تاڵانکاری تورکیا و مورتەزەقەکانی لە پەنای بێدەنگیدا
ئەو بێدەنگییە بە بیانووگەلێکی وەک: ھەموو ئەو کێشانەی تورکیا و کەڵەگەییەکانی لێرە لە ئارادان، بە بوونی پەکەکەوە شەتەک دەدرێن یان: پاساوی شەرمنۆکانەی وەک تورکیا نەبێت چۆن بژین...، بۆیە زمانی بەرگری خەسێنراوە. دواجار کە نەتەوە ئیرادەی هەڵدێرا، ئیتر خۆتۆماتبارکردن و خۆخەپاندن بە پاساوی ئەم و ئەوی خۆیەکییەوە مێژووی خۆی دووبارە دەکاتەوە.

هەندرێن
لە پەراوێزی ئەو دۆخە کارەساتبارەی ھێرش و بۆردومانە ڕەشۆکییەکانی ئەو دواییەی رژێمی نەخۆشی تورکیاوە دەکرێ پەنا بۆ زۆر تیۆریی ببرێت، لێ لە دۆخی ھەرا و ھۆریای دروشم و شاشسالاری خوێندنەوەی ئێرەدا، ڕەنگە ئەو کارانە بایەخێکیان نەبێت، ڕاستییەکەی ھیچ تێۆرییەک بە واتای ژیل دولۆز، لێرە “ساتمە”، یان لە دۆخێکی واقیعی ئێرەدا کردەی نەبووە. بۆیە ژیانی مە بە تیۆریی ناکرێت، چونکە مەحکومکراوە بە حکومی قەدەر؛ بە دۆخی قالوقیلەوە شەتەکدراوە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە تورکیا و کوردستانەوە ھەیە کە لە بوونی ئێرەدا دەگوزەرێ، ئاهەنگی فەرامۆشکردنێکی بە کۆمەڵییە کە لەم دۆخە داهێزراو و داپۆشراوە لە جیاتی هزراندنی مێژووەکان کە لە ئێستەدا چۆن ببیانکەین بە پەند و وانە بۆ زیندووبوونیمان و گرفتی بە وەرەقە و نمرەکردنی خوێندن. بە خەنیخۆشکردنی کورد بە سۆمەریی، یەکەمەکانی پۆلی دوانزدە، هاتوهووتی مووچە، هەراوهۆریای هەڵبژاردن و خۆهەڵبژێرە موهەڕیجەکانی داهاتووی پەرلەمان، کەفژیلکەی نووسرە خەیاڵ تەنکەکانی و …، بێدارکردنەوەی ئەستەمە.
ئەو بێدەنگییە بە بیانووگەلێکی وەک: ھەموو ئەو کێشانەی تورکیا و کەڵەگەییەکانی لێرە لە ئارادان، بە بوونی پەکەکەوە شەتەک دەدرێن یان: پاساوی شەرمنۆکانەی وەک تورکیا نەبێت چۆن بژین…، بۆیە زمانی بەرگری خەسێنراوە. دواجار کە نەتەوە ئیرادەی هەڵدێرا، ئیتر خۆتۆماتبارکردن و خۆخەپاندن بە پاساوی ئەم و ئەوی خۆیەکییەوە مێژووی خۆی دووبارە دەکاتەوە.
غەزووە سەربازییەکانی ئێستەی ئۆردۆغان بۆ سەر بوونی کورد، وەک چۆن ساڵانێکە بە سیاسەتی “نەرم”ی ئابووریی و کەلتوورییەوە توانی کەلتووری کوردیی لێرە داگیر بکات و بیکات بە کۆنەپەڕۆ و بە عەمبارەت سۆ و پەراوێز بخات و لە جێگەی ئەوە کەلتووریی تورکیی بکات بە “نموونەیی-ئایدیالیی”، ھەڵبەت بە ھاوپشتی توێژی سیاسیی، رۆشنبیریی، ئەکادیمیی و بازرگانیی ئێرە ئەمەی کرد.
ئێستاش وا خەریکە بە ھێزی سەربازییەوە خاک و بوونیشمان داگیر بکات، کە ئەمەیش ھێڵنجھێنەر و ژانێکی ھەڕاجکراوە.
بەرگریینەکردن لەو کەڵەگاییەی رژێمی تورکیا بە ھەر بیانۆییەک بێت، بێز و قێزی بوونێکی بەتاڵە لە ئاکار.
ئۆردۆغان کە ئێستە خەریکە لە داخی هەبوونی دەستەڵاتی کورد لە رۆژڤای کوردستاندا هەموو بەناو ئۆپۆزیسیۆنە بەکرێگیراوەکانی سوریە بۆ هێرشەکانی سەر باشوور رابدات و لەگەڵ بەشار ئەسەد پێکبێت، بەمەیش دەیەوێ خولیای خەلافەتە دۆڕاو و خوێناوییەکەی لە کوردستان ساغ بکاتەوە و خەڵکی شۆڤینی تورک بەوە بخەپێنێ.
بۆیە ئەوەی سەر سڕ دەکا ئەوەیە، من نەمزانییوە و نەمبینیوە، کۆمەڵگەیەک حکومەتۆکەیەکی ھەڵبژێردراوی لە لایەن گەلەوە ھەبێت، کەچی سوپایەکی داگیرکەر و فاشیستی وەک تورکیا بێ منەت بێتە ناو ھەناوییەوە، کەچی ھەروەک ھیچ لە گۆڕێدا نەبێت، خەریکی حیکایەتی بەسەرچوو و ئاهەنگ و سەما بێ لە تورکیا!
لەوەش خۆش مەشرەفتر، موفەکیر و منەوەرە مشەکانی کورد لە سۆسیال مێدیا و تیڤی و میڤییە مۆدێلپەرستەکانی مەملکەتۆکەی ئەو گەلە گوڵ گوڵییە، خەریکی خەیاڵی فشۆڵ بن یان وەک ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی شووشەیی بژین، وا باسی ھاتنی تورکیا بکەن، وەک ئەوەی باسی رووداوێکی وڵاتێکی دوور لە ھی خۆیان بکەن!
بەھەمەحاڵ، تورکیای ئەردۆگان و چەتە بەکرێگیراوەکانی هەرچەند بە سوپایە داگیرکەرەکەیەوە چیایەکان گڵاو بکەن، لێ دواجار چیایەکان وەک خۆیان بە زیندوویی خۆیانەوە بوونی خۆیان بە نەمریی دەمێننەوە و خولیای ئەردۆگانیش مردەنیی.