گوتاری سەرمایەداریی و نەخۆشی دەروونشیکاریی سەردەم
گوتاری هاوچەرخ (مۆدێرن) بەتوندی لە بن باندۆری فۆرمولەی گوتاری سەرمایەداریی لاکاندایە. پرسەکە ئەوەیە کە چیتر سوبێکت لەگەڵ دالدا جووتنابێتەوە.

سێرژ لێسور
وەرگێڕانی عەلی ئەحمەد
سەرەتا داوای لێبوردن دەکەم کە کەمێک دواکەوتم بۆ کۆڕەکە. لێ دواکەوتنی من ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەیە کە ئەمڕۆ باسی دەکەین.
پێویستم بە شتێک بوو کە یارمەتیم بدات بگەم بە ئێوە. لەم حاڵەتەشدا ئۆتۆمبێلێک. بێگومان سانت-پێتێرسبۆرگ پڕە لە ئۆتۆمبێل. بەم پێیە خەڵکێکی زۆر هەیە کە شتە دەستکردەکان (پرۆتێز) بەکاردەهێنن. خەڵکێکی مۆدێرنن بە مانای تەواوی وشەکە. ئەم خەڵکانە بە جۆری ئەو ئۆتۆمبێلە پێناسە دەکرێن کە لە ئێستادا بەکاریدەهێنن. لێخوڕینی «لادە» شتێکە و «لێکسز»ێکی نوێ شتێکی ترە. زۆر جار ئەوەی سوبێکت (مرۆڤ)ـی هاوچەرخ، سوبێکتی گوتاری لیبراڵزم پێناسەدەکات، بریتییە لە پەیوەندییەکەی بە ئوبێکتەوە. ئەو ئامێرە دەستکردانە پێناسەی دەکەن کە بەکاریدەهێنێت.
سا بۆیە بەڕێزان تکایە لەبیرتان نەچێت مۆبایلە دەستکردەکانتان بکوژێننەوە تا کۆتایی کۆڕەکە. ئێمە هەموومان سوبێکت (مرۆڤ)ـی مۆدێرنین. واتە ئەو سوبێکتانەین کە ئامێری دەستکرد بەکاردەهێنن. ئەمەش واتای ئەوەیە هەموومان سوبێکتی جیاوازین. نە تەنێ ئەو سوبێکتانەی کە لەلایەن کایەی گوتارەوە پێناسەدەکرێن. من پێموایە زۆرێک لە ئامادەبووانی ئێرە ئاشنان بە تیۆری گوتاری ژاک لاکان و پێناسەکەی وی بۆ سوبێکت. سوبێکت ئەوەیە کە لەلایەن دالێکەوە بۆ دالێکی دیکە دەنوێنرێتەوە. کاتێک من وەک وانەبێژێک قسەدەکەم، ئەوا تەنێ لەبەر ئەوەیە کە لێرە بینەر/گوێگر هەیە. ئەگەر ئامادەبووان نەبووایە، ئەوا من تەنێ وڕێنەم دەکرد و لەناو بۆشاییدا قسەمدەکرد. خۆشبەختانە لێرە ئەوەندە خەڵک هەیە کە من قسەیان بۆ بکەم.
گوتاری هاوچەرخ (مۆدێرن) بەتوندی لە بن باندۆری فۆرمولەی گوتاری سەرمایەداریی لاکاندایە. پرسەکە ئەوەیە کە چیتر سوبێکت لەگەڵ دالدا جووتنابێتەوە. سوبێکت دەبێت خۆی دالەکەی خۆی هەڵبژێرێت یان بە شێوازێک بیدۆزێتەوە. گوتاری کلاسیکییش هەر ئاوا لەسەر جڤاک قسەدەکات. ئەمەیە کە ئێمە لە هەرزەکارەکانمان داوادەکەین. بە ئەوان دەبێژین: «هەڵبژێرە، دەخوازیت ببیت بە کێ. تۆ دەبێت پیشەکەی خۆت هەڵبژێریت. لێ تۆ نە تەنێ دەتوانیت پیشەکەی خۆت هەڵبژێریت، دەشتوانیت ڕەگەز (جێندەر)ەکەی خۆت هەڵبژێریت. بۆ نمونە، بوون بە جیاڕەگەزخواز، گەی، لێزبیان، ترانسسێکشواڵ و هتد. بە واتایەکی دیکە ئەمە پەیوەستە بە تۆ و خودی خۆتەوە. سەربەخۆ لە ئەویتر [ی گەورە]. تۆ خۆت ناسنامەکەت هەڵدەبژێریت». ئەمەش یەکەم گۆڕانکاریی گەورەیە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ڕوویداوە. ئەم گۆڕانکارییە دەرئەنجامی کلینیکیی خۆیشی هەیە.
بە پلەی یەکەم، سوبێکت (مرۆڤ) تووشی دڵەڕاوکێ (anxiety) دەبێت. سوبێکت ڕووبەڕووی بژاردەکەی خۆی بووەتەوە. هەرچەندە هاوکات چاوەڕوانی وی لە ئەویتر [ی گەورە] وەک چاوەڕوانییەکە لە ئاوێنەی کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بژاردەکەی خۆی. ئەم سوبێکتە هەمیشە نیگای ئەویتر وەک ئاماژەیەک درکدەکات. مسۆگەر ئەم ئاماژەیە دڵەڕاوکێ دەهێنێت. چونکە پێویستە ملکەچی ئەو شتانە بین کە ئەویتر لە ئێمە چاوڕێدەکات. لێ نە تەنێ گوێڕایەڵ بین، بەڵکو دەبێت بەپەلە ئەنجامی بدەین. بۆ ئەمەش گەلەک ڕاستی و میناک لە پراکتیکی کلینیکیی ڕۆژانەدا هەیە. با بێژین، لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی فەرەنسیی ئێمەدا، ڕەنگە ئەمە ڕووسیاش بگرێتەوە، داخوازییەکانی خاوەنکارەکان سەبارەت بە چالاکیی کارەکان ئەو مرۆڤە دەگۆڕن کە پێگە و پۆستێکی دیاریکراوی هەیە، ئەمەش دەبێتەهۆی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە کرێکارەکەدا. ئەمەیە لە فەرەنسا ڕوودەدات.
خەمۆکی بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشییە پیشەییەکان لەناو کرێکاراندا. و وەک ئەنجامێکیش بۆ خۆکوژی. چونکە لەو دیوی دڵەڕاوکێوە وەڵامێکی شیمانەیی دیکەی سوبێکت نووستوە. لە سیستەمی کۆنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کاتێک شکستمان دەهێنا لە ژیاندا بگەین بە شتێک، هەمیشە دەمانتوانی بچین گلەیی لە سەردار (ئاغا) بکەین، هەمیشە دەمانتوانی ئاماژەی پێ بکەین و پاشان بێژین: «ئەو سووچدارە!». جگە لەوەش دەکرا گلەیی لە خودا بکرێت. بەم پێیەش پێگەی هیستریایی پێگەیەکە کاتێک سەردار لە ئێمە تێناگات. ئەوانەی گوێبیستی دەنگی خودا دەبوون، گوێڕایەڵی دەبوون. من وەک فەرەنسییەک یەکسەر ژان دارک دێتەوە بیرم. دەکرێت کەسانی دیکەش بیربێنینەوە. ئەم خەڵکانە کە گوێیان لە دەنگی سەردار دەبوو، شوێنی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دەدۆزییەوە. ئێستا چیتر سەردار (ئاغا) قسەکەرەکان نەماون. ئەمەش واتای ئەوەیە کە سوبێکت گەرەکە بە سەربەخۆیی شتێک هەڵبژێرێت. لێ لەمەدا سەرکەوتوو نابێت. کەواتە دەچێت گلەیی لە کێ دەکات؟ کێ وەڵامدەداتەوە؟ تاکە کەس کە وەڵامدەداتەوە، خودی خۆیەتی، سوبێکتە. لێرەوە بە شێوەیەکی سرووشتیی خەمۆکی سەرهەڵدەدات. من لە ئاستێکی بەرزدا نەبووم، بۆیە من سووچدارم. من ئەمەم نەتوانی، چونکە بەتەنیا ئەو کارەم کرد. من ناتوانم شتێک بکەم. سەرەنجام خەڵکێکی زۆر ڕوو دەکەنە نوسینگەی دەروونشیکاران کە بەهۆی خەمۆکییەوە دەناڵێنن. ئەوان بەرهەمی گوتاری هاوچەرخ (مۆدێرن)ـن، تێیدا چەقیوون. لێ لە هەمان کاتدا وەکبڵێی زارۆکن، ناتوانن لەم گوتارەدا سەرکەوتوو بن. لە ئەنجامدا دەستدەکەن بە تاوانبارکردنی خۆیان.
بەڵام سوبێکت (مرۆڤەکان)ـەکان شێوازێکی دیکەشیان هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان. ڕەنگە وادابنێن کە گوناهی خۆیان نییە. ئەمە گوناهی ئەویترە، بەڵام ئەویترێکی دیکە ـــ ئەویترێکی خراپ کە لە شتێکدا لێان توڕەیە یان ڕقی لێیانە. ئەویترێک کە شوێنیان دەکەوێت. ئەمەش، بۆ نموونە، لە دیاردەیەکی کلاسیکییدا بۆ تەمەنی هەرزەکاریی دەردەکەوێت، کاتێک نیگا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەویتر، یەکسەر کاردانەوەی شەڕانگێزیی و توندوتیژیی هاندەدات، واتە کاردانەوەی بەشوێنکەوتن. ئیگۆ (من) پشت بە خودی بونیادەکەی ئیگۆ (من)ی مرۆیی دەبەستێت. خۆتان دەزانن کە ئیگۆ شتێکە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەویتردا چێدەبێت و پێکدێت. واتە هاوشوناسبوون لەگەڵ ئەو کەسەی کە تێریدەکات یان لەگەڵ ئەو کەسەی کە خۆشیدەوێت. کاتێکیش ئێوە بەرپرسیاری خۆتانن، زۆر زەحمەتە سەرسام بن بە کەسێکی دیکە. بەم جۆرەش ئەویتر دەبێتە ئاستەنگێک بۆ تۆ، دەبێتە شتێک بەردەوام دەستوەردانت لێ دەکات، ڕقی لێت دەبێتەوە، هەوڵدەدات ڕاتبگرێت و ڕێگریت بکات.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا ڤیکتۆر ئاماژەی بە پەرتووکەکەم لەسەر دەروونشیکاریی منداڵان کرد. لە دەروونشیکاری منداڵاندا زۆرجار ڕووبەڕووی ئەم تایبەتمەندییە کلاسیکییە دەبینەوە. ئەو دایکوباوکانەی کە مدناڵەکەیان پێی وایە لای وان خۆشەویست نییە، مافی ئەوەیان نییە داوای لێبکەن، بۆ نموونە، ژورەکەی خۆی پاک بکاتەوە. منداڵێکی لەم جۆرە، سەرەنجام، لەڕێگەی قەیرانی باوەڕەوە بەرهەڵستی دایکوباوکی خۆی دەکات. ئەمانە ئەو منداڵانە نین کە دان بە ئاوتۆریتی/دەسەڵاتدا نانێن، بەڵکو ئەو منداڵانەن کە لە هەلومەرجەکانی گوتاری لیبراڵیی سەرمایەدارییدا کاردەکەن (ئەرک ئەنجامدەدەن)، کە گوتاری ئاڵوگۆڕی تۆتالیتارییە، ئاڵوگۆڕێک لە یەکسانییەکانی نێوان دایباب و زارۆکاندا دەکرێت. بەزۆری دایکوباوکان بۆ ئەوەی لەم دۆخە دەرچن، دەست بە مامەڵەی بازرگانیکردن دەکەن: «ئەگەر ژوورەکەی خۆت پاک بکەیتەوە، ئەوا دەتوانیت بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە ئەنتەرنێتدا گەمە بکەیت». ئەمەش تەنێ پێگەی لیبراڵییانەی سوبێکتیڤیی بەهێز دەکات. لێرەدا قسەکەم لەسەر کلینیکی ژیانی ڕۆژانەیە.
دەرفەتمان بۆ ڕەخسا تا باوەڕ بکەین کە چۆن سوبێکتەکان لە سەرەتاوە کاردانەوەیان بەرامبەر گوتاری لیبراڵیی نواندووە. ئەوان کاردانەوەیان لە هەمبەری ئازادیی نواندووە، بڕیاریانداوە ببن بەو کەسەی کە دەیانەوێت. ئێستا بیرم لەوە کردەوە کە لە وڵاتێکدا وتار پێشکەش دەکەم، ٢٠ ساڵ پێش ئێستا کۆمۆنیستیی بوو. لە کۆمۆنیزمیشدا سەردار (ئاغا) دەبێت فڵان یان فیسار بێت. بە دەرچوون لە گوتاری کۆمۆنیستیی، گوتاری لیبراڵیزم دەتوانێت بە شێوەیەک خۆی نیشانبدات کە ڕێگە بە ئازادیی هەڵبژاردن دەدات. دەتوانێت وا خۆی نیشانبدات وەکبڵێی ئەمە جوڵەیەکە بەرەو ئازادیی. وەکبڵێی ئەم جوڵەیە بریتییە لە ئازادکردنی سوبێکت. من زۆر بەداخەوەم کە ئەمە دەڵێم، لێ ئەمە هەڵەیە. ئەمە تەنێ فۆرمێکی دیکەی نامۆبوونە. ئەمە چیتر نامۆبوونێکی تۆتالیتاری نییە، بەڵکو نامۆبوونێکە لە فۆرمێکی نەرمدا. ئێمە ئەمە ناودەنێین خزمەتکردنی خۆیستانە. ئەو شتەیە کە ئێوە خۆبەخشانە (دڵخوازانە) ملکەچی دەبن و زیاتر لە چێژتان بۆ دەهێنێت. ئەمەیە نوێگەری گوتاری سەرمایەداری بە بەراورد بە گوتارەکانی پێش خۆی. هەر لە دەستپێکی مرۆڤایەتییەوە، و لەو کاتەی کە فەلسەفە و دەروونناسی هەیە، هەمیشە وتویانە کە ئامانجی هەبوونی مرۆڤ بەدیهێنانی چێژە. بەڵام لە هەمان کاتەدا کۆمەڵگە هەوڵدەدات بە جۆرێک ڕێکیبخات، چونکە ئەگەر مرۆڤ تەنێ چێژەکانی خۆی بەدیبێنێت، ئەمە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی باقی کۆمەڵگە.
بە پلەی یەکەم، ئەمە لەسەر پاڵنەری دەمیی وەستاوە. کاتێک من ئارەزووی ئوبێکت (بابەت، شت)ـێک دەکەم، قووتی دەدەم، دەیخەمە ناو خۆمەوە و دەیتوێنمەوە، وەک ئوبێکتێکی سەربەخۆ لە مندا وندەبێت. سا بۆیە بۆ بەدیهێنان و بەرجەستەکردنی چێژ پێویستە هەندێک سنوور دابنرێت کە لە سیستەمی پێشتردا ئەنجامیان دەدا. با نمونەی مەسیحیەت وەربگرین. مەسیحیەت هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە ئامانجی ژیانی مرۆڤ چوونە بەهەشتە. بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا بۆ هەمیشە چێژ لە بەختەوەری وەردەگرن. لێ بۆ ئەمەش مەرجێک پێویست بوو: دەبێ سەرەتا بمرن.
بەم پێیەش بەختەوەرییەکمان پێشکەشکراوە، بەڵام دوای مردن، ئەمە ئەو ڕاستەهێڵە دیاریکراوە بە ئارەزوو دەبەخشی، کە مرۆڤی لە لەدایکبوونەوە تا مردن ئاراستە دەکرد. لێرەدا دەبینین، بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتی سەرمایەداریدا شتێک گۆڕاوە. بەڵام لە پێشدا دەمەوێت بێژم کە گوتاری کۆمۆنیستیی بە نزیکەیی هاوشێوەی ئایین کاریکردووە. ئێمە بەختەوەری بۆ هەمووان دەئافرێنین، لێ دوای ئەوەی شۆڕشی پرۆلیتاریا ڕوودەدات، کاتێک دواجار کۆمۆنیزم دێت. بە واتایەکی دیکە هەتا کۆتایی زەمان. لە هەر حاڵەتێکدا هەم ئایین و هەم کۆمونیزم بەختەوەری بۆ هەمووان پێشنیار دەکەن. لێ هێشتا ناتوانیت بەختەوەری مسۆگەر بکەیت، چونکە هەموو مەرجەکان بۆ ئەمە جێبەجێنەکراون. سەرەتا دەبێ ئازار بچێژیت، کەمێک چێژەکانی خۆت سنوردار بکەیت.
کۆمەڵگەی هاوچەرخمان بەتەواوی شتی جیاواز دەڵێت. ئەو پێماندەڵێت کە بەختەوەری لێرە و ئێستا بەدیدێت. بەختەوەریش هیچ سنورێکی نییە. وەک ئیمکان و دەرفەتەکانی مۆبایلەکەت، ئەنتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا دەتوانیت ملیارێک هاوڕێت هەبێت. واتە دەتوانیت بەبێ سنوور چێژ وەربگریت. تاکە بەربەستێک کە گوتاری سەرمایەداری ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ــ بریتییە لە کارکردی سەنتراڵیی سوبێکت، خەسان. ئەمە ئەو سنوورەیە، کە بۆ چێژ دانراوە، بۆ ئەوە داڕێژراوە کە بیگۆڕێت بۆ خۆشیی. گوتاری سەرمایەداری لەسەر فۆرمولەیەک دامەزراوە کە ئادەم سمیس لە ساڵی 1797دا لە پەرتووکی «سامانی نەتەوەکان»دا دایڕشتووە. دەردەکەوێت کە ئەو دامەزرێنەری ئاراستەی لیبراڵیزم بووە لە ئابووریدا. ئەو دەنووسێت: «ئەو شتەم پێ بدە کە من پێویستم پێیەتی، منیش ئەوەت پێ دەدەم کە تۆ پێویستت پێیەتی». ئەم فۆرمولەیە زۆر بە ڕوونی لەو نموونە خێزانییەشدا کاردەکات کە بۆم هێنانەوە: «ژوورەکەت پاک بکەرەوە و دواتر لەناو ئەنتەرنێتدا گەمە بکە». ئەمەیە ئاڵوگۆڕی لیبراڵیزم. ئاڵوگۆڕی چێژی پەتی. دوو بیرکردنەوە دەربارەی ئەم ئاڵوگۆڕە هەیە. تێبینییەکی دیکە لەلایەن بیرمەندێکی دیکەی هەمان سەردەمەوە لە ساڵی 1798دا کراوە. لە کاتی زیندانیدا نووسیویەتی: «چێژ لەو بەشەی جەستە وەرگرە کە خۆشی دەهێنێت، و بیر لە چێژوەرگرتن لەو بەشەی جەستە بکەرەوە کە جێی بایەخی منە». پێموایە ئێوە نووسەرەکەتان ناسییەوە ـــ ئەمە مارکیز دی سادە.
بە واتایەکی دیکە لیبراڵیزم لادانێک (perversion) نییە، لێ تەنێ لە مۆدێلی لاداندا کاردەکات. هیچ ڕێکەوتیش نییە کە لە کۆمەڵگەی لیبراڵی ئێمەدا لادانەکان ڕاکێشراونەتە بەر ڕووناکی ڕۆژانە. ئێستا ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەم بیردەکەوێتەوە کە لێرە لە هۆتێلەکەدا سەیرم دەکرد. لەوێ بەردەوام باسی کارەساتەکان دەکەن. بەم شێوەیەش کەناڵەکە بۆ چێژە سادیستییەکان هانمان دەدات، ـــ بۆ ئەوەی ببینین چۆن ئەوانیتر ئازار دەچێژن. ئەمەیە کەناڵی لیبراڵ.
بێگومان کەناڵی دیکەش هەن. بۆ نموونە ئەوانەی کە نمایشی جۆراوجۆریان لەسەر پیشاندەدەن و تێیاندا خەڵکی ژیانی نهێنیی تایبەتی خۆیان ئاشکرادەکەن. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بێژین کە هەموو شێوازە لادەرەکانی چێژوەرگرتن لە کۆمەڵگە لیبراڵەکەماندا ڕێ پێدراوە. فەنتازیای سوبێکتی فرۆیدیی، سوبێکتی نائاگایی (نەستەکیی)، بونیادێکی لادەرانەی هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە سوبێکتی فرۆیدیی دەتوانێت خۆی لە واقیعدا بەدیبهێنێت. واتە بە ڕەهایی دڵەڕاوکێی واقیعیی لای سوبێکت هانبدات. چونکە ئەگەر ئەو فەنتازیاکەی خۆی واقیعیی بکاتەوە، ئەوا چۆن ئارەزووەکەی خۆی ڕێکبخات؟ شتگەلێک هەن لە بنەڕەتەوە دڵەڕاوکێ بۆ سوبێکت دەهێنن، ــ ئیلهامی بۆ دەهێنن کە وەک ئەوەی ڕێ بە وی دەدەن ئەگەری بەدیهاتنی فەنتازیا ببینێت. ئەوەش ڕێکەوت نییە کە زۆرێک لە فەنتازیا ساختە (پڕوپووچ)ـەکانی سوبێکتەکان لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا دێنەدی. بۆ نموونە گۆڕینی جەستەی خۆمان وەربگرین. ئەوانەی پێیان دەوترێت ڕوواڵەتگۆڕەکان (ترانسفۆرمیستەکان). ئەوان بە بەکارهێنانی نەشتەرگەریی جوانکاریی جەستەیەکی تەواو بۆ خۆیان درووست دەکەن. ئەمە تەنێ لەو کەلتورەدا مومکینە کە ڕێگەت پێدەدات وا بیربکەیتەوە گەیشتن بە کامڵبوون مومکینە. لای ئەم خەڵکانە یان فۆرمێکی ئاڵودەبوون، خووگرتن، یان هەستکردن بە شکست سەرهەڵدەدات. بۆ دەروونشیکار ئێرە بوارێکی مەزنی کارکردنە، کە لە بنەڕەتەکەیدا ئەم پرەنسیپەی خوارەوە هەیە: چێژ، وەک لاکان پێناسەی کردووە، ئەو شتەیە کە پێویست نییە. نابێت هیچ شتێک ڕووبدات. بۆ ئەوەی ئەزموونی چێژ بکرێت، پێویستە سنووردار بکرێت. من لە ڕێنماییەکانی خۆمدا لە فەرەنسا، فیتاوفیت لە هەوڵی دیاریکردنی ئەم چەمکەوە دەست پێدەکەم: سنوردارکردنی چێژ. و لە هەموو شت زیاتر ئەمە دەکەم و ئەو دوو ڕستە بەکاردەهێنم کە بە منی دەڵێن. یەکەم ڕستە: «من ناتوانم چێژەکەی خۆم بەدیبێنم، بۆیە من هیچ بەهایەکم نییە». لەم حاڵەتەدا پێویستە پلەبەپلە نەخۆش بۆ ئەو بیرۆکەیە ڕابکێشین کە ڕێک بێتوانایی لە بەدیهێنانی چێژەکەی خۆیدا ئەو شتەیە کە وی دەکات بە سوبێکت (کەس)ـێک. یان [ڕستەی دووەم] نەخۆش دەڵێت کە بەهۆی حەزە خراپەکانی دەوروبەرەوە ناتوانێت چێژ وەرگرێت. با بێژین، ژنێک کە تێناگات، خاوەنکارێک کە هیچ کەسێکی خۆشناوێت و هتد. و پێویستە سوبێکتەکە نەبرێت بۆ ئەو بیرۆکەیەی کە ئەوانی دیکە هەڵەن، بەڵکو وردە وردە پێکەوەنانێک (construction) بڕسکێنرێت کە تێیدا ئەویتر ببێتە ئوبێکتێکی پوخت. کاتێک ئەویتر دەگۆڕێت بۆ چاودێریکار، سوبێکت لە ئەویتردا کاردانەوەی دەبێت. پێویستە سوبێکتەکە ڕابکێشرێت بۆ بیرۆکەیەک لەبارەی هەبوونی سوبێکتێکی دیکەوە. فرۆیدیش دەربارەی ئەم سوبێکتە نووسیویەتی: ئەمە سوبێکتێکە کە دەڵێت «نا». سوبێکت ئەو کەسەیە کە بەرهەڵستی گوتاری چێژی ڕەها دەکات. و ئەگەر سوبێکتی فرۆیدیی، سوبێکتی هیستریایی، ئەو کەسە بێت کە بە چێژ دەڵێت «نا»، ئەوا سیمپتۆم (دەردەنیشانە) دەبوو بە «من دەمەوێت چێژ وەرگرم». من ڕەتیدەکەمەوە ملکەچی ئەو فشارە بم کە لەسەرم دەکرێت. ئەمە سوبێکتێکە کە بە سوبێکتی سەرداری دەگوت «نا». سوبێکتی سەردەم بە سوبێکتی گوتاری لیبراڵیزم دەڵێت «نا».
لە ئەنجامدا دەمەوێت شتێک لەمەڕ گوتاری لیبراڵ بێژم. بە بنەماگرتنی دواین پێگەی خۆی، سوبێکت وەک ئوبێکتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئوبێکتی تێربوون. ئوبێکتی چێژ. ئەوە لەبیردەکرێت کە کانتی هاوسەردەمی دی ساد و سیمیس وتویەتی: «ئەوەی نرخێکی نییە، کەرامەتی هەیە. ئەوەشی کە کەرامەتی هەیە، ــ سوبێکتە».
سەرچاوە (ڕووسی):
Лаканалия. #8 2012, Тревога.
۱. ئەم کۆڕە لە مۆزەخانەی خەونەکانی فرۆید لە 17ی تشرینی دووەمی 2011دا تۆمارکراوە.