گۆشەی ئازد

کۆتایی ئەو سیستەمەی ناتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە!

چارەنووسی هاووڵاتیی لەم هاوکێشە ئاڵۆز و پڕ ناکۆکییەدا، دەبێتە تراژیدیایەکی وجودیی؛ گەڕانێکی بێئەنجام بەدوای مانادا لە پەیوەندیدا لەگەڵ دەسەڵاتێکدا کە خۆی لە قەیرانی ناسنامە و مانادایە، دەسەڵاتێک کە ناتوانێت تەنانەت ئاسۆیەکیش بۆ داهاتوو وێنا بکات.

دانا حەمید

قەیرانی حوکمڕانی لە ئێراق و باشوری کوردستاندا، لە ئاستە فینۆمینۆلۆجی و ئۆنتۆلۆجییە قووڵەکەیدا، تەنها شکستهێنانێکی کارگێڕی یان سیاسی نییە لە دابینکردنی پێداویستییە ماددییەکان یان پاراستنی ئاسایش؛ بەڵکوو پچڕانێکی وجودییە لە نێوان «بوونی دەسەڵات» و «بوونی هاووڵاتیی»ـدا، کە تێیدا خودی پەیوەندییەکە ماهیەتی خۆی لەدەست دەدات. گرێبەستی کۆمەڵایەتی، وەک ئەو چەمکە تیۆرییە ڕۆشنگەرییەی کە لەسەر بنەماکانی ئەقڵانیەت، ڕەزامەندیی و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیی دامەزراوە، لێرەدا دەگۆڕێت بۆ فۆرمێکی نمایشیی و بەتاڵکراو لە مانا؛ دەبێتە ماسکێک و واقیعی پەیوەندییەکی شێواو و نایەکسانی دەسەڵات دەشارێتەوە، واقیعێک، کە تێیدا لۆژیکی هێز و بەرژەوەندی بە سەر لۆژیکی ماف و دادپەروەریدا زاڵە.

کاتێک «ئیرادەی گشتی»، بە مانا ڕۆسۆییەکەی، ون دەبێت و دەبێتە درووشمێکی بێناوەڕۆک لەناو ململانێی بەرژەوەندییە تایبەتەکاندا، شەرعیەت ئەو هێزە ڕەمزی و نادیارەی کە ملکەچی دەکاتە قەبووڵکراو و توانست دەگۆڕێت بۆ دەسەڵات، بناغەکانی خۆی لەدەست دەدات و هەڵدەوەشێتەوە. ئەم هەڵوەشانەوەیە تەنها لەدەستدانی متمانەی سیاسی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی مەعریفیی و ئەخلاقییشە: هاووڵاتیی چۆن دەتوانێت بزانێت یان باوەڕ بە چی بکات کاتێک خودی سەرچاوەکانی زانین و دامەزراوە فەرمییەکان بەشێکن لە یارییەکە و لە خزمەتی مانەوەی قەوارەکەدان؟ گەندەڵی لێرەدا، لە فۆرمی سیستەماتیک و بونیادییدا، لەوە زیاترە کە تەنها لادانێکی ئەخلاقی بێت؛ دەبێتە مانیفێستی داڕزانێکی ئەخلاقیی و نائاسایی و خودی چەمکی «کۆمەڵ»، «نیشتمان»، و «پێکەوەژیان» دەخاتە ژێر پرسیاری ڕیشەییەوە. دەکرێت وەک جۆرێک لە «نەخۆشی لە بوون»ـدا یان تەنانەت هیچگەراییەکی کرداری سەیر بکرێت کە هەموو بەها باڵاکان پووچەڵ دەکاتەوە.

هاووڵاتیی، لەم گێژاوەدا، لەبری ئەوەی ببێتە سوبێکتێکی خاوەن ئیرادە، ماف و کەرامەت، سوبێکتێک کە شەرعیەت دەبەخشێت و لێپرسینەوە دەکات (وەک ئەوەی لە لای لۆک و کانت) هەیە، دادەبەزێنرێت بۆ ئاستی ئۆبێکتێکی ناکارا، ئیتر دەبێتە جەستەیەکی ڕووت بە دەربڕینیە ئاگامبێنیەکە و یاریپێکراوێک لەناو «دۆخی سرووشتیی» هۆبزیانەدا کە تێیدا «شەڕی هەمووان دژی هەمووان» بەردەوامە، بەڵام ئەمجارە لەنێوان گرووپە چەکدارەکان، حیزبەکان، و تۆڕەکانی بەرژەوەندیی ئابووریی و سیاسییدا. سەروەریی، کە دەبوو یەکێتیی، ناوەندێتیی و دەسەڵاتی ڕەهای یاسا مسۆگەر بکات، لێرەدا دەبێتە چەمکێکی پارچەپارچە، لێڵ، و فرەشووناس؛ زیاتر وەک کارتی ململانێ و ئامرازی دانوستان لە بازاڕی سیاسییدا بەکاردێت تا وەک بنەمایەکی حوکمڕانی یەکگرتوو و ئەقڵانیی. ئەمە دۆخێکی پۆست-وێستفالییە لەناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەناو وێستفالیدا، دۆخێک کە تێیدا سنوورەکان تەنها جوگرافی نین، بەڵکوو کۆمەڵایەتی، سیاسی، و وجودییشن.

چارەنووسی هاووڵاتیی لەم هاوکێشە ئاڵۆز و پڕ ناکۆکییەدا، دەبێتە تراژیدیایەکی وجودیی؛ گەڕانێکی بێئەنجام بەدوای مانادا لە پەیوەندیدا لەگەڵ دەسەڵاتێکدا کە خۆی لە قەیرانی ناسنامە و مانادایە، دەسەڵاتێک کە ناتوانێت تەنانەت ئاسۆیەکیش بۆ داهاتوو وێنا بکات. ئەمە دۆخی نامۆبوونە بە مانا فرەڕەهەندەکەی، نامۆبوون لە دەسەڵات، لە کۆمەڵگا، لە بەرهەمی کاری خۆی و لە خودی خۆیشی. ئەمە تەنها قەیرانێکی سیاسی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی ئایدۆلۆژیشە، کە تێیدا گوتارە باڵادەستەکان (نەتەوەیی، ئایینیی) وەک پەردەیەک کا ردەکەن بۆ شاردنەوەی ناکۆکییە چینایەتیی و کۆمەڵایەتییەکان و  بەردەوامیدان بە هەژموونی نوخبەیەکی دیاریکراو. لێرەدا، دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە پراکتیزە ناکرێت، بەڵکوو لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی مەعریفە و داڕشتنی خودی چوارچێوەکانی بیرکردنەوەشەوە (وەک فوکۆ ئاماژەی پێ دەکات). بێهیوایی و نامۆبوون دەبنە تاکە وەڵامی ئەگەر و مومکین لەبەردەم سیستمێکدا کە توانای خۆنوێکردنەوە و وەڵامدانەوەی ڕیشەی لەدەست داوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...