‘بکوژی کاستیک’ کێیە؟
ڕێبەر ئاپۆ لە مانیفێستی 'ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـدا، چەمکی 'بکوژی کاستیک'ـی بۆ زیهنیەتی پیاوسالاریی بەکار هێنا، لەم بابەتەدا بە کورتیی ئەم چەمکە پێناسە دەکەین.

“کاست” چینێکی کۆمەڵایەتیی نەگۆڕە، تێیدا تاک لەنێو سیستەمێکی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی تایبەتدا لەدایک دەبێت، بەمەش دەوترێت: سیستەمی کاست. چاوەڕوان دەکرێت تاکەکان تەنها لەناو هەمان کاستدا هاوژیانیی پێک بهێنن (ئیندۆگامی)، هەمان شێوازی ژیان پەیڕەو بکەن و سەرقاڵی هەمان پیشە ببن.
“کاست” پێکهاتەیەکی پلەبەندیی وشکە، لەسەر بنەمای ڕێسای ڕەق و پێکهاتەی نەگۆڕ و هێزی ڕووت و توندوتیژیی و دەسەڵاتی پیرۆز دامەزراوە. وشەی کاست لە وشەی “Casta “ـی ئیسپانیی و پورتوگالییەوە وەرگیراوە، وشەی کاستا لەزمانی پورتوگالیدا بە واتای ڕەچەڵەک، نەژاد، جۆر و تیرە دێت. کاتێک پورتوگالییەکان لە سەدەی شانزەی زایینیی دەچنە هیندستان، ئەم وشەیە بۆ پێناسی ئەو گرووپە هیندییانە بەکار دێنن وا ئەم شێوەژیانە پەیڕەو دەکەن.
“بکوژی کاستیک” لەلایەن گرووپی ڕاوچی نێرەوە پەیدا بووە، بە نزیکەیی لە نێوان ١٥ بۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین سەریان هەڵداوە. ئەو ئەزموونەی ڕاوچییە نێرەکان لە ڕاوکردنی نێچیر هەیانە، بە تێپەڕبوونی کات، دەگۆڕێت بۆ خووی کوشتن، لەوە بەدوا هێرش دەکەنە سەر ئەو کۆمەڵگە کۆمۆناڵەی لە دەوری ژن شکڵی گرتووە و دەیڕووخێنن، لەمەوە “بکوژی کاستیک” سەر هەڵدەدات.
ڕێبەر ئاپۆ لە مانیفێستی ‘ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ـدا، کێشەی بنەڕەتیی سرووشتی دووەم (بەکۆمەڵگەبوون) وەک کێشەی ژن و پیاو، پێناسە دەکات؛ دەڵێت: “ئەمەش لەسەر بنەمای هێرشی بکوژی کاستیک، واتە هێرشی پیاوی دەسەڵاتدار بۆ سەر ئەو بەکۆمەڵگەبوونەی لە دەوری ژن دامەزراوە، هاتووەتە دی” و “تا لە بکوژی کاستیک تێ نەگەین، ناسینی کۆمەڵگە زەحمەتە”.
‘بکوژی کاستیک’ کێیە؟
ڕیشەی وشەی ‘کاستیک’ بە یۆنانیی واتە ‘وێرانکەر، لەناوبەر، ئەوەی لەناوەوە دەکرۆژێت’ واتە ‘بکوژی وێرانکەر’.
چۆن دەرکەوت؟
ڕێبەر ئاپۆ مێژووی دەرکەوتنی ‘بکوژی کاستیک’ دەباتەوە بۆ ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر. خستنەوە و بەخێوکردنی منداڵ، کارێکی دژوارە. ئیتر، ژن-دایک بۆ بەخێوکردنی منداڵەکان، کۆمەڵگەیەک لە دەوری خۆیان دادەمەزرێنن. لەو سەردەمە، چەمکی ‘باوک’ هەر بوونی نەبوو. پیاو نەیدەزانی ڕۆڵی لە منداڵخستنەوەدا چییە. ژن وایدەزانی تەنها خۆی بەرپرسە لە منداڵخستنەوە و دەڵێت ‘منداڵەکانم’. لە دەوری ژنان، هەندێک خزمی وەک خوشک و برا هەن، واتە خاڵ و خاڵۆژن و منداڵ. بەم جۆرە، هۆزە ١٥ بۆ ٢٠ کەسییەکان پێک دێن؛ لێرەوە، دەنگ و زمان و کەلتوور و بەهاکان شکڵ دەگرن. بەڵام هەندێ پیاوی ترن هەن، دەبنە خزمە دوورەکانی ژن، زۆرینەی ئەم پیاوانە بە ڕاوکردنەوە سەرقاڵن و بە تاقی تەنها دەژین. بەمەش، کۆمەڵگەی پیاوانی ڕاوچی شکڵ دەگرێت کە پێویستیان بە گرووپە بۆ ڕاوکردن. جەستەیان بەهێزە و کەرەستەی ڕاوکردنیان بەدەستەوەیە.
ئەم گرووپە ڕاوچییە سەیر دەکا ژن چەندە داهێنەرە: منداڵ دەخەنەوە و بەخێویان دەکەن، خۆراک کۆ دەکەنەوە، خاوەنی غەریزەی سێکسیین. ئیتر، ئەم گرووپە ڕاوچییە هەوڵ دەدەن ژن و بەهاکانیان زەوت بکەن. بۆیە هێرش دەکەن. ژنان و منداڵان دەکاتە کۆیلە، کۆمەڵگەکانی ژنان بەکۆیلە دەکا و بەهاکانیان زەوت دەکا. پیاوانی نزیکی ژنان دەکوژێت. ئەم گرووپە بکوژە، ڕوو دەکەنە کوشتن و لەناوبردن و دزین و بەکۆیلەکردن. بەم چەشنە، ‘بکوژی کاستیک’ سەر هەڵدەدا.
‘بکوژی کاستیک’ چۆن گەیشتە ڕۆژی ئەمڕۆ؟
بەپێی توێژینەوە ئارکیۆلۆژییەکان، شوێنەواری هەرە دێرینی ‘بکوژی کاستیک’ لە خراپەڕەشکێی ناوچەی ڕحای باکووری کوردستان، دۆزراوەتەوە. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئەوێ کۆنترین شوێنی بەکۆیلەکردنی ژنان و منداڵان و کۆمەڵگەیە، لەوێ ئایدیای خاوەنکۆیلە سەری هەڵدا، لەوێ پەرستگاکانیان درووست کرد، ژن و کۆمەڵگەیان خستە خزمەتی خۆیانەوە.
‘بکوژی کاستیک’ خۆی پیرۆز دەکات، بەدەوری خۆیدا شارەکان دادەمەزرێنێ، دەچێتە لوتکەی زەقوورەکان و لە قاتەکانی ژێرەوەدا ژنان دەکاتە لەشفرۆش، پاشاخواکان دەخووڵقێنێ، هەرکات بمرێ، ژن و کۆمەڵگەش لەگەڵ خۆیدا دەنێژێت. ئیمپراتۆریەتەکان دادەمەزرێنێ، لە حەرامسەراکانی کۆشکدا، ژنان دەکاتە لەشفرۆش. ئایینی یەکتاپەرەستیی دەهێنێتە کایەوە و ژنان دەکاتە ئەهریمەن و گوناهبار، دەنگ و هەبوون و ئیرادەی ژنان دەسڕێتەوە. دەوڵەت و دەوڵەت-نەتەوەکان دادەمەزرێنێت، ژنان دەکاتە کاڵا و ئامرازی چێژبینینی پیاوان و کارگەی منداڵخستنەوە پیاوان.
شێواز دەگۆڕێ، بەڵام پێگەی ژنان نەگۆڕە؛ لە زەقوورە و حەرامسەر و خانەی لەشفرۆشیی و ماڵەکان، ژن هەر خزمەتکار و کەرەستەی سێکسیی و نۆکەری پیاوە.
لەمڕۆدا، وەختێ دەڕوانینە جیهان و مرۆڤەکان و سرووشت، وێرانکارییەکانی ‘بکوژی کاستیک’ بە ڕوونیی دەبینین. هەموو شتێکی تاڵان کردووە. ئەمڕۆ، لەژێر ناوی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا درێژە بە خۆی دەدا. بە پێناسەی ڕێبەر ئاپۆ، ‘سێ سوارچاکی مەحشەریی’، واتە سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازیی، کۆمەڵگە و سرووشت و ژن لەناو دەبەن.
هەرچەندە هەزاران ساڵە کۆمەڵگە و ژن بەگژ ئەم جانەوەرەدا دەچنەوە، کەچی ئەم جانەوەرە ژەهری خۆی ڕژاندووەتە نێو زەینی مرۆڤەوە. لەژێر ناوی ‘خێزانی پیرۆز’ـدا، تۆوی خۆی لە نێو کۆمەڵگەدا چاندووە. لەنێو ئەو خێزانانە، ژنانێکی بەرخۆدەر هەن و هەرگیز ڕادەست نەبوون. بزووتنەوەی مرۆڤدۆست هەن کە بەگژ ئەم سێ سوارچاکە مەحشەرییەدا دەچنەوە. کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکانی وەک ڕێبەر ئاپۆش هەن کە ماسکی ئەم بکوژانە هەڵدەماڵن و ڕووی ڕاستەقینەیان ئاشکرا دەکەن.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵیی هاوار (بە هەندێک دەستکارییەوە)



