ھێرشی تورکیا بۆ سەر ھەرێم: چەند سەرنجێکی سەرەتایی
لەھەرێمەکەی ئێمەدا و لە پەیوەندیدا بە تورکیاوە پارتی نموونەی ئەو ھێزەیە کە وەک پرۆکسی تورکیا کاردەکات، دوای ئەویش بڕێکی زۆری ئیسلامییەکان. پارتی پرۆکسیەکی فرسەت تەڵەبی سیاسییە و ئیسلامییەکان پرۆکسییەکی مەزھەبیی و ئایدیۆلۆژیی.پارتی لە دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە بەرژەوەندی ئابوریی گەورە و ھەمەجۆری لەگەڵ تورکیادا دروستکردووە.
مەریوان وریا قانع
لە ٨-٧-٢٠٢٤، کۆبونەوەیەکی ئۆن لاین ڕێکخرا بۆ شیکردنەوەی ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی ھەرێم و کەسانێکی زۆر بەشداربوون لەو کۆبوونەوەیدا. ئەمەی لای خوارەوە پوختەی قسەکانی من بوو لەو کۆبوونەوەیەدا:
(١)
خاڵی سەرەکیی ئەم قسانەی من لەم کۆبوونەیەدا دەمەوێت بیانکەم، لەسەر جیاکردنەوەی دوو جۆر دەوڵەت لەناوچەکەدا، کاردەکات. یەکەمیان ئەو دەوڵەتانەن کە دەچنە ژێر ناوی ”دەوڵەتی فاشیل“، بە ئینگلیزیی failed states، دووھەمیان ئەو دەوڵەتانەیە کە خەونی ئیمپراتۆریانەیان ھەیە و ناتوانن و نایانەوێت لەناو سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوەی خۆیاندا داسکنێن. ئەوەی ڕووئەدات دەرەنجامی ئەو پەیوەندییە دیالێکتیکییە، ئەم دوو جۆرە لە دەوڵەت لەناوچەکەدا بەیەکەوە ھەیانە. دەوڵەتە فاشیلەکان لە زیاد لە شوێنێکی ناوچەکەدا ئامادەن، بە تایبەتی لەدوای بوومەلەرزە سیاسییەکەی بەھاری عەرەبییەوە لە ساڵی ٢٠١١دا. ئەمانە ئەو دەوڵەتانەن کە توانای کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و سەرزەمینی نەتەوەیی خۆیان نییە. کە ھێزی ناوەکیی و دەرەکیی تەریب بەو دەوڵەتانە لەناو سنوورەکانیدا ئامادەن و بەمەش سەروەریی سیاسیی خۆی لەدەستداوە. ھاوکات توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و ئەو بەرپرسیاریەتیە گشتیانەشی نییە کە دەوڵەتێک نەک تەنھا پێیوستە ھەیبێت، بەڵکوو مەرجی بوونی ئەو دەوڵەتەشە وەک دەوڵەت. نموونەی ئەم جۆرە دەوڵەتە فاشیلانە لەناوچەکەدا سوریا و لوبنان و یەمەن و لیبییایە. عێراقیش، ئەگەرچی شتێک لەم دەوڵەتانە باشترە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی سەر بەم مۆدێلەیە لە دەوڵەتی فاشیل. عێراقیش دەوڵەتێکە ھەم ناتوانێت سنوورەکانی خۆی بپارێزرێت و ھەم پڕیشە لە میلیشیای ھەمەجۆر، کە بڕێکی بەرچاویان سەر بە وڵاتانی دەرەکین.ھەرچی ئەو دەوڵەتانەیە کە خەونی ئیمپراتۆریانەیان ھەیە و ناتوانن و نایانەوێت لەناو سنووری دەوڵەت نەتەوەکەی خۆیاندا داسکنێن، ئەو دەوڵەتانەی ڕاستەوخۆ دەستدەخە ناو کاروباری دەوڵەتەکانی ترەوە، بە تایبەتی ناو کاروباری دەوڵەتە فاشیلەکانەوە، ئەو دەوڵەتانەن کە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەوە لەم ناوچەیەدا لە بەھێزبوون و پەرەسەندندان. نموونەی ئەمانەش، بە پلەی یەکەم، تورکیا و ئێران و دوای ئەوانیش سعودیە و قەتەر و ئیماراتن. لە دۆخی تورکیا و ئیراندا دین رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێت، شیعیزم لای ئێران و سونیزم لە فۆرمی عوسمانیزمی نوێدا لای تورکیا.. دەوڵەتە فاشیلەکان ئەگەر و توانای دەستدرێژیکردنی ئەم دەوڵەتە ئیمپراتۆریانە گەورەتر دەکەن و زەمینەی پەلاماردان و پیلانگێڕیان بۆ دەڕەخسێنن.
(٢)
ئەو دۆخەی لەسەرەوە باسمکرد ھاوشانە بە دروستبوونی دیاردەیەکی دیکە لەناوچەکەدا، دیاردەی دروستبوون و ھەڵتۆقینی ھێزی ”پرۆکسی“ە لەناوچەکەدا. ڕەنگە باشترین وەگێڕانێک بۆ ھێزی پرۆکسی بە کوردیی ”ھێزی بەکرێگیراو“بێت. ئەمانە ئەو ھێزانەن کە لەناو سەرزەمینە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی خۆیاندا کار بۆ یەکێک لەو دەوڵەتە دەرەکییانە دەکەن کە خەون و پلانی ئیمپراتۆریانەیان ھەیە. نموونەیان حیزبوڵای لوبنانی و حوسییەکان و یەکێتی نیشتیمانی لە پەیوەندییاندا بە ئێرانەوە. جەبھەی نوسرە و داعش و پارتی و بڕێکی زۆر لە ھێزە سونیی و ئیسلامییەکانی دونیای ئێمە، لە پەیوەندیاندا بە تورکیاوە. ئەم ھێزە پرۆکسیانە، ھێزی بریکارن و لەباتی و لە قازانجی ھێزە ئیقلیمییەکان لەناوخۆی وڵاتەکانی خۆیاندا کاردەکەن. لە ڕاستیدا زۆرجار بەپێی خواست و ویستی ئەو دەوڵەتە ئیقلیمیانە کاردەکەن. دەشێت لێرەدا دووجۆر ھێزی پرۆکسی لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان پرۆکسی فرسەت تەڵەبی سیاسین. دووھەمیان پرۆسکی و دینیی و ئایدیۆلۆژین.
(٣)
لەھەرێمەکەی ئێمەدا و لە پەیوەندیدا بە تورکیاوە پارتی نموونەی ئەو ھێزەیە کە وەک پرۆکسی تورکیا کاردەکات، دوای ئەویش بڕێکی زۆری ئیسلامییەکان. پارتی پرۆکسیەکی فرسەت تەڵەبی سیاسییە و ئیسلامییەکان پرۆکسییەکی مەزھەبیی و ئایدیۆلۆژیی.پارتی لە دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە بەرژەوەندی ئابوریی گەورە و ھەمەجۆری لەگەڵ تورکیادا دروستکردوە و ئەم بەرژەوەندییانە ئەم ھێزەی گۆڕیوە بۆ گوردانێک لە گوردانەکانی سوپای تورکیا. ئیسلامییەکانیش بەرژەوەندیی دینیی و ئایدیۆلۆژییان لەگەڵ تورکیادا گوڕیونی بۆ پرۆکسییەکەی مەزھەبیی و ئایدیۆلۆژیی. پارتی لە ڕێگای تورکیاوە قازانجە مادییەکانی دەپارێزێت، ئیسلامییەکان تورکیایان کردۆتە کەعبەیەکی ئایدیۆلۆژیی مەزھەبەیی. ئەم دۆخەی سەرەوە وادەکات ھەم پارتی و ھەم ئیسلامییەکان لە دۆخی پاساوھێنانەوەیەکی بەردەوامدا بن، بۆ ھێرش و پەلامارە داگیرکەرانەکانی تورکیا بۆسەر ھەرێم. یان لە دۆخی کاری پێکەوەیی و ھاریکاریکردنی تورکیادابن لەو پەلامارانەدا و بەھیچ جۆرێک ناڕەزایی دەربڕین، چ جای بەرەنگاربوونەوەی سوپای تورکیا، لە قاموسی ھیچ یەکێک لەو دوو ھێزەدا بوونی نەبێت.
(٤)
لە دۆخێکی لەو بابەتەدا دەتوانرێت چی بکرێت؟ بە بۆچوونی من لە ئاستی ناوەکیدا ھەوڵدان بۆ دانوسانێکی ناوەکی ھێزە کوردییەکان لەگەڵیەکدا و رێکەوتن لەسەر لانی ھەرە ھەرە کەمی کاری پێکەوەیی. واتە ئەنجامدانی ئەو کارەی لەسەردەمی ئەحمەدی خانییەوە کورد ھاواری بۆ دەکات. دووھەم، ھەوڵدان بۆ جوڵاندنی عێراق بۆ بەرگریکردن لە سەرەوەی نیشتیمانیی خۆی. سێھەم، چالاککردنەوەی ئەو پەیوەندییە دەرکییانەی کوردانی دەرەوە ھەیانە و ئاگادارکردنەوەی ئەو لایەنانەی دۆستی کوردن و دەتوانن لەناو ئەوروپا و ئەمریکادا جوڵەیەک دروستبکەن.