ژیانێکی ئانارشیستییانە: ڕۆژئاوا
ڕۆژئاوا ئەزموونێکی کارا و تایبەتی سیاسەتی سۆسیالیستییە، دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆی خۆبەڕێوەبەریی بێ دەوڵەت. ئەم پێکهاتەیە شاکاری ئانارشیزمی هەرەوەزییە.

پێکهاتەی سیاسیی ڕۆژئاوا
ڕۆژئاوا مەڵبەندێکە ڕەگەز و نەژاد و باوەڕ، لەوێ نابێتە هۆی ناکۆکیی، هەمووان پەروەردەی سەربازییان دیوە، سا بۆیە هێزی پۆلیس هەڵوەشاوەتەوە، ژنان لەبری ئەوەی مۆڵەت بخوازن و چاوەڕێی یارمەتیی کەسێک بن، دژی ئەوانەی مرخیان لە چەوسانەوە و کۆیلەکردن و دەستدرێژیکردنە سەریان خۆش کردووە، چەکیان هەڵگرتووە، لەم هەرێمە ئازادیی لە خاکی خۆیەوە دەزێت و لە گەمارۆی گەلەکۆمەکەراندا نامێنێتەوە.
ئێرە هەواری شۆڕشێکی سەرباشقە و ڕاستەقینەیە، ئەو شۆڕشە پاڵفتەیەی وا چەند ساڵێکە ڕوو دەدات و ئێستاش بەردەوامە.
ڕۆژئاوا کوێیە؟
ڕۆژئاوا سێ ناوچەی خۆبەڕێوەبەر دەگرێتەوە: (عەفرین، جزیرە، کۆبانێ)، ئەم سێ ناوچەیە لە سەر سنوورەکانی تورکیا و سووریا هەڵکەوتوون.
ڕۆژئاوا چییە؟
ڕۆژئاوا ئەزموونێکی کارا و تایبەتی سیاسەتی سۆسیالیستییە، دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆی خۆبەڕێوەبەریی بێ دەوڵەت. ئەم پێکهاتەیە شاکاری ئانارشیزمی هەرەوەزییە. ئەلتەرناتیڤێکی ڕاستەقینەی ئەو پەرگاڵەی دەوڵەت نەتەوەیە وا لە داڵانی مێژوودا بازنەی نائەقڵانیی سەرکەوتن و بەزینی لێ بترازێت، هیچ کارێکی تری لێ ناوەشێتەوە.
ڕۆژئاوا چۆن بەڕێوە دەچێت؟
ژمارەی دانیشتووانی ڕۆژئاوا نزیکەی ٢ ملیۆن کەسە، ٢٢ وەزارەتی هەیە، وەزیرێک دوو بریکار، دەبێت ئەم سێ کەسە لە هەرسێ نەتەوەی (عەرەب و کورد و ئاشووریی) بن، بە لانی کەمەوە گەرەکە یەکێک لەم سیانە ژن بێت.
هەر گەڕەکێک دەستەی خۆبەڕێوەبەریی خۆی هەیە، خەڵکی وێندەر خۆیان تەنگەژەکانی خۆیان چارە دەکەن، جا گەر کێشەکانیان بۆ چارە نەکرا، ئەوا ڕێچارە بە دەستەیەکی تر دەسپێرن، شارەوانەکان سەربەخۆن و خۆیان بڕیاردەرن، سەرچاوەکانی وزە لە دەستی خۆیانە.
دانیشتووانی گەڕەکەکان داواکاریی پێشکەش بە فەرمانگەکان دەکەن و هێزەکانی پۆلیس و سوپاش بە چاودێڕیی گەل وەڵامگۆ دەبن، هەمووان دەتوانن سوود لە ئامڕازەکانی جەنگ (چەک، ڕۆکێت، تانک) وەر بگرن. ئەوان هێزێکیان هەیە ناوی ئاساییشە، هەموو کەسێک شەش هەفتە پاش پەروەردە، دەتوانێت لەوێ دەستبەکار بێت، ئامانجیان لەم کارە ئەوەیە هەموو هاووڵاتییان پەروەردەی سەربازیی ببینن، تا دواجار سەردەمێک بگات، پێویستیان بە پۆلیس نەبێت و هێزەکانی پۆلیس هەڵوەشێننەوە، هەروەها هێزی پاراستنی جەوهەریی (HPC – HezênParastina Cewherî) ـیان هەیە.
ئەمە تۆڕێکە و هەمووان دەتوانن ببنە ئەندامی، لە وێنەی تۆڕی (Anonymous)، ئەمە دەستەیەکی گورزوەشێنی دژ بە دەزگا هەواڵگرییەکانە.
لە ڕۆژئاوا پەروەردە و کشتوکاڵی هەمیشەیی و مێژوو و زمان (کوردیی، عەرەبیی، فەڕەنسیی، ئینگلیزیی، ئاشووریی) و فەلسەفە لە هەموو بوارەکانی تر زیاتر گرنگییان دەدرێتێ. لە ڕۆژئاوا سەدان شوورا هەن، (تەنیا لە کانتۆنی جزیرە ٥٠٠ شوورا هەیە)، هەر شوورایەک لە ٥٠-١٠٠ کەس پێک دێت، زۆرینەی شووراکان بۆ کشتوكاڵن، بە تایبەت گەنم.
ئەم شوورایانە تۆڕێك دەساچێنن، جا کەم کەم خواست و بەرهەم جڵەو دەکەن، ئامانجیان ئەوەیە تا بە پێچاڵی شووراکانی بەرهەمهێنانی کاڵا و خستنەڕوو، جا بەپێی خواست، پێویستیی پارە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا بسڕنەوە، بێگومان ئەوان دژەپارە نین من پێم خۆشە ئەوان بیتکوین (جۆرە پارەیەکی ئەلکترۆنییە) لە ڕۆژئاوا بچەسپێنن، چونکە لەگەڵ پێکهاتە ناناوەندییەکەی ئەوان فیت دێتەوە، ئامانجەکە ئەوەیە هەمووان خۆژێن بن و دەسەڵات لای تێکڕای گەل بێت.
کەس ناچار نییە لە شووراکاندا ببێتە ئەندام، هەندێك لە شووراکان لەگەڵ یەک کێبەڕکێ دەکەن، هەموو کەس دەتوانێت جووتیارێکی سەربەخۆ بێت و بەرهەمەکەی بفرۆشێت، خەڵک خاوەنی شتی تایبەتیین و کاری تایبەتیان هەیە، دەتوان کڕینوفرۆش بە خانووەوە بکەن، بەڵام دەبێت دەستپێک بچنە دادگا خۆجێیەکان و بەڵگەنامەیەکی نوێ تۆمار بکەن، تۆ دەتوانیت ببیتە خاوەنزەوی، بەڵام پێش دەستبەکاربوون، گەرەکە بچیتە لای شوورای خۆجێیی گەڕەک تا بزانیت دانیشتووانی گەڕەک کێشەیان لەگەڵ ئەم خانووسازییەی تۆ نییە، لە بنەڕەتدا پێویستە پڕۆژەکەت بۆ دراوسێکانت ڕوون بکەیتەوە، ئەمەش بە پێودانگی ڕێزگرتنی دوولایەنەیە، سا شتێک بە ناوی باج لە گۆڕێ نییە.
بەرگریی
ڕۆژئاوا بە چەکی خۆساز (ئەو چەکانەی خۆی درووستیان دەکات) و هەر شتێك کە بتوانێت لە بازاڕی ڕەش بیکڕێت و ئەو چەکانەی وەک دەستکەوتی جەنگیی لە داعشی سەندووە، بەرگریی لە خۆی دەکات، هەروەها هێزی تر هەن و خۆبەخشانە بەرگریی لە ڕۆژئاوا دەکەن، وەک: هێزەکانی PKK، YPJ (یەکینەکانی پاراستنی ژنان)، YPG (یەکینەکانی پاراستنی گەل)
یەکێکی تر لەو گرووپانەی پاڵپشت و پارێزەری ڕۆژئاوایە، شێرەکانی ڕۆژئاوایە: The Lions of Rojava، ئەمانە خۆبەخشە ڕۆژئاواییەکان (وڵاتانی ڕۆژئاوا) دەگرێتەوە. هێزەکانی ڕۆژئاوا تاکە هێزی زەمینیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بوون، ئەوان پاڵەوانێکی تەواون، لە ئەرکێکدا ٢٠ هەزار ئێزدیی بێچەکیان لە چیای شەنگاڵی گەمارۆدراو بە داعش، ڕزگار کرد.
ئەم شتانە نایاب دێنە بەر دیدە و بەڕاستییش بێوێنەن، بەڵام ڕۆژئاوا بێ پاڵپشتە، ڕاستییەکەی ئەوان هیچ پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆ لە جیهانی ڕۆژئاوا و ناتۆ و وڵاتانی دراوسێوە وەرناگرن، هەرچەندە گوایە دەبێت دژی داعش یەک بگرن، لە هەموو ئەمانەش چەپەڵتر، تورکیای ئەندامی ناتۆ هەوڵ دەدات نەهێڵێت ڕۆژئاوا دەستی بە یارمەتیی و هێز و چەکوچۆڵە ڕابگات.
تورکیا و گەمەکەرە سیاسییەکانی تر
تورکیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە تا ئێستا گەلی کورد و چاندەکەی سەرکوێر دەکات، کوردەکان بەشێكی مەزنی تورکیا پێک دێنن، پێشتر پەیمانی سەربەخۆییان پێ درا بوو، بەڵام پەیمانەکە شکێنرا، سا بۆیە پاش ئەمە کوردان بۆ وەدەستخستنی ئەم سەربەخۆییە فەرهەنگییە، چەندین جار پێیان بۆ گۆڕەپانی جەنگ هەڵێناوە، تورکیا کوردان وەک نەتەوە ناناسێنێت و ڕێیان ناداتێ تا بە زمانی خۆیان بخوێنن و ناوی کوردیی لە منداڵەکانیان بنێن، بە کورتیی، تا ئەمڕۆ ڕێگریی نەتەوەیی بەرانبەر کوردان باڵکێشە.
تورکیا لەم ڕووداو و کێشمەکێشانەدا بە شێوەیەکی فرە قێزەون جووڵاوەتەوە، تورکیا ڕەتی دەکاتەوە پشتی داعش بگرێت، بەڵام هێشتاش بەهێزترین بارەگاکانی داعش وان لەسەر سنوورەکانی تورکیا، لە شەڕی کۆبانێدا داعش بە شێوەیەکی گوماناویی سنوورەکانی تورکیا و سووریای بڕی و هێرشی کردە سەر کۆبانێ. تورکیا ڕێگریی بۆ گەیاندنی یارمەتیی بۆ کۆبانێ و پەنادانی ئاوارەکان درووست کرد، هەروەها پێشی ئەو ڕێڕەوە بازرگانییانەی ڕۆژئاوای گرت وا پێداویستییەکانی لێوە وەدەست دەخستن. تەنانەت تورکیا لە خۆنیشاندانی ئاشتییانەی پاڵپشتیی لە ڕۆژئاوا، پۆلیسە تێڵابەدەستە توندوتیژەکانی خۆی هێنایە گۆڕەپانەکە و یاسای دەوڵەتی سەربازیی بەرانبەر خۆنیشاندەران گرتە بەر. هەندێک لە سەرچاوەکان کوشتنی ٣٠ کەسیان لەم خۆنیشاندانانە ڕاگەیاند. یەکێک لەو پاساوانەی ناتۆ و تورکیا دەیانەوێ ڕۆژئاوای پێ بخەن، ناساندنی PKKـیە وەک گرووپێکی تیرۆریستیی.
پەکەکە PKK
پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان) سەرەتای هەشتاکان وەک هێزێک بەرانبەر زەبروزەنگی دەوڵەتی تورکیا بیچمی گرت، تیکهەڵچوونی دەوڵەت لەگەڵ شۆڕشگێڕانی پەکەکە، ناوچەکەی وێران کردووە. ٣٥ هەزار کەس کوژراون، زۆرینەیان ئەو کوردانەن وا تۆمەتی پاڵپشتیی شۆڕشگێڕانیان ڕەپاڵ خرابوو. ڕێبەری هەنووکەیی پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجالانە، ئەو تا ئێستا لە زیندانە، ئۆجالان سەرپاک خۆی لە ڕامانە مارکسیستییەکان تەکاندووە و ئێستا ڕێچارەی ئاشتیخوازانەی پێشکەش کردووە، هەروەها ئامادەی پێداچوونەوەیە بە هێرشی هەردوولا، ئێستاش بانگەشە بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی دەکات، شتێکی هاوشێوەی کۆمیناڵیزمی مورای بۆکچین، ئۆجالان باوکی فیکریی ئەندامانی پەکەکەیە، لە نێو پەکەکەدا ‘پرۆدۆن و نیچە و فۆکۆ’ دەخوێنرێنەوە، ئۆجالان کاراکتەرێکی فرەلایەنی هەیە، بەڵام دڵپەسەندی جیهانی ڕۆژئاوا نییە…
نادڵنیایی
فشار و گەڤی زۆر بەتاو هەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکەن، داعش کۆبانێی سەرپاک وێران کرد، تورکیای ئەندامی ناتۆ کوردستانێکی خۆبەڕێوبەر بە هەڕەشەی سەر بوونی خۆی دەزانێت. کۆنفرانسی ئاشتیی ژنێف (کۆبوونەوەی زلهێزە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکان لەمەڕ سووریا) گەرەکی بوو ڕێچارە بۆ تەنگەژەی سووریا بدۆزێتەوە، بەڵام کوردیان بە تەواویی پشتگوێ خستبوو، ڕۆژئاوا تاکە شوێنی جیهانە هێزی ئامادەبەخزمەتی هەیە و هیچ لایەنێک ئامادە نییە پاڵپشتیی ئەم کەسە ئازایانە بکات. بگرە ئێستا و لە داهاتووشدا بۆمبیان لەسەر دەبارێنن. بەڵام چ چاوەڕوانییەکمان لەو زلهێزە ڕۆژئاواییانە هەبێت وا سەرپاکی ناوچەکەیان بە جەنگی نایاسایی و گەمارۆی ئابووریی لەپێ خستووە؟ جیهانی ڕۆژئاوا بۆ درووستکردنی هێزی توندڕۆ و کۆنەپەرەست، دۆخی ئاوارتەیان لە ناوچەکە درووست کردووە، ئێستاش یەکێک لە چەپەڵترینی ئەو هێزانەیان هەیە، ئەویش مەترسیی داعشە.
تەماشا بکەن:
ڕۆژئاوا لە ناوچەیەک هەڵکەوتووە کە مرۆڤ لەبەر نەژاد و ئایینی جیاواز بە توندیی سەرکوت دەکرێت و دەکوژرێت، لێ ئێستا ژیانی خەڵک بەپێی خۆڕێکخستنەوە و ڕێز و قەبووڵکردنی ئایینی جیاواز و ڕێزی دوولایەنەی نەژاد و ڕەگەز بەڕێوە دەچێت، بۆ من گرنگ نییە بیروبۆچوونی ئانارشیستیی و کۆمیناڵیستیی و دیموکراسییە ڕاستەوخۆکەی ڕۆژئاوا بۆ ئێوە ساز و ڕێک نەبێت، ئەوەی گرنگە پێکهاتە سیاسییە سۆسیالیستییە پاڵفتە و سەرتەڵەکەیەتی، گرنگ ئەوەیە ڕۆژئاوا شۆڕەسواری بەرزەنموونەی ڕۆحی مرۆییە، گەلانیش لەوێ یەکگرتوون، سەرباری ناکۆکییە فەرهەنگییە ڕەگئاژۆکانیش، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان لە جەنگەی ئەم ئاژاوەیەدا پشتی یەک دەگرن، ئەمە بابەتی سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسینی نەژادێکی تایبەت نییە، بەڵکوو مژاری سەربەخۆیی مرۆڤە لە هەموو چەشنە دەسەڵاتگەرییەک، هەر لەبەر ئەمەیە ڕۆژئاوا ئاوارتەیە.
سەرچاوە:
https://asranarshism.com/1394/05/07/rojava/1.
:2. http://bravetheworld.com/2015/06/02/anarchy-lives-rojava/