گوتار

چەمکی “دوژمن” لە کایەی سیاسیدا

تورکیا بەلایەوە ئاساییە بەشێک لە بژێوی خۆی و کوردستان لە ڕێگەی "هاوپەیمانی"ـەکەوە دابین بکات، بەلام بە مەرجێک کەرامەتی مرۆڤی کورد، ئیرادەی و خەباتەکەی بشکێنێت. لە باکوور و ڕۆژئاڤا بۆی ناشکێت، لە باشوور شکاندویەتی

 

هاوار محەمەد

چەمکی “دوژمن” لە کایەی سیاسیدا، لایەنیکەم ماوەی سەد ساڵێکە هەرگیز زۆر ڕوون نەبووە؛ تەنیا لەبەرئەوە نا کە “دوژمن” بوونی نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە وشەکەدا “من”ێک هەیە کە بۆ خۆی ساغ نەبۆتەوە؛ “من”کێیە؟

لە وشە پێچەوانەکەی دوژمندا لە زمانی کوردیدا، “من” بوونی نییە، “دۆست، یار، هاوڕێ، هاوپەیمان”؛ لەمانەدا زیاتر “هاوبەشی” هەیە کە “من” دەخاتە پەیوەندییەوە و چیتر وەک منێکی شوناسمەند چەقبەستووی داخراو نامێنێت. دوژمن ئەوەیە کە دژ بە “من”ـە، بەڵام “منەکەم” لە نێوخۆیدا دادەخات و لە پەیوەندیی و هاوبەشێتی دادیدەماڵێت، لەنێوان من و خۆیدا “هاوـ” ناهێڵێتەوە، مەگەر جۆرە “هاوێک” کە خودی “هاوـ” و وێران بکات

بۆ نموونە: چۆنە کە تورکیا دوژمنی کوردە و کەچی پارتی دۆست و “هاوپەیمان”ـیەتی؟ ئەو “هاوـ”ەوەی نێوان پارتی و تورکیا کە “هاوبەشی”یە، چییە، یان هاوبەشییە لە چیدا؟ لە بەرژەوەندی؟ پارە؟ دەسەڵات؟ لە هەموویان قووڵتر هاوبەشییە لە خزمەتکردن بە ئەجێندایەک کە دژ بە نەتەوە و خاک و بوونی کورد دەکەوێتەوە، لە ڕێگەی وێرانکرنی کۆمەڵگەکەی، ئینتیمای هاونیشتمانیەکانی، زەلیکردن و سووکاتی پێکردنی. دوژمن تەنیا ناکوژێت؛ هەندێجار زەلیلکردن و خاپوورکردنی ناوخۆ خزمەتی زیاتری پێ دەکات. پارتی پەیوەندیی خۆی و تورکیای بەستۆتەوە بە “بژێوی”ی خەڵکی کوردستانەوە؛ ئەمە جگە لەوەی کە وا نییە و واش بێت بەرپرسیارێتیی ئەم شوێنکەوتەییە هەر لە ئەستۆی پارتییە، تورکیا بەلایەوە ئاساییە بەشێک لە بژێوی خۆی و کوردستان لە ڕێگەی “هاوپەیمانی”ـەکەوە دابین بکات، بەلام بە مەرجێک کەرامەتی مرۆڤی کورد، ئیرادەی و خەباتەکەی بشکێنێت. لە باکوور و ڕۆژئاڤا بۆی ناشکێت، لە باشوور شکاندویەتی. بۆچی لە باشوور؟ چونکە هێزێک هەیە هاوکاریی ئەکات و بەشدارە لە تاوانەکانیدا، لە زاخۆوە هەتا کەرکوکی لە بەرپێی تورکاندا ڕاخستووە و هێندەی دوژمنیش “دژ-من”ی کوردە (وەک چۆن یەکێتی بووبوو بە پێشلەشکری ئێران و بە ڕێگریکردن لە هەڵهاتنی خەڵکی گەرمیان و هەڵەبجە بەشداربوو لە ئەنفال و کیمیاباراندا). “من” لە دەستەواژەی “دوژمن”دا، ئیگۆ و کیان و حکومەت نییە، بەڵکو “بوون”ـە. دوژمن دژی بوونی منە، ئەوەشی بەشدار بێت لەگەڵیدا دژ بە بوونی منە، منی کورد.

ئێستا هێزی توورک لە ڕۆژئاڤا ڕا دەکات و لە باشووریش هەتا بێ بەرەو ئاوەدانییە گەورەکان زیاتر دەکشێت. ئەم سیناریۆ ناشیرینەی پارتی لەم کاتەدا دەربارەی سووتاندنی هەولێر و کەرکوک بە ئەگەری زۆر پەیوەندیی بە ڕێکەوتنێکی تورکیا-عێراق-پارتییەوە هەبێت بۆ فشارکردن لە پەکەکە لە ڕێگەی ئەوەی عێراق بە فەرمی بە “تیرۆریست” بیناسێنێت. بەڵام ئەوەی توورک لە کورددا دەیەوێت لە ناوی ببات، تەنیا پەکەکە نییە، بەڵکو پێش هەموو شتێک کەرامەت و خەباتیەتی بە زەلیلکردن، شتێک کە لە باشوور کردوویەتی.

ئەمەی پارتی دەیکات ڕێکەوتن، خیانەت، سکانداڵیش نییە، بەڵكو ڕسواییە. گورگەبۆرەکان خۆیان چەندجارێک ڕایانگەیاند کە ئەوان لە پشتت سووتاندنی کوردستانەوەن کە هەر بە “باکووری عێراق” ناوی دەبەن، لەبەردەم قەڵای هەولێر وێنەیان گرت و بڵاویان کردەوە، کەس نەیوت ئەرێ گەلۆ ئێوە چ کارەن. جگە لەوەی کە یەک بەرپرس و سەرمایەدار نییە لە هەولێردا کە چاوی پیسی تەماحیان نەبڕیبێتە بازاڕیی قەیسەری، تەعجیل، لەنگە و هتد. هەر بێژەرەکەی ڕووداو خۆی بە ئاشکرا وتی با ئەو بازاڕە لاببرێت و “پرۆژە”یەکی جوانی تێدا دروست بکرێت. ئەم قسەیەش لە خۆوە نەهاتووە و مەرامەکە دەمێکە هەیە.

هاوکات دەبێت ڕۆژئاڤاش وانە لە شکست و ماڵوێرانیی باشوورەوە فێرببێت، تکایە با هاوڕێیانی ئەوێ جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی بۆ ئەوانە نەنێرن کە قەستی ڕسواکردنی کوردیانە لەڕێگەی دروستکردنی “دۆستایەتی”ـیەکەوە کە هەر بە زیان بۆ کورد و بە قازانجی ئەوان بشکێتەوە. تێزەی “نەتەوەی دیموکراتیک” و “برایەتیی گەلان” ئاشتیی نێوان “گەلان”ـە، نەک ئاشتیی ئۆلیگارش و دەوڵەتمەدارانی چەوسێنەری ئەو گەلانە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...