قەرز چییە؟
دەبێت دان بەوەدا بنێین لە سەردەمی پارەی ئەلیکترۆنییدا دەبێت تەنیا بۆ قەرزدەرەکان نا، بەڵکوو بۆ هەموو شتێک پارێزبەندیی هەبێت

چاوپێکەوتن لەگەڵ
مرۆڤناس و فەیلەسووف؛ دەیڤید گرەیبەر
لە کاتی ئەنجامدانی ئەم چاوپێکەوتنەدا، دەیڤید گرەیبەر لە بەشی مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتیی زانکۆی لەندەن کاری کردووە. پێشتووتریش پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بووە لە بەشی مرۆڤناسیی زانکۆی یەڵ. ئەو نووسەری پەرتووکی ‘قەرز: پێنج هەزار ساڵی سەرەتا’یە، ئەم پەڕتووکە هەنووکە بەردەستە بۆ خوێندنەوە.
چاوپێکەوتنەکەش لەلایەن فیلیپ پیلکینگتۆنەوە ئەنجام دراوە، کە ڕۆژنامەنووس و نووسەرێکی خەڵکی دوبلینی ئێرلەندایە.
فیلیپ پیلکینگتۆن: با دەست پێ بکەین. زۆربەی ئابووریناسان ئێژن پارە بۆیە درووست بووە تا جێی سیستمی گۆڕینەوەی شتومەک بگرێتەوە. لێ تۆ تشێکی سەرپاک جیاوازت دۆزیوەتەوە؟ گەلۆ ڕاست دەڵێم؟
دەیڤید گرەیبەر: چیرۆکێکی کەونار هەیە فێری هەموومانیان کردووە. پێویستیشی بە هیچ پێشەکییەکی دیکە نییە، بە گوێرەی ئەو چیرۆکە بێت، لە سەردەمانی هەرە کەوناردا، هەموو سەودا و مامەڵەکان بەگوێرەی سیستمی گۆڕینەوەی شتومەک بووە. بۆ نموونە، کەسێک بەرانبەر وەرگرتنی شتومەکێک لە تۆ بیست مریشکی پێ داویت. سێ سەرە ڕمی پێ داویت لەپێناو وەرگرتنی چەرمی ئاژەڵەکەت. ئەمەش جۆرێک لە ناڕەزامەندیی درووست کردووە، چونکە دەکرێت تۆ لەو کاتەدا پێویستت بە مریشک نەبێت، سا بۆیە ئیدی پارە چێ بوو.
ئەم چیرۆکە بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ نووسینەکانی ئادەم سمیس و ئەو ئەفسانە جیاوازانەی بۆ پارەی درووست کردووە. هەنووکە، من مرۆڤناسم و ئێمەی مرۆڤناسیش زۆر دەمێکە دەزانین ئەم چیرۆکە، چیرۆکێکی ئەفسانەییە، چونکە ئێمەومانان زۆر گەڕاوین و توێژینەوەمان کردووە، تەنێ یەک دوو شوێنمان دیوە ئەم چەشنە مامەڵەیەی تێدا بێت، کە کەسێک بێت و بێژێت لە بەرانبەر ئەو مانگایە، بیست مریشکت دەدەمێ. وەلێ لەوکاتەی ئادەم سمیس لە ساڵی ١٧٧٦ پەرتووکی سامانی نەتەوەکانی نووسیوە تا ئێستا دۆخەکە تەواو جیاوازە و شتێکی دیکەیە. بەڵام ئەگەر تەنێ بۆ چرکەیەک بیری لێ بکەیتەوە، زۆر سەختە بڕوا بەو مێژووە بکەیت وا باسمان کرد، جارێ هیچمان نەدۆزیوەتەوە.
بیر لەوە بکەوە کە زۆرجار بیستوومانە، گوایە ژمارەیەک جووتیاری سەردەمی نیولیتیک لە گوندێکدا یان لەو ناوچانەی ئەمریکییە ڕەسەنەکانی لێ بووە، یانژی هەر شوێنێکی دیکە هەبوون، تاکە نیشانەیەکیش بۆ سەلماندنی ئەو ڕەوشە، جموجۆڵی بازرگانییان بووە. بۆیەئەگەر دراوسێکەت ئەو شتەی نەبێ وا تۆ دەتەوێ، ئەوە ئاساییە و کێشە نابێت. ئەم ئاڵوگۆڕەی نێوان دراوسێکانیش ئەو شتەیە مرۆڤناسەکان بیری لێ دەکەنەوە، میناک دەڵێت: ئەگەر حەزت لە مانگای دراوسێکەتە و پێی ئەڵێی چەندە مانگایەکی جوانە، ئەویش ئەڵێ بەدڵتە؟ ئەگەر حەز ئەکەیت بیبە و پیرۆزت بێت. سا لەو دۆخەدا ئەوە تۆ شتێکی ئەو قەرزاریت. هەرچەندە لەو سەردەمانەدا خەڵکیی زۆر حەزیان لە ئاڵوگۆڕ نەبووە، بەتایبەت بۆ هندییە ڕەسەنەکان و سوورپێستەکانی ئەمریکا، بەڵام ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە هەبا، ئەوا ڕاستەوخۆ پرس و ڕاوێژیان بە ژنەکانیان کردووە.
جا پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە ئایا چۆن گۆڕینەوەی شتومەک بووتە سەرچاوەیەک بۆ ئاڵوگۆڕ لەنێو خەڵکیدا کە دواتر ئیدی بووە بە پارە، لێ زێدەتر پرسیارەکە ئەوەیە؛ داخۆ ڕستەی «من دانەیەک قەرزاری تۆم» چۆن وەرچەرخاوەتە سەر پەرگاڵێکی وردودرشتی خەمڵاندن، کە ئەم پەرگاڵەش بریتییە لەوەی: پارە یەکەیەکی هەژمارکردنە.
بە جۆرێک، مرۆڤ دەتوانێت بێژێت ئەم وەرچەرخانە بە گشتیی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کەوناری میزۆپۆتامیا، دەوروبەری ٣٢٠٠ ساڵ پێش زایین. لەو کاتەدا هەر بەڕاستی پەرگاڵێکی ورد و ئاڵۆزی پارە و هەژمارکردن هەبووە. پارە دەبێتە یەکەیەکی گرنگی ئاڵوگۆڕ و هەژمارکردن، جا بۆ ئاڵتوون و زێڕ یان هەر شتێکی دیکە کە دواتر پەیدا دەبێت.
سا هەر بەڕاستی بەدەر لە چیرۆکە ئەفسانەییەکە، تا شوێنێک دەتوانین بێژین سەرەتا شێوازی ئاڵوگۆڕی شتومەک بە شتومەک هەبووە ئینجا دواتر پارە داهاتووە، ئینجا دواتریش کارتی بانکی و و لە داهاتووشدا شتی تر پەیدا بێت.
سەرەتا شتومەک و قەرز داهاتووە، دوای هەزاران ساڵ، لێدانی سکە پەیدا بووە، لە سەرەتای زۆر سەرەتاشدا کاتێک کەسێک وتویەتی ها بگرە ئەوە بیست مریشک لەبری ئەو مانگایە، ئەوە ڕێک لەبری پارەی کاشی ئێستا بووە، لێ ئەم پارەی کاشەش دەکرێت بڕووخێت و لەناوبچێت، وەک ئەوەی ساڵی ١٩٩٨ لە ڕووسیا بینیمان.
فیلیپ پیلکینگتۆن: تۆ دەڵێیت هاوکاتی پەیدابوونی نووسین لە میزۆپۆتامیای کەوناردا لە دەورەبەری ٣٢٠٠ی پێش زایین، پەڕگاڵێکی ئاڵۆزیی داراییش ڕەنگڕێژ بووە. هاوکات کۆمەڵگەش بە سەر قەرزدەر و قەرزارەکاندا دابەش بووە؟ دەی ئەگەر وا نییە ئەم دابەشبوونە کەی درووست بووە؟ ئەی تۆ ئەمە وەک دابەشبوونێکی هەرە مەزنی نێو مێژووی مرۆڤایەتی تەماشا دەکەیت؟
دەیڤید گرەیبەر: ڕاستیی، لە ڕووی مێژووییەوە، دوو ئەگەرمان هەیە. یەک؛ ئەوەیە وا لە میسڕ هەبووە. دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندیی و شێوەیەکی بەڕێوەبردن کە باجی لە هەمووان سەندووە.
میسڕییەکان نە پێویستییان بووە و نە حەزیشیان کردووە سوود/سوو بخەنە سەر ئەو پارەی وا بە قەرز دەیدەن.
بەڵام میزۆپۆتامیا جیاواز بووە، لەبەر ئەوەی دەوڵەت بە ناتەواویی و نایەکسانیی پاوەجێ بووە. سەرەتا، ڕیزێک پەرەستگەی زەبەلاحی بیرۆکراتیی هەبوون، دواتریش باڵاخانەی زۆریان هەبووە، لێ حکومڕانیی و بەڕێوەبەریییەکیان نەبووە و ڕاستەوخۆ باجیان لە خەڵک وەرنەگرتووە. ئەمەش زیاتر بۆ خەڵکە داگیرکراوەکان بە ڕەوایان بینیوە، لای خۆیان جیاوازتر بووە، لەنێو خاکی خۆیاندا چەندین دامەزراوەی پیشەسازیی و کارگەی جیاوازیان بنیاد ناوە. ئینجا ئا لێرەوەڕا ئیدی پارە وەک یەکەیەکی هەژمارکردن تەماشا دەکرێت؛ پارە لەنێو ئەو دامەزراوە پیشەسازییانەدا وەک ئامڕازی پەیداکردنی سەرچاوەکان بینراوە.
پاشان ئەو قەرزانەی سوود/سوویان چووەتە سەر، لەنێوان بەڕێوەبەران و بازرگانەکانی نێو ئەو کارگانەدا هاتووەتە کایەوە کە سەر بە پەرستگاکان بوون، ئەم کەسانە خاوەنی ئەو شتومەکانە بوون وا لەنێو پەرستگاکاندا درووست دەکران، شتومەکانیش سەرەتا بەشێکی بۆ کەسانی هەتیو و خاوەنپێداویستی تایبەت بوون، بەڵام دواتر بە زەوی ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە.
یەکەمین بازاڕەکان بە تەنیشت ئەم پەرستگایانەوە ڕسکاون، واش دەردەکەوێت، بە شێوەیەکی سەرەکیی لە سەر بنەمای یەکەی دراویی کارەکانیان بەڕێوە بردووە. بەڵام ئەمە وای کردووە بازرگان و خاوەنپەرستگە و زەنگینەکانی تر، قەرز بە جووتیاران بدەن و ئەگەریش بەرهەمی جووتیار بەکەڵک نەهات و لێیان نەکڕین، ئەوا ئەو جووتیارانە ناچار بن قەرز بکەن، بەمەش ئەو جووتیارانە پێیان بۆ تەڵەی قەرز هەڵدەخلیسکێت.
ئەمەش خراپەکارییە هەرە مەزنەکەی سەردەمی کەونارە، ئیدی خێزانەکان ناچار بوون ڕانەمەڕ و کێلگەکانیان لە شێوەی گرێبەستدا پێشکەش بکەن، تەنانەت دۆخێک هاتووەتە گۆڕێ ژن و منداڵەکانیش خراونەتە سەر پێوانەی قەرزکردن. سا ئەمەش وای کرد خەڵکیی ببنە کۆچەریی و لە شارەکان دوور بکەونەوە، لەوەش دەترسان دەسەڵاتداران بە زۆر بیانگەڕێننەوە بۆ نێو شارەکان و ئەو دۆخەیان بەسەردا بسەپێنن. فەرمانڕەواکانیش پێیان وا بوو بۆ ئەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتیی تێک نەچێت، تاتەقوڕەکانی قەرزەکانیان دەسڕییەوە و جارێکی تر سەرلەنوێ دەستیان پێ دەکردەوە. ڕاستییەکەی، تۆمارکردنی یەکەمین وشە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بۆ ئازادیی، لە زمانی سۆمەریدا بووە؛ ئەویش وشەی «ئامارگیی» بووە؛ وشەیەک بۆ «ئازادییەکی قەرزکراو»، بە شێوەیەکی گشتیش، ئازادیی واتا گەڕانەوە بۆ دایک، جا لەو کاتەوە ئیدی قەرزدەرەکان کاری ڕۆژانەیان تەنیا ئامادەکردنی تاتەقوڕینەی تۆمارکردنی قەرزەکان بووە.
فیلیپ پیلکینگتۆن: لە کتێبەکەدا باست لەوە کردووە، قەرز پێش ئەوەی ببێتە چەمکێکی ئابووریی، چەمکێکی ئاکاریی بووە. دەشڵێیت: چەمکێکی هێندە پێکناکۆکە کە دەکرێت هەم ئەرێنیی و هەمیش نەرێنیی بێت. تکایە دەکرێت کەمێک باسی ئەمە بکەیت؟ کام ڕەهەندەیان گرنگترە؟
دەیڤید گرەیبەر: ڕاستی بۆ دیاریکردنی ئەمە، پێویستە ڕادیکاڵانە لە دیرۆک بنواڕین.
مرۆ دەتوانێت بەم ڕەنگە باسی دیرۆک بکات: سەرەتا شێوازە میسڕییەکە، واتە باجوەرگرتن و شێوازە میزۆپۆتامییایەکە، واتە سوودخۆریی/سووخۆریی لەنێو یەکدا دەتەقنەوە، خەڵکی دەبێت قەرز بکەن تا باجەکانیان بدەن، جا لەوێوەڕا پرسی قەرزکردن بە دەزگا دەبێت.
هاوکات باجوەرگرتن کلیلی درووستکردنی ئەو بازاڕانەی سەردەمی ئێستان کە لەسەر پارەی کاش بنیاد نراون. لەو دەمەوە پارەی کاش درووست کراوە، یان لەو دەمەوە ئیدی حکومەتەکان، بە تایبەت لە وڵاتانی وەک هندستان و چین و وڵاتانی تری دەریای ناوەڕاست مووچەی سەربازەکانیان بە پارەی کاش دابین دەکەن، یانژی لەوکاتەوەی دەسەڵاتدار و حکومڕانەکان زێڕ و زیو بۆ سەربازەکانیان و بە خەڵکەکانیان دەدەن، ئیدی بە ڕوونیی دەبینین زمانی قەرز و زمانی ئەخلاق ئاوێزانی یەکدی بوون.
لە زمانەکانی سانسکریتیی و عیبریی و ئارامییدا، وشەی قەرز هاوواتای وشەی تاوان و گوناهە. تەنانەت ئەگەر سەرنج بدەین، زمانی زۆربەی ئایینە گەورەکان کاتێک باسی حسابکردن و ڕزگاربوون و بابەتە هاوشێوەکانیان دەکەن، تێدەگەیت لە زمانی دارایی کۆنەوە وەرگیراوە. لێ ئەم زمانەش زۆربەی کەڕەت بە شێوەیەکی جیاواز و لە چوارچێوەیەکی نەخوازراودا خراوەتە ڕوو. وا دەردەکەوێت ئەم جۆرە زمانە داراییەی لێ بترازێت، ئیدی پێغەمبەر و ڕاهیبەکان هیچ بژاردەیەکی تریان نەبووە. ئەمە جگە لەوەی چۆنیان ویستووە ئەوها ئەو زمانەیان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە. جا دەڵێن؛ قەرزەکان پیرۆز نین، بەڵکوو لێخۆشبوون لە قەرزەکان، یان توانای سڕینەوەی قەرزەکان، ئەمانە ئەو کردارانەن کە بە ڕاستیی پیرۆزن.
ئەدی ئەمە چۆن ڕووی دا؟ لەبیرتانە وتم پرسیارە هەرە گەورەکە لەمەڕ ڕیشەی پارە ئەوەیە کە «ناچارکردن» واتا من قەرزداری تۆم، بەرەو شتێک وەرچەرخاوە دەکرێت بە وردیی بژمێردرێت؟ ڕاستییەکەی وەڵامەکە بەم ڕەنگە دەردەکەوێت: ئەمە هەر ئەو ساتەیە وا توانای توندوتیژیی دەڕسکێت. ئەگەر بەرازێک بدەی بە کەسێک و ئەویش چەند مریشکێکت پێ بداتەوە، لەوانەیە ئەو مریشکانەت پێ کەم و هەرزان بێت و گاڵتەیان پێ بکەیت، تەنانەت دوور نییە یاسایەکی بیرکاریی بدۆزیتەوە تا بیسەلمێنێت مریشەکەکان لە بەرانبەر بەرازەکەت چەندە هەرزان و کەمن. نموونەیەکی تر؛ ئەگەر لە شەڕێکدا کەسێک چاوت دەربهێنێت یان براکەت بکوژێت، ئەوا دەکرێت لە قەرەبوودا داوای ٢٧ گامێشی فرە باش بکەیت، خۆ ئەگەر جۆرەکەیان باش نەبێت، ئەمە واتە شەڕی نێوانتان بەردەوام دەبێت.
لە نموونەیەکی هاوشێوەدا، دەکرێت پارە فیتاوفیت لە دۆخێکی بەم ڕەنگەدا بڕسکێت، بەڵام جەنگ، کۆیلایەتیی و تاڵانوبڕۆ ڕۆڵیان لە درووستکردنی پارەدا گێڕاوە. بۆ نموونە، لە ئێرلەندای سەدەکانی ناوەڕاستدا، ژنانی کۆیلە جۆرێک بوون لە دەستبەسەری هەرە مەزنی پارە. هەروەها دەشتوانی چۆنت بوێت ئاوا بەهای هەموو شتێک دیاریی بکەیت، لێ بڕێکی کەم لە کەلوپەلەکانی ئەو کاتە بۆ فرۆشتن بوون، چونکە زیاتر بۆ پێدانی سەرپێچییەکان بەکار دەهاتن.
جیاواز لەمە، هەر کاتێک لەوە تێگەیشتین باج و پارە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگەکاندا درووست بوون، ئاسانتر دەتوانین شتەکان ببینین. دواجار مافیاکان لەمە تێدەگەن. ئەگەر دەتەوێت خودان توندوتیژییەکی تەواو زۆردارانە بیت، خودان هێزی ڕەها بیت، دەشتەوێت ئەمە ئەخلاقییانە دەربکەوێت و قوربانییەکانی بەردەمت وەک تاوانبار نیشان بدەیت، ئەوا ئەم بیرکردنەوەیەت، هەمان ئەو بیرکردنەوەیەیە کە قەرزی داهێناوە. تۆ قەرزاری منیت، بەڵام قەینا ماوەیەک لێت خۆش دەبم، لە مێژوودا زۆر قەرزدەر ئەم قسەیەیان بێژاوە. هەروەها، خاڵی باڵکێش ئەوەیە؛ دەکرێت وەڵامی تۆ چۆن بێت؟ خولەکێک ڕاوەستە، لێرە کێ قەرزاری کێیە؟ مسۆگەر بە درێژایی هەزاران ساڵ قوربانییەکان ئەم قسەیان کردووە، لێ ئەو کاتەی شتێکی وا دەڵێن، هەمان زمانی قەرزدەر و یاسادانەرەکانیان بەکار هێناوەتەوە، ئەوە دەیسەلمێنێت قەرز و ئەخلاق هەمان شتن. ئەمەش ئەو دۆخەیە وا بیرکەرەوە ئایینییەکان پێوەی گیرۆدە بووبوون، بۆیە بە زمانی قەرز دەستیان پێ کرد، دواتر هەوڵیان دا بیگۆڕن و بیکەنە شتێکی تر.
فیلیپ پیلکینگتۆن: ببوورە، بەڵام دەزانیت ئەمە بە تەواوەتیی نیچەییانە بوو. نیچە لە ڕەچەڵکناسیی ئەخلاقدا باس لەوە دەکات ئەخلاق لەژێر ترسی توندوتیژیی و وەرگرتنی قەرزدا هاتووەتە کایەوە. لەلای نیچە، ئەو جۆرە هەستی ناچارییەی لای قەرزار هەیە، خودی بنەڕەت و ڕەگی شارستانییەتە. تۆش لێکۆڵینەوە لەوە دەکەیت چۆن ئەخلاق و قەرز بە ناوەڕۆکێکی قووڵەوە، ئاوێزانی یەکدی بوون. گەلۆ دوای ١٠٠ ساڵ، تێڕوانینی نیچە چۆن کار دەکات؟ تۆش کامیان بە لەپێشینە دەزانیت: ئەخلاق یان قەرز؟
دەیڤید گرەیبەر: ڕاستیی ئەگەر ڕاستگۆ بم، زۆر دڵنیا نیم لەوەی نیچە لەو نووسینانەدا زۆر ڕژد بووبێت، یان بەو جۆرە بیرکردنەوانە توانیبێتی بەردەنگە بۆرژاواکانی لە خۆی تووڕە بکات. دەزانی ئەمە لە چی دەچێت؛ وەک ئەوە وایە سەرەتای ئەزموونی نووسینت دەربارەی سرووشتی مرۆڤ بە گریمانە بۆرژوازییەکان بووبێت و ئێستاش لە کۆتایدا بێیت شتانێک بخەیتە ڕوو کە بەردەنگە بۆرژاواکانت لە خۆت زیز بکەیت.
نیچە ئارگومێنتەکانی خۆی ڕێک لەو پنتەوە دەست پێ دەکات کە ئادەم سمیسیش دەستی پێ کردبوو: مرۆڤ بوونەوەرێکی ئەقڵانییە. وەلێ ئەقڵانیبوون واتا؛ ژمێرکاریی، ئاڵوگۆڕ و گواستنەوە، یان کڕین و فرۆشتن، ئەمەش یەکەمین دەربڕینی هزری مرۆییە و پێشینەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە.
لێ دواتر ئەوە ئاشکرا دەکات کە بۆچی ئادەم سمیس وا نیشانی داوە گوایە گوندنشینانی سەردەمی نیولیتیک مامەڵە و ئاڵوگۆڕ و بازرگانییان لە نێواندا یەکدیدا ئەنجام داوە. چونکە ئەگەر پێشوەختە هیچ پەیوەندییەکی ئەخلاقیمان نەبووبێت و ئەخلاقیش لەو ئاڵوگۆڕەوە بەدی هاتبێت، ئەوا بەگوێرەی ئەو یاسای ئاڵوگۆرە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە کەسێک قەرزەکەی یان پارەکەی دەداتەوە.
سا لەو دۆخەدا، یەکێک لەو دووانە تاوانبارە کە قەرزنەدەرەوەکەیە، بۆیە یاسا سزایەکی تۆڵەسێن بۆ ئەو قەرزنەدەرەوەیە هێڵکێش بکات. بەم چەشنە ئەگەر بیست گامێش قەرزاری کەسێک بیت و پارەی نەدەیتێ، ئەوا چاوت دەردەهێنێت، ئیدی لێرەوە ئەخلاق ئاوێزانی خواستە وێرانکەرەکان دەبێت.
زۆر پێویستە ئاماژە بەوە بکەین؛ هیچ بەڵگەیەکمان نییە بۆ سەلماندنی ئەمانە، هەمووی نیچە خۆی درووستی کردوون. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەر خودی خۆی بڕوای پێی هەبووە؟ دەکرێت من ئەرێنیی بم، لێ پێم وایە خۆشی بیری لێ نەکردووەتەوە.
بەهەرحاڵ، تەنیا لەو دۆخەدا واتای هەیە کە تۆ بڕوات بەو گریمانەیە بێت وا دەڵێت سەرپاکی کارلێکی نێوان مرۆڤەکان بەندە بە ئاڵوگۆڕەوە. بۆیە هەموو جۆرە پەیوەندییەک، جۆرێکە لە قەرز. ئەمەش لە سەر ڕووکاری هەموو ئەو شتانەی لە ژیانی مرۆڤدا دەیزانین و ئەزموونی دەکەین، هەیە؛ بەڵام کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە گشت ئاکاریی مرۆیی بەندە بە بازاڕەوە، ئیدی دەگەیتە ئەوپەڕی نائومێدیی.
ئەگەر توانیت بە سەر تەواوی ئەفسانەکانی ئاڵوگۆڕدا زاڵ بیت، هەروەها ئەگەر توانیت لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیە بژیت وا خەڵکەکەی خودان ئەخلاقێکی پێشینەن، ئەوا دواتر دەتوانیت بپرسیت و بێژیت داخۆ چۆن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وا وەرچەرخاون و بوونەتە چەشنێک لە چەشنەکانی قەرز، بۆیە ئەمە پرسیارێکی تەواو جیاوازە. لەو دۆخەدا، بەڵێ ئیتر تۆ دەتوانیت بیر لەوە بکەیتەوە داخۆ مامەڵەی توندوتیژانە چییە؟
فیلیپ پیلکینگتۆن: سەرنجڕاکێشە. لەوانەیە گونجاو بێت لەمەڕ ئەوە لێت بپرسم داخۆ کارەکانی تۆ دەربارەی قەرز چ پەیوەندییەکی بە مرۆڤناسی گەورەی فەڕەنسیی مارسێل مۆوسەوە هەیە دەربارەی ئاڵوگۆڕی دیاریی لە نێوان مرۆڤەکاندا؟
دەیڤید گرەیبەر: بە بۆچوونی خۆم، کارەکانی من زۆر لە نەریتی بیرکردنەوەیی مۆوسەوە نزیکن. ئەو یەکێک بوو لەو مرۆڤناسانەی لە زووەوە ئەو پرسیارەی لە خۆی کرد و وتی باشە ئەگەر سیستمی ئاڵوگۆڕی شتومەک نەبێ، ئەی چی هەبێت؟ ئەی ئەو مرۆڤانەی پارە وەک یەکەی سەرەکیی ئاڵوگۆڕ بەکار ناهێنن، چی دەکەن؟ مرۆڤناسەکان بە دەیان و سەدان بەڵگەی جیاوازیان دەربارەی ئەو سیستمە ئابوورییە تۆمار کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ڕیزێک پرەنسیپی هاوبەش نەهاتووەتە دی. ئەوەی مۆوس سەرنجی دا ئەوە بوو کە لە نێو تەواوی سیستمە ئابوورییەکاندا، خەڵکی نمایش دەکەن، هەندێک دیاریی بە یەکدی دەبەخشن و دواتر وا دەری دەخەن گوایە چاوەڕێی هیچ بەرانبەرێک ناکەن. بەڵام ڕاستییەکەی هەمووان دەیانزانی هەندێک یاسا هەن وا لە وەرگری دیارییەکان دەکەن کە دواتر گەر شتێکی کەمیش بێت، بیگەڕێننەوە.
ئەوەی ئەوێ دەمێ جێی سەرسامیی مۆوس بووە، شتێکی گەردوونیی بووە و بۆ هەنووکەش درووستە. ئەگەر من ئابووریناسێکی بواری بازاڕی ئازاد ببەم بۆ ئێوارەخوانێک، ئەوا وا هەست دەکات پێویستە خزمەتم بکاتەوە و ئەویش بانگێشتی ئێوارەخوانێکم بکات. لەوانەشە وا بیر بکاتەوە، خۆ ئەگەر بانگێشتم نەکاتەوە ئەوا شتێکی گەمژانەی کردووە، سا بەگوێرەی تیۆرییەکەی ئەو بێت ئەگەر بانگێشتیشم نەکات و بتوانێت سوودێک لە من وەربگێرێت، ئەوە هەر بە ڕاستیی شادمان دەبێت. ئەدی ئەمە بۆ وایە؟ ئەمە چی هێزێکە وام لێ دەکات هەر دەبێت خزمەتێکی ئەو کەسە بکەم؟
سا ئەمە ئارگومێنتێکی گرنگە، هەروەها دەرخەری ئەوەیە هەردەم ئەخلاقێک هەیە و لە ژێر سایە و کاریگەریی ژیانی ئابوورییدایە. لێ ئەمە وام لێ دەکات ئەوەش بڵێم؛ ئەگەر بێتوو تەنیا لەم ڕەهەندەی کارەکانی مۆوس ورد بینەوە، ئەوا بێگومان هەموو شتێکمان تەنیا لە پرسی ئاڵوگۆڕدا کورت کردووەتەوە، هەندێک خەڵکیش هەن وا خۆیان دەردەخەن شتی وا ناکەن.
مۆوس هەموو شتەکان تەنیا لە ڕەهەندی ئاڵوگۆڕدا کورت ناکاتەوە؛ ئەگەر تۆ بێجگە لە کتێبی ‹دیاریی› شتەکانی دیکە بخوێنیتەوە، بێگومان لەمە تێدەگەیت. مۆوس جەختی لەوە کردووەتەوە لە هەر کۆمەڵگەیەدا و بە کۆمەڵگەی ئێمەشەوە ڕیزێک بنەمای جیاوازی ئاڵوگۆڕ هەبوون.
بۆ نموونە، تەماشای پرسی هیرارشییەت بکە. کاتێک دیارییەک دەبەخشرێت، جا بە کەسێکی خانەدان بێت یان کارکەر، مەرج نییە لە بەرانبەردا قەرەبوو بکرێیتەوە. ئەگەر پڕۆفیسۆرێکی تر ئابووریناسەکەمان ببات بۆ ئێوارەخوانەکە، ئەوا بێگومان ئەو هەستەی لا درووست دەبێت کە لە دۆخێکی ئاڵوگۆڕ و گۆڕینەوەدایە؛ بەس ئەگەر خوێندکارێکی قۆناغی یەکی زانکۆ ئابووریناسەکە ببات بۆ ئێوارەخوانەکە، ئەوا تەنیا وەک بانگهێشتێکی ئاسایی و خزمەتێک دەیبینێت، یانژی ئەگەر سەرمایەدار و بازرگانێکی وەک جۆرج سۆرس بانگهێشتەکە بکات، ئەوا شتێک لە بەرانبەر هیچدا بەدەست دەهێنێت. لە پەیوەندییە نایەکسانەکاندا، کاتێک شتێک دەدەیتە کەسێک، ئەگەر پاش ماوەیەکی زۆریش شتێک بداتەوە بە تۆ، ئەوا بە دڵنیاییەوە چاوەڕێی ئەوەیە تۆش جارێکی تر شتێکی پێ بدەیتەوە.
یان گەر لەو پەیوەندییە ئابوورییانەی خەڵکی بەرکەوتنیان بە یەکدی هەیە بنۆڕین، ئەوا لە دوای مۆوسەوە بەم ڕەنگە پێناسەی ئەو پەیوەندییانەم کردووە؛ لە ڕوانین لە تواناکانی یەکدیەوە، بۆ ڕوانین لە پێویستییەکانی یەکدی. لەم پەیوەندییانەدا مرۆڤ پشت بە ئاڵوگۆڕ و گۆڕینەوە نابەستێت. بۆ نموونە، کاتێک هەوڵ دەدەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، تەنانەت لەنێو شوێنە سەرمایەدارییەکانیشدا، ئەوا بە شێوەیەکی بنەڕەتیی پشت بە ئاڵوگۆڕ و گۆڕینەوە نابەستن. (ئەگەر کەسێک کار بۆ ئیکسۆن بکات لە کاتی کارەکەیدا دەڵێت؛ دەرنەفیزێکم بدەنێ، هاوکارەکەی بەرانبەر ناڵێت ئەی گەر من ئەوەت بدەمێ تۆ چیم دەدەیتێ؟ لە بەرانبەردا کۆمۆنیزم بنەڕەتی سەرپاکی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، بۆ وێنە؛ ئەگەر لە شوێنێکدا بخنکێم، وەک ئەوە وایە کەسێک گڵۆپێکم پێ بدات، لەبەر ئەوەی چاوەڕوان دەکەم هەمووان هاریکارم بن.
بەهەرحاڵ؛ ئەوەی لە مۆوسەوە زۆر فێر بووم ئەوەیە؛ بنەمای زۆر لە هەر پەرگاڵێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتییدا هەن. هەر بۆیە ناشتوانین تەواوی ئەم پرسە لە پانتایی زانستدا کورت بکەینەوە، هەرچەندە ئابووریناسەکان هەوڵی وایان داوە، لێ لەم کارەیاندا هەموو شتێکیان پشتگوێ خستووە، تەنێ پرسی ئاڵوگۆڕ نەبێت.
فیلیپ پیلکینگتۆن: دەی گەر مادام وایە با دەربارەی تیۆری ئابووریی بئاخڤین. ئابووریناسەکان چەند تیۆرییەکی تایبەتیان دەربارەی پارە هەیە. تیۆریی هەرە دیار وەک لە سەریشەوە باسمان کرد بریتییە لە بەکاڵاکردنی پارە؛ کە چەند کاڵایەکی دیاریکراو دەبنە یەکەی ئاڵوگۆڕ و جێی سیستمە کەونارەکەی سەردەمانی زوو دەگرنەوە. لێ چەند تیۆرییەکی دیکەی جێگرەوە هەن و هەنووکە لە ڕادەبەدەر بەناوبانگن. یەکێک لەوانە، تیۆریی بازنەییە و ئەو پارەیەی دەزگا ئابوورییەکان دابینیان کردووە، وەک قەرز دەبینرێت. هەندێکی تر لە تیۆرییەکان کە ئاوێتەی تیۆری بازنەییش بوون بریتییە لە تیۆری چارتالیستیی [١] ، لەم تیۆرەدا پارە وەک یەکەیەکی ئاڵوگۆڕ دەبینرێت و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەر کراوە، وەرگرتنی باجیش پاڵپشتی هەرە مەزنی ئەم سیستمەیە. گەلۆ شتێک دەربارەی ئەم تیۆرییانە دەبێژیت؟
دەیڤید گرەیبەر: یەکێک لەو نووسینانەی هانی دام پەرتووکی قەرز: پێنج هەزار ساڵی سەرەتا بنووسم، نووسینێکی کەیس هارت بوو بە ناوی دوو لای سکە. لەو نووسینەدا هارد باسی ئەوە دەکات نەک تەنیا خوێندنگە ئابوورییەکان تیۆری جیاوازیان دەربارەی سرووشتی پارە هەیە، لێ هۆکارگەلێکیش هەن وات لێ دەکەن بڕوا بە هەموویان بکەیت. بە درێژایی مێژووی خۆی، پارە یەکەیەکی ئاڵۆزی جووتڕەهەند بووە، یەک؛ بەکاڵاکردن (ئۆبژە)، دوو، قەرز؛ (پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی). ئەوەشی من زیادم کردووە ئەوەیە کە درکێکی مێژووییم هێناوەتە کایەوە بەوەی لەکاتێکدا پارە خاوەنی هەردوو ڕەهەندە، هاوکات زەمەنێکیش هەیە کە قەرز بابەتێکی لەپێشینە بووە، هەر کەس کەم تا زۆر تیۆری چارتالیستیی پەیڕەو کردووە، بەس هەندێکی تر کە پارەی کاشیان زیاتر لەلا گرنگ بووە، سەرنجیان زیاتر لە سەر تیۆرییەکانی بەکاڵاکردن بووە. ئەخوازین ئەوە لەبیر بکەین کە لە سەدەکانی ناوییندا، لە فەڕەنساوە تا چین، چارتالیزم تیۆرییەکی هەرە باو بووە؛ پارە تەنیا پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی بووە، لە کردەییدا و لە باجەکاندا هەر ئەو شتە بەخشراوە وا دڵخوازی پاشا بووە.
فیلیپ پیلکینگتۆن: تۆ ئاماژە بەوە دەکەیت مێژوو لەنێوان بەرداشی سەردەمی دراوی سکە و دراوی ئەلیکترۆنیدا گوزەر دەکات. ئەی بیریش لەوە ناکەیتەوە گەیشتووینەتە پنتێکی مێژوو کە بەگوێرەی پێشکەوتنە تەکنیکیی و کەلتوورییەکان ئەوە دەبینین ئیدی سەردەمی پارەی کاش و سکە و ئەوانە کۆتایی هاتووە بۆ هەرمان؟
دەیڤید گرەیبەر: ڕاستییەکەی تا کات بۆ پێشێ دەکشێت، ئەم مێژووە ئاڵۆزتر دەبێت، لێ من پێم وایە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەی تۆمان دەست بکەوێت، ئەوا گەرەکە ٤٠٠ ساڵی تر چاوەڕێ بمێنین. ئەکرێت ئیدی ئەم سەردەمەش بەرەو کۆتایی هەنگاو بنێت، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی دەدەمێ، سەردەمی گوێزانەوەیە.
دواین جار کە گوێزانەوەیەکی مەزن لە پارەی سکەوە بۆ پارەی ئەلیکترۆنیی هاتە گۆڕێ، دۆخێکی باش نەبوو. بۆ نموونە؛ ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانیا ڕووخا، سەردەمی کالی لە هندستان کۆتایی هات، شانیشنی هان ڕووخا، بووینە گەواهیدەری مەرگ و کارەسات و ئاژاوەیەکی فرە. بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵک؛ بۆ نموونە کۆیلەکان، بە ساتەوەختێکی دژاواردا گوزەریان کرد، ئەمانەش بە قووڵیی لە شارستانییەت دابڕێنران. ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنی مێژوویی بوو. کەم کارکردنی خەڵکیی بووە هۆی داکەوتنی شارەکان. لێ هێشتا بۆ تاکەکەسەکان هیوایەک هەبوو کە لەم سەردەمەدا بە ڕێژەیەکی بەرفراوان بێحاڵ و ماڵ نەمێنننەوە. بە تایبەت لە چاخێکدا ئامرازەکانی لەناوبردن و کاولکاریی فرەمەزنن.
فیلیپ پیلکینگتۆن: بە بۆچوونی تۆ لە سەر سەکۆی مێژوو کامیان ئەکتەری سەرەکییە؛ پارە یان قەرز؟
دەیڤید گرەیبەر: ڕاستییەکەی وەڵامی ئەم پرسیارە بەندە بە شێوازی پێناسەکردنەکانمانەوە. ئەگەر پارە لە پانتاییەکی بەرفراواندا پێناسە بکەیت، بۆ وێنە بڵێیت ١٠ دانە لەم شتە بە بەهای ٧ دانە لەم شتەیە، ئەوا ئەودەم قەرز بەبێ پارە بوونی نییە. قەرز تەنیا بەڵێنێکە و لە ڕێی پارەوە هەژمار دەکرێت. بۆیە گشتیی دەبێتەوە و دەگوازرێتەوە. بەڵام گەر دەپرسیت کامیان گرنگترین شێوەی پارەیە، ئەلیکترۆنیی یان کاش، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەلیکترۆنیی.
فیلیپ پیلکینگتۆن: با دەربارەی چەند کێشەیەکی ڕژدی جیهانیی قسە بکەین کە هەنووکە یەخەی گرتووین. دەزانین ساڵانی ڕابردوو لە زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا خاوەنماڵ و زەویوزارەکان قەرزێکی زۆریان دەدا، هەر لە قەرزی ئەلیکترۆنییەوە تا گرێبەستی خانووبەرە، بێشک گرێبەستی خانووبەرە بە تایبەتیی یەکێکە لە ڕەگە بنچینەییەکانی قەیرانە داراییەکانی هەنووکە. چەند ئابووریناسێک باسی ئەوە دەکەن، لە سەردەمی کیلنتۆنەوە گەشەی ئابووریی بەندە بە هەڵاوسانێکی نایەکسانەوە کە لە ئەنجامی قەرزدانی خاوەنزەوییەکانەوە هاتووەتە گۆڕێ. سا لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە تۆ دەربارەی ئەمە چی دەڵێیت؟
دەیڤید گرەیبەر: لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، ئەم دۆخە هەر تەواو دۆخێکی شووم و بێفەڕە. مرۆ دەتوانێت لە سەردەمی کیلنتۆنیش زیاتر قووڵ بێتەوە، ئەم سەردەمەی ئێستا هەمان دۆخی حەفتاکانە، سەرەڕای ئەوەی سیستمێکی وردی قەرزکردن هەیە، بەڵام کۆمەڵێک کەس ناچار بوون بەرگریی لەو دۆخە بکەن. بێگومان، چەوساندنەوەی هەرە مەزن لە ڕێی قەیرانی قەرزی جیهانی سێهەمەوە لە ناوچەکانی بەشێک لە ئاسیا و ئەمریکای لاتین و ئەفریقادا هەیە.
قسەکردن دەربارەی مێژووی وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا و خۆرهەڵاتی ئەورووپا، لە واتا بەرفراوانەکەدا لەنێوان سەردەمێکدا گوزەر دەکات کە پارەی ئەلکترۆنیی و پارەی کاش داگیریان کردووە. سیستمی پارەی سکە بووە هۆکاری درووستبوونی ئیمپڕاتۆرییەتی مەزنی کۆیلەداریی لە ئەورووپا و هیندستان و چین، ئەوانە دراوی سکەیان بۆ مووچەی سەربازەکانیان بەکار هانیوە. لە سەدەکانی ناوییندا، ئیمپڕاتۆرەکان بەردەوام هەر دراوی سکەیان بەکار هێناوە، ئاڵتوون و زیو زیاتر لەنێو پەرستگاکاندا بەکار هاتوون و ئەمەش وای کردووە بەرەو قەرز هەنگاو بنێنەوە. پاشان لە دوای ساڵی ١٤٩٢ەوە دووبارە ئیمپڕاتۆرییەتەکان درووست دەبنەوە؛ ئەمەش دەبێت هۆی ئەوەی ئاڵتوون و زیو هاوڕێ لەگەڵ کۆیلایەتیی بێنە گۆڕەپانەکە.
گەرچی لە جارەکانی پێشووتریش جیاواز بێت، بەڵام ساڵی١٩٧١ لە سەردەمی نیکسۆن، ئاڵتوون جارێکی تر بووەتە باڵادەستی یەکەم. هەرچۆنێک بێت، پێم وایە گەڕاوینەتەوە دواوە. لە ڕابردوودا، هەرچەندە ماوەیەک هەیە کە دراوی ئەلیکترۆنی تەواو دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتبوو، بەڵام هێشتا پاراستنی کۆمەڵایەتیی بۆ قەرزاران هەبووە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر ڕەزامەند بین کە پارە تەنێ بنیادێکی کۆمەڵایەتییە یان قەرزێکە، ئەدی خەڵکی بۆ یەکپشوو خەریکی بەرهەمهێنانی پارەیە؟ گەلۆ چۆن ڕێگریی لەوە دەکەیت هەژاران نەکەونە نێو تەڵەی قەرزکردنەوە و بەوهۆیەوە نەبنە کۆیلەی دەوڵەمەندەکان؟ هەر بۆیە لە بەشێک لە تاتەقوڕەکانی میزۆپۆتامیاوە بۆ ئینجیل و تا یاساکانی سەدەی ناوەڕاست، تەنانەت بە هەردوو ئایینی مەسیحیی و ئیسلامیشەوە، سوودخۆرییان/سووخۆرییان ڕێبەند کردووە. لەودەمەوە کە قەیرانی قەرز وەک سیناریۆیەکی هەرە خراپ سەری بۆ داڕووخانێکی تەواوی کۆمەڵایەتیی کێشاوە، خەڵکی ئاسایی بە ڕێژەیەک قەرزار بوونە، خودی خۆیان و خێزانەکانیشیان کۆیلە دەبن.
داخۆ لەم ئانوساتەدا چی دەگوزەرێت؟ لەبری ئەوەی دامەزراوەی پاراستنی قەرزاران چێ بکەن، هاتن دامەزراوەی زەبەلاح و جیهانیی وەک سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی و کۆمپانیای ئێس پیان [٢] درووست کرد تا قەرزدەرەکان بپارێزن.
سا بە سەرپێچیکردنی هەموو لۆجیکە نەریتییە ئابوورییەکان؛ قەرزدەر ڕایدەگەیەنێت؛ نابێت هیچ قەرزارێک هەبێت کە بیەوێت قەرزەکەی نەداتەوە. جا پێویست ناکات بڵێم، دەرئەنجامی ئەمەش کارەساتبارە. ئەمەی ئێمەش ئێستا ئەزموونی دەکەین، بۆ من هەمان ئەو شتەیە وا مرۆ کەونارەکان لێی دەترسان؛ مرۆڤی سەر خەرەندی کارەسات.
دەکرێت ئەوەش زیاد بکەین، گەر ئەرستۆ لەمڕۆدا بژیایە، بێگومانم دەیوت فرۆشتن و بەکرێدانی خۆت و بنەماڵەکەت بەلاتەوە شتێکی دڵڕفێنی یاساییە و هیچی تر. مسۆگەر دەرئەنجامی قسەکانیشی بریتیی دەبوو لە دۆخی هەنووکەیی ئەمریکاییەکان؛ کۆیلایەتیی.
فیلیپ پیلکینگتۆن: تۆ باست لەوە کرد سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی و کۆمپانیای ئێس پی دوو دامەزراوەن بۆ ئەوە درووست بوون تا قەرزی قەرزدەرەکان کۆ بکەنەوە. بێگومان ئەمە دۆخی یەکێتیی ئەورووپاشە. بە گشتیی لەم بەستێنەدا هەلومەرجی ئەورووپا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
دەیڤید گرەیبەر: دەی بێگومان ئەمەی باست کرد هۆکاری سەرەکیی بەردەوامنەبوونی ڕێکخستن و دامەزراوە جیاوازەکانە. ئاشکرایە کەس ناتوانێت گشت قەرزەکانی بداتەوە. بەڵام لەلایەکی ترەوە لە دۆخێکی وەک دۆخی یۆناندا، کاتێک بەشێک لە بانکە فەڕەنسییەکان بڕیاریان دا قەرزەکانی یۆنان کەم بکەنەوە، هەندێک وڵاتی تر وا مامەڵەیان دەکرد کە پێویستە یۆنان قەرزەکانی هەر نەداتەوە. لە دۆخێکی هاوشێوەدا بەریتانیا ڕۆڵێکی کاریگەرتری هەیە، بۆ وێنە، لە بەریتانیا حکومەت قەرزاری بانکە نیشتیمانییەکانە، واتا خودی حکومەت قەرزاری خۆیەتی، جا ئەم دۆخە سەر دەکێشێت بۆ ئەوەی ئیتر خاوەنپێداویستیی تایبەت نەتوانێت گواستنەوەی گشتی بەکار بهێنێت و ناوەندەکانی گەنجانیش دادەخرێن، وەک خۆشیان دەڵێن ئیدی ئەمە واقیعی حاڵە. لێ سات لەدوای سات زیاتر ئاشکرا دەبێت ئەم واقیعانە زیاتر واقیعی دەسەڵاتن. هەروەها ئەو بیرسایەی پێی وایە بازاڕ پیرۆزیی بە قەرز بەخشیوە، بە دیاریکراوی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨. ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە سەرەتای کاردانەوەیەک دەبینین هاوشێوەی هەمان کاردانەوەکانی سەردەمی قەیرانی قەرزی جیهانی سێیەمە، ئەوەی لەوکاتەدا سەرنجڕاکێشانە ناویان نا بزووتنەوەی دژەجیهانگیریی.
ئەم بزووتنەوەیە لەوکاتەدا داوای دیموکراسیی ڕاستەقینەی دەکرد و هەوڵی دا فۆرمەکانی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و ئاسۆیی جێبەجێ بکات. لە بەرانبەر ئەم بزووتنەوەیەشدا هاوپەیمانێتییەکی فێڵبازانە لە نێوان نوخبە داراییەکان و بیرۆکراتە جیهانییەکانی نێو سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی و بانکی نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیی و یەکێتیی ئەورووپا پاوەجێ بوو. هاوکات لە ٢٠٠٨ بە هەزاران کەس ڕژانە گۆڕەپان و شەقامەکان و بە سیستمیان وت؛ ئیدی نهێنییەکانتان ئاشکرا بوو. ئەگەر بەڕاست بتوانرێت پارە تەنیا وەک پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی یان یەکەیەکی قەرزپێدان تەماشا بکرێت و بە ترلیۆن قەرز لێخۆشبوونی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ دەربچێت، دەی کەوابێ دیموکراسیی واتایەکی بەرفراوانی هەیە و هەمووان دەتوانن ببنە بەشێک لە بڕیارەکانی پەیوەست بەو بابەتەوە. ئەمەش وەک هاریکارییەکی مەزن دەبینم.
فیلیپ پیلکینگتۆن: گەر بە فراوانیی قسە بکەیت، چۆن دەڕوانیتە قەیرانە هەنووکە داراییەکانی پەیوەست بە قەرز؟ بەبێ ئەوەی ئەو پرسیارە گەمژانەیەت لێ بکەم کە دەڵێت: بەڕێزتان داهاتوو چۆن دەبینن؟
دەیڤید گرەیبەر: بۆ داهاتووییەکی دوور، من زۆر ئەرێنیی بیر دەکەمەوە. دەکرێت لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک شتمان کردبێت، بەڵام بەراورد بە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوو، ٤٠ ساڵ شتێکی گرنگ نییە. سەرەنجام، دەبێت دان بەوەدا بنێین لە سەردەمی پارەی ئەلیکترۆنییدا دەبێت تەنیا بۆ قەرزدەرەکان نا، بەڵکوو بۆ هەموو شتێک پارێزبەندیی هەبێت، خۆ ئەگەر وا نەبێت، ئەوا ناتوانم بڵێم چەند کارەساتی دی ڕوومان تێ دەکات.
وەلێ لەم نێوەندەدا پرسیارێکی دیکە دەڕسکێت؛ ئایا کاتێک ئەم چاکسازییانە دەکەین، دەکرێت دەرئەنجامەکە ئەو شتە بێت وا پێی دەڵێن؛ سەرمایەداریی؟
[١] – لە زانستی لێکۆڵینەوەی پارەدا تیۆری چارتالیستیی واتا؛ دەوڵەت یان هەر دامەزراوەیەکی تری یاسایی دەتوانێت بە خواستی خۆی بۆ هەر مەبەستێک بێت بڕێک پارە وەک پێدانی ناچاریی بەسەر هاووڵاتییدا بسەپێنێت.
[٢] – کۆمپانیای ئێس پی کۆمپانیایەکە لە سەرانسەری جیهاندا، وەک درووستکەری پێوەرەکانی بازاڕی دارایی ناسراوە- بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک پێوەرەکانی وەبەرهێنان بەکار دەهێنرێت- سەرچاوەیەکی داتا و هەڵسەنگاندنی قەرزە بۆ کۆمپانیاکان و پابەندبوونی کۆمپانیا و دامەزراوەکان بە دانەوەی قەرەزەکانیان.