گۆشەی ئازد

دەربارەی ئۆجالان: مەزن‌گۆیی یان بێدەنگیی

دەربارەی هەرچی مەزنە، پێویستە یان بێدەنگ بیت، یان بە مەزنیی بدوێی

دەشتی مەحموود

لە سەردەمی قسەی خێرا، هەڵوەستە هەڵبەستراوەکان و ڕەخنەی ئامادەدا، زۆرجار ئەوەی لەدەستی دەدەین، نە زانیارییە، نە بڵاوکردنەوەی بیرۆکە، بەڵکوو ئەخلاقی تێگەیشتنە. قسەکردن بووە شتێکی ئاسان، بەڵام تێگەیشتن، بە تایبەتی تێگەیشتن لە پرسە مەزنەکان، بووەتە شتێکی دەگمەن. لە ڕەوشێکی وەهادا، دەربڕینەکەی فرێدریک نیچە لە دەستپێکی پەرتووکی ‘ویستی هێز’ـدا؛ «دەربارەی هەرچی مەزنە، پێویستە یان بێدەنگ بیت، یان بە مەزنیی بدوێی»—وەک ئاگادارییەکی فەلسەفیی دەردەکەوێت، نە وەک فەرمانێکی ئەخلاقیی و بانگەشەی ستایش.

نیچە، لێرەدا قسە لە توانای مرۆڤ دەکات بۆ هەڵگرتنی بارێکی هزریی، بۆ گرتنەخۆ و مامەڵەی ڕژد و ورد لەگەڵ پرسە گەورە و مەزنەکان، بۆ ئەوەی قسەکردن نەبێتە جێگرەوەی تێگەیشتن. ئەم چپەدوێییە هەوڵ نییە بۆ پاراستنی ئۆجالان لە ڕەخنە، بەڵکوو نیشاندانی پاراستنی ئاکاری خوێندنەوە و ڕەخنەیە. ئۆجالان، تەنیا کەسایەتییەکی سیاسیی نییە، لە درووشم و دادوەریی ساویلکانەدا کورت بکرێتەوە. هزر، بیرۆکە و نووسینەکانی، مامەڵە لەگەڵ چەمک و پرسەگەلە گەردوونییەکانی وەکوو؛ ژن، ئازادیی، ڕزگاریی، دادپەروەریی، ناسنامە، هێز و دەسەڵات، توندوتیژیی، پێکەوەژیان و ئاشتیی لە دۆزەخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆماوەی زیاد لە پێنج هەزار ساڵە جەنگ تێیدا بەردەوامیی هەیە، دەکەن. بەپێی دەربڕینەکەی نیچەش، ئەم پرسە ‘مەزنانە’ پێویستیان بە هەڵوەستەی مەزن هەیە. ئەگەر ئۆجالان هزرمەندێکی جیهانییە، ئەوا پێویستی بە خوێندنەوەی جیهانیی هەیە، واتە پێویستە بخرێتە ناو چوارچێوەی و مێژووی هزریی جیهانی هاوشێوەی بیرمەندە مەزنەکانی دیکە. ڕەخنە، بەڵێ—بەڵام بە مەرج. ستایش، بەڵێ—بەڵام بە ئاگاداریی. و ئەگەر ئەم مەرجانە نەبوون، بێدەنگیی زیاتر ڕێزە لە قسەی ڕووکەشانە. بێدەنگیی لێرەدا نیشانەی بێتوانایی نییە؛ نیشانەی زانینی سنوورەکانی زمان و تێگەیشتنە.

لەو چوارچێوەیەدا، قسەکردن لەسەر ئۆجالان، ئەگەر بە بێ خوێندنەوەی قوڵ، بەبێ ئاگاداریی لە مێژوو، کۆمەڵناسیی، فەلسەفە، فەلسەفەی سیاسیی و ئابووریی، ئوستوورەناسیی، کەلتوورناسیی، وەردەگەڕێت بۆ جۆرێک لە شێواندنی هزر و سادەگۆیی. ئەم شێواندنەش تەنیا لەلای دژایەتیی‌کارانی هزری ئۆجالانەوە دەرناکەوێت، بەڵکوو هەروەها لەلایەن ئەوانەی کە بێ تێگەیشتن و ڕەخنە ستایشی دەکەن. هەردوو هەڵوەستەکە، لە بنچینەدا، هەمانشت لەدەست دەدەن: تێگەیشتن. نیچە، بە ڕوونیی ئەم هەڵەیەی پیشان داوە؛ ستایشی ڕووکەشانە و ڕەخنەی ڕووکەشانە، هەردوو جۆرێکن لە بێتوانستی و کڵۆڵی هزریی.

ئاشکرایە، ئۆجالان، ئەگەر بە شێوەیەکی فەلسەفیی بخوێندرێتەوە، ئەوا دەردەکەوێت کە تەنیا کەسایەتییەکی سیاسی نییە، نە تەنیا سەرکردەی ڕێکخراوێک، نە تەنیا دەستبەسەرکراوی گرتووخانەیەک. ئۆجالان، بە تایبەتی لە دوای دەستگیرکردنی، وەرگەڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی هزریی—پڕۆژەیەک کە دەخوازێت و هەوڵی دووبارە بیرکردنەوە لە شارستانییەت، دەوڵەت، دەسەڵات و هێز، ژیان و ئازادیی بکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییەش ڕێکەوتێك و شێوازێکی سیاسیی ڕووت نییە؛ بەڵکوو بەرهەمی خوێندنەوەی درێژخایەن، گفتوگۆی ڕەخنەگرانەیە لەگەڵ فەیلەسوف و بیرمەندە مەزنەکانی ناو مێژووی هزر. ئەو گفتوگۆیە نەک وەرگرتنێکی ڕووت، بەڵکوو ڕەخنەکردن و گواستنەوەیە. بەرهەمی ئەم ئاوێزانە هزرییەی ئۆجالان لە گفتوگۆکانی لە نێو هزریی جیهانییدا، بنچینەی هزری ئۆجالان پێک دەهێنێت، ئەمەش نەک وەک سیستەمێکی تەواو و داخراو، بەڵکوو وەک پڕۆژەیەکی کراوە.

پێویستە، ئۆجالان وەک کەسایەتییەکی سیاسیی سنووردار نەبینرێت، بەڵکوو وەک هزرمەندێکی جیهانیی کە بیرۆکەکانی لە چەندین بواری هزریی و زانستییەوە هەڵقوڵاون؛ لە فەلسەفە و مێژووەوە بۆ ئوستوورەناسیی، یەزدانناسیی، کەلتوورناسیی، فەلسەفەی سیاسیی و ئابووریی سیاسیی. خوێندنەوەی ئۆجالان، ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و ڕەخنەگرانە بکرێت، پێویستی بە ئاگاداریی مێژوویی هەیە؛ مێژوو وەک تەنیا ڕیزبەندی ڕووداوەکان نا، بەڵکوو وەک ئاوێزانی هێز، دەسەڵات، ئوستوورە و ئایین و شێوازەکانی ژیان. لە بیرکردنەوەکانی ئۆجالاندا، ئوستوورە و ئایین تەنیا توخم و بڕگەیەکی باوەڕیی نیین، بەڵکوو ئامرازێکی هزریین بۆ تێگەیشتن لە سەرەتای شارستانییەت و سەرهەڵدانی دەسەڵات و باوکسالاریی. لە بوارێکی ترەوە، کەلتوورناسیی و فەلسەفەی سیاسیی لە نووسینەکانی ئۆجالاندا پێکەوە دەهێنرێن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی چۆن مرۆڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیدا، لە ژیانی ئازادیی سرووشتییەوە بۆ ژیانی دەوڵەت-ناوەندیی و چەوساندنەوە گواستراوەتەوە.  ئابووریی سیاسیی لێرەدا تەنیا بابەتێکی دارایی نییە، بەڵکوو شێوازێکە بۆ تێگەیشتن لە چۆنییەتی بەکۆیلەکردنی کار، ژن و سرووشت.

ڕاڤەی ئۆجالان بۆ مێژووی میزۆپۆتامیا، ئوستوورە، ئایینەکان و شێوەی دەستپێکی دامەزراندنی دەسەڵات، تەنیا پرسگەل و بابەتی مێژووییی سادە نین؛ بەڵکوو میزۆپۆتامیا، شوێنی لەدایکبوونی ڕێکخستەیەکی دەسەڵات و هێزە کە تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی نوێ بەردەوامە. بۆ ئۆجالان، ئوستوورە داستان و ئەفسانە نییە، بەڵکوو گوتاری دەسەڵاتە کە تێیدا پاشا، خوا و باوکسالار دەچنە ناو یەکێتییەکی چەوسێنەرەوە. لە ناو ئەم پێڤاژۆیەشدا، ژن دەبێتە یەکەمین کۆیلە و قوربانیی و دواتر، شێوەکانی دیکەی چەوساندنەوە و قوربانیی سەر هەڵدەدەن. بە واتایەکی دیکە، بۆ ئۆجالان: بەکۆیلەکردنی ژن، یەکەم هەنگاوی بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگەیە. ئەم بانگەشەیە، ئەگەر بێ تێگەیشتن لە کەلتوورناسیی، ئابووریی سیاسیی و مێژووی شارستانییەت بخوێنرێتەوە، وەک هەڵوەستێکی ئەخلاقیی دەردەکەوێت، نەوەکوو بیرۆکەیەکی فەلسەفیی. ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە کە ئۆجالان ژن تەنیا وەک تاك نابینێت، بەڵکوو وەک مێژوویەک—مێژوویەک کە بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە لە ناو شارستانییەتدا سڕدراوەتەوە.

دەبێت، ئەوەش لەبیر نەکرێت، ئیمراڵیی، لە ئەم پڕۆژەیەدا، تەنیا زیندانێکی فیزیکیی نییە؛ بەڵکوو تاقیگەیەکی دەسەڵاتە. شوێنێک کە تێیدا دەوڵەت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تێکشكاندنی مرۆڤێکەوە (ئۆجالان) گەلێك (کورد) تێکبشکێنێت، بەڵام دوور لە چاوەڕوانییەکان، ئەم مرۆڤە ئیمرالی دەگۆڕێت بۆ تاقیگەیەکی هزریی و بیرکردنەوە و لە ڕێگەی نووسینەکانیشیەوە، هەوڵی گۆڕین و ئازادکردنی گەلەکەشی دەدات. لێرەدا، مەبەست ئەوە نییە کە زیندان پیرۆز بکرێت، بەڵکوو پیشانی دەدەین کە دەوڵەتانی دژەکورد، هەموو ڕێچکەیەک دەگرنە بەر بۆ شکستپێهێنانی تاک و گەلی کورد. وەکوو ئاشکراشە، دەسەڵات زۆر جار لە شوێنێکدا کە دەیەوێت هزر بکوژێت، هزر بەهێزتر دەردەکەوێت. لێرەدا ئۆجالان لە ڕیزەی ئەو بیرمەندانەدایە کە خودی زیندان ڕۆڵی مامان دەگێڕێت: ڤەژین.

لە کۆتاییدا، ئەمەی گرنگە، ئەوەیە کە خوێندنەوەی ئۆجالان بە شێوەیەکی ڕووکەش، یان لەڕوانگەی هاوسۆزیی یان دوژمناییەتی سیاسییەوە، هیچ یەکێک لە ئاکاری ڕەخنەی هزری تێدا نییە، چونکە، ڕەخنە ئەگەر ڕاستەقینە بێت، پێویستی بە قووڵیی هەیە؛ پێویستی بە خوێندنەوەی فەلسەفیی، مێژوویی و تیۆریی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، بێدەنگیی نیشانەی بێتوانستی نییە، بەڵکوو هەڵوەستێکی ئەخلاقییە، کاتێک ناتوانیت بە قووڵیی، ئاگاداری مێژوویی و تێگەیشتنی تیۆریی قسە بکەیت، بێدەنگیی ڕاستگۆیانەترە لە سادەگۆیی.

مەزن‌گۆیی، واتە قسەکردن لەسەر بابەتێکی مەزن بە شێوەیەکی مەزن؛  ئەمەش پێویستی خوێندنەوەیەکی فراوان، ڕەخنەی قووڵ و تیۆریی، مامەڵەکردن لەگەڵ بیرۆکەکان لە چوارچێوەی فەلسەفیی و تەڤناری مێژوویی، دەخوازێت. لەم بارەشدا، دەتواندرێت، بگوترێت، قسەکردن و ڕەخنە لە ئۆجالان، شکستی هزریی نییە، بەڵکوو بەشدارییەکی ڕاستەقینەیە لە گفتوگۆی جیهانیی دەربارەی، ئازادیی، ژیان، دادپەروەریی. دواجار، ئەوەی لە تاقیگەدا تاقی دەکرێتەوە، هزر و خودی ئۆجالان نییە، نە دژایەتیی و نە پشتیوانیکردنییەتی؛ بەڵكوو توانای ئێمەیە بۆ تێگەیشتن. ئەگەر ناتوانین بە مەزنیی بدوێین، باشترە بێدەنگ بین.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.