گۆشەی ئازد

داخۆ جیهان بەرگەی بەها باڵا و مرۆییەکانی کورد دەگرێت؟

ئەمەریکا ئیلتزامی ئەخلاقیی نییە تا کورد لە هەرەس بپارێزێت

سۆران ناسیح

ڕۆشنبیری کۆچکردوو “مەسعوود محەمەد” لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە دیمانەیەکدا پرسیاری ئەوەی لێ دەکرێت، هۆکار چییە لەو دیدار و گفتوگۆیانەی لەگەڵ سەفیری  ئەمەریکیی و نوێنەرە ئەمەریکییەکان لەمەڕ دۆزی کورد کراوە، ئەنجامێکی بەرچاوی نابێت؟ وەڵامی مەسعوود محەمەد بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە ئەمەیە: “دەرچوو لە بەرنامەی ئەمەریکادا نییە دۆستانە تێکەڵ بە کێشەی کورد ببێت، ئەمەریکا هەرچی بەرژەوەندیی هەیبووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەتەوە بەو دەوڵەتانەی خاکی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، ئەو باس لەوە دەکات کوردیش چەندی بوبێت بە پاڵەوان و لە ئازایەتیی بگاتە ڕۆستەمی زاڵ، هەرگیز بایی ئەوە ناکات ئەمەریکا سیاسەتی  خۆی بۆ ئازایەتیی و چاوی مامە کوردی پزۆڵی بێدەرەتان زەرد بکات. مەسعوود محەمەد هەر لەو دیمانەیەدا نموونەیەکی واقعیی دەهێنێتەوە کە لە ساڵانی ١٩٧٢_١٩٧٣ـدا بووە، دەڵێت” پرسێکم لە هەندێ کاربەدەستی سەر بە  مەلا مستەفا کرد، ئایا ئێوە بوون بە (رقم)ێکی بنەڕەتی لە هەقوحسێبی ئەمەریکادا؟ لە وەڵامدا گوتیان” بەڵێ لە حیسابی هەمیشەیی ئەمەریکاداین، گوتم کەواتە پشتی لێ بکەنەوە و ئاسوودە دەبن، ئەگەر وەهابایە ئەمەریکایەکی تاقە هێزی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شێخێکی خەلیج بکات بە سەرۆک دەوڵەت و ئیسرائیل بە سەر دونیادا بسەپێنێت، بە ئاسانیش دەتوانی پاریزگاریی لە کورد بکات ئەگەر بەرژەوەندیی و سوودی ئەمەریکای تێدابێت، بەڵام دەرکەوت کورد بە سەهوودا چووبوو، ئەو کات کیسنجەر و ئەمەریکا کوردیان کردبوو بە مەقاشێک و بەکاریان دەهێنا. لەگەڵ هەرەسی شۆڕشی کوردیی دواتر ڕێگە بۆ دەرکەوتن و  لە دایکبوونی بەعس وەک سیستەمێکی ستەمکار و دڵڕەق هاتە پێش، کە دەرئەنجامەکەی ئەنفال و ژینوسایدی کوردی بە دوادا هات.

پێشتر دەگوترا کورد ناتوانێت لەگەڵ ئەمەریکا و بەرژەوەندیەکانیدا خۆی بگونجێنیت، کورد تەنها لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئەم پەیوەندییە یەکلایەنەی هەیە، وەک ئەوەی ئەمەریکا بەرپرسیار بێت بەرانبەر بە کورد، بەڵام ئەمەریکا ئیلتزامی ئەخلاقیی نییە تا کورد لە هەرەس بپارێزێت، بەڵکوو هەقیەقەتەکە لۆژیکی ئەو شەترەنجە سیاسییەیە وا لە ناوچەکەدا هەیە و پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و لە گەڵیدا کورد ڕۆڵی چی دەبینێت و چۆن ئەو ڕاستییە بۆ ئەمەریکا ڕوون دەکاتەوە کە هەر شکست و هەرەسێکی کورد چی ( فاشیزمێکی دینیی و ناسیۆنالیستیی) لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات. ئەم شیکردنەوەیە نەک هەڵە دەرچوو کە کورد ئەم دۆخەی پێ ڕوون نەکراوەتەوە، بگرە لە واقعدا شەڕی گەورەی کردووە بەرانبەر بەم دیوە ترسناکەی ژیان و دونیای خۆرئاواش ئەم ڕاستیە دەزانێت، بەڵام ئەمەریکا و ئیسرائیل نەک ئەم ڕوونکردنەوەی ناوێت، بگرە بە دەستی خۆی فاشیزمی دینیی و ناسیۆنالیستیی لە ڕۆژهەڵات زەق دەکاتەوە لە پێناو بەرژەوەندیەکانی و شەرعییەتی قانوونیی و نێودەوڵەتیی پێ دەدات، گەر پێشتر گرووپگەلێکی لە شێوەی داعەش و هاوئاوازەکانی لە ژێر ناوی گرووپی تیرۆرستیی پۆلین کردبێت، ئەمڕۆ بە بەرچاوی دونیاوە دەیانکات بە خاوەنی دەوڵەت و ئیدارە و بەڕێوەبردن  کە سەدان جار ترسناک و مەترسیدارترن  لەو گرووپانەی پێشتر ئامادەگیان هەبووە، واتە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئێستا پاڵپشتی لەو فۆرمە لە دەسەڵات دەکەن کە ناسیۆنالیستیکی فاشی ترسناکی وەک مۆدیلی ئۆردوگان و فاشیزمێکی ئیسلامیی وەک جۆلانی بەڕێوەی ببەن، واتە ڕۆژهەڵاتێکی دەوێت دیکتاتۆریی و تیرۆر بیبات بە ڕێوە نەک بەهای ئازادیی و یەکسانیی و پێکەوەژیان.

بۆیە کێشەکە لە دەرەوەی ئەو کڵێشەیە وا دەگوترا تا کورد ئەم خاڵانە  ڕوون نەکاتەوە و خۆی وەک قەوارەیەکی شارستانیی کاریگەر نەسەلمێنێت، دونیا نایبینی و لە بیری دەکات و نابێتە دۆستی ئەمەریکا، بەڵکوو کورد کە مەبەستمان ڕۆژئاوای کوردستانە، لە دوای بەهاری عەرەبییەوە، کۆمەڵێک بەهای ئینسانیی و گەردوونیی لە واقعدا سەلماند، کە پشتبەست بە تیۆر و دواتر پراکتیکردنی بوو لە ژیاندا، جۆرێک یەکسانیی و کاری پێکەوەیی، لە نێوان نەتەوەی جیاواز و زمانی جیاوازدا ڕەخساند، هەروەتر ئازادیی و بەشداریی کارای ژن و ڕێزگرتنی ژن، کە پشتبەستبوو بە دنیابینییەکی تازە و درزخستنە ناو ئەقڵییەتی دوگمای ناسیۆنالیستی و دینیی عەرەبیی، تورکی بوو، دەرئەنجامیش بەرپەرچدانەوەی توند و قەبووڵنەکردنی هەوڵدان بۆ نەفیکردنی تەواوەتییەتی لە ئێستا و پڕکردنەوەیەتی بە ستەمکاریی تیرۆر و تۆقاندن نەک بەهاکانی ئازادیی و ژیاندۆستیی.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.