دێوەزمە و مەودای کورد
مەوداکە دەبێت لە کوێوە دابنرێت و چۆن سەیری بکرێت، چیرۆکەکە دەڵێت "ڕوانینت" بگۆڕە.

ئۆزگور ئامەد
لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغیی
دێوەزمە [١] و مەودای کورد
چیرۆکە کورتەکەی ئێدگار ئالان پۆ بە ناوی “سفینکس” زۆر پڕبایەخ و فێرکارانەیە. ئەم چیرۆکە گێڕانەوەیەکی فەلسەفییە دەربارەی هەڵخەڵەتێنەریی تێگەیشتنی مرۆڤ، چۆنیەتیی شێواندنی ژیری لەلایەن ترسەوە، و چۆن گۆشەنیگای ڕاستی (واتە ڕادەی نزیکی) دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕووداوەکان. “هەروەها ئەمە خانە بنەڕەتییەکەی وتە بەناوبانگەکەی نێو ژینگە سیاسییە ڕێکخراوەکانە کە دەڵێت: ‘هەڤاڵ، گۆشەنیگای خۆت بگۆڕە'”.
چیرۆکەکە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی کوشندەی کۆلێرا لە نیویۆرک ڕوو دەدات. گێڕەرەوەی چیرۆکەکە بۆ دوورکەوتنەوە لەو ترس و دڵەڕاوکێیەی پەتاکە درووستی کردووە، پەنا دەباتە بەر ماڵێکی لادێ.
خاوەنماڵەکە، کە خزمێکییەتی، کەسێکی زۆر لەسەرخۆ و خاوەنی ژیرییەکی فەلسەفییە و باوەڕ بە ترسە “نادرووستەکان” ناکات. لە بەرانبەردا، گێڕەرەوەکە بەهۆی کاریگەریی هەواڵی ڕۆژانەی مردنەوە، تووشی خەمۆکییەکی قووڵ بووە؛ تەنانەت پێی وایە باکەیش مەرگی پێیە و زۆر باوەڕی بە نیشانەکان هەیە.
لە کۆتایی ڕۆژێکی گەرمدا، کاتێک گێڕەرەوەکە لەبەردەم پەنجەرەکە دانیشتووە و سەیری گردەکەی بەرانبەر دەکات، لەپڕ بوونەوەرێکی زەبەلاح و ترسناک دەبینێت کە لە گردەکە دێتە خوارەوە و دەچێتە ناو دارستانەکە. ئەو دێوەزمەی دەیبینێت زۆر گەورەیە، باڵی یەکجار گەورەی هەیە، هەروەها دەنگ و شێوەیەکی تۆقێنەری هەیە. زۆری پێ ناچێت گێڕەرەوەکە لەبەردەم ئەو دیمەنەدا لەهۆش خۆی دەچێت. کاتێک دێتەوە سەر خۆی، وا دەزانێت ئەمە نیشانەی نزیکبوونەوەی مردن یان شێتبوونییەتی.
پاش چەند ڕۆژێک، کاتێک لەگەڵ خاوەنماڵەکە لە هەمان ژووردا دانیشتوون، دووبارە دێوەزمەکە دەبینێتەوە و بە ترسەوە نیشانی هاوڕێکەی دەدات. بەڵام هاوڕێکەی دەڵێت لەو شوێنەی ئەو ئاماژەی بۆ دەکات هیچ شتێک نابینێت. خاوەنماڵەکە دوای گوێگرتن لە وەسفەکانی گێڕەرەوەکە، لەسەرخۆیی خۆی دەپارێزێت و کتێبێکی زانستە سرووشتییەکان هەڵدەگرێت. لە ناو کتێبەکەدا پێناسەی جۆرە پەپوولەیەک دەخوێنێتەوە کە ناوی “سفینکس-شوانخەڵەتێنە”ە. پێناسەکە تەواو لەگەڵ ئەو دێوەزمەیەدا دەگونجێت کە گێڕەرەوەکە بینیویەتی. پاشان خاوەنماڵەکە دەچێتە سەر ئەو کورسییەی گێڕەرەوەکەی لێ دانیشتبوو و ڕاستییەکەی بۆ ڕوون دەکاتەوە: ئەوەی گێڕەرەوەکە لەسەر گردە دوورەکە وەک دێوەزمەیەکی زەبەلاح دەیبینی، لە ڕاستیدا تەنها مێروویەکی بچووک بووە کە لەسەر داوی جاڵجاڵۆکەیەک، لە مەودایەکی زۆر نزیک لە چاوی و لەسەر شووشەی پەنجەرەکە دەجووڵایەوە. گێڕەرەوەکە بەهۆی نزیکیی زۆری مێرووەکە لە چاوی، چەواشە بووە و وا تێگەیشتووە کە بوونەوەرێکی زەبەلاحە لە دوورەوە. هەموو پرسەکە تەنها ئەمە بووە.
خاوەنماڵەکە لە کاتی باسکردنی هەڵەکانی ژیریی مرۆڤ، بە شێوەیەکی جێی سەرنج نموونە لەسەر دیموکراسی دەهێنێتەوە و دەڵێت بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم چەمکە، دەبێت لە شوێنێکی دروستەوە سەیری بکرێت.
پێم وایە بیرۆکەی سەرەکیی چیرۆکەکەی پۆ (کە بریتییە لەوەی: سەیرکردنی شتێک لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە، وەک دێوەزمەیەکی زەبەلاح و ترسناک نیشانی دەدات)، کاتێک لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و سیاسییەوە بۆ “پرسی کورد” دەگونجێندرێت، میتافۆرێکی شایانی سەرنج پێشکەش دەکات.
ئەوەندەی من تێبگەم، پۆ لەسەر ئەو بڕوایەیە کە دیموکراسی پرسێکی کات و تێگەیشتنە. ئەگەر وەک ڕووداوێک کە ڕێک لەبەردەم چاوت، یان لە ناو چاوتدایە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، ئەو ڕووداوانەی بەهۆی ئەوەوە دێنە ئاراوە بە لاتەوە زەبەلاح دەبن. بەڵام ئەگەر وەک ڕاستییەکی مێژوویی و لەناو ڕەوتێکدا، یان ڕاستتر بڵێم “لە مەودایەکەوە” سەیری بکەیت، ئەو کات ڕەوتە پەرەسەندنە سرووشتیی و ناچارەکییەکە دەبینیت.
لێرەوە هۆشدارییە سیاسییەکەی کتێبەکە دەبێتە ئەمە: کاتێک لە زۆر نزیکەوە سەیری ڕووداوە سیاسییەکان دەکەیت، لێکتێنەگەیشتن و تەمومژ لەسەر ڕاستییەکانیان لەدایک دەبێت. سەیرکردنی زۆر نزیک دەبێتە هۆی گەورەکردنی ئاڵۆزییەکە و هیچ نەبینینیش دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی کێشەکە.
لەمەڕ پرسی کوردیش، کاتێک لە گۆشەیەکی تەسک، هەستیارانە یان لە ڕووی فیزیکییەوە زۆر بە نزیکی سەیری دەکەین، چەق و گۆشەنیگای سەرەکیی ون دەکەین. بە ملیۆنان نموونەی ئەمەمان بینیوە و بەردەوامین لە بینینی. بەمەش لایەنە چارەسەرخوازەکەی پرسەکە ون دەبێت؛ لەبری ڕەهەندە سەرەکییەکان، ڕووبەڕووی تێگەیشتنی “مان و نەمان” (دێوەزمەکەی ناو چیرۆکەکە) دەبینەوە، کە هەموو ئاسۆمان دادەپۆشێت، وا دەردەکەوێت دەیەوێت قووتمان بدات و تووشی وەهممان دەکات. ئەو “کۆلێرا”یەی چیرۆکەکە پشتی پێ بەستووە، ڕەنگدانەوەی ئەو ترسانەیە کە لەسەر زەمینەی پرسی کورد بە شێوەیەکی ڕێکخراو درووست دەکرێن و هەموو ڕۆژێک گەرم دەکرێنەوە. لەبەر ئەمەیە کە هەموو جۆرە داواکارییەکی مرۆیی، وەک هەوڵێک بۆ لەناوبردن و کوشتن و کودەتا دژی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
کەچی کاتێک سەیری پەیوەندیی کورد و تورک دەکرێت، دەبینرێت کە کورد و تورک هەزار ساڵە لە هەمان جوگرافیا، هەمان شار، هەمان گەڕەک و هەمان کۆڵان نیشتەجێن و بەشدارن لە هەمان خەم و خۆشیدا. کاتێک لێرەوە سەیری دەکەیت ناتوانیت لەم ڕاستییە کۆمەڵایەتییە ڕابکەیت: ئەم تێکەڵاوبوونە هیچ “مەودا”یەکی نەهێشتووەتەوە. تەنانەت لەم ژینگەی بێ مەودایەشدا، “پرسی گۆشەنیگا” کە بە ئەنقەست گەورە دەکرێت و بە ترسێکی زەبەلاح بوونی هەیە، گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم چارەسەردا. چونکە دەوڵەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە بەرانبەریدا نەک “هاووڵاتییەک کە داوای ماف دەکات”، بەڵکوو “دێوەزمەیەک کە بۆ ڕووخانی دەوڵەت هاتووە”، دەبینێت. چیرۆکەکە هەمیشە بەم شێوەیە بەڕێوە براوە.
هۆکاری ئەوەی ئەقڵی دەوڵەت و ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی بەو ئەقڵە ژەهراوی بووە، ناتوانن لە پرسی کورد تێبگەن، “مەودا”ی پرسەکە نییە، بەڵکوو “زۆرنزیکیی”یەتی.
وەک پۆ ئاماژەی پێ دەدات، چی دەکەن بیکەن، ئەو شتەی لێی دەترسن و بە دێوەزمەی دەچوێنن، ڕێک لەبەردەم لووتتانە. چارەسەر ئەوەیە کە ئەم شتەی لە دەرەوە دەبینرێت، وەک ڕاستییەکی ناوەکی قەبووڵ بکرێت. ئەگەر لە ڕێگەی بەرژەوەندییە کاتییەکان و لە زۆر نزیکەوە سەیری پرسی کورد و دیموکراسیی بکرێت، (هەژموونی ناسیۆنالیستی، دڵەڕاوکێی درووستکراو و ویستی پاراستن یەکەم شت دەبن کە دەکەونە بەر چاو)، لەوێشەوە لە دوایین و کورتترین ڕێگەدا، کە پێگەی ئەمنییە، لەنگەر دەگیرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەگەر لە “پەنجەرە”ی ترس و پۆپۆلیزمەوە سەیری پرسی کورد نەکرێت، بەڵکوو لە گۆشەنیگای مێژوو، کۆمەڵناسیی و دیموکراسییەوە سەیری بکرێت؛ دەبینرێت ئەو شتەی وەک “دێوەزمە” ناسێنراوە، لە ڕاستیدا بە هەموو داواکارییە ڕەواکانییەوە بەشێکی ئاسایی کۆمەڵگایە.
چارەسەر ئەوە نییە شەڕ لەگەڵ بارودۆخێک بکەیت کە لەسەر پەنجەرەکە نییە، بەڵام بانگەشەی بوونی دەکرێت، بەڵکوو چاککردنی ئەو گۆشەنیگا هەڵەیەیە. چارەسەر زۆر سادەیە و بە ئەندازەی مەودای پرسەکەیە.
لە ئەنجامدا، چیرۆکەکەی پۆ دەڵێت: “ئەگەر کێشەیەک وەک هەڕەشەیەکی زەبەلاح دەبینین، ڕەنگە کێشەکە لە گەورەیی ئەو نەبێت، بەڵکوو لە هەڵەی گۆشەنیگای ئێمە و سەیرکردنی بێت بە ‘ترس و لە نزیکەوە'”. پێویستە مەوداکە ڕێک بخرێتەوە (گۆشەنیگای دیموکراسیی و یاسا).
ئەو پرۆسەی ئاشتییەی کە لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستی پێ کرد و لە ٢٧ی شوباتدا بەرجەستە بوو، لە لایەکەوە هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی ئەو مەودا هەڵەیە بۆ شوێنی درووستی خۆی. لە کۆتایی ڕۆژدا، بەڕێز ئۆجالان پێشنیاری ئەوە ناکات کە نە بە سەیرکردنی لە نزیکەوە تووشی تەنگژە و بێدەرەتانی و خەمۆکی بین، نە بە دوورخستنەوەی مەوداکە بە تەواویی پرسەکە ون بکەین. بەتایبەت ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت “مەوداکە” بە درووستی ڕێک بخات، هەموو ساتێک هەموو شتێک وەک کێشە دەمێنێتەوە.
ئەوەی چیرۆکەکە بە گشتیی هانی بیرکردنەوەمانی بۆ دەدات ئەوەیە؛ پرسی کورد، لە هەمان کاتدا “مەودایەکی کوردیی”یە. بابەتەکە ڕێکخستنی مەوداکەیە. تەنانەت ئەم چیرۆکە چەند لاپەڕەییەی دوو سەدە لەمەوبەر نووسراوە، ئەمڕۆ پێمان دەڵێت؛ مەوداکە دەبێت لە کوێوە دابنرێت و چۆن سەیری بکرێت، چیرۆکەکە دەڵێت “ڕوانینت” بگۆڕە.
سەرچاوەی وەرگێڕان: یەنی یەشام
[١] نووسەر وشەی ‘ سفینکس’ی بەکار هێناوە، ئەم وشەیەی هەم بە واتای مێروویەک کە لە کوردییدا پێی دەوترێت ‘شوانخەڵەتێنە’ و هەمیش بە واتای ‘دێوەزمە’ لە نووسینەکەدا بەکار هێناوە. ئازادیی کۆمەڵگە



