێن: “بەرخۆدان ژیانە”.

ئەزموونی ڕۆژاڤا هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت هیچ بەدیلێک بۆ سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی ئێستا نییە. ئەم مۆدێلە، لەبری ئەوەی هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتێک بە دەسەڵاتێکی تر بدات، پرسیارێکی بنەڕەتیتر دەکات: چۆن دەتوانین کۆمەڵگەیەکی ئازاد، فرەدەنگ، ژینگەپارێز و یەکسان لە ڕووی جێندەرییەوە بنیاد بنێین؟ ئەمە گواستنەوەیە لە لۆژیکی دەسەڵاتی کلاسیکەوە بۆ فۆرمێکی نوێی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە.

ئەوەی شۆڕشی ڕۆژاڤا لە خاڵێکی بنەڕەتییدا لە هەموو شۆڕشەکانی تر جیا دەکاتەوە، گەڕانەوەی بەهێزی ئەو “شتە”ـیە کە مێژوو هەمیشە هەوڵی کپکردنی داوە: لێرە ژن، ناوەندی گۆڕانکارییە، نەک قوربانیی یان ئامراز. فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیی لە دروشمەوە بووەتە کردە و ئازادیی کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ بە ئازادیی ژنەوە گرێ دراوە. ئەمە تەنیا بەرەنگاریی چەکداری نییە، بەڵکوو شۆڕشێکە لەناو شۆڕشدا، تێکۆشانە دژی هەزاران ساڵ لە ئەقڵییەتی پیاوسالاریی. ژن لە  ڕۆژاڤا بووەتە ئەو هێزە ڕادیکاڵەی کە نەک تەنیا نەیاران، بەڵکوو خودی ئەو تابۆیانەش دەشکێنێت وا سیستەمە کۆنەکان لەسەری وەستاون.

هێرشی دوژمنان بۆ سەر ڕۆژاڤا، کاردانەوەیەکی توندە بەرانبەر بە دەرکەوتنی ئەم “هەقیقەت”ـە ترسناکە. ئەوان ڕووبەڕووی ئەو دیمەنە بوونەتەوە کە لە فەنتازیاکانیاندا جێی نابێتەوە: ئیتر ژنێک لە ئۆبێکتی چێژەوە دەبێت بە سوبێکتێکی خاوەن ئیرادە. ئەمە دڵەڕاوکێیەکی وجوودیی قووڵیان لا دروست دەکات، چونکە پووچەڵیی تەواوی ئەو جیهانبینییە ئاشکرا دەکات کە لەسەر بەرزەفتکردنی ژن بنیاد نراوە. هەر بۆیە، خۆڕاگریی ژنانی ڕۆژاڤا دەبێتە ئەو نیشانەیەی کە نەخۆشیی سیستەمی باڵادەست دەردەخات و لە هەمان کاتدا، بەڵگەی ئەوەیە کە هەمیشە ئەگەرێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو سیستەمە و درووستکردنی فۆرمێکی نوێ لە ژیاندا بوونی هەیە.

لێرەوە، ڕازی قووڵی ئەو هێرشانەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە دەکرێنە سەر ئەم ئەزموونە. هێرشەکان تەنیا ئامانجیان داگیرکردنی خاک و لەناوبردنی گەلێک نییە، بەڵکوو ئامانجی سەرەکییان بەرتەسککردنەوەی ئەم ئایدیایەیە کە دەڵێت: “ژیانێکی دیکە مومکینە”. لەهەمبەردا، ئەم هێزە جیهادیی، دینیی و کۆنەپەرستانە، ناتوانن لە فەلسەفەی ئەم مۆدێلە بگەن، کە لە دەرەوەی یاساکانی ئەوانە. بۆیە هەر جۆرە هێرشێک بۆ لەناوبردنی ئەم ئەزموونە، ویستی سەرەتاییان ڕزگاربوونە لەو خەم و کۆڤانانەی کە بەهۆیانەوە تووشی دڵەڕاوکێ و تۆقین بوون.

لە بەرانبەر ئەم هێرشە گشتگیرەدا، بەرخۆدان دەبێتە شێواز و ستایلی ژیان. کاتێک هەموو چرکەساتەکان لەژێر هەڕەشەدان، مانەوە و بەردەوامیدان بەم مۆدێلە سیاسییە، بۆ خۆی دەبێتە گەورەترین دەستکەوت و ڕادیکاڵترین کردەی سیاسیی.

ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە “هەڵوێست”ـی فیکریی دەگۆڕێت بۆ “خۆڕاگریی”ـی جەستەیی و ڕۆحیی. خەڵک لەوێ تەنیا باوەڕیان بە ئایدیایەک نییە، بەڵکوو ئەوان بە جەستە و ژیانی ڕۆژانەیان بوونەتە خودی ئایدیایەکە. ئەوان بەم شێوە ژیانە ئازادیی لە درووشمێکی بەتاڵەوە دەگۆڕن بۆ پراکتیکێکی ڕۆژانە و پڕ لە درووشم، ئەمەش پێویستی بە بوێریی، ماندووبوون و قوربانیدانی بەردەوامە.

لە کۆتاییدا، تراژیدیای ئەم دۆخە جگە لەوەی لە هێرشەکاندایە، ئەو بێدەنگییە گەورەیەی جیهانیش دەگرێتەوە کە وەک بینەرێکی بێدەنگ سەیر دەکات. ئەم بێدەنگییە دەیسەلمێنێت کە بانگەشەکانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ چەندە لاوازن کاتێک بەرژەوەندییە گەورەکان دێنە کایەوە. بەرخۆدانی ڕۆژاڤا، وەک ئاوێنەیەک وایە کە ڕووی ڕاستەقینەی سیستمی جیهانی نیشان دەدات و لە هەمان کاتدا، چرایەکی هیواشە بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای جیهانێکی دادپەروەرتر و ئازادتردا دەگەڕێن؛ زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە کە دەڵێت: “لە سەردەمی بێهیواییدا، بوێرانەترین کار، درووستکردنی هیوایە”.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.