سەرمایەداریی لە نێوان مارکسیزم و ئۆجالاندا
سەرمایەداریی نەک هەر ئابووریی نییە، بەڵکوو دژی ئابوورییشە.

مەحموود عەبدوڵڵا
ئەوەی بۆچوونی ئۆجالان، سەبارەت بە تیۆریی سەرهەڵدانی سەرمایەداریی، لە مارکسییەکان، ئەنارشیستەکان و ئابووریناسە ئینگلیزەکان هەڵدەبوێرێت، ڕەخنەگرتنە لە “پەیڕەوی زانستیی”.
بەگوێرەی شیکردنەوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان، پەیڕەوی زانستیی، کە میتۆدی ئایدیۆلۆژیای ڕۆشنگەرییە، گەورەترین ساختەکاریی لە نێودا شاردراوەتەوە. هاوکات، هەڵەی مارکسیزمیش لە شیکردنەوەکانیدا بۆ پەیڕەوی زانستیی و پۆزەتیڤیزم دەگەڕێتەوە. ئۆجالان پۆزەتیڤیزم وەک “ئایینی سیستەم” دەناسێنێت.
مارکس بە پەیڕەوکردنی زهنییەتی ڕۆشنگەریی، سەرمایەداریی بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو دادەنێت و لەو چوارچێوەیەشدا تیۆریی سۆسیالیستیی دادەڕێژێت. ئەو یاسایەکی ڕەها بەسەر سرووشتی کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت، لە کاتێکدا یاسا زانستییەکان لەگەڵ زانستی کۆمەڵایەتی جیاوازن و ناکرێت هاوکێشەی زانستیی بە سەر کۆمەڵگەدا پەیڕەو بکرێت. بە بڕوای ئۆجالان، هەڵەیەکی تری مارکسیزم لە فەلسەفەی مێژوودایە؛ دەبوو کۆمەڵگە وەک “سرووشتی دووەم” و دیاردەیەکی مێژوویی ببیندرێت. هەرچی سەرمایەدارییە، سیستەمی قۆستنەوە و نەخۆشییەکی کۆمەڵگەیە، نەک خودی کۆمەڵگە. بۆیە بەناوکردنی “کۆمەڵگەی سەرمایەداریی” هەڵەیە، کە خودی ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداریی ڕۆڵی لەم ناساندنەدا هەیە و بووەتە هۆی چەواشەکردنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
کاتێک ئۆجالان ڕەخنە لە مارکسیزم دەگرێت، کە پەیڕەوی زانستیی و زهنییەتی ڕۆشنگەریی تێنەپەڕاندووە، مەبەستی ئەوەیە کە زهنییەتی ڕۆشنگەریی، زهنییەتێکی ڕەهاگەرایە و بەرهەمی دابڕانێکی ڕیشەییە لە ڕابردوو، نەک دابڕانێکی دیالێکتیکیی. ئەم زهنییەتە نکۆڵیی لە هەموو ڕابردوو دەکات، هەر شتێکی کۆن بە نەرێنیی هەڵدەسەنگێنێت و خۆی وەک هەڵگری تەواوی هەقیقەت دەبینێت.
پەیڕەوی زانستیی بە دوو شێواز، زانستی ساختە بەرهەم دێنێت: لەلایەک، بە شێوەیەکی دابڕاو لە مێژوو و کات، زانستی کۆمەڵناسی پێشکەش دەکات. لەلایەکی ترەوە، زۆر جەخت لە سەر زانستگەرایی دەکاتەوە، بە جۆرێک هەر شتێک لە دەرەوەی پۆزەتیڤیزم بێت، ڕەتی دەکاتەوە، تا دەگاتە ئاستی دۆگماتیزم لە جەختکردنەوە لە یاسا و ڕێسا زانستییەکاندا. ئۆجالان دەڵێت: “لە چەمکێکدا چەندە دۆگماتیزم هەبێت، بەو ڕادەیەش چەوساندنەوە دەشاردرێتەوە.” هەربۆیە لە پەیڕەوی زانستییدا، شێوازی چەوساندنەوەی سەرمایەداریی دەشاردرێتەوە.
مارکس و ئەنگڵس دەڵێن؛ کۆتێزێکمان لە “ئابووریی سیاسیی” و “فەلسەفەی ئەڵمانیی” و “سۆسیالیزمی فەڕەنسیی” پێک هێناوە. لە کاتێکدا یەکەمیان هەوڵی دەدا بیسەلمێنێت ئەوەی ڕووی داوە سەرکەوتنی ئابوورییە نوێیەکەیە، هیگڵیش (لە فەلسەفەی ئەڵمانییدا) دەوڵەت-نەتەوەی بە بنەما دەگرت، سێهەمیشیان تیۆریزەی ئەوەی دەکرد گوایە باسی ئایین بەسەر چووە. ئەم سێکوچکەیەش ڕاستینەی سەرمایەداریی دەشارێتەوە و ڕەوایەتیی پێ دەدات.
لە ئابووریی سیاسیدا، کە بنچینەکەی سیاسەتمەدار و ئابووریناسە ئینگلیزەکانن، پاشان مارکسیش بە پەیڕەوی زانستیی شوێن ئەوان دەکەوێت، وا نیشان دراوە گوایە سەرمایەداریی ئەنجامی گەشەی ئابوورییە؛ بە شێوەی خۆبەخۆ و لە دەرەوەی دەسەڵات گەشە دەسەنێت و پشت بە کێبڕکێی نێوان کرێکار و سەرمایەدار دەبەستێت، لە کۆتاییشدا وەک دوامۆدێلی ئابووریی پێشکەش دەکرێت. هەرچی مارکسیزمە، بە پەیڕەوکردنی ڕێبازی زانستیی، پێشکەوتنی ڕاستەهێڵیی دەکاتە شتێکی گرەبڕ (حەتمیی). دەڵێن: “زانست یاسای هەیە، ئابوورییش زانستە و یاسای خۆی هەیە، بۆیە لە کۆتاییدا سەرمایەداریی تووشی قەیران دەبێت و دەڕووخێت، جا کۆمۆنیزم دێتە کایەوە.” ئەمە هۆکاری شکستی دژبەرانی سەرمایەدارییە، چونکە بە هەمان میتۆدی دژبەرەکەی شەڕی دەکەن.
ئۆجالان پێی وایە کۆمەڵگە سیستەمی خۆی و تەنانەت گێژاوی خۆیشی هەیە. بۆیە ئەوەی لە ئایدیۆلۆژیای ڕۆشنگەرییدا بە “زانست” دادەنرێت، پێچەوانەی ڕاستییە. ئابووریی سیاسیی، ئابووریی نییە؛ بەڵکووو زانستی ئابووریی، یان ئەوەی وەک ئابووریی ناو نراوە و داڕێژراوە، بریتییە لەو بڕیارە سیاسییانەی وا لەبارەی ئابوورییەوە دەدرێن. لێکدانەوەی ئابووریناسەکانی پێش مارکسیزم و خودی مارکسیزمیش، لای ئۆجالان جۆرێکە لە “ئابوورییپەرەستیی”.
کورتکردنەوەی سەرمایەداریی بۆ ئابووریی، یەکێکە لە هەڵە گەورەکانی نێو ئەدەبییاتی مارکسیزم. بۆ نموونە، لە ڕێگەی تیۆریی “بەهای ئاڵوگۆڕ” یان “تیۆریی ڕەنج”ـەوە، لایەنێکی ساختەی زانستی ئابووریی ڕوون دەکەینەوە. ئەو تیۆرییە بە بڕوای ئۆجالان “تەڵەی ڕاوکردنی ڕەنجدەرانە” و مارکسیش لە وێنەی ئابوورییناسەکانی تر هەمان هەڵە دووپات دەکاتەوە. مارکس دەڵێت؛ “بەهای ئاڵوگۆڕ بریتییە لە کاری بەرجەستەبوو لە کاڵادا”، بەڵام ئۆجالان پێی وایە بەها مەگەر بە دەگمەن لە بەهای ڕەنج نزیک بێتەوە، ئەگینا پشت بە “قەبڵاندن” (تەخمین) دەبەستێت، نەک یاسایەکی ئابووریی سرووشتیی. ئەوە بازرگانە بڕیار دەدات نرخی کاڵاکەی بەرانبەر کاڵایەکی تر چەندە.
بۆیە بەگوێرەی شیکردنەوەکانی ئۆجالان، سەرمایەداریی سیستەمێکی ئابووریی نییە، بەڵکووو ڕژێمێکی سیاسییە و هەرگیز بەبێ دەسەڵات نابێت. سەرمایەداریی درێژکراوەی نەریتێکی کۆنی تاڵان و فرتوفێڵی ڕێکخراوە. لە سەرەتای کەڵەکەبوونی سەرمایە لە هۆڵەندا و ئینگلاند (کە شوێنی لەدایکبوونی سەرمایەداریین)، دیسیپلینە ئابوورییەکان لەگۆڕێ نەبوون، بەڵکوو دواتر بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، پێویستیی تیۆرییە ئابوورییەکان هێنرایە کایە. سەرمایەداریی کاتێک هاتە کایەوە کە لە ڕووی سەربازیی، کەلتووریی و سیاسییەوە خۆی ڕێک خستبوو، ئینجا هەڵمەتەکانی تاڵانی دەستیان پێ کرد.
پوختەی بۆچوونی ئۆجالان ئەوەیە: سەرمایەداریی پشت بە تاڵان، داگیرکاریی، فرتوفێڵ، پاوان و یاریکردن بە نرخەکان دەبەستێت، هەموو ئەمانەش پشت بە دەسەڵات و دەوڵەت دەبەستن. واتە سەرمایەداریی یاسایەکی زانستیی دۆزراوە یان سیستەمێکی سرووشتیی نییە، بەڵکوو درووستکراوە و بەرهەمی زهنییەتی ڕۆشنگەریی و پۆزەتیڤیزمە، بەڵام مارکسیزم، لە سۆنگەی پەیڕەوی زانستییەوە، سەرمایەداریی لە شوێنێک دادەنێت کە شایستەی نییە.
هەر لە سەرەتاوە، کەڵەکەکردنی سەرمایە لە ئەنجامی ئەورووپایەوە بووە، نەک کێبڕکێی سرووشتیی. ئۆجالان سێ قۆناغی ئەورووپای بۆ ڕوونکرنەوەی سیستەمەکە هێڵکێش دەکات:
یەکەم: لە شاری “ئوروک”، ئەورووپای سەرهەڵدەدات و پشت بە کۆڵۆنییەکان دەبەستێت و گرێدراوی دەسەڵاتە.
دووەم: لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا بەگوێرەی دنیای ئەوکات جیهانگیرییەک بوو، لەوێش دیسان پشت بە کۆڵۆنییەکان دەبەسترێت. وەک ئاشکرایە، ئاشوورییەکان قەڵایان لە کەللەسەر هەڵدەچنی، بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئەورووپای پشت بە جەنگ، توندوتیژیی و داگیرکاریی لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەستووە. ئەمەش تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەردەوامە. واتە لە سەرەتای شارستانییەتەوە، شەڕەکان بۆ پاراستنی کۆڵۆنییەکان و بەرژەوەندیی بازرگانەکان بوون، هەروەک چۆن ئەم کەلتوورە لەپێناو ئەورووپای نەوت و پاراستنی بەرژەوەندیی بازرگانانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناویین بەردەوامە. پاش سەرکەوتنی سەرمایەداریی، جارێکی دیکە ڕۆژهەڵاتی ناویین و تەنانەت گشت دەوڵەتە کۆن و تازەکان، دەکرێنەوە کۆیلەی ئەو قەرزانەی وا بە دەوڵەتان دەدرێن. داگیرکاریی پورتوگالییەکان، ئیسپانییەکان و ئینگلیزەکان سەرمایە کەڵەکە دەکات، نەک یاسا ئابوورییەکان.
سێیەم: قەڵەمبازی سێیەمی شارستانییەتی ئەورووپای بە ئیسلام دەست پێ دەکات و ئەم کەلتوورە لە ڕێگەی هەڵمەتەکانی موسڵمانانەوە دەگاتە ئەورووپا. لە سەردەمی ئیسلامدا جارێکی تر، لەژێر ناوی ئیسلامدا بەردی بناغەی شارستانییەتی ئەورووپای دادەنرێت و شارە ئەورووپایەکان دەبووژێنەوە. تۆڕێکی گەورەی ئەورووپای دادەمەزرێت. بە گەواهیی مێژوو، ئیسلام سێیەم هەنگاوی شارستانیەتی ئەورووپایە. لەگەڵ سەدەی سێزدەهەمدا، وردەوردە ناوەندی شارستانییەت دەگوازرێتەوە بۆ ئەورووپا و شارەکانی جەنەوا و ڤینیسیا دەبنە نموونە. پارە و ئەورووپای دەبنە هۆی دەوڵەمەندبوونی ئەم دوو شارە و تا سەدەی شازدەهەم پێشەنگایەتیی ئەورووپا دەکەن. چەتەکانی دەریا و کێبڕکێ و پاوانی نرخەکان ڕۆڵی سەرەکیی لە دەوڵەمەندبوونیاندا دەبینن.
ئەمە بەرەبەیانی سەرمایەدارییە. ئۆجالان دەڵێت: “ئەورووپا ڕێگە لە پێش سەرمایە دەکاتەوە، سەرمایە ڕێگە لە پێش شار دەکاتەوە، شاریش بازاڕ لەگەڵ خۆی دێنێت، بازاڕیش ڕێگە لە پێش سفتەبازیی و سوود دەکاتەوە؛ بەم ڕەنگە بەرەبەیانی سەرمایەداریی هەڵدێت.” سەرکەوتنی سەرمایەداریی، پشت بەو مێژووە دێرینەی شارستانییەتی بازرگانان، سیستەمی تاڵانیی و دزیی، دەبەستێت.
بۆیە ئۆجالان پێی وایە ناونانی “قازانج-کرێ” لە ڕووی ئابووریی و “پڕۆلیتاریا-بۆرژوا” لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بەگوێرەی پۆزەتیڤیزم، هەنگاونانە بۆ زانستاندنی سیستەمەکە. بە بڕوای ئۆجالان، پڕۆلیتاریا نابێتە شۆڕشگێڕ؛ بەڵکوو وەک چۆن کۆیلە بە جەستەی فیرعەونەوە بەستراوەتەوە، ئاواش کرێکار بە خاوەنکارەوە بەستراوەتەوە. ئەوەی یاخی دەبێت، کرێکار نییە، بەڵکوو بێکارەکانن. کاتێک دەوترێت “لێکۆڵینەوەی دابڕاو لە شوێن و کات”، مەبەست لەبەرچاونەگرتنی مێژووی دوورودرێژی شارستانییەتی ئەورووپایە، لە ئوروک و سەردەمی ئاشوورییەکانەوە و تا سەرهەڵدانی ئیسلام.
پەیوەندیی سەرمایەداریی بە دەسەڵات و یاساوە زۆر ڕوون و ئاشکرایە. بە هیچ شێوەیەک توخمە پێکهێنەرەکانی سەرمایەداریی، بەبێ دەسەڵات، یاسا و دەوڵەت، بوونیان نابێت. لە ڕابردوودا بازرگانان پشتیوانیی دەسەڵات بوون و ئەو یاسایانەیان پاراستووە وا لە بەرژەوەندییاندا بووە، بەڵام هاوکات ئامادەی کودەتا بوون و تەنانەت کاتێک بەرژەوەندییان کەوتبێتە مەترسییەوە، بەشداریی شۆڕشیشیان کردووە. توندوتیژیی، خوێنڕشتن و هەڵگیرساندنی جەنگ، بە درێژایی مێژووی شارستانیەتی ئەورووپا، پەیوەندیی دەسەڵات، پارە و ئەورووپا ڕوون دەکاتەوە. ئەمڕۆش سەرمایەداریی پەنا بۆ کودەتای فاشیستی دەبات و پشتیوانیی شۆڕشی ساختەی کۆمۆنیستی دەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی هەقیقەتی ئەوەی پێی دەوترێت؛ “سیستەمی سرووشتیی” و “زانستی ئابووریی” دەرنەکەوێت.
ئەمڕۆش وەک ڕابردوو، سەرمایەداران قەرز بە دەوڵەت دەدەن و دەوڵەت بە خۆیانەوە وابەستە دەکەن. زۆر کۆمیدییە گەر مرۆڤ باوەڕ بکات کۆمپانیای ئەهلیی و کەرتی تایبەت، بەبێ سوپا، هاژەک (مووشەک)، تەکنەلۆژیای جەنگ و کۆڵۆنیالیزم، وەبەرهێنان دەکەن. بۆیە “کێبڕکێی ئازاد” لە پێکهاتنی سەرمایەدا درۆیەکی شاخدارە. بێ پشتیوانیی دەسەڵات، نە کڕین و فرۆشتنی موڵک و نە کڕینی هێزی کار، ئەنجام نادرێت. بە بۆچوونی ئۆجالان، تا ناوەندێکی بێبەزەییانەی توندوتیژیی نەبێت، جووتیارانی لادێ دەستبەرداری زەوییەکانیان نابن، بەڵکوو لە دژی ئەمە چەندین یاخیبوون ڕوویان داوە. سەرمایە پێویستی بە شار و بازاڕە و بە چەندین شێوە هەوڵی دابڕاندنی جووتیارانی لە زەوی داوە، ئەمەش بەو مەرامەی سوپایەکی گەورەی کرێکار و بێکار لە شارەکاندا درووست ببێت، چونکە سەرمایەداریی پێویستی بە هەردووکیانە.
بەگوێرەی شیکردنەوەکانی ئۆجالان، سەرمایەداریی نەک هەر ئابووریی نییە، بەڵکوو دژی ئابوورییشە. دژی بازاڕی سرووشتییە و لە دەرەوەڕا دەسەپێندرێت. سەرمایەداریی سیستەمێکە، لە سەر تاڵانی و فرتوفێڵ، قەیرانسازیی، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، جەنگ و سوپایەکی بەردەوامی بێکاران دەژێت. هاوکات بۆ دژایەتیی جووڵانەوە دیموکراتییەکان، قەیران دەسازێنێت، وەک قەیرانی دارایی ١٩٢٩ و داکشاندنی بەرهەمهێنان.